ئه‌و برینه‌ی له پاش سی ساڵ هێشتا ته‌ڕه … هێمن خورشید
ئه‌و ڕۆژه‌ی شه‌هیدیان كردی
دڵت خۆش بوو ده‌بیته سیمبوڵی گه‌لێ
هه‌موو ده‌مێ
له هه‌موو شوێن و سه‌رده‌مێ
یادت ده‌بێته ماته‌مێ
سه‌راپای دڵی عاله‌مێ داده‌گرێت و
هه‌رچی چاوه
بۆت ده‌گرێت و
ته‌واوی ساڵ
ژن و پیاو و گه‌وره و مناڵ
گشت چاوه‌ڕوانی هاتنین
ناوت ده‌بێته هه‌تاوی زستانانی نێو چیا و دۆڵی كوێستان و
گه‌وره و گچكه
چاو له ڕێگای هه‌ڵهاتنین
تۆ ڕۆیشتی و بیرت نه‌بوو
ئێمه ئه‌وه‌نده كهساسین
له ساڵێكدا هه‌ر ته‌نیا ڕۆژێ ده‌تناسین!
ئێمه هێنده بێ مێژوو و بێ یاده‌وه‌ریین
هه‌ر با كزه‌بایه‌ك هه‌ڵبكا، وه‌ك گه‌ڵای دره‌ختی پاییز
یه‌ك له دوای یه‌ك به ده‌مییه‌وه هه‌ڵده‌وه‌رین
ئێمه هێنده ساده‌بیر و پێنه‌زانین
كه ده‌تكه‌ینه تاجی سه‌رمان
كه ده‌تكه‌ینه جلی به‌رمان
به خه‌نجه‌ری به‌ر كه‌مه‌رمان
مه‌به‌ستمان ته‌نیا ئه‌وه‌یه
سه‌رمان به تۆوه ده‌ركه‌وێ
هێستری شه‌لی بێناومان
به‌هۆی تۆوه
له چیای ناو وه‌سه‌ر كه‌وێ
هه‌رده‌م بۆنی تۆمان لێ بێ
تا زیاتر جێی به‌زه‌یی بین
تا زۆرتر خێرمان پێ بكرێ
تا زیاتر ده‌رفه‌تمان هه‌بێ
هاوار بكه‌ین
فڵان بژێ و فڵان بمرێ
چه‌ند ساده بووی واتده‌زانی
كاتێ ده‌ڕۆی دڵی میلله‌تێ دێته ئێش
نه‌تده‌زانی له ڕۆژی شه‌هیدبوونتدا
هه‌ندێ ده‌بنه زوڕناژه‌ن و
هه‌ندێكیش به سه‌رچۆپیكێش!
16/ئادار/2017