
چیرۆكی كوردی و كێشه‌كانی له دیدی چیرۆك نوسه گه‌نجه‌كانه‌وه …. ئاماده‌كردنی ته‌وه‌ر: شاخه‌وان سدیق
چیرۆك یه‌كێكه له ژانره گرنگه‌كانی ئه‌ده‌ب و یه‌كێكیشه له كۆنترین بواره‌كانی نوسین، له كورترین پێناسه‌ی ئه‌م ژانره‌دا، گێڕانه‌وه‌ی بابه‌تێكه له كورترین ماوه‌دا. بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چیرۆكی كوردی و كێشه‌كانی ئه‌م دیدارانه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ند چیرۆك نوسێكی گهندا ئه‌نجامدا.…
پ/ ئه‌و گۆڕانه به‌رچاوانه‌ی كه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له چیرۆكی كوردیدا ڕویانداوه چین؟ له چیرۆكی (له‌خه‌وما)ی (جه‌میل سائیب)ه‌وه ئا ئه‌مڕۆ. هه‌م له ڕووی تێكست و تێماو ماناوه، هه‌م له ڕووی ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌وه؟
سواره نه‌جمه‌دین جه‌بار
5/12/1986 له كه‌ركوك له دایك بووه.
ساڵی 2005 ده‌ست به نووسین و بڵاو كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ده‌كات.
ساڵی 2006 كۆمه‌ڵه چیرۆكی (نامه‌یه‌ك بۆ فرۆید) بڵاو ده‌كاته‌وه.
ساڵی 2010 كۆلێژی كارگێری و ئابوری به‌شی ئاماری زانكۆی سلێمانی ته‌واو ده‌كات.
ساڵی 2011 كتێبی (ئه‌و نامانه‌ی بۆ پیرێتی خۆم ده‌یانێرم) بڵاو ده‌كاته‌وه.
ساڵی 2011 خه‌ڵاتی یه‌كه‌می شیعر له ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ وه‌رده‌گرێت
ساڵی 2015 و 2016 خه‌ڵاتی دووهه‌می چیرۆك له ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ وه‌رده‌گرێت.
25/11/2016 یه‌كه‌مین ڕۆمانی به ناوی (سوپاس بۆ دۆستۆیڤسكی) بڵاو ده‌كاته‌وه.
چه‌ند چیرۆك و شیعرێكی وه‌رگێردراون بۆ زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی.
هه‌مان ساڵ قه‌ڵغانی كتێبی ساڵ له لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵ و ده‌زگای داودییه‌وه وه‌ك باشترین كتێبی ساڵ ده‌درێت به ڕۆمانی سوپاس دۆستۆیڤسكی.
سواره نه‌جمه‌دین/ ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئێوه پرسیاری له باره‌وه ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه، قسه‌كردن ده‌رباره‌ی سه‌ده‌یه‌ك له چیرۆك(1925 بۆ 2017)، له كاتێكدا چه‌ند ره‌گه‌زێكی دیاریكراوتان داناوه، هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ خۆی پێویستی به قسه‌كردنی ورد هه‌یه، كارێكی نه‌كرده‌یه له وه‌ڵامی پرسیارێكدا جێگای ببێته‌وه، پرسیاره‌كه چڕه و وه‌ڵامێكی چڕی ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سنوره‌ی بۆت داناوم وه‌ڵامێكی گونجاو بده‌مه‌وه، ده‌بێت خۆم له زۆربه‌ی به‌شه‌كانی پرسیاره‌كه بدزمه‌وه. به به‌راورد به مێژووه كورته‌كه‌ی (92 ساڵ) چیرۆكی كوردی له زۆربه‌ی ڕووه‌وه هه‌نگاوی به‌رچاوی ناوه، به جۆرێك ده‌كرێت بڵێم له هه‌ندێك قۆناغدا نه‌ك هه‌نگاو بگره بهقهڵهمبازیش ناوی به‌رین زیاده‌ڕه‌ویمان نه‌كردووه. چۆن مێژووی چیرۆكی جیهان زۆر له‌وه درێژتر و چڕ تره، لێ چیرۆكی كوردی به‌م ماوه كه‌مه له ئێستادا له قۆناغێكی تا ڕاده‌یه‌ك شایسته‌دایه به به‌راورد به ژانه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب، گه‌ر به‌راوردێكی چیرۆكی (له‌خه‌وما) و چیرۆكێكی ئه‌مڕۆ بكه‌ین، ده‌بینین ئاسته‌كه به‌شێوه‌یه‌ك به‌رچاو به‌ره‌وپێش چووه. به ڕه‌چاوكردنی ئه‌و بۆچوونه‌ی لای وایه (له‌خه‌وما) ناچێته خانه‌ی چیرۆكه‌وه، بگره گێڕانه‌وه‌ی رۆژانه‌یه یان هه‌ڵڕشتنی ده‌رده دڵه. چیرۆكی ئه‌مڕۆ زۆر هونه‌ری تر و بابه‌تی تره، به تایبه‌ت چیرۆكی دوای نه‌وه‌ده‌كان به ڕوونی كاریگه‌ری ئه‌ده‌بیاتی جیهانی پێوه دیاره، ده‌كرێت بڵێم چیرۆكنووسانی نه‌وه‌ی پێش ئێمه زۆر لێهاتووبوون له هێنانی ئه‌زموونی چیرۆكنووسه جیهانییه‌كان بۆ ناو چیرۆكی كوردی، نه‌وه‌ی پێش ئه‌وانیش زۆر زیره‌كانه ئه‌زموونی چیرۆكی عه‌ره‌بی و فارسیان به‌كارهێنا بۆ دروستكردنی قۆناغێكی خۆیان. چیرۆكی ئه‌مڕۆ له زۆربه‌ی ڕووهوهكانهوه كاریگه‌ری چیرۆكه جیهانییه‌كانی له‌سه‌ره، به‌جۆرێك فۆڕمه نوێیه‌كانی چیرۆك به ئاسانی ده‌گات به چیرۆكی كوردی، گه‌ر سه‌رنجێكی چیرۆكی ئه‌مڕۆ بده‌ی ده‌یان فۆڕم و گێڕانه‌وه‌ی جیاواز ده‌بینیت، به به‌راورد به چیرۆكی (له‌خه‌وما- جه‌میل سایب) یان (مه‌سله‌ی ویژدان- ئه‌حمه‌د موختار جاف) كه ده‌كرێت بڵێین زیاتر گێڕانه‌وه كردویانێتی به چیرۆك، ده‌بینین مانا ئه‌مڕۆ زۆر فراوانتره، فۆڕم زۆر جیاوازتره و ده‌یان و سه‌دان فۆڕمی جیاواز په‌یڕه‌و ده‌كرێت، گێڕانه‌وه و زمان، ته‌كنیكی جۆربه‌جۆر، گرێچن و چاوڕاو به هونه‌رێكی به‌رز، هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كان له چیرۆكی نوێ‌دا بره‌ویان پێده‌درێت و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمی نوێ ده‌درێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م به‌راوردكارییه له نێوان ئه‌م دوو قۆناغه‌دا دادپه‌روه‌ری نییه، له هه‌مان كاتدا كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌و دوو چیرۆكه نییه له مێژووی چیرۆكی كوردیدا، چونكه چ (له‌خه‌وما) و چ (مه‌سه‌له‌ی ویژدان) ده‌ستپێكێكی مه‌زن بوون بۆ چیرۆكی كوردی، چۆن پێشووتر چیرۆكی كوردی له قۆناغی گێڕانه‌وه‌ی به‌رئاگردان و به‌ند و بالۆره‌ی نێو قاوه‌خانه‌كانه‌وه گواسته‌وه بۆ فۆڕمێكی هونه‌ری، واته چیرۆكی له مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گواسته‌وه بۆ ژانه‌رێكی هونه‌ری، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش چیرۆكی كوردی گه‌یشتووه به‌مڕۆ.
پ/ زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێ‌و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه ڕاسته، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه بۆ گێڕانه‌وه؟
جوتیار ئه‌حمه‌د ساڵی 1980 له دایك بوه.
ساڵی 2006 به‌شی شوێنه‌واری زانكۆی سلێمانی تهوكردووه.
ئێستا خوێنكاری ماسته‌ره له بواری شوێنه‌واردا.
تا ئێستا دوو كۆمه‌ڵه چیرۆك بڵاوكردۆته‌وه به‌ناوه‌كانی (سواره‌كانی وشه‌و ڕێچكه‌ی مێلورهكان) ڕۆمانێكیش بڵاوكردۆته‌وه به‌ناوی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا).
جوتیار ئه‌حمه‌د/ تا ئه‌و كاته‌ی كاروان كاكه‌سور، ئارامی كاكه‌ی فلاح و عتا محمه‌د دێن و به ناخی ئینسانی كوردا ڕۆئه‌چن و تێئه‌گه‌ن كه تاكی كورد چه‌ند ناخی داڕماوه‌و چۆن ئه‌ناڵێنێ به‌ده‌ست نهخۆشیهكانیهوه، بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند ده‌رونی ماندو كردوه! ئیدی لێره‌وه تێماو مانا ئه‌گۆڕێن بۆ ئه‌وه‌ی كه ئینسانی كورد به‌ره‌و ئه‌وه ئه‌چێت كه‌خۆی بناسێت و به‌ناخی خۆیدا شۆڕبێته‌وه، به‌ره‌و وشیاری مل بنێت، له ڕێگه‌ی ئاناتۆمی ناخی خۆیه‌وه خۆی ده‌وروبه‌ر بناسێت ! تۆ ناتوانی تكنیك داڕێژی ئیدی به‌پێی ئه‌و یاسایه ناوهڕۆك داڕێژی ئه‌مه تنها بۆ زانست ده‌ست ئه‌دات كه من له شوێنی تریشدا وتوومه، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ناچێته خانه‌ی هیچ یاسا‌و ڕێسایهكهوهئهوه ناوه ڕۆكه كه تكنیك دیاری ئه‌كات و نوسه‌ر ئه‌توانێت به‌پێی ئه‌و ناوهڕۆكهم تكنیك دیاری بكات. ئیدی باش یا خراپ ئه‌وه ئه‌كه‌وێته سه‌ر نوسه‌ر خۆی! چیرۆكی كوردی كه زۆر خۆی له قه‌ره‌ی تكنیك نه‌داوه، به‌تایبه‌تی له ڕابردودا، پێئه‌چێ هۆی ئه‌وه‌بێت كه ئێمه ئه‌م ژانره‌مان وه‌رگرتبێت واته وه‌ك هه‌ر ژانرێك و شتێكی تر هاورده‌مان كردبێت، شاره‌زای بنجوبناونی نه‌بین تا بزانین چۆن بیگێڕینه‌وه، بۆیه زۆركات له سه‌ر شێوازی ئه‌وه‌ی پێئهڵێین حیكایه‌ت ده‌ست به‌گێڕانه‌وه ئه‌كه‌ین، له‌م ساڵانه‌ی دوایدا چیرۆكی كوردی به‌شوێن شێوازی نوێی گێڕانه‌وه‌و ته‌كنیكی نوێ‌دا ئه‌گه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه دنیابینی تاكی كورد زیاتر بووه، وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی كوردی زۆر له جاران زیاتر بووه ئیدی باش بێت یا خراپ، پێشكه‌وتنی تكنهلۆجیاش خۆی هۆیه‌كی سه‌ره‌كیه بۆ پێشكه‌وتنی تكنیكی چیرۆك كه به‌رده‌ستخستنی زانیاری زۆر ئاسان كردووه.
پ/ به به‌راورد به چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێواز‌و ته‌كنیكه نوێیانه كامانه‌ن كه بۆ نوسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ یان به جۆرێكی كه كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه له چیدایه؟
گۆران ڕه‌ئوف
ساڵی 1991 له دایك بووه ـ
ده‌رچووی ئاماده‌ییه ـ
له ساڵی 2005 ده‌ستیكردووه به نووسین ـ ساڵی ۲۰۰۷ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی نۆڤلێتێك به‌ناوی (زستانێكی پڕ نهێنی)
ساڵی ۲۰۰۹ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمانێك به‌ناوی (ڕاستییه درۆزنه‌كان)
ساڵی ۲۰۱۳ چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه شیعرێك به‌ناوی (عه‌شق نائومێدییه‌كی خۆشه) له‌لایه‌ن خانه‌ی ڕۆنان ه‌وه.
ـ ساڵی ۲۰۱٦ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه چیرۆكێك به‌ناوی (قه‌فه‌زێك له‌ناخی باڵنده‌یه‌كدا). له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌رده‌مه‌وه.
ـ ساڵی ۲۰۱۲ له هه‌شته‌مین ڤیستیڤاڵی گوڵعه‌نبه‌ردا خه‌ڵاتی یه‌كه‌می وه‌رگرتوه بۆ چیرۆكی قه‌فه‌زێك له‌ناخی باڵنده‌یه‌كدا.
ـ ساڵی ۲۰۱٤ له هه‌ژده‌یه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا خه‌ڵاتی دووه‌می وه‌رگرتووه بۆ چیرۆكی دڵی قاسم. ـ ساڵی ۲۰۱۳ له فیستیڤاڵی هه‌تاودا خه‌ڵاتی سێیه‌می وه‌رگرتووه بۆ چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی تر.
گۆران ڕه‌ئوف: به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه كه‌مێك ئالۆزی تێدایه. دنیای چیرۆكی كوردی به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ مێژووی چیرۆك، له جیهاندا هاوته‌ریب رێبكات، ناكرێت ئێمه قسه له‌باره‌ی سه‌رله‌به‌ری چیرۆكی كوردییه‌وه بكه‌ین.. هۆكارگه‌لێكی زۆر هه‌یه كه‌وایكردووه بۆ مێژووی چیرۆكی كوردی لاسه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ مێژووی چیرۆكی جیهانیدا؟ چونكه دۆخی سیاسی و داگیركاری و راوه‌دوونانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و چه‌وساندنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تی بووه تا چیرۆكی كوردی به‌پێی قۆناغه جیهانییه‌كانی گه‌شه به‌خۆی بدات. من نامه‌وێت ئاڕاسته‌ی قسه‌كان بگوازمه‌وه بۆ ئه‌و هۆكارانه كه گه‌ر بێت و بمانه‌وێت قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ین ئه‌وا كاتێكی زۆری ده‌وێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ببێته وه‌ڵام بۆ پرسیاره‌كه‌ی ئێوه هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راورده له نێوان چیرۆكه جیهانییه‌كان و ڕه‌وت و هه‌وڵه‌كانی چیرۆكنووسانی كورده له ئێستادا. چیرۆكی نوێی كوردیی هیچی كه‌متر نییه له‌و چیرۆكانه‌ی له دنیادا ده‌نووسرێن و بڵاوده‌كرێنه‌وه، گه‌ر له رابردوودا چیرۆكنووسانی كورد نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ ته‌وژم و ڕه‌وتی چیرۆكدا گه‌شه به‌خۆیان و به‌رهه‌مه‌كانیان بده‌ن، به‌ڵام ئێستادا به‌هۆی ئه‌م نه‌وه نوێیه‌وه، چیرۆكی كوردی گه‌شه‌ی زۆر و به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه، هه‌ر له زمانی گێڕانه‌وه‌وه تا ده‌گاته بابه‌ت و مادده‌ی چیرۆك و ته‌كنیك و كه‌ره‌سته‌ی چیرۆكنووسین.. هه‌موو بنه‌ما و پێوه‌ره‌كانی چیرۆكی نوێی تێدایه.
له ئێستای چیرۆكی كوردیدا ئیشدهكرێت له بواره جیاوازه مرۆییه‌كانی وه‌ك بابه‌تی “ده‌روونی و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دیارده و ئازار و خه‌مه گه‌ردوونییه‌كانی مرۆڤی نوێ” كه ئه‌مه‌ش به‌وردی ئیشی تێداكراوه و هه‌موو پایه‌كانی چیرۆكی به‌باشی تێدا به‌رجه‌سته‌كراوه، وه‌ك كه‌ره‌سته و زمان و ته‌كنیك و دروستكردنی كاراكته‌ر به فۆڕمی ئه‌مه زه‌مه‌نه. چیرۆكنووسانی ئێستا ده‌كرێت بڵێین شاره‌زاتر و به‌ئاگاترن له چیرۆكنووسانی پێشوو، ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك كرانه‌وه‌ی ئێمه به‌ڕووی دنیادا و فێربوونی زمانه جیاوازه‌كان و خوێندنه‌وه و ئاگاداربوون له ڕه‌وتی چیرۆك له جیهاندا و وه‌رگێڕانی چیرۆك و ئه‌ده‌بیاتی وڵاتانی دیكه و ئه‌و بنه‌مایانه‌ی له ئێستادا چیرۆكی پێهه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت. بۆیه ده‌كرێت بڵێین له ئێستادا چیرۆكی كوردی گه‌ر هاوته‌ریبیش نه‌بێت له‌گه‌ڵ چیرۆكی نوێی جیهاندا ئه‌وا قۆناغی باشی بڕیوه و خاوه‌ن چیرۆك و چیرۆكنووسی ئاگادار و حرفهیین.
گه‌ر بێمه سه‌ر به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه، كێشه‌ی چیرۆكی ئێمه له چیدایه؟ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم له ئێستادا چیرۆكی زۆر جوان و نایاب به‌رهه‌مهاتووه كه هیچی كه‌متر نییه له چیرۆكه جیهانییه‌كان و چیرۆكی وڵاتانی دراوسێ، خۆشبه‌ختانه وه‌ك باسمكرد نه‌وه‌یه‌ك دروستبووه ئاگاداره و ده‌یه‌وێت دنیای چیرۆكی كوردی ته‌كان بخوات و بڕواته قۆناغێكی نوێوه، جا ئه‌م چیرۆكانه له زمانه‌وه بیگره تا ده‌گاته ته‌كنیك و وه‌گه‌ڕخستنی بابه‌ت و رووداو و كاره‌كته‌ر و په‌یام و گووتاره‌كانی چیرۆكی كوردی، تێكڕا شتی جوان و به‌پێز ده‌بینین كه له ئاستێكی به‌رزی ئه‌ده‌بیدا به‌رهه‌مهێنراون. بۆمن ئیشكالییه‌تێك له چیرۆكی كوردیدا به‌ریده‌كه‌وم، كێشه‌ی بابه‌ت و زمانمان هه‌یه. ئێمه له زه‌مه‌نێكداین زه‌مه‌نی تاریكی و ته‌نیایی و له‌نێوچوونی به‌شێكی زۆری به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆحییه‌كانی مرۆڤه، كه پێویسته زمانێكی ورد و به‌هێزمان هه‌بێت بۆ گوزارشت و گیڕانه‌وه و دروستكردنی چیرۆك، كه تێیدا ئه‌پده‌یتی زمانی گێڕانه‌وه بكه‌ین و خۆمان لاده‌ین له زمانه سه‌رگوزشته‌یی و پهخشانئامێزهكانی رابردوو، زمانێكی ساده‌گۆ كه تێیدا قسه‌مان بۆبكات له‌مه‌ڕ ئیشكالییه‌تی مرۆڤی ئه‌م زه‌مه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌توانم بڵێم گه‌شه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه ئاماژه‌یه‌كی كورت بده‌م پێی، بابه‌تی په‌یام و مادده‌ی چیرۆكه، كه پێویسته قوڵتر كاری تێدابكه‌ین. به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ر به‌شه‌ریه‌تدا هاتووه، هاوكات كێشه و شوناسی گرفته‌كانیش گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه كه ده‌كرێت وردتر ئه‌م كێشه و گرفتانه ده‌رك بكه‌ین و وه‌گه‌ڕی بخه‌ین بۆ پرۆسه‌ی به چیرۆككردن. ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به خۆداماڵین له ده‌رده گشتییه‌كان و وردبوونه‌وه له كێشه خودی و ده‌روونی و تاكگهراییهكان، كه مرۆڤی ئیستا پێوه‌ی ده‌ناڵینێت، هه‌رچه‌نده له‌م خاڵه‌شدا چیرۆكی كوردی زۆر به‌ره‌وپێشچووه و له بره‌ودایه، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی چیرۆكی ئێمه بچێته مێژووی چیرۆكی جیهانییه‌وه به‌بڕوای من ئیشكردنی چیرۆكنووسانه له دروستكردنی زمانی نوێ‌دا و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه فۆڕمێكی گه‌ردونیان هه‌یه تهوزیفبكرێن بۆ چیرۆك، نه‌وه‌ك خولانه‌وه له‌بازنه‌ی كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و كه‌ره‌سته‌ی سووادا كه له‌مێژه جیهان و دنیای ئێمه‌ش تێمان په‌ڕاندووه.
پ/ كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه له چیدایه؟ به به‌راورد به چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێواز و ته‌كنیكه نوێیانه كامانه‌ن كه بۆ نووسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ ئایا ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌نی تام و بۆنی چیرۆكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی؟
به‌ختیار حه‌مه‌سوور، له‌دایكبووی سلێمانییه.
ساڵی ٢٠١٠ یه‌كه‌م چیرۆكی له ڕۆژنامه‌دا بڵاو كردووه‌ته‌وه.
ساڵی ٢٠١٥ كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «مێرووله‌كان به‌ژێر ڕووناكیی مانگدا ده‌ڕۆن» له لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه.
ساڵی ٢٠١٦ له بیسته‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا به‌شداری كردووه و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می چیرۆكی وه‌رگرتووه.
به‌ختیار حه‌مه‌سوور: كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئێستای چیرۆكی كوردی نه‌بوونی جیهانبینییه، تێروانینه‌كان لۆكاڵین و به دیدێكی لۆكاڵییه‌وه ده‌نووسرێن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌ماشای چیرۆكی جیهانی بكه‌ین ئه‌مه جۆرێكی تره؛ بۆ نموونه چیرۆكی ڕووسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێما و بابه‌تی چیرۆكه‌كانی گۆگووڵ، چێخۆف، تۆرگنێف و… باس و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ڕووداو و شوێن و به‌سه‌رهاته‌كانی ڕووسیایان هه‌یه و كردوویانن به چیرۆك، به‌ڵام جۆری جیهانبینیی ئه‌وان له ئاستێكی به‌رز و به‌رفره‌دایه، له ئاستێكدایه، كاتێك ئێمه له كوردستان ئه‌و چیرۆكانه ده‌خوێنینه‌وه، ده‌بینین بووه به وه‌ڵامده‌ره‌وه و قسه‌ی ئێمه‌یش، كێشه و گرفت و خۆشییه‌كانی خۆمان له‌و چیرۆكانه‌دا ده‌بینینه‌وه و ده‌ڵێین: ده‌ڵێی بۆ ئێمه نووسراوه! ئه‌مه جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه، به جۆرێك كه زۆر جار ئه‌و چیرۆكانه له چیرۆكه‌كانی خۆمان باشتر له خۆمان و دنیاكه‌مان ده‌دوێن و پێشانمان ده‌ده‌ن، ئه‌م جۆره له دنیابینیی كه‌متر له چیرۆكی كوردیدا ده‌بینرێت. شێوازێك كه بۆ چیرۆكی كوردی پێویسته ئه‌وه‌یه كه باس و كێشه لۆكاڵی و ناوخۆییه‌كان به دیدێكی جیهانییه‌وه بنووسێته‌وه و به‌چیرۆكیان بكات، ئه‌مه‌یش له ڕێی فۆڕم و ته‌كنیكێكی ئه‌مڕۆیی و مۆدێرن، ئاگاداربوون و ئاشنابوون به ئیمكانیه‌ت و پێشكه‌وتنه خێرا و به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌ده‌بیات، به تایبه‌ت ئه‌و گۆڕانه به‌رچاوانه‌ی ژانری چیرۆك له سه‌ره‌تاوه تاكو گه‌یشتووه‌ته ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا.ئه‌ده‌بی كوردی ته‌نیا به كردنی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی مێژوویی كوردی ناتوانێت ئه‌ده‌بێكی لێ ده‌ربێت به تام و بۆی خۆی، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی گرنگه چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌ده‌بیاته له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی كه له مێژوو و نه‌ریت و ئه‌مڕۆیی كوردیدا هه‌ن. چیرۆكی كوردی بۆ ئه‌وه‌ی مۆری خۆی وه‌ك شوناس و ناسێنه‌ری كورد لێ بدات، پێویستی به ئاوڕلێدانه‌وه‌یه‌كی كۆنكرێتییه له ئایدیا و بیرۆكه نزیك و دووره‌كان، له مێژوو و كاره‌ساته‌كانه‌وه تاكوو ڕووداوه بچووك و ئاساییه‌كانی ده‌وروبه‌ر، ئه‌ویش به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری و دۆزینه‌وه‌ی فۆڕم و ته‌كنیكی گونجاو بۆ هه‌ریه‌ك له‌و تێما و ڕووداوانه.
پ/ كاتێك باس له چیرۆكی كوردی پێش ڕاپه‌ڕین ده‌كرێت، باس له چیرۆكێك ده‌كرێت كه زیاتر كێشه گشتیه‌كان بابه‌تی سه‌ره‌كی بون و گێڕانه‌وه تیایاندا، فۆڕمێكی گشتی هه‌بوه، ئایا ده‌كرێت، بڵێین دوای ڕاپه‌ڕین چیرۆكی كوردی زیاتر باس له خود‌و كێشه‌كانی تاك ده‌كات و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گێڕانه‌وه‌ی شته تایبه‌ت و وورده‌كانی تاك له كۆمه‌ڵگادا؟
محمود نه‌جمه‌دین له‌ساڵی 2000 كانه‌وه چیرۆك ده‌نووسێ
كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی چاپكراوی هه‌یه به‌ناوی هاوشێوه‌كانی سه‌لیم جه‌وده‌ت.
كۆمه‌ڵه چیرۆكێكیش به‌عه‌ره‌بی بڵاوبوه‌ته‌وه، ئێستاش هه‌مان كۆمه‌ڵه چیرۆك ئاماده‌یه بۆ چاپی دووه‌م. دوو كۆمه‌ڵه چیرۆكی دیكه‌ش ئاماده‌ی چاپن ئه‌وانیش (كۆمه‌ڵه چیرۆكی پاسه‌كه‌ی گورون- كۆمه‌ڵه چیرۆكی یاریم له‌گه‌ڵ مه‌كه سه‌عدوون)
محمود نه‌جمه‌دین/ مه‌رج نییه ئه‌و پۆلێنه قبوڵ بێت، هه‌ندێك چیرۆكی حوسێن عارف هه‌یه له شه‌سته‌كاندا نووسیوێتی، ئاستیان ئه‌وه‌نده به‌رزه، له‌وباوه‌ڕه‌دام له‌گه‌لێك له چیرۆكه‌كانی دوای راپه‌ڕین ئاستیان به‌رزتره، بۆیه زۆرجار زه‌مه‌ن ناكرێته پێوه‌ر، ئه‌وه‌ی ده‌بێت ببێته پێوه‌ر ئاستی چیرۆكه‌كه‌یه، خۆ ئێستا له‌روسیا گه‌لێك چیرۆكنووسی نوێ هه‌یه، لێ چیخۆف هێشتا تازه‌یه و بگره له زۆرێك له چیرۆكنووسه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه تازه‌تره، ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه زه‌مه‌نی نووسین نییه، تازه و كۆنی له‌وه‌دانییه كه چیرۆكه‌كه‌ی كه‌ی نووسراوه، به‌ڵكه ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه ئه‌و تێكسته شه‌رت و شرووتی چیرۆكی تێدابێ و رێك و راست خه‌سڵه‌ته‌كانی چیرۆكی تێدابێ، ئێمه له‌م سه‌رده‌مه تازه‌یه‌دا كه ساڵی 2017یه چیرۆكنووسمان هه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان وه‌ك چیرۆكنووسێكی باش ناسراوه، لێ هه‌ندێك له چیرۆكه‌كانی نه‌ك به چیرۆكی پێش ڕاپه‌ڕین ناگه‌نه‌وه بگره ئاستیان زۆر نزمه، جا ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه ئه‌وه‌یه كه چیرۆك چیرۆكی هونه‌ری بێ و خه‌سڵه‌تی كورته چیرۆكی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتبێ، گرێچنی تێدابێ، گێڕانه‌وه گێرانه‌وه‌ی كورته چیرۆك بێت، له‌روداوێك زیاتری تێدا نه‌بێ. له‌ده‌ست پێك تا كۆتایی به نه‌مه‌تی كورته چیرۆك بڕوات.
هێشتاش گه‌لێك چیرۆكنووسمانه هه‌یه پێی وایه ئه‌گه‌ر چیرۆكه‌كه‌ی درێژكرده‌وه بۆ په‌نجا یان حه‌فتا لاپه‌ڕه ئه‌وه كردوویه‌تی به رۆمان، له‌كاتێكدا خه‌سڵه‌تی رۆمان و چیرۆك په‌ویه‌ندی به كهمو زۆری لاپه‌ڕه‌وه نییه، به‌ڵكه په‌یوه‌ندی به‌و خاڵانه‌وه هه‌یه كه هونه‌ری چیرۆكی كورت و رۆمانی له‌سه‌ر بنیاد نراوه، بۆیه له‌كۆن و له تازه‌شدا كۆمه‌ڵێك خاڵ و كۆمه‌ڵێك مواسه‌فات هه‌یه چیرۆكی له‌سه‌ر بنیاد ده‌نرێ، به‌نیسبه‌تی ئه‌وه‌ی چیرۆكی كوردی روداو و فۆڕمێكی گشتی هه‌یه یان كاركردنه له‌سه‌ر خود و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو خود، بۆ ئه‌وه‌شیان مه‌رج نییه، ده‌شێ چیرۆكی پێش راپه‌ڕین له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می دوای راپه‌ڕین له هه‌ندێك بابه‌ت و دۆسێدا جیاواز بن، به‌تایبه‌تی كورد له سه‌ده‌ی رابردوودا له‌دۆخی به‌رگریدا بووه و له‌حاڵه‌تی شۆڕشدا بووه، ئه‌مه‌ش وای كردووه هه‌ندێك چیرۆك و بگره رۆمان و شیعریش هه‌ندێكجار به‌رگی سیاسه‌ت و شۆڕش و ئایدۆلۆژیایان پۆشیوه. به‌ڵام به‌گشتی چیرۆك گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤه و مرۆڤیش هه‌میشه حیكایه‌تێك، روداوێكی هه‌یه بۆ گێڕانه‌وه، جا سه‌لیقه‌ی چیرۆكنووسه‌كه بڕیار ده‌دات ئاستی گێڕانه‌وه چۆنه و باشه یان خراپ، سه‌ركه‌وتووه یاخود نا.
پ/ زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێ‌و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه ڕاسته، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه بۆ گێڕانه‌وه؟
فه‌رهاد چۆمانی
له‌دایكبووی: ١٩٨٦- چۆمان
تاوه‌كو ئێستا دوو كتێب: په‌نجه‌كان شتێك ده‌ڵێن- كۆمه‌ڵه چیرۆك- ٢٠١٣
وه‌رگێردراوه‌ته سه‌ر فارسی و ئه‌مساڵ له تاران بلاوكرایه‌وه.
قیژه- رۆمان- ٢٠١٧
وه‌گێڕان: رۆمانی مژاباد- جان دۆست- ٢٠١٦
ژنانی نهۆمه به‌رزه‌كان- حه‌لیم یوسف – ٢٠١٧
٩٩ موورووی په‌رشوبڵاو- حه‌لیم یوسف
نائارامی- زولفو لیڤانه‌لی
فه‌رهاد چۆمانی: با پرسیار له‌م گشتاندن و زۆراندنه ده‌ربهێنین، با سه‌ره‌تا وردبینه‌وه له‌وه‌ی داخۆ له چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی پشتبه‌ستوو به تیۆره ئه‌ده‌بییه‌كان به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتووه كه؛ نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێ‌و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت! من له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نیم، كه زیاتر پرسیارێكه بۆ گه‌یشتن به وه‌ڵامێكی خوازراو، من پێموایه چیرۆكی كوردی له ئێستادا هه‌م له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه هه‌م له ته‌كنیك و شێوازی گێڕانه‌وه‌دا گۆڕانكاری و پێشڤه‌چوونی باشی به‌خۆوه بینیوه، چیرۆكی كوردی له قالبی حیكایه‌تخوانی هاتووه‌ته ده‌ره‌وه، زه‌مه‌ن پارچه پارچه بووه، ڕووداوه‌كان به ته‌كنیكێكی تازه ده‌چنه پێشه‌وه. تێما و (بابه‌ت)ی چیرۆكه‌كان هه‌م له ڕووی چنینی ڕووداوه‌كان هه‌م له ڕووی گوزارشتكردنێكی ڕاستگۆیانه‌تر له ژیار و فه‌رهه‌نگ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گۆڕانكاری باشیان به‌سه‌ردا هاتووه. له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی هه‌ر چیرۆكێكی جیهانیدا كاریگه‌ری و سایه‌ی كردوه‌ته چیرۆكی هونه‌ری كوردی. ئه‌گه‌ر پێشان چیرۆكی كوردی كولتوور و فه‌رهه‌نگی زمانێك و دوان سه‌رچاوه‌ی بووبن، ئێستا به‌سای وه‌رگێرانه‌وه له چه‌ندین زمانه‌وه شێواز و ته‌كنیك فێرده‌بین، له گۆگۆڵ و چیخۆفه‌وه تا جه‌یمز جۆیس، چارڵز دیكنز، هه‌منگوای و كافكا و ماركیز و موراكامی و كێ و كێ هه‌ر چیرۆكه و ده‌لاقه‌ی دونیایه‌كی تازه‌ی به‌ڕوودا كردووینه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌بێ ئیستێك بكه‌ین و بپرسین به‌ڕاستی هه‌موو ئه‌م خه‌یاڵانه وایكردووه ئاسۆی ڕوانین و دونیابینی چیرۆكنووسانی ئێمه‌ی به‌رفراوان كردوه؟ ئایا كرانه‌وه‌ی ده‌لاقه‌كانی دونیا وایكردووه چیرۆكنووسی ئێمه به تێمای خۆیه‌وه به‌رگی ته‌كنیكێكی نوێ و جیهانی بكاته به‌ر چیرۆكه‌كانی؟ ئایا به‌ڕاستی چیرۆكنووسی كورد دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌یان چیرۆكی وه‌رگێردراوی كولتوور و ئه‌ده‌بی گه‌لان پرسیاری له‌خۆی كردووه له‌كوێی ئه‌ده‌بی جیهاندایه و چیرۆكی كوردیش له كوێی ئه‌م دونیا پڕ خه‌یاڵ و داهێنانه‌دا؟ من پێموایه له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌وه به‌و ڕاستیه ده‌گه‌ین كه هه‌ڵه ڕوویداوه، جۆرێكه له “به‌هه‌ڵه تێگه‌یشتن” چونكه هه‌ندێك ته‌كنیك هه‌ن كاریگه‌ری زمانیان به‌سه‌ره‌وه‌یه، كاتێك به زمانی یه‌كه‌می خۆی ده‌یخوێنیته‌وه ته‌كنیك “كاڵا به‌قه‌د باڵا”یه به‌ڵام كه وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانێكی‌تر و هه‌وڵ ده‌درێ “لاسایی” ئه‌م ته‌كنیكه، لاساییه‌كی كوێرانه‌ی بكرێته‌وه نابێته چیرۆك، ده‌بێته وڕێنه. ههڵهیهكیتر ئه‌وه‌یه؛ چیرۆكنووسی ئێمه هێنده ئاسان خۆی ڕاده‌ستی ته‌كنیكی ئه‌وانیتر، یاخود ئه‌ده‌بی وه‌رگێڕدراو ده‌كات له‌بیری ده‌چێته‌وه تێمای ئه‌و پێویستی به ته‌كنیكی تایبه‌ت به خۆیشی هه‌یه. من پێموانیه چیرۆكنووسی كورد زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگ بێت، نه‌خێر! زۆر جار بیریشی ده‌چێته‌وه ئه‌و كاڵایهی بۆ باڵای تێماكهی ده‌دوورێ یان به‌به‌ری ته‌نگه یان فش. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین پێشكه‌وتنه‌كان و ئه‌و گۆڕانانه‌ی به‌سه‌ر شێواز و ناوه‌رۆكی چیرۆكی هونه‌ری كوردیدا هاتوون نادیده‌بگرین.
پ/ چیرۆكی كوردی له ئێستادا له كوێی چیرۆكی جیهانیدایه؟ ئایا ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌نی تام و بۆنی چیرۆكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی؟
ئارام شێخ وه‌سانی…
ساڵی 2012 یه‌كه‌م ڕۆمانی خۆی به‌ناوی (سه‌مای سڕبوون) بڵاو كردووه‌ته‌وه،
هه‌مان ساڵ خه‌ڵاتی لاوی ساڵی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆ بواری ڕۆمان وه‌رگرتووه.
– ساڵی 2013 بۆ چیڕۆكی (ده‌زگیرانی گۆڕستان) له ڤیستیڤاڵی هه‌تاو بۆ ئه‌ده‌بی گه‌نجان خه‌ڵاتی دووه‌می چیڕۆكی وه‌رگرتووه.
– ساڵی 2014 بۆ چیڕۆكی (زمانی دیوار) خه‌ڵاتی یه‌كه‌می ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژی بۆ بواری چیڕۆك وه‌رگرتووه.
– ساڵی 2014 ڕۆمانی (خه‌وتوو) له خانه‌ی ئه‌ربیل، چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه
– ساڵی 2016 ڕۆمانی (مه‌رگی مێژوونووس)ی، له ناوه‌ندی ئاوێر به چاپ گه‌یاندووه.
– چه‌ندین چیڕۆك و وتاری ئه‌ده‌بی له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه.
ئارام شێخ وه‌سانی/ ئه‌ده‌بی كوردی له جووڵه‌دایه. هه‌نگاوه‌كان ئه‌گه‌رچی دره‌نگوه‌ختیش بن، به‌ڵام بۆ كه‌وتنه سه‌رپێ باش و گرنگن. تۆ بڕوانه ئێمه تا ئێستا مارسێل پڕۆستمان نه‌خوێندۆته‌وه، تازه خه‌ریكه ده‌كرێته كوردی، ده‌یان به‌رهه‌می گرنگی دیكه، كه بناغه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و پایه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بین، تازه ئاوڕیان لێ ده‌درێته‌وه. نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، كه‌متر زمانی دووه‌م ده‌زانێت، بۆیه ئێسته به وه‌رگێڕانی ئه‌و تێكسته به ناوبانگانه، شاگه‌شكه ده‌بێت.
به‌م هۆیه‌وه تا ڕاده‌یه‌ك له ڕێگه‌ی وه‌رگێرانه‌وه ئاشانایهتیمان له‌گه‌ڵ ڕێچكه‌ی ئه‌ده‌بی جیهاندا دروست كردووه. ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌كی باش له نووسه‌رانی سه‌رده‌م دابڕاوین، ئێمه ئێسته خه‌ریكی ئاشنابوونین به نووسه‌رانی ساڵانی بیست و په‌نجا و حه‌فتا، زۆر به كه‌می ئیش له‌سه‌ر به‌رهه‌می نووسه‌رانی ساڵانی دوای نه‌وه‌د و دووهه‌زار ده‌كرێت، وێڕای ئه‌وه‌یش ئه‌و شه‌پۆله گرنگ و گه‌وره‌یه‌ی وه‌رگێران وای كردووه، له ئاستی چیڕۆك و ڕۆمان و ئه‌ده‌بی خۆمان تێبگه‌ین. ئێمه كاتێك ڕۆمانێك یان چیڕۆكێكی بیانی ده‌خوێنینه‌وه، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و به‌ده‌ر له ویست، ناخمان ده‌كه‌وێته به‌رده‌م به‌راوردكاری ئه‌ده‌بی خۆماڵی و ئه‌ده‌بی بیانی. ئه‌م به‌راوردكارییه، ئه‌كادیمیانه نییه، جۆرێكه له چێژی خوێندنه‌وه. له چه‌ندین جومگه‌وه ده‌توانرێت ئه‌ده‌بی كوردی بناسرێته‌وه، به‌تایبه‌ت له بابه‌تدا، كه نووسه‌ر به‌گشتی ناكرێت هه‌ڵبێت له‌و دۆخه‌ی له دهوورووبهریهتی، بابه‌تی گێڕانه‌وه و چیڕۆك به‌گشتی، پێوه‌ندیان به دۆخی ژیان و تایبه‌تمه‌ندی شوێن و خه‌ڵكه‌وه هه‌یه. بێگومان له خاڵی مرۆڤبوون و كێشه ئۆنتۆلۆجییهكاندا هه‌موومان له‌یه‌ك ده‌چین، هه‌روه‌ها هه‌مووشمان مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه به زمان و تێگه‌یشتنی خۆمان باس له‌و كێشانه بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆی كۆمه‌لێك هه‌ڵكه‌وته‌ی جیاوازه‌وه به‌ركه‌وتنمان به دیواری ژیان جیاوازه، لێره‌دا ده‌توانین چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی كوردی بناسینه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه سه‌ر چیڕۆكی جیهانی، به‌پێی شوێن و زه‌مه‌ن گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. شێواز و بابه‌تی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی، جیاوازه له سه‌رده‌می دوای جه‌نگ، دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مریكییه‌كان جیاوازه له هیی ڕووسه‌كان، واتا له ڕێگه‌ی كات و زه‌مه‌ن و هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌وه، ده‌كرێ ئه‌ده‌بی خۆمان بناسینه‌وه پێناسه‌ی بكه‌ین.
پ/ زۆرجار باس له‌وه ده‌كرێت نوسینی چیرۆك مه‌شقه بۆ نوسینی ڕۆمان، یان پشووه له نێوان نوسینی ڕۆمانێك بۆ ڕۆمانێكی تر، تا چه‌ند ئه‌م بۆ چونه ڕاسته، ئایا ئه‌وه‌ی چیرۆك ده‌نوسێت ده‌توانێت ڕۆمانیش بنوسێت، یان به پێچه‌وانه‌وه؟
سواره نه‌جمه‌دین/ نووسینی هه‌ر ژانهرێك سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه، په‌یوه‌ندی نێوان ڕۆمان و شیعر چۆنه، په‌یوه‌ندی نێوان چیرۆك و رۆمانیش به هه‌مان شێوه، نووسینی چیرۆك و ڕۆمان وه‌ك ئه‌وه نییه یه‌كێك شیعری كورت بنووسێت و چامه(قه‌صیده)ش بنووسێت، چیرۆك به‌شێكی كورتی ڕۆمان نییه، به‌ڵكو ژانه‌رێكی سه‌ربه‌خۆیه. ئه‌و بۆچوونه‌ی ده‌ڵێت چیرۆك مه‌شقه بۆ ڕۆمان، یان ئه‌و نووسه‌رانه‌ی په‌یڕه‌وی ئه‌و وته‌یه ده‌كه‌ن، زیان به كرده‌ی نووسینی چیرۆك و ڕۆمانیش ده‌گه‌یه‌نن، به گشتی نووسین هه‌ر جۆرێك بێت بۆ خۆی مه‌شقه، راپۆرتی ڕۆژنامه‌وانی بێت، یان په‌خشان، شیعربێت یان چیرۆك، رۆمان بێت یان داستان، تێكڕایان مه‌شقن بۆ ئه‌و ده‌قه‌ی له كۆتایدا ده‌ته‌وێت بینووسیت، ئه‌و ده‌قه‌ی ڕه‌نگه ده‌قی ته‌مه‌ن بێت.
له پرسیاره‌كه‌تدا ئه‌وه به‌دیده‌كرێت، كه بۆچونێك هه‌یه لای وایه ژانه‌ری چیرۆك له ئاستی ژانه‌ری ڕۆماندا نییه، یان به روونتر چیرۆك ژانه‌رێكی بچوك و ئاسانه و ڕۆمان هونه‌رێكی باڵایه! به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی (مه‌شق) و (پشوو) به كه‌م ته‌ماشاكردنی چیرۆكه، لای من ئه‌مه وانییه، چیرۆك هیچی كه‌متر نییه له ڕۆمان و شیعر، به پێچه‌وانه‌وه وای ده‌بینم چیرۆك هونه‌رێكی ئه‌سته‌متره، له چیرۆكدا مه‌ودایه‌كی كه‌مترت له به‌رده‌مدایه و رهگهزگهلێكی زۆریش تا جێگای بكه‌یته‌وه، ده‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ی پارچه زه‌وییه‌كی بیست مه‌تری بخه‌یته به‌رده‌ست ئه‌ندازیارێك تا خانوویه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر دروست بكات، ده‌بێت ژووری میوان و چێشتخانه و ژووری نووستن و ته‌والێت و حه‌مام و ته‌نانه‌ت باخچه‌شی تیادا جێگا بكاته‌وه، به‌ڵام ڕۆمان هونه‌ری ئه‌ندازیاره‌كه‌یه له‌سه‌ر پارچه زه‌وییه‌كی فراوان، جا باڵه‌خانه یان كۆشكێكی تیادا بونیاد بنێت، ئه‌كه‌وێته‌وه سه‌ر هونه‌ری ئه‌ندازیاره‌كه، به چواندنێكی تر چیرۆك هونه‌ری كاتژمێری ده‌ستییه، لێ رۆمان هونه‌ری چێكردنی ئۆتۆمبێلێكه، له سنوری كاتژمێرێكی ده‌ستیدا جێگای ژماره و مه‌كینه و پیل و پیم زۆرجار رۆژمێر ده‌كرێته‌وه، لێ له دروستكردنی ئۆتۆمبێلدا ئه‌و مه‌ودا كه‌مه نییه.
ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی بیست مه‌تری بتوانێت بینایه‌ك بونیاد بنێت، ئه‌گه‌ری زۆره بتوانێت له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی چه‌ند یاردیش باڵه‌خانه‌یه‌ك دروست بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كاتژمێری ده‌ستی دروست ده‌كات، ئه‌ستمه بتوانێت ئۆتۆمبێلیش دروست بكات، بۆیه به هه‌مان شێوه وه‌ك ئه‌ندازیاری بیناسازیه‌كه نووسه‌ر ڕه‌نگه بتوانێت چیرۆك و ڕۆمانیش بنووسێت، یان وه‌ك ئه‌ندازیاره میكانییكییهكه نه‌توانێت له چیرۆك و ڕۆماندا كار بكات.
پ/ ئه‌و گۆڕانه به‌رچاوانه‌ی كه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له چیرۆكی كوردیدا ڕویانداوه چین؟ له چیرۆكی (له‌خه‌وما)ی (جه‌میل سائیب)ه‌وه ئا ئه‌مڕۆ. هه‌م له ڕووی تێكست و تێماو ماناوه، هه‌م له ڕووی ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌وه؟
جوتیار ئه‌حمه‌د/ ئه‌توانین بڵێین جه‌میل سائیب له چیرۆكی له خهومادا زۆر پێش سه‌رده‌می خۆی كه‌وتووه، سه‌رده‌مێك كه به‌ڕای ئه‌و وه به‌ڕای مێژوونوسانیش پڕبووه له زوڵمی شێخ محمود كه مه‌لیكی یه‌كه‌مین ده‌ڵه‌تی كوردی بووه. سهردمیك كه له‌هه‌مان سه‌رده‌می ئێستا ئه‌چێت به‌ڵام زه‌من و كاره‌كته‌ره‌كان جیاوازن. له‌خه‌ومای جمیل سائیب لێدانه له دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مه وه‌ك تێما ومانا، كه به هه‌مان شێوه له ساڵانی ١٩٧٠ وه به ته‌كنیكێكی ساده‌ی به یاسا‌و ڕێسای ئه‌ده‌ب داڕێژراو چیرۆكی كوردی به‌رده‌وام ئه‌بێت، له شێوه‌ی ئه‌دبی به‌رگری لێدان له دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام تێمای ئه‌مجاره ده‌سته‌لاتی ڕژێمی داپڵۆسێنه‌ری عراقیه، ئه‌مه‌ش زۆرجار ئیشكردن بووه به كۆدو مجاز. به‌ڵام ئه‌وه‌ی چیرۆكی دوای ڕاپه‌ڕین له‌و سه‌رده‌مه جیا ئه‌كاته‌وه، دۆخی كافكایی و ئیشكردنه له‌سه‌ر ده‌رونی ئینسانی كورد وه‌ك تاكێك كه خۆی ئهناسێتو خاوه‌نی خۆیه‌تی، بۆنمونه ئه‌گه‌ر باسی دۆخه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه بكه‌ین تا ساڵانی ١٩٩٧ چیرۆكی كوردی باشور لێدان بووه له دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و باوك سالاری. لێدان و ڕخنه‌ی دۆخی سیاسی ته‌نها له وتاردا به‌دی ئه‌كرا له‌بواری چیرۆكدا زۆر به‌دگمه‌ن به‌دی ئه‌كرێت، تا ئه‌وكاته‌ی شه‌ری كورد به‌ده‌ستی كورد ئه‌گاته لوتكه‌و ئینسانی كورد هه‌ست به وێرانبوونی ناخی خۆی ئه‌كات، بۆنمونه ئه‌گه‌ر سه‌یری شێرزاد حه‌سه‌ن بكه‌ین به‌ده‌ست پیاو سالاریه‌وه گیرۆده‌یه ڕاسته ڕۆچۆته ده‌رونی ئینسانه‌كانه‌وه به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و نێر سالارییه.
پ/ زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت، كه هێنده‌ی خوێنه‌ری ڕۆمان هه‌یه هێنده خوێنه‌ری چیرۆك نییه، ئه‌م بۆ چونه تا چه‌ند ڕاسته، ئه‌گه‌ر ڕاسته هۆكاری ئه‌وه چییه؟
گۆران ڕه‌ئوف: بۆ ئه‌م تێڕوانینه ئامار و داتایه‌كی ورد له‌به‌رده‌ستدانییه، كه خوێنه‌ری رۆمان زۆرتره له خوێنه‌ری چیرۆك؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و هه‌ستیپێده‌كرێت، بێگومان ئه‌و روانینه دروست ده‌بێت كه خوێنه‌ری رۆمان زیاتره و له ئێستادا پتر چاوی خوێنه‌ر له‌سه‌ر چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانه‌كانه. به بڕوای من ئه‌مه‌ش چه‌ند هۆكارێكی له‌پشته‌وه‌یه و هه‌ریه‌ك له‌م هۆكارانه‌ی ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یه‌كی كورتیان پێبده‌م، سه‌رچاوه‌ن بۆ به‌ربڵاوی و گه‌شه‌ی خوێنه‌ری رۆمان به به‌راورد به چیرۆك و ژانه‌ره‌كانی تریش. یه‌كێك له‌و هۆكارانه هۆكاری مێژووییه.. یان مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی ئه‌م و دوو ژانه‌ره‌یه له دنیادا و به‌تایبه‌ت له كوردستاندا. مێژووی رۆمانی كوردی و سه‌رهه‌ڵدانی بۆ خوێنه‌ر به به‌راورد به چیرۆك، مێژوویه‌كی پته‌وتر و به‌هێزتری هه‌یه و وه‌ك دیارده‌یه‌كی تازه خۆی به‌یانكردووه له خه‌یاڵی خوێنه‌ری كوردیدا، هه‌ربۆیه له‌ناوخۆیدا خاوه‌ن گووتار و په‌یامی به‌هێزتره به به‌راورد به چیرۆك. یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كان، هۆكاری په‌روه‌رده‌ییه، “په‌روه‌رده‌ی خوێنه‌ر” ئه‌مه‌یش له دو ئاستدا خۆی ده‌بینێته‌وه و كاری زۆری بۆ كراوه. یه‌كه‌میان بایه‌خی ئه‌دیبانی كورده به رۆمان و ورد ئیشكردنیانه له‌و ژانه‌ره‌دا، كه به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش بۆ كارامه‌یی و توانای رۆماننوسانی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئاستی دووه‌م بایه‌خی ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌یه كه جیا له‌هه‌موو ژانه‌ر و بابه‌ته‌كانی تر، تیشكێكی تۆخیان له‌سه‌ر چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمان داناوه، وه‌ك ئیشی رۆماننوسه ناوخۆییه‌كان و وه‌رگێڕانی رۆمانه جیهانییه‌كان، ئه‌م دوو هۆكاره وایكردووه جۆرێك له په‌روه‌رده‌ی خوێندنه‌وه دروست بێت بۆ رۆمان و رۆمان له خه‌یاڵدانی خوێنه‌ری كوردیدا ببێته شتێكی مه‌زنتر و باڵاتر له‌ئاست ژانه‌ره‌كانی تردا! ئه‌م دو ئاسته‌ی باسمكرد پێچه‌وانه‌كه‌ی بۆ دنیای چیرۆكیش راسته. یه‌كێكی تر له‌و خاڵانه‌ی كه مه‌به‌ستمه له‌باره‌وه‌ی بدوێم په‌یوه‌ندی به چیژ و فراوانی مه‌ودای كاركردنه‌وه هه‌یه، كه ده‌كرێت ناوی به‌رین به “هۆكاری بابه‌تی” له رۆمان‌دا زیاتر له چه‌ندین كاراكته‌ر و چه‌ندین روودا و چه‌ندین بابه‌ت، بوونی هه‌یه و نووسه‌ر ده‌ستكراوه‌تره كه خوێنه‌ر په‌لكێش و مه‌حكوم به خوێنده‌وه بكات، به‌ڵام له چیرۆكدا تۆ ده‌توانیت بابه‌تێك یان مادده‌یه‌ك وهگهڕبخهیت بۆ پرۆسه‌ی چیرۆكاندن. ئه‌م بابه‌ته‌یش له‌نێو چه‌ند كارهكهتهرێك و روداوێك یان زیاتردا ئیش ده‌كات. دنیای رۆمان دنیایه‌كی فراوانتره و چه‌قبه‌ستوو نییه له بابه‌تێكی خودی یان بابه‌تێكی گشتیدا، به‌ڵكو ئیشكردنه له كۆی كێشه فه‌لسه‌فی و ژیاری و مێژوویی و چه‌مكه بنه‌ڕه‌تیی و وجوودییه‌كانی مرۆڤایه‌تی. له‌كاتێكدا ئه‌م مه‌ودا فراوانه له چیرۆكدا نییه و پتر كاركردنه له نێو ده‌روون و بابه‌ته خودییه‌كانی مرۆڤدا.
یه‌كێكی له هۆكاره‌كان كه وایكردووه رۆمان زۆرترین خوێنه‌ری هه‌بێت به‌راورد به چیرۆك و ژانه‌ره‌كانی تر هۆكاری پێكهاته و میمۆری مێشكی مرۆڤه، كه‌ده‌كرێت ناوی به‌رین به “هۆكاری سروشتی خوێنه‌ر” ره‌نگه له مێژووی هه‌ر خوێنه‌رێكدا كه خوێنه‌ری رۆمان و چیرۆكه، به سه‌دان رۆمان و چیرۆكی خوێندبێته‌وه، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی له ئه‌ندێشه و هزریدا ده‌مێنێته‌وه روودا و بابه‌ت و كاره‌كته‌ر و هتد.. رۆمانه‌كانه نه‌وه‌ك چیرۆكه‌كان، ئه‌وه‌ی كه ده‌توانێت كاریگه‌ری به‌هێزتر و مه‌حكه‌متر دابنێت له هه‌ست و نه‌ستی خوێنه‌ر رۆمانه‌كانه، نه‌وه‌ك چیرۆكه‌كان. كه دیسانه‌وه هۆی ئه‌مه‌ش ڕیشه‌ی له مه‌ودای كاركردن و سروشتی كاركردنی ئه‌و دوو بواره‌دا هه‌یه.
پ/ زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت، نووسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێ و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه ڕاسته، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی ته‌كنیكێكی نوێ و به‌هێزه بۆ گێڕانه‌وه؟
به‌ختیار حه‌مه‌سوور: سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی ناوهڕۆك له‌گه‌ڵ ته‌كنیك و شێواز(فۆڕم) له چیرۆكدا، به گشتی ده‌بێت باس له‌وه بكه‌ین كه هیچ بڕیارێكی پێشوه‌خته بۆ چیرۆكنووس نییه كه فه‌رز بكات چیرۆكێكی ناوه‌ڕۆكخواز، چیرۆكێكی تهكنیكخواز یان فۆڕمیك بنووسێت، به‌ڵكوو ئه‌وه تێمای چیرۆكه ئه‌م ئه‌مره ده‌سه‌پێنێت، تێمایه كه ته‌كنیك و فۆڕمی تایبه‌ت به خۆی فه‌رز و داوا ده‌كات. هه‌ر چیرۆكێكی سه‌ركه‌وتوو كه له مێژووی دوورونزیكی ئه‌م ژانره‌دا نووسراوه و ده‌نووسرێت، به دڵنیاییه‌وه له‌م ڕێسا و یاسایه‌دا هه‌ڵده‌سووڕێت. هه‌ر جیاكردنه‌وه و دابڕكردنێك له نێوان ئه‌م پێكهاتانه‌دا كارێكی نادروست و میكانیكی لێ ده‌ر دێت، كارێك كه ناتوانێت درێژه و به‌رده‌وامی به‌و ئیمكان و ئه‌گه‌ره بدات كه ناوی داهێنان و نه‌مرییه. چیرۆكنووسی سه‌ركه‌وتوو هیچ كات بیر له‌وه ناكاته‌وه به پێوه‌ر و قاڵبی ئاماده و سازكراو چیرۆك بنووسێت، ده‌توانین بڵێین هه‌ر چیرۆكێكی هونه‌ریی كه ده‌نووسرێت له ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ر و قاڵبه پێشوه‌خت سازكراوه‌كان ده‌نووسرێت، به ژماره‌ی ئه‌و چیرۆكه سه‌ركه‌وتوانه‌ی هه‌ن ئێمه پێوه‌ر و قاڵبمان هه‌یه، چیرۆكی هونه‌ریی و جیاواز به‌رده‌وام چاوی له‌وه‌یه خیانه‌ت به‌و پێوه‌ر و قاڵبانه بكات و پێوه‌ر و قاڵبی تایبه‌ت و دیاریكراو به خۆی ساز بكات. لێره‌وه ده‌توانین وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی ئێوه بده‌ینه‌وه و بڵێین: چیرۆكی كوردی له ململانێی شكست و داهێناندا بووه و هه‌یه، به‌ڵام له‌م به‌ستێنه‌دا تای شكستی قورس‌تر بووه، ئه‌ویش به ئاوڕدانه‌وه و سوودوه‌رگرتنی به‌رده‌وامی له سوننه‌تێكی چیرۆكنووسی، كه نه‌توان و ده‌سته‌وسان بووه له هاوسه‌نگی نێوان ته‌كنیك و فۆڕم له لایه‌ك و ناوهڕۆك له لایه‌كی تر. چیرۆكی كوردی له قۆناغێكدا زیادتر ڕووی له شێوازێك له چیرۆكی ناوه‌ڕۆكخواز كردووه و به‌مه‌یش به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌وتووه‌ته خزمه‌ت ئایدۆلۆژیا جیاوازه‌كانه‌وه، له قۆناغێكی تریشدا ئاوڕی داوه‌ته‌وه له ته‌كنیك و فۆڕمه جیهانییه‌كان، به‌ڵام نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست و به شێوه‌یه‌كی قه‌تعی ته‌كنیك و فۆڕمه‌كان بكاته به به‌ر ناوهڕۆك و له هه‌ناو یه‌كدا بیانتوێنێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت له‌م ڕه‌وته‌دا و به‌تایبه‌ت له چیرۆكی نوێی كوردیدا، هه‌وڵ و به‌رده‌وامی هه‌ن، هه‌رچه‌ند وه‌ك پێویست به‌رچاو و زۆر نین، به‌ڵام حاشا لێ نه‌كراون، كه بۆ خولقاندنی چیرۆكێكی ئه‌مڕۆیی و مۆدێرن ده‌كۆشن و سوود له ده‌ره‌تان و ئیمكانه جیهانییه‌كان به شێوه‌یه‌كی دروست وه‌رده‌گرن.
پ/ زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێ‌و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه ڕاسته، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه بۆ گێڕانه‌وه؟
مه‌حمود نه‌جمه‌دین/ بۆ چیرۆك بیرۆكه زۆر گرنگه، به‌دڵنیاییه‌وه، چون بیرۆكه ئه‌ساسی كاره‌كه‌یه، كه چیرۆكنووسه‌كه وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌كی خاو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه چۆن ئه‌و بیرۆكه‌یه ته‌حویل ده‌كه‌یت بۆ چیرۆك، لێره‌وه گرنگی ئیشه‌كه و سه‌ركه‌وتنی دیاری ده‌كرێت. بۆ نموونه چیرۆكنووسه ده‌توانێ له بابه‌تێك، یان بیرۆكه‌یه‌كی زۆر ساده و بچووك چیرۆكێكی جوانی لێ ده‌خولقێ، بۆیه بیرۆكه گرنگه له‌وه‌ش گرنگ تر بۆ ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كه‌ت نه‌مرێ چۆنێتی گێڕانه‌وه و شێوازی گێڕانه‌وه‌كه گرنگه، كه چیرۆكنووس بتوانێ به‌شێوازێك بگێڕێته‌وه سه‌رسام كه‌ر بێ بۆ خوێنه‌ر، خوێنه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌و شێوازه نه‌بێ و وه‌ك شتێكی به‌ری بكه‌وێت و ته‌قلیدی نه‌بێ، ئێستا له‌دنیادا ئه‌وه زۆر گرنگه و كاری پێده‌كرێ، بۆ نموونه چیرۆكنووس هه‌یه به‌رده‌وام بیر له‌وه ده‌كاته‌وه شێواز و ته‌كنیكی تازه بدۆزێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت نموونه زۆرن له‌سه‌ر ئه‌و شێواز و ته‌كنیكانه‌ی كه هه‌یه. لێ تۆ منت به پابه‌ند كردووه به یه‌ك تا دوو ئه‌ی فۆڕ وه‌ڵامبده‌مه‌وه. له چیرۆكنووسه‌كانی ئێستاش چیرۆكنووسی زۆرباشمان هه‌یه، هه‌ندێك له‌و چیرۆكنووسانه‌مان گرنگی زۆر به ته‌كنیك و شێوازی نوێی گێڕانه‌وه ده‌ده‌ن، وه نه‌بێ ئێمه له‌بواره‌دا كۆڵ بین، چیرۆكی زۆر جوان و ئاست به‌رزمان هه‌یه، كه
به‌ته‌كنیكی نوێ ده‌نووسرێن، به‌ڵام ده‌شێ كه‌م بن، چون هه‌ر به‌گشتی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی زۆر ئاوڕی له چیرۆك نه‌داوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ ده‌زگا و ناوه‌نده‌كانی چاپه‌مه‌نیش چیرۆك زۆر گرنگ نییه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئۆرهان پامۆك بن و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن كه چیرۆك هه‌بێ یان رۆمان؟!. به‌داخه‌وه هێشتا چیرۆك و رۆمان و ئه‌ده‌ب به‌گشتی له‌ده‌ستێكی ئه‌میندا نییه و هه‌ندێك له‌وانه‌ی بڕیار له‌سه‌ر چیرۆك ده‌ده‌ن هیچ له‌چیرۆك نازانن و هێشتا شاره‌زای ته‌كنیكی چیرۆك نین، كه‌چی به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستن بڕیار له‌سه‌ر چیرۆكی كوردی ده‌دن، به‌داخه‌وه له نه‌وه‌ی كۆندا یان باشتر بڵێم ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵانی شهسهكان ئێمه چیرۆكنووسێكی وه‌كو حوسێن عارفمان هه‌یه كه ده‌یان وتار و مه‌قاله‌ی له‌سه‌ر شێواز و ته‌كنیكی چیرۆك هه‌یه، واته نه له‌خۆیه‌وه چیرۆك ده‌نووسێ و نه له‌خۆیه‌وه چیرۆكی خه‌ڵك ره‌فز ده‌كات. قسه زۆر بۆ ژانرێكی وه‌كو چیرۆك كه زۆرترین غه‌دری لێكراوه، به‌ڵام با بمێنێ بۆ ده‌رفه‌تێكی تر، چون خۆشم نیازم هه‌یه زنجیره‌یه‌ك وتار له‌و باره‌یه وه بنووسم هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر سهرقاڵێم بهچیرۆكنووسین و كاری رۆژنامه گه‌رییه‌وه بوار بدات.
پ/ به به‌راورد به چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێواز‌و ته‌كنیكه نوێیانه كامانه‌ن كه بۆ نوسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ یان به جۆرێكی دیكه كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه له چیدایه؟
فه‌رهاد چۆمانی: پێموایه له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا به جۆرێك وه‌ڵامی یه‌م پرسیاره‌شم داوه‌ته‌وه به‌ڵام با وردتر بڵێم؛ له‌سه‌ره‌تاوه من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم فۆڕم بكرێته بۆته‌یه‌ك و ئه‌گه‌ر چیرۆك نه‌چێته نێو ئه‌و قاڵب و كڵێشهیهوه چیرۆك نه‌بێت. من ناتوانم شێواز و ته‌كنیكێك ده‌ستنیشان بكه‌م و بڵێم ئه‌مه‌یان گونجاوه! ئه‌مه كاری نه‌كرده‌یه. هه‌ندێك بنه‌مای سه‌ره‌كی بۆ چیرۆك هه‌ن ئه‌گه‌ر چیرۆكێك ئه‌م بنه‌مایانه‌ی تێدابن، ئیدی پێویست ناكات چیرۆك چیرۆك مه‌حكووم بكه‌ین به ته‌كنیكێكه‌وه. به‌ڵام دیسان ده‌ڵێمه‌وه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌لان هه‌وێنێكی بێ هاوتایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ناخودئاگا چیرۆك له ڕووی فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌وه پێشبخات.
ڕه‌نگه ڕه‌خنه‌گرانی چیرۆكی هونه‌ری كوردی وه‌ڵامێكی باشتریان پێبێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كێشه‌كانی چیرۆكی كوردی بكه‌ن، به‌ڵام من ده‌توانم بڵێم چیرۆك وه‌ك شیعر هه‌وڵ ده‌دات په‌یامێكی كورت و بچووك و سنووردار بگه‌یه‌نێت، بگره گوزارشت له دۆخی ده‌روونی ئه‌وساته‌ی چیرۆكنووس ده‌كات كه تێیدا نووسیویه‌تی. یه‌كێك له كێشه‌كانیش كه بووه‌ته مۆرانه‌ی چیرۆكی هونه‌ری كوردی ئه‌وه‌یه؛ چیرۆكنووس پێیوایه گه‌یشتن به نووسینی چیرۆكێك كه به پێودانگی ئه‌ده‌بی جیهانی و تۆكمه بێت ئه‌وه‌یه ئه‌و ئێلێمێنت و فه‌زایه بۆ چیرۆك دروستبكرێت كه بۆنموونه له چیرۆكێكی هێمنگوایدا هه‌یه. تۆ چ باسی ده‌ریا و نه‌وره‌س ده‌كه‌یت كه سنووری كوردستانی گه‌وره‌ت ناگات به ده‌ریا و ڕووداوهكانیشت له یه‌كێك له شاره‌كانی كوردستان ڕوو ده‌دات؟ چ باسی قیتار و بونیادی شارێكی پێشكه‌وتوو ده‌كه‌یت كه خۆی شارسازی لای ئێمه له ژێر پرسیار و گوماندایه. مه‌به‌ستمه بڵێم زۆرجار چیرۆكی خه‌یاڵكردی وا ده‌نووسرێ كه ناكرێ ئه‌مه تێمای چیرۆك بێت، ده‌كرێ به شیعرێك، په‌خشانێك باشتر گوزارشت له ویستی ئه‌م ده‌ربڕینه بكرێت.
پ/ زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت، كه هێنده‌ی خوێنه‌ری ڕۆمان هه‌یه هێنده خوێنه‌ری چیرۆك نییه، ئه‌م بۆ چونه تا چه‌ند ڕاسته، ئه‌گه‌ر ڕاسته هۆكاری ئه‌وه چییه؟ لاوازی بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكه یان كێشه‌كه له ته‌كنیك و شێوازی گێڕانه‌وه‌دایه؟
ئارام شێخ وه‌سانی/ جارێك پێش هه‌مووشتێ، با هاوكێشه‌كه به هاوسه‌نگی سه‌یر بكه‌ین. ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به‌گشتی له بره‌وی به‌رده‌وام دایه. ڕۆژ دوای ڕۆژ له ڕێڕه‌وی گێڕانه‌وه‌دا، ئه‌دیبان له جیهاندا داهێنان و نوێخوازی ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش پێوه‌ندی به چه‌ندین هۆكاره‌وه هه‌یه، وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ناو خه‌مه‌كانی و زیاتر نامۆبوونی له‌به‌رده‌م ڕۆچوون به ناو ته‌كنه‌لۆژیادا، دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌كانی خه‌یاڵ و به‌ركه‌وتن به چێژی نهێنی، ئه‌وه جگه له فراوانی ڕووبه‌ری ئه‌و ژانره و ده‌ربڕینی هه‌موو شته‌كان بۆ هه‌مووان به ڕه‌وانبێژیی و چیڕۆكی یه‌كتری، ئه‌میش وای كردووه، كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی خوێنه‌رن، زوو یان دره‌نگ به‌ر ژانری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه بكه‌ون.
هه‌ر یه‌ك له چیرۆك یاخود ڕۆمان شتێكی هێنده لێك جیاواز نین تاكوو بێن بڵێن ئه‌مه خوێنه‌ری زۆره و ئه‌مه خوێنه‌ری كه‌مه، نا هه‌ردووكیان ئیشكردنن له‌ناو پانتایی گێڕانه‌وه‌دا، هه‌ردووكیان پێویستیان به زمانێك هه‌یه كه سێبه‌ر بخاته سه‌ر پێكهاته‌كانی گێڕانه‌وه و لای خوێنه‌ر شتێك دروست بكات، یان جێبهێڵێت و ئیستاتیكا وه‌ك تیشكێك بخزێته ده‌رونه‌وه . وه‌ك زۆر لێكۆله‌ر و شاره‌زا و چیڕۆكنووس، منیش پێم وایه نووسینی چیڕۆك زه‌حمه‌تتره له ڕۆمان، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار، كه دیارترینیان ئه‌وه‌یه، له چیڕۆكدا نووسه‌ر ده‌بێ ئه‌وه‌نده شاره‌زا و زاڵ بێت، كه بتوانێت، زۆرترین مانا و ته‌كینك و یارییه‌كانی گێڕانه‌وه له كه‌مترین پانتایی ئه‌نجام بدات. ئیتر ئه‌وه ڕوونه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌و توانایه‌ی نه‌بێت و ده‌ست بكات به چیرۆكنووسین، ئه‌وا دیاره چیڕۆكه‌كه‌ی ده‌بێته گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی وه‌ك حیكایه‌تی به‌ر ئاگردان. وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رنجم داوه، پاش ئه‌وه‌ی ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی نوێی ئه‌ده‌بی، پێگه‌ی خۆی گرت و ڕۆژ دوای ڕۆژ له گه‌شه به‌رده‌وامه، زاڵبوونی ئه‌م ژانره، به ڕوونی بینرا. ئه‌م دۆخه له زۆرینه‌ی دونیا هاوشێوه‌یه، یان لێك نزیكه، واتا به‌گشتی ده‌نگدانه‌وه، ڕیكلامی ئه‌ده‌بی، ده‌زگه‌كانی چاپ و په‌خش و دامه‌زراوه ئه‌ده‌بییه‌كان و ته‌نانه‌ت خوێندنی ئه‌كادیمیش، زیاتر باوه‌شی بۆ ڕۆمان كردووه‌ته‌وه وه‌ك له چیڕۆك، بێگومان ئه‌وه‌یش كاریگه‌ری ده‌بێت له ئاراسته‌كردنی خوێنه‌ر بۆ ژانری ڕۆمان. وه‌ك چۆن ده‌بینین، ئێسته له كوردستان هه‌تا كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی بیانی وه‌رده‌گێڕدرێت، به ده‌یان ڕۆمان وه‌رده‌گێڕدرێت، ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا، زاڵكردن و بانگه‌وازكردنه، بۆ ڕۆمان له‌به‌رانبه‌ر ژانره‌كانی دیكه…