Skip to Content

هەڵوەستەیەک لە بەردەم ئەو تەرمەی شاعیر (غەمگین خدر) لەسەر زمانی ناشتوویەتی.. سۆما مەلا

هەڵوەستەیەک لە بەردەم ئەو تەرمەی شاعیر (غەمگین خدر) لەسەر زمانی ناشتوویەتی.. سۆما مەلا

Closed
by كانونی دووه‌م 5, 2021 General, Literature


وەک ئاشکرایە زمان و فۆڕمی شیعری جیاوازە لە فۆڕم و زمانی چیرۆک و ڕۆمان، چونکە پانتایی شیعر تەسکترە لە پانتایی چیرۆک و ڕۆمان تاوەکوو شاعیر بتوانێت، بە فراوانی و بە دڵی خۆی باسی ڕووداوێک یاخود بەسەرهاتێک بکات، لێرەدا شاعیر دەبێت زمان و تەکنیکی تایبەت بەخۆی هەبێت تاوەکو بتوانێت ئەوەی لە خەیاڵیەتی وەک شیعرێکی جوان و پڕ چێژ پێشکەشی خوێنەر بکات.
ئەمەش زۆربەی کات، کاتێک ڕوودەدات کە شاعیر بۆ خودی خۆی بنووسێت، کاتێک شاعیر بۆ خودی خۆی نووسی. ئیتر ئەوانی تریش دەتوانن خۆیان لە ناو فەزای پەیڤەکان و هزری ناو دەقەکانیدا بدۆزنەوە بێ ئەوەی هەست بە نامۆ بوون بکەن.
وەک لەم چەند دێڕەدا شاعیر باس لە ئازار و ماندووبوونی خۆی دەکات بەدەست ژیانەوە، کە دەشێت ماندووبوونی مرۆڤی مۆدێڕن بێت. دەشێت من بم، دەشێت هەموومان بێت.

( ڕۆژەکان هەرچییەکیان بۆ تاریکی پێ بێت
بەناو شەودی خۆیاندا،
هەر تێدەپەڕن
ئەستێرەکی دیکەیش
هەر دەڕژێت
گزنگێکی دیکەش،
هەر هۆگر دەبێتەوە
نهێنییەکان لە دڵی کەسدا ناشاردرێنەوە
ئازارەکانیشم
هی ئەوەنین گوێچکەکانتان بۆی شل بکەی
ناهێڵم خوێنی هیچ کەسێک بڕژێتە دەمارمەوە. )

یاخود دەڵێت:
( ئەوەتە دەستەکانی تۆش
ئیمزای غەمگینی بۆ ڕێزمانی ژیانم دەکات
ئەو ئێوارە تاریک و نەفرەتییە هات
دواجار ئەو ڕۆژەی کە ڕۆژی من نییە هات
دەروونم لە پێڵاوەکانم ماندووتر. )

شیعری باش و باڵا ئەوە نییە، پڕ بێت لە وشەی قەبە و ڕەمز و شاراوە، کە تەنیا شاعیر خۆی تێی بگات، بەڵکوو شیعری باش ئەوەیە کە بە زمانێکی سادە، بەڵام بە کۆدێکی تاڕادەیەک ون خوێنەر بیخوێنێتەوە و تێی بگات. واتە بە وشەی سادە دونیایەکی گەورە دروست بکات، چونکە دواجار دەقەکە تەنیا هی خۆی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە خوێنەر، واتا بەشێک لە خۆی پێشکەش بە خوێنەر دەکات کە بەرهەمەکەیەتی،
وەک لەم دێڕەدا شاعیر بە زمانێکی سادە و بێ گرێ باس لە خۆشەویستییەکی ڕابردوو دەکات بێ ئەوەی بیەوێت ئەو خۆشەویستییە پیس بکات بەهیچ وشەیەکی زبر و ڕەق

*( ئێستا کە لەناو ئەو پەیڤانەدا دەژیم
ئێستا کە بیر لە لێوەکانی دەکەمەوە
خەریکە وەک هەنجیر دەبمە موڕەبا؟ )

ستایلی شیعری غەمگین خدر وەک هەمیشە تایبەت نییە بەیەک جۆری شێوازی شیعر و هەروەها بابەتێکی دیاریکراویش، بەڵکوو دەتوانی لە دێڕەکانیدا (خۆشەویستی و عەشق و یاخی بوون و نیشاندانی ناشیرنییەکانی کۆمەڵگا و یاخی لە سیاسەت و تەنانەت پیسبوونی ژینگە و جوانی شارمان نیشان بدات…هتد.) نیشان بدات و هەر یەکێکیش بە شێوازێک.
ئەوەتا لە چەند دێڕێکی تردا دەڵێت:

( بەڕاکردنێکی سپی
تڕەمبێلێک جادەکان قووت دەدات
دانیشتووین و لە ناو ئەو غارە غارە
دووکەڵ لە قوونی دەکۆخێت
هەولێر لە پاشمان بۆتە ستۆکە جغارە
لە پاشەملە،
دەست و دەمی ڕەش دەچێتەوە )

لە کۆتاییدا دەڵێم شیعری باش ئەوەیە هەڵگری هەر دوو جۆری فۆڕمی تایبەتی دەرەکی و ئەندێشەی تایبەتی ناوەکی بێت، بۆ ئەوەی هەم خوێنەری ئاستبەرز و هەم خوێنەری سەرەتا و سادەش بتوانن بیخوێنەوە و لێی تێبگەن، بەڵام هەمیشە شیعری چاک ئەوەیە فۆڕمی ناوەکی باڵادەستی زیاتر بێت بەسەر فۆڕمی دەرەکیدا، بەڵام بە ئاستێکی هاوسەنگانە و وەستایانە، کە پێموایە ئەوەش مۆڕکی شاعیریەتی بە خودی شاعیر دەبەخشێت.
ئەگەر وەک دەگوترێ و باوە، هیچ کتێبێک بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام ئەم هەوڵە جوانانەی لەلاین شاعیر و نووسەرە گەنجەکانەوە دەدرێن، پێویستە بەرز بنرخێنین. هەروەها پێویستیشن بۆ کتێبخانە و فەرهەنگی ڕۆشنبیریی کوردی. بەهیوای کاری باشتر و جوانتر لە داهاتوودا کە هەر ئەوەش لەم شاعیرە بەدی دەکەم و بەرهەم لەدوای بەرهەم وەبەر جیهانبینی شیعری تازە دەکەوین.

—————————————————-

سەرچاوە: تەرمێک لەسەر زمان دەنێژم. شیعر . غەمگین خدر. چاپی یەکەم 2021.
چاپکراوەکانی خانەی کولتوور

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish