Skip to Content

رۆمانی دۆن کیشۆت کتێبە ئەفسوناوییەکەی جیهان.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

رۆمانی دۆن کیشۆت کتێبە ئەفسوناوییەکەی جیهان.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 7, 2021 General, Literature


یەکێک لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان رۆمانی ” دۆن کیشۆت”ە لە نووسینی نووسەری ئیسپانی ” میگێل دی سێرڤانتس”. ئەم کتێبە بە دایکی رۆمان دادەنرێت لە مێژوودا، لێرەوە ژانری رۆمان خۆی خستە ناو ئەدەبیاتی جیهانەوە. وا بۆ سەرو 400 ساڵ دەچێت بەسەر چاپ بوونی ئەم کتێبەدا، لەپاش ئەم رۆمانەش هەزاران رۆمانی تر چاپبوون، لێ هێشتا ئەم رۆمانە وەکو خۆرێکی پرشنگدار لەناو کتێبخانەی جیهاندا دەدرەوشێتەوە.
ئەم رۆمانە بەشی یەکەمی لە ساڵی 1605 دا نووسراوە بەشی دووەمیشی ساڵی 1615 چاپکراوە. هەرچەندە لە جیهاندا هێندەی ناوی رۆمانەکە ناسراوە، ناوی نووسەرەکە ناسراو نییە، دیارە لەمەشدا سێرڤانتس شانسی نەبوو، هەتا لەژیاندا بوو زۆر سوودی لێوەرنەگرت، لەپاش خۆشی، رۆمانەکە ناوبانگی لە نووسەرەکەی بردووە، ئەمەش بەدبەختییەکی ترە بۆ نووسەر.
ساڵی 2002 ئەکادیمیای نەرویژی راپرسییەکی لە جیهاندا کردبوو لەبارەی بەهێزترین و مەزنترین کتێبی ئەدەبی جیهان، راپرسیەکە 54 وڵاتی گرتبووە، لەو راپرسیەدا رۆمانی دۆن کیشۆت بە یەکەم دەرچوو، لە پێش کارەکانی دۆستۆیڤسیکی و مۆلێر ودانتی و شکسپیرەوە بوو.
هیچ کتێبێک هێندەی ئەم کتێبە کاریگەری بەسەر کەلتوری جیهان بەجێنەهێشتووە، هەتاوەکو ئێستا 50 شاکاری موزیکی و 26 جار فیلمی لێدەرهێنراوە، چەندینجار لەسەر تەختی شانۆکانی جیهان نمایشكراوە، لەناو هونەری بالێتیشدا لقێک بەناوی ” بالێتی دۆن کیشۆتی ” دانراوە. تەنانەت کراویشە بە فیلمی کارتۆنی بۆ منداڵان. لەرووی ئەدەبیشەوە تەواوی ئەدیبانی جیهانی سەرسامکردووە. گەورە نووسەری روسی دۆستۆیڤسکی لەبارەی ئەم رۆمانەوە دەڵێت: سێرڤانتس قووڵترین و بەهێزترین نووسەری جیهانە، ئەم رۆمانەش دوایین وشە و جوانترین فکری مرۆڤایەتییە.
هەموو ئەمانە وامان لێدەکات کە لەبەردەم ئەم کتێبەدا تێڕامانی قوول بکەین و بپرسین، هۆکاری ئەم هەموو کاریگەرییە گەورەیە چییە؟

پێشئەوەی دەستبکەم بە خوێندنەوەی رۆمانەکە، چەندین وتارم لەبارەیەوە بە زمانی ئەڵمانیی و عەرەبی خوێندبۆوە، ئەم هەموو وتار و لێکۆڵینەوە زۆرانە لەبارەی ئەم کتێبەوە بووە مایەی سەرنجی زیاترم.
زۆر دەمێکە دەمویست رۆمانی ” دۆن کیشۆت” ی نووسەری ئیسپانی ” سێرڤانتس بخوێنمەوە. ئەمساڵ چاپێکی عەرەبی زۆرباشم دەستکەوت، کە نزیکەی 970 لاپەڕەیە و هەردوو بەشەکەی تێدایە و لەلایەن نووسەری ناسراوی میسری ” عەبدولرەحمان بەدەوی” لە ئیسپانییەوە کراوەتە عەرەبی. بۆیە دەستمکرد بە خوێندنەوەی، نایشارمەوە چ لەرووی ناوەڕۆک و چ لەرووی شێوازی نووسینیشەوە، زۆر جێژم لێبینی. ئەم رۆمانە کۆمەڵێک چیرۆکی سەیرو جوانی تێدایە، چەندین بەسەرهات و سەرکێشی تێدایە، جگەلەوەش زانیاری مێژوویی زۆر گرنگی تێدایە لەبارەی گەلانی ئەوروپا و خۆرهەڵاتەوە.
دەستەواژەی ” دۆن کیشۆت” زۆرجار بەرگوێمان دەکەوێت کە گوزارشت لە کەسایەتییەکی “خەیاڵاویی، زۆرجاریش “فشەکەر” بەکاردێت. جگە لەوەش ئەم رۆمانە تەنها لە بواری ئەدەبدا جێگەی خۆی نەکردەوە، بەڵکە لە بوارەکانی تریشدا کاریگەری خۆی بەجێهشتووە بەتایبەتی لە بواری هونەری تابلۆکێشان، موزیک، ئۆپێرا، فیلم، شانۆ. جگەلەوەش زۆر نووسەری تر سوودیان لە حکایەتە جۆراجۆرەکان ناو رۆمانەکە وەرگرتووەو لە رۆمانەکانی خۆیاندا بەکاریهێناوە.
هەتاوەکو ئەمڕۆ لە جیهاندا زۆر کتێب و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم رۆمانەوە نووسراوەو هەر کەسەو بەپێی تێگەیشتن و جیهان بینی خۆی قسەی لەبارەوە کردووە، لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ئەم رۆمانە مەزنەی جیهان، کە ماوەی 400 ساڵە، تەواوی جیهانی سەرقاڵ کردووە.
سەرەتا پێمخۆشە کەمێک باسی سرڤانتس و ئەو سەردەمە بکەم کە تێیدا ژیاوە، چونکە چ زەمەن و چ شوێنیش هاوکاریمان دەکات لەم نووسەرەو بەرهەمە جوانەکانی بگەین.

نووسەرێکی بەدبەخت

کاتێک سەیری ژیانی سێرڤانتسم کرد، بینیم وەکو زۆرێک لە نووسەرانی تری جیهان، ژیانێکی زۆر ناخۆش و هەژار و بەدبەخت ژیاوە. هەژاریی، زیندان، ئاوارەیی، برسێتی، نەبوونی خێزانێکی بەختەوەر، کوولەمەرگی ژیاوە.
سێرڤانتس لە 29 ی سێپتەمبەری ساڵی 1547 لە شاری ئەلکالا دی ئیناریس لە ئیسپانیا لەدایک بووەو لە 22 ئەپریلی ساڵی 1616 لە تەمەنی 68 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە. هەرچەندە باوکی جەراحێکی ناودار بووەو دایکیشی لە بنەماڵەیەکی ئاینی بووە. پاشان دەچێت بۆ شاری ئیشبیلیە لە قوتابخانەی یەسوعییەکان ئایین دەخوێنێت.
سێرڤانتس سێ برای تری هەبووە. باوکی پێشتر ئامۆژگاری منداڵەکانی کردووە کە سێ رێگە هەیە بۆ گەیشتن بە مەزنیی و خۆشگوزەرانی: یەکەمیان کارکردن لە بواری سەربازیدا. دووەمیان، بازرگانی لەگەڵ هیندوستان. سێهەمیان کڵێسە واتە ببیتە قەشە. سێرڤانتس یەکەمیان هەڵدەبژێرێت و دەبێتە سەرباز. گەرچی براکانی تری یەکێکیان کڵێسە هەڵدەبژێرێت، ئەوی تریشیان بازرگانی.
جێگەی ئاماژەیە لەکاتی باسکردنی حکایەتی ” دیلەکەدا” لەبەرگی دووەمدا، هەمان حکایەتی ژیانی شەخسی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام ناوەکەی گۆڕیوەو دەڵێت: پیاوێک هەبووە سێ کوڕی هەبووەو، ئەم ئامۆژگارییەی کردوون.

پاشئەوەی خوێندن تەواو دەکات، ئیسپانیا بەجێدەهێڵێت و دەچێت بۆ ئیتالیا. کۆمەڵێک هۆکار هەیە بۆ ئەم سەفەرەی، هەندێک سەرچاوە دەڵێن گوایە کێشەی شەخسی لەگەڵ کەسێکدا هەبووە، هەندێکی تر دەڵێن گوایە حوکمی یاسایی لەسەر بووە کە سزای 10 ساڵ بدرێت و دەستی بڕن. بۆیە ئەویش بڕیاریداوە رابکات.
بەهەرحاڵ سەفەری بۆ ئیتالیا لە رووی کەلتورییەوە سوودی زۆر لێوەرگرتووە، ئەو لە کاتێکدا سەردانی ئیتالیای کردووە، کە لە قۆناغی رێنانسازدا بووەو شارە گەورەکانی وەکو فلۆرەنسا و ناپۆلی و ڤینیسیا و میلانۆی بینیووە. وەکو خۆشی لە رۆمانەکەیدا دەڵێت: “شاری ناپۆلی جوانترین و دەوڵەمەندترین شاری جیهان بوو. ل157 بەرگی دووەم.” هەرچەندە ئێستا ناپۆلی یەکێکە لە شارە هەژارەکانی ئیتالیا. لەهەمانکاتیشدا فێربوونی زمانی ئیتالیا، دەرگایەکەی گەورەی بۆ کردۆتەوە تاوەکو شارەزایی کەلتوری دەوڵەمەندی ئیتالی بێت. ژیانی لە ئیتالیا، کاریگەری گەورەی بەسەرەوە هەبووەو لە رۆمانی دۆن کیشۆتیدا رەنگدانەوەی گەورەی هەبووە.
لەساڵی 1568 دەبێتە سەرباز و دواتریش دەچێتە کەشتیگەلی ئیسپانییەوەو بەشداری جەنگەکانی ئەم سوپایە دەکات دژی تورکە عوسمانییەکان، بەتایبەتی جەنگی لیپانتۆی ساڵی 1571. لەم جەنگەکەدا سوپای ئیسپانیا و ئەوروپییە هاوپەیمانەکانی جەنگەکە دەبەنەوە. ژیانی سەربازی لە رۆمانی دۆنکیشۆتدا رەنگدانەوەی گەورەی هەبووە.

دواتر کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا لە رێگەدا کۆمەڵێک کەشتی چەتەی تورکی دەیگرن و ماوەی پێنچ ساڵ لە جەزائیر وەکو دیل و کۆیلە دەگیرێت. دواتر نامە بۆ کاتبی پادشا ڤلیپی ئیسپانیا دەنێرێت تاوەکو فریای ئەو و 500 ئیسپانی تر بکەون، کە کەوتونەتە دەستی سوپای تورکەکان لە جەزائیر. سێرڤانتس ماوەی 5 ساڵ لە جەزائیر دەمێنێتەوە دواتر ساڵی 1580 لە ئەنجامی دانوستانی شاندی ئیسپانیا، 500 ئۆقیە دەدەن بە حاکمی جەزائیر و ئازاد دەکرێن.
کاتێکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا، سێرڤانتس هەژاریی و بێکاریی و برسێتی بەرۆکی دەگرێت و تامی ئازادییەکەی ناکات. پاشان دەچێتە شاری مەدرید لەوێندەر لەگەڵ “کەنتالینا دی پالنتیوس” خێزان پێكدەهێنت، بەڵام زۆر سەرکەوتوو نابێت و کێشەی زۆری دەبێت لەگەڵ ئەم ژنە. لەم ژنەش تاکە کچێكی دەبێت، بەداخەوە کاتێک ئەم کچەی گەورە دەبێت، رووبەروی سکانداڵێکی گەورەی یاسایی و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە، ئەمەش هێندەی تر دەروونی ئەم کەڵە نووسەرە دەهەژێنێت.
سێرڤانتس وەکو بەشێكی زۆری نووسەرانی جیهان، هەتا لەژیاندا بوو، هەژاریی و برسێتی، زیندان، دەربەدەریی زۆری بینیووە. ژیان زۆر بێرەحمانە بووە لەگەڵیدا، ئەم ئازارو مەینەتییانەشی، کاریگەری گەورەی بەسەر شێوازی نووسین و بیرکرنەوەی ئەم نووسەرە هەبووە، بەتایبەتی لە رۆمانی دۆنکیشۆتدا، کە بە شێوازێکی گاڵتەئامێزی رەخنە لە کۆمەڵگەی ئیسپانی دەگرێت بەتایبەتی چینی دەوڵەمەند و پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتدارانی میرو میرزادەکان.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە
ئەم رۆمانە باسی ژیانی نەجیبزادەیەکی ئیسپانی دەکات کە ناوی “ئەلونسۆ کیشانو”یە کە تەمەنی سەرو پەنچا ساڵە لەگەڵ خوشکەزایەکیی و خزمەتکارێکی، لە گوندێكی هەرێمی لامنتشا دەژین، ئەم هەرێمە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئیسپانیا. ئەو خاوەنی کێڵگەیەکە و زەویوزاری هەیە و خەریکی کشتوکاڵ کردنە. رەوشی ژیانی باشە و کێشەی دارایی نییە،بەڵام کێشەی ئەم پیاوە ئەوەیە ماوەیەکی زۆر خەریکی خوێندنەوەی چیرۆکی سوارچاکیی دەبێت کە لەو کاتەدا واتە لە سەدەکانی 15 و 16 دا لە ئیسپانیادا زۆر برەویی هەبووە. ئەلونسۆ پاشماوەیەک بڕیارێکی شێتانە دەدات و ژیانێکی نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت.
پاشان دەکەوێتە حاڵەتێکی دەروونی خراپەوەو خۆی لێدەبێتە کەسێکی بەهێز و قارەمان کە ئەمەش لە رووی دەروونییەوە پێی دەڵێن” شێتی خۆ بەگەورەزانین و نەجرسیەتێکی توندڕەوانە” ئەو خۆی لێدەبێتە سوارچاکێکی ئازا و قارەمان و سەرکێش، کە دەیەوێت دژی زوڵم وستەم بوەستێتەوە داکۆکی لە خەڵكی هەژارو ستەمدیدە بکات، هەربۆیە بڕیار دەدات ماڵ و گوند بەجێبهێڵێت و دەستبکات بە گەڕان وپشکنین بەناو وڵات و دژی ستەمکاری بوەستێتەوە. لەمەشدا دراوسێیەكیی هەژاری دێتە ناو مەیدانەوەو بەشداری ئەم سەرکێشییە دەکات کە ئەویش “سانشوا پانزا” یە ، ئەمیش جوتیارێکی هەژارە لەگەڵ ژنەکەیی و کچەکەیدا ژیانێکی هەژارانە دەژین، بەڵام ئەمیش بە بڕیارە شێتانەکەی میرەکەی سەرسام دەبێت و دوای دەکەوێت، هەرچەندە ژنەکەی دژی ئەم بڕیارەیە.
ئەلونسۆ یەکسەر نازناوێکی نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت کە ئەویش ” دۆن کیشۆت، یان دۆن کیخۆت” ئەمەش دەبێتە ناونیشانی رۆمانەکە. سواری ئەسپە پیرەکەی دەبێت کە ناوی رۆسینانتە و سانشواش بە سواری کەرەکەیەوە دوای دەکەوێت.

دۆن کیشۆت و سانشوای خزمەتکاری دەستدەکەن بە گەڕان بەناو شارو شارۆچکەکان و گوندەکانی ئیسپانیا و لەمەشدا رووبەروی کۆمەڵێک رووداوی سەیرو سەمەرە دەبنەوە. لە هەمووشی سەیرتر مێشك و دونیا بینینی دۆن کیشۆتە، کە دەتوانم بڵێم نزیکە لە شێتییەوە، لەم کاروانی گەڕانەدا رووبەروی کۆمەڵێک رووداو دەبێتەوە، لەهەموویان گرنگتر جەنگی لە دژی کۆمەڵێک ئاشی هەوایی پێی وایە ئەمانە کەسانی ئەفسوناوین و هاتون ئەم بکوژن، یان پەلاماردانی گاڕان و شوانەکانی پێی وایە ئەمانە سوارچاکن و هاتوون پەلاماری بددەن، یان ئازادکردنی کۆمەڵێک دزو چەتە، پاشئەوەی هەڵیدەخەڵەتێنن کە گوایە بەناڕەوا گیراوان، دواتریش کاتێک ئازادییان دەکات، دەستدەکەن بەدزین و رووتکردنەوەی ئەو. یان پەلاماردانی کاروانێکی پرسە ، پێی وایە پەلاماری لەشكرێک دەدات. یان هۆتێلێکی لێدەبێتە کۆشكی شاهانە و خۆشی بە ئیمپراتۆر دەبینێت، یان دەکەوێتە شەڕە شمشێر لەگەڵ دارودرەخت. هەموو ئەمانەش بەوپەڕی قەناعەتییەوە دەیکات و پێی وایە ئەمانە چیرۆکی هەقیقیین. لەمەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو جەوە فەنتازیی و خەیاڵیەی دۆن کیشۆت تێیدا دەژی، هی کەسێکی ئاسایی نییە. ئەو هەمیشە لە خەیاڵیدا کۆمەڵێک شت دروست دەکات، کە زۆر دوورن لە راستییەوە، خۆی لەمەدا قارەمانە و سوارچاکی یەکەمە.
دواتریش چیرۆكێکی خۆشەویستی خەیاڵیئامێزی بۆ خۆی دروست دەکات لەگەڵ ژنە گوندیەکی ئاسایی، کە لێیدەبێتە شازادە خاتوونێکی مەزن، ئەویش “دەلسنیا دێل یویوسو” دۆن کیشۆت لەمەشدا بەشێوەیەکی خەیاڵئامێزی عاشقی ئەم ژنە لادێیە دەبێت و لێی دەبێتە شازادە خانمێکی جوان و ناسک و نازدار، لەحاڵەتێکدا ئەو ژنێکی ئاسایی گوندییە. خۆشی لە دیالۆگێکیدا لەگەڵ خانمە دۆق هرموسا دەڵێت: خۆشم نازانم ئایا دەلسنیا بوونی هەیە یان نا، ئایا راستییە یان خەیاڵییە، ئەم شتانەش پێویست ناکات هێندە لێی قووڵ بینەوە،بەڵام ئەوەی دەیزانم کە ئەو خانمە هەموو سیفاتکی جوانیی و باشی تێدایە کە دەبێت لە ژنێکدا هەبێت.ل 379 بەرگی دووەم.
پاشماوەیەک دۆن کیشۆت نامەیەک بۆ خۆشەویستەکەی دەنێرێت و خۆی دەداتە شاخێک و لەوێندەر کوڕێکی شێت دەناسێت کەبە هۆی چیرۆکێکی خۆشەویستییەوە رەوشی ژیانی تێكدەچێت، ماوەیەک لە ئەشکەوتێکدا خۆی دوورە پەرێز دەگرێت.

خودناسین

لەهەمووشی سەیرتر سانشۆی خزمەتکاریشی تووشی هەمان نەخۆشی “میر”ەکەی دەبێت، کاتێک دۆن کیشۆت بەڵێنی پێدەدات کە هەموو ئیسپانیای لە پیاوخراپان پاکردەوە، بیکاتە والی دوورگەیەکی ئیسپانیا، ئەویش لەم خەونەدا دەژی. تا دەگەنە لای میرێک و کاتێک بەم حیکایەتەیان دەزانێت بە درۆوە سانشۆ دەکەنە والی دوورگەیەک، سانشۆش زۆر دڵی خۆشدەبێت، بەڵام دواتر پیلانێکی بۆ دادەنێن و گوایە لەشكری دوژمن دێتە دورگەکە، سانشۆش زۆر تێکدەچێت و دەترسێت، دواتر بڕیار دەدات کە بگەڕێتەوە بۆلای دۆن کیشۆتی ئاغای، چونکە بۆی دەردەکەوێت کە ئەو ئەهلی دەسەڵات نییە و ناتوانێت ببێتە حاکمی هیچ شوێنێک. ئەم خودناسینەش پەیامێکی گرنگی تری رۆمانەکەیە.

دوو هاوڕێی بەئەمەک
لە گوندەکەدا دۆن کیشۆت دوو هاوڕێی نزیکی دەبن، یەکێکیان قەشەیە ئەوی تریش سەرتاشێکە. ئەمان دەزانن کە دۆن کیشۆت لە رووی دەروونییەوە نەخۆش کەوتووە، هەوڵ دەدەن بە دوایدا بگەڕێن و وای لێ بکەن و بە هەر شێوەیەک بووە بیگرن و بیهێننەوە بۆ گوندەکەی خۆیان و دووبارە خەریکی ژیانی ئاسایی بێتەوە. لەمەشدا هەوڵ دەدەن کوڕێکی گەنج پەیدا بکەن کە لە رووی جەستەییەوە زۆر بەهێزە، بە فێڵ دەیبەنە بەردەم دۆن کیشۆت و پێی دەڵێن ئەمە سوارچاکێکە دەیەوێت لەگەڵدا بێتە مەیدانی شمشێربازییەوە. یەکەمجار دۆن کیشۆت بەسەریدا سەردەکەوێت، بەڵام دوای ماوەیەکی تر ئەمان دووبارە هەوڵ دەدەنەوە بە شێوەیەکی تر فێڵی لێبکەن، ئەمجارە بەمەرجێک یارییەکە دەکەن، کە هەرکامیان دۆڕاندی دەبێت واز لە سوارچاکی بهێنێت. لەکۆتاییدا دۆن کیشۆت دەیدۆڕێنێت دووبارە لەگەڵ سانشۆ دەیگەڕێننەوە بۆ گوندەکەیان.
لەکۆتاییشدا دۆن کیشۆت دێتەوە هۆش خۆی، بەڵام هیچ سوودی نابێت چونکە لە کۆتایی تەمەنیدایە و رووبەروی نەخۆشییەکی قورس دەبێتەوە و کۆچی دوایی دەکات.

شێوازی نووسین
ر
ۆمانەکە بە دوو بەش نووسراوە، بەشی یەکەمیان لە 52 فەسڵ پێکهاتووە، ئەم بەشەیان ساڵی 1605 نووسراوەو چاپکراوە، بەشی دووەمیان کە زۆرترە لە 74 فەسڵ پێکهاتووە و ساڵی 1615 نووسراوە و چاپکراوە.
یەکێک لە خاڵە بەهێز و گرنگەکانی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینیەتی، چونکە وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، ئەم رۆمانە دەبێتە سەرەتای نووسینی رۆمان لە هەموو جیهاندا. نووسەر بە پێچەوانەی چیرۆکەکانی سەدەی ناوەڕاستەوە کە زیاتر سیمایەکی حکایەتئامێز و فەنتازیی و خەیاڵ بەسەریدا زاڵبوو. بەڵام لەم رۆمانەدا نووسەر هەوڵیداوە زیاتر ریالیزم تێیدا زال بێت.
جگەلەوەش کۆمەڵێک تەکنیکی نوێی داناوە کە دواتر لە ژانری رۆماندا بەکاردێت بەتایبەتی تەکنیکی ” دیالۆگ، ڤرە دەنگی، وەسفکردنی پاڵەوان لەهەموو روویەوە بەتایبەتی لایەنی دەروونیی و کۆمەڵایەتی، گرێی ئەدەبی، رەگەزی کتوپڕ. بوونی پاڵەوانی زۆر، مۆنۆلۆگ”.
لەهەمووی گرنگتر دانانی رەگەزی ڤرە دەنگیی و گرێی ئەدەبییە، ئەمەش لە بەشێکی زۆری رۆمانەکەدا دیارە. لە زۆر حاڵەتەدا بەتایبەتی لەکاتی باسکردنی چیرۆکە زۆرەکانی ناو رۆمانەکە هەردوو رەگەزی گرێی ئەدەبیی و فلاش باگ بەکار دەهێنێت. بۆ نموونە لە فەسڵی 27 لە بەرگی یەکەم باسی حکایەتی کردینۆ و لۆسندەی خۆشەویستەکەی دەکات، بەلام تەواوی ناکات تا لە فەسڵی 36 بەرگی یەکەم تەواوی دەکات.
خاڵێکی بەهێزی تری ئەم رۆمانە چۆنێتی داڕشتن و وەسفکردنی پاڵەوانی ناو رۆمانەکەیە، کە نووسەر زۆر بەجوانی باسی هەموو لایەنی پاڵەوانەکان دەکات، ئەم وەسفە وردەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێكی زۆری ئەو پاڵەوانانەی کە نووسەر باسی کردوون، لەژیانی تایبەتی خۆیدا بینیوین و مامەڵەی لەگەڵدا کردوون، بۆیە زۆرباش توانیویەتی لەناو رۆمانەکەیدا باسیان بکات.

قسەکردن لەگەڵ: خوێنەر
لەزۆر شوێندا نووسەر دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەران، ئەمەش جۆرێکی نوێیبووە لەو سەردەمەدا کە نووسەر لەگەڵ خوێنەردا قسە بکات. لەلایەکی ترەوە سێرڤانتس نووسەرێکی هەڵبژاردووە بۆ رۆمانەکەی کە ئەویش مێژوونوسێکی عەرەبە بەناوی سەیدی حامد بن الابل. من خۆشم لەم شێوازی نووسینە تێناگەم بۆچی نووسەر ئەم کارەی کردووە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا جۆرێکی نوێ بووە لە شێوازی نووسین.

دژایەتیکردنی ئەدەبی سوارچاکی سەدەکانی ناڤین
پەیامی سەرەکی ئەم رۆمانە هەر لەسەرەتاوە دیارە ئەویش دژایەتیکردنی ئەدەبی سوارچاکیی سەدەکانی ناڤینە. نووسەر هەوڵیداوە ئەوە پیشانی خوێنەر بدات، کە هۆکاری تێکچوونی باری دەروونی دۆن کیشۆت ئەو ئەدەبەیە کە لەو سەدەیەدا باوی بوو.
وەک پێشتریش وتم ئەم رۆمانە کۆتاییهێنا بە ئەدەبی سوارچاکی کەلە سەدەکانی ناڤیندا برەویی هەبوو، لە زۆرشوێنی رۆمانەکەشدا بە راستەوخۆیی دژایەتی ئەم ئەدەبە دەکات.

بۆ نموونە لە زاری قەشەکەوە دەڵێت:
“من رقم لە هەموو ئەدەبی سوارچاکییە و دەمەوێت هەرچی ئەو کتێبانە هەیە کە لە کتێبخانەکەی دۆن کیخۆتدا هەن، هەموویان بسووتێنم، ئەدەبی سوارچاکی زەرەری گەورە بە دەوڵەت دەگەیەنێت، هانی فەساد دەدات و لەدەستدانی کاتی خەڵکی دەکات، هەمووشیان لەرووی ناوەڕۆکەوە یەک شتن، یەکێکیان بخوێنیتەوە دەزانیت ئەوانی تریش هەمان شتن، هەمووشی لە خورافاتی کۆن سەریهەڵداوە، چیرۆکەکانیان مایەی گاڵتەجارییە و هەموو ناوەڕۆکەکانی مایەی پێکەنین و گاڵتەجاریە بەعەقڵی خەڵکی، چونکە هەموو چیرۆکەکان دوورن لەراستیی و واقیعەوە. ل133 . بەرگی دووەم

هەوڵی دزینی لەلایەن نووسەرێکی ترەوە
هەمیشە دزینی ئەدەبی کێشەیەکی گەورەی ناو جیهانی ئەدەب بووە. لەپاش تەواوبوونی بەشی یەکەمی رۆمانەکە، نووسەرێکی ساختەچی و نەیاری سێرڤانتس بەناوی ئەلونسو دی ئابیانیدا لەساڵی 1614 هەڵدەستێت بە نووسینی بەشی دووەمی رۆمانەکەی دۆن کیشۆت. لەرێگەی ئەمەشەوە دەیەوێت رق وکینەی خۆی بە سێرڤانتس تەواو بکات، چونکە رۆمانەکەی بە زمانێکی زبر و قسەی ناشرین و سووک نووسیبوو. هەرئەمەش وا لە سێرڤانتس دەکات کە پەلە بکات لە تەواوکردنی بەشی دووەمی رۆمانەکە و لە ساڵی 1615 دا بەشی دووەم بڵاودەکاتەوە. جێگەی ئاماژەیە لە پێشەکی بەشی دووەمی رۆمانەکەدا، باسی ئەم هەوڵی دزینە دەکات لەلایەن ئەلونسو دی ئابیانیدا. هەرچەندە ئەم هەوڵە نەزۆکەی ئەو نووسەرە سەری نەگرت و جیهان تەنها باسی کتێبەکەی سێرڤانتس دەکات.

بابەتە گرنگەکانی ناو ئەم رۆمانە
ئەم رۆمانە جگە لەرووی ئەدەبییەوە لە رووی ناوەڕۆکیشەوە قسەی لە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ کردووە کە پەیوەنیان بە مرۆڤەوە هەبووەو نووسەر هەوڵیداوە قسەی خۆی لەبارەیانەوە بکات و لە پێش هەمووشیانەوە “جەنگ و ئاشتی، ئازادیی و کۆیلایەتی، خۆشەویستی، رق و کینە، خودناسین”.

نەخۆشی خۆبەگەورەزانین و لە وەهمدا ژیان
پەیامی سەرەکی ئەم رۆمانە باسکردنی ئەو کەسانەیە کە لەرووی دەروونییەوە دەکەونە حاڵەتێکی زۆر خراپەوەو وێنەیەکی شێواویان لەبارەی خودی خۆیانەوە هەیە و پێیان وایە کە کەسێکی مەزن و گەورەن و لە وەهمدا دەژین و ناتوان رووی راستی خۆیان و دەوروبەر وەکو خۆی ببینن. ئەمەش نەخۆشییەکی دەروونی زۆر خراپە، بەداخەوە بەشێکی خەڵکیش تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن بەتایبەتی سیاسەتمەدارەکان.

مرۆڤ
مرۆڤ دەبێتە چەقی بیرکردنەوەی نووسەر و لە زۆر شوێندا بەشێوەی جیاواز قسەی خۆی لەمبارەیەوە کردووە. بەتایبەتی لایەنی دەروونی گرنگی زۆری هەیە، چونکە ئەو حاڵەتەی دۆن کیشۆت، تووشی زۆر کەس دەبێتەوە کە پێی وایە کەسێکی مەزن و ئازا و قارەمانە، بەڵام لە راستیدا بەو شێوەیە نییە.
لە دیالۆگێکیدا لەگەڵ سانشۆی خزمەتکارییدا دەڵێت:
مرۆڤەکان سەر زەوی چوار جۆرن:
یەکەم: پێشتر خاوەنی هیج نەبوون دواتر دەبنە خاوەنی هەمووشتێک بۆ نموونە ئالی عوسمان، پیێشتر کۆمەڵێک شوانی هیچوپوچ بوون، ئێستا بوونەتە خاوەن دەسەڵات.
دووەم: ئەوانەن کە لە بنەچەوە خاوەنی سامان و دەسەڵات بوون، خۆشیان پارێزگاری لەو سامانە دەکەن و زیاتری دەکەن، بۆ نموونە میرەکان کە بە میراتی بۆیان ماوەتەوە.
سێیەمیان: ئەوانەی کە پێشتر خاوەنی سامان و دەسەڵاتی زۆر بوون، ئێستا هیچیان بۆ نەماوەتەوەو لەناوچوون، بۆ نموونە حاکمەکانی دەوڵەتی میدیی و ئاشووریی و یۆنانی وبەربەرەکان.
چوارەمیان: کە زیاتر خەڵکی گشتی یان بۆرە خەڵک دەگرێتەوە، ئەمانە هیچ سوودیان نییە تەنها ژمارەی زیندووەکان زیاد دەکەن و هیچ سوودێکیان بۆ مرۆڤایەتی نییە. ل 214 بەرگی دووەم.

جەنگ و ئاشتی
ئەم رۆمانە زۆرجار یارمەتیمان دەدات کە ئاگاداری رەوشی ژیانی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئیسپانیا و تاڕادەیەکیش جیهان بین لە سەدەی پانزەو شانزەدا. نووسەر لەم رۆمانەدا هەوڵیداوە لەپەنا سەرکێشەییەکانی دۆن کیشۆتدا باسی ژیانی سیاسی ئیسپانیاش بکات بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە جەنگەوە هەیە. بەتایبەتی جەنگ لە دژی داگیرکاری تورکی. ئەم رۆمانە لە زۆر شوێندا باسی مەینەتییەکان جەنگی کردووە.
لەهەمانکاتیشدا لە زۆرشوێندا هەستی دژایەتییکردنی جەنگی تێدا بەدیدەکەین. بۆ نموونە لە بەشی دووەمدا دەڵێت: کەسانی ژیر و حەکیم و دەوڵەتە باشەکان، هیچ کاتێک خۆیان ناخەنە ناو جەنگەوە تەنها لە چوار حاڵەتەدا نەبێت: یەکەمیان : بەرگرییکردن لە ژیانی خۆیان. دووەم: بەرگرییکردن لە شەرەفی خۆیان و ژن و ماڵ و منداڵیان. سێیەم: بەرگرییکردن لە عەقیدەی کاتۆلیکی. چوارەمیان: بەرگرییکردن لە پادشاکانیان. بەڵام هەڵگیرساندنی جەنگ بەناوی تۆڵسەندنەوەی زاڵمانەیە، چونکە هیچ تۆڵەکردنەوەیەک عادیلانە نییە و دژی شەریعەتی مەسیحییە، چونکە مەسیح داوامان لێدەکات دوژمنەکانمان خۆشبوێت. ل 349 بەرگی دووەم.
لەلایەکی تریشەوە دژی تاوانەکانی جەنگ دەوستێتەوە لەمەشدا ئەو تەنها سەرکردەکان بە تاوانبار نازانێت، بەڵکە سەربازەکانیش لای ئەو تاوانبارن. ” ئەو سەربازەی کە فەرمانێکی سەرۆکەکەی جێبەجێدەکات، بەم کارەی لە کاری سەرۆکەکەی کەمتر نییە و ئەویش تاوانبارە. ل 120 بەرگی یەکەم
لەهەمانکاتیشدا زۆر هاوسۆزە لەگەڵ سەربازەکان و پێی وایە ئەوان هەمیشە قووربانی جەنگەکانن لەمبارەیەوە دەڵێت: “سەربازەکان لەبەر مووچەیەکی مانگانەی کەم، خۆیان دەخنە ژیانێکی مەترسیدارەوە، زۆرجاریش وەریناگرن. زۆربەشیان جلوبەرگی باشیان لەبەر نییە، لە زستاندا لە سەرما نایانپارێزێت، زۆربەیان لە مەیدانی جەنگدا قاچ یان دەست، یا سەریان دەپەڕێت، گەر شانسیان هەبێت و خوداش رەحمیان پێبکات و بریندار دەبن. هەمیشە سەربازەکان لە جەنگەکاندا زەرەرمەندی سەرەکین و ژمارەیان لەناو کوژراوەکاندا هەزارانن، لە جەنگەکانیشدا هیچ کاتێک سەرباز سوودمەند نین بەڵکو سوودمەندەکان سێ و چوار کەسن. لەبەرئەوە سەربازەکان زۆرترین زیان دەکەن و هیچ سوودمەند نین. ل 58 بەرگی دووەم.

ئازادیی
لە زۆر شوێندا قسەی لەبارەی ئازادییەوە کردووە. لە دیالۆگۆکیدا لەگەڵ سانشۆ دەڵێت: هاوڕێم، گرانبەهاترین نیعمەت کە خودا بە مرۆڤی بەخشیوە، ئازادییە، بەهاو نرخی ئازادی لە هەرچی سامانی سەر زەویی و ئەوانەشی کە لە ژێر دەریاکاندا شاراونەتەوە، بەنرختر و گرانترە. هەر لەبەرئەویش دەبێت مرۆڤ و ژیانی خۆی لەپێناودا بەخت بکات، هەروەها دژی کۆیلایەتی بوەستێتەوە کە دوژمنی ئازادیە، ل 532 بەرگی دووەم.

رۆحی شۆڕشگێری
راستە دۆن کیشۆت لەلایەکەوە گوزارشت لە کەسێک دەکات کە لە رووی دەروونییەوە تووشی کێشە بووە و لەوەهمی کەسایەتییەکی بەهێزدا دەژیی، بەڵام لەلایەکی ترەوە دۆن کیشۆت گوزارشت لە رۆحی کەسایەتیی شۆڕشگێڕیش دەکات، چونکە لە زۆر شوێندا باس لەوە دەکات کە ئەو لە دژی ستەمکاران و پارێزگارییکردن لە خەڵكی هەژار و ستەمدیدە خەبات دەکات، ئەمەش لە سەدەکانی دواتر خۆی لە گیانی کەسانی شۆڕشگێردا دەبینێتەوە.
لە دیالۆگۆکیدا لەگەڵ سانشۆ دەڵێت: پەیامی من ئەوەیە کە دژی ستەم و چەوسانەوە بوەستمەوەو هاوکاری کەسانی هەژارو لێقەوماو چەوساوە بکەم، ل 198 بەرگی یەکەم.

گیڤاریزم و دۆن کیشۆت
لە زۆر شوێنیشدا هەست بە رۆحیەتی گیڤاریزم دەکەم، لە زۆر شوێندا دۆن کیشۆت دەڵێیت گیڤارایە قسە دەکات. دڵنیام کە گیڤاراش ئەم رۆمانەی خوێندۆتەوە کاریگەری لێکردووە.
“من پیشەی سوارچاکی رێگەم پێ نادات کە رێچکەیەکی تر بگرم، چونکە ئیسراحەت و خواردنی بەتام و خۆش و جلوبەرگی کەشخە و رابواردن، ئەمانە بۆ پیاوی ناو کۆشکەکان دروستبووە، بەڵام ئەوانەی کە پێیان دەڵێن سوارچاک، دەبێت ژیانێکی ناخۆش بژین و کەمبخەون و هەمیشەش چەکیان لەشان بێت، کە منیش یەکێکم لەوانە. ل118 بەرگی یەکەم
هەروەها لەپاش ئەوەی چوار رۆژ لە ماڵی دۆن بیجۆی نەجیبزادە دەمێنێتەوە زۆر خزمەتی دەکەن، بەڵام چیتر رازی نابێت لەوێ بمێنێتەوەو دەڵێت: “نابێت سوارچاک لە ژیانێکی خۆشیی و رەفاهەتدا بژیی، چونکە ئەمە لە کاروانی گەڕان و سەرکێشی دووریدەخاتەوە. ل 289 بەرگی دووەم “
تاڕادەیەکی زۆریش گیڤاراش هەمان شت دەڵێت، ئەو دەڵێت کە کەسی شۆڕشگێر نابێت ژیانی بۆرجوازیانە بژیی، بەڵکو دەبێت ژیاێکی هەژارانە و شۆڕشگێڕانە بژیی و هەمیشە چەکی لەشان بێت.
بە بڕوای من دۆن کیشۆت هەڵگری پەیامێکی شۆڕشگێریشە کە دواتر کاریگەری گەورەی بەسەر گەلانی ئیسپانی زمانەوە داناوە، نەک لە ئیسپانیا بەڵکو لە ئەمریکای لاتینیش، هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەمریکای لاتین لانکەیەکی بەهێزی بزووتنەوە شۆڕشگێرییەکانە.

خۆشەویستی
لەم رۆمانەدا کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشەویستی هەمەجۆر و جوانی تێدایە، کەهەریەکەیان گوزارشت لە حاڵەتێکی خۆشەویستی دەکات، دەتوانم بڵێم خۆشەویستی پانتاییەکی گەورەی لەم رۆمانەدا داگیرکردووەو نووسەریش لە زۆر شوێندا قسەی خۆی لەمبارەیەوە کردووە.
“خۆشەویستی وەکو مەرگ وایە، تووشی کۆشکی پادشا مەزنەکان و کەلاوەی شوانکارە هەژارەکانیش دەبێتەوە، کاتێکیش خۆشەویستی بەتەواوەتی دەست بەسەر دڵی کەسێکدا بگرێت، ئەوا یەکەمین شت کە دەیکات، نەهێشتنی هەموو جۆرە ترس و شەرم و حەیایەکە،،ل535 بەرگی دووەم.

دەوڵەمەندیی و هەژاریی و پیسکەیی
لەمبارەیەوە دۆن کیشۆت قسەی خۆی دەکات و دەڵێت:
دەوڵەمەندی بەبێ بەخشندەیی، هچ نییە جگە کەسێکی پیسکەی سواڵکەر نەبێت، خاوەندارێتی سامان گرنگ نییە، بەڵکە چۆنێتی بەکارهێنانی دەبێتە هۆی خۆشیی و کامەرانی بۆ مرۆڤ، لەسەرو ئەمەشەوە دەبێت بزانیت، چۆن دەتوانیت بەشێوەیەکی باش و گونجاو بەکاریبهێنیت. ل 214 بەرگ دووەم.

جوانناسی
وەکو پشتریش وتم دۆن کیشۆت قسەی لەسەر هەموو شتێک کردووەو زۆرجاریش قسەکانی جددیەت و ژیریی پێوە دیارە، بۆ نموونە کاتێک باسی جوانناسی دەکات دەڵێت:
“دوو جۆر جوانی هەیە، جوانی جەستە و جوانی رۆح. جوانی رۆح لە رێز، ئەمانەت، رەوشتی باش، پیاوچاکیی و میواندۆستیی و سەخاوەت و پەروەردەی باشدا دەردەکەوێت. ئەگەر ژنێکیش زیاتر هەست بە جوانی رۆح بکات و لە جوانی جەستە، ئەوا ئەوکاتە عیشقەکە بەهێزتر و توندوتیژتر دەبێت. ل 535
جوانی بۆ ژنی شەریف وەکو ئاگرێک وایە لە دوورەوە دەبرسیکێتەوە یان وەکو شمشێرێک کە ناجووڵێت، ئاگرێکیش لە دوورەوە کەس ناسووتێنێت، شمشێرێکیش کە ئەگەر لێی نزیک نەکەویتەوە و نەجووڵێت، کەس بریندار ناکات ،ل131 بەرگی یەکەم
ئامۆژگاری دەسەڵات
ئەوکاتەی سانشۆ بە درۆوە دەکرێتە والی دوورگەیەک، دۆن کیشۆت دەستدەکات بە ئامۆژگارییکردنی کە چۆن دەبێت مامەڵە بکات لەگەڵ دەسەڵاتدا. لەمبارەیەوە دەڵێت:
یەکەم خودا بناسە، چونکە لەخودا پەرستیدا حیکمەت هەیە.
دووەم: خۆت بناسە و بزانە کە تۆ خاوەنی چیت، تووشی غرورو لووتبەرزی نەبیت، لەبیرت نەچێت کە تۆ کاتی خۆی شوانی بەراز بوویت، لە بنەچەی خۆت پەشیمان نەبیتەوەو کەسێکی خاکی بە.
سێیەم: با هەست و هەوا تەحکوم نەکات ، چونکە ئەمانە دەبنە هۆی جەهالەت، با زیاتر فرمێسکی کەسی هەژار کارت تێبکات، تاوەکو سکاڵای کەسی دەوڵەمەند. هەوڵ بددە بەدوای هەقیقەتدا بگەڕیێت، هەوڵ بددە حوکمی یاسا جێبەجێبکەیت، لە سزای توندی یاسا مەترسە چونکە زۆرجار ئەو دادوەرانەی حوکمی توند دەدەن زیاتر دەناسرێن تاوەکو ئەوانەی حوکمی سووکی خەڵكی دەدەن. ئەگەر كرا حوکم بەسەر کێشەیەکی کەسێکی دوژمنت بدەیت، واز لە سووکایەتیپێکردن و جنێودان بهێنە، تەنها پشت بەهەقیقەتی رووداوەکان ببەستە، هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت کە مرۆڤ ئەگەری زۆری هەیە کە هەڵە بکات و توشی سروشتێکی گەندەڵ بێت، بەڵام تۆ کەسێکی بە بەزەیی ل 438 بەرگی دووەم.

گەلانی خۆرهەڵات لە رۆمانی دۆن کیشۆتدا

راستە مەیدانی سەرەکی رۆمانەکە ئیسپانیایە، بەڵام نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی کۆمەڵێک پاڵەوان و حکایەتەوە، تیشك بخاتە سەر گەلانی تری نا ئەوروپی بەتایبەتی گەلانی باکووری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. جێگەی ئاماژەیە بەحوکمی ئەوەی سێرڤانتس خۆی ماوەیەک لە جەزائیر گیراوە، کەمێک شارەزایی لەگەلانی موسڵمان وەرگرتووە. لە ل162 لەبەرگی یەکەمدا باسی فارس و عەرەب و میدیاکان دەکات، هەروەها لە ل 298 باس لە زمانی کلدانیی دەکات، هەروەها لە ل 218 لە بەرگی دووەم دا باسی گەلانی ئاشووری و میدیاکان دەکات کە پێشتر خاوەنی شارستانی دەسەڵاتی گەورە بوو . هەموو ئەمانە گوزارشت لەوە دەکەن کە نووسەر تارادەیەکی باش لە چاو سەردەمەکەی خۆیدا، زانیاریی باشی هەبووە لە بارەی گەلانی غەیرە ئەوروپی.
بەڵام ئەوەی کە لە زۆرشوێندا باسی کراوە عەرەبە، وەکو وتم رۆمانەکەی بەناوی مێژوونوسێکی عەرەبەوە نووسیوە، جگەلەوەش لە زۆر حکایەتیدا باسی عەرەب و وڵاتانی باکووری ئەفریقا یان وەکو عەرەبەکان دەڵێن ” مەغریبی عەرەبی” دەکات. دووبارە لەمەشدا ژیانی شەخسیی رۆڵی هەیە چونکە ماوەیەک لە جەزائیردا گیراوە. لەلایەکی تریشەوە ئیسپانییەکان لەهەموو گەلان تری ئەوروپا پەیوەندیان زیاتر بووە لەگەڵ عەرەبەکان، ئەمەش بەهۆی جوگرافیا و جەنگەوە بووە. هەرچەندە بە گشتی وێنەی عەرەب لەم رۆمانەدا خراپ نییە.
تورک
نووسەر لە زۆر شوێندا باسی تورک دەکات، وێنەی تورکیش لەم رۆمانەدا، وێنە راستەقینەکەیان کە بریتییە لە داگیرکاریی و پەلاماردانی گەلانی ناوچەکە. جا موسڵمان بن یان مەسیحی. لە ل63 بەرگی دووەم باسی هەڵمەتی داگیرکردنی تورک دەکات بۆ دورگەی قوبرس، کەئەوکاتەش قوبرسییەکان گیریان خواردووە بەدەست ئەم هێزە داگیرکارییەوە کە بەداخەوە هەتاوەکو ئەمڕۆش بەرۆکیان بەرنادات و بەشێک لە خاکی قوبرسی داگیرکردووە. لەهەمووی گرنگتر کاتێک باسی حاجی موراد دەکات. لە ل81 لە بەرگی دووەمدا دەڵێت: مەغریبییەکان بە سروشتی خۆیان زۆر لە تورکەکان دەترسن، بەتایبەتی سەربازە تورکەکان، چونکە لە راستیدا زۆر دڕندەن و بەوپەڕی دڵرەقییەوە مامەڵە لەگەڵ مەغریبییەکان دەکەن، بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ مەغریبییەکان دەکەن وەکو بڵێیت ئەمانە کۆیلەی ئەوانن.

کاریگەری بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانەوە
دیارە ئەم رۆمانە جگە لەوەی توانی ببێتە هۆی لەدایک بوونی ژانرێکی نوێی ئەدەبی کە ئەویش رۆمانە، کاریگەری گەورەشی بەسەر لایەنەکانی تری فەرهەنگی ئەوروپییەوە داناوە بەتایبەتی “شانۆ، ئۆپێرا، فیلم، تابلۆکێشان، موزیک” بەجۆرێک هیچ رۆمانێکی تر هێندەی دۆن کیشۆت کاریگەری دانەناوە.
لە بواری موزیکەوە هەتاوەکو ئەمڕۆش کۆمەڵێک سۆناتا و شاکاری موزیکی مەزنی جوان بەناوی دۆن کیشۆتەوە لەدایک بووەو کۆمەڵێک موزیکژەنی جیهانیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەم رۆمانەوەو ئیلهامی شاکاری موزیکی زۆر جوانی پێبەخشیون.
بۆیەکەمجار موزیکژەنی بەناوبانگی ئەڵمانی یوهان ڤلیپ فۆرتچ لە ساڵی 1690 شاکارێکی موزیکی بەناونیشانی “Der irrende Ritter Don Quixotte de la Mancia ” ئامادەکرد و ئەم شاکارەش لە شاری هابۆرگ نمایشكرا. دوایین شاکاری موزیکیش لە ساڵی 2014 بوو ئەویش لەلایەن کۆمپۆنیستی ئەڵمانی تیۆ روپرێشت بوو. هەتاوەکو ئێستا 50 شاکاری موزیکی بەناوی دۆن کیشۆتەوە بەرهەمهاتووە.
لەرووی فیلمیشەوە نزیکەی 26 فیلمی لەسەر بەرهەمهێنراوە. بۆیەکەمجار لە ساڵی 1926 کارێکی هاوبەشی دەنیمارکیی و ئیسپانی بوو کەلەلایەن کۆمەڵێک هونەرمەندی ئیسپانیی و دەنیمارکی بەرهەمهێنرا. دوایینجاریش لە ساڵی 2018 بوو. هەروەها چەندینجاریش کراوەتە فیلمی کارتۆنی، دوایینجار لەساڵی 2007 بوو لە ئیسپانیا بەرهەمهاتووە.

لەرووی هونەری بالێتیشەوە لە ساڵی 6918 لیۆن مینوکوس بالێتێکی تایبەت بەناوی ” دۆن کیشۆت’ دانراوەو لە هۆڵی شانۆیی ” بۆلشەوی ” لە مۆسکۆ نمایشکراو هەتاوەکو ئێستاش ئەو جۆرە بالێتە ماوە.
لەرووی شانۆشەوە چەندینجار کراوەتە دەقی شانۆیی لەسەر تەختی شانۆی زۆربەی وڵاتانی جیهان نمایشکراوە، لەراستیدا رۆمانەک وانووسراوە کە دەتوانرێت بۆ کاری شانۆیی بەکاربهێنرێت، جگە لەوەش لەناو رۆمانەکەشدا دەقێكی شانۆیشی تێدایە. بۆیەکەمجار لە ساڵی 1694 لەلایەن شانۆنوس و چیرۆکنوسی ئینگلیزی تۆماس ئورفای لەشاری لەندەن وەکو دەقی شانۆیی نمایشکرد. دوایینجاریش وەکو دەقی شانۆیی لە لایەن شانۆنوسی ئەڵمانی کریستۆف بوش لە سالی 2016 لە شاری کیلی ئەڵمانیا نمایشکرا.
لەرووی ئەدەبیشەوە کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی ئەدیبانی جیهانەوە هەبووە، زۆربەی رۆمانووسی جیهانیش کاری گەورەی تێکردوون، لەپێش هەمووشیانەوە نووسەر ناسراوی روسی دۆستۆیڤسکی، لەبارەی دۆن کیشۆتەوە دەڵێت: سێرڤانتس قووڵترین و بەهێزترین نووسەری جیهانە، ئەم رۆمانەش دوایین وشە و جوانترین فکری مرۆڤایەتییە. ئەگەر لە مرۆڤ پرسیار بکەن، چی لە ژیاندا چی فێربوویت؟ چیت لە ژیان دەستکەوتووە؟ ئەوکاتە مرۆڤ زۆر بە بێدەنگی دەتوانێت رۆمانی دۆن کیشۆت پێشكەش بکات و بڵێت: ئەمە کورتەی ژیانی منە، ئایا دەتوانن ئیدانەم بکەن لەسەر ئەوە؟
جگە لە دۆستیڤسکی کۆمەڵێک نووسەری تری جیهان سوودی گەورەیان لەم رۆمانە وەرگرتووە لەوانە : شانۆنووسی ناوداری فەرەنسی مۆلێر، فرانس کافکا، گراهام گرین، ” بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی ئەدەبیدا ژنە نووسەری ئینگلیزی چارلۆتە لێنۆکس لە ساڵی 1752 دا رۆمانێکی بەناوی ” ژنانی دۆن کێشۆت The Female Quixote نووسی. ساڵی 1917 فرانس کافکاش چیرۆكیکی بەناوی ” هەقیقەتی شانشۆ پانسا” نووسی. سانشۆ خزمەتکارەکەی دۆن کیشۆت بوو.

چەند سەرنجێك
لەپەنا ئەوەی کە ئەم کتێبە بەیەکێک لە کتێبە مەزنەکانی جیهان دادەنرێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم کتێبە کێشەی نییە جا لە رووی شیوازی نووسین بێت یان ناوەڕۆکەوە.
لەرووی شێوازی نووسینەوە هەست دەکەیت کەهەندێکجار نووسەر چیرۆکەکانی تەواو ناکات یان لەبیری چۆتەوە بۆ نموونە لەکاتی باسکردنی حیکایەتی دزینی کەرەکەی سانشۆ، هەروەکو عەبدولرەحمان بەدەویش سەرنجی ئەم خاڵەی داوەو دەڵێت: سێرڤانتس خۆی بە تەواوەتی باسی رووداوی چیرۆکی دزینی کەرەکەی سانشۆی نەکردووە کەچی دەیخاتە پاڵی نووسەری رۆمانەکە کە ئەویش سیدی حامیدە. ئەو لە فەسڵی 23 بەرگی یەکەم دەڵێت خینس دی یاسمونتە کەرەکەی سانشۆی دزیوە، کەچی دواتر لە فەسڵی 30 دا بەرەبەیانێک کەرەکەی دۆزیوەتەوە.
هەروەها زۆرجاریش هەستدەکەیت کە حیکایەتەکان دووبارە بوونەتەوە، بەتایبەتی حکایەتی خۆشەویستییەکان، کە زۆربەیان لەرووی ناوەڕۆکەوە لەیەکەوە نزیکن.

زاڵبوونی کاریگەری حیکایەتی هەزار یەک شەوە
کاتێک ئەم رۆمانە دەخوێنیتەوە کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێك چیرۆکی هەمەجۆر، زۆرجار هەست دەکەیت کە ئەم رۆمانە لەژێرکاریگەری “هەزار و یەک شەوەدا” نووسراوە، چونکە ئەمیش لە کۆمەڵێک حیکایەتی جیاواز پێکدێت. دیارە نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە کتێبی “هەزار و یەک شەوە” کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەبیاتی ئەوروپی هەبووە بەتایبەتی ئیتالیی و ئیسپانی.

دژایەتیکردنی ئەدیب و نووسەران
خاڵێکی گرنگی تر لەم رۆمانەدا نووسەر لە هەندێک شوێندا دژی ئەهلی قەڵەم دەوەستێتەوە، بەتایبەتی لەکاتی هەڵسەنگاندانیان لەگەڵ سەربازەکاندا. لەکاتێکدا خۆشی ئەهلی قەڵەم بووە لەمبارەیەوە دەڵێت:
هەمیشە ئەهلی ئەدەب، بەزمانە درێژەکانیان و پارچە شیعرەکانیان، وەسیلەیەکی باش دەدۆزنەوە بۆ ژیانیان. لەکاتی جەنگەکانیشدا ئەوان لە سەربازەکان زیاتریان دەستدەکەوێت. خەڵکانێک هەن دەڵێن، بەبێ ئەدەب جەنگ نابێت، چونکە جەنگیش پێویستی بە کۆمەڵێک یاساو رێسا هەیە، ئەوانیش لە ئەدەبەوە سەرچاوە دەگرن. ل 59 بەرگی دووەم.

دوا قسە
دیارە ئەم کتێبە قسەی زۆر هەڵدەگرێت کە لێرەدا بواری ئەوە نییە باسی هەموو خاڵەکان بکەین و هەموو لایەنەکانی بۆ خوێنەر باسبکەین، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانە چ لە رووی ناوەڕۆک و چ لەرووی شێوازەوە، یەکێکە لە کتێبە مەزنە ئەدەبییەکانی جیهان و گەورەترین کاریگەری هەبووە بەسەر ئەدەبی و فەرهەنگی جیهانەوە، هەتاوەکو ئەمڕۆش کاریگەری ماوەو دەمێنێت.

—————————–

سەرچاوەکان:
1/میغیل دی سیرفانتس. دون کیخوتە. ترجـمة عبدالرحمن البدوي. دار المدی للثقافة و النشر.سوریا.1998
2/ عبدالهادي سعدون. 400 عام على رواية «دون كيخوته»: الفارس النبيل لا يزال يحارب طواحين الهواء!. https://al-akhbar.com/
3/ لماذا اختارت اسبانيا الجزائر لإحياء ذكرى صاحب “دون كيشوت”؟. www.bbc.com/arabic
4/ Herr und Diener – Don Quijote und Sancho Panza. www.grin.com
5/ Don Quijote . http://www.klassiker-der-weltliteratur.de

Previous
Next
Kurdish