
کڵاو.. نارین ڕۆستەم
Closed
باوکم ویستی خەمۆکییەکەی بشارێتەوە،
کڵاوێکی چەرمی کردە سەر و
بوو بە شاعیر.
برایەکەم بە مووسی خراپ پرچی دەتاشی
سەری لوول دا و فڕێی دایە ناو بازنەی کڵاوێکی ڕەش،
دەیویست برینەکانی سەری بشارێتەوە
بوو بە ئیماندار.
من کڵاوێکی جادووییم لەسەر نرا و بزر بووم.
ئەو کڵاوەی باوکمی کرد بە شاعیر،
لە چەکمەجەی دۆڵابەکە پاڵکەوتووە.
کڵاوی برام بوو بە قیر و
بە سەریەوە نووسا.
من بەدوای کڵاوە جادووییەکەدا دەگەڕێم:
بزری کردم و بزر بوو.