Skip to Content

ژن شوناسێکی لەدەستدراو.. نیهاد جامی

ژن شوناسێکی لەدەستدراو.. نیهاد جامی

Closed
by ئاب 20, 2025 General, Opinion, Slider, Women



شۆڕش دەتوانێت ماناکانی شۆڕشگێریەتی بگۆڕێتە سەر ئاستی کولتوریی، وەک ئەوەی لە شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕوویدا، شەهیدکردنی کچە کورد ژینا ئەمینی، سەرەتای بەگژداچوونەوەی دنیا نێرایەتی و کولتورێکی سەپێنراوە، ئەو بیرۆکەیە لای نووسەر دیلفین مینوی دەبێتە بیرۆکەی سەرەکی رۆمانی بەد جنس, یاخود بە فەرەنسیەکەی «بادژێنس».
وشەکە وەک نوسەر ئاماژەی بۆ دەکات لەزمانی فارسیدا بە دوو بڕگە دەنوسرێت و لەفەرەنسیدا وەک یەک ووشە بەکاری هێناوە، کە بە مانای خودێکی خراپ دەیناسین، کردەیەکی زیانبەخش ئەنجام دەدات و لەهەمان کاتدا کردەیەکی چێژ بەخشیشە، بەواتای چەندە خراپە بەهەمان شێوە دەتوانێت چێژیش بۆ خۆی بەرهەم بێنێت.
گێرەرەوە دەکەوێتە گێڕانەوەی شۆڕشی ژن لەژیانی ناو شەقامەکانی ئێران، وێنە پانۆراماییەکانی دەشێت بۆ ئێمە وێنەی تەبا بن، بەڵام بۆ خوێنەری فەڕەنسی کە رۆمانەکە بەو زمانە نووسراوە.. جێگای بایەخ و گرنگی خۆی بێت، چونکە وێنە پانۆراماییەکان وێنەیەکی ڕاستەقینەی ناو ڕووداوەکانە، لە هاندانی دایک بۆ کچ و بوونی کچەکان لە شەقام، ئەوە چیە کچەکان لەماڵ دێنێتە دەرەوە؟
سەرکەشی و یاخی بوونی یەکێک لەو کچانە بەناوی زەهرا ئیعتیمادی، ئەو کچە شانزە ساڵانەی ناو شەقامەکانی تاران دەبێتە تەوەری سەرەکی بۆ گێڕانەوەی ئەم شۆڕشە، ڕووبەروی کێشەکانی مێینەمان دەکاتەوە، بەتایبەت لەبابەتی لەباربردنی منداڵ و کێشەکانی کچ لەماڵی ئێرانیدا کە چۆن برا بەسەر ئەو دەسەپێنرێت.
ئەو ئێستایەی شەقام وابەستەی یادەوەری ژنەکانە، هاوارێکە لەدژی دنیای سیاسەت و پیاو، کاتێک بەناو یادەوەریدا دەچێتەوە، ڕووبەرووی ئەو هەموو ستەمەی پیاو دەبێتەوە لەماڵدا، باوک لەوێنەی بالا و نایەکسانی نێوان ئەوی کچ و مەهدی برای، تا ئەو هۆگربونەی وەک کچە مناڵکارێک بۆ عەلی ئامۆزای هەیەتی، کەچی ئەویش لەرێی سێکسکردنەوە دنیای لێ تاریک دەکات و زەبروزەنگێک کە ئەوی مناڵ هەر تێی ناگات چیە.
ئەو وەک کچێک دواتر هەر دەبێت ڕووداوەکە بۆ دایکی بگێڕێتەوەو دایکیش وەک کۆتایی چیرۆکێک دەرگای بەسەر دادەخات، چونکە دەزانێت پیاوەکان سزا نادرێن، ئەوان لەکۆمەلگایەکی پیاودا، دەبینن لە روداوێکی هاوشێوەدا کاتێک کچێک داکۆکی لەخۆی کردووە، ئەو پیاوەی کوشتووە کە پەلاماری داوە، سەرەنجام ژنەکە دەکوژرێتەوە، بۆیە کۆی چیرۆکەکان دەبێت بە بێدەنگی ببەخشرێن، ئەوە مەهدیەکانن لەمناڵیەوە، چونکە نێرن بە نازەوە گەورە دەکرێن، ئەوە عەلیەکانن لەکۆتاییدا پەلامار دەدەن و دەکوژن و سێکس دەکەن و بە بێگوناهی لێی دەردەچن، ئەو وێنەیە لەناو ماڵی ئێرانیدا وێنەیەکی روونی کۆی خۆرهەڵات و کۆمەلگای پیاو سالاری کۆنترۆلکراوە بە هاوپەیمانیەتێکی ئەخلاقی.
کاتێک دایکەکەش بریار دەدات بۆ پشوو کچەکەی ببات بۆ تاران، لێرەدا وێنەیەکی ڕوون دەبینین، ئەویش ئەوەیە ئەوەی بە فریای مێینەکان دەکەوێت، تەنیا خودی مێینەکان خۆیانن، دایک و کچ سەر بەیەک ڕەگەزن و هەر خۆشیان لە ئازارەکانی یەکتری تێدەگەن، لێرەدا گەر ئەو وێنەیە بشوبهێنینەوە، بە سەرەتای ڕۆمانەکە لەمانای شۆڕشی ژن لە شەقامی رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران تێدەگەین کە بۆچی شۆڕشی ژن بوو، چونکە سیستمە کۆمەلایەتی و ئاینیەکان هاوپەیمان و هاودەستی پیاوەکانە، بۆیە ژنەکان دەیانەوێت شۆرشێکی فەرهەنگی بەسەر بیرکردنەوەدا بێنن، نەوەک بەسەر گوتاری سیاسی و ئاینی و کۆمەلایەتی، هێندەی دەیانەوێت ئەو بیرکردنەوەیە بگۆڕن، کە ژیانی ئەوانی وێران کردووەو لەناو ماڵەکانیشیان هەڕەشەی زوبروزەنگ و سەرکوتکردنەوەیان هەیە.
تێگەیشتن لەخودی خۆت، بەتەنیا وابەستە نیە بە ژیانێک کە تیایدا دەژیت، بەڵکو وابەستەی کتێبە کە وا دەکات مرۆڤ توانای خۆناسینی هەبێت، ڕەنگە هەموومان ئەو رستەیە بە نامۆ نەزانین، بەڵام کاتێک کتێب خرابێتە دەرەوەی ژیانەوە، دەبێت قبوڵی هەموو ستەمکاریەک بکەین کە لەدژماندایە، بە ئاگا نەهاتنەوەمان لەوەی تیایدا دەژین، هۆکارەکەی بوونمانە لەدەرەوەی کتێبەوە، تەنیا کتێبە توانای ڕزگارکردنمانی هەیە لەبەردەم ستەمکاردا، پێشنیاری کتێب فرۆشەکە بۆ کەسێتی کچە منالکارەکەی ناو ڕۆمانەکە، کە بە بەد جنس دەیناسین، وێنەیەکی ڕوونی ئەو تێگەیشتنەیە کاتێک کتێب فرۆشیە تارانیەکە، کە پیاوێکی پیرە پێی دەلێت ئەو دوو کتێبە بخوێنەوە و رۆژێک لە رۆژان تێی دەگەیت، دیارە دوو کتێبەکەش «رەگەزی دووەمی» سیمۆن دو بۆڤوار و کتێبی «دۆخی مرۆڤی هاوچەری» ی هانا ئارنێتە، ئەو کۆمەککردنە وەک ناخود ئاگاییەکی کتێبفرۆشێک بۆ کچەکە، بۆ خۆی جۆرێکە لەبنیاتنناوەی کەسێتی کە پیاوەکان تێیاندا شکاندویانە، بەشێکی تری وێنەی بنیاتنانەوە، بریتیە لەو قسەیەی دایکی کاتێک لە ئوتێل پێکەوە شیعری «سیمین بەهبەهانی» دەخوێننەوە، دایک ئەو دێرەی بۆ دەخوێنێتەوە، کاتێک باس لەوە دەکات، نیشتمانەکەی بنیاتت دەنێتەوە، گەر پێویست بکات بە قوڕی خۆی و بە ئێسقانەکانی، دیارە ئەو وێنەیە بۆ ئەو شوێنە، کۆمەکی تەواوی دایکە بۆ کچەکەی، سەرباری ئەوەی پێی وتوە چیرۆکی پەلاماردانەکەی لەیاد بکات، بەڵام کتێب و شیعر لەو شوێنەدا بۆ خۆی بنیاتنانی کەسی و کۆمەکی ژنەکانە بۆ یەکتری.
بۆ ئەوەی شۆڕشی ژنی ئێرانی هەڵگری تەواوی خەونەکانی بێت، نابێت دەستبەرداری ئازادی بێ سنوور بێت، لەدەرەوەی تێگەیشتنی ئاینی و کۆمەلایەتی دەڕوانێتە ئازادی، بۆیە ئێمە ڕووبەرووی ئەو دیدە هەنوکەییەی مرۆڤی ئەم رۆژگارە دەبینەوە، کاتێک دەبینین پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەمان لەڕێی سۆسیال میدیاوە هاورێیەتی لەگەڵ کچێکی کۆری پەیدا کردووە، دایکی کچەکە دێتە ناو چاتە ڤیدیۆیەکەیان و باس لەمەیلی ژنانەی بۆ ژن دەکات، لێرەدا ئازادی دەکەوێتە نێو پەیوەندی ژن و شۆڕشدا، ئەو دیدە داکۆکیکارە لە نەریتی ڕابردوو کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئازادی سنوری هەیە، لەڕاستیدا ئەو سنورە ئەوە جۆری مرۆڤەکانە بڕیار لەسنورەکەی دەدەن کە چی دەکەن و باوەڕیان بە چۆنیەتی کارکردنە لەگەڵ ئازادی، مرۆڤ خۆی ئازادە لەوەی دەیەوێت سنور دابنێت بۆ کۆ ڕەفتارەکانی یاخود لەدەرەوەی سنورەوە بێت، نەوەک ئازادی بۆ خۆی سنوری بێت.
ڕووداوەکانی شۆڕش و بوونی ژنەکان لەشەقامدا وا دەکات سەرەتایەک بدۆزنەوە بۆ ئازادبوونی زمان و ڕزگاربوون لەو چەپاندنە زمانیەی نەیتوانیوە گوزارشت لە چێژی پەیوەندی سێکسی بکات، دواتر لەشەقامدا دەتوانن چیرۆکەکانی خۆیان بۆ یەکتری بگێڕنەوە، مانایەک نیە لەو ئازادیە جوانتر بێت، کە ژنەکان لەشەقامدا گوزارشتی لێ دەکەن، کوژرانی عەلی بە دوو فیشەگ دەرخەری رۆژگارێکی تری ژیانە بۆ ئازادی، ئەو کە داکۆکی لەدەسەڵاتێک دەکات، هەر بەدەستی هەمان دەسەڵات دەکوژرێتەوە، عەلی ئەو کوڕەی سێکسی لەگەڵ دەکات، کوژرانی بەواتای ئێمە لەسەرەتای رۆژگارێکی ترین بۆ ئازادی، هەر بۆیە کاتێک سۆڕش لەشەقام دەست پێدەکات، دایک هانی کچەکەی دەدات و ڕێگری لێ ناکات بۆ بەشداری کردن، چونکە ئەوە داکۆکیکردنە لەشوناسی زەوتکراوی، لەسڕینەوەی ماناکانی بوونی ڕەگەزێتی، لەساتی خوێندنەوەدا، ڕامانێک لەسەر رووداوەکان دەموەستێنێت و بیری تێکستێکی کوردیم دێتەوە، تێکستێکی شیعری کەژاڵ ئەحمەد نووسیویەتی بەناوی «جادەم لە پیاو خۆشتر ئەوێت» چونکە لەو کاتەدا ڕێک ژنەکان لەشەقامدا جادەیان لەهەموو ئەو پیاوانە خۆشتر دەوێت کە سێکسیان لەگەڵدا کردوون کە خۆشەویستیان بوون، بۆیە وەک کچە پاڵەوانی رۆمانەکە دەلێت هەموو دەنگەکانی باوک و عەلی و ئەوانیتر نابیستم، جادە لەو کاتەدا دەبێتە رووبەری ئازادی بۆ ژن.
پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو کوڕەی ناوی داریوشە، کە تەواو جیاوازە لەهەموو کەسێکی تر، کوڕێک لە شەقامدا دەیناسێت و هەفتانە بەیەکەوە دەچنە ژوان و یەکتریش ماچ دەکەن، تەنانەت کچە بە دایکی خۆشی دەناسێنێت.
لەپڕ ڕۆژێک کوڕەکە بڕیار دەدات بەجێی بێلێت، ئەوەش دەخاتە ڕوو، نە بەهۆی ناسینی هیچ کچێکی ترەوەیە وە نە بەهۆی ئەو قسەیە کە کچە پێی وتوە باوکم توڕە دەبێت گەر بە پەیوەندیەکەمان بزانێت، بەڵکو قسەیەک کە هەمیشە لەدوای رۆیشتنی کوڕەکە لە مێشکی دەنگ دەداتەوە، کۆ دەنگیەکی ڕەگەزی نێرانەیە کە پێی وتووە «ببورە، من پیاوم، تۆ لەوە تێئەگەیت؟»
خالێک کە بە گرنگی لەم رۆمانەدا دەردەکەوێت ئەویش ئەوەیە، هەمیشە ژنەکان لەشکستدا پشت بە یەکتری دەبەستن، کۆ دەنگی و پاڵپشتی بۆ یەک درووست دەکەن، بۆیە گەر کاتێک ئامۆزاکەی لەڕووی سێکسیەوە لێی نزیک بۆوەو بۆ دایکی باسی کرد، لەم شکستە دڵداریەشدا پشت بە کچە کۆریەکەی هاوڕێی دەبەستێت و ئەو دڵنەوایی دەداتەوە، بەهۆی ئەوەی کارەکتەرە سەرەکیەکەی ڕۆمانەکەمان خەریکی کاری تاتۆیە، وێنەی ئەو کارە بە نهێنی دەکات و دایکیشی کۆمەکی دەکات و بڵاوکراوەی تایبەتی بۆ پەیدا دەکات، هاوڕێ کۆریەکەشی بەوە دەزانێت، بۆیە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکات، کە بێتە کۆریا و بەشداری لەو فێستڤاڵەی تاتۆ بکات، بۆ ئەوەش کچە کۆریەکە باس لەوە دەکات باوکی دیبلۆماتە و دەتوانێت کۆمەکی بکات بۆ سەفەرەکە, پاڵەوانەکەمان بۆ سەفەرەکەش بیر لەوە دەکاتەوە بەر لە ژینا ئەمینی بیری لەوە کردۆتەوە سەفەر بکات و ئێران بەجێ بێلێت.
ئێوارەیەکیان هاورێ کۆریەکەی تەلەفۆنی بۆ دەکات، باس لەڕووداوی کچێک دەکات، ئەویش کە سەیری ئەنتەرنێت دەکات و هەواڵەکان دەخوێنێتەوە، دەزانێت ڕووداوی ژینا ئەمینیە و سێ رۆژ دواتر لەیلای هاورێشی هەر بۆ هەمان مەبەست تەلەفۆنی بۆ دەکات، لێرەدا ئەوەی کۆ دەنگی دروست دەکات ترسی ژنەکانە لە دنیایەکی تۆقێنەر.
بۆیە هەموو یەکتر ئاگادار دەکەنەوە، هەر ئەو مەترسیەش دەبێتەوە هۆی لەدایکبونی شۆڕشی ژنەکان، دەشێت ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری فارس و کورد کاریگەریەکی گەورە بەجێ نەهێلێت، چونکە بە ڕووداوەکان نامۆ نیە و بە تەواویان ئاشنایە، بەڵام بۆ خوێنەری فەڕەنسی گرنگی تایبەتی خۆی، نەک هەر ئەو ڕۆمانە تەنانەت ئەم ڕۆمانووسە لە ڕۆمانەکانی تریشیدا ویستویەتی وێنەیەکی ڕوونی ئێران بۆ خوێنەری فەرەنسی بخاتە ڕوو، وێنەیەک چەندە واقعیە هێندەش گێڕانەوەیەکی ئەدەبیە، بەتایبەت لەگێڕانەوەی بۆ هەستی کچان لەساتی شۆڕشی سەر شەقام، ئامادەبونی ئەوانەی لە ماڵەوەن و ئەوانەی سەر شەقام چۆن لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیامیان بۆ دەنێرن کە خۆزگەیان خواستووە لەگەڵیان بن، دایکی پێی دەلێت خۆزگە تەمەنم لە بیست ساڵیدا بوایە، ئەو وێنەیە دەریدەخات کە شۆڕشی کچان هی نەوەیەکی نوێ بوو، نەوەیەک سەر بەم سیستمە سیاسیە نین، بۆیە گەر هەمیشە باس لەپەیوەندی مرۆڤەکان بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەوە بکرێت، وەک کەسێتی سەرەکی ڕۆمانەکە پەیوەندی و ئاگاداربونەوەی بە دنیا لەم ڕێگایەوە دیار دەکات، ئەوا هەر ئەم نەوەییە کە ناتوانێت سیستمە سیاسەکەشی قبوڵ بکات.
ئەگەرچی ئەو قبوڵ نەکردنە بەرکەوتن بێت لەگەڵ قسەی باوک کاتێک باس لەوە دەکات دوور نیە وەک ئامۆزاکەی ئەویش بکوژرێت، بەڵام ئەو خۆی وەک کوژراوێکی ناو ژوورەکەی ماڵ دەبینێت، ئەو هەستە بە تەنیا هی مرۆڤێک نیە، هێندەی هی نەوەیەکە کە وادەزانێت کوژراوە، بۆیە دەبێت لەسەر شەقام بێت.
ئەو کاتانەی کچە کۆریەکەی هاوڕێی نامەی بۆ دەنووسێت کە ڤیزەکەی ئامادەیە، ئەوە ئەو ساتەیە ئەو لەسەر دیوارەکان درووشم دەنووسێت بۆ ئازادی و مردن لەپێناو ئازادی بۆ ئێرانێکی نوێ، بۆیە بەخۆی دەڵێت بۆچی بڕۆم، کە جگە لەمانەوە لەئێستادا هیچ شتێکی ترم ناوێت، مانەوە لەشەقام و سوتاندنی سەرپۆش و هاوار کردن بۆ ژیان و ئازادی و ژن دەبنە شوناسی نەوەیەک، کە گەر مردنیش بێت پێی وایە پێویستە تامی مردنیش بکات.

نیهاد جامی– فەڕەنسا

mm

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی نیهاد جامی کلیکی ئەم لینکە بکەن: http://www.dengekan.com/kteb_nihad.htm لە 05-03-1972 لە گەڕەکی حەمام عەلی بەگی شاری کەرکووک لەدایک بووە.. نووسەر و دەرهێنەری شانۆییە.. خاوەنی خەلاتی باشترین دەرهێنەری شانۆییە لە ڤیستڤاڵی شانۆی هەولێر لەلایان وەزارەتی ڕۆشنبیریی لە 1995.. لە ئێستاشدا دانیشتوی وڵاتی فەرەنسایە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress