ئه‌تڵه‌سی شوێنپێ.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
په‌نجه‌ره چاڵێكی دوور نییه
پاش خۆر و با خوداوه‌ند لێی دێته‌ده‌رێ
په‌نجاوچوار شوێنپێ له‌سه‌ر قوماشێكی سپی‌دا
چاوی سه‌رسامیی ده‌ترووكێنن
له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می هه‌مه‌جۆری یه‌زدان
ته‌ورات و
ئینجیل و
قورئان و
خاڵی بێده‌نگییان دانیشتووم
هاواریش له ده‌ورم ده‌ڕژێ
بووه‌ته ئاوێكی خۆڵه‌مێشی
بچمه ناوی هه‌موو نینۆكه‌كانی ده‌ست و پێم به‌رده‌ده‌ن
به‌هێزێكی زۆریشه‌وه حه‌زی مه‌له تا ئه‌وپه‌ڕی دڵی پشكواندووم
به‌ڵێ تریفه‌ی مانگ بزربوو
مووسا و
عیسا و
محه‌مه‌د
به ئاوازێكی سه‌ره‌تایی
به‌سه‌ر شه‌قامی شار ده‌گه‌ڕێن و ئاهه‌نگ ده‌گێڕن
ڕۆژی خۆیانی پێ پیرۆزده‌كه‌ن و ته‌واوی ژیانیان برده‌وه
وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌هه‌شت له‌دایكبووبن
***
به ناوی دایك و باوكم گه‌رمده‌بمه‌وه
وێنه‌یه‌كی بچووكیانم خسته مه‌دالیایه‌كی شووشه‌ی ڕوونه‌وه
هێڵه‌كانی ناو ده‌ستیان دووباربووه‌وه
وه‌ك دوو كه‌وانه‌ی ڕووبه‌ڕوو حیكمه‌تێكیان ده‌ستنیشان كرد
دڵت هه‌ڵبگره و له خۆت مه‌تۆرێ
ڕوونترین شێوازی باڵ له شان ڕوانه
***
بۆ مردووان گریاوم و زیندووانیش ماچ ده‌كه‌م
***
چرایه‌كم به ناوچه‌وانی ماڵه‌كه‌مدا هه‌ڵواسیوه
گه‌رمی و مه‌ی شووشه‌كه‌یان سڕیوه‌ته‌وه
***
به‌لاڕێدا ڕێم نه‌كردووه
ئه‌ستێره و كلیلی شووشه‌ییم به‌سه‌ردا به‌ربووه‌ته‌وه
زه‌وی و ئاسمان به‌سه‌ریه‌كدا هاواریان نه‌كرد
لانه‌ولان بوون
***
دڵی هه‌زار په‌ڕی كێڵگه زۆر به‌جه‌رگ و له‌خۆبوورده‌یه
له‌ناویدا له‌پێشوازیی ده‌وه‌ستم و ڕه‌نگی خۆشیی ده‌ناسم
براده‌ره‌كانیشم كه میراتی ڕه‌سه‌نن به‌ره‌و لام دێن
بیر له زه‌وی ده‌كه‌مه‌وه
داوای لێبووردنیشی لێده‌كه‌م
به‌پێی سووك و گران به‌سه‌ریدا چوومه‌ته سه‌نگه‌ر و ژوان
چیم بینی سه‌رنجم دا
تا توانیم بانگی ناو خه‌ونی سه‌ره‌تام كردن
كردمن به بۆنێك له گوڵی زمان
بزه‌یه‌كم به‌سه‌ر شوێنپێكان ڕشت
پشوویه‌كم دا و له خه‌یاڵ مه‌له‌م كرد
دنیام لێ ئاشكرابوو
دنیا دوو مانگ له من منداڵتره
شیری ڕووه‌كمان خوارد
بۆ هه‌بوونی هه‌موو ژیان لانه‌ولان بووین
ئاسمان دوو خۆری نییه
چاو به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه
***
به زمانێك بۆ هه‌میشه شاد ده‌مێنێته‌وه
چرپه‌یه‌ك ده‌كه‌م
له ماوه‌ی گۆڕه‌شارم ته‌واوی فریوی ده‌مانكه‌كان ده‌نووسم
چیشم بینی بۆتان ده‌گێڕمه‌وه
چه‌په‌ڵه‌كان ده‌هێنمه پێش چاوی ڕوونمه‌وه
دوای دوو خوله‌ك ده‌یانبه‌خشم
مانگ ئه‌و كاته‌ی خه‌مگینه
پڕه
وه‌ختێكیش ده‌فڕێ باڵه‌كانی ڕووناكی ده‌به‌نه ماڵان
***
خۆر چاوی ترووكاند
كاتی دانپیانانه
ته‌په‌ی باڵ له سینگمدا ده‌نگده‌داته‌وه
زایه‌ڵه‌یه‌كی دوور نییه و ڕووگه‌نما بێسوود نامێنێته‌وه
***
دره‌ختی ئاده‌م و حه‌وا دڕك ناگرێ
بێ سه‌ره‌تا و كۆتایی و هێڵی ته‌واوبوونه
به نه‌رمی له ڕه‌گ و چڵیه‌وه سه‌ماده‌كات
له‌و شادمانییه ده‌گات كه ئێمه تێیناگه‌ین
باڵنده هاوڕێی منداڵیمه
هاوڕێی نه‌مریی و ته‌نیایییه ترسناكه‌كان
له به‌رزایی دڵه‌ڕاوكێی سروشت به‌ره‌و بلیمه‌تی فڕیوه
به ئاوازی خوێندنی گوتی
ده‌نگێك قسه‌ی له‌گه‌ڵ چاندن و زه‌وی و نهێنییه پیرۆزه‌كان كرد
بیستت
شووره شه‌ڕانگێزه
خدری زینده له نیوه‌ی ڕێیه و به‌تاو پێ هه‌ڵد‌ێنێ
كلیلی شووشه‌یی
هه‌ڵده‌داته ناو ده‌ستت و ئه‌ستێره‌ی به‌سه‌ردا سه‌یوانه
هه‌سته بڕۆ گه‌رمیی سینگی هه‌ویرێكی نه‌رم و شله
ده‌نگی وێرد و ڕۆشنایی هه‌وای بۆنخۆشكردووه
چوار توخمه‌ی گه‌ردوون
گۆزه‌ی كتێبه‌كانیان پڕ كردووم
كه له ئه‌فسوون و ئه‌فسانه‌ی ئه‌وان نووسیومن
یه‌ك له یه‌كتری ڕاده‌مێنن و سه‌رسامن
كێ یه‌كه‌مه
ئه‌وانی تر له خوێنی ئه‌ون
***
ئه‌و پرسیاره گومانێكی گه‌رمه
ده‌با بیربكه‌ینه‌وه به‌رهه‌مه ناته‌واوه‌كان گومانن
یاده‌وه‌رییمان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه
دره‌خت كه میوه‌ی پێده‌گات له هه‌موو كاتێكی هه‌ستیارتره
***
من پاڵه‌وانی ئه‌لفوبێم
زۆران له‌گه‌ڵ كێدا بگرم
په‌یكه‌رێكم بۆخۆم داڕشت
كاتژمێرێكی ڕه‌وانبێژم خسته ده‌ستی
ڕه‌نگی گه‌رمی به‌سه‌ردا ڕژا
شكۆ و نان و ئاو ده‌به‌خشێ به هه‌ژاران
***
ئه‌شق ده‌بووایه بتكوژم
پاشان بپاڕێمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ئاسۆكان بتبینمه‌وه
هه‌بوو و نه‌بووی ئه‌م دنیایه
به ده‌نگێكی مات په‌یكه‌ری نه‌مران ده‌دوێنێ
خانه و پێستیان ڕۆشنایی ده‌ده‌ن
له‌سه‌رزه‌مین ده‌بنه ڕه‌نگی به‌ره‌كانی دێگه‌ڵه
***
ناخی ئاگاداركرایه‌وه‌م وه‌ك چرا به‌ده‌سته‌وه گرت
تا داگیرسا
هه‌بوونه‌بوو خۆی داڕیشت
***
تیشكی شێ‌دار باڵی ماندووكرد
كێلێكی به‌تاڵ چاوه‌ڕوانی هه‌ڵكۆڵینه
ڕوخساری هه‌ولێر جوان ده‌بێت كه تێیدا ژیاوم
ڕوخساری شاری خانه‌دان مه‌ی ڕژاوی جامه
بۆنوبه‌رامه‌ی كه‌لله ده‌باته هه‌واری پڕ
كاتژمێریشی كه‌س فریونادا
***
به‌خته سه‌یره‌كه‌م
كه‌شتی بچووكی مه‌ی
له تێلدڕ گیرنابێت
ئه‌شق ده‌بووایه بتكوژم
پاشان بپاڕێمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ئاسۆكان بتبینمه‌وه
دڵ خۆی به‌ندكردووه
***
گوناهباری یه‌كه‌م
فرمێسك چاوی گرتووه ده‌چێته وانه خوێندن
ئێستا نابینام له پۆل ناچمه ده‌رێ
ئاده‌م و حه‌وا میوه بۆ خانمی هه‌ست لێده‌كه‌نه‌وه
***
شۆڕه‌بییه‌كی پرچ خومار سه‌ری شۆڕكردووه‌ته ناو ئاو
چاوبازیی له‌گه‌ڵ ماسی ده‌كات
ترسنۆك و خۆپارێز و هه‌لپه‌رسته
خۆی له قرش و حوت ده‌دزێته‌وه و پرچی هه‌ڵده‌كێشێته‌وه
ماسی به گومانه نه‌كا سیخوڕی ماسیگران بێت
ئاوی ساكاریش نه‌رم نه‌رم ده‌ڕوانێ و ده‌ڕوات
له نیازی شۆڕه‌بی و تۆقینی ماسی ناگات
له ماڵ هاتوومه‌ته ده‌ره‌وه و دوو شه‌ونم
له‌سه‌ر ناوچه‌وانم ماوه‌ته‌وه
گه‌یشتوومه‌ته كه‌ناری ئاو و سه‌یری ئه‌وبه‌ری ده‌كه‌م
قاز و قورینگ ده‌ستێكیان خستووه‌ته سه‌ر شانم
ته‌ماشای شوێنێكی دره‌وشاوه ده‌كه‌ن
ئه‌سپه‌كه‌م ئاوی لێده‌خواته‌وه
هه‌وا له‌سه‌ر ده‌ریا
ده‌جووڵێته‌وه و بیره‌وه‌ری كۆن مه‌ستی كردووه
***
بۆ ئه‌وه‌ی بچمه خه‌وێك باران به توندی
نه‌بارێ و لافاو دروست نه‌كات
ده‌بێ خانه و پێستی نواڵه به شیعری ڕۆمانسی به‌راورد بكه‌م
هێشتان نیوه‌م به‌ئاگایه
شیعر له نیوه‌ی ڕسته‌یدا داكه‌وت و خانه و پێستی داماڵدرا
لێوی بۆ گفتوگۆ وشكبوو
هه‌موومان به هه‌ڵه ته‌ماشای
شیعرمان كرد و ئازاری ترپه و ئاوازیمان دا
ده‌ماری به‌رده ڕه‌نگكراوه‌كانی دێگه‌ڵه به سووكی لێ ده‌ده‌ن
له‌پێشبڕكێدان ڕێگایان به‌ره‌و
گه‌رماوێكی بێ هه‌راوهۆریا دۆزیوه‌ته‌وه
خودایه بێویستیان نه‌كه‌ی ویستیانه خۆیان بشۆن
ته‌واو شێتییه ئه‌گه‌ر خانه و پێستیان دانه‌ماڵن
به‌رد سووپه‌رێكی كردارجوانه له دایكه ساده‌كه‌ی ده‌چێت
ستایشی ئارایشی ناوێ
زه‌ویه‌كیان ده‌ستنیشان كردووه
شوێنپێی تێدا ده‌ستنیشان بكه‌ن و له‌و شه‌ونمه بپرسن
له‌سه‌ر ناوچه‌وان ماوه‌ته‌وه
ئه‌یلوولی 2019 هه‌ولێر