Skip to Content

دوای ساڵەهای ساڵ.. نەوزاد بەندی

دوای ساڵەهای ساڵ.. نەوزاد بەندی

Closed
by شوبات 8, 2021 General, Poems

ئای ئەبێ چەند جار باران ،
لەو دیو پەنجەرەکەوە
تەماشای قاوەکەمی کردبێ و
دەمی پڕ بووبێ لە ئاو ..؟؟؟

ئای ئەبێ چەند جار بەفر ،
بە شیشی پەنجەرەکەوە
هەڵلەرزیبێ و
تاسەی دانیشتنی
بەر زۆپاکەمی کرد بێ ؟؟

ئەبێ چەند جار ،
گوڵی ناو ئینجانەکەمان ،
دڵی لە خۆی دامابێ و
شەرمەزار بوو بێ ،
کە نوقوڵم بۆ میوانەکان گێڕاوە و
هەمیشە ئەوم بیرچووە ،
نوقوڵدانی بۆ ڕابگرم ؟؟؟

ئای ئەبێ چەند جار هەوری تاریک ،
تەماشای دوکەڵکێشی هەورەبانەکەمانی
کردبێ و
تامەزرۆی حەمامێکی گەرم و
خۆشۆردنێکی کردبێ ؟؟

ئای ئەبێ چەند جار ڕەشەبا ،
لە دەرگا و پەنجەرەی دابێ و
حەزی کردبێ
پێنج خولەک تەماشایەکی تی ڤی بکا ؟

ئای ئەبێ چەند جار درەختی
ڕاوەستاوی بەردەرگاکەم ،
قاچی مێروولەی کردبێ و
پڕ بە دڵ حەزی کردبێ ،
پیاسەیەکی جادەی مەولەوی پێ بکەم ؟

ئای ئەبێ چەند جار دیواری
ژوورەکەم پشتی ئێشا بێ و ..
حەزی کردبێ لەگەڵ خۆم ،
بیبەم بۆ لای دکتۆرێکی
پشت و ئەژنۆ و ..
ئێم ئاڕ ئایەکی بۆ بکەم ؟؟؟

ئەبێ حەوشەکەمان چەند جار ،
لە دەرگای دابێ ، هەتاکو
پیاڵەیەیەک چا ..
لە چێشتخانەکەدا هەڵدا ؟
قاژێ شێلم ، بە چنگاڵێ
ئەمدیو دیو کا ،
تا دۆشاوی خورماکە
تەواو هەڵئەمژێ ؟؟

ئای ئەبێ چەند جار
بنمیچی ژوورەکەم بە تامەزرۆیی ،
بۆ فڕینی باڵندەکانی ڕوانیبێ ؟؟
هەوڵی دابێ هەڵفڕێ ،
بەس نەیزانیبێ ..
نەیتوانیبێ ؟؟؟

Previous
Next
Kurdish