Skip to Content

تابلۆی بوون.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

تابلۆی بوون.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by شوبات 8, 2021 General, Poems

با بسوتێ تابلۆی
ڕۆح
لە کەنار زەریای
بوون
باران ئەسوتێ
خۆڵ ئەسوتێ
شوێنپێی نمەکان
هەڵگرەوە
ئەی ڕێبواری ژێر
مانگێ لە زیوو فرمێسک
و دڵۆپە خوێبی چاوی
بەهەشتێ
زۆر زوو جێی هێشتین
نامەوێ بە ووشە قسەکەین
کە کەنار زەریاکان
بوونەتە ئاوێنەی جەستە
پەڕو باڵ کراوەکان
شوێن نەماوە
بۆ مانەوە
تەنها بەندەرەکانی چاوت نەبێ
………..
تۆ بۆگوڵاوی
بەهارێکی پێشوەختەی
دوای مەرگی
منت لێ دێ
لە نمە دروست کرایت
لەبەردەم میحرابی
ئیبلیسی خۆشبەختی شیعر
دەوازەیەکت بۆ هەڵچنم
لە وەنەوشە پرتەقاڵیەکانی سەفەر
بەرەو،،
دیوارە جێ ماوەکانی شارێ..
لە پشت جەنگە سەرابیەکان
قفڵی شەوە سپیەکانی خۆکوشتنی
مەلە گڕینەکانی
شاری بوون..
لە دەستە لەرزۆکەکانی زێوانی کاتایە..
هارمۆنیکای ژەهرە بای پەتا
پەتا ژەهر
ئاسمانی ژەهر
مرۆڤی ژەهر
شەپۆلەکانی زەریای ڕۆح
ئەکوژێ و
باشترە من و تۆ
پەڕینەوە بەرەو
شارە تابلۆیەک لە ڕابردوو
ئەی کاپتنە ڕوخسار تەم
دوای نغرۆبوونی هەتاوی دڵ
با چارۆکەکان بگەنەوە ترۆپکی
قەڵای قورمزی هەورەکان
میهرەبانی نێو نزرگە
چۆڵ و بێزارە
ئاڵتونیەکانت بۆچیە،
ئەی مرۆڤە بوکەڵە؟
خۆت سەرخۆش کە
ئەی دەریاوانی ئۆقیانوسی نەفرەت
نابینی،،،
زەریای خوێنی عێشقێ، قەترانی..
هەموو پیاوێ
هەموو ژنێ
لە مەملەکەتی تەرم و سزا و خۆسوتان ئەبا!
……….
چەند دورخەی تر
لە چاوتا بگەڕێم
تا دەرگای نیگایەک ئەکەیتەوە؟
گەمژەیی بوو
مۆمەکانی منداڵیمان جێهێشت ..و..
بە دوای چرایەکی کزی گەورەبوون
پاشاگەردان بووین
پاشان بێ ئاگایانە
چەندین دارستانی ئارامی..
بە ناوی پەتای عیشقەوە ئەسوتێنین!
هەر کە سێوە سپیەکانی..
لەزەتی بوونیش تێکئەچن..
هەر کە شەوانی ئێشکگرتنی
نێو دارستانی بێهودەیی تێپەڕ ئەبێ..
بە دیار پەیکەری ئێسکی یەکترەوە
مات ومەلول..
لە ڕۆخی روباری ڕۆژە بەسەرچوەکان
ڕێگەئەدەین..
گڕە بای تەمەن..
بیبا..
بیرەوەری بیرچووی…
ئەو کەسانەی ..
نوقمی شەپۆلە کانی ساڵ بوون
و نایانبینەوە،،
کەی ئاسمان ساماڵی خۆشبەختی دێنێ
تا پەڕەی شیعرە فرمێسکاویەکان
بە تەنافی ژوانتا جێبهێڵم
تولە ڕێیەک
بەرەو مەرگ
پیاوێکی گومرای
ڕاپێچی..
شاری خەونە کریستاڵەکان کرد،
بە تێکشکاویش..
ئاوێنەکانی بیرەوەری..
بوکەڵە مرۆڤەکانیش
ئەکاتە سوتماک،،
سترانی شنەبایەک
لە خۆڵە مێشی چاوەڕوانیەوە هەڵیکرد
ئەی ئەبێ ئافرەتە
بێ پۆشاک
و دڵ کونەکانی
شانۆی بوون
چی بکەن، گەر ..
لە خۆڵە مێشی حەز
وشەکان دروست بوون؟
چی سەمەرەیە،
کلیلی دڵی یەکتر وون ئەکەین..
و جەستەش لێ ناگەڕێ
سیمرخە شینەکانی
بەهارێکی کەمتەمەن ببینینەوە
هەر لە ئاسمانەوە
پەیام ئەنێرن..
گوڵە گەنمە شینەکانی ئەڤین
شەختەبن،،
ئیتر با ئاگرە با،،
تابلۆی زەریا
بدڕێنێ
تنۆکێ شەو
تنۆکێ تۆ
تنۆکێ خەم
تنۆکێ شەرابی
ڕەشی مەرگ
لەسەرلێوی
گوڵێک تەنیا
وەک ئازار
سپی
وەک ڕوباری
نێوە شەوێکی
یاخی
وەک خۆر
ئارەزووی
فەنابوونی خۆیەتی

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی بەلجیکی
Rene Magritte – The Human Condition

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish