شیعرییه‌ت، گه‌ڕان به دوای رێساكانی داهێناندا …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
(1)
به شێوه‌یه‌كی گشتی شیعرییه‌ت له سه‌ر خوازه‌ی زمانه‌وانی وه‌ستاوه و كه‌شفی رێساكانی داهێنانی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام هیچ چاره‌سه‌رێكی بۆ رووه‌كانی دیكه‌ی ده‌ق پێنییه، یه‌كێك له رووه‌كانی ده‌قیش ئاستی مه‌عریفه و به‌شداریكردنی خوێنه‌ره جیاوازه‌كانه.
(2)
سه‌رچاوه‌كانی شیعرییه‌ت گوتاری ئه‌ده‌بییه، به‌ڵام (میكائیل ریفاتێر) مه‌یلی به‌ره‌و شێوازگه‌ری ده‌چێ و شێوازگه‌ری پێشده‌خات و شیعرییه‌ت ره‌تده‌كاته‌وه.
(3)
رۆلان بارت جیاوازی له نێوان به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و ده‌قدا ده‌كات، پێیوایه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی دانه‌ری حه‌قیقی به‌رهه‌می ده‌هێنێ، به‌ڵام ده‌ق به‌رهه‌می ئه‌و خوێنه‌ره‌یه، كه له رێگای خوێندنه‌وه‌وه ره‌هه‌نده‌كانی ده‌كاته‌وه، لێره‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی بارت تێزی ده‌قی دانه‌ر و ده‌قی خوێنه‌ر ده‌خاته‌وه… به‌ڵام تزیڤیتان تۆدۆرۆڤ بابه‌تی شیعری له به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیدا نابینێته‌وه، چونكه پێیوایه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كارێكی ئاماده‌یه، به‌ڵام بابه‌تی شیعرییه‌ت كارێكی شیمانه‌ییه، به‌و مانایه‌ش كار كۆمه‌ڵێ ده‌قی بێ كۆتایی به‌رهه‌م ده‌هێنێ! خاڵی جیاوازی نێوان ژیرار ژینێت و بارت و تۆدۆرۆڤ ئه‌وه‌یه ژینێت بڕوای به‌وه نییه ده‌قئاوێزانی بابه‌تی شیعرییه‌ت بێت، واته بابه‌تی جێبه‌جێكردن بێت، وه‌ك بارت و تۆدۆرۆڤ ده‌یبینن… كه‌واته شیعرییه‌ت زانستێ نییه، تاكو پشت به بابه‌ت ببه‌ستێ، به‌ڵكو پێوانه و پێناسه‌یه‌كی نه‌گونجاو و هه‌ندێجار نایه‌قینییه.
(4)
شیعرییه‌ت و به‌خششه‌كانی شیعرییه‌ت هه‌ر ته‌نها له نێو خۆیدا نه‌ماوه‌ته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان به نێو ژانره‌كاندا بڵاو بۆته‌وه… شیعرییه‌ت سنووره‌كانی خۆی تێپه‌ڕاندووه و هه‌نگاوی به‌ره‌و وێناكردنه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فۆڕمه‌كانی دیكه‌ی ژیان هاوێشتووه؟! به‌ڵام ئامانجی شیعرییه‌ت هیچ له‌وانه نییه، به‌ڵكو دروستكردن و رێكخستنی په‌یوه‌ندی نێوان بواره‌كانه، واته شیعرییه‌ت گه‌یشتنه به په‌یوه‌ندییه جیاوازه‌كانی شیعریی.
جیاوازی نێوان شیعرییه‌ت و ئه‌ده‌بییه‌ت ئه‌وه‌یه: ئه‌ده‌بییه‌ت هاوتای شیعرییه‌ته و زۆر لێیه‌وه نزیكه، ئه‌ده‌بییه‌ت له دنیای تیۆری ره‌خنه‌ی نوێ‌دا له شیعرییه‌ت له پێشتره… ئه‌ده‌بییه‌ت واته په‌تیبوونی ئه‌ده‌ب یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن شاعیری بوون.
لای (رۆمان یاكۆبسن) بابه‌تی زانستی ئه‌ده‌ب قسه‌ی زۆر لێكراوه، به‌ڵام ئه‌ده‌ب نییه، به‌ڵكو بابه‌تی زانستی ئه‌ده‌ب، ئه‌ده‌بییه‌ته… زاراوه‌ی ئه‌ده‌بییه‌ت پێوانه‌یه‌كی سیمیایی هه‌یه و تایبه‌ته به ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌وه… پێناسه‌ی ئه‌ده‌بییه‌ت له تیۆری سیمیایی ئه‌ده‌بیدا به تایبه‌تی له لێكۆڵینه‌وه‌كانی فۆرمالیسته‌كانی رووسدا جیاكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بییه له نا ئه‌ده‌بی!
زانستی ئه‌ده‌ب له‌گه‌ڵ شیعرییه‌ت هاوواتا دێته‌وه، به مانایه‌كی دیكه زانستی ئه‌ده‌ب دیاریكردنی پێوانه‌یه‌كی رووته بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له نائه‌ده‌ب… به‌ڵام ژان كۆهین زاراوه‌ی شیعرییه‌ت له نێوان ده‌لاله‌ت و ته‌عبیركردندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه، كۆهین شیعرییه‌ت به زانستی شیعر ناو ده‌بات، نه‌ك زانستی ئه‌ده‌ب! به گشتی رێژه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ ئه‌ده‌ب، وه‌ك رێژه‌ی زمانه بۆ گوتن وه‌ك چۆن فردینارد دی سوسێر قسه‌ی لێده‌كات، دواجار هه‌موو ئه‌وانه پێمان ده‌ڵێن ئه‌ده‌بییه‌ت و شیعرییه‌ت پێكه‌وه هاوبه‌شن و یه‌ك ئامانجیان هه‌یه.
(5)
ژان كۆهین ده‌ڵێ شیعرییه‌ت زانسته، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به هه‌مان ئه‌و پرنسیبهوه هه‌یه، كه زمان به زانست داده‌نێت، واته پرنسیبی ته‌فسیركردنی زمانه له رێگای زمانه‌وه! به‌و مانایه‌ش جیاوازی نێوان شیعرییه‌ت و زمانه‌وانی ئه‌وه‌یه كه شیعرییه‌ت شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی زمان و زمانه‌وانی كۆی مه‌سه‌له زمانییه‌كان ده‌گرێته‌وه.
ژان كۆهین ده‌یه‌وێ شیعرییه‌ت وه‌ك زانست ته‌ماشا بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌بێ بڕوامان به‌وه هه‌بێ زمانه‌وانی زانسته، واته ئه‌وه‌ی بۆچوونه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی شیعرییه‌ت ده‌گۆڕێ، پشت به پرنسیبه‌كانی زمانه‌وانی ده‌به‌ستێت و به‌رده‌وام به پێی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش چه‌مكی شیعرییه‌ت بونیاد ده‌نرێته‌وه… به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا زانست و ئه‌ده‌ب چۆن به نێو یهكدادهچن؟ چونكه زانست له هه‌ر بابه‌تێكدا بوونی هه‌بێت، سروشتی ئه‌و بابه‌ته له خۆرسكییهوه بۆ هۆكارخوازی، له هه‌ڕه‌مه‌كی و پێشبینیكردنه‌وه بۆ رێكوپێكی ده‌گۆڕێت، جگه له‌وه‌ش زانست هه‌میشه بابه‌ت له ده‌ستێوردانی ده‌ره‌كی ده‌پارێزێ.
ژان كۆهین پێیوایه ته‌ماشاكردنی ئه‌مڕۆ بۆ هونه‌ره جوانه‌كان هه‌ر ته‌نها له سه‌ر جوانی نه‌وه‌ستاوه، ته‌ماشاكردنی نوێخوازانه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ جوانی خۆی له كه‌شفكردنی حه‌قیقه‌تی زانستیدا ده‌بینێته‌وه… شیعرییه‌ت سیمایه‌كی زانستی له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام ئایا ده‌بێته زانستی ئه‌ده‌ب؟ هه‌ر كاتێ له ئه‌ده‌ب دوور كه‌وتینه‌وه به‌و وه‌سفه‌ی واقیعێكه بۆ له‌یه‌كنزیكبوونه‌وه، ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له بیر بێ، ئه‌ده‌ب به‌رده‌وام له سه‌ر نزیكبوونه‌وه و تازه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك یاسا و رێساش كار ده‌كات، له نێوان واقیعی ئه‌ده‌بی و یاسای زانستی زمانه‌وانیدا ئامانجی شیعرییه‌ت یان ئه‌وه‌ی یاكۆبسن به زانستی ئه‌ده‌ب ناو ده‌برێت، ده‌لاله‌ت له كه‌شفكردنی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی تێڕوانینه‌كان و یاسا و رێسا تازه‌كان ده‌كات، نه‌ك كۆتاییهێنان به تێڕوانین و یاساكان! یاسا و رێساكانی زمان به‌رده‌وام له نوێبوونه‌وه‌دان و شیعرییه‌ت به‌رده‌وام له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسا و رێسایانه خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، كه‌واته ئامانجی شیعرییه‌ت كه‌شفكردنی ئه‌و یاسا و رێسایانه نییه، به‌ڵكو كه‌شفكردن و وه‌به‌رهێنانی به‌رده‌وامه.
(6)
له نێوان زانستی شیعریی و زانستی ئه‌ده‌بی، له نێوان ژان كۆهین و یاكۆبسن، له نێوان شیعر و په‌خشان… پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا شیعرییه‌ت زانستی شیعره، یان زانستی ئه‌ده‌ب؟ ره‌نگه چاره‌سه‌ر ئه‌وه بێت، كه شیعرییه‌ت به زانستی ئه‌ده‌ب دابنێین، چونكه شیعرییه‌ت له شیعر و په‌خشاندا به دوای رێساكانی گوتاری ئه‌ده‌بیدا ده‌گه‌ڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر و په‌خشان له خه‌سڵه‌تی ئه‌ده‌بیدا هاوبه‌شن… به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌ره حه‌تمی نییه، به‌ڵكو زه‌رووره‌ت ده‌یسه‌پێنێ، چونكه شیعر و په‌خشان كۆمه‌ڵێك جیاوازییان له نێوان هه‌یه، ئه‌وه‌ش ده‌مانخاته سه‌ر ئه‌و بیروڕایه‌ی كه شیعرییه‌ت زانستی ئه‌ده‌ب نییه! به‌ڵكو چاره‌سه‌ری گوتاری شیعری ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گوتاری په‌خشان بكات؟! جیاوازی نێوان زانستی شیعریی و زانستی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت.
فۆرمالیسته‌كانی رووس له نێوان شیعر و په‌خشان جیاوازی ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی په‌خشان له گه‌یاندن و فیكر و ئامانج دا ده‌بینن و شیعر هیچ له‌وانه به هه‌ند هه‌ڵناگرێ، شیعر له گه‌یاندندا سه‌ربه‌خۆیه، به‌ڵام ئامانجی یه‌كه‌می په‌خشان گه‌یاندنه… ده‌بێ له په‌خشاندا شتێ بگوترێ و وشه‌كان گوزارشت له ده‌لاله‌ته فیكرییه‌كان بكه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه ده‌شێ فیكر و ده‌لاله‌ت له شیعردا له حاڵه‌تی سڕبووندا بێ و ناوكۆیی شیعری له رێگای ده‌لاله‌تی وێنه‌ی جیاواز بته‌قێته‌وه، به دیوه‌كه‌ی دیكه ده‌شێ شیعر له ده‌ره‌وه‌ی سڕبوونی ده‌لاله‌ت، ده‌لاله‌ت تێیدا گاڵته‌جارانه و درۆزنانه بكه‌وێته‌وه! له شیعردا وشه ئه‌لته‌رناتیفی هیچ شتێ نییه، به‌های سه‌ربه‌خۆی هه‌یه و له شتگه‌رایی دووره. په‌خشان له جه‌ماوه‌ره‌وه نزیك ده‌بێته‌وه، به‌ڵام شیعر چڕبوونه‌وه‌یه و جێكه‌وته‌ی ئیستاتیكی هه‌یه، كه‌واته جیاوازی نێوان شیعر و په‌خشان، ئه‌ده‌ب و نائه‌ده‌ب، جیاوازییه‌كی هونه‌رییه و ده‌كه‌وێته بازنه‌ی سیمیاییه‌وه (semiotics) له دیدی (ژان مۆكارۆڤسكی Mukarovsky) هونه‌ر ئاماژه به هیچ شتێكی دیاریكراو ناكات، ئه‌وه‌ش هونه‌ر له ناهونه‌ر جیا ده‌كاته‌وه.
(7)
سه‌ره‌رای چه‌مكی سه‌ربه‌خۆیی، چه‌مكی گه‌یاندن وه‌زیفه‌یه‌كه له وه‌زیفه‌كانی كاری هونه‌ری، به‌مجۆره له‌لایه‌ك هونه‌ره و له هه‌مان كاتدا گوتنه و گوزارشت له هه‌ڵوێستێكی عه‌قڵی، یان فیكره‌یه‌ك، یان هه‌ستێك ده‌كات. له راستیدا هه‌تا كاره فۆرمئاساكانیش خاوه‌نی به‌های گه‌یاندنی تایبه‌تن، به‌ڵام له بابه‌تدا سه‌ربه‌خۆن، بۆ نموونه هێلكاری و ره‌نگ له شێوه‌كاریدا ده‌شێ مانای شتێ بدات، بێ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی دیار بێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كاری هونه‌رییدا خه‌یاڵ رۆڵی خۆی هه‌یه، بۆیه نابێ كاری ئه‌ده‌بی به‌های وجودی هه‌بێ، به‌و مانایه‌ش كاری هونه‌ری وه‌ك وجودێكی واقیعی سه‌یری هیچ شتێ ناكات ، به‌ڵكو له كاری هونه‌رییدا ئاماژه پێدراو هه‌ر وه‌ك خه‌یاڵ ده‌مێنێته‌وه.
(8)
شیعرییه‌ت هێزی شیعریی و دره‌وشانه‌وه له ده‌قدا ده‌خاته روو، به‌ڵام شێوازگه‌ری هێزی گوتن له نوسیندا ده‌خاته روو، یان شێوازگه‌ری خه‌سڵه‌ته‌كانی گوتن له ده‌قدا ده‌نوێنێ، په‌یوه‌ندی نێوان خه‌سڵه‌ته‌كانی گوتن و هیزی شیعریی و دره‌وشانه‌وه بۆ نموونه لای یاكۆبسن ده‌كه‌وێته نێوان شێوازگهرییهكی رێگاپێدراوی دیاریكراو و شیعرییه‌تێكی رێگا پێدراو و دیاریكراوه‌وه… ئه‌گه‌ر به‌های شێواز لهشێوازگهرییهكی رێگاپێدراوی دیاریكراودا په‌یوه‌ندی به چنینی گوزارشتكردنی گوتار له‌لایه‌ك و هێزی هه‌واڵ و هێزی ناوهڕۆك له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌بێت! ئه‌وه شیعرییه‌تی رێگا پێدراو و دیاریكراو په‌یوه‌ندی به چنینی شیعرییه‌ت له‌لایه‌ك و هێزی دره‌وشانه‌وه له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌یه، دواجار ده‌توانین بڵێین نزیكردنه‌وه‌ی شیعرییه‌ت و شێوازگه‌ری لای یاكۆبسن له پێكچوواندنی وشه‌ی شێوازگه‌ری و وشه‌ی كارفرمای شیعریدایه، به‌و مانایه‌ش وه‌ك چۆن شیعر وه‌زیفه‌یه‌كی دیاریكراوی نییه، به‌دواداچوونی شێوازیش به‌ره‌و ده‌رئه‌نجامێكی بنبهستمان ده‌بات، به مانایه‌كی دیكه هه‌ر ده‌قێك له پێكهاته‌ی تایبه‌ت و ده‌گمه‌نی خۆی هه‌ناسه ده‌دات، كاریگه‌رییه‌كانی خۆی له رێگای ئه‌و پێكهاته تایبه‌ته‌وه به ده‌ست ده‌هێنێ، هه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه شێوازگه‌ری به‌ره‌و چه‌ندان جۆری جیاواز ده‌كاته‌وه.
(9)
به شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌مكی شیعرییه‌ت واته گه‌ڕان به دوای رێساكانی داهێناندا، هه‌ڵبه‌ته رێساكانی داهێنانیش بڕوای به یه‌ك شێوه له شیعرییه‌ت نییه، به‌ڵكو خۆی له شیعرییه‌تی جیاواز و به‌شداریكردنی خوێنه‌ری جیاوازدا ده‌بینێته‌وه.
دنیای شیعرییه‌ت لای تزفیتان تۆدۆرۆڤ دنیایه‌كی شه‌پۆلاوییه و ناشێ بیخه‌ینه دووتوێی یاسا و رێسایه‌كی دیاریكراو و ئاماده‌وه! وه‌ك چۆن تۆدۆرۆڤ قسه له شیعرییه‌تی خوێندنه‌وه یان وه‌رگر ده‌كات، به‌و مانایه‌ش خودی شیعرییه‌ت واته جیاوازی له وێناكردنی نهێنیئامێزی داهێنان و رێساكانی داهێنان، وه‌ك لای رۆمان یاكۆبسن له تیۆری نوێنه‌راتیكردن و لای ژان كۆهین له تیۆری لادان و لای كه‌مال ئه‌بودیب له تیۆری بۆشایی: مه‌سافه‌ی گرژبوونه‌وه‌دا ده‌یبینین.
(10)
سه‌ره‌رای به‌رفره‌وانبوونی بازنه‌ی زمانه‌وانی، به‌ڵام توێژینه‌وه له باره‌ی شیعرییه‌ته‌وه سنوره‌كانی زمانه‌وانی و گیروگرفته‌كانی ده‌سته‌واژه و چنینی رسته تێده‌په‌ڕێنێ و به‌ره‌و توێژینه‌وه‌ی گوته و رسته‌ی فره ره‌هه‌ند و راڤه‌كردنی گوتار ده‌بێته‌وه، به‌مجۆره‌ش ده‌چێته بازنه‌ی تایبه‌تی سیمۆتیكاوه، كه لقێكه له لقه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی زمان. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا په‌یوه‌ندی نێوان شیعرییه‌ت و زمانه‌وانی، ملكه‌چكردنی شیعرییه‌ته بۆ زمانه‌وانی، ئایا شیعرییه‌ت له سه‌ر زمانه‌وانی ده‌ژی؟
رۆلان بارت كه‌شفی توانا بهرفرهوانهكانی زمانه‌وانی ده‌كات و دابڕانێ ده‌خاته نێوان زمانه‌وانی و سیمۆتیكاوه، چونكه سیمۆتیكا وشه و ده‌سته‌واژه و رسته بۆ ئاستی گوتار ده‌گوازێته‌وه، خودی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش گواستنه‌وه‌یه له توێژینه‌وه‌ی زمانه‌وانییه‌وه بۆ توێژینه‌وه‌ی سیمۆتیكای گوتار. رۆمان یاكۆبسن له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه جه‌خت له‌و تێپه‌ڕاندنه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ ئه‌و ئامرازانه‌ی كه توێژینه‌وه له باره‌ی شیعرییه‌ته‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ر ته‌نها له سه‌ر هونه‌ری زمان ناژمێردرێن، چونكه تیۆری دهلالهتخوازی له شیعرییه‌تدا له سه‌ر به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی دال ده‌ژی، بۆ ئه‌وه‌ش ناشێ ته‌نها پشت به زمان ببه‌ستێت.
(11)
بێگومان زمانه‌وانی له دوالیزمی سوسێرییهوه سه‌رچاوه ده‌گرێ، بۆ نموونه: دوالیزمی گوتن و زمان. وه‌ك ده‌زانین بوونی زمان له نێو عه‌قڵی كۆدا ئاماده‌یی هه‌یه، به‌ڵام گوتن كه‌سیی و هه‌ستی ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته بنه‌مای دوالیزمی شیعریی، كه ئه‌ده‌ب و گوتنی ئه‌ده‌بییه… ئه‌ده‌ب، له دوالیزمی شیعرییدا جێگای زمان ده‌گرێته‌وه له دوالیزمی زمانه‌وانیدا، به‌ڵام گوتنی ئه‌ده‌بی جێگای گوتن ده‌گرێته‌وه له دوالیزمی زمانه‌وانیدا.
له توێژینه‌وه‌ی زمانه‌وانیدا دوالیزمی زمان و گوتن وه‌ك پێویستی و قهڵمبازێك ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌و دوالیزمه وه‌ك رۆمان یاكۆبسن و یۆری تینیانۆف بۆی ده‌چن، مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاڵۆزه! لێره‌دا به هیچ جۆرێك دابڕینی رسته‌ی ئه‌ده‌بی به‌ره‌و چاره‌سه‌رێكی دروستمان ناكاته‌وه، وه‌ك دابڕینی زمان له زمانه‌وانیدا! چونكه رسته‌ی ئه‌ده‌بی له رووی هونه‌رییه‌وه په‌یوه‌ندی به رسته‌ی ئه‌ده‌بی دیكه‌وه هه‌یه، بۆیه هه‌موو دابڕانێ سیستمی به‌های هونه‌ری ده‌شێوێنێ و جگه له‌وه‌ش توانای بوونی یاسا و رێسا پێویسته‌كان ده‌سڕێته‌وه.
ئه‌گه‌رچی تۆدۆرۆف پێیوایه بابه‌تی زمانه‌وانی خودی زمانه و بابه‌تی شیعرییه‌ت گوتاره، به‌ڵام زمانه‌وانی رێگا بۆ شیعرییه‌ت خۆش ده‌كات، بابه‌تی خۆی دیاری بكات… چونكه هه‌ردووكیان پشت به یه‌ك تێگه‌یشتن ده‌به‌ستن، هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه نێو چوارچێوه‌ی سیمۆتیكا و سیستمی داله‌وه! به بۆچوونی تۆدۆرۆف زمانه‌وانی هه‌ر ته‌نها زانستی زمان نییه، به‌ڵكو شێوازێك له بونیادی زمانه‌وانی بۆ نموونه: ده‌نگ و رێزمان و ده‌لاله‌ت… بابه‌تی ئه‌ون، جگه له‌وه‌ش ئه‌نترۆپۆلۆجیا و شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی و فه‌لسه‌فه‌ی زمانی له سه‌ر بابه‌تی ئه‌و بونیاد نراون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ بواره مه‌عریفییه‌كانی دیكه هاوسه‌نگه، كه ئه‌ده‌ب وه‌ك بابه‌تی خۆیان ده‌بینن، له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه شیعرییه‌ت به ته‌نها ئه‌ده‌ب وه‌ك بابه‌تی خۆی ته‌ماشا ناكات، شیعرییه‌ت هه‌ر ته‌نها به زمانه‌وانییه‌وه په‌یوه‌ست نییه، شیعرییه‌ت هه‌مان رۆڵی زمانه‌وانی ده‌گێڕێ و به هه‌موو زانسته‌كانه‌وه په‌یوه‌سته، تا ده‌گاته زانستی ره‌وانبێژی و زانستی گوتار به شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له هه‌وڵی تۆدۆرۆفه‌وه هاتۆته به‌رهه‌م.
(12)
كاتێك شیعرییه‌ت به زانست داده‌نێین، به هه‌مان پرنسیبی زانستی زمان قسان ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش پرنسیبی راڤه‌كردنی زمانه به زمان، به‌و مانایه‌ش شیعرییه‌ت به فۆڕمی شیعرییه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت، به‌ڵام زمانه‌وانی یه‌ك فۆڕم له زمان ناگرێته‌وه، به‌ڵكو هه‌موو فۆڕمه‌كانی زمان ده‌گرێته‌وه! پرنسیبی راڤه‌كردنی زمان به زمان، شیعر به شیعر، شوێنی زانستگه‌رایی و وه‌سفگه‌رایی ده‌گرێته‌وه، ئه‌و پرنسیبه زمانی شیعر به میتا زمان (metalinguistic) ده‌چوێنێ… ده‌شێ شیعر له میتا زمان له دایك ببێ، به‌ڵام میتا زمان به‌های جوانی پشتگوێ ده‌خات، ئه‌و شیعرییه‌ته‌ی به‌های جوانی پشتگوێ بخات، وك تۆدۆرۆڤ ده‌ڵێ ده‌كه‌وێته بێهوده‌ییه‌وه.
كۆهین جیاكاری له نێوان به‌كاربردنی شیعر و كرده‌ی لێخوردبوونه‌وه ده‌كات، ئه‌و دوو لایه به دوو لای دیكه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌ویش جوانی و زانسته! به‌كاربردن چیژه و لێخوردبوونه‌وه مه‌عریفه‌یه، ئه‌و دوو پرۆسه‌یه‌ش پێویسته به سه‌ربه‌خۆییه‌كی ره‌ها پرۆسیسه بكرێن.
كۆهین به‌كاربردن به جوانی و چێژی جوانی ده‌به‌ستێته‌وه و لێخوردبوونه‌وه به زانست بۆ ئه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی زانستی به ده‌ست بهێنێ، به‌ڵام ئه‌و به‌یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌یه گرنگ نییه، گرنگ بهنێویهكداچوونی به‌كاربردن و لێخوردبوونه‌وه‌یه، به‌یه‌كداچوونی به‌كاربردنی جوانی و لێخوردبوونه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه یه‌كه‌میان له دووه‌میان هه‌ڵێنجراوه! ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیده كۆنه ده‌وه‌ستێ، كه ته‌نها به‌های جوانی به پێوانه‌ی بنه‌ڕه‌تی كرده‌ی راستییه‌كان و یاساكان داده‌نێ.
(13)
فۆرمالیسته‌كان شیعر وه‌ك بونیادنانێكی تایبه‌ت دیاری ده‌كه‌ن، كه شێوه‌ی ناوه‌كی له تۆڕێك په‌یوه‌ندی چڕ و پڕ هه‌ڵچنراوه، ئه‌وان له سه‌ره‌تادا جه‌ختیان له كێشی شیعری ده‌كرده‌وه و دواتر رۆلی سه‌ره‌كی بونیادی تیۆری شیعرییه‌ت له رێگای ریتمه‌وه ده‌ستنیشان كرا… جگه له‌وه بۆ قسه‌كردن له سه‌ر زمانی رۆژانه و زمانی شیعری شكلۆفسكی زمانی شیعری به زمانێكی ئامانجخواز داده‌نێ و زمانی رۆژانه ده‌خاته ده‌ره‌وه‌ی ئامانجخوازییه‌وه، پێیوایه زمانی ئامانجخواز له ئاستی زمانی شیعرییه‌وه بۆ ئاستی زمانی خوێندنه‌وه ئاسانتر ده‌گوازرێته‌وه! به‌ڵام تۆدۆرۆف ئه‌و وه‌سفكردنه‌ی شكلۆفسكی به ناڕه‌وا و نێودژ ته‌ماشا ده‌كات، ئه‌و پێیوایه مامه‌ڵه‌كردنی قوتابخانه‌ی فۆرمالیسته‌كان له‌گه‌ڵ ده‌قه، نه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كان چ له خوێنه‌ردا به‌رهه‌م ده‌هێنن.
یاكۆبسن ئاماژه به جیاوازی زمانی شیعری و زمانی هه‌ڵچوونئامێز ده‌كات و ده‌ڵێ شیعر ده‌شێ زمانی هه‌ڵچوونئامێز به كار بهێنێ، به‌ڵام بۆ كاری پێویست! به‌و مانایه‌ش وه‌ك یه‌ك ته‌ماشاكردنی زمانی هه‌ڵچوونئامێز و زمانی شیعریی هه‌ڵه‌یه، چونكه زمانی هه‌ڵچوونئامێز ئه‌ركی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌ڵام زمانی شیعری ئه‌رك به هه‌ند هه‌ڵناگرێ.
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا