Skip to Content

بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ رەخنە … 1…. هه‌رێم عوسمان

بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ رەخنە … 1…. هه‌رێم عوسمان

Closed
by حوزه‌یران 1, 2017 General, Opinion, Slider

بەشی یەکەم …….

سەرەتا

ئەم لێکۆڵینەوەیە، بە ناونیشانی’بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ رەخنە’ هەوڵێکە بۆ بنیادنانی روانین و ئایدیایەکی نوێ لەبارەی رەخنەوە. بێگومان بیرکردنەوە لە پێشنیازو خستنەڕووی ئایدیای نوێ بۆ رەخنە، کارێکی ئاسان‌نییە، بەڵام هەوڵمداوە، بە سودوەرگرتن لە ئەزموونە پێشینەکانی بواری رەخنەو رەخنەکردنیان لەسەر بنەمای ئەو ئایدیایەی بۆ بنیادنانی ئایدیا نوێیەکە یاریدەدەر بووە، ئایدیاکە بخەمەڕوو. ئەم ئایدیایە* سودی لە ئۆنتۆلۆجی، بەتایبەتی ‘ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی’ فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەڵمانی مارتن هایدیگەر وەرگرتووە. هایدیگەر لە کتێبی’بوون و کات'(١) جەخت لەسەر بوون و نائامادەیی و بەلاڕێدابردنی پرسی بوون لەمێژووی فەلسەفەدا دەکات.

ئەو لەم کتێبەدا شۆڕشێکی فەلسەفی لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ پرسی بوون دەخاتەڕوو(٢). لەم کارەدا رەخنە وەک ئۆنتۆلۆجی و ئۆنتۆلۆجی رەخنە لەسەر بنەمای پەیوەندی تەماشکراوە، واتە چەند جۆرێکی پەیوەندی پەیوەست بە نووسین** خراوەتەڕوو. لێرەوە لەسەر بنەمای پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی سێکوچکەی’نووسەر-تێکست-خوێنەر’ ئایدیا نوێیەکە خراوەتەڕوو. ئەم سێکوچکەیە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی لەنێوانیاندایە و لەیەکدی دابڕاونین، کە لە زۆرینەی تیۆرە کۆن و نوێیەکاندا لەیەکدی دابڕێنراون و هەر تیۆرەو جەختی لەسەر یەکێکیان کردووە، بەڵام لێرەدا وەک پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی دەبنە بنەما بۆ رەخنە. چونکە لێڕوانین بۆ سێکوچکەی ئاماژەبۆکراوە دوور لە روانینی بابەتی و خودیانەیە. لەبەرئەوەی بەرکەوتن و کارلەیەککردنی نێوان هەبووەکان جیاوازە لە پەیوەندی سێکوچکەکە، (کورسی و مێز، یان پەردەو پەنجەرە ناتوانن هەستی بەرکەوتن و پەیوەندی بکەن) لێرەوە سێکوچکەکە بە هەبووی زیندوو دادەنێین، کە بەر یەکدی دەکەون و کار لەیەکدی دەکەن(٣).

ئەم کارە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ کاری ئایندە، کە چۆن بکرێت ئەم ئایدیا نوێیە بکرێتە بنەمای میتۆدو تیۆرەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن و نیشاندانی تێکست‌و بڕیاردانی رادیکاڵ لەبواری رەخنەو جیاکردنەوەی تێکست لە ناتێکست. لێرەدا زۆر بە وردی چەمک و واتا فەلسەفییەکان باسنەکراون، بەڵکو بەپێی پێویستی باسەکە خراونەتەڕوو، لەبەرئەوە بۆ تێگەیشتنی گرنگە خوێنەر شارەزایی لە فەلسەفەی هایدیگەردا هەبێت.

لەپەراوێزی کارەکەشدا بە کورتی رەخنەیەکی بنەڕەتیمان ئاراستەی ناوەندی رۆشنبیری و رەخنەی کوردی گرتووە، پرسی بوون و نەبوونی رەخنەو جیاکردنەوەی سێکوچکەکەمان باسکردووەو لەسەر بنەمای ئایدیا نوێیەکە گریمانەی رەتکردنەوەی دابەشبوونی سێکوچکەکەمان کردووە. هاوکات بنەمای رەخنەو بەرهەمهێنانی گوتاری دروستیش بریتییە لە ئازادی و بنەمای هەستکردن بە رەخنەش بریتییە لە هەستکردن بە جوڵەو بزاوت، کە وەک چاودێرێک پێمانوایە ئازادی‌و جوڵەو بزاوت بە مانا فراوانەکەی نابینرێت. لە کۆتاییدا سەرچاوەکان خراونەتەڕوو، ئەنجامی باسەکە نەخراوەتەڕوو لەبەرئەوەی بەپێویستم نەزانیوە، چونکە سەرجەمی باسەکە هەوڵە بۆ رێخۆشکردن بۆ دۆزینەوەو گەیشتن ئەنجامی کردەکی.


بەشی یەکەم: چەمکەکان و ناساندنی ئایدیاکە

چەمکە کلیلییەکان و پەیوەستکردنی بە ئایدیاکەوە

١ــ ئۆنتۆلۆجی

لەمێژووی فەلسەفەدا بە چەندین بیرکردنەوەی جیاواز باسی بوون کراوە. بەڵام هایدیگەر دەڵێت باسکردنی بوون تازەیە. لەبەرئەوەی لە باسە فەلسەفییەکانی پێشوودا لەبری بوون لە هەبوو کۆڵراوەتەوە، یان بوون پشتگوێخراوە، یاخود وەک ئاشکرایەک، کە پێویست نەکردەیە بۆ گومان و پرسیاکردن لەبارەیەوە باسکراوە.(٤) بۆ نموونە ئەرستۆ ”بوون به‌ هه‌مه‌كی و گشتگرو بنه‌ڕه‌‌تی هه‌موو بوونه‌ هه‌نده‌كیه‌كان داده‌نێت‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌یكات به‌ بوونێكی به‌رزو تاك و سه‌ده‌می یه‌كه‌م بۆ جیهان. ئه‌م دوو شێوازی لێكدانه‌وه‌یه‌ به‌دوو جۆری ناكۆك و دژ وه‌ستاو ڕاڤه‌ی ڕاستی بوونمان بۆ ده‌كه‌ن. شێوازی یه‌كه‌م به‌ته‌نیا بوونه‌ به‌رزه‌كه‌ به‌ڕاستی له‌‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات و جیهان ده‌كات به‌ پاشكۆو ئافه‌ریده‌كراوی ئه‌و. دووه‌میشیان ڕاستی بوون و جیهان له‌ یه‌كدی جیاناكاته‌وه‌و باوه‌ڕ به‌ڕاستیه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی جیهاندا ناهێنێت”(٥). لێرەدا ئەرستۆ باسی ئۆنتۆلۆجی ناکات؛ لەبەرئەوەی بوونی وەک هەبوو پێناسکردووە.

هەروەک کانت کاتێک باسی فینۆمین/دیاردە، نۆمین(ئەوەی ناناسرێت و بوونی دیاردەی لەسەر وەستاوە) دەکات؛ نۆمین دەکاتە بنەمای فینۆمین.(٦) بەڵام ئەم بنەمایە بەبڕوای ‘کانت’ لە تێگەیشتنی مرۆڤ بە دەرە’ترانسێند’ە. هایدیگەر گومان لەم بنەما نەناسراوە دەکات، کە کانت بە بنەمایەکی بەڵگەنەویستی دەزانی‌و مرۆڤی ناتوانا دەکرد لەناسینی و بەڵام دەبوو باوەڕیش بە بوونی بکات(٧). یاخود هیگڵ پێناسه‌ی ‘بوون’ وه‌کو ”ڕاسته‌وخۆیه‌کی دیارینه‌کراو”ده‌کات(٨). لەبەرئەوە بۆ تێگەیشتن لە ئۆنتۆلۆجی پێویستیمان بە تێڕوانینی هایدیگەر هەیە؛ چونکە ئەو پێیوایە بوون ئەوەنییە، کە نەیناسین.(٩) بەڵام ئەوەی دەتوانێت بیناسێت و پرسیاری لەبارەوە بکات ‘دازاین-بوون لێرە- جیهان’ە؛ واتە ئەو مرۆڤەی لە جیهاندایە، بوون نیشتمانی ئەوە(١٠). ئەم هەبووە پرسیار لەبارەی بوونەوە دەکات؛ چونکە تاکە هەبوویەکە، کە خۆی بەشێکە لە بوون و دەتوانێت لەبارەی بوونەوە بپرسێت، چونکە بوون بۆی کێشەئامێزە(١١). وەک چۆن بۆ نووسەرو خوێنەر، تێکست کێشەئامێزە. لەم توێژینەوەیەدا تێکست وەک جیهان/بوون دانراوە. لە تێگەیشتنی هایدیگەردا دازاین هەبوویەکی گرنگی نێو بوونە، بوون بەبێ ئەم هەبووە ناناسرێت. ئێمەش خوێنەرو نووسەرمان وەک ئەو هەبووە داناوە؛ کە لەگەڵ و لەنێو ‘تێکست’دا دەژی و دەیناسێت. لەبەرئەوە بەبێ خوێنەرو نووسەر، تێکست ئەگەری پەیوەندی، تێگەیشتن‌و ناسین فەراهەم ناکات. هاوکات ناسینی خوێنەرو نووسەریش مەرجی تێگەیشتنی تێکستن؛ واتە سیانەی پێکەوەبەستران و بەبێ تێگەیشتن لەم سێکوچکەیە رەخنە پێکنایەت. دەشتوانین بڵێین لە میانەی نیشتەجێبوونی خوێنەرو نووسەر لەنێو تێکستدا دەرفەتی ناسینی سێکوچکەکە فەراهەم دەبێت، تێکست خوێنەرو نووسەرمان پێدەناسێنێت، خوێنەرو نووسەریش تێکست. وەک هایدیگەر دەڵێت”لەگەڵ هەموو تێگەیشتنێکدا بۆ جیهان لە بوون تێدەگەین و بەپێچەوانەشەوە دروستە”(١٢).

ئەم سیانە میوانداری یەکدی دەکەن. چونکە هەرسێکیان خاوەن سێ ماڵی بەیەکەوەبەستراوی سەربەخۆن، بەبێ یەکدی ناکرێت گریمانەی هەبوونی ماڵی یەکێکیان بکرێت. شاعیرێک لەرێگەی شیعرەوە خوێنەر بانگهێشتی جیهانی شیعر دەکات، فەیلەسوفێک لەرێگەی فەلسەفەوە بانگهێشتی جیهانی فەلسەفەمان دەکات، کاتێک ئەفلاتون یان هایدیگەر باسی شیعر دەکەن میوانداری جیهانی فەلسەفە نەک شیعرمان دەکەن. لەبەرئەوە لەم توێژینەوەیەدا جەخت لەسەر ئەوەیە، هەبوونی یەکێک لەم سیانە مەرجی هەبوونی ئەوانی دییە؛ بەپێچەوانەوە نەبوونی یەکێکیان، نەبوونی ئەوانی دیکەیە. واتە لەسەر بنەمای ئۆنتۆلۆجی، تێکست بەبێ خوێنەرو نووسەر گریمانە ناکرێت، وەک چۆن بۆ ناسینی بوون دازاین پێویستەو تاکە هەبوویەکە بە پەیوەندی بە بوونەوە بوون دەناسێت. دازاینیش بۆ بوونی پێویستی بە بوونە. هەروەک مەرجی بوون و شێوازی رەسەنێتی و ناڕەسەنێتی دازاین پەیوەستە بە نیگەرانی، پرسین، تێگەیشتن‌، لەجیهاندابوون و لەگەڵ ئەواندا بوون(١٣). لەبەرئەوە گەر واقعیانە وێنەی نووسین بکێشین، دەڵێین، بریتییە لە خستنەبەردەم و راگەیاندن، واتە نووسەرێک، کە دەنووسێت، شتێکی هێشتا نەناسراوی خستووەتە نێو بوونەوە، ئەم نووسینە پێویستی بە دۆزینەوەو پەیوەندییە؛ خوێنەرو نووسەر رووبەڕووی هەبوویەک لەنێو جیهاندا دەبنەوە(١٤). لێرەدا جۆرێک لە فراوانکاری دەکەین و دەڵێین نووسین خۆی جیهانەو خوێنەر رەسەنانە لەنێویدا دەژی بۆئەوەی دەریبخات و رایبگەێنێت(١٥). دەرخستن و راگەیاندن، بریتییە لە داهێنانی خوێنەر وەک کردەی جیهانسازی.

هایدیگەر لەسەر بنەمای ئەو رەخنە رادیکاڵەی لە مێژووی فەلسەفەی دەگرێت سەبارەت بە لەبیرکردنی پرسی بوون و باسکردنی هەبوو(ئۆنتیک) لەبری بوون؛ بۆ بوون دەگەڕێتەوەو پرسیاری لەبارەوە دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە پێمانوایە بەشێکی زۆری رەخنەی پێشوو لەسەر لایەنێکی رەخنە وەستاوە؛ توێژینەوەکان زیاتر ئۆنتیکی بوون نەک ئۆنتۆلۆجی، واتە نووسەر یان تێکست، یاخود خوێنەر کراونەتە سەنتەر. بەڵام روانینی ئۆنتۆلۆجیانە بریتییە لە یەکخستن و گەڕانەوە بۆ بوونیان؛ لەبەرئەوەی لە بوونیاندا پێکەوە بەستراون. خوێنەرو نووسەر دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ تێکست بگرن و پرسیار بکەن و لە تێکست بگەن و واتای بدۆزنەوەو نووسین بە تێکست بکەن. لە بوارێکی کراوەو ئازاددا تێکست بۆ نووسەرو خوێنەر(دازاین) دەردەکەوێت، تاوەکو رابگەیەنرێت. هاوکات کەشفی تێکست کەشفی خوێنەرو نووسەرە؛ راستە ناسینی ئۆنتیکی سەرەتایەکی گرنگە بۆ ناسینی ئۆنتۆلۆجی، بەڵام مانەوە لەناسینی ئۆنتیکی و هەبووەکاندا ناسینێکی ئۆنتۆلۆجی و بنەڕەتی نییە(١٦).

٢ـ پێشمەرجە ئۆنتۆلۆجییەکانی دازاین

به‌پێی پرۆژەکەی هایدیگه‌ر بۆ بوون‌و بوونی مرۆڤ(دازاین)، که‌ (دازاین) بوونه‌ له‌نێو جیهاندا؛ واته‌ وه‌ک دیارده‌یه‌کی بوونه‌کی گریمانه‌ی بوونی مرۆڤ به‌بێ له‌ جیهاندا بوون ناکرێت. مه‌به‌ست له‌ ئۆنتۆلۆجیاش ئه‌وه‌یه‌، که‌ بوونی دازاین له‌سه‌ر چه‌ند پێشمه‌رجێک وه‌ستاوه‌و بوونی به‌بێ بوونی ئه‌و پێشمه‌رجانه‌ نایه‌ته‌ دی. ئه‌و پێشمه‌رجانه‌ش (بوون له‌نێو جیهاندا- بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر- بوون رووه‌و مردن(بوونێکی کاتمه‌ند)-نیگه‌رانی)(١٧) هاوکات دکتۆر محه‌مه‌د که‌مال ‘داهێنان’یش وه‌ک پێشمه‌رجێک بۆ زیاد کردووە. واته‌ مرۆڤ، که‌ دێته‌ بوون به‌م پێشمه‌رجانه‌وه‌ دێته‌ بوون، مرۆڤێک نادۆزینه‌وه‌ له‌ جیهاندا نه‌بێت، یاخود بوونی په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ مردن و کاتمه‌ند نه‌بێت. یاخود نیگه‌ران نه‌بێت. مرۆڤێک بوونی نییه،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا نه‌بێت، یاخود ته‌نیا هه‌بێت و ئه‌وانیتر بوونیان نه‌بێت(ده‌کرێت ته‌نیایی هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام بوونی وه‌ک لایه‌نی وجودی په‌یوه‌سته‌ به‌ بوونی ئه‌وانیتره‌وه‌-ئه‌وانیتر ده‌بێت هه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی دازاین هه‌بێت)(١٨). هەروەها من پێموایە دەکرێت(ویست/هێز/توانا)ش بکرێتە پێشمەرجێک. ئەمەش لەسەر بنەمای سودوەرگرتن لە ئەرستۆ بۆ غەریزەی زانین لای مرۆڤ، یاخود هێز لای نیتشە، کە کردبوویە بنەمای بوون، هەروەک شۆپنهاوەر ویست و ئیرادەی کردبووە بنەما. ئەم پێشمەرجە پەیوەستە بە ویستی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن، هەڵبژاردن، پەیوەندی و زانین، واتە مرۆڤ بەو پێیەی ناتەواوە ئەوا ویست و هێزی خۆتەواوکردن و خۆناسی هەیە***.

به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی هایدیگه‌ر بوونی مرۆڤ ناته‌واوه‌و بێ جه‌وهه‌ره‌، یاخود بوونێکی ئه‌گه‌ربه‌نده‌، مرۆڤ بێ جەوهەرو ناته‌واوه‌و ئه‌گه‌ری له‌به‌رده‌مدایه‌و ئه‌گه‌ره‌کانی بوونی هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی بوونی خۆی ته‌واو بکات. من به‌ خوێنەر یان نووسه‌ری له‌دایک نه‌بووم، خوێنەربوون، نووسه‌ربوون‌ ئه‌گه‌رن و هه‌ڵمبژاردوون. یاخود هه‌ر پرۆژه‌و ناسنامه‌یه‌ک ئه‌گه‌رن له‌به‌رده‌مانداو هه‌ڵیده‌بژێرین و بوونی ناته‌واوی خۆمانی پێ پڕده‌که‌ینه‌وه‌. لێره‌وه‌یه‌ دکتۆر محه‌مه‌د که‌مال له‌ کتێبی ‘بوون و داهێنان’دا، داهێنانیش وه‌ک پێشمه‌رجێک زیاد ده‌کات؛ که‌ بێگومان زیادکردنه‌که‌ی لۆجیکییه‌؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ ناته‌واوه‌ به‌ داهێنانی ئه‌گه‌ره‌کانی بوونی خۆی ته‌واو ده‌کات(١٩). مرۆڤ شت نییه تا پڕبێت‌، بەڵکو ناته‌واوه‌و پڕه‌ له‌ جوڵه‌ و به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی داهێنانی ئه‌گه‌ره‌کانیدایه‌؛ ئه‌گه‌ره‌کانیش دنیایه‌کی فراوان و کراوه‌ن له‌به‌رده‌ممانداو هه‌ڵیانده‌بژێرین. به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌، کاتێک چاولێکه‌ری باڵا ده‌بێت، بۆ نموونه‌ بوون به‌ دادوەر یان پزیشک و دکتۆر، له‌به‌رئه‌وه‌ی خواستی زۆری له‌سه‌ره‌، نابێت بە هه‌ڵبژاردن، به‌ڵکو داواکارییه‌؛ کۆمه‌ڵگا و ئه‌وانیتر داوایان کردووه‌. یاخود نووسەرێک رۆمان دەنووسێت، چونکە خواستی لەسەرەو بازاڕی گەرمە. لێره‌وه‌ کاتێک له‌بری هه‌ڵبژاردن، داواکاری و به‌جێهێنان دێته‌ ئاراوه، بوونی ناره‌سه‌ن دەردەکەوێت، به‌ڵام بوونی ره‌سه‌ن ئه‌و بوونه‌یه‌، خۆی ئه‌گه‌ره‌کانی بوونی هه‌ڵده‌بژێرێت، نه‌ک خواستی ئه‌وانیتر پێی هه‌ڵبژێرن. لێرەوەیە رەسەنێتی نووسەر، لەسەر هەڵبژاردنی چەند وشەیەکی سنووردار لەنێو وشەی بێسنووردا گریمانە دەکەین. لەگەڵ هەموو ئەو پێشمەرجانەشدا بوونی مرۆڤ لە جیهاندا وەک شتەکانی دیکە نییە، بەڵکو بوونێکی تێگەیشتندارە، واتە خاوەنی تێگەیشتنە، لەبەرئەوەی دەتوانێت بوونی خۆی هەڵبژێرێت(٢٠).

٣ــ جۆرەکانی پەیوەندی‌و پەیوەندی داهێنەرانە وەک مەرجی رەخنە

بوونی مرۆڤ بریتییە لە پەیوەندی. لەبەرئەوە لەناو هەبووەکاندا، مرۆڤ تاکە هەبوویەکە توانای پەیوەندیکردنی هەیەو بە پەیوەندی دەژی. هایدیگەر پێیوایە دازاین بەو تایبەتمەندیانەی هەیەتی ”له‌ بوونیدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بووندا هه‌یه‌. په‌یوه‌ندیه‌ک، که‌ سه‌ر به ‌خودی بوونه”‌(٢١). دازاین نزیکترینە لە بوونەوە؛ ئەم نزیکییە ویست بە دازاین دەدات لە بوون بپرسێت. بەڵام، پەیوەندی دازاین بە بوونی خۆیەوە ‘پێش ئۆنتۆلۆجیانەیە'(٢٢)دەکرێت ئەم پەیوەندییە بۆ پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی بڕوات. واتە کاتێک پەیوەندی دازاین لەسنووری دازاین و هەبووەکاندا دەمێنێتەوەو بۆ پەیوەندی بە بوونەوە پەلناکێشێت، ئەوا پەیوەندییەکە پێش ئۆنتۆلۆجی‌یە، چونکە پەیوەندیی هەبووەکانە، بەڵام ئەم پەیوەندییانە بە بوونی رەسەن بۆ پەیوەندی و پرسین لەبارەی بوونەوە هەنگاودەنێت، بە ئاگایی لەبارەی بوونەوە پەیوەندییەکە ئۆنتۆلۆجی دەبێت.

سەبارەت بە ئۆنتۆلۆجی رەخنە پەیوەست بە سێکوچکەی ‘نووسەر-تێکست-خوێنەر’ بریتییە: لە دەرکەوتنی و دیارخستنی راستی بوون. ئەزموونە جیاوازەکانی خوێنەرو نووسەر پەیوەست بە راستی بوونەوە؛ لە تێکستدا نیشاندەدرێت، لەبەرئەوە تێکست پانتایی نیشاندانی راستی بوونە(٢٣). دەشکرێت پەیوەندی بە ‘بوون’ەوە بەمجۆرە بیخەینەڕوو، کە لەنێو بوارە جیاوازەکاندا دەردەکەوێت، گرنگە تێکستی پەیوەندیکراو، خوێنەر پەلکێشی پرسین لە بوون بکات، بۆ نمونە شیعرێک خوێنەر بۆ پرسی بوونی شیعر ببات، بێگومان لەنێو جیهانی شیعردا پرسین لەبوونی گشتی سەرهەڵدەدات.
لەنێو ئەم پانتاییەدا پەیوەندی بنەڕەتەو ناپەیوەندی بنەڕەتی ناتێکستە؛ واتە لە دەرەوەی پانتایی بووندا گریمانەی تێکست و پەیوەندی ناکرێت. پەیوەندی خاڵی بنەڕەتییە بۆ جیاکردنەوەی تێکست لەنووسین. چونکە سروشتی نووسین هەماهەنگ بە بوونی دازاین پەیوەست بە بوونەوە، سروشتێکی پەیوەندیئامێزی هەیە، لەبەرئەوە ‘نووسین یان تێکست’ چەشنی جیهانێکە، کە ئەگەری سەفەر(سەفەر بۆ ماڵی بوون و ئەزموونی نووسەر پەیوەست بە بوونەوە) بۆ خوێنەر فەراهەمدەکات.(٢٤). هاوکات بەبێ ئەم پەیوەندی و سەفەرە ئەگەری جیاکردنەوەی نووسین بۆ تێکست و ناتێکست نەکردەیە. رەخنەش کاتێک ئۆنتۆلۆجیانەیە، کە پەیوەندییەکە لەسەر هەبووەکان و بەشەکانی نووسین نەمێنێتەوە، بەڵکو بۆ بوونی تێکست بڕوات.

لەم توێژینەوەیەدا چەند جۆرێکی پەیوەندی باسکراوە، کرداری خوێندنەوەش وەک پەیوەندیکردن دەناسێنێت، کە لەسەر بنەمای روکەشی، قوڵی‌و رۆچوون لەنێو سێکوچکەکەدا دیاردەکەوێت. یاخود پەیوەندی سەرجەمی و پارچەی، گشت بوون یاخود کەرتکردنی بۆ هەبووەکان، تەواوی تێکست یاخود لەتکردنی بۆ فۆرم و ناوەڕۆک، ئەم ئامادەییە بۆ پەیوەندی دۆزینەوەی جۆری پەیوەندی و مامەڵەکردن دەردەخات. جۆرج بۆلیە لەسەر بنەمای پەیوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە دەڵێت”پێم بڵێ چۆن پەیوەندییەکانت دەبەستیت لەگەڵ جیهانی دەرەوە، ئەوجا منیش پێت دەڵێم تۆ کێیت”(٢٥)ئێمەش دەڵێین جۆری پەیوەندییەکان خوێنەر و نووسەر لەنێو تێکستدا نیشان دەدات. خوێنەری رەسەن بەنیشتەجێبوونی لەنێو تێکستدا پەیوەندییەکی داهێنەرانەی لەگەڵ نووسیندا دەبێت‌و دەتوانێت جۆرو چۆنیەتی پەیوەندی نووسەریش لەنێو نووسینەکەدا دەستنیشان بکات. پەیوەندی نووسەر بە جیهانەوە خۆی بۆ خوێنەری رەسەن نیشاندەدات و لەسەر ئەو بنەمایە نووسین بۆ خوێنەر دەردەکەوێت، کە تێکستە یاخود ناتێکست. یان تێکست ئەگەری پرسین لەبارەی بوونی خۆیەوە بۆ خوێنەر واڵادەکات.

لینکی نێوان نووسەرو خوێنەر پەیوەست بە بوون(تێکست) لەسەر بنەمای رەسەنێتی و نیگەرانی بنیاد دەنرێت. خوێنەر هەیە تەنیا پەیوەندییەکی بەکارهێنەرانەی لەگەڵ تێکست هەیە، خوێنەریش هەیە پەیوەندییەکی بەرهەمهێنەرانەی هەیە، هەروەک خوێنەر هەیە پەیوەندی داهێنەرانەی لەگەڵ تێکست هەیە. هاوکات ‘بنووس’یشمان هەیە، کە پەیوەندی نائامادە دەگرێت بۆ نموونە لە نووسینی راپۆرتی رۆژنامە، کە تەنیا پەخشی نووسین دەکات، بێئەوەی تێکستەکەی بینیبێت و خوێندبێتییەوە پەخشی‌دەکات. یاخود پەیوەندی بەکارهێنەرانە، دەکرێت لەو نامەی ئەکادیمی و نووسینانەدا بیبینین، کە بێ تێگەیشتنێکی قووڵ لە تێکست و پەیوەندییەکانی تێکست بە بوونی و تێکستەکانی دیکە و بوونەوە بەگشتی، تێکست پارچە پارچە دەکەن بەمەبەستی بەکارهێنانی بێئەوەی ئەو بەکارهێنانە بەرهەمێکی داهێنەرانەی لێبکەوێتەوە(دەکرێت بە ‘نووسەرەوە یان نووسینکەر’یش ناوبنرێن). کەم نین ئەو نامەی ئەکادیمی و نووسینە بەناو رەخنەییانەی، کە بێئەوەی لەتێکست تێگەیشتبن راڤەی دەکەن، سەرئەنجامیش نووسینە رەخنەییەکەیان بریتییە لە ریزکردنی وشە، چونکە لەم پەیوەندییەدا خوێنەر بەتێگەیشتنێکی قوڵ و دڵسۆزییەوە لەنێو تێکسدا ناژی؛ تاوەکو تێکست بەرهەمبهێنێت. هایدیگەر بۆ شیکردنەوەی ‘لەنێو’ دەنووسێت ”(لەنێو) لە وشەی ‘innan’وە هاتووە، کە واتای (نیشتەجێبوون) دەبەخشێت. هەروەها ‘An’ [کە پاشگری ‘inn’ ە] ئاماژە بۆ ‘ئاشنابوون’، ‘شارەزابوون’و ‘ئاگالێبوون”ە(٢٦). لەم جۆرەی پەیوەندیدا ‘بخوێن’ نە نیشتەجێی دەبێت، نە ئاشنایی و شارەزایی و ئاگایی لە تێکست هەیە، بەڵکو وەک کاڵا لە نووسین دەڕوانێت، نەک ئەوەی پانتایی حەقیقەت یان ماڵ بێت. ئەمجۆرەی بخوێن ناتوانێت لە بوونی خۆی و حەقیقەت تێبگات، تێکستیش پانتایی حەقیقەتە. ئەم بخوێنە ناتوانێت ئەو نووسینانەی وەک نیشتمان و ماڵ خۆ دەردەخەن، بەڵام ناتێکستن جیابکاتەوە.

هەروەک ئەم جۆرەی پەیوەندی زۆرکات بۆ خوێنەر دەبێتە خووگرتن و خۆونکردن و لەبیرکردنی خۆو شەیدابوون بە نووسینەوە. کەمنین ئەو خوێنەرانەی لەکاتی خوێندنەوەی رۆمانێکدا خۆیان لەبیردەکەن و بواری لە بوونپرسی، لە خۆپرسی لە تێکستدا واڵاناکەن. لەبەرئەوە ئەم بخوێنە ناتوانێت تێکست و ناتێکست جیابکاتەوە، چونکە ناتوانێت بۆ بنەماو سەرچاوەی بنەڕەتی نووسینەکە بگەڕێتەوە. هاوکات بەردەوام بانگەشەی تێگەیشتنیش دەکات و بەڵام لە جیاوازی دەترسێت. چونکە جیاوازی ئەگەری تێگەیشتن و خوێنەری رەسەنە، کە تێکست و ناتێکستی لێدەکەوێتەوە.(٢٧).

پەیوەندی بەرهەمهێنەرانە لە نموونەی ئەو لێکۆڵینەوانەدا دەبینرێن، کە راڤە پێش تێگەیشتن دەخەن، ئەمەش شێوازی نارەسەنانەی تێگەیشتنە(٢٨) واتە ئامانجیان بەرهەمهێنانی نووسینێکی نوێیە. وەک هایدیگەر باسی دەکات ئەمجۆرە نووسینە ئاڵۆزی و گوتنی لەکارکەوتوو نەک گوتارێکی دروست بەرهەمدەهێنێت. ئەم خوێنەرە رۆچوونی بۆ تێکست و کەشفکردنی تێکست نییە ناتوانێ راستی ببینێت، چونکە رۆچوونی تەواو بەناو تێکستدا بریتییە لە پەیوەندی داهێنەرانە؛ کە ئەنجام تێکستی دیکە لە دایکدەبێت.
پەیوەندی داهێنەرانە دەتوانێت نووسین لە ‘نووسین’ رزگار بکات و نووسین بدۆزێتەوە(دۆزینەوەی نووسین واتە جیاکردنەوەی تێکست لە ناتێکست)، بەڵام لە زۆرباردا پەیوەندی بەرهەمهێنەرانە نووسین بەتاریکی دەهێڵێتەوە نەک بە تێکست(چونکە تێکست شوێنی نیشتەجێبوونە/ماڵە). واتە ئەم خوێنەرە لە بەشێکی تێکسدا جێگیر دەبێت و تێکست ناکات بە شوێنی نیشتەجێبوون یاخود نیشتمانی خۆی؛ بەڵکو بەشێکی نووسین دەبینێت. لەبەرئەوە کارەکە دەکەوێتە ئەستۆی دازاینی رەسەن بۆ ئەوەی بە پەیوەندی داهێنەرانەی، نووسین لە نووسین رزگار بکات؛ بیکاتە تێکست/ماڵ بۆ نیشتەجێبوون. (وەک چۆن هایدیگەر سەبارەت بە پرسی بوون، لێکۆڵینەوەی لەشیعرەکانی هۆڵدەرلین، وەک ماڵێک لەنێو تێکستەکانی هۆڵدەرلین‌دا نیشتەجێبوو). لە پەیوەندی داهێنەرانەدا خوێنەر تێگەیشتن و راڤەکردن یەکدەخات و لە حەقیقەتی تێکستدا دەژی. لەم پەیوەندییەدا تێگەیشتن بەردەوام لە گەشەکردندایە. گەشەی تێگەیشتن بۆ خوێنەری رەسەن بریتییە لە ‘لەبوونپرسی-خۆهاتنەوەبیر- لەخۆپرسی’؛ واتە خوێنەر ئەوە لەبیرناکات بوونی لەنێو جیهاندایە. ئەمەش لەسەر بنەمای راڤەو تێگەیشتنی نووسین رووئەدات، راڤەکردن بریتییە لە گەشەی تێگەیشتن، لەبەرئەوە ناکرێت راڤە پێش تێگەیشتن بکەوێت، یاخود بڵێین راڤە تێگەیشتن دێنێتە ئاراوە، بەپێچەوانەوە پرۆژەی تێگەیشتن راڤەی لێدەکەوێتەوە(٢٩)، کە خوێنەری رەسەن بە پرۆژەی تێگەیشتن و نیشتەجێبوون لەنێو تێکستدا زیاتر نووسینی بۆ رۆشندەبێتەوە. رۆشنبوونەوەی نووسین بە خۆلەبیرکردن‌و خۆونکردن نابێت؛ بەڵکو بەئامادەبوونی تەواوی بوونی خوێنەری رەسەن لە نووسیندا دەبێت.

لەم پەیوەندییەدا خوێنەری رەسەن تێکست وەک جیهانی نووسەرو زەمینەی کارکردن بۆ جیهانی خۆی دەبینێت. نەک وەک بابەت لە جیهانی نووسەر بڕوانێت، بەڵکو وەک زەمینەی نیشتەجێبوون‌و کارکردن بۆ سازکردنی جیهانی خۆی دەیبینێت. بە دەربڕینێکی تر تێکست بۆ خوێنەری رەسەن (نیشتمان‌ و سروشت)ە. واتە لەلایەک وەک نیشتمانی نووسەر دەیبینێت و دەزانێت چۆن لەم نیشتمانەدا بەنیگەرانییەوە نیشتەجێبێت، هاوکات وەک سروشت‌یشە، کە دەکرێت ماڵی خۆی لێوە سازبکات، بێئەوەی وێرانی بکات. تێکستی نووسەر نواندن و دەرخستنی جیهانە، بەڵام بۆ خوێنەر جگە لە هەڵماڵینی دەرخستن و نواندنەکە، ئەگەری خستنەڕوو و نواندنێکی نوێ و تایبەت بە خو‌ێنەر لە تێکستدا دەدا، کە لەسەر بنەمای هەردوو جیهانەکە(جیهانی تێکست و جیهانی بوون) بەدیدێت. ئەمەش بە پەیوەندی داهێنەرانە دەبێت، کە لەگەڵ هەر پەیوەندیەکدا بە تێکستەوە ئەگەری تێکست و جیهانێکی دیکە و پەیوەندی دیکە دەخاتەڕوو.

دەکرێت بڵێین جگە لە جۆری پەیوەندی داهێنەرانە، جۆرەکانی دیکەی پەیوەندی، پەیوەندی بەش‌و پارچەیین، نەک سەرجەمی، بخوێن هەر لەسەرەتاوە بوونی خۆی‌و بوون لەنێوی لەبیر دەچێتەوە، لەبەرئەوە ئەم جۆرانەی پەیوەندی ناتوانن بڕیاری رەسەنانە لەسەر تێکست و ناتێکست بدەن و بەرپرسیارێتی بڕیاردان هەڵبگرن.
لێرەدایە بە پێی خوێنەرو پەیوەندییەکەی بە نووسینەوە، ‘دەرخستن’ و ‘دەرکەوتن’ رووئەدات. یاخود رۆشنکردن و تاریککردن(شاردنەوە-دەرخستن). واتە خوێنەرو پەیوەندییەکەی دەوردەبینن، نووسین خۆی دەربخات یاخود خۆی بشارێتەوە. کاتێک تێبینی دەکەین، رەخنەگرێک بە پەیوەندی داهێنەرانەی توانیویەتی رۆبچێتە نێو نووسینەکەوەو لە نووسین رزگاری بکات و بە تێکست بیناسێنێت(واتە کاری رەخنەگر بریتییە لە جیاکردنەوەی نووسین و تێکست، یاخود دۆزینەوەی نووسین: تێکست و ناتێکست) ئەمە بریتییە لە دەرکەوتن و دەرخستنی نووسین. خوێنەر بە پەیوەندی لەگەڵ نووسینەکە بواری دەرکەوتنی نووسینەکە بە ناتێکست یان تێکست دەدات؛ بەڵام خوێنەری بەکارهێنەر ناتوانێت ئەو بوارە بۆ نووسین بکاتەوە و بۆی دەربکەوێت و دەریبخات. نووسین بۆ خوێنەری بەکارهێنەر دەرناکەوێت؛ بەڵام بۆ خوێنەری داهێنەر دەردەکەوێ، دەریدەخات. چونکە خوێنەری داهێنەر وەک کاڵا سەیری نووسین ناکات و بە مەزاجەوە پەیوەندی ناکات، بەڵکو بە نیگەرانییەوە لەگەڵی دەدوێت؛ لەبەرئەوە نووسین خۆی بۆ دەردەخات.(٣٠) مامەڵەکردنی مەزاجیانەی بخوێن بریتییە لە شەیدابوون و نووقمبوون لەناو(لەنێو بۆ بوونی رەسەن لەجیهاندا-لەناو بۆ دازاینی نارەسەنە، کە شەیدایانە نوقم دەبێت) نووسین یان رەتکردنەوەو بێزهاتنەوەی، سەرئەنجامیش خۆونکردنی بخوێنە لەناو نووسیندا، کە هایدیگەر ئەمە ناودەنێت’کەوتن’. (٣١).

هاوکات بەپێی ئەم جۆرانەی پەیوەندی ئەگەرەکانی دازاین دادەهێنرێت. لە پەیوەندی بەکارهێنەرانەدا خوێنەر ناتوانێت ئەگەرەکانی بوونی بنیاد بنێت(چونکە لە زۆرکاتدا بێ‌ئەگەرو پرۆژەیە) بەڵام لە پەیوەندی داهێنەرانەدا، پەیوەندی خوێنەر بە تێکستەوە، بریتییە لە خۆدۆزینەوەو داهێنانی ئەگەرەکان. لێرەدایە، کە مەرجی رەخنە بریتییە لە پەیوەندی، بەبێ پەیوەندی ناکرێت رەخنە بوونی هەبێت. سەرئەنجامی رەخنەش داهێنانی ئەگەری نوێیە پەیوەست بە نیگەرانی و تێگەیشتن لە بوون و پەیوەندی دازاین بە جیهان و بوونی لەگەڵ ئەوانیتر لەنێو جیهاندا. پەیوەندیش بریتییە لە بوارکردنەوەی ئازادانەی سێکوچکەکە بۆ یەکدی، تاوەکو ئازادانە بوونی خۆیان بۆ یەکدی دەربخەن. لێرەدا دەبێت سەرنج لەوە بدرێت، کە بێ ئەم بوارکردنەوەیە بۆ ئازادی دەرکەوتنی راستی بوون، داهێنان نەکردەیە. واتە دەرکەوتنی نووسین پەیوەستە بەو مامەڵە ئازادانەیە، کە خوێنەری رەسەن تەنیا بۆ ویست و بەرژەوەندی خۆی روو لە نووسین ناکات، بەڵکو بۆ رۆشنکردنەوەی نووسین ئەو کارە دەکات، هەموو بڕیاردان و تێگەیشتنێکی رەسەنانەش لە نووسین ئەگەری دازاینی رەسەنە؛ لەبەرئەوەی خوێنەری رەسەن بە تێگەیشتنەوە لەنێو نووسیندایە(٣٢).

هاوکات دەبێت دانبەوەدابنێین، کە پەیوەندییە بەکارهێنەری و بەرهەمهێنەریی، کە خوێنەری خوگرتوو و نارەسەنمان پێدەناسێنێت، پێشینەن بۆ پەیوەندی داهێنەرانە. واتە کەوتن نیگەرانی هەستانەوەی لێدەکەوێتەوە، وەک چۆن هایدیگەر لە باسکردنی دازایندا ئاماژە بە پەیوەندی رۆژانەی دازاین لەگەڵ جیهانی دەوروبەردا دەکات و بە بنەمای بۆ نیگەرانی، جوڵانی ویژدان، پرسین لە بوون‌و دەرچوون لە خووگرتن بە شتەکانی دەوروبەرو بەردەستەوە دادەنێت. لەبەرئەوە هایدیگەر پێیوایە لای دازاین(بوون لەنێو جیهان) کردن پێش ناسین دەکەوێت، بەرلەوەی بپرسم قەڵەم چییە، پێی دەنووسم، بەرلەوەی بپرسم کتێب چییە دەخوێنمەوە(٣٣). پەیوەندی بەکارهێنەرانەو بەرهەمهێنەرانەش پێشەکین و دەکرێت گەشەبکەن بۆ پەیوەندی داهێنەرانە، کە تێیدا ترس و مەزاج ببن بە نیگەرانی و گوتنی لەکارکەوتوو ببێت بە گوتاری دروست؛ زۆربڵێی ناڕوون ببێت بە کەمدوویی تێگەیشتئامێز(٣٤).

٤ــ نووسین و تێکست، بخوێن- خوێنەر

ئەگەری نووسین بریتییە لە تێکست یان ناتێکست

هەموو نووسەرێک بۆ نووسین پێویستی بە زمانە. زمانیش لە وشەو رستەی بێسنوور پێکهاتووە. نووسەر بە خستنەتەک یەک(هاونشینی)و هەڵبژاردن(جێنشینی) نووسین سازدەکات(٣٥). ئەم کارە بریتییە لە سازکردن. هاوکات تەنیا جێنشینی و تەکنشینی بۆ تێگەیشتن لە نووسین بەس نییە، چونکە نووسەری رەسەن لەڕێگەی زمانەوە ماڵ/تێکست دادەهێنێت. تێکستیش تەنیا لە ئاسۆیی‌و ستونی پێکنەهاتووە. هایدیگەر، زمان وەک ماڵی بوون دەناسێنێت.(٣٦) نووسەر چەند ئاگایی لە زمان بێت، هێندەش لە سازکردن و نەخشەکێشانی ماڵدا وەستا دەبێت. لێرەوە جیاکردنەوەی تێکست لە نووسین پڕکێشەیە، لەبەرئەوەی دەکەوێتەوە سەر نووسەرو خوێنەر، کە ئایا هەڵبژاردنەکەیان بۆ زمان چەند رەسەنانەو ئاگامەندانەیە؟ چونکە خوێنەری رەسەن لەڕێگەی زمانەوە بوونی خۆی و تێکست دەدۆزێتەوە. تێکست ئەوکات تێکستە، کە هەڵبژاردنی رەسەنانەی تیادەرکەوێت؛ ئەرکی دەرخستنی تێکستیش لەسەر خوێنەری رەسەنە. لێرەوە بە بۆچوونی هایدیگەر تێکست بریتییە لە دەرخستنی راستی، یاخود راستی لەنێو تێکستدا دەژی‌و نیشاندەدرێت(٣٧).
سێکوچکەی’نووسەر-تێکست-خوێنەر’ بریتییە لە دەرخستن و گەیاندنی راستی. کاتێکیش زمان ماڵی بوونە، ئەوا هیچ وشە و دانەیەکی زمانی نییە، کە نەیەتە نێو ئەم ماڵەوە. لەبەرئەوە تێکست، هەڵبژاردنی رەسەنانەی زمانە بۆ ماڵ بنیادنان و نیشاندانی ماڵ. هەڵبژاردنی زمان لەبێسنوورەوە بۆ سنووردارییە، واتە وشەو دانەکانی زمان بێسنوورن نووسەر چەند دانەیەکیان هەڵدەبژێرێت.

خوێنەرو نووسەر کەشفی راستەقینە دەکەن و لە تێکستدا نیشانی دەدەن. لەبەرئەوە تێکست شوێنی گەمەکردن نییە؛ بەڵکو دەرکەوتن‌و دەرخستنی حەقیقەتە، خوێنەرو نووسەریش سەروکاریان لەگەڵ حەقیقەتدایە. لێرەدا دەتوانین بڵێین پەیوەندی جۆرێکە لە پرۆژە، پرۆژەی داهێنان و تێگەیشتن لە حەقیقەتی بوون. خوێنەرو نووسەر بە تێگەیشتنەوە پرۆژەی نیشتەجێبوون ئەنجامدەدەن. پرۆژەش بریتییە لە پڕکردنەوەی کەمیەکانی بوونی دازاین و دۆزینەوەی ئەگەرەکانی بوونی(٣٨).

نووسین یان ناتێکست**** بریتییە لە ریزکردنی وشەکان یاخود بە زمانی هایدیگەر ‘گوتنی لەکارکەوتوو’، کە گوتار نییە. خەسڵەتی ناتێکست ئەوەیە، لەگەڵ هاتنەبوونیدا زوو ئێکسپایەر دەبێت؛ واتە بەسەرچوون و وەستان لە دەرەوە کات. بەڵام ئەگەر تێکست، تێکست بێت نابێت ئێکسپایەر بێت، بەردەوام لەنێو کات و بووندایە؛ لەبەرئەوەی کاری داهێنەرانە بەردەوام لە پرۆسەی خۆتەواوکردندایە. نووسین رەسەنانەو وەستایانە نییە، وشەکان ریزکراوە بێ ئەوەی هەڵبژاردنی نیگەرانئامێزو گەیاندنی حەقیقەتی تێدا بێت. لێرەوە ‘بنووس’ لەبری نووسەر بۆ نووسین/ناتێکست بەکاردەهێنم؛ بنووس دەنووسێت بێئەوەی هەڵبژێرێت و تێبگات، تەماشای قەبارەو رووی دەرەوەی نووسین دەکات. بنووس ئاڵۆزی سازدەکات؛ بێئەوەی بزانێت بۆ، زۆرنووسی ناپێویست ئەنجامدەدات؛ لەبەرئەوەی خاوەنی پرۆژەی تێگەیشتن نییە.

ناتێکست بریتییە لە ونبوونی زمان لەناو نووسیندا، واتە دانەکانی زمان ریزکراون بێئەوەی پەیوەستبن بەو باسەی بڕیارە باسبکرێت، ئەمەش بێ‌پرۆژەو بێ‌بناخەیی ناتێکستە، کە نەگەیاندنی لێدەکەوێتەوە(هایدگەر ئەمە ناودەنێت چەلەحانێ، کە تێگەیشتن ناهێنێتەئاراوە، چونکە ناتێکست یان چەلەحانێ دوورە لە تێگەیشتن). ناتێکست بریتییە لە باسکردنی باسکراو. واتە نووسەرەوە ئەوە دەنووسێتەوە، کە نووسراوە. زۆرکات بخوێن شەیدای ئەمجۆرە ناتێکستە دەبێت و بانگەشەی بۆ دەکات(ئەمە شتێکی نامۆ نییە، چونکە بوونی رۆژانەیی بخوێن، لە بوونی رەسەن برەوی زیاترە) لەبەرئەوەی لێی تێناگات بە شتێکی گرنگی دادەنێت(٣٩)یاخود خۆی لەبیردەباتەوەو لەناو یادەوەرییەکانیدا گیری دەکات، ناتێکست بۆی ئەو ئاوێنەیەیە، کە خۆی نیشاندەداتەوە. بەڵام تێکست وەک ئاوێنە، بۆ خوێنەری رەسەن، هەوڵدەدات ئەویتر بناسێت و لە خودی ئاوێنە تێبگات و بیناسێت، نەک تەنیا ئاوێنە بۆ خۆبینین بەکاربهێنێت.
هاوکات خوێنەری رەسەن نابێت لە نووسین بە ئەگەری تێکست تێنەگات، چونکە خوێنەر هاوتێگەیشتنی لەگەڵ نووسەر و لەنێو تێکستدا هەیە. لەبەرئەوە ناتێکست= نەگەیاندن، تێکست=گەیاندن. مەرجی گەیاندنیش بریتییە لە تێگەیشتن، کەواتە ناتێکست=نەگەیشتن‌و تێنەگەیشتن.

هاوکات پرۆژەی بڕیاردانی خوێنەری رەسەن لەسەر تێکست و ناتێکست، پەیوەستە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیەوە. بەڵام بخوێن و بنووس خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، لەبەرئەوەی خاوەنی پرۆژەی بڕیار، تێگەیشتن و زانین لەبارەی ئەوەی دەیخوێننەوەو دەینووسن نین، ناشتوانن بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن. کاتێکیش خاوەن تێگەیشتن نین ئەوا ئەوەی دەیخوێننەوەو دەینووسن شاردنەوەی بوونی خۆیان و ونبوونیانە لەناو جیهاندا، بەڵام نووسەر دەبێت خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتی نووسینەکەی هەڵبگرێت، چونکە بەشێکە لەبوونی خۆی‌و تێگەیشتنی لە جیهان و بوون، لەبەرئەوە دەتوانێت بەرگری لێبکات. بنووس و بخوێن بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی فەزایەکی نائارام و نائازادان، خەریکی پشێوی و چەلەحانێن بۆ ئەوەی توێژینەوەی رەسەن و گفتوگۆی رەسەن لەدایکنەبێت، چونکە توێژینەوەی رەسەن دەرخەری راستی تێکست و ناتێکستە.

لێرەشدا دەتوانین بڵێین میدیای ئەمڕۆ(میدیای کوردی بەتایبەتی) رۆڵێکی خراپ لە سازکردنی ناتێکست و پشێوی و بەرهەمهێنانی چەلەحانێدا دەگێڕێت، ئەمەش درێژکردنەوەی ژیانی ناتێکست-بخوێن- بنووسی لێکەوکووەتەوە، کە دەبێتە بنەمای گەورەبوونی دازاینی نارەسەن؛ سەرئەنجام بێ ماڵی و هەستنەکردن بە جیهان وەک نیشتمانی لێ‌بەدیهاتووە. ئەمەش دیتنی مەزاجێتی نەک نیگەرانێتی دازاینە بۆ جیهان، کە لە نووسین و بخوێن و بنووسدا رەنگیداوەتەوە و دەداتەوە. ئەمڕۆ ژمارەی ئەو کەسانە کەمنین، کە لەرێگەی میدیاوە جیهان دەبینن، کە کۆمەڵێک بنووسی مەزاجی بڕیاری چی بینین و چۆن بینین‌یان فەراهەم دەکەن.(٤٠) بەڵام نابێت ئەوە لە بیر بکەین، کە (بوون لەنێو جیهان) ئەو جیهانە نییە، کە راگەیاندنەکان دەیخەنەڕوو، شاشەیtv جیهان دەشارێتەوە نەک نیشانی بدات.

بەڵام خەسڵەتی نووسەر ئەوەیە تێکستنووسە و پرۆژەی تێگەیشتن و بوونی رەسەنی هەیەو دەزانێت چۆن وشەو ماناکان هەڵبژێرێت و هەماهەنگیان بەدیبێنێت بۆ ئەوەی ماڵێکی تایبەت سازبکات و لە خستنەڕووی راستیدا بەشداربێت. سازکردنی ماڵ بریتییە لە سازکردنی گوتاری دروست.(٤١) گوتاری دروستیش پەیوەندی و تێگەیشتنی رەسەنانەیە لە بوون. نووسەری راستەقینە تێکستی راستەقینە دادەهێنێت و کاتێک وشەیەک لەبری وشەیەکی دیکە هەڵدەبژێرێت بە ئاگایە لە وشە هاوواتاکانی دیکەو دەزانێت بۆ ئەو وشەیە هەڵدەبژێرێت. یاخود شاعیرێکی رەسەن کاتێک قاڵبێکی شیعری هەڵدەبژێرێت؛ هەڵیدەبژێرێت نەک ئەوەی بەکاریبهێنێت. بەڵام شاعیری بنووس وشەو شێوازو قاڵبەکان بەکاردەهێنێت و لاساییدەکاتەوە، بێ هەڵبژاردن و تێگەیشتن. خوێنەری رەسەنیش دەتوانێت جیاکاری لەنێوان ئەم جۆرە جیاوازانەدا بکات و ماڵی خۆی لەسەر جیاکردنەوەی ماڵی ساختەو رەسەن لە داهێنانی ماڵێکی نوێدا بنیادبنێت. واتە کاری خوێنەری رەسەن جۆرێکە لە دۆزینەوەو جیاکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەو دووبارە بنیادنان. بەڵام ‘بخوێن’ ئەو کەسەیە پرۆژەی تێگەیشتنی نییەو بە فەرمان و چاولێکەری دەخوێنێتەوە.
ئەم خوێنەرە شێوێنەرە، ناتوانێت تێکست و نووسین جیابکاتەوە، یاخود نارەسەنانە مامەڵە لەگەڵ نووسین و تێکست دەکات و بەشێوەیەکی نارەسەنانە خانووی بێماڵ بینادەکات. لێرەدا دەبێت سەرنج لە ‘خانوو’ و ‘ماڵ’ بدەین. ماڵ بریتییە لە بنیادنانی خۆکرد و نیشتەجێبوون لەنێویدا، کە ئاگایی، هەستی ئارامی، نیگەرانی و خاوەنێتیمان بۆی هەیە. بەڵام خانوو ئەو شوێنەیە دەشێت هەموو کەس خاوەنی بێت؛ کەسیش خۆی بەخاوەنی نەزانێت؛ چونکە شوێنی نیشتەجێبوون و ئارامی و نیگەرانی نییە. ماڵ گوزارشت لە مانەوەو دڵسۆزی دەکات، بەڵام خانو گوزارشت لە راگوزەری و لادان بۆ ماوەیەکی کەم دەکات و لەبەرئەوە وەفاو دڵسۆزی تێدا نییەو ناشتوانین بیناسین. خانو بەرەڵایەو زوو فەرامۆش و لە بیردەچێتەوە، بەڵام ماڵ ناتوانین وازیلێبێنین و پێمانەوە دەنووسێت و لەبوونمان دابڕاونییە. خانو کۆیلەو بابەتە مامەڵەی پێوەدەکرێت(ئەم خانوە بۆ فرۆشتن-ناگوترێ، ئەم ماڵە بۆ فرۆشتن) بەڵام ماڵ بوونە و نافرۆشرێت.

خوێنەری رەسەن بەگەنجینەو پرۆژەی تێگەیشتنی خۆی لەگەڵ چوونە هەر ماڵێکدا سەرلەنوێ ماڵێکی نوێ بنیاد دەنێت و مۆری خۆی لێدەدات؛ لەبەرئەوە تێکست بەپێی خوێنەری رەسەنی بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. بەڵام کاتێک لە ماوەیەکدا خوێنەری رەسەن بوونی نابێت؛ مانای ئەوەنییە ماڵ بوونی نەبێت، هەیە وەلێ هەبوونەکەی دەرنەخراوەو چاوەڕوانی خوێنەری رەسەنە تا دەریبخات. بۆ نموونە کێ بڕیاردەدات نالی بنووسە، یان نووسەرە، یاخود نووسینەکانی تێکستن یان نا تێکست؟ کام خوێنەرە لەنێو ماڵی نالی‌دا نیشتەجێبووە؟ کاتێک لە دۆخی رۆشنبیری و تێکستی کوردی دەڕوانین تێبینی دەکەین، دەکرێت ماڵ هەبێت و خوێنەری رەسەنی ئاشکراکەری ماڵەکە نەبێت. ئەمە دۆخێکی ئاسایی ئۆنتۆلۆجی رەخنە نییە، دۆخی ئاسایی بریتییە لەهەبوونی سێکوچکەکە پێکەوە. چونکە ناکرێت تێکست هەبێت و رەخنە بوونی نەبێت. جەختی ئێمە لەم کارەدا بریتییە لە هەبوونی سێکوچکەکە پێکەوەو پێمانوایە دابڕاونین، بەڵام دەکرێت لەڕووی ئۆنتیکییەوە بۆ ماوەیەک دابڕان رووبدات. بەڵام لەڕووی دۆخی ئۆنتۆلۆجیی هەنووکەوە، کە سەردەمی ئاسان بڵاوکردنەوەیە دابڕانیان لەیەکدی شیاونییە، لەبەرئەوە بوونی سێکوچکەکە سەربەست و پێکەوەبەستراو، سیانەی ئۆنتۆلۆجی رەخنە سازدەکەن.

کاتێک تێکست بریتییە لە سازکردنی ماڵ. ئەوا دەکرێت کەرەستەو نەخشەی ماڵ داهێنەرانەو یان بەرهەمهێنەرانە و لاساییکەرانە بێت. هەموو ماڵێکی رەسەن گوزارشتە لە نووسەر و خوێنەری رەسەن. بەبێ ماڵی رەسەن ناکرێت نووسەرو خوێنەری رەسەن؛ بەپێچەوانەشەوە دروستە. هاوکات تێکست وەک ‘دازاین’ە ئەوەنییە؛ کە هەیە. تێکستی کامڵ بوونی نییە، وەک چۆن دازاین کامڵ نییە، بەڵکو بەردەوام لەوە زۆرترە؛ کە هەیە، لێرەوەیە تێکست رووی لە داهاتووە، لەگەڵ خوێنەری رەسەن دەکرێت لە داهاتوودا تێگەیشتنی نوێ بۆ تێکست بێتەئاراوە. چونکە رابردوو نەمردووە؛ بەڵکو بەشێکە لەبوون و زیندووە؛ ئیستا و داهاتوو بەردەوام میوانداری رابردوو دەکات.

ئەمەش بۆ رەسەنێتی تێکست و خوێنەری رەسەن دەگەڕێتەوە؛ کە بۆشاییەکانی تێکست بە پرۆژەی خوێنەری رەسەن پڕدەکرێتەوە. بۆ نموونە تێکستێک چەند سەدە پێش هەنوکە کۆمەڵێک راستی تێدا دۆزراوەتەوە، هەنوکە خوێنەرێکی رەسەن لە خوێندنەوەیدا دەریدەخات، چونکە راستی گەر دەرنەکەوێت و نیشاننەدرێت وەک نەبوو وایە؛ ئەو تێکستەش تاوەکو نەبینرێت نووسینە. تێکست بە پێی خوێنەری رەسەن دەردەکەوێت؛ واتە دەرکەوتن و دەرخستن‌و نیشاندانی تێکست(دەرکەوتن بۆ تێکست، دەرخستن بۆ خوێنەر) بۆ یەکجار و یەک خوێنەر نییە، وەک چۆن واتاو ناسینی بوون لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگۆڕێت. لەبەرئەوەی تێکست بریتییە لە کارێکی داهێنەرانە و بەپێی بەردەوامبوونی داهێنەران و داهێنان تێکست بەشێوەی جیاواز بۆ خوێنەری جیاواز دەردەکەوێت و دەردەخرێت. ئەمەش پەیوەستە بە ئازادی وەک دەرکەوتنی راستی، جوڵەی بوون و زەمەن و زمانەوە. (کاتێک تێبینی دەکەین پاش چەندین سەدە بەشێکی زۆری پۆستمۆدێرنەکان بۆ گوتاری سۆفستاییەکان دەگەڕێنەوەو گوتاری نوێ دادەهێنن). بەڵام نووسین/ناتێکست ئەوەیە، کە هەیە، لەوە زۆرتر نابێت، واتە وەک شتێکی بێجوڵە لە گەشەو فراوانبوون بەدەرە، هەبوویەکەو بەشێکە لە بوون، چونکە دواجار ئەویش زمانی تێدایە، بەڵام وەک هەبوویەکی جێگیرو پڕ خۆی دەردەخات.

٥ــ تێکست وەک جیهان و نیشتمان

لە تێگەیشتنی هایدیگەردا جیهان واتایەکی فراوانی هەیە. دازاین بەبێ جیهان نییەو بە چەندین شێوەی جیاواز پەیوەندی لەگەڵدا هەیە. دکتۆر محەمەد کەمال چوار واتای جیهانی دەستنیشانکردووە”یه‌که‌م، جیهان پێشـمه‌رجێکی ئۆنتۆلۆجییه‌ بۆ بوونی مرۆڤ، دووه‌م سروشته‌، سێیه‌م، نیشتمان و ژینگه‌ی مرۆڤه‌ و چواره‌م، که‌لوپه‌له‌کانی به‌رده‌سته”(٤٢). لەسەر بنەمای گرنگی و پێشمەرجی جیهان بۆ دازاین، بیرۆکەی تێکست وه‌ک جیهان خراوەتەڕوو. وەک ئەوەی کاتێک نووسه‌ر و خوێنه‌ر له‌-نێو-تێکست/جیهاندا نیشته‌جێدەبن. لەم ئایدیایەدا هەوڵمداوە جیهان وەک (پێشمەرج‌و نیشتمان) یەکخەم، لەسەر بنەمای هەبوونی سێکوچکەکە بۆ رەخنە پێشمەرجن، هەروەک هەبوونی رەخنەش لەسەر بنەمای پەیوەندی داهێنەرانەو رەسەنانەیە، کە نیشتەجێبوونە لەنێو نیشتمانی تێکستدا.
لە واتای دووەمدا پەیوەست بە پەیوەندی خوێنەر و نووسەر و نووسین.

کاتێک خوێنەر نووسین وەک سروشت دەبینێت؛ دەکرێت پەیوەندی داهێنەرانە یاخود بەکارهێنەرانەی لەنێو یان لەناو سروشتدا هەبێت. نووسین وەک کەلوپەل بۆ بەکارهێنان ببینێت؛ دەشکرێت وەک بوونەوەرێک بیبینێت، بۆ پەیوەندی داهێنەرانەو سروشت بکاتە ماڵ بۆ نیشتەجێبوون. بە واتایەکی دیکە خوێنەری رەسەن بە پەیوەندی داهێنەرانەی سروشت دەکاتە ماڵ و نیشتمان، بەڵام خوێنەری نارەسەن دەشێت سروشت بڕخێنێت بێ ئەوەی ماڵ بنیاد بنێت یاخود بیکاتە کەلاوە. لێرەوە سروشت وەک نووسین ئامادەیە بۆ پەیوەندی، ئەوە خوێنەرە، چۆن پەیوەندی لەگەڵ دەگرێت. نامۆیی خوێنەریش بە نووسین پەیوەستە بە پەیوەندی خوێنەر، کە چۆن نووسین وەک نیشتمان یان سروشت یاخود وەک کەلوپەل(واتای چوارەم) هەڵدەبژێرێت و پەیوەندی لەگەڵ دەگرێت. لێرەدایە دەکرێت بڵێین، تێکست بوونێکی مرۆڤانەی هەیەو بوونی رەسەن پێی نامۆ نییە، چونکە تێکست نیشتمان و ماڵی خوێنەری رەسەنە(٤٣). بەڵام لە سروشت و کەلوپەلدا، کە بریتییە لە نووسین نامۆیی دێتە ئاراوە، واتە گۆڕینی نیشتمان بە کەلاوە(ئەمانە دۆزەخی تێکستن-خوازراوێکە لەسارتەرەوە). لێرەدا داهێنان بریتی دەبێت، لە بە نیشتمان‌کردنی سروشت، یاخود دۆزینەوەو نیشتەجێبوون لە تێکستدا، نووسەر لەنێو زماندا وەک ماڵ نیشتەجێبێت، زمان کەلوپەل و ئامراز نییە، بەڵکو ماڵە بۆ نیشتەجێبوون. کاتێک خوێنەرو نووسەر لە زمان وەک نیشتمان و ماڵ دەڕوانن ئەوکات نووسین لە پارچەێتی، کەلوپەلێتی و بەرژەوەندیخوازی ئازاد دەبێت(٤٤).

هایدیگەر لە باسکردنی جیهان وەک کەلوپەل و سروشت ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات. ئەویش خۆشاردنەوەو دەرکەوتنی جیهانە بەپێی پێویستی. نموونەی چەکوش دەهێنێتەوە کاتێک لە سوچێکدا دانراوەو دیارنییە، کە پێویستمان بوو دەردەکەوێت. یاخود سروشت ئەوکات دەردەکەوێت، کە پێویستی گۆڕینی دێتە ئاراوەو شێواندنی لێدەکەوێتەوە. کاتێک بخوێن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و سود مامەڵەی ‘نووسین’دەکات، لەبەرئەوە ناتوانێت راستی نێو نووسین بدۆزێتەوەو بزانێت نووسینەکە تێکستە یاخود نا تێکستە. یاخود توڕەیی و مەزاج نووسین دەشارنەوە، وەک چۆن (گەڕانی مەزاجی) چەکوش دەشارێتەوە. بەڵام خوێنەری رەسەن بە بەرپرسیارێتییەوە وەک نیشتمان لەگەڵ نووسین دەژی و بڕیاری بەرپرسیارئامێز لە نووسین بۆ تێکست یان ناتێکست
دەدات.
بە واتایەکی دیکە بەپێی نیگاو مەبەست و روانینی خوێنەر نووسینەکە دەردەکەوێت، هاوکات نووسینیش هەماهەنگ بەم روانینە خۆی دەردەخات. نیگای کتێبفرۆش بۆ کتێب نرخ و قەبارەی کتێبەکەو فرۆشتنیەتی، بەڵام بۆ خوێنەرێکی رەسەن کتێب ژیان و پرۆژەی نیشتەجێبوونە. یاخود نیگای شاعیرێک‌و ئەندازیارێکی کارەبا بۆ شاخی گۆیژە زۆر جیاوازە، یەکەم سروشت وەک نیشتمان، ئارامی و جوانی بە نیگەرانییەوە بۆ بەرهەمێکی هونەری دەیگۆڕێت، دووەمیان بیر لەوەدەکاتەوە چۆن بیڕوخێنێت و پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبای لێسازبکات. هاوکات جیهانیش لە دەرکەوتنیدا بۆ نیگاکان، دەزانێت، بوونی خۆی بۆ کێ دەردەخات؛ جیهان وەک نیشتمان بۆ بوونی رەسەن خۆی دەردەخات، بەڵام جیهان بۆ بوونی نارەسەن هەمیشە بوونی خۆی دەشارێتەوەو بەشێکی بەپێی ویستەکە دەردەخات‌و دەردەکەوێت. بۆ نموونە گۆرانی شاعیر لە شیعری’شیوەنی دارستان’دا، بەباشی توانیویەتی ئەم دوو جۆرەی روانین و مامەڵەکردن لەگەڵ سروشتدا دەربخات.

کەس نەبوو عێراقی کە هێندە دانا بێ
بزانێ شاخ نابێ دارستانی تیا بێ!
ناچاربووین هێنامان پسپۆری بێگانە،
بەزانست سوتاندی ئەم دارستانانە،
هەمووی کرد بە خەڵووز پێشکەشی ئاغای کرد
ئاغاشمان بە دیاری بۆ پاشای بەغای برد..
ئێستاکە ئێمەین و شاخێکی وەک کەچەڵ(٤٥)
تێبینی ‘شاخی کەچەڵ’ بکەین، لە بەینبردن و ئەتکردنی دارستانە، بەڵام دارستان تەنیا دارەکانی نیشانی زانست داوە؛ چونکە زانست تەنیا دارەکانی دەبینێت. کاتێک زانست و زانا دێت کەچەڵی دەکات، واتە بوونی زەوت و رەزیل دەکات. راستە دارستان بە دارستانی نەماوەتەوە، بەڵام راستی بوونی دارستان لەشیعرەکەدا دەرخراوە، یاخود دروستتر بڵێین شاعیر گوێی لە ئازاری دارستان بووە؛ گوێلێبوون لەم ئازارە بنەمای ئازادی شاعیرە بۆ بیستنی راستی دارستان. واتە دارستان بوونی خۆی نیشانی شاعیرداوە، نەک تەنیا دارەکانی. شاعیریش بە شیعر ئەم راستیەی نیشانی خوێنەرداوە؛ واتە شاعیربوونی خۆی لەنێو تێکستەکەدا خستووەتەڕوو، نەوەک پەخشان، خوێنەر بەم تێکستە گۆران وەک شاعیر دەناسێت، نەک وەک فەیلەسوف، ئەمە لەبەرئەوەی ناسنامەی شاعیرێتی شاعیر لەبەرهەمەکەدا رەنگیداوەتەوە. هەروەک راستی دارستان لای زانست دەرنەکەوتووە؛ بەڵام بۆ شاعیر راستی دارستان دەرکەوتووەو نیشانیداوە، نیشاندانەکە شاعیرێتی، شاعیریشی نیشانداوە.

لە شیعرەکەدا راستی زانست پەیوەست بە دەسەڵاتەوە دەرخراوە. جگەلەوەی مێژووی ئەودەمەی بوونی مرۆڤی کوردو نیشتمانەکەی پەیوەست بە داگیرکەرو رووخێنەرانی نیشاندراوە. لەم شیعرەدا گۆران راستی دارستانی بێ دار دەرخستووەو ناویلێناوە(شاخی کەچەڵ) هەر خوێنەرێکی رەسەن ئەم شیعرە بخوێنێتەوەو شاخی بێ‌دار ببینێت ناتوانێت نیگەرانی نەبێت و وشەی کەچەڵی نەیەتەوە یاد. هەروەها نیگاو پەیوەندی و نیگەرانی (گۆران)ی شاعیر بە سروشتەوە دەردەخات، ئەم نیگەرانی و ئازادی روانینەی شاعیر راستی دارستانی لە دەمی کۆیلەکردنیدا دەرخستووە. خوێنەری رەسەنیش گەر ئازاد نەبێت راستی تێکستەکەی بۆ دەرناکەوێت، ئازادی تەنیا دەرەکی نییە، بەڵکو ئازادی بیرکردنەوەو توانای بینینی راستییە. کاتێک بەپێی هەندێک میتۆد شیعرەکە بۆ کێش و سەرواو زمان، یان فۆرم و ناوەڕۆک دابەشدەکرێت، ئازادی بینینی راستی شیعر لەناودەچێت و کۆمەڵێک شتی لەپێشدا خوازراو بۆ خوێنەر دەردەکەوێت‌و ئەو شتانەش بوار بە بینینی راستی شیعرەکە نادەن، کە شیعرەکە بریتییە لە کردنی سروشت بە نیشتمان و ماڵ، داهێنان و هێنانەقسەی دارستانە بە کەچەڵی. هەرچەند شیعرەکە باسی رووخانی بوون دەکات، بەڵام کارەکەی شاعیر دەرخەری راستی بوونی دارستان و داهێنانی نهێنی دارستانی بێ دارە. وەکچۆن (هۆڵدەرلین) ئاوابوون و هەرەسی وەک چەمکێکی مۆدێرن گەڵاڵەکرد، کە هەموو شتێکی مۆدێرن بەرلەوەی رەنگی رۆژببینێ ئاوا دەبێ. بەڵام هۆڵدەرلین ئاوا نابێت و بەردەوام لە دەرکەوتن و دەستپێکدایە(٤٦).

یەکێک لە کێشە بنەڕەتیەکانی دنیای رەخنەی ئەمڕۆ شێواندنی راستییە، ئەوەی کاتێک نووسینێک ناتێکست بێت، بەڵام خوێنەری نارەسەن بە تێکستی دانابێت، یان بەپێچەوانەوە. بەڵام سەرئەنجام بەرپرسیارێتی خوێنەری رەسەنە، کە بڕیاری جیاکردنەوەی بدات. ئەمە رەنگە بەڕووکەش دیکتاتۆرێتی تێدابێت، بەڵام ئەم بڕیارە رادیکاڵە بێ بنەما نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای دۆزینەوەی راستییە، کاتێک دۆخی شێوێنەری راستی و برەو و رەواجی ناڕاستی تێبینی دەکەین، پێویستیمان بەم جۆرەی رەخنەی رادیکاڵ دەبێت. ئیستا لە تێبینیکردنی نێوەندی رۆشنبیری کوردیدا جۆرە فەوزایەک لە تێکست و نووسیندا هەیە، هەندێک نووسین وەک تێکست و هەندێک وەک ناتێکست، یاخود نووسەرێک بە داهێنانکار دادەنرێت بێئەوەی راستی تێکستنووسیەکەی دەرخرابێت. تێبینی دەکەین سەرچاوەی داهێنانکاری لە راگەیاندنەکانەوە بڕیاری لێدەدرێت، نەک لەلایەن خوێنەری رەسەنەوە!

دەکرێت ئەم مامەڵەکردنەی زاناکان بەو خوێنەرە بەکارهێنەرە بچوێنین، کە زانستی تەنیا بۆ بەکارهێنان دەوێت، نەک ئەوەی تێبگات و پەیوەندییەکی داهێنەرانە بە تێکستەوە بکات، تێکست وەک نیشتمان ببینێت، بەڵکو تێکستی وەک بابەت بۆ خزمەتکردن، داگیرکردن‌و بەکارهێنان دەوێت. بێگومان ئەم خوێنەرە ناتوانێت لە تێکست بگات و تێکستیش بوونی خۆی بۆ دەرناخات. کاتێک راگەیاندنێک ریکلامی داهێنەری بۆ نووسەرێک دەکات، بۆ ئەوەیە ئەو نووسەرە خزمەتی دەزگای راگەیاندنەکە بکات(ئەمە مامەڵەکردنە نەک بڕیاردانی رەسەنانە). لەبەرئەوەی گۆران مامەڵەکردنی لەگەڵ سروشتدا بە جۆرێکی رەسەنانە بووە، دارستان وەک نیشتمان خۆی بۆ دەرخستووە، نەهاتووە دار لە دارستان جیابکاتەوە، بەڵکو راستی دارستانی دەرخستووە، بەڵام زانست دوور لە تێگەیشتن لە راستی دارستان خەڵوزی لە دارستاندا بینیوە، نەک دارستان، بەڵام تێکست خۆیەتی نەک ناتێکست.

ناکرێت، خوێنەری رەسەن لە تێکستدا ناتێکست ببینێت و لە بوونی خۆیەوە ناتێکست بە تێکست و بەپێچەوانەوە ببەخشێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای بوونی نووسینەکە بڕیاری تێکست و ناتێکست بدات. دیکتاتۆری ئەوکاتە رووئەدات، کە تاک سەنتەری دەبێت، کاتێک لە تیۆری وەرگرتندا، خوێنەر دەکرێتە سەنتەر و بێگەڕانەوە بۆ نووسەرو نووسین، وەک بڵێیت نووسین بوونی نەبێت و ئەوەی هەیە تەنیا وەرگرە، ئەمە سڕینەوەی بوونی نووسین و نیشتمانە. تێکست نیشتمانەو خوێنەری رەسەن بێئەوەی نیشتمانی بوونی خۆی لەبیر بکات لەنێو ئەو تێکستدا دەژی، بەڵام خوێنەری نارەسەن تەنیا وەک خودسەنتەری خۆی دەبینێت و بیر لەوەناکاتەوە بوونی لە کوێدایە، کە بێگومان بوونی لەنێو نووسیندایە، وەک بوون لەنێو جیهان/نیشتمان یان، لێرەدا ئەو ‘لەناو’ێتیە نەک ‘لەنێو’ێتی، وەک هایدیگەر دەڵێت”زانین شێوازێکی بوونی دازاینە و لەنێو زەمینەی بوون-لەنێو-جیهاندا دەدۆزرێتەوە”(٤٧).

ماویەتی …..

————

سەرچاوەو پەراوێزەکان:

تێبینی: هێمای(س.پ) لەبری گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی پێشوو دانراوە.
* ناونانی بیرۆکەکە بە ئایدیا کێشەئامێزە، چونکە هایدیگەر رەخنەی ئایدیا و شاردنەوەی بوون لای ئەفلاتون دەکات. بەڵام ناونانەکەی کێشە نییەو دەکرێت روانین یاخود هەر زاراوەیەکی دیکە دابنرێت.
١ــ مارتن هایدیگه‌ر، بوون و کات، وه‌رگێڕانی د.محه‌مه‌د که‌مال، ده‌زگای سه‌رده‌م-سلێمانی، ساڵی 2013.
٢ــ د.محه‌مه‌د که‌مال، هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، دەزگای سەردەم-سلێمانی ٢٠٠٧.
**دەکرێت لەبری ‘نووسین’یان ‘بەرهەم’ دابنێین، بەڵام بۆ تێگەیشتنی زیاتر ‘نووسین’ دانراوە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەمەجۆری چەمکی جیاواز نەبینەوە. هەرچەند دەزانین نووسین بەرامبەر رەخنە مەودایەکی بەرتەسکی هەیە.
٣ــ هایدیگەر، بوون و کات، لا١٢٦.
٤ـ س.پ، لا، ٥٣-٥٥.
٥ـ د.محەمەد کەمال، بوون و داهێنان، دەزگای سەردەم-سلێمانی، ساڵی٢٠٠٤، لا، ٣٧.
٦ـ د.محەمەد کەمال، ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ، چاپخانەی خانی-دهۆک، ٢٠٠٧. لا ١٩-٢٠.
٧ـ هایدیگەر، بوون و کات، لا٤٣.
٨ـ س.، لا ٤٢.
٩ـ د.محەمەد کەمال، بوون وداهێنان، لا٤٠.
١٠ـ کۆوانەو دانیشتنی ئەنجومەنی فەلسەفی ئاگۆرا، لەبارەی کتێبی (بوون و کات)ی هایدیگەر، لەلایەن رامین جیهانبگلو. http://www.agorapf.org/heidegger3.
١١ــ هایدیگەر، بوون و کات، لا ٥٦.
١٢ـ س.پ. لا،٢٧٠.
١٣ـ د. محەمەد کەمال، نیهلیزم و رەهەندەکانی بیرکردنەوە، دەزگای سەردەم-سلێمانی، ٢٠٠٥، لا٥٦.
١٤ـ هایدیگەر، بوون وکات، لا ٢٧٤.
١٥ـ س.پ، لا ٢٧٧.
١٦ـ س.پ، ٥٤.
١٧ـ د. محەمەد کەمال، هایدیگەرو..لا ٦٧.
١٨ـ هەرێم عوسمان، نیشتمانی فەلسەفە، گەشتێک لەگەڵ د. محەمەد کەمال، چاپخانەی تاران. لا، ٥٥.
*** زیادکردنی ئەم پێشمەرجە پێشنیازێکەو لەنێو ئایدیای یەکخستنی سێکوچکەکەدا رەنگیداوەتەوە، بەڵام بە وردی باسنەکراوە. هەرچەند بۆ ئەم زیادکردنە لەگەڵ د.محەمەد کەمال، کە شارەزایە. راوێژم کردووەو ئەوان بە هەوڵێکی رەسەنانەیان زانیوە.
١٩ـ د. محەمەد کەمال، بوون و داهێنان..لا ١١٥-١٤٠.
٢٠ـ . محەمەد کەمال، فەلسەفەی بوون: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر هزری پاش-مێتافیزیک، ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشە-سلێمانی، ٢٠١٤، لا ٢٨٨.
٢١ـ هایدیگەر، بوون و کات، لا، ٥٦.
٢٢ـ س.پ، لا، ٥٧.
٢٣ـ د.محەمەد کەمال، فەلسەفەی بوون، لا ٣٣٠.
٢٤ـ حقیقت و زیبایی، درسهای فلسفەی هنر، بابک احمدی..چاپ بیستم، نشرمرکز-تهران ص-٣٩١-٣٩٥.
٢٥ـ د. یادگار لگیف شارەزووری، دیاردەگەرایی، لا، ٤٢.
٢٦ـ هایدیگەر، بوون و کات، لا ١٢٤.
٢٧ـ س.پ، لا، ٢٩٧.
٢٨ـ س.پ، لا ٢٦٤.
٢٩ـ س.پ. لا ٢٦٤-٢٦٥.
٣٠ـ س.پ، لا٢٤٥.
٣١ـ س.پ، لا ٢٥١.
٣٢ـ س.پ، لا، ٢٥٨.
٣٣ـ س.پ، لا.١٤٧.
٣٤ـ س.پ، لا، ٢٧٨.
٣٥ــ د.ئازاد ئەحمەد مەحموود، بوونیاتی زمان لەشیعری هاوچەرخی کوردیدا ١٩٨٥-٢٠٠٥، ئەکادیمیای کوردی-هەولێر، ٢٠٠٥. لا ٥٠.
٣٦ــ http://www.ensani.ir/fa/content/105/default.aspx .
٣٧ــ د. محەمەد کەمال، نیهلیزم و.. لا ٥٧.
٣٨ــ هایدیگەر، بوون و کات، لا ٢٥٩.
**** پێموایە نووسین نێوەندەو ناکرێت بە تێکست یان ناتێکست دابنرێت، نووسین نێوەندی جیاکردنەوەیە لەنێوان تێکست و ناتێکستدا، بەڵام لەبەر نەدۆزینەوەی وشەیەکی گونجاو هەندێکجار نووسین وەک ناتێکست دانراوە.
٣٩ـ س.پ، لا ٢٩٦.
٤٠ـ س.پ، لا، ٢٩٨.
٤١ـ س.پ، لا ٢٨٩.
٤٢ـ د.محەمەد کەمال، هایدیگەرو شۆڕشێکی، لا ٦٧.
٤٣ـ س.پ، لا ٦٨.
٤٤ـ کۆوانەی رامین جهانبگلو،http://www.agorapf.org/heidegger3.
٤٥ـ دیوانی گۆران، محمدی مەلاکریم کۆیکردووەتەوەو ئامادەی کردووە،سەرجەمی بەرهەمەکانی-بەرگی یەکەم، لەبڵاوکراوەی یەکێتی نووسەرانی کورد-چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد-بەغدا-١٩٨٠، لا٣٨٠.
٤٦ـ بابەک ئەحمەدی، حەقیقەت و جوانی-وانەکانی فەلسەفەوجوانی،وەرگێڕانی مەسعود بابایی، دەزگای موکریان-هەولێر-٢٠٠٨، ٦٣٦.
٤٧ـ هایدیگەر، بوون و کات، لا، ١٣٧ .

Previous
Next
Kurdish