(سێ شیعری محمود ده‌روێش و دوو وه‌رگێڕانی جیاواز)…. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، بزاوتێكی گه‌وره له‌وه‌رگێڕان له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا ده‌ركه‌وتووه. كه‌تیایدا سه‌دان به‌رهه‌می نووسه‌رانی دنیا به‌زمانه جیاوازه‌كان وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌رزمانی كوردی. ئه‌وبزاوته به پێی پاشخانی ڕۆشنبیری وه‌رگێڕو ئاستی زانین و شاره‌زاییان له‌زمان ده‌گۆڕێت. واته ئه‌زموونه‌كان جیاوازن. دیاره ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی نێوه‌ندێكی تایبه‌ت به‌وه‌رگێڕانه كه‌تیایدا ستافێكی شاره‌زا، بڕیارله سه‌رجۆرو ناوه‌ڕۆكی ئه‌وبه‌رهه‌مانه‌بدات كه‌وه‌رده‌گێڕدرێن. بۆیه ده‌بینین هاوشێوه‌ی زۆر كایه‌ی تر،وه‌رگێڕانیش له‌نێوئێمه‌داچه‌ندین كه‌موكورتی هه‌یه.چونكه هه‌رده‌زگاو هه‌ر وه‌رگێڕێك په‌یره‌و له جۆرێك نووسین و ڕێنووس ده‌كات كه‌خۆی ده‌یه‌وێت.
نه‌ك بنه‌مایه‌كی دارێژراوی زانستییانه و زمانه‌وانی هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ته وه‌رگێڕان هونه‌ره.له‌وهونه‌ره‌شدا پێشمه‌رجی یه‌كه‌م شاره‌زایی و قوڵبوونه‌وه‌یه له‌هه‌ردوو زمان.تائاستی هاوتاكردن و به‌راوردكاریانه‌ی زمان.به‌ڵام له شاره‌زایی گرنگتر، زاڵبوونی وه‌رگێڕه به‌سه‌ر هه‌ردووزمانداله‌ڕووی واتاسازی و چه‌مك و ده‌ربڕینه‌كان. بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه بگه‌ینرێته خوێنه‌ر. بێگومان مه‌رج نییه له‌هه‌ردووزماندا، هاوواتاو مانای دروستی وشه‌یه‌ك وه‌ك یه‌ك بوونیان هه‌بێت. به‌ڵام مه‌رجه مانای ئه‌و چه‌مكه هێنده له‌زمانی بۆ وه‌رگێڕدراو نزیكبكرێته‌وه تاڕاده‌ی گه‌یاندنی مانای ته‌واو.له‌وه‌رگێڕاندا هه‌رگیز ده‌قێك وه‌كو خۆی به‌هه‌مان وێنه‌و بونیادی زمانه‌وانی، به‌هه‌مان ئاماژه و واتا،له‌زمانێكی دیكه‌دا به‌رجه‌سته‌ناكرێت. به‌ڵكو ناوه‌ڕۆك، په‌یام و ئاماژه‌كان ده‌گه‌ینرێن. زۆرجار ده‌ڵێن وه‌رگێڕان خیانه‌ته. وه‌رگێڕانی شیعریش دووجار خیانه‌ته. چونكه ناتوانرێت ده‌قێكی شیعری به‌هه‌مان وێنه‌ی هونه‌ری و شیعریه‌ته‌وه، وه‌ربگێردرێت.
به‌پێچه‌وانه ده‌قه‌كانی چیڕۆك و ڕۆمان كه‌ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌یان تێدایه‌و ده‌توانرێت به‌یه‌ك هێڵی ئاسۆیی، ده‌قه‌كه وه‌ربگێڕدرێت. به‌ڵام تۆپۆگرافیای ده‌قی شیعری، به‌تایبه‌تیش شیعری سه‌ربه‌ست وئازاد جیاوازه له‌ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی تر. بۆیه زۆرجار كاتێ ده‌قێكی شیعری به‌زمانی پێ نووسراو ده‌خوێنینه‌وه،هه‌ست به‌و جیاوازییانه ده‌كه‌ین كاتێ هه‌مان ئه‌وده‌قه به‌زمانی بۆ وه‌رگێڕدراوی زمانی دووه‌م ده‌خوێنیینه‌وه.بگره له‌زۆركاتدا ڕه‌نگه چێژیشی لێ نه‌بینین.چونكه شیعر له‌وێنه‌ی هونه‌ری و شیعریه‌ت و ڕیتمی ناوه‌كی وشه‌كان پێكهاتووه.به پێچه‌وانه‌ی چیڕۆك و ڕۆمان كه‌ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌یان تیادا به‌رجه‌سته‌یه. گێڕانه‌وه‌ش به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی هونه‌ری له‌ده‌قی شیعریدا، كردارێكی ئاسانتره بۆ وه‌رگێڕان. به‌ڵام لێره‌دا له‌بواری وه‌رگێڕان به‌گشتی گرفتێكی دیكه‌ش هه‌یه، ئه‌ویش جیاوازی وه‌رگێڕانه‌كانه‌لای وه‌رگێڕه‌كانی كورد له‌ئاستی وشه‌و په‌یام و ناوه‌ڕۆكی ده‌ق.
به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌خوێنه‌ر زۆرجار به‌ردوو وه‌رگێڕانی جیاوازی ده‌قێك ده‌كه‌وێت. له‌كاتێكدا ده‌قه‌كه ونووسه‌ره‌كه‌ش هه‌ریه‌ك كه‌سن. ده‌شێ ئه‌م جیاوازییه په‌یوه‌ندی به تێگه‌یشتن و ئاستی زانینی زمان وشاره‌زایی وه‌رگێڕان هه‌بێت. به‌ڵام ناكرێت یه‌ك ده‌قی دیاریكراو به‌چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌و ده‌ربڕینی جیاواز وه‌ربگێڕدرێن. چونكه ئه‌مه گیروگازی تێگه‌یشتن لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات.ده‌كه‌وێته گومان و دوودڵی به‌وه‌ی كام وه‌رگێڕانیان هونه‌ریتره له ئه‌وه‌ی تریان. له‌وڕوانگه‌یه‌وه، ئێمه ئاماژه بۆ سێ ده‌قی شیعری (مه‌حمود ده‌روێش) ده‌كه‌ین كه به‌دووشێوه‌ی جیاواز وه‌رگێڕدراون له‌كاتێكدا شیعره‌كان هه‌مان شیعرن.
ئه‌وسێ ده‌قه له‌كتێبێ(بیرت ده‌چیته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بووبیت) كه (ئازاد به‌رزنجی) وه‌ریگێڕاوه‌و تایبه‌ته به‌ژیان و شیعره‌كانی ده‌روێش بڵاوكراونه‌ته‌وه. هه‌مان ئه‌وسێ شیعره (پشكۆ نه‌جه‌مه‌ددین)یش وه‌ریگێڕاون و له ژماره(1035ی ڕۆژی 12-4-2018) ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بڵاوكراونه‌ته‌وه. جیاوازی شیعره‌كان له‌و دوو وه‌رگێڕانه‌دا له‌ئاستێكه كه‌ته‌واو هه‌ست به‌جیاوازی وشه‌و بونیادی زمانی ده‌قه‌كه ده‌كه‌ین.به‌و پێیه‌ی وێنه شیعرییه‌كان، یاخود چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌كان، له‌هه‌ردوو ده‌قدا گۆڕانیان به سه‌رداهاتووه. هه‌مووشمان ده‌زانین له‌زانستی زمان به‌گشتی و زمانی كوردی به‌تایبه‌تی، هه‌رگۆڕانكارییه‌ك له‌فۆنیمی وشه‌كان، یاخود بونیادی وشه‌كان، ده‌بێته هۆی گۆڕانكاریی له‌مانای وشه‌كان. ڕه‌نگه نه‌توانرێت ماناكانی ده‌قێكی شیعری به‌هه‌موو وێنه و پێكهاته هونه‌رییه‌كانه‌وه، وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر زمانی كوردی. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت هه‌رگۆڕانكاریی و جێگۆڕێیه‌ك له‌تۆپۆگرافیای وشه‌كان له بونیادی ده‌قدا، ده‌بێته هۆێ ئاڵۆزی له‌ماناو ناوه‌ڕۆكی ده‌ق.
لێره‌دا ئێمه چه‌ند كۆپڵه‌یه‌ك له‌هه‌رسێ شیعره‌كانی ده‌روێش وه‌رده‌گرین، كه هه‌ردوو وه‌رگێڕ به‌ڕوانینی خۆیان وه‌ریان گێڕاوه‌ته‌سه‌ر زمانی كوردی. له‌به‌ردرێژنه‌بوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌مان و هه‌روه‌ها شیعره‌كانیش، ناتوانین هه‌موو شیعره‌كان بنووسینه‌وه. ته‌نها ئه‌و وێنه شیعریانه وه‌رده‌گرین، كه‌جیاوازییان هه‌یه له‌ماناو ناوه‌ڕۆك. ئه‌میش له‌ڕێگه‌ی جیاوازی ئه‌زموونی وه‌ڕگێڕانی هه‌ردوو وه‌رگێڕه‌وه.له‌خواره‌وه ئاماژه به‌كۆپڵه شیعرییه‌كان ده‌كه‌ین:_
*(شیعری هیوا)
نموونه له‌وه‌رگێڕانی( ئازاد به‌رزنجی):_
هێشتا له‌ماڵه‌كانتانا حه‌سیرو ده‌رگایه‌ك ماوه..
به‌ری ڕه‌شه‌با له‌و مناڵانه بگرن به‌ڵكو خه‌ویان لێبكه‌وێ..
باوكه ئه‌و خوێنه مه‌ڕێژن..له‌هه‌ناوتانا كۆرپه‌له هه‌یه..
هه‌نگوینه‌كه بپارێزن..
هه‌مان شیعر به‌نموونه‌ی وه‌رگێڕانی(پشكۆ نه‌جمه‌ددین):_
هێشتا له‌ماڵی ئێوه‌دا ڕاخه‌رێك و ده‌رگایه‌ك هه‌ن..
ڕێ له‌ڕه‌شه‌با بگرن تامنداڵه‌كان ڕابكشێن..
له پشتانا تۆرمه‌ی كۆرپه‌له ده‌بزوێ..ئێوه ئه‌و خوێنه مه‌ڕێژن..
هه‌نگوینه‌كه پاشه‌كه‌وت بكه‌ن..
ئه‌گه‌ر به‌راوردی نموونه‌ی هه‌ردوو وه‌رگێڕانه‌كه بكه‌ین، تێبینی چه‌ند حیاوزییه‌ك ده‌كه‌ین له ئاستی بونیادی زمانه‌وانی داڕشتنی وشه وڕسته‌كان و هاوكات له‌ڕووی ماناشه‌وه. له‌دێڕی یه‌كه‌مدا، ماڵه‌كانتان به‌شێوه‌ی كۆ و به‌گشتی به‌كارهاتووه، به‌ڵام له‌نموونه‌ی دووه‌م ماڵ، ماڵێكی دیاریكراوه كه‌ئه‌ویش هی كه‌سی دووه‌می كۆیه. له‌هه‌مان كۆپڵه‌دا حه‌سیرهه‌یه كه‌ئاماژه‌یه بۆ جۆره ڕاخه‌رێكی دیاریكراو‌و تایبه‌تی، به‌ڵام له‌وه‌ی تریان ڕاخه‌ر هه‌یه كه‌هه‌موو جۆرێك ده‌گرێته‌وه. له‌نموونه‌ی یه‌كه‌م منداڵان خه‌ویان لێده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌نموونه‌ی دووه‌م ڕاده‌كشێن. بێگومان خه‌وتن و ڕاكشان دوومانای جیاوازیان هه‌یه. چونكه خه‌وتن كردارێكی دیاریكراوه.
به‌ڵام ڕاكشان مه‌رج نییه ئامانج لێی خه‌وتن بێت. به‌ڵكو سره‌وتن، ئارامی، هه‌دادان، پاڵكه‌وتنیش ده‌گرێته‌وه. له‌نموونه‌ی یه‌كه‌مدا، كۆرپه‌له له‌هه‌ناودایه، به‌ڵام له‌نموونه‌ی دووه‌مدا، له‌پشتدایه. هه‌مووشمان ده‌زانین له‌زمانی كوردیدا، پشت و هه‌ناو دوومانای جیاواز ده‌گه‌یه‌نن. وێرای ئه‌مه‌ش له‌نموونه‌ی یه‌كه‌م وشه‌ی (تۆرمه) نییه، به‌ڵام له‌نموونه‌ی دووه‌مدا هه‌یه. له هه‌مان ئه‌وكۆپله شیعریه‌دا، له‌نموونه‌ی یه‌كه‌م، هه‌نگوینه‌كه ده‌پارێزرێت، به‌ڵام
له‌نموونه‌ی دووه‌م پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت.له‌كاتێكدا ئه‌م دوو وشه‌یه جیاوازن له‌یه‌كتری. ئه‌گه‌ر هه‌ردوو دێڕه شیعریه‌كه، وه‌ربگێڕینه سه‌رزمانی عه‌ره‌بی، ئایا ما‌نایان ده‌گۆڕێت یاخود نا؟
*شیعری(شه‌مه‌نده‌فه‌ری سه‌عات یه‌ك)
نموونه له‌وه‌رگێڕانی( ئازاد به‌رزنجی):_
ژن و پیاوێ له‌یه‌كدی جیاده‌بنه‌وه.. ئه‌شكێنه‌وه..
حه‌زئه‌كه‌ن له‌ژێیه‌كانی گیتاره‌كه‌وه..
كۆمه‌ڵێ كۆڵان و هاوڕێ له‌مه‌درید بانگیان كردم…
هیچی ئه‌و ژنه‌م له‌یاد ناچێ..
دووپیاو و ژنێك پێك ئه‌گه‌ین..
هه‌مان وێنه شیعرییه‌كان به‌نموونه‌ی وه‌رگێڕانی(پشكۆ نه‌جمه‌ددین):_
ژن و پیاوێك لێك داده‌بڕێن…دڵیان ده‌شكێن..
هاوئاهه‌نگن له‌ژێی تاردا..
له‌مه‌درید كۆڵانه‌كان بانگیان كردم..
له‌ژندا من هیچ شتێكی له‌بیرناكه‌م..
ئێمه ژن و پیاوێك ده‌بووین… پێك گه‌یشتبان..
له‌هه‌ردوو نموونه‌ی وه‌رگێڕانی شیعره‌كه‌دا، هه‌ست به‌جیاوازییه‌كی ته‌واو له‌ڕووی وشه‌سازیی و بونیادی ڕسته‌یی زمان ده‌كه‌ین.ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌وشه‌كان له‌ڕووی ماناشه‌وه، دوو واتای جیاواز ده‌گه‌یه‌نن. له‌نموونه‌ی یه‌كه‌مدا، ئامێره‌كه گیتاره،به‌ڵام له‌وه‌ی دووه‌م بۆته تار. بێگومان ئه‌و دوو ئامێره‌ش(ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌نه‌بم) جیان له‌یه‌كتری. له‌نموونه‌ی یه‌كه‌مدا، كۆَڵانه‌كان و هاوڕێ ده‌بینرێن، به‌ڵام له‌وه‌ی تریان ته‌نها كۆڵانه‌كانه. له‌وه‌رگێڕانی یه‌كه‌مدا، شوناسی ژنه‌كه دیاریكراوه. واته مه‌به‌ستی شاعیرژنێكه كه له‌خه‌یاڵی ئه‌ودایه و هیچ شتێكی ئه‌وی له‌یاد ناچێ. به‌ڵام له‌وه‌ڕگێرانی دووه‌مدا،شوناسی ژن شوناسێكی گشتییه. واته هیچی كۆی ژنه‌كانی له‌بیرناچێت. نه‌ك ته‌نها تاقه ژنێكی دیاریكراو.له‌وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجیدا، دوو پیاو و ژنێك پێگ ئه‌گه‌ن، به‌ڵام له‌وه‌رگێڕانی پشكۆ نه‌جمه‌ددیندا،ته‌نها ژنێك و پیاوێكن. له‌كۆتادێڕیشدا، له وه‌رگێڕانی یه‌كه‌م وشه‌ی(ئه‌شكێنه‌وه)یه.به‌ڵام له‌وه‌رگێڕانه‌كه‌ی تردا هه‌مان وشه بۆته(دڵیان ده‌شكێن).
شیعری(یه‌كشه‌ممه‌ی شین)..
نموونه له‌وه‌رگێڕانی(ئازاد به‌رزنجی):_
هه‌نگاوی كه‌سێ ئه‌بینی سه‌فه‌رده‌كا..
موزارت هه‌لئه‌بژێرێ…
هه‌مان دێڕه شیعرییه‌كان به‌نموونه‌ی وه‌رگێڕانی(پشكۆ نه‌جمه‌ددین)..
كه‌سێك ده‌بینیت له‌سه‌فه‌ردایه..
موزیكی مۆزارت له‌به‌ردڵی ده‌نێ..
له‌نموونه‌ی یه‌كه‌م، وشه‌ی سه‌فه‌ر ڕانه‌بردووه، چونكه كرداره‌كه هێشتا ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌ڵام له‌وه‌ی تریان، له‌سه‌فه‌ردایه واته ڕابردووی به‌رده‌وامه. له‌دێڕی دووه‌مدا مۆزارت هه‌ڵئه‌بژێرێ، به‌ڵام له‌وه‌رگێڕانه‌كه‌ی تردا، مۆزیكی مۆزارت هه‌ڵئه‌بژێرێ. واته‌له‌مه‌دا مه‌به‌سته‌كه دیاریكراوه كه‌مۆزیكی مۆزارته،به‌ڵام له‌وه‌ی یه‌كه‌میان ته‌نها مۆزارته كه‌ده‌شێ گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین مۆزارت ناوێك بێت، هه‌رناوێك نه‌ك ناوی مۆسیقارێك. ئه‌مانه به‌شێك بوونه له‌و جیاوازیانه‌ی كه‌وتنه به‌رچاوم. دیاره من وه‌ك خوێنه‌رێك ناتوانم دادوه‌ری بكه‌م و له‌نێوان هه‌ردوو وه‌رگێڕانه‌كه‌دا ڕای خۆم بڵێم. به‌تایبه‌تیش كه‌من زمانی عه‌ره‌بی نازانم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندی به‌ئه‌زموون و پیشه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه هه‌بێت، ئه‌وا بێگومان ئازاد به‌رزنجی یه‌كێكه له‌وه‌رگێڕه هه‌ره سه‌ركه‌وتوو دیاره‌كانی ئێمه، كه‌به‌پیشه وه‌رگێڕه‌و وه‌رگێڕانی كردۆته كاری هه‌میشه‌یی خۆی و قوربانی به‌دنیای چیڕۆك نووسینی خۆی داوه له‌پێناو كاری وه‌رگێڕیدا.تائێستاش وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌یان كاری وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی ئه‌وم خوێندوونه‌ته‌وه‌وچێژم لێوه‌گرتوون…
سه‌رنج/ خوێنه‌ر ده‌توانێ بۆ به‌راوردكردنی شیعره‌كان،بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌وه ئاماژه‌م پێكردوون.
*ئه‌م بابه‌ته له(ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ) ژماره(1046)ی ڕۆژی 12-7_2018بڵاوكراوه‌ته‌وه……