كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه – 68 – … كه‌ریم كاكه
یاده‌وه‌ری
68……….
له ساڵی گریانی گه‌وره، گریانی حه‌مه شێت، وه‌بیرمنایه شه‌وێكمان بێ پیری سوارچاكان و حه‌مه شێت كردبێته‌وه، حه‌مه شێت له خۆوه ده‌هاته ناو قسانه‌وه، حه‌مه شێت – هه‌یاس ناڵێم- پڕ سهرهاتترین شێتی شاره، شه‌وان ماڵی ئێمه پڕ ده‌بوو له حه‌مه شێت، كه‌س نه‌بوو شتێ له‌و شێته نه‌گێڕێته‌وه، له ماڵی ئێمه له زاری هه‌ندێكه‌وه حه‌مه شێت به فڕین ده‌فڕێ، به پێوه زێی گه‌وره ده‌بڕێ، له زاری هه‌ندێكه‌وه تاریكه شه‌وی زستانێ له ناو قه‌یسه‌ریه‌وه چه‌پكه (نوور)ی هاویشتووه و مناره‌ی چۆلیی له رووناهی گرتووه، ئه‌وه‌تا زیلێكی سه‌ربازی له‌و تهنیشتهی یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران منداڵێك پاندهكاتهوه و راناگرێ، ئه‌و زیله له پێش مزگه‌فتی شێخی چۆلی به فووێكی حه‌مه شێت وه‌رده‌گه‌ڕێ.
ئه‌وه‌تا وه‌له‌كه عاره‌بێ له ناو قه‌یسه‌ری ده‌ست بۆ سمتی ژنێك ده‌بات، حه‌مه شێت چاوی لێیه، ده‌ست بۆ ئاسمان هه‌ڵده‌بڕێ، هێشتا نه‌یهێناوه‌ته‌وه خوارێ، ده‌ستی عارهبهكه ده‌بێته داری ره‌ق و چه‌ندان دكتۆر و به‌یتار ده‌كات نابێته‌وه ده‌ست.
له شه‌وانی ساڵی گریان هه‌ر سه‌رهاتێك، هه‌ر قسه‌یه‌ك، هه‌ر هه‌واڵێك له‌حه‌مه شێته‌وه ده‌هات، وه‌ك ژیانی په‌یامبه‌ر و پیاوچاكان باوه‌ڕم پێیده‌هات..ئای حه‌زمده‌كرد به چاوی خۆم شتێ له‌وانه ببینم، حه‌یف نه‌مدیتن، ده‌یانگوت:
ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی زۆر له خودا نزیكن، كهڕاماتی حه‌مه شێت ده‌بینن.
چه‌ند حه‌زمده‌كرد ببمه نزیكترین كه‌سی خودا!
ئه‌ز ته‌نێ سه‌ربرده‌ی ساده‌ی حه‌مه شێتم له نزیكه‌وه ده‌دی و ده‌بیست، ئه‌وه‌تا دووكاندارهكهی ته‌نیشت حاجی كنێر ئه‌و پیاوه‌ی وا تێبگه‌م ناوه‌كه‌ی له گۆچانه‌كه‌یه‌وه هاتبوو، گۆچانه‌كه‌ی له دار كنێر بوو، به ته‌نیشت حه‌مه شێتدا ره‌تده‌بێ، نووكی پێڵاوی به رانی ده‌كه‌وێ، حه‌مه توند پێی ده‌گرێ و كه‌چه مشاره‌كه‌ی ده‌خاته سه‌ری، ده‌یه‌وێ پێی ببڕێته‌وه، كابرا:
كوڕه، شێته ئه‌وه چ ده‌كه‌ی؟
حه‌مه شێت:
چار لاقت لۆ چیه؟ سێت به‌سه.
كابرا: ده‌مزانی شێتی به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نا.
حه‌مه شێت:
ئێ، بوه‌سته كه‌مێك سمت ببڕم.
ئێ، رۆژێك حه‌مه شێت، له‌و به‌ره‌ی یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران وا له بن دارتێلێ دانیشتووه، كه‌چه مشارێكی داری به ده‌سته‌وه، كه‌سێ لێیده‌پرسێ: ها، حه‌مه ئه‌وه چ ده‌كه‌ی؟
حه‌مه شێت: نابینی، دارتێل ده‌بڕمه‌وه؟!
ده‌پرسێ: لۆ، چی كردووه؟
ده‌ڵێ:
هه‌ڵه‌ی بنیاده‌م چاكده‌كه‌مه‌وه!
كه‌س حه‌مه‌شێتی له ناو ئامانه نه‌دیوه، دیاره له به‌ختی ژنه‌كه‌ی ماڵ له كۆڵانی پشت زێوه‌ر، رۆژێ سواری هێلی ئیسكان ده‌بێ و له پێش (قازی محه‌مه‌د) كه‌مێك سه‌رتر داده‌به‌زێ، له جاده ده‌په‌ڕێته‌وه به‌ری زێوه‌ر، ژنه ده‌یبینێ، ئه‌و ژنه بۆ منداڵێ به ئاسماندا ده‌چێ، دكتۆر نه‌ما نه‌یكات، پیاوچاك نه‌ماوه بۆی نه‌چێ، چه‌ند جار له سه‌ر (بابه‌گوڕگوڕ) خۆی غلۆركردۆتهوه، منداڵی نابێ و نابێ، به قسه‌ی خۆی شه‌وێ پێشه‌وه‌ی حه‌مه شێت رێی به‌وێ بكه‌وێ، خه‌ونی پێوه ده‌بینێ، له‌و خه‌ونه حه‌مه شێت ده‌ڵێته ژنه:
ژنێ، منداڵێكت ده‌وێ به جامه ماستاوێ؟!
سه‌رتان نه‌یه‌شێنم، ژنه ده‌ستی حه‌مه شێت ده‌گرێ و ده‌یباته پێش ده‌رگه‌ی ماڵێ، تا به جامه ماستاوه‌وه دێته‌وه، حه‌مه نامێنێ، ئه‌و لا حه‌مه ئه‌م لا حه‌مه، حه‌مه نه‌ما، به خۆ و منداڵی كۆڵانێ، كۆڵان نامێنێ له دووی حه‌مه‌ی نه‌كه‌ن، نایبیننه‌وه، سواری ئامانه ده‌بێ، قه‌یسه‌ری و مزگه‌فتی شێخی چۆلیشی له دوا ده‌كات، حه‌مه فڕی و له شار نه‌ما، به‌ڵام ژنه گۆته‌نی: پێده‌چێ حه‌مه به دزیه‌وه دوو جامه ماستاوی ده‌ستی وی خواردبێته‌وه، ئاخر ساڵ وهرناسووڕێتهوه، ژنه جمكێ ده‌خاته‌وه، من دواتر ئه‌و دوو منداڵه‌م له كۆڵانی ده‌دیتن، كۆڵان به حه‌مه و حهمۆكه گازیدهكردن.
ماڵه‌وه‌دان، ئه‌و حه‌مه‌یه له چاو و زاره‌وه قسه‌ی دڵ ده‌خوێنێته‌وه، دوایوه‌ی شایهدبهدرۆ كه‌وته سه‌ر زاری ورد و دڕشت، حه‌مه‌شێت، پتر له ئاسمان نزیككهوتهوه، ئه‌و كه‌سانه‌ی درۆیان له دڵ هه‌ڵگرتبوو نه‌ده‌وێران تخوونی بكه‌ون و چاو له چاوی ببڕن، سه‌رهاته‌كه ئه‌وها گه‌یشته كۆڵانێ مه:
چێشتانێكی دره‌نگه، حه‌مه شێت له‌و تهنیشتهی ده‌رگای مزگه‌فتی قیبلهخوار كه كه‌مێك مل خواربكهیتهوه دیواری دادگا ده‌رده‌كه‌وێ، پشت له مزگه‌فتێ روو له دادگا، به پێوه پهلامیزه هه‌ڵده‌دا، كابرایه‌ك خۆی لێ تووڕه‌ده‌كات و ده‌ڵێت:
چما تۆ سه‌گی به پێوه میز ده‌كه‌یت؟ شه‌رمت به خۆت نیه!
حه‌مه‌ش له سه‌ره‌خۆ ده‌ڵێ:
كا ته‌ماشای ناو چاوم بكه..
ئه‌وجا نازانم كابرای ته‌ماشای ده‌كات یان نا، حه‌مه پێیده‌ڵێ:
سه‌گ له تۆ گڵاو ده‌بێت، تۆ شه‌رم له خۆت بكه، ده‌چیت شایه‌دی به درۆ ده‌ده‌یت!
لێره‌وه با له زاری كابراوه بیبیستین:
وه‌ك كاره‌با گرتبمی وا بوو، ئه‌و شێته به چ ده‌زانێ من بۆ شایه‌دی به درۆ ده‌چمه دادگا، تۆ بڵێی دوێنێ ئێوارێ خاوه‌ن كێشه قسه‌یه‌كی له زار ده‌رچووبێت و گه‌یشتبێته‌وه شێته؟ نابێت شتی وا ئه‌سته‌مه، ئیدی له چوونه دادگا و شایه‌دیدان به درۆ په‌شیمان بوومه‌وه و سوێندم خوارد تا له ژیان مابم درۆم به زاردا نه‌یه‌ت، له‌و رۆژه‌وه‌ش من بوومه خاكوخۆڵی بن پێی حه‌مه شێت، نا، ئه‌و پیاوه شێت نیه، شتێكه وه‌ك په‌یامبه‌ر.
حه‌مه شێت پتر میزی به ئاسندا ده‌كرد، هه‌ر میز نا، ئاگریشی تێبه‌رده‌دا، به چاوی خۆم نه‌مدیت، له زاران بیستمه‌وه:
سپێده‌یه، له قه‌یسه‌ری له بن مێوانخانه‌ی هه‌ندرێن، حه‌مه شێت ئاگرێگی گه‌وره له هی حهسحهسان گه‌وره‌تری كردۆته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ر په‌له دارێ، پارچه كاخهزێ، تهلهزمه ئاسنێكیش ده‌خاته ناو ئاگره‌وه، حهسحهسێ ده‌پرسی:
حه‌مه، ئه‌وه لۆ ئاسنان ده‌سووتێنیت؟
حه‌مه له‌سه‌ره‌خۆ:
لۆوه‌ی چیدی فڕۆكه عه‌رد دانهبێژێ.
حه‌سحه‌س:
ئه‌ها، ئاسن ده‌سووتێنی تا فڕۆكه‌ی شه‌ڕ په‌كیبكه‌وێت!
واز له حه‌مه شێت دێنم و ده‌چمه‌وه لای زێوه‌ر، ئه‌ها، ته‌ماشاكه‌ن، له سه‌ر دیواری حه‌وشه‌ی زێوه‌ر، به دیوی باخچه‌ی پێش ده‌رگای راوچیه‌كه، به خه‌تێكی درشت ( ساڵی بهدیووم) نووسراوه، ره‌نگه‌كه‌ی شینێكی تۆخه، له دووره‌وه له چاودا ده‌دره‌وشێته‌وه، پێشتر بهدیوومم بیستبوو، به‌ڵام به ساڵ و رۆژ و ئه‌و شتانه‌وه نا، له زاری دایكمه‌وه بۆ كۆتر به‌كارده‌هات، من زۆر حه‌زم له كۆتر بوو، هه‌ر جارێ گڕناگهم ده‌گرت و كۆترم ده‌ویست، دایكم ده‌یگۆ:
نا، كۆتر نا، كۆتر بهدیوومه.
نه‌یده‌هێشت ببمه خاوه‌ن كۆتر، باشه ساڵی بهدیووم بۆ؟ ئا، بیرمكه‌وته‌وه، جگه له كۆتر، كه‌روێشكی بهرهبهیانانیش بهدیوومه به‌ر له‌وه‌ی مامۆستا تایه‌ر قسه له ساڵی بهدیووم بكات، با قسه‌یه‌ك له بهدیوومیی كه‌روێشك بكه‌م، ئه‌وه‌شم له راوچیهكهی ئیسكانێ بیست، ئه‌و پیاوه نازانم چ كات له ماڵ ده‌رده‌چوو، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی به زۆری ده‌كه‌وته عهسرانێكی دره‌نگ، مایینهكهی راوچی لهنجهولارێكی هه‌یه، وه‌ك ده‌ڵێن رۆینی به سه‌ری په‌نجه‌یه، حه‌مه‌د مه‌ستان ده‌ڵێ:
ژنینه، وه‌رن له‌و مایینه‌وه فێری له‌نجه‌ولار بن.
ژنه جوانه شه‌له‌كه گوتبووی:
حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌نجه‌ی ئه‌و مایینه ببینێ، چیدی گۆرانی به سه‌ر ژن‌دا ههڵناڵێ.
سواره ئه‌و پیاوه‌ی له (گوڵهستێرهكان كوژانه‌وه) به مایینه‌وه نیشانمداوهتهوه، به دیتنی مایینی راوچیه‌كه له سه‌ر كێشی هه‌زار گوناح و یه‌ك تۆبه، گوتبووی:
هه‌زار مایین و یه‌ك ژن!
دیاره ئه‌و سواره‌یه مایینێكی به هه‌زار ژن نه‌ده‌گۆڕیه‌وه، مه‌به‌ستی شاراوه‌شی له هه‌زار مایین و یه‌ك ژنه‌كه هه‌بوو، تا گه‌وره نه‌بووم چی تێنه‌گه‌یشتم.
ئێ، راوچی مایینه زیندارهكهی وه‌ها ده‌ڕازانده‌وه، چ به‌ربووكێ بووكی وا نه‌ڕازاندۆته‌وه، نه بكه‌ی نه بخۆی هه‌ر ته‌ماشای مایین بكه‌ی، سه‌راپا گوڵینگه، پلپله‌داره، لغاوی مایینێ له لا لێویه‌وه دیاره زه‌رد ده‌چێته‌وه، سه‌د سوێند ده‌خۆی زێریِ ناو جامخانهكانی زێڕنگرانی قه‌یسه‌ریه، به سه‌ر قهپۆزیهوه شتێكی گچكه‌ی بازنه‌یی شۆڕبۆته‌وه، هه‌ر ده‌ڵێی خهزێمهكهی زێنه‌به، ئه‌و ژنه‌ی لهمهچێتران ده‌ستی لێوه‌شاند، به‌بیرمبێته‌وه، سه‌ربرده‌كه‌ی ده‌گێڕمه‌وه.
مایینی راوچی رهوهانه، لۆقه و مۆقه نازانێ، یهرغهیێ ده‌كات كه‌س پێی نابینێ، له چوارپهلهش پێی به زه‌ویه‌وه نامێنێ، بژی ده‌ڵێی په‌له هه‌ورێكی ته‌نكه به ده‌ستی باوه، كلك چ كلك! مه‌گه‌ر مایینی پیری سوارچاكان كلكی وا ئالاَیی هه‌بووبێ، كاتێ بڵندی ده‌كرده‌وه چه‌ند له ئاڵای شه‌كاوه ده‌چووه، سه‌د ئه‌و ئاڵایه‌ی به قوربان كه له سه‌ر هه‌وره‌بانه‌كه‌ی زێوه‌ر ده‌شه‌كایه‌وه، له ناوه‌راستی گۆڕه‌پانه‌كه‌ش به دارتێلێكی باریكه‌وه ههڵدهكراو هه‌ندێ قوتابی به دیاریه‌وه(ته‌حیه عه‌له‌م)یان لێده‌كرد.
له نزیكه‌وه لهمایینی پیاوه راوچیه‌كه وردبوومه‌ته‌وه بۆیه ئه‌وه‌ش ده‌زانم بژی درێژی به دوو لادا هاتبووه خوارێ، خودا ده‌یزانی ده‌تگوت پرچ و كه‌زی ژنه جوانه شهلهكهیه كه له بن چهفیهكهیهوه به سه‌ر شان ملیه‌وه له به‌ر بای پانكه ده‌كه‌وتنه سه‌ما، بژی مایینهكهش له غاردانێ ده‌تگوت په‌له هه‌ورێكی گچكه‌ی ته‌نكی پێش بایه..
راوچی جگه له پیری سوارچاكان لای نه‌ده‌دایه لای كه‌س، ده‌هات و دوو تاژی به دوویه‌وه، كه‌روێشكێ، رێویێ به سه‌ر بڕاوی وا بهتهنكێشی مایینه‌وه شۆڕبۆته‌وه، ئه‌رێ تاژیهكان كه پێده‌چوو زۆر برسیان بێ، چۆن بوو پڕیان نهدهایه نێچیره‌كه؟ كاتێ راوچی داده‌به‌زی و تاوێ له سه‌ر چیچكان به دیار پیری سوارچاكانه‌وه داده‌نیشت، مایینه‌كه له جێی خۆی بێ جووله راده‌وه‌ستا، جار جاره كه‌مێك كلكه ئاڵاییهكهی ده‌له‌قاند، شتێكی ئه‌وتۆم له قسه‌و باسی نێوان پیری سوارچاكان و راوچیه‌كه له‌بیرنه‌ماوه، بێجگه له بهدیوومیی كه‌روێشك.
وشه‌ی بهدیوومم له زاری ئه‌و راوچیهوه بیست ئه‌و بۆ كه‌روێشكی به‌كار ده‌هێنا، ده‌یگوت:
هه‌ر سبهینانێك كه له ماڵێ ده‌رده‌چم، ئه‌گه‌ر له كۆلانێ كه‌روێشكم بێته رێ، سه‌فه‌ر به‌تاڵ ده‌كه‌مه‌وه، چوونكێ ده‌زانم رۆژه‌كه بهدیوومه و سه‌فه‌رم لێناكهوێ، هه‌ر جارێ كه‌روێشكم له نزیك ماڵێ، له گه‌ڕه‌كێ دیتبێ، كێشه‌یه‌كم هاتۆته پێشێ، ئه‌وجا گلابم، تووشی سووكه شه‌ڕێك بووبم، هیچ رووینهدابێ، به ده‌ستبه‌تاڵی هاتوومه‌ته‌وه.
چه‌ندی سه‌رم ده‌هێناو ده‌برد سهردهریم له قسه‌ی راوچی ده‌رنه‌ده‌كرد، له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت:
باشه، ده‌چێته راوی كهروێشكان، كه‌چی له رێیێ كه‌روێشك ببینێ، راو به‌تاڵده‌كاته‌وه.
ئێ، ئه‌وه بهدیوومیی كۆتر و كه‌روێشك.
ئێستا له‌گه‌ڵ ئازادی هاوڕێم ده‌چمه‌وه كن ساڵه بهدیوومهكه، له ناو پۆلێ مامۆستا تایه‌ر جاروبار (ساڵی بهدیووم)ی له زاری ده‌رده‌چوو، نازانم بۆ نووسینه‌كه‌ی سه‌ر دیواریش به هی وی تێگه‌یشتم، نووسینه‌كه‌ی سه‌ر دیوارم نیشانی ئازادی هاورێم دایه‌وه و:
+ ئه‌ها، مامۆستا تایه‌ر چه‌ند جوانی نووسیوه
– ئه‌وه چ ده‌ڵێی! به چ ده‌زانی ئه‌و نووسیویه‌تی؟
+ ده‌ستخه‌تی به ئی وی ده‌چێ.
ئازاد ته‌واوێك له ساڵی بهدیووم وردبۆوه و رۆژی دواتریش وردتر دهیڕۆنیه ده‌ست و ته‌باشیری تایه‌ره فه‌ندی، گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه ئه‌و دوو ده‌ستخه‌ته له هیچ یه‌ك ناگرنه‌وه، گوتی:
ده‌ستخه‌تی من و تۆ چه‌ند به یه‌ك ده‌چن، ئه‌و دووه‌ش هه‌ر هێنده.
ده‌ستخه‌تی ئازاد زۆر خۆش بوو، هی منیش هه‌ر وه‌ك ئێستا، ئه‌گه‌ر كه‌مێك به په‌له بنووسم خۆم نازانم بیخوێنمه‌وه، ئازاد ئه‌وه‌شی گوت:
خۆ مامۆستا منداڵ نیه له سه‌ر دیوار شت بنووسێ.
ئێ، له‌وه گه‌ڕێ، با بزانم مامۆستا بۆچی به‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی گرتبوو، قوتابیه‌ك لێپرسی:
مامۆستا، ساڵی بهدیووم چیه؟
مامۆستا:
له ناو هه‌ر چه‌ند ساڵێك، ساڵێكی وا هه‌یه، ئه‌مساڵ له‌و ساڵانه بوو.
كهمۆكهك له قسه‌كه‌ی تێگه‌یشتم، هه‌رچی به‌رێوه‌به‌ره ئه‌و ساڵه‌ی خسته رێزی ساڵه خۆشهكانهوه، جوانم وه‌بیره سبهینانێك له ریزێ به ده‌نگی بڵند:
ئه‌وانه‌ی به شاخ كه‌وتبوون نۆكه‌ر و كرێگرته‌ی بێگانه بوون، سه‌ریان له به‌رد دا و ته‌فروتوونا بوون، ئیدی له سایه‌ی عێراق وشۆڕش و سهرۆكمانهوه دهحهسێینهوه.
له هاتنه پۆلێ له چه‌ند قوتابیه‌كه‌وه (ئه‌ی ره‌قیب) به‌رزبۆوه، یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی داره‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه و به ده‌نگێك كه له لرمه‌ی تۆپ ده‌چوو:
بێده‌نگ بن، ده‌نا سه‌ر و سه‌د دار ده‌خۆن.
ترساین و ئه‌ی ره‌قیبمان قووتدایه‌وه، به‌ڵام ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌ی ره‌قیب له زێوه‌ر نه‌بڕا، ناوه ناوه، له رێزێ، له پۆلێ، له ته‌ك تانكیه‌كه‌ی ئاوێ، له ناو ئاوده‌ستێ، ده‌بیسترا، هه‌ر نا له سه‌ر دیواری حه‌وشه به خه‌تی درشت دێرێ دووی ده‌نووسرا، به‌ڵام زوو رهشیاندهكردهوه، من زۆر دڵم به ئه‌ی ره‌قیبی سه‌ر دیوار ده‌كرایه‌وه، به من با له‌و سه‌ری تا ئه‌و سه‌ر به بڵندایی دیوار هه‌مووی ده‌بووه ئه‌ی ره‌قیب و به هیچ رهشنهدهبۆوه، وه‌ك رسته ترسناكه‌كه له سه‌ر دیوار ده‌مایه‌وه، ئه‌و رسته‌ی ده‌ڵێم، به خه‌تێكی باریكی ناسكی ره‌نگ كه‌مێ تاریكی له چاو چه‌قی نووسراوه، كه‌وتۆته پشت سه‌ری پۆلی شه‌شه‌كان، ئه‌و جێیه‌ی له ریزبوونێ لێی ریزدهبوون، رسته‌كه به دیوێك رسته‌یه‌كی ئاسایی بوو، هی ئه‌وه نه‌بوو من به گژی‌دا بچمه‌وه، به‌لام به‌و دیوه‌ی من ده‌مخوێنده‌وه هی ئه‌وه بوو سه‌لاح جه‌وهه‌ر گۆته‌نی: به گوو بیسڕیه‌وه، ئه‌و كوڕه دواتر هه‌ر نووسینێكی سه‌ر ته‌خته‌ره‌ش، سه‌ر تابلۆ، سه‌ر دیواری به‌دڵ نه‌با، وای ده‌گۆ.
ئه‌وه‌ش رسته‌كه(( سه‌د ساڵ بكه‌ی بیانی په‌رستی له دوایی هه‌ر ده‌هێنی نشووستی))، ئه‌و رسته‌یه‌ی ده‌بوو به به گوو بسڕێته‌وه، له سه‌ر فه‌رمانی به‌رێوه‌به‌ر له سه‌ر دیوار نووسرابوو، له رێزێش به زاریی خۆی زوو زوو ده‌یگوته‌وه، دیاره مه‌به‌ستی له مه‌لا مسته‌فا و بزووتنه‌وه‌كه‌ی بوو، هه‌ر بۆیه من و زۆریدیش به‌و قسه‌یه تێكدهچووین، نایتهوهبیرم كێ بوو، به‌ڵام جوانم وه‌بیردێ چی گۆ به ده‌نگێك هه‌ر ئه‌وه‌تا گوێم لێ‌بوو:
به خۆت بێگانه په‌رستی، عارهبپهرست..
ده‌ڵێن چی! تا دوماهیێ ساڵ له زێوه‌ر بمێنینه‌وه، سه‌رهات زۆرن، لێ ته‌نێ یه‌ك دووێكی ده‌گێڕمه‌وه، ئه‌نگۆش ئه‌گه‌ر دڵتان ویستی، ببیستن، مامۆستای ئایین، مامۆستا ئیخوان با پێشحجهی سهرهاتان بێ، ئه‌و مامۆستایه دواتر زانیم له سه‌رده‌می كه‌ریم قاسمه‌وه له مه‌لایه‌تیه‌وه ببووه مامۆستا، له روو هه‌موو به مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین ناوی دێنن و بانگیدهكهن، به‌ڵام له پاشمله گوێملێیه مامۆستا ئیخوانی ده‌ڵێنێ، دره‌نگ زۆر دره‌نگ پێكه‌وتم ئه‌و ئیخوانه له كوێوهوه هاتووه و به مامۆستاوه نووساوه، ئێستا له ئیخوان گه‌ڕێ، مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین له وانه‌ی ئایینێ، بێ ئایینی به هه‌ڵه‌ی نهبردبم، جز‌و تهبارهكهمان ده‌خوێند، پێشهویش جز‌و عه‌مه، مامۆستا نوێژی به قوتابیان ده‌كرد، ده‌یگۆ:
ئه‌وه‌ی نوێژ دابه‌ستێ، خێری زۆری ده‌گاتێ، خودا ده‌یباته به‌هه‌شتێ، خه‌می نمره‌شی نه‌بێ.
له باخچه‌كه‌ی پشته‌وه، ئه‌وه‌ی لای به‌لووعه و تانكی ئاوێ، له‌وێ مامۆستا نوێژی داده‌به‌ست، ره‌نگه نوێژی عه‌سر بووبێ، پشت مامۆستا له‌به‌ر قوتابیی ته‌مبه‌ڵ به‌ر بڕواداران نه‌ده‌كه‌وت كه ژماره‌یان هه‌ر سێ چوار كه‌سێ ده‌بوو، من نه‌ده‌چوومه نوێژێ، چوونكه پێویستم به نمره نه‌بوو، بۆ بهههشتهكهش له زۆر كه‌سم بیستبوو:
به‌هه‌شت به نوێژ و رۆژی نیه..جگه له‌وه‌ش من له ئایینداری پتر چووبوومه‌وه سه‌ر دایكم نه‌ك بابم، وا بزانم هێشتا فێره نوێژیش نه‌بووبووم، من و زۆریدی له دووره‌وه ته‌ماشامان ده‌كردن، چ ببینین! هه‌بوو له پشت مامۆستا، زمانی له مامۆستا ده‌رده‌هێنا، هه‌بوو به ده‌سته‌كانی گوێی بۆی خۆی درووستده‌كرد و وه‌ك جاشكۆڵه دهیلهقاندن، هه‌بوو مامۆستا گه‌یشتبووه كرنووشێ، ئه‌و به پێوه و ته‌ماشای كۆتری ئاسمانێی ده‌كرد، هه‌بوو رووگه‌ی خۆی ده‌گۆڕی، پشتی له پشتی مامۆستا ده‌كرد و رووی ده‌كرده سه‌فینێ، هه‌بوو له جێی ئایه‌تان گۆرانیی ده‌گۆ، ئه‌وه‌تا (خ) به ده‌نگێك مامۆستاش گوێی لێیه گۆرانیی(به بانانه‌وه گیانه به بانانه‌وه) ده‌ڵێته‌وه، مامۆستا نوێژی نه‌بڕی، به‌ڵام پێده‌چێ په‌له‌ی لێكردبێ، سه‌لامی چه‌پی دابۆوه و نه‌دابۆوه:
ئه‌وه چ قاحپهبابهك بوو گۆرانیی ده‌گۆ؟!
كه‌س ناوی كه‌سی نه‌گۆ، مامۆستا ده‌ڵێ:
قوڕ به سه‌ری، بزانه چۆن له جه‌هه‌نده‌مێ، شیشی سووركراوه‌ی له قوونێ ده‌بڕن! ئه‌وه‌ی ده‌زانێ كێیه و ناوی ناڵێ، شیشه له قوونی ویش راده‌كه‌ن.
ترسام، شیشی سووركراوه‌ی جه‌هه‌نده‌مێ ترساندمی، هه‌ر من نا زۆریدیش له‌و شیشه ترسان، به‌ڵام كه‌س ناوی (خ) نه‌گۆ، نازانم هۆی چ بوو رۆژ به رۆژ مزگه‌فته‌كه‌ی مامۆستا چۆلتر ده‌بوو، یاریده‌ده‌ر ناوی له‌و شوێنه نابوو( مزگه‌فتی مه‌لا حه‌مه‌ده‌مین) وای لێهات مامۆستا به ته‌نێ مایه‌وه، پێشه‌وه‌ی مامۆستا واز له مزگه‌فته‌كه‌ی بێنێ و نوێژ بباته هۆده‌ی به‌رده‌سته‌كه، په‌له به‌ردێك هه‌یه نهیگێڕمهوه، دڵم داناكه‌وێ، مامۆستا له تاقیكردنه‌وه‌ی ئایینێ (9)ی بۆم دانابوو، هه‌ر من نا، هه‌رچی مامۆستا و قوتابی هه‌یه له سه‌ر ئه‌و(9)یه هاتنه قسه، چۆن ده‌بێ من له ئایین نمره‌ی ته‌واوم نه‌بێ، ئاخر من له‌وه‌ته‌ی هه‌مه هه‌میشه له هه‌موو وانه‌كان نمره‌ی ته‌واو(10)م هه‌یه، چایكردهوه، به‌ڵام له دڵم ده‌رنه‌چوو، خولیای تۆڵه له سه‌رم ده‌گه‌ڕا، ئێ، مامۆستا وا له نوێژێیه، دوور له چاوان به‌ردێكم هاویشتێ، نیشانه‌م له كوێ گرت، رێك به‌وێ كه‌وت، له ته‌حیات خوێندنێ بوو، به‌رد بناگوێی گرت، هێنده‌ی له خۆی هه‌ڵدا و نوێژی بڕی، راپه‌ڕی، جوێنی مزر مزری له زاری ده‌رده‌په‌ڕی..به‌ڵام زۆر ترسام له خودا ترسام، ئاخر بیستبووم:
له كاتی ئاوخواردنه‌وه و نوێژكردنێ، نابێ ئازار به كه‌س بگه‌یه‌نێ، ده‌یانگۆ:
مار به مارایهتی خۆی مرۆڤ له ئاو ناكات، چاوه‌ڕێ ده‌كات، كه‌نگێ ئاوه‌كه‌ت خوارده‌وه، هه‌ینێ پێته‌وه ده‌دات، ئیزرائیلیش تا له نوێژ نه‌بیه‌وه، گیانت ناكێشێ، ئه‌گه‌ر خودا له سه‌ریشی بدات.
ئه‌رێ مامۆستا بۆچی نۆی دابوومێ! نابێ له سه‌ر نوێژ بێ، ئاخر هه‌بوو نوێژیشی نه‌ده‌كرد ده‌ی وه‌رگرتبوو، خۆ لهگۆتنهوهی ئایهتانیش كێشه‌م نه‌بوو، مامۆستا ئیخوان له له‌به‌ركردنی ئایه‌تان هه‌وڵیده‌دا ده‌نگه عه‌ره‌بیه‌كان كتومت وه‌ك خۆی گۆبكرێ، زۆری قوتابیان ده‌نگی (ڤ، چ، ژ، ز)یان به (ز) گۆدهكرد، ده‌نگی (پ، ص،س)یش به (س) مامۆستا به‌وه تووڕه ده‌بوو، هه‌ڵده‌چوو، ددانی جیڕدهكردهوه و تفی له زاری ده‌رده‌چوو، دههاتو ده‌چوو، داری راده‌وه‌شاند، به‌ڵام له كه‌س نا، له رانی خۆی ده‌دا، مامۆستا هاواری لێههڵدهستا:
كوڕه نهعلهتینه، ده‌نگی خودا ده‌بێ وه‌ك خۆی بڵێنه‌وه، كوو ده‌بێ، بیگۆڕن، خودا له دوڕ ده‌وتان ده‌دا.
مامۆستا له هه‌مووان پتر كێشه‌ی ده‌نگی له‌گه‌ڵ شێرزادی برای ئازاد هه‌بوو، ئه‌و كوڕه جگه له‌و ده‌نگانه‌ی له (ز) نزیك بوون، ده‌نگی (ش ،ژ)یشی به (ز) گۆ ده‌كرد، هه‌ر بۆیه دواتر هه‌ندێ قوتابی دهیانگۆته شێرزاد:
زێرزاد، رۆز باز.
ئه‌و زێرزاده پاشتر له‌گه‌ڵ ئینگلیزییش پیس تێكگیران، ئه‌گه‌ر بیرمبێته‌وه (زیزئیز)ه‌كه‌ی ده‌گێڕمه‌وه..
ئه‌و ساڵه‌ی خوێندن وه‌ك بڵێی خۆی لێكدهكێشێتهوه، درێژده‌بێته‌وه، بنی نایه، ئه‌و ساڵه له دارلاستیقی كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان ده‌چێ، واپێده‌چی تاقه كچی گه‌ڕه‌ك بێ دارلاستیقی له ده‌ست بێ و له كۆڵانێ به دارلاستیقهوه ده‌سووڕایه‌وه، هه‌ر كێ پلارێكی تێگرتبا، به به‌ردێ وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه، لاستیقی دارلاستیقی كچی حه‌مه‌د مه‌ستان، چه‌ندی راتدهكێشا له دووت ده‌هات، نه له چووپی تایه‌ی پایسكیل بوو نه له هی هیچ، نازانم چ بوو، له قایشی ده‌رپێی ژنانیش شلتر، هه‌ر بۆیه به كێشكه ده‌كه‌وت و نهیدهكوشت، ئه‌و ساڵه‌ی خوێندن وه‌ك ئه‌و لاستیقه ده‌كشا و درێژده‌بۆوه، ئه‌و ساڵه‌ی خوێندن بۆ من ساڵی بێ باپیری بوو، بۆ هه‌مووانیش مام مه‌ردان گۆته‌نی:
ساڵی چورچبوونهوهی كورد و ره‌پبوونی عاره‌ب بوو.
ئه‌و مه‌ردانه هێشتا ماڵیان نه‌هاتووه، تازه له كۆڵانی داربه‌ڕوو بناخه‌ی خانوو لێده‌دا، بلۆك بلۆك یه‌كه‌م رێزی دیوار ئاوده‌دا، مام مه‌ردان تا رسته‌یه‌ك ده‌ڵێ رستێك پێكه‌نین داوێ، پیاوێكه له خۆوه پێده‌كه‌نێ، پێكه‌نینێكی منداڵانه، پیاوێكه تا ده‌ست هه‌ڵبڕی كه‌ڵه‌گه‌ت، ره‌قه‌ڵه‌ی روومه‌ت تێكقوپاوی، چاو به قووڵدا چووی، سه‌ر و ردێن سپی، دا‌و دا‌و ره‌شی تێدا ماوه، شه‌ل نیه، به‌ڵام له رۆیشتنێ وه‌ك بڵێی نه‌ختێ ده‌له‌نگێ، لهنگانێ هه‌ر له خۆی دێ، له رۆیشتنێ سینگی ره‌پێش ده‌كات و له پێش خۆیه‌وه ده‌ڕوات، ده‌سته‌كانی ته‌واوێك له دواوه‌ی خۆی، په‌نجه‌كانی ده‌كه‌ونه سه‌مایه‌كی نه‌رم، مام مه‌ردان له هه‌ر شتێ تووڕه بێ، كیری كه‌رێی بۆ ده‌نێرێ، له بلۆك تووڕه بێ، له حوكمه‌ت تووڕه بێ، له ده‌ستی خۆی تووڕه‌بێ كه زوو زوو لێی تووڕه ده‌بوو، ده‌ڵێ:
به كه‌رێ ده‌تگێم
نێره‌كه‌رێكی ره‌شی هه‌یه، تێڕكهیهكی سپی له سه‌ر پشتێیه، تێڕكهی ئاوێ، هێشتا بۆڕی ئاوێ نه‌گه‌یشتۆته كۆڵانی وان، به تێڕكه ئاو ده‌كێشێ، مام مه‌ردان له نێرهكهرێش تووڕه ده‌بێ، پێشتر به‌ویشی ده‌گۆ: ((به كه‌رێ ده‌تگێم))، به‌ڵام له‌پڕ جوێنێكی تازه فێربوو، جوێنێك تایبه‌ت به نێره‌كه‌ری ره‌شی تێڕكه سپی، سه‌ربرده‌ی جوێنه‌كه هۆسایه:
گۆتمان، مام مه‌ردان كاتێ له حوكمه‌ت تووڕه ده‌بوو، كیری نێره‌كه‌ری بۆ ده‌نارد، رۆژه‌ك له رێی ئاوێ، له نزیك حهسارهكه، كه‌ر سمی له تێلێ گیرده‌بێ و به تێڕكهی پڕه‌وه ده‌كه‌وێ، ئاو به گۆڕێ وه‌رده‌بێ، مام مه‌ردان له داخا پڕده‌داته حوكمه‌ت، ده‌ڵێ:
حوكمه‌ت، هه‌ی به كه‌رێ ده‌تگێم، ئه‌وه چ حوكمهتایهتیهكه ده‌یكه‌ی! نه‌توانی بۆڕیه ئاوێك بۆ كۆڵانی ئێمه راكێشی؟!
له‌وێ پیاوێ لێی قیتدهبێتهوه، شانی راده‌وه‌شێنێ و ده‌ڵێ:
تۆ چی، وا سینگ ده‌ر ده‌په‌ڕێنی و جوێن به حوكمه‌ت ده‌ده‌ی! بزانه چۆن به گرتنت ده‌ده‌م.
دیاره ئه‌و پیاوه قسه‌ی له سه‌ربووه و گه‌ڕه‌ك ده‌یانزانی له حوكمه‌ت نزیكه، مام مه‌ردان ده‌ستوبرد ده‌ڵێ:
سینگم به خۆی وایه، ئه‌گه‌ر زمانیشم هه‌ڵه‌ی كردبێ، تۆ هه‌ڵه تێمه‌گه، من ویستم به كه‌ره‌كه‌م بڵێم:
هه‌چه، كه‌ره، هه‌ی به حوكمه‌تێ ده‌تگێم..
ئیدی له‌و رۆژه‌وه مام مه‌ردان له كه‌رێ تووڕهبا ده‌یگۆ:
به حوكمه‌تێ ده‌تگێم.
بابم ده‌یگۆ: مام مه‌ردان كه‌ر و حوكمه‌تی وا تێكبهرداوه، یه‌كتر ناناسنه‌وه
مام مه‌ردان جارێ له سه‌ر كوڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رێ تێكدهگیرێ، له هاتنه ده‌رێ له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێ:
نازانم نه به حوكمه‌تێ بتگێم، نه به كه‌رێ!
به‌رده‌سته‌كه دیاره گوێی له كه‌ر و حوكمه‌ت بووه، گوتبووی:
دیاره خۆت پێته‌وه نیه!
مام مه‌ردان گوتبووی:
وه‌لڵا شهقرهم پێوه‌یه، ئه‌گه‌ر باوهڕناكهی لۆم وه‌ره په‌نایێ.
له‌گه‌ڵ ویش تێكدهگیرێ، به‌رێوه‌به‌ر لێكیاندهكاتهوه.
ساڵ هێشتا ساڵی خوێندنی حه‌فتاو چوار و حه‌فتاو پێنجه، ساڵی مه‌رگی پیری سوارچاكان، ساڵی بهدیووم، ساڵی شكستی كورد، ئه‌و ساڵه‌ی رۆژه‌كانی له گلۆڵه‌ی مووی داده پنچكیش درێژترن، هه‌ر چۆن بوو دوایی هات و كارتم وه‌رگرته‌وه، به یه‌كه‌می بوو یان به دووه‌می بوو هاتمه‌وه، به‌ڵام چ پاره‌م له‌گه‌ڵ خۆم نه‌هێناوه، ئاخر ساڵان دینارێك دینار و شتێكم ده‌هێناوه، به سێ چوار درهه‌مێ به‌شداریم له فرۆشگای قوتابخانه ده‌كرد، قازانج یه‌ك و شه‌ش، یه‌ك و حه‌فت پتریش بڕی ده‌كرد، وا بزانم مامۆستا حه‌مه سالح بوو، ده‌یگۆ:
به شداریكردن له فرۆشگای قوتابخانه وه‌ك ئه‌وه وایه گه‌نم له ده‌شتی قه‌راج بچێنی، وه‌ك چۆن له‌وێ له قله گه‌نمێ گوڵه گه‌نمێكی پڕ ده‌دووریه‌وه، لێره‌ش له درههمێكهوه دینارێك ده‌خه‌یته بهڕكتهوه.
له زێوه‌ری ئێمه، له سه‌ره‌تای ساڵه‌وه، كێ ویستبای بۆی هه‌بوو، به بڕه پاره‌یه‌ك به‌شدار بێ له فرۆشگاكه و كۆتایی ساڵ پشكی ده‌بوو له قازانجی فرۆِشگا، من ساڵانی پێشتر به‌شداریم ده‌كرد، پاره‌یه‌كی باشم قازانج ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و ساڵه وام نه‌كرد.
ئه‌و ساڵه كوا ساڵ بوو، نه‌ورۆزی به نه‌ورۆز نه‌ده‌چوو، به‌ستۆڕه به‌ستۆڕه‌ی ساڵان نه‌بوو، ئێستا هه‌ڵه نه‌بم پووشپه‌ڕی ساڵی حه‌فتاوپێنجی سه‌ده‌ی بیسته‌مه، هاوینێكی وشك له بیابان وشكترمان له پێشه، هاوینێكی بێ مه‌له‌وانی و سه‌ر جۆخینان و ناو گندۆره و شه‌مامان..
درێژەی هەیە ……