
مه‌ریوان وریا قانع ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی …عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه (10-10)
—————————–
كۆمپیته‌ر و ئینته‌رنێت ره‌مزی له دایكبوونی (جیهانگیری)ین، به‌بێ له دایكبوونی ئه‌و توانا گه‌وره‌یه‌ی په‌یوه‌ندیكردنی ئه‌لكترۆنی چوارچێوه‌یه‌ك به ناوی جیهانگیری دروست نه‌ده‌بوو. دروست بوونی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ش هۆكاری هاتنه‌كایه‌ی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری گه‌وره گه‌وره‌ن، كه رۆژانه رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه، له پاش ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه، ئه‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وته گرنگانه‌ی دنیا، له دیموكراسییه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی جیاوازی و رێزگرتنی ئازادی و پێشنیاركردنی یه‌كسانییه‌كی ره‌ها له سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبوون و په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكره‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و پاراستنی مافی مرۆڤ… گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان بۆ بنه‌مای (زه‌رده‌شتییه‌ت) جگه له‌وه‌ی له رووی سیاسییه‌وه خۆكوژییه‌كی گه‌وره‌یه، جیاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیشه له بزاڤی كوردایه‌تی، به دیوه‌كه‌ی دیكه له رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری و مه‌عریفیشه‌وه باركردنی واقیعی كوردییه به دنیای غه‌یبانی، دنیایه‌ك كه پایه به هێزه‌كانی خۆی له خورافه‌تدا ده‌بینێته‌وه! ئه‌و وێناكردنه مێژووییه (ئایینییه) بۆ ناسنامه و چه‌مكی نه‌ته‌وه، تێڕوانینێكی نه‌خۆش و ترسناكه، ئه‌و دیده نه‌خۆش و ترسناكه پێیوایه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی شتێكه له دوامانه‌وه‌یه و پێویسته رهسهنیبوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی قوڵایی مێژوویی هه‌بێت، ده‌بێ بۆ به ده‌ستهێنان و پاراستنی به‌رده‌وام بۆ ناو كۆڵان و تونێڵ و تاریكایی ئه‌و مێژووه بگه‌ڕێینه‌وه، له‌و دیده‌وه ناسنامه له كراسێك ده‌چێت، كه داگیركا‌ر و هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت و هێزێكی ناحه‌ز… به زۆری له به‌ری داكهندبین و ده‌بێ ئه‌ركی ئێمه له‌مڕۆدا گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ رابردوو، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كراسه…
(مه‌ریوان وریا قانع) ساڵی (1961) له گه‌ره‌كی (سابونكه‌ران)ی شاری سلێمانی له دایكبووه، قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له (شێخ سه‌لام) ته‌واو كردووه، پاشان به ماڵه‌وه هاتوونه‌ته شاری هه‌ولێر و گه‌ڕه‌كی (سێتاقان) و دواتر له گه‌ڕه‌كی (ده‌واجن) نیشته‌جێبوونه و ناوه‌ندی (برایی) و ئاماده‌یی (كوردستان)ی له شاری هه‌ولێر ته‌واو كردووه. دوای ساڵانی هه‌شتا له زانكۆی (موسته‌نسرییه)ی شاری (به‌غداد) له به‌شی (ئابوری و كارگێڕی) وه‌رگیراوه، هه‌ر له ههشاكاندا ده‌ستی به نوسین كردووه و له كۆتایی هه‌شتاكاندا فیكری بونیادگه‌ری له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا بره‌و پێداوه… دوای راپه‌ڕینی ساڵی (1991) ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و له ساڵی (1995) له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی رۆشنبیر گۆڤاری (ره‌هه‌ند) داده‌مه‌زرێنن و له‌و گۆڤاره‌دا كاره‌كانی خۆی درێژه پێده‌دات. هه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له وڵاتی (هۆڵه‌ند)ه سه‌ره‌تا له (زانسته سیاسییه‌كان) ماسته‌ر ده‌خوێنێت و دواتر بڕوانامه‌ی دكتۆرا له ژێر ناونیشانی (خوێندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئایین و ناسیونالیزم و ئه‌ده‌بیات) له بواری زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به ده‌ست ده‌هێنێ. یه‌كه‌مین كتێبی له ساڵی (2000) به ناوی (ده‌سه‌ڵات و جیاوازیی) به چاپ ده‌گه‌یه‌نێت، پاشان كۆمه‌ڵێ كتێب به ناونیشانه‌كانی (ناسونالیزم و سه‌فه‌ر)، (شوناس و ئاڵۆزی)، (به‌خته‌وه‌ری و بێده‌نگی) ئینجا زنجیره‌یه‌ك كتێب به ناوی (كتێب و دنیا)، (دین و دنیا)، (سیاسه‌ت و دنیا)، (فیكر و دنیا) … هتد، به چاپ ده‌گه‌یه‌نێت.
بواری كاركردنی دكتۆر مه‌ریوان وریا قانع، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له كۆمه‌ڵناسیی سیاسیی و رۆشنبیریی، مێژووی فیكری و پێگه‌ی ئه‌ده‌بیات له نێو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دین و سیاسه‌ت… به زمانی ئینگلیزی و هۆڵه‌ندی ده‌نوسێ و نوسینه‌كانی بۆ چه‌ندین زمان وه‌رگێڕدراون. ئێستا له زانكۆی (ئه‌مستردام) مامۆستای به‌شی خۆرهه‌ڵاتناسییه.
ناسنامه و زه‌رده‌شتییه‌ت
به شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌مكی ناسنامه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی پێش (سوكرات) ده‌گه‌ڕێته‌وه! (بارمێندس) و (هیراكلیتس) له باره‌ی په‌یوه‌ندی (خود و ئه‌ویدیكه) و له باره‌ی هاوگونجانی نێوان ناسنامه و گۆڕانكارییه‌كانی قسه‌یان كردووه… ناسنامه هه‌میشه له په‌یوه‌ندیكردن به ئه‌ویدیكه‌وه دێته ئاراوه، له په‌یوه‌ندیكردن به ئهوانیدیكهوه گۆڕانی به سه‌ردا دێت، كه‌واته ئه‌وانیدیكه هه‌ر ته‌نها ناسنامه‌ی تۆ دیاری ناكه‌ن، به‌ڵكو دهشیگۆڕن، به كورتی مه‌رجی بونیادنانی ره‌گه‌زه‌كانی ناسنامه و خود له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدیكه‌دا دێته به‌رهه‌م، ده‌مه‌وێ بڵێم چه‌مكی ناسنامه چه‌مكێكی بێ مێژووه.
لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له نێوان (په‌یوه‌ندی و خودگه‌رایی و ئه‌ویدیكه)دا قسه له ناسنامه بكه‌م، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك بۆ خۆناسین، به‌ڵكو وه‌ك ماناسازی و جیاوازی، ئه‌گه‌ر ماناسازی ته‌رجه‌مه‌ی ئینتیمای رۆحی نه‌وه‌كان بكه‌ین، ئه‌وه جیاوازی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له خه‌سڵه‌ت و سیمای ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا كورت ده‌بێته‌وه! هه‌میشه هێز (جیاوازی) به‌ڕێوه ده‌بات، به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاته ههژمووندارهكان خه‌ریكی ناسنامهسازین، پاراستنی ناسنامه به ئه‌ركی خۆیان ده‌زانن…مه‌ریوان وریا قانع له كتێبی (به‌خته‌وه‌ری و بێده‌نگی) ل169- 170- 171، له وه‌ڵامی پرسیارێكدا مێژووی ناسنامه‌ی كوردی ده‌خاته روو و ده‌ڵێت، دوای كه‌وتنی ئیمپراتۆری عوسمانی، ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ ته‌ماشای كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده و ساڵه سه‌خته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بكه‌ین، ده‌بینین مێژووی كوردی هه‌لومه‌رجێك ژیاوه، كه تێیدا مژده و خه‌یاڵ و ئه‌گه‌ر و تواناكانی مۆدێرنه له ئاراسته‌كردنی رووداوه‌كانیدا ده‌ستی هه‌بووه، واته پرۆژه‌ی خه‌ونبینی ده‌سته‌جه‌معیانه‌ی ئێمه، پرۆژه‌ی تازه‌كردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی و فه‌رهه‌نگیمان بووه، له‌و پرۆژانه‌دا هێزی سه‌ره‌كی گۆڕان و خه‌ون و تازه‌بوونه‌وه نه زه‌رده‌شتییه‌ت بووه و نه هیچ دیدێكی مێژووگهرانهی دیكه، به‌ڵكو تواناكانی مۆدێرنه بووه. بۆیه من هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی شایانی باس له نێوان كوردبوون و زه‌رده‌شتییه‌تدا نابینم…
له رووی سیاسییه‌وه مێژووی هاوچه‌رخی ئێمه مێژووی ناسیونالیزمی كوردییه، ئه‌و ناسیونالیزمه به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م له سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی مانا و ره‌مز و خه‌یاڵ و عه‌قڵانیه‌تی سیاسی كاری كردووه، ئه‌و ناسیونالیزمه ئه‌گه‌رچی سودێكی گه‌وره‌ی له سه‌رمایه‌ی ره‌مزی سه‌ركرده ئاینییه‌كان وه‌رگرتووه، ئه‌گه‌رچی سودێكی گه‌وره‌ی له توانای رێكخستننی ده‌زگا دینییهكانی وه‌ك مزگه‌وت و ته‌كیه و ته‌ریقه‌ته‌كان وه‌رگرتووه، به‌ڵام به خۆی به هیچ مانایه‌ك پرۆژه‌یه‌كی ئایینی نه‌بووه، به هیچ مانایه‌ك شه‌رعیه‌تی خۆی له سه‌ر پرنسیبه ئایینییه‌كان بونیاد نه‌ناوه، به‌ڵكو له سه‌ر بنه‌مای پرنسیبه سیاسییه‌كانی مۆدێرنه دروست بووه. له سه‌ره‌تای دروستبوونی ناسیونالیزمی كوردی، هه‌رگیز بۆ دروستكردنی (مه‌رجه‌ع و مێژوو و زاكیره‌ی نه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت) بۆ حیكایه‌ته ئاینییه‌كان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، راسته ئایین له رێگای نفوزی هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی دینی و به گه‌ڕخستنی هه‌ندێ ده‌زگای دینییه‌وه ئاماده‌یی هه‌بوو، به‌ڵام ئایین به هیچ مانایه‌ك یه‌كێك له حیكایه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ناسیونالیزمی كوردی نه‌بووه.
ناسیونالیزمی كوردی هه‌رگیز باسی له به گه‌ڕخستنی ره‌مزه زه‌رده‌شتییه كۆنه‌كان و پیاده‌كردنی شه‌ریعه‌ت نه‌كردووه، حیكایه‌ته هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ناسیونالیزمی كوردی ئه‌گه‌ر حیكایه‌تی (كاوه‌ی ئاسنگه‌ر) و (جه‌ژنی نه‌ورۆز) بێت، حیكایه‌تی گه‌ڕانه‌وه نییه، بۆ ئایینێكی جیاواز و گریان و له‌خۆدان بۆ پاڵه‌وانێكی ئایینی ناو رابردووی ئێمه، به پێچه‌وانه‌وه حیكایه‌تی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر حیكایه‌تی داواكردنێكی سه‌رسه‌ختی عه‌داله‌تخوازییه، تا راده‌ی گه‌یشتن به راپه‌ڕین و یاخیبوون و قوربانیدان… كه‌واته زه‌رده‌شتییه‌ت نابێته به‌ردی بناغه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه!
ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، بوونی كۆمه‌ڵێك مژده‌ی هاوبه‌ش و خه‌ونی هاوبه‌ش و پلانی هاوبه‌شه بۆ ئاینده‌یه‌كی پێكه‌وه‌یی و سه‌رفراز! بۆ دروستكردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه به‌س نییه، ته‌نها ته‌ماشای دواوه و رابردووی خۆمان بكه‌ین، ئه‌وه به‌س نییه، بڵێین ئێمه نه‌وه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌رین و ده‌وڵه‌تی میدیا ده‌وڵه‌تی باپیرانی ئێمه بووه، زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ری كورد بووه، به‌ڵكو پێویستمان به دیدێكی هاوبه‌ش و خه‌ونێكی هاوبه‌ش و پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شه بۆ ئاینده! به كورتی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نادۆزرێته‌وه، به‌ڵكو داده‌هێنرێت و دروستده‌كرێت و به‌رده‌وام تازه ده‌كرێته‌وه، پێدراوێكی پێشوه‌خت نییه، به‌ڵكو داهێنراوێكی ئێستاییه و له میانه‌ی پێكدادان و ئاڵوگۆڕی و گفتوگۆی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وامدا دروست ده‌بێت.
له كۆی ئه‌و قسانه‌ی مه‌ریوان وریا قانعدا ده‌توانین چه‌مكی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له خه‌سڵه‌ت و سیما جیاكهرهوهكاندا بدۆزینه‌وه، له ته‌رجه‌مه‌كردنی ئینتیمای رۆحی نه‌وه‌كان و پلانی هاوبه‌ش بۆ ئاینده‌یه‌كی پێكه‌وه‌یی و سه‌رفراز… له كۆی ئه‌و بیروباوه‌ڕ و وێنه و ره‌مزانه‌ی كه گروپێكی كلتوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو له هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراودا له سه‌ری رێك ده‌كه‌ون و به دنیای ده‌ره‌وه‌ی نیشان ده‌ده‌ن. هه‌موو ئه‌وانه‌ش بایه‌خی له به‌رزكردنه‌وه‌ی پایه‌ی نه‌ته‌وه و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی نه‌ته‌وه‌دا هه‌یه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی بۆ بنه‌ما مێژووییه‌كانی ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكه بۆ ئیراده‌ی سیاسی و رۆشنبیریی و ره‌مزیی و مه‌عریفی یه‌كگرتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه! نه‌بوونی چوارچێوه‌یه‌كی دیموكراسییه، بۆ رێكخستنی جیاوازییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه، نه‌ك لادان له زه‌رده‌شتییه‌ت و بوون به ئیسلام…
ناسنامه‌ی كوردی و ئاڵۆزییه‌كانی
(زیگمۆن باومان) پرۆفیسۆری سۆسیۆلۆژیا، ساڵی (2016) به‌ر له كۆچكردنی له چاوپێكه‌وتنێكدا له باره‌ی ئه‌مڕۆی ناسنامه‌وه ده‌ڵێ، ناسنامه له بوونی ئه‌و شته‌ی كه تۆ له‌گه‌ڵی له دایكبووی، بۆ بوونی ئه‌رك، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری به سه‌ردا هاتووه… ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵگاكان به ئاسانی دروست نابن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ تۆ ده‌بێت كۆمه‌ڵگای خۆت دروست بكه‌یت! ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروستی ده‌كات، شتێكی لاوه‌كییه، جیاوازی نێوان كۆمه‌ڵگای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵگای واقیعی ئه‌وه‌یه، كه تۆ ده‌توانی به ئازادی بۆ كۆمه‌ڵگای واقیعی بگه‌ڕێیته‌وه، به‌ڵام تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ تۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه و كۆنترۆڵت ده‌كه‌ن… كۆمه‌ڵگای واقیعی فێری گفتوگۆمان ده‌كات، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فێری گفتوگۆمان ناكات، كۆمه‌ڵگای واقیعی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌مان فره‌وان ده‌كات، به‌ڵام تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌مان فره‌وان ناكات، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به سود و چێژن، به‌ڵام ته‌ڵه‌ن.
له بیرمان نه‌چێت، ئه‌و یاسایه‌ی هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك له نه‌وه‌كانی به‌ر له خۆی و دوای خۆی به یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات، یاسای به‌رده‌وامی و دابڕان، پێكه‌وه بوون و جیابوونه‌وه‌یه… مه‌ریوان وریا قانع له كتێبی (شوناس و ئاڵۆزی) ل140 ده‌ڵێت، هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك سه‌ر له نوێ پێناسه‌ی تایبه‌ت به‌و چه‌مك و مانا و پرنسیبه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگییانه ده‌دات، كه له هه‌ناویدا گه‌وره ده‌بێت و به هۆیانه‌وه جیهان ده‌ناسێت و دیارده‌كان راڤه ده‌كات و دواجاریش له هه‌ناویاندا ده‌مرێت. له رێگای پێناسه‌كردنه‌وه‌ی شته‌كانه‌وه ئه‌و نه‌وه‌یه شوناسێك به خۆی ده‌به‌خشێت و به خۆی و به ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌ڵێت ئه‌وه منم و ئه‌وه‌ش هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كلتوری و مه‌عریفی منه، ئه‌وه‌ش ماناكان و هه‌ڵوێسته‌كانی منه بۆ دنیا و دیارده‌كانی ده‌وروبه‌رم. هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك نه‌توانێ ئه‌و كاره بكات، نه‌وه‌یه‌كی بێ شوناس ده‌بێت و ئه‌و بێ شوناسییه ده‌یكاته بوونه‌وه‌رێك، كه شته‌كان له ده‌ره‌وه‌ی خواستی ئه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌چن.
پرسیاری ئه‌وه‌ی ئێمه كێین؟ هه‌ر ته‌نها ماڵئاوایی كردن نه‌بووه له شوناسی كۆسمۆپۆلی كه هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه و دروستكردنی ماڵی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ر ته‌نها له‌به‌ر یهكههڵوهشانهوهی فانتازیای سیاسی و كلتوری، له‌به‌ر یهكههڵوهشانهوهی سه‌ر زه‌مینی هاوبه‌شی برای ئایینی و په‌یمانی ئایینی نه‌بووه، هه‌ر ته‌نها به دروستبوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگا و بۆچوون و پرنسیب و فانتازیا تایبه‌ته‌كانی مۆدێرنه و بزاوتی نه‌ته‌وه‌یی په‌یوه‌ست نییه. به‌ڵكو به هێزێكی ره‌مزییه‌وه په‌یوه‌سته، كه بتوانێ خه‌ون و خه‌یاڵ و ویسته‌كانی نه‌وه‌ی نوێ له واقیعدا بنه‌خشێنێ و كۆمه‌ڵگایه‌كی جیاواز بهێنێته ئاراوه.
مه‌ریوان وریا قانع پێیوایه ناسیونالیزمی كوردی له رووی سیاسییه‌وه پشت ئه‌ستور بوو به نوخبه‌ی رۆشنبیرییه‌وه، دروستكردنی حیزبی سیاسی و دامه‌زراندنی یانه و ده‌زگا و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ی نوێ… له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی ئه‌و نوخبه رۆشنبیرییه‌وه بووه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و نوخبه‌یه له‌وه‌دابووه، كه نه‌یتوانی په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆڕگانی له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوریی و زمان و ره‌مزه ته‌قلیدی و باوه‌كانی كۆمه‌ڵگادا دروست بكات، ئه‌وه‌ش بۆ نه‌بوونی سه‌رمایه‌یه‌كی به هێزی ره‌مزی ده‌گه‌ڕێته‌وه، هێزێكی ره‌مزی كه پشتی ئه‌و نوخبه‌یه بگرێ و بتوانێ خه‌ون و خه‌یاڵ و ویسته‌كانی له واقیعدا بنه‌خشێنێ، بتوانێ هێزه‌كانی دیكه له ده‌وروبه‌ری كۆ بكاته‌وه، تا ئه‌و نوخبه‌یه بتوانێ كاریگه‌ری راسته‌وخۆ له سه‌ر واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دروست بكات… به‌و مانایه‌ش كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، كه خه‌ونی بونیادنانی قه‌واره‌ی سیاسی كوردی یه‌كانگیر نه‌بووه له‌گه‌ڵ خه‌ونی تازه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردیدا؟!
ناسنامه و دنیا
جیاوازی نێوان كۆمه‌ڵگای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵگای واقیعی، له ئازادی و ئاسایشدایه، زیگۆمان باومان ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئاسایشی زیاترت بووێ، ده‌بێ واز له بڕێك ئازادی خۆت بهێنیت، (چونكه دواجار ئه‌وه‌ی ئێمه له سه‌ركه‌وتنی ئازادی پێشبینیمان ده‌كرد، كۆمپانیاكان ده‌ستیان به سه‌ردا گرت)… به‌ڵام جیاوازی نێوان هێز و سیاسه‌ت، له به جیهانیبوون و به ناوخۆیبووندایه! تێكه‌ڵكردنی ماڵی سیاسه‌ت به ماڵی هێز له سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه كۆتایی هاتووه، چونكه سیاسه‌ت ناتوانێ به‌ڵێنه‌كانی به‌رێته سه‌ر، به‌ڵام هێز به جیهانی بووه… كه‌واته هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی كورد پێمانوابێت ده‌توانین ته‌نها له رووی ناوخۆییه‌وه كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
ئه‌مڕۆ دنیا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناسنامه‌دا شكاوه، مه‌رج نییه په‌یوه‌ندی ناسنامه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنه هه‌بێت، كه لێی ده‌ژی؟! دنیا روو به‌ڕووی گۆڕانكاری زۆر بۆته‌وه، تێگه‌یشتن له‌و گۆڕانكارییانه له سه‌ر پرسه ناسنامه‌یی و كلتورییه‌كان بۆ ئێمه‌ی كورد بایه‌خی تایبه‌تی هه‌یه! ناسنامه ئامرازێكی دروستكراوه، به‌ڵام ده‌بێ بزانین ناتوانین وازی لێبهێنین، ده‌بێ به شێوه‌یه‌كی دیكه به دوایدا بگه‌ڕێین، چونكه ناسنامه هاوسه‌نگی نێوان خود و ناخود راده‌گرێت.
ره‌نگه چیدی نه‌توانین پێناسه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به دانیشتوانی ئه‌و سه‌ر زه‌مینه جوگرافییه بكه‌ین، كه نه‌وه‌كانی به‌ر له ئێمه‌ی تێیدا ژیاون، وه‌ك مه‌ریوان وریا قانع له شوناس ئاڵۆزی ل87-88 دا ده‌ڵێ، ناتوانین دیارده‌كانی ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ته‌نها له سیاقه لۆكاڵیه‌كانی ناوخۆدا بخوێنینه‌وه و چاو له‌و هه‌موو رایه‌ڵه ئه‌لكترۆنیانه بنوقێنین، كه ئه‌و كۆمه‌ڵگایه به ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه گرێ ده‌دات.
ئه‌مڕۆ دنیا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا شكاوه، بۆیه گره‌وی سه‌ره‌كی سۆسیۆلۆژیای هاوچه‌رخ له‌وه‌دایه، چۆن بتوانێ قسه له سه‌ر دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دنیای هاوچه‌رخ بكات، به بێ ئه‌وه‌ی چه‌مكی كۆمه‌ڵگا به كار بهێنێت؟! چونكه كۆمه‌ڵگا سه‌ر به سۆسیۆلۆژیای سه‌ده‌ی نۆزده و قۆناغی بونیادنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه، واته له رۆژگاری جیهانگیریدا ئه‌و چه‌مكه ناتوانێ وه‌ك چوارچێوه‌ی روودانی رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌ماشا بكرێت!
ئه‌مڕۆ دنیا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نیشتماندا شكاوه، واته چه‌مكی نیشتمانیش گۆڕانی گه‌وره‌ی به سه‌ر داهاتووه، نیشتمان چیدی به ته‌نها جوگرافیایه‌كی واقیعی نییه، واته شوێنێك نییه، تۆ ده‌بێت تێیدا ژیابیت و پێی ئاشنا بیت، به‌ڵكو جوگرافیایه‌كی خه‌یاڵیشه، شوێنێكه ده‌شێ نه‌یناسیت و نه‌دیبێت و تێیدا نه‌ژیابیت. نه‌خشه‌ی نیشتمان چیدی به ته‌نها له ناو واقیعێكی جوگرافی لۆكاڵیدا نییه، به‌ڵكو له نێو ئامرازه ته‌كنیكییه‌كانی (شاشه‌ی كۆمپیوته‌ر، فاكس، نامه‌كانی ئینته‌رنێت، به‌رنامه‌ی ته‌له‌فیزۆن، سه‌تالایت…) دایه، له نێو په‌یوه‌ندی نوێ دایه. دواجار چیدی ناسنامه به ته‌نها له پاڵ پێدراوه لۆكاڵی و ناوچه‌ییه‌كانی ناو نیشتمان و كلتوری ناو نیشتماندا به‌رهه‌م ناهێندرێت، به ته‌نها راسته‌وخۆ ژینگه، ژینگه‌ی هه‌ڵهێنجانی ماناكان و پێناسه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كان نییه، چونكه له‌گه‌ڵ ئینته‌رنێتدا توانایه‌ك هاتۆته كایه‌وه، كه هه‌موو جیهان بێته سه‌ر زه‌مینی په‌یوه‌ندی رۆژانه و ببێته سه‌ر زه‌مینی به‌رهه‌مهێنانی مانا و شوناس. له دۆخێكی وادا ناسنامه ساده و تاكرهههندهكان دووچاری قه‌یران ده‌بنه‌وه و قۆناغی ناسنامه ئاڵۆزه‌كان دێته كایه‌وه، بیرۆكه‌ی فره‌ده‌نگی، جیاوازی، به‌ناویه‌كداچوون و تێكه‌ڵبوونی گڵۆباڵ به لۆكاڵ وا ده‌كات ئینسان هه‌میشه له به‌ر ده‌م رستێك ئه‌گه‌ر و توانای هه‌ڵبژاردن و داڕشتنی ناسنامه‌ی تازه‌دا بێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش واده‌كات نوێنه‌رانی ناسنامه‌ی تاكرهههند و ته‌قلیدی ترسیان لێبنیشێت.
هه‌ولێر ٍٍ23/7/2018