له هه‌گبه‌ی به‌تاڵی نووسه‌ری كورده‌وه.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
زۆرجار له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌گوترێت:_( سیاسی و سه‌ركرده‌كانمان ده‌ست به‌رداری سیاسه‌ت و كورسی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردن نابن، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن و لایه‌نی ته‌ندروستی و هزری و یاده‌وه‌ریشییان به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووبێت) به‌ڵكو تا ده‌مرن، وه‌ك بتێكی سیاسی ده‌مێننه‌وه و پیرۆز ده‌كرێن. به‌ڵام پێ ده‌چێت هه‌مان بۆچوون، به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی ئێمه‌ش بگرێته‌وه. به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌رچی ئه‌وانیش دڵنیانه له‌وه‌ی كه هه‌گبه‌كه‌یان به‌تاڵ بووه و كه‌وتوونه‌نه خولانه‌وه به ده‌وری وشه و گوتنه‌وه‌ی هه‌ندێك بابه‌ت و نووسین كه نیو سه‌ده پێشووتر ده‌یانگوته‌وه، كه‌چی هێشتا بوێری ئه‌وه‌یان نییه ده‌ست به‌رداری نووسین ببن و بڵێن ئه‌زموونه‌كه‌مان به سه‌رچووه. بێگومان هه‌ر كاتێكیش نووسه‌رێك، ئه‌دیبێك، نه‌یتوانی شتێكی تازه و نوێ بڵێت، ئیدی له سه‌ر خه‌رمانی ڕابردووی ده‌ژیت و هه‌مان ئه‌و شتانه ده‌ڵێته‌وه، كه پێشتر هه‌موومان زیاد له جارێك گوێبیستی بووینه. یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك زیاتره، خووی به هه‌ندێك وشه و ده‌سته‌واژه‌ی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژی گرتووه (شێرزاد حه‌سه‌ن) ه. ئه‌م نووسه‌ره، كه له كۆتایی هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، شێوازێكی دیكه‌ی له تیمه‌ی چیڕۆك و پاڵه‌وانسازیی هێنایه نێو ڕه‌وتی چیڕۆكی كوردی، له ئێستادا هه‌مان ئه‌و وشه و بابه‌تانه ده‌ڵێته‌وه، كه په‌نجا ساڵ ده‌بێت ده‌قی پێوه گرتوون. ئه‌م نووسه‌ره، به‌رده‌وام له نووسینه‌كانی باسی (دڵڕه‌قی مرۆڤ، كوڕان و كچان نامۆن به یه‌كتری، په‌روه‌رده‌ی سه‌قه‌ت، ڕاوكردن، ژن كاڵایه، مه‌رگدۆستی، ڕه‌شبینی، كۆمه‌ڵگه‌ی دڵڕه‌ق، داڕمانی به‌هاكان، ئێمه كۆیله‌ین، نه‌بوونی عه‌شق و خۆشه‌ویستی) ئه‌مانه و چه‌ندین وشه‌ی دیكه‌ش ده‌كات. به ڕاده‌یه‌ك خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر نووسینێكی سی ساڵی له‌مه‌و به‌ری ئه‌و نووسه‌ر ببینێت و نووسێنێكی ئێستاشی بخوێنێته‌وه، هه‌ست ناكات نوێكاریی و داهێنان و شتێكی تازه‌ی گوتبێت. ئه‌م نووسه‌ره، له‌دوو وتاریدا كه له‌م دواییانه له كوردستانی نوێ بڵاویكردوونه‌ته‌وه، هه‌مان ئه‌و ده‌سته‌واژانه ده‌ڵێته‌وه كه ده‌قی پێوه گرتوون. بێگومان ئێمه له سه‌رده‌مێك ده‌ژین، پێویستیمان به‌وه نییه مامۆستا پێمان بڵێت به‌ها جوانه‌كانی ژیان نه‌ماون، چونكه خۆمان ده‌یانبینین، پێویستیمان به‌وه نییه وتارێكی پڕ له باق و بڕیقی ئه‌و بخوێنینه‌وه، تا بزانین مرۆڤ چه‌ند دڕنده و خوێنڕێژه و ئێمه چه‌ند له سه‌رده‌مێكی ناشرین و نامیهره‌بان ده‌ژین، چونكه ڕۆژانه ئێمه به‌ر ئه‌و شتانه ده‌كه‌وین. بۆ ئه‌وه‌ی بزانین مرۆڤ بۆ خۆی ده‌كوژێت و خۆكوشتن چۆن بۆته دیارده، پێویستیمان به‌وه نییه ڕۆمانی مرۆڤی هه‌رزان بخوێنینه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و له وتارێكی درێژیدا باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌م ڕۆمانه ڕۆمانی سه‌رده‌می داڕووخانه. ئێمه له سه‌رده‌مێك ده‌ژین، هه‌موومان ده‌زانین سه‌رده‌می داڕووخانه و ئه‌دگار و خاسیه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی و سایكۆلۆژیی و په‌روه‌رده‌یه‌كانی چین. هه‌موومان ده‌زانین مرۆڤ چه‌ند بێ به‌هاو بێ پێگه و سووك بووه، ئیدی پێویستیمان به‌وه نییه‌گوێ له حیكایه‌ته‌كانی مامۆستا بگرین، كه په‌نجا ساڵه ده‌یانڵێته‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه، ئه‌و هه‌موو ده‌قه كاڵ و كرچ و كتێبه بێ ناوه‌ڕۆكانه چاپ ده‌كرێن، نووسه‌ر شتێكییان له باره‌وه ناڵێت. كوا نووسین و سه‌رنجه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره له باره‌ی نه‌وه‌ی نوێی شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، كه شیعری‌یان بێ به‌هاو بێ ناوه‌ڕۆك كرد، تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ندێكییان باسی گووكردن له شیعردا ده‌كه‌ن ( له ئایینده‌دا نموونه‌ی ئه‌و شیعرانه ده‌خه‌ینه ڕوو) كوا ڕه‌خنه‌كانی مامۆستا له نه‌وه‌ی نوێی چیڕۆكنووسانی دوای ڕاپه‌ڕین، كه هه‌ندێكییان چیڕۆك به گێڕانه‌وه ده‌زانن و هه‌ندێكیشان وا ده‌زانن به ته‌كنیكێكی تازه‌وه چیڕۆكییان نووسیوه، كه محمه‌د موكری چڵ ساڵ له‌مه‌و به‌ر چیڕۆكی پێ نووسیوه؟ كوا هه‌ڵسه‌نگاندنی بزاوتی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری ئه‌م سی ساڵه‌ی دوایی له‌لایه‌ن مامۆستاوه؟ كوا ڕۆمان و نۆڤلێتێكی داهێنه‌رانه‌ی تازه‌ی ئه‌م نووسه‌ره، كه حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكمی تێ په‌ڕاندبێت؟ مه‌گه‌ر باسكردن له دڵڕه‌قی مرۆڤ و نه‌بوونی خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی ده‌مانكاته داهێنه‌ر؟ تا كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی مابێت، ئه‌و شتانه بوونیان ده‌بێت، بۆیه هه‌ر نووسه‌رێك پێی وابێت ئه‌وانه كه‌رسته‌ی نووسینن و ده‌توانێت سه‌دان ساڵ له سه‌ریان بژیت، له ڕاستیدا به هه‌ڵه داچووه وبه ده‌وری وشه ده‌خولێته‌وه. خه‌رمانه‌ی ڕابردوو كه‌س ناكاته داهێنه‌ر، مه‌گه‌ر نووسه‌ر خۆی شتێكی تازه‌ی پێ نه‌بێت، كه جیاواز بێت له‌وانه‌ی له ڕابردوودا گوتوویه‌تی!