Skip to Content

چەپڵە لێدەن بێ قسوور.. رەسوڵ بەختیار

چەپڵە لێدەن بێ قسوور.. رەسوڵ بەختیار

Closed
by ئایار 8, 2024 General, Opinion

لە کوردەواریدا کاتێک بیانویستوویایە هانى یەکێک بدەن، دەیانگوت: چەپڵەى لێدەن بێ قسوور… با بژى هەر بژى، کاتێکیش رقیان لەکارەکانى دەبۆوە دەیانگوت: هەى لۆتى لۆتى چەندم گوت مەچووە جۆتى. بەو شێوەیە کەس و تاکەکانیان بەرز و نزم دەکردەوە.
بەپێى بەڵگەنامە میژووییەکان زۆربەى گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەوەتەى هەن، هەر خەریکى چەپڵەلێدانن، تاى وایلێهات گرووپى چەپڵە لێدان دامەزراوە، ئینجا هەر یەکێکیان لەژێر ناوێک، کاتێک ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی (پیاوە نەخۆشەکە) بەرەو رووخان رۆیشت، گەلانی عێراق بەکورد و عەرەبەوە تف و نەفرەتیان لەعوسمانییەکان دەکرد، لەبەرامبەریشدا لەگەڵ هاتنی ئینگلیز گەلانی عێراق لەسەر شۆستە و شەقام و کۆڵانەکاندا چەپڵەیان بۆ ئینگلیز لێدەدا، (ئەمە بەپێی بەڵگەنامە و ڤیدیۆیەکان).
کاتێک مەلیک لەعێراق دانرا هەموو پیاو ماقووڵانى وڵات سەرى رێزیان بۆ پاشا و مەلیکى عێراق دانواند، ماوەیەکى زۆرى خایاند، لەگەڵ ئەوەى بەپێى بەڵگەنامەکان بنەماڵەى پاشایەتى لەعێراق خانەوادەیەک بوون، هەردەم لەخەمى گەلانى عێراقدا بوون، تاڕادەیەک لەخەمى عێراقدا بوون،ننن بەڵام لەولاوە ئاغا و دەرەبەرگەکان خەڵکیان هەراسان کردبوو، دواتر رژێمى پاشایەتى رووخا، دیسانەوە خەڵک دووبارە هاتەوە جادە و دەستى بەچەپڵەلێدان کرد، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر ناوى دیکە و رێکخراوتر بوو، بەڵام کارەساتەکانى گەلانى عێراق لەو ساتەوە دەستپێکرد، پارتە سیاسییەکانى عێراق لەو سەردەمەدا ساویلکەیى خەڵکى قۆستەوە، ئەمجارەیان بەدروشم و هەندێک قسەى بریقەدار خەڵکیان لەخشتە برد و بەرەو هەراسانکردنى خەڵک چوون، بەبێ ئەوەى بەرنامەیەکى روونیان هەبێ بۆ خۆشگوزەرانى خەڵک و وڵات، تەنیا بۆ ناو دەرکردن بۆنەکانیان دەهێنائارا، خەڵکیش هەر خەریکى چەپڵەلێدان بوون، بێ ئاگا لەوەى ئەو چەپڵەلێدانە دەبێتە هۆى لەخشتەبردنیان.
لەلایەکى دیکەوە گەلانى عێراق رووبەڕووى یەک دەکەنەوە بەناوى قەومیەتەوە، کورد و عەرەبیان بەدژى یەک لەقەڵەمدا، بۆ ئەمەش عەشایەرە عەرەبەکان بەهۆسە و هەرا دەهاتن گوند و دێهاتى کوردیان داگیر دەکرد، هەرهیچیان نەکردبووایە دەغڵ و دانى دێهاتەکانیان دەسووتاند، هەموو ئەمانە لەژێر پرۆسەى چەپڵەلێداندا بەڕێوە دەبرد، بەشێک لەکوردیش لەرق و قینەى دژى براکەى هاوکارى عەرەبەکانیان دەکرد، چونکە بەناو شۆڕشەکان لەسەردەمێکدا دژ بە ئاغا و دەرەبەگەکان وەستاوەتەوە، ئەوانیش لەپایتەخت هیچ بۆچوون و هەڵوێستێکى وایان نەبوو، تەنیا ئەوەى لەنێو پەرلەمانە کارتۆنی و بۆنەکاندا چەپڵەیان لێدەدا و سەریان بۆ دەلەقاند.
لەگەڵ هاتنى بەعس لەعێراق پرۆسەى چەپلەلێدان وەک بەرنامەیەکى سەرەکى لەنێوەندى دەزگە راگەیاندن و رۆشنبیرییەکان بەتەواوى دانرا، هەردەم سەرۆک بەهەر شوێنێکدا دەڕۆیشت چى بگوتایە بەباش و خراپ هەر چەپڵەى بۆ لێدەدرا، خەڵکێکى زۆر نانى ئەو چەپڵەلێدانەى دەخوارد، کەسانێکى زۆریش هەبوون لەترساندا چەپڵەیان لێدەدا، بەو شێوەیەکى بۆ چەند دەیەیەک لەمێژووى بەعس بەو شێوەیە توانى رەگى خۆى لەنێو هەموو ماڵێکى عێراقدا بسەپێنێ، ترس و چەپڵە وایکردبوو لەنێو ماڵى خۆشتدا قسە بکەى، یاخود لەگەڵ نزیکێکى خۆتدا قسە بکەى و ناڕەزایەتى دەربڕى، ماوەیەکى زۆرى خایاند زۆر کەس بەهۆى قسە نەکردنى، هەردەم لەناخ و مێشکیدا دەیهێنا و دەیبرد، بەو هۆیەوە تووشى چەندین نەخۆشى بوو، هەبوو لەداخا مرد.
کاتێک بەعس رووخا بۆ جارێکى دیکە جەماوەرى ستەمدیدەى چەپڵەرێزان هاتنەوە جادە، ئەمجارەیان زۆر بەتوندى چەپڵەیان لێدا، بەو پێیەى ئازاد بوون، خەڵکێکى زۆریش لەپێشتردا بەهۆى چەپڵەوە نانیان پەیدا دەکرد، ئەوانە ئاوارەى وڵاتان بوون، ئەمجارەیان یادى چەپڵەلێدانەکانى پێشتریان دەکردەوە.
لەکوردستانیش بەهەمان شێوەى عێراق بەزمى چەپڵەلێدان بووە پرۆسەیەک بەساویلکەییەوە چەپڵە لێدەدەرێ، بەڵکو بەهۆى چەپڵەکانەوە وڵات ئاوەدان بێ، بۆیە هەردەم چەپڵەى لێدەن بێ قسوور… با بژى هەر بژى، هەر کاتێکیش رقتان بۆوە بڵێن هەى لۆتى لۆتى چەندم گوت مەچووە جۆتى.

رەسوڵ بەختیار

Previous
Next
Kurdish