Skip to Content

چەکی کیمیایی ( chemical weapons  ) … د. ناجح گوڵپی

چەکی کیمیایی ( chemical weapons ) … د. ناجح گوڵپی

Closed
by ئایار 5, 2017 General, Genocide, Slider

کورتە:

لەم باسەدا سەرەتا پێناسی چەکی کیمیایی دەخەینە ڕوو،و بەراوردکردنی لەگەڵ جۆرەکانی تری چەکی کۆکوژ،پاشان دیاریکردنی جۆرەکانی چەکی کیمیایی،وکاریگەریەکانی لەسەر مرۆڤ ،دواتر مێژووی دروست کردن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جیهاندا و لە عیراق سوریا دا ، ئینجا ڕێکارەکانی پاراستنی مرۆڤ لەم چەکە مەرگهێنە ، دواتر پەیماننامەکانی دژ بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ئەو ولاتانەی کە چەکی کیمیایان هەیە و گەلێک زانیاری تریش.

دەکرێ بڵێن گەلی کورد لە هەرێمی باشوری کوردستان گەلێکی کیمیا زەدەیە، زۆربەی ناوچە کانی و گوندو شارۆچکەکانی بەم چەکە بۆمباران کراوە ،هاوکات چەندین شارو گوند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهەمان شێوە بۆمباران کراوەو زیان مەند بوون، بۆیە پێوست دەکات هەرهەموو زانیاری دروستمان هەبێ لە سەر چەکی کیمیایی ،وە چیرۆکی ئەم چەکە بزانین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بزانین لەچەند شوینی تری ئەم سەرزەمینە تاوانی خوڵقاندووە ،دیارە ئەم چەکە کۆکوژە مرۆڤ خۆی بەرهەمی دەهێنێ بۆ کوشتنی خۆی.

چەکی کیمایی چیە؟

چەکی کیمیای جۆرێکە لە جۆرەکانی چەکی کۆکوژ ( اسلحە الدمار الشامل weapons of mass destruction ) کە هەریەک لەچەکی (بایۆلۆجی و ناوکی و تیشک ) دەگرێتەوە، و بەکارهێناینان بە پێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغە کراوە، واتە چەکی کیمیایی کۆمەڵیک گاز و ژەهری کوشندەیە لەکاتی بەرکەوتنی بە مرۆڤەکان دەیان کوژێت، بە جۆرەها شێوە ئاراستە دەکرێت لەڕێگای تۆپی دوور هاوێژ،هاوەن، موشەک،کاتیوشا، هەناری دەستی، مین ، بۆمبی فرؤکەوە، هەندێ جار بە شێوەی پرژاندن لە ئاسمانەوە ،یان لەڕێگای چەکی ئاگر پژێنەوە ، بەشێوەی شل،گاز،مادەی ڕەق هەیە.
موشەکی دور هاوێژ و هەڵگری سەری کیمیایی دەبێت لەبەرزی (60)مەتر لەسەرئاستی زەوی بتەقێتەوە، بۆئەوەی کاریگەری هەبیت و بلاو بێتەو، بەلام تەقینەوەی گەورەی موشەک و گەرمی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر گازە کیمیایەکەو دەبێتە هۆی لەناو بردنی هەندێکی.
“با ” ئاراستەیی جوڵەی هەوا ڕۆڵیکی گەورە دەبینی لە بلاو کردنەوەی گازی کیمیایی بۆیە هەمیشە لە پێش وەشاندنی چەکی کیمیایی دەبێت ئاراستەی با بزانریت.

چەکی کیمیایی بەکار دێت بۆ یەکلا کردنەوەی شەڕەکان ،لەکاتی جەنگدا ناهێلێ دوژمن بەرەو پێش بێت و سنورێکی بۆ دائەنێت، و جێگا گرنگ و ستراتیجیەکانی لێ دەسەنرێتەوە، قوڵایی بەرەکانی جەنگی دوژمن لێی ئەدرێ و دڵەراوکی و سەرگەردانی و نەمانی ورە لەناو دوژمن دەخوڵقێنی.
چەکی کیمیایی کاریگەری لەسەر بونەوەری زیندوو هەیە واتە مرۆڤ و گیانلەبەرەکان دەکوژێت، لەرێگای کاریگەری راستەو خۆە لەسەر جەستەیان، بەلام چەکی ناوکی زیندو نازیندو دەکوژێ و دەروخێنی، چەکی بایۆلۆجی وەک چەکی کیمیایی گیانلەبەرەکان لەناو دەبات، بەلام کاریگەریەکانی هێواشترە لەچاو چەکی کیمیایدا ئەویش لەڕێگای “هەواو،خوردن،ئاو،یان دەرزی لێدانەوە ” توشی مرۆڤ دەبێت، توش بون ماوەیەکی دیاری کراوی پێ دەچێ هەتا بەکتریاکە یان ڤایرۆسەکە ماوەی کڕ کەوتن و زۆربوونی دەگوزەرێنی لە جەستەدا ئینجا نیشانەی نەخۆشیەکە دەر دەکەویت، دواتر نەخۆشیەکە بڵاوە دەکات لەناو جەستەدا .دواترچارسەرو کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە مرۆڤەکان توانای داهێننیشیان هەیە لە ڕوخاندن ومرۆڤ کوشتندا.
لەڕوانگەی سەربازیەوە سوپاکان بەکار هێنانی چەکی کیمیایی بە باشتر دەزانن چونکە کاریگەریەکانی خیرا تر و زوو دەردەکەون لە چاو چەکی بایۆلۆجیدا، هەربۆیە ئەمەریکا لەسالی 1969 دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەبەرنامەی چەکی بایۆلۆجی ولاتەکەی دا.

خالێکی نەرێنی چەکی کیمیاییو بایۆلۆجی ئەویش بەهۆی گۆرانکاری کەشو هەواوەیە، بەتایبەت ئاراستەی با،زۆر جار بە هۆی گۆڕانی ئاراستەی باوە،ئەو ژەهرە یان بەکتریاکە دەگەرێتەوە بۆ سەر هێزەکانی خۆی یان هاورێکەی و ئەوکات ئەنجامەکەی پێچەوانە دەردەچێت.
جیاوازیەکی تری چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی ئەوەیە، بە بڕێکی کەم لە باکتریا کە جەند کیلۆیەک بێت دەتوانی خەڵکیکی زۆر توش بکەیت،بەهێواشی بەلام لەبەرامبەردا دەبێت چەندین تەن چەکی کیمیایت هەبێ ئینجا دەتوانی بەکاری بهێنی تا ئەنجامی هەبێت، هاوکات شوینی دروست کردنی چەکی بایۆلۆجی دەکرێ زۆر بجوک بێت و لە هۆدەیەکدا یان خانویەکدا کە (50-100) مەتر بێت و لەدەبەیەکی ترشیدا بەکتریا بچینیت و گەشە بکات و کەس نەیبینێت،بەلام بۆ دروست کردنی چەکی کیمیایی شوینی گەورەترو ئامێری زیاتری دەوێت و کەشف کردنیش ئاسانترە، بۆیە هەموو دەولەتانی فەقیر و بێ هێز دەتوانن ئەم چەکانە بەرهەم بهێنن و بەواتایەکی دی لەڕوی خەرجەوە هەرزانەو دروستکردنیشی ئاسانەو کۆنترۆڵ کردنی گرانە .

زۆربەمان بەرنامەکانی چەکی بایۆلۆجی عیراقمان لەبیرە کە لە راگەیاندنەکانەوە باسیان دەکرد،گوایە تاقیگەکانی دروستکردنی ئەم چەکە، گەرۆکن و بەسەر پشتی سەیارەی گەورەی تڕێلەوە دەگوازرێنەوە و لە پیش چاوی پشکنەرەکان ونیان دەکەن، واتە دەکرێت بەوشیوە گەڕۆکەش چەکی بایۆلۆجی بەرهەم بهینرێت.

جۆرەکانی چەکی کیمیایی:

زیاتر لە 70 جۆر }ەکی کیمیایی تۆمار کراوە لە ماوەی سەدەی بیستەمدا کە لەشیوەو دۆخی شل و گازو ڕەق دایە، لەوانە هەندێکیان کوشندە نین و هەندێکیان کوشندەن ،،ئەوانەی کە کوشندە نین لە سەرەتاوە ئاماژەیان پێ دەکەین ،کاریگەریان تا 24 کاتژمێرە مرۆڤی بەرکەوتوو باش دەبێتەوە وەک:
گازی هەراسان کەر : کە لەکاتی خۆپیشاندانو هەندێ کردەوەی تردا بەکار دێت و هەرگیز نابێتە هۆی کوشتنی مرۆڤەکان تەنها بۆماوەی 24 کاتژمێر کاریگەری دائەنێت لەسەریان.
گازی فرمیسک ئاوەر: ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوشان و سوربونەوەی روپۆشەخانەکان و فرمیسک هاتنە خوارەوە لەچاو. هەندی گازی تر دەبێتە هۆی ڕشانەوە، یان ڕشانەوە و فرمێسکو پژمینو کۆکە پێکەوە.
چەکی کیمیایی جۆری کوشندە : بە هۆی شێوازی چونەژورەوەیان و کاریگەریەکانیان لەسەر جەستەی مرۆڤ، دەکرێن بە چەند بەشێکەوە :
یەکەم: چەکی کیمیایی خنکێنەر ، ئەم جۆرە چەکە ( هۆکار) هیرش دەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسەو دەبێتە هۆی خنکاندن وەک گازی کلۆر .
دووەم : چەکی کیمیایی(هۆکار)ی سوتێنەر یان ڕوشێنەر وەک گازی خەردەل سێێەم : چەکی کیمیایی خوێن کار لە تێکدانی فەرمانەکانی خوێن دەکات وەک گازی سیانیدی هایدرۆجین
چوارەم :چەکی کیمیایی دەمار یان هۆکاری دەمار: کار لەسەر دەمارەکانی هەست وجوڵەی مرۆڤ دەکات وەک گازی “سومان،توبان،سارین،ڤی ئیکس” پێنجەم : چەکی کیمیایی لەبیرچونەوە: جۆری ئیفلیج کردن و لە جوڵە خستنی مرۆڤ، وەک “کلایکۆلیتز،فینیسایکلیدین، BZ ” ئەم جۆرە چەکە وا لەمرۆڤ دەکات ( هەستی نەمێنی،ئیفلیج و بێ جولە دەکەوێ،ناتوانی هیچ بڕیارێک بدات وەک نەخۆشی لەبیرجونەوە توش بوبێت).
ئێستاش بە کورتی و پوختی جۆرەکانی چەکی کیمیایی باس دەکەین:
یەکەم: چەکی کیمیایی خنکێنەر( هۆکاری خنکێنەر) choking agents: بەشێوەیەکی گشتی هیرش دەکاتە سەر سیەکان و کۆئەندامی هەناسە ،نمونەی گازە خنکێنەرەکان ( کلۆر CL ، فۆسجین PG ،دای فۆسجین DP ،کلۆربایکرین PS ) .

گازی کلۆر chlorine : ڕەنگی زەردو مەیلەو سەوزە،بۆنێکی تیژی هەیە قورسترە لەهەوا بۆیە هەمیشە لە سەر ئاستی زەوی و بەنزمی دەمێنێتەوە، کاتێ بەر جەستە دەکەوێ دەبێتە هۆی ڕووشاندنو بریندارکردنی چاوەکان و پێست، ئاو بەچاوەکاندا و بە لوتدا دێتە خوارەوە ،کاتێ دەچێتە سیەکانەوە بە کارلێکی کیمیایی ئایۆنی هایدرۆجین لە خانەکان دەردەهێنی و ترشی هایدرۆکلۆریک دروسست دەکات ،ئەم ترشەش ڕوشێنەرە بۆسیەکانو زیانێکی زۆری پێ دەگەینێت، بۆچارەسەری بەرکەوتن بەکلۆر پێوستە یەکسەر کەسی بەرکەوتوو ببرێتە بەر هەوای پاک و شووینی بەرکەوتوو بە ئاو بشۆرێت، هەمیشە گازی کلۆرو چەک کیمیایەکانی تر لەگەڵ بۆمبو تەقینەوەدا دەهاویژرین، ئەمەش وادەکات بۆ ئەوەی زیاتر و خێرا بڵاو ببێتەوە، ئەگەر گازی کلۆر بە شێوەیەکی خەست بەر پێست بکەوێ ئەوا دەسوتێتەوەو بلۆق دەکات و بریندار دەبێت.

فۆسجین phosgene: گازێکی خنکێنەرە، بۆیەکەم جار لە 19/12/1915 لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا ئەڵمانیا 88 تەن لەم گازەی دژ بە سوپای بەریتانیا بەکار هێنا ( 120 سەرباز کوژران و 1069) بریندار کەوتن،دروست کردنی زۆر ئاسانە.
نیشانەکانی بەرکەوتن بە گازی خنکێنەر بریتیە لە ( کۆکە،تەنگە نەفەسی،ئازاری قەفەزەی سنگ،دواتر سیەکان بەتەواوی کاری خۆیان ناکەن و مرۆڤەکە هەست بە خنکان دەکات) .

دووەم : چەکی کیمیایی(هۆکار)ی سوتێنەر یان ڕووشێنەر “بلۆق “agents blister”
“vesicants ” : ئەم جۆرە چەکە کیمیایە کاردەکاتە سەر خانە زیندوەکانی لەش و دەبێتە هۆی سوربونەوە و سوتانەوەیان دروستکردنی بلۆق، لەڕێگای پێستەوە یان کۆئەندامی هەناسەو سیەکانەوە کاری خۆی دەکات، بەر هەرشوێنێکی لەش بکەوێ وەک سوتان بلۆقی گەورەی پڕ ئاو دروست دەبیت، بەتایبەت شوێنە ناسکەکانی لەش( بن هەنگڵ و بن ڕان و ئەندامانی نێڕینەی مرۆڤەکە) ،هەروەها ئەگەر بەرچاو بکەوێ زیانی زۆری پێ دەگەنێتو مرۆڤەکە کەم بینا یان کوێڕ دەکات، هەروەها بەهەمان شیوە کار لەسەر ڕوپۆشەخانەکانی بۆری هەناسەو سیکڵدانۆچکەکان دەکات و لەکاریان دەخات بەوجۆرە مرۆڤەکە توشی تەنگەنەفەسی و خنکان و پاشان مردن دەبێت.

جۆرەکانی جەکی کیمیایی سوتێنەر (بلۆق دروست کەر) بریتین لە ( کبریتی خەردەل”موستارد” sulfur mustards H,HD و نیترۆجینی خەردەلHN nitrogen mustadrds ولیوزایت lewisite L و ئوکسیمی فۆسجین phosgene oxime CX ) ، کاریگەریەکانی ئەم جۆرە گازانە درێژ خایەن و درەنگ دەردەکەوێ لەسەر کەسی بەرکەوتوو، بۆیە هەندێجار دەبێتە هۆی کوێری چاوەکانو زیان مەندی سیەکان و پاشان مردن.
چەکی کیمیایی خەردەل : ڕووشێنەرو بلوق دروستە کەرە،بۆ یەکەم جار لەساڵی 1822 دا بەرهەم هاتوە، بەلام کاریگەریە ژەهراویەکانی کەشف نەبوو هەتا ساڵی 1860، لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا بەکار هاتوە بۆتە هۆی زیان گەیندن بە چاو و سیەکانی سەربازەکان،وەهەندێکیان تا دوای 40 ساڵ هەر بە دەردو ماکی ئەم گازەوە ناڵاندویانە.

تایبەت مەندیەکانی گازی خەردەل( موستارد Mustard ): گازی خەردەلی پاک بێڕەنگ و بێ بۆنە، تفتە، ناوی خەردەلی لێنراوە چونکە بۆیەکەم جار کە بەرهەم هات بەشێوەیەکی ناپاک بۆنی خەردەلی لێ دەهات، هەندێک دەلێن بۆنی وەک پیازی گەنیو وایە،بەلام ئەم بۆنە زۆر لاوازەو دوای جەن هەناسە دانێک هەست بە بۆنەکەی ناکەی، هەندی جاریش ڕەنگی زەردو مەیلەو قاوەی دەردەکەوێت پاش تەقینەوە، گازی خەردەل بە کارلێکی کیمیایی لەگەڵ خانەوشانە زیندوەکاندا دەگۆڕێت بۆ ئایۆناتی سەلفۆنیوم، ئەمیش خۆی دەبەستێت بە ژمارەیەکی زۆر لە گەردیلە زیندوەکان لەجۆری پڕۆتینەکان و چەوریەکان،واتە کاریگەری درێژ خایەنی دەمێنێتەوە لە ناو لەشذا ،گازی موستاردی کبریتی کاریگەری لەسەر چاو،پێست،کۆئەندامی هەناسە دائەنێت،هەروەها دەبێتە هۆی لاوازکردنی مۆخی ئیسک و ژەهراوی کردنی گەدەو کۆئەندامی دەمار،گازی خەردەل گازێکی جێگیرەو کاریگەریەکانی دەرەنگ دەردەکەوی.
گازێکی جێگیر و زۆریش دەمێنێتەوە، شەش ئەوەندەی هەوا قورسە بۆیە لەشوێنە نزماکەندا کۆدەبێتەوە، بۆماوەی دوڕۆژ لە کەشو هەوای ئاسایدا دەمێنێتەوە بەلام لەکەشو هەوای ساردا تا ماوەی جەند هەفتەیەک یان مانگێک زیاتر دەمێنێتەوە،گازی خەردەل زۆر تیژە جونکە لەسەر جلو بەرگو هەندی جاریش دەمامکەکان دەبڕیتو دەچێتە ناو لەش.

لەساڵی 2015 تیمێکی بەریتانی سەردانی هەڵەبجەیان کردبوو ،نمونەیان لە ژێر زەمینەکانی هەلەبجە وەرگرتبوو،دەرکەوتوە کە تائیستا کاریگەری ئەو گازە لەو شووێنە، تاریک و نزمە دا کە خۆریان تێ ناچیت ماوەتەوە.
نیشانەکانی بریندار بوون بە خەردەل:
کاریگەریەکانی بەرکەوتن بە گازی خەردەل لەدوای یەک کاتژمێر هەتا 24 کاتژمێردا دەردەکەوی ، تائیستا چارەسەرێکی تایبەت بۆ ئەم گازە ژەهراویە نیە، تەنها کارکردنی خیرا بۆ لابردنی ژەهرەکە لەشوینی بەرکەوتندا کەمێک سود ی دەبێت بۆ کەم کردنەوەی کاریگەریە خراپەکانی ئەم گازە کیمیاییە .
سوتانەوەی چاوەکان،هاتنەخوارەوەی فرمێسکی زۆر لەچاو،سوربونەوە و هەوکردنی پێست، سوربونەوە و ئاڵۆشی ڕووپۆشي خانەکانی ناو بۆری هەناسە و سورێنچک ،،،هتد، کۆکە،گۆرانی دەنگی قسەکردن، نابینا و کوێر بون،دروست بونی بلۆق لەسەر لەش وەک سوتان،دڵ تێکچون و ڕشانەوە،سکچون،تەنگەنەفەسی).
گازە سوتێنەرەکان لەچاو گازەی دەمار کەمتر خەڵك دەکوژن لەکاتی وەشاندنیاندا، بۆ نمونە گازی سومان پەنجا ئەوەندەی خەردل توانای کوشتنی خێرای مرۆڤو گیان لەبەرەکانی هەیە ،بەلام بریندارانی گازی خەردەل دوای چەندین ڕۆژ یان چەندین هەفتە دەمرن،بەلام گازی دەمار یەکسەر لەجێگای خۆی دەی کوژێت.

سێهەم: چەکی کیمیایی(هۆکاری) خوین blood agents :

کۆمەڵێ هۆکارن (چەکی کیمیایین ) لەڕیگای پێست و چاو و هەناسەوە دەچنە ناو لەشی مرۆڤو گیان لەبەرەکانەوە ئینجا بۆناو سوڕی خوێن دەبنە هۆی لەکار خستنی خرۆکە سورەکانی خوێن تا نەتوانن ئۆکسجین بگوازنەوە بۆ ناو خانەکانی لەش بەهۆی یەکگرتنی سیاندی لەگەڵ هیمۆگلۆبینداو مادەی هیمۆسیانین پێک دێت،ئەمەش توانای گواستنەوەی ئۆکسجینی نیە ، لەئاکامدا دەبێتە هۆی خنکاندنی خانەکانی لەش و لەکاتیکدا مرۆڤەکە توانای هەناسەدانیشی هەیە،بەلام خانەکانی لەش یەک لەدوای یەک دەخنکێن چونکە ئۆکسجینیان پێ ناگات لەسیەکانەوە.

چەکی کیمیایی خوێن لەشێوەی شل و گاز دا هەن، بریتین لە ( سیانیدی هایدرۆجین AC hydrogen cyanide و کلۆر سیانۆجین CK cyanogen chloride ،و زەرنیخ SA arsine )، بەکورتی سیانیدی هایدرۆجین HCN ، یەکێکە لە گازەکانی خوێن لە پلەی گەرمی ئاسایی ژووردا شلەیەکی بێ ڕەنگە،دەکرێ لەشێوەی گاز یان خوێی سیانید بەکار بهێنرێت، لەبەر ئەوەی زۆر بەخێرایی دەبێت بەهەڵم بە چەکێکی کاریگەر دانانرێت لە شوێنی کراوەدا، واتە لەدەشتو دەرو شاخەکاندا، بەلام لە شووینی داخراودا زۆر کوشندەیە .
گازی سیانیدی هادرۆجین کار دەکات بەهۆی( لەکار خستنی ئەنزیمی سایتۆ کرۆمۆ ئۆکسیدەیز ) کەڕۆڵی بنەڕەتی هەیە لە هەناسەدانی خانەکاندا،ئەمەش مردنی خانەکان دروست دەکات و پاشان مردنی جەستە.

نیشانەکانی بەرکەوتن بە گازی سیانید:

کەسی بەرکەوتوو بەم گازە هەست بە ناڕەحەتی و تەنگەتاوی دەکات، ژمارەی هەناسەدانی زیاد دەکات، گێژ دەبێت،سەری دێشی، هەست بە خنکان دەکات، هەناسەدانی ناڕەحەت دەبێت، گرژی ماسولکەکانی لەش، ڕشانەوە، هەناسەدانی دەوەستێت، لەهۆش خۆی دەچێت،ئینجا دەمرێت ).
چارەسەری ژەهراوی بون بە گازی سیانید (گازی خوێن) بەهۆی بەکار هێنانی مادەی یان تریاقی (پارا ئەمینۆپرۆ پی فینۆن PAPP )، دەبێ یەکسەرو فەوری پێی بدرێ،ئەگینا مرۆڤەکە دەمرێت.

چوارەم : چەکی کیمیایی(هۆکاری) دەمار (ئەعصاب): nerve agents
بەناوبانگترینی چەکە کیمیاییەکانن، شێوازی کار کردنی لە سەر مرۆڤی بەرکەوتوو بەهۆی لەکار خستنی ئاماژە دەماریەکانەوە یە لە کۆئەندامی دەمارەوە بۆ هەموو لەش، پێکهاتەی ئەم گازانە بریتیە لە ( ئاویتەی فوسفۆری ئەندامی Organophosphorus Compounds ) ،ئەمانە بە چەکیکی زۆر کوشندە ئەژمار دەکرین چونکە : ( لە ڕووی پێکهاتەی کیمیایەوە جێگیرن، بەئاسانی بلاو دەبنەوە، زۆر ژەهراوین، کاریگەریان خێرایە چ لەڕێی پێسەتەوە بەرکەوێت یان لە ڕێی هەناسەوە، دروست کردنیان بە تەکنیکێکی سادە و ئاسانە ، خەرجی دروست کردنیان و دەسکەوتنی مادە خاوەکەی هەرزانە )،چەکی کیمیای دەمار یەکەمجار لەئەڵمانیا بەرهەم هات وەک مێروو کوژێک، سارین بۆ یەکەمجار لە مانگی (10 و 11/ 1938 ) لە ئەڵمانیا و لە کارگەی (I.G.Farben ) بەرهەم هات لەلایەن زانای ئەڵمانی (جیرهارد شرۆدیر ) لەگەڵ گازەکانی تری دەمار ( تابون و سومان) بە مەبەستی پەرەپێدانی مادەیەک بۆ کوشتنی مێروە زیان بەخشەکان، کاتێ خۆیی و تیمەکەی بەر ئەم گازە کەوتن بۆماوەی مانگێک لەجێگا کەوتن، ( وشەی سارین پێکهاتوە لە یەکەم پیتی چوار زانا کە ئەم گازەیان درست کردوە).

جۆرەکانی گازی دەمار ( Nerve agent ):

• تابون GA یان توبان tabun دروستکردنی ئەم گازە زۆر ئاسانە بۆیە ولاتە فەقیرەکان وەک چەکێک دروستی دەکەنو بەکاری دەهینن، بەلام ولاتە پێشکەوتوەکان جۆرەکانی تر بەرهەم دەهێنن.
• سارین GB sarin بەشێوەی شل و گاز هەیە، بێ ڕەنگو بێ بۆنە زوو دەبێت بە هەڵم ، لەڕێگەی کۆئەندمی هەناسەو هەرسو پێست و چاوە وە دەچێتە ناو لەشەوە، لەخوارەوە نیشانەکانو چارەسەر بۆ هەموو گازەکانی دەمار ئاماژەی پێدراوە، هەروەها مێژووی بەکار هێنێ ئەم گازە کوشندەیەش.
• سومان GD somanکاریگەریەکانی لەڕێگەی بەرکەوتنی پێست و کۆئەندامی هەناسەوە دەبێت
• سایکلۆسارین GF syclosarin
• ڤی ئیکس VX ،سەد ئەوەندەی گازی سارین ژەهراویتر و کوشندەیە ، بەشێوەی شل و گاز هەیە،لەسەر زەوی و کەلو پەلو شوێنە بەرکەوتوەکان بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە،بەتایبەت لە وەرزی ساردا زیاتر لەمانگێک دەمێنێتەوە، لەڕێگای چاو،پێست،کۆئەندامی هەرس و هەناسەوە کاری خۆی دەکات، یەکەمجار لەسالی 1950 لە بەریتانیا دروست کراوە، نیشانەکانی ژەهراوی بون بەم گازە پاش چەند چرکەیەک دەر دەکەوێ.
چۆنیەتی کار تێکرنی گازی دەمار بۆ سەر مرۆڤ: زۆر بەخێرایی کار خۆی دەکات کاتێ لەڕێگای هەناسەوە دەچێتە ناو لەش، ئینجا لەڕیگای خوێنی ناوسیەکان دەگوازرێتەوە بۆ هەموولەش، هەرکەسێک بڕێکی تەواو هەڵمژێت لەماوەی دوو دەقیقەدا دەیکوژێت، بەڵام ئەگەر لەڕێگای پێستەوە بێت کاریگەری کەمێ هیواشترو لەسەرخۆ دەردەکەوێ، هەمان شیوە ئەگەر بڕیکی تەواو لەپێستەوە بەر لەش بکەوێ ئەویش هەر کوشندەیە و مرۆڤە بەرکەوتوەکە دەکوژێت.

کاتێک گازی دەمار دەچێتە ناو لەشەوە دبێتە هۆی تێکدانی کاری ئەسیتیل کۆلین کە لە کۆتایی دەمارە کانەوە دڕژێت بۆ گرژ بونو خاوبونەوەی ماسوڵکەکان، ئەمەش دەکات کە بەردەوام ئەستیل کۆلین بڕژێت و ببێتە هۆی گرژ بونی ماسولکەو ڕژانی لیک و دواتر مردنی بەرکەوتوەکە.
نیشانەکانی بەرکەوتن بە گازی دەمار:
( ڕژانی لیک بەزۆری، ئاو هاتنە خواروە بەلوتدا، هەست کردن بە فشار لەسەر سنگ، بچوک بونەوەی بیلبیلەی چاو بەقەد یەک نوکەدەرزی لێ دیت، سەرئێشەو ماندوبون،جێگا بەخۆت ناگری و دڵت خاو دەبێتەوە، گێژ دەخۆی، کۆکەو هەناسە تەنگی، ڕشانەوە و لاواز بونی ماسولکەکان، گرژبونو ڕەق بونی ماسولکە،ئینجا مردن )
لەکاتی بەرکەوتن بە گازی دەمار مردن بەهۆی گرژ بونی ماسولکەکانی سیەکانەوە و هەروەها کاریگەری گازەکە لەسەر ناوەندی هەناسەدان لە کۆئەندامی دەماردا ڕوو ئەدات،واتە کەسەکە بە هۆی خنکانەوە دەمرێت.
تریاق یان چارەسەری گازی دەمار بە ( تێکەڵەیەک لە مادەی ئەترۆپین و مادەی ئۆکسیم ) دەبێت، ئەبێت زۆر خێرا ئەم چارەسەرەی بۆ بکرێت تاکو لەمردن ڕزگاری ببێت.

هەروەها دەکرێت تیمی فریا گوزاری بە خێرایی و یەکسەر فریا بکەوێ بۆ لابردنی پیس بونی شوێنەکە،شۆردنی بەرکەوتوان و گۆڕینی جلو بەرگەکانیان، وە چارەسەر لە نەخۆشخانەکاندا هەیە بۆ ئەم گازە.
** لە کیمیابارانی گوندی سێوسێنان لە ناوجەی قەرەداخ لەساڵی 22/3/1988 دا ئەو گوندە بە چەکی کیمیایی دەمار (سارین) بۆردومان کرا بە کاتیوشا، پاش گەیاندنی بریندارەکان بۆ خەستەخانەی ئەوکاتی مەلبەندی یەکی (ینک) هەر هەموویان جارەسەرکران بە مادەی (ئەترۆپین سلفیت) لەگەڵ شۆردنیان و گۆڕینی جلو بەرگیان، پێشتر زیاتر لە 750 ئەمپول ئەترۆپین گەیشتبویە خەستەخانە، پاش تەوا بونی ئەترۆپین ،مادەی ( هایۆسین) مان بەکار دەهێنا بە ناچاری ئەویش کاریگەری ئەرینی هەبوو.
پێنجەم: چەکی کیمیایی لەبیر چونەوە: جۆری ئیفلیج کردن و لە جوڵە خستنی مرۆڤ، وەک “کلایکۆلیتز،فینیسایکلیدین، BZ ” ئەم جۆرە چەکە وا لەمرۆڤ دەکات ( هەستی نەمێنی،ئیفلیج و بێ جوڵە دەبێ،ناتوانی هیچ بڕیارێک بدات وەک نەخۆشی لەبیرچونەوەی توش بوبێت).

ڕێگاکانی خۆ پاراستن لە چەکی کیمیایی:

کاتی جەنگی کیمیایی یان بایۆلۆجی رو ئەدات،سەربازێک پاریزراو ترە تا کەسێکی مەدەنی چونکە هیچ نا کەلوپەلی خۆپاراستنی هیە ،بەلام کەسانی مەدەنی هیچ هۆکارێکیان نیە بۆ خۆپاراستن ،ئەمەش مەینەتی و ناخۆشیەکانی جەنگی چەکی کۆکوژە.
لێرەدا باس لە خۆپارستنی کاتی و دیاریکراو دەکەین لەناو ماڵدا کاتێ ڕووبەڕوی بۆمبارانی کیمیایی دەبینەوە:
• دەبێ هێـمن و لەسەر خۆبین و بە زانایی و دانایی هەڵسوکەوت بکەین، یەکسەر بچینە شوێنکی ئارام و پارێزراوی ناو خانووەکە واتە گشت ئەندمانی خیزان.
• داپۆشینی دەمو چاو بە خاولیەکی تەڕکراو، هەر پانزە دەقیقە جارێک خاولیەکە بگۆڕین بە یەکێکی دیکە،نابێت کاتی گۆڕینی خاولیەک هەناسە بدەین.
• کاتێ جلی تایبەتی خۆپاراستن نیە لەماڵدا پێوستە جلی ئەستور لەبەر بکەین، وەک جلو بەرگی پێستە یان جلوبەرگی بارانی کە ناهێڵێ مادەی کیمیایەکە تێپەڕێت بۆ سەر جەستە.
• لەبەرکردنی جزمە یان پێڵاوێکی درێژ و دەستەوانەی پێست لەدەس بکەین
• نابێت بەرکەوتن ڕووبدات لەنێوان خۆتو هەر کەسێکی تردا ،نەبادا ئەو کەسە بەرکەوتەی کیمیایی بێت
• داخستنی هەموو کونو کەلەبەرێکی خانوە کە یان هۆدەکە، بەتایبەت دەبێ ئاگاداری کونی موبەریدەو سپلیت بین.
• شۆردنی لەش بە ئاوی ساردو سابون ،ئاوی سارد رێژەی بەهەڵم بوونی کیمیایەکە کەم دەکاتەوە،دەکرێت تایتیش بەکار بهێنرێت
• کاتێ ئاو دەست ناکەوێ دەتوانی پۆدرەی تالک هی منالان بپرژێنی بەسەر شوێنی بەرکەوتودا،ئەگەر پۆدرە نەبوو دەتوانی ئاردی نان بەکار بهێنی ،دەبێت خێرا دوای نیو دەقیقە پۆدرەکە یان ئاردەکە لاببەیتو هەم دەس پێ بکەیتەوە.
• نابێ لە ماڵ یان لەشوێنی خۆحەشاردان بێینە دەروە تاکو دڵنیا نەبین لە نەبونی مەترسی و گازی ژەهراوی لەدەروە، هەروەها دڵنیا بین لە سەلامەتی هەمووان ئەوانەی لەگەڵتن، ئەگەر باری تەندروستیان تێک چوو ئەوا دەبێت پەنا بۆ تیمە پزیشکیەکانی نزیک لەخۆمان ببەین.
• نابێت نزیک بکەوینەوە لەهیچ پەڵەیەکی چەوری،یان باڵندەی مردوو،ئاژەڵی مڕدارۆ بوو،یان ئەو یاریە خەڵەتێنەرانە کە فڕێ ئەدرێن و پاش هەڵگرتنو دەس لێدانیان ئەتەقنەوە وەک( قەلەم،یاری،کەلو پەل وشتی سەر سوڕ هێنەر)
• دەبێت پەنابەرینە شووێنە بەرزەکان ،چونکە گازی کیمیایی قورسترە لەهەوا و لەشووێنە نزمەکان کۆدەبێتەوە.
• دەبێ خۆمان نەخورێنین یان بلۆقەکانی سەر جەستە نەتەقێنین کاتێ بەر کیمیایی دەکەوین
دەبێت پارێزگاری لە پیس نەبونی خواردن و خواردنەوە بکەین لەوکاتەدا تاکو ئەوانیش پیس نەبن بە گازی ژەهراوی ،چۆن؟
 شۆردنی دەست و پل بەئاو سابون پێش نان خواردن،هاوکات دەبێت کاسەو کەوچک و پێخۆرەکان بشۆین پێش بەکار هێنانیان .
 هەڵگرتنی خواردەمەنی لەناو دەفرێکی تەختە یان شووشە یان کانزایی سەرداخراوی مەحکەمدا
 هەڵگرتنی ئاو بەهەمان شێوە لەناو دەفری شووشە یان تەرمۆز و سەرەکەی داخراو بێت بەوەرەقی مۆم کراو و مەحکەم.
 هەوڵدان بۆ داپۆشینی سەرچاوەکانی ئاو (تانکی ئاو) لەسەر بانی تەلارەکان یان خانوەکان تاکو پیس نەبن و ڕۆژانە سودیان لێ وەربگیرێت.

چۆنیەتی دروست کردنی دەماکێک تاکو بمان پاڕێزی لە بەرکەوتنمان بەچەکی کیمیایی:

دەکرێ مرۆڤ لەوکاتانەدا خۆی دەماکێک دروست بکات بۆ خۆی ئەویش هەندی مادەی پێوستە بۆ درروستکردنی لەوانە دوومقەبا،کەمێ لۆکە، پارچە قوماشیکی خام،پێنج کەوچک خەلوزی هاڕڕاوە یان کاربۆنی چالاک،لاستیک و لکێنەر “تیپ” ، ئەمانە بەشیوەی دەمامک بە کارتۆنە مقەباکان کونی وردی تێ دەکەین و ئامادە دەکرێت وخەڵوزکە و خامەکە پێکەوە دائەنرێنو بە لکینەر و لاستیکەکە دەکرێنە سەرو گوێ ،بەوشێوە دەماکێکی ئاسایی دروست دەکرێت، دەتوانی چاویلکەی مەلەکردن بەکار بهێنین بۆ پاراستنی چاو، گوێ بە پارچەیەک لۆکە بئاخینرێ تا گازی ژەهراوی نەچێتە ناویەوە.

مێژووی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی:

بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لە جەنگەکاندا پێشینەیەکی مێژوویی هەیە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2000 پێش زاین، لەجەنگەکانی هیندی کۆندا ،جۆرە هەڵمێکیان یان دوکەڵێکیان بەکار هێناوە بۆتەهۆی ( خاوبونەوە،گێژی و باوێشکدان و خەواڵویی)، لە جەنگی نێوان ساسانیەکانو ئەسپارتەکانی یۆنان لە ساڵی 423 پێش زاینی ئەسپارتەکان دژی ساسانیەکان بەکاریان هێنا، ئەویش بەسوتاندنی خەڵوزو کبریتو قیر ، کە دوکەڵێکی خنکێنەری دروست دەکرد .
بەدرێژایی سەدەکانی مێژوو چەکی کیمیایی بەکار هاتووە، بەتایبەت و زۆرترینی لە سەدەی بیستەمداو لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا بوە ،لایەنەکانی بەشداری شەر لەوانە ( روسیا،فەرەنسا، ئینگلترا،ئەڵمانیا، ئەمریکا ) چەکی کیمیایان دژ بە یەکتر بەکار هێناوە، ژمارەی قوربانیان گەیشتە ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار کەس،ئەوچەکانەش بریتیبون لە (کلۆرین و فۆسجین و خەردەل)، لەکاتێکدا ژمارەی کوژراوانی جەنگی جیهانی یەکەم گەیشتە نزیک بیست ملیۆن مرۆڤ.

لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا کە بەجەنگی کیمیایی ناسێنراوە بۆ یەکەم جار چەکی کیمیایی جۆری گازی کلۆر لەڕۆژی 22/4/1915 دا لەلایەن ئەڵمانیاوە دژ بە سەربازانی فەرنسا و جەزائیرو کەنەدا بەکار هات لە شاری (ئیبرس )ی بەلجیکا کەدەکەوێتە سەر سنوری فەرەنسا ،لەڕێگای فڕۆکەوە دەیان تەن لە کلۆری شلیان بەردایەوە بەسەر سەربازەکاندا ،ئەم بۆردومانە درێژەی هەبوە تا ڕۆژی 25 نیسان و تا دواتریش، زیاتر لە پینج هەزار سەرباز گیانیان بەخشی و زیاتر لە پانزە هەزار بریندار بون ، بەڵام ڕۆژی 29/4/1915 دانراوە بە ڕۆژی قوربانیانی چەکی کیمیایی دیارە لەم ڕۆژەشدا بۆردومانی کیمیایی بەردەوام بوە ، دواتر لە 19/12/1915 ئەڵمانیا 88 تەن فۆسجینی دژ بە سەربازانی بەریتانیا بەکار هێنا، داوتریش لەساڵی 1917دا گازی خەردەلی بەکار هێنا هەر لەنزیک شارۆچکەی ئیبرس .

ئەلمانیا بەیەکەم ولات دائەنری لەجیهاندا کە چەکی کیمیایی بەرهەم هێناو و بەکاریشی هێنا لە جەنگدا،شیمانە دەکرێ کە 168 تەن کلۆری بەکار هێناوە دژی نەیارەکانی ، بەشێوەی گشتی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا 124000 هەزار تەن چەکی کیمیایی بەکار هاتوە (کلۆر وفۆسجینو خەردەل)
سەرباری پێشکەوتن و گەشە سەندن و دروست کردنی چەکی کیمیایی لەسەر ئاستی جیهان ، لە جەنگی دوەمی جیهانیدا ئەو چەکە بەکار نەهات، بۆیە بەجەنگی فیزیایی ناوی دەرکرد، بەلام ئەمریکا لە جەنگی ڤیتنامدا جۆرە جەکێکی کیمیایی بەکار دەهێنا بۆ لەناو بردنی ( بەروبومی کشتوکاڵو دارستانەکان ) واتە گیا بڕ (herbicide ) کە پێ دەوترا (agent orange) ،ئەویش بۆ برسی کردنی خەڵک لەڕێگای لەناو بردنی بەروبومی کشتوکالەوە، هەروەها دارستانەکانیشی لەناو دەبرد تاکو شۆڕشگێڕەکان شووێنی خۆشاردنەوەیان نەمینێ.

مەغۆل و تاتارەکان سالی 1743 مشکی تۆپیوی بە تاعونیان بەکار دەهێنا بۆ داگیر کردنی ئەوشارانەی کە گەمارۆیان ئەدا، مشکەکانیان دەخستە ناو شووراکان تاکو ئەوانەی لەوێن بترسێنو ورەیان نەمێنی بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی تاعونەوە، هەرچەند ئەمە چەکی بایۆلۆجیە، لە کۆتایی سەدەی پانزدەهەمدا ئیسپانیا و ئینگلیز لەکاتی داگیرکردنی ئەمریکادا بۆ تێکشکاندنی دانیشتوانی هیندە سوورەکان وخەڵات و دیاری پیسکراو بە ڤایرۆسی ئاوڵە دەنارد بۆ هیندە سورەکان تاکو ئەو نەخۆشیە لەناویاندا بلاو بێتەوە، لەسەدەی هەژدەهەمدا ڕوسەکان لاشەی مردوی مرۆڤەکان بەهۆی تاعونەوە دەخستە ناو شوورای شارەکان لە ئاسیای ناوەڕاست تا خەڵکی زیاتر بکوژێتو دواتر ناچار بە تەسلیم بونیان بکات.
ناپلیۆن لە زۆربەی شەڕەکانیدا ئاژەڵی مڕدارۆ بوی لە نەخۆشی تاعون و ئەنسراکس ( سپڵە قەویلە Anthrax ) دەخستە ناو سەرچاوەکانی ئاو تاکو پیس ببن و خەڵك نەخۆش بخات.

عیراقیش چەکی بایۆلۆجی جۆری ئەنسراکس و ژەهری بۆتیلینیومی وەدەس خستبوو،لەڕیگای موشەک و بۆمبەکانەوە بەکاری دەهێنا، بەلام بۆمبەکان کاری گەری ئەم بەکتریا کەم دەکەنەوە، بۆیە پرژاندنی لەڕێگای فرۆکەوە کاریگەری تەواوی دەبێت، هەندێ سەرچاوە باسیان لەوە کردوە کە ڕژێم ئەو چەکە بایۆلۆجیانەی لەسەر زیندانیانی نەیاری ڕژێم تاقی کردۆتەوە بەتایبەت فەیلیەکان، هەروەها ڕژێم سەرگەرمی پەرپێدانی جۆرە چەکێک بوو کە تێکلەیەک لەگازی کیمیایی و ژەهری بۆتیلینیوم و تۆزی بەکتریای ئەنسراکس بوە، کە زۆر مەترسیدار بوو، بەلام لەلایەن پشکنەرەکانی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە ئەم بەرنامیە کەشف کراو هەڵووەشینرایەوە لە دوای جەنگی کوێتەوە .
لە سەردەمی داگیرکاری بەریتانیا لەعیراقدا هەندێ سەرچاوە باس لە بەکارهێنێ چەکی کیمیایی دەکەن دژ بە شۆڕشگێرەکانی ساڵی 1920 لەلایەن ئینگلیزەکانەوە.

لەسەرو بەندی جەنگی یەکەمی جیهانیدا بەریتانیا بەکتریای کۆلیرای دەکردە ناو ئاوی ئیتالیەکانەوە بە هۆکاری ئەوەی ئیتالیا هاوپەیمانی ئەڵمانیا بوو، هەروەها ئەڵمانیا بە فرۆکە بۆمبی میکرۆبی تاعونی دەدا لە لەندەنی پایتەختی ئینگلترا، ساڵی 1946 باندێکی ئیسرائیلی ئاوی نیلی بە میکرۆبی کۆلیرا پیس کردو وەبای کۆلیرا لە میسر بلاو بویەوە، هەرووەها لە ساڵی 1967 دا مۆسادی ئیسرائیل هەمان کردوەی دوبارە کردوە.
وڵاتی ژاپۆن لە جەنگی دا دژ بە چین و مەنشوریا ساڵی 1931، لەئاسمانەوە کێچی هەڵگری نەخۆشی تاعون و کۆلیرای هەڵدایە خوارەوە ،هاوکات گەنمیشی لەئاسمانەوە ڕۆ دەکرد تاکو مشک گەنمەکە بخوات و لەوڕێگەوە نەخۆشیەکە بلاو بێتەوە، بەهەزارن کەس بونە قوربانی ئەم چەکە بایۆلۆجیە، تۆمارەکانی جەنگی ژاپۆن و چین باس لە کوشتنی 400 کەس لە ئەسلی 600 کەسی گوندێک بە چەکی بایۆلۆجی لەسالی 1942 دا.
هەروەها وڵاتی چنی ژاپۆنی بە بەکار هێنانی چەکی کیمیایی تۆمەت بار دەکرد لە جەنگی دوەمی جیهانیدا و بلاوی کردەوە کە زیاترلە 2900 جار چەکی کیمیایی دژی چین بەکار هێناوە.
ژاپۆن بەردەوام بوو لەبەکار هێنانی ئەم چەکە تا کۆتایی جەنگی دوەمی جیهانی و تەسلیم بونی، دواتر ڕوسیاو ئەمریکا سودیان وەرگرت لە شارەزایەکانی ژاپۆن بۆ دروستکردنی چەکی بایۆلۆجی.

تاوانی بۆمبارانی هێرۆشیماو ناکازاکی لە 6-8/ 1945 و 9/8 /1945 دا کە ترۆپکی تاوانەکانی مرۆڤایەتی بوو.
لەساڵی 1984 دا پیاوێکی دینی هیندە سورەکان هەندێ میکرۆبی سالمۆنیلای کردە ناو زەلاتەی چیشتخانەیەکەوە زیاتر لە 750 کەس ژەهراوی بون ،ساڵی 1995 کۆمەڵەیەکی ئیسلامی بە هۆی ڕەشاشەوە لە سەر ئۆتۆبیل دامەزرابوو میکرۆبی کۆلیراو تاعونو ئیبۆلایان دەپرژاند ،ئەمش ترسێکی زۆری خستە ناو خەڵکی ژاپۆنەوە چونکە پێشتر کەسێکی نادیار شووشەیەک لە گازی سارینی لە ژێرزەمینەکانی میترۆدا بلاو کردبویەوە و زیاترلە 12 کەسی کوشتبوو بەهەزارانیش بریندار کردبوو.

لە ماوەی جەنگی ساردی نیوان بلۆکی سۆشیالستیو سەرمایەداریدا زۆرێک لە ولاتان چەکی کیمیاییان دروست کرد واتە لەنیوان ساڵەکانی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردودا (1970-1980) ،مەزەندە دەکرێ 25 ولات ئەو چەکەیان بەرهەم هێنابێت، لەوانە (ئەمریکا 30 هەزار تەن چەکی کیمیایی دروست کردوهەڵیگرتوە،لەبەرامبەردا روسیا 40 هەزار تەنی دروست کردوە، هەروەها هەریەک لەولاتەکانی ” عراق،کۆریای باکور ، چین،تایوان،هیندستان،پاکستان،کوبا، لیبیا،ئیران،میسر،ئیسرائیل،سوریا) چەکی کیمایی و بایۆلۆجیان بەرهەم هێناوە .

لە سەرو بەندی جەنگی ئیراق و ئیراندا( 1981-1988 ) چەکی کیمیایی بەکارهات لەلایەن عیراقەوە دژ بە ئیران لەبەرەکانی جەنگدا، هەروەها عیراق بۆ لەناو بردنی گەلی کورد دژ بە ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە چەکی کیمیایی بەکار هێنا،لە 15/4/1987 وە تا 29/8/1988 زیاتر لە سەدان جار چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، زیاتر لە 400 گوندو شارۆچکەو دۆڵ و ناوچەی بۆمباران کردوە ،ترۆپکی ئەم تاوانە لە شاری هەڵبجە ڕەنگی دایەوە لە 16/3/1988 دا ڕژێم شاری هەلەبجەی بە جۆرەها چەکی کیمیایی بۆردومان کرد ،پێنج هەزار کەس شەهید کەوتن و دەیان هەزار بریندارو ئاوارە بون، شاری هەلەبجە دوای شاری سەردەشت کەلە 28/6/1987 دا کیمیاباران کرا، لەسەرئاستی جیهان بە چەکی کۆکوژی کیمییایی بۆردومان کراوە یەکەم شارە زۆرترین قوربانی بەچەکی کیمییا تیدا تۆمارکراوە .

ڕژێمی سوریا لە 21/8/2013 شارۆچکەی غۆتەی بۆردومان کردوە بە چەکی کیمیایی (1429 ) کەس کوژراوە، (426) مناڵی تیدا بوە، دوا جار شاری خان شەیخوان لەڕۆژی 4/4/2017 بە جەکی کیمیایی بۆردومان کراو سەد کەس بونە قوربانی و 400 بریندار کەوتن، لە ئاڵؤزیەکانی سوریادا بەپێ زانیاریەکانی نوسینەگەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان، بەسەریەکەوە 26 جار چەکی کیمیایی بەکار هاتوە بیستیان ڕژێمی سوریا لێ بەرپرسەو ئەوانی تریش هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بوون، لە نوێترین لێدوانی ئەحمەد ئۆزجو سەرۆکی ڕیکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە ڕۆژی 29/4/2017 دا لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانی چەکی کیمیایی دا دەڵی لە سوریا 45 جار چەکی کیمیایی بەکار هاتوە .
سەرباری ناردنی شاندی لێکۆڵینەوە بۆ سوریا بەلام تائیستا یەکلا نەبۆتەوە کێ ئەم هیرشانەی ئەنجام داوە، لەکاتیکدا کە پشکنەرانی نێودەولەتی سەر بە ڕیکخراوی قەدغەکردنی چەکی کیمیایی پشکنین بۆ چەکەکانی سوریا کردوە لە حوزەیرانی 2014 دا نەتەوە یەکگرتوەکان بلاوی کردەوە هەموو چەکە کیمیایەکانی سوریا لەناو براوە.

سەرچاوە نیو دەوڵەتیەکان دەڵێن تائیستا چوار جار گازی سارین بەکار هاتوە یەکەم جار لەهەلەبجە و لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە،کە پینج هەزار کەسی مەدەنی گیاننیان بەخت کرد،تەنانەت بینراوە باڵندەی لەسەر درەختەکانەوە خستۆتە خوارەوە، بۆجاری دووەم لە ژاپۆن لە ڕۆژی 20/3/1995 دا لەلایەن کۆمەڵێکی ئیسلامی توندڕەوەوە(ام شرینیکۆ) لە چەند میترۆیەکی شاردا وەشینرا بوە هۆی کوشتنی خیرای 12 کەسو پینج هەزاریش بریندار بوون، سێهەم جار گازی سارین لە شارۆچکەی غۆطەی سوریا بوو لەلایەن ڕژێمەکەی ئەسەدەوە، لە 21/8/2013 دا،چوارەم جاریش لە شارۆچکەی خان شیخونی پاریزگای ئەدلب و لە سوریا،ئەمجاریش ڕژێمی ئەسەد تاوانبارە،بەلام تائیستا یەکلایی نەبۆتەوە هەر نکۆڵی دەکات، بەڵام لە کوردستان چەندین شووێنی تر بەر چەکی کیمیایی جۆری دەمار کەوتوە لەوانە شارەدێی سیوسێنان کە لە ئێوارەی 22/3/1988 واتە شەش ڕۆژ دوای هەلەبجە بە ڕۆکیتی کاتیوشاو گازی دەمار بۆردومان کرا، بەهەمان شێوە گوندەکانی بەلەکجاڕ و دوکانو دوکەرۆ ،ڕۆژانی دواتر بە جەکی کیمیایی جۆری دەمار بۆردومان کرا لە ناوچەی قەرەداخ ، دواتریش گوندەکانی گۆپتەپەو عەسکەر ناوچەکە بە گازی دەمار بۆردومان کراوە لە 3/5/1988، بەداخەوە تا ئیستا ئەم بەروارانە بە جیهانی نەکراون.

لەڕۆژی 27/2/1988 دا بارەگاکانی (ینک) لەناوچەی قەرداخ نزیک گوندی بەلەکجار بۆمبارانی کیمیایی بەچەکی خەردەل کرا لەلایەن شەش فرۆکەی جەنگی دەولەتی عیراقەوە،نیشانەکانی سوتانەوە و بلۆق دروست بون و کوێڕ بون و هەناسە تەنگیو خنکان دەرکەوت لەسەر بریندارەکان،یەکێکیان بەهۆی گاریگەری لەسەر سیەکانی گیانی بەخشی،ئەوانی تر هەموویان پێستیان سوتا و ڕەش هەڵگەرا پاش ماوەیەک توێکلە سوتاوە مردوەکە لابرا و کەوتەوە سەر پێستی ئاسایی( ئەمەم بەچاوی خۆم دیوە).

لەگوندی شاناخسێ لە 23/3/1988 و ڕۆژانی پێشوو گازی خەردەل بەکار هاتوە.
ئیسرائیل خاوەنی هەڵگیراوێکی زۆری چەکی بایۆلۆجی و کیمیاییە،لەکاتیکدا خاوەنی چەکی ناوکیە، ئەویش بۆ بەرامبەر وەستانی دژەکانی (ئیران،عیراق،سوریا) ،چونکە بەکار هێنانی چەکی ناوکی بە ناهاوسەنگ دەزانێت و بۆیە پێوست دەکات بە چەکی کیمیاییو بایلۆجی وەلام بداتەوە.
لە جەنگی ڕوخانی ڕژێمی بەعس ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریکاوە چەکی ( بۆمبی نیوترۆن) بەکار هات بۆ گرتنەوەی فرۆکە خانەی بەغدا ،ئەو بۆمبانە کاتێ دەتەقنەوە بەهۆی تیشکی گەرماوە هەرچی جەستەی زیندوی مرۆڤە دەسوتێنی و دەتوێنەوە،وە زیان بە بیناو تەلارەکان ناگەیەنێت.
زیاتر لە 30 جار چەکی کیمیایی دژی دارفۆریەکان لەشاخی مڕە لەلایەن دەوڵەتی سودانەوە بەکار هاتوە لەساڵی 2016 دا.

مێژووی پەیماننامەکان بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی:

 لەساڵی 1874 پەیماننامەی برۆکسل مۆر کرا کە بەکار هێنانی ژەهر لەگەڵ چەکدا قەدەغەیە دواتر لەلاهای ساڵی 1899 وە یاسای نیودەوڵەتی بەکار هێنانی ژەهر و گازی کیمیایی لە شەڕەکاندا قەدەغە کردوە
 بەپێی بەڵێنی دەریایی واشنتۆن کە لە 6 /2/1922 بەسترا لە نێوان هەر پێنج دەولەتە زلهێزەکە بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ، بەلام بەهۆی پا بەند نەبونی فەرنساوە ئەم بەڵێنە سەری نەگرت.

 پرۆتۆکۆڵی جنێف کەپەیماننامەیەکی جیهانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی مۆر کرا لە 17/7/1925 دا ، وەلە 8/2/1928 دا چۆتە بواری جێ بەجێکردنەوە و 133 ولات واژۆیان کردوە، کە نابێت چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی لە کات جەنگاد بەکار بێت، ئەم پرۆتۆکۆلە باس لە دروست کردنو هەڵگرتنی ناکات بۆیە دواتر چەندین پەیماننامەی تر هاتنە ئاروە بۆ جارەسەری تەواوی ئەم گرفتانە.

 پەیماننامەی ساڵی 1972 بۆ قەدەغەکردنی چەکی ژەهراوی toxins و چەکی بایلۆجی
 پەیماننامەی چەکی کیمیایی ساڵی 1993 نوێرترین پەیماننامەیە،و پشتیوانی بەهێزی یاسای نیودەولەتی هەیە ، ساڵی 1997 چۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەمانای قەدەغەکردنی بەرهەم هێنانو نوێگەری و هەڵگرتن و بەکار هێنانی چەکی کیمیایی، ئەم پەیماننامە لەلایەن ڕیکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییە وە سەرپەرشتی دەکرێت (OPCW ) بارەگاکەی لە لاهایە و 192 دەولەت ئەندامن لەم ڕیکخراوەدا، ئەو ولاتانەی کە ئەندامن لەم ڕیکخراوەدا پێویستە مل کەچی پشکنینەکانی ئەم ڕیکخراوە بن، چالاکی ئەم ڕیکخراوە بەردەوامە لە سەر ئاستی جیهان،کارەکانی بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکان دەبات بەڕێوە، خۆیشی ڕیکخراویکی جیهانی سەربەخۆیە.

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی جزیرە کە سەردانی یەکێک لە گەنجینەکانی هەڵگرتنو پاراستنی چەکی کیمییا دەکات لەئەمریکا ئاماژە بە بونی سیستەمێک دەکات کە لەکاتی هەر تەقینەوەیەکی ناخوزراو لەوشوێنەدا سیستەمێکی هەڵمژنی ئەو چەکە کیمیایە ئامادەیە و ناهێلێ هیچ ژەهرێک بلاوە بکات لەو شوێنەدا، هەروەها بەردەوامیش ئەزموون دەکەن لەسەر ئاژەڵ لە نزیک ئەو گەنجینەیە ،هاوکات لە سەر ئەو هەنگانەی کەدانراون بۆ ئەو مەبەستە ،فرینی فرۆکەش قەدەغەیە لەئاسمانی ئەو شوێنەدا.
راپۆرتەکە ئاماژە دەکات کە سوپای ئەمریکی لەئاستێکی زۆر بەرزدایە بۆ خۆپارستن لە چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی، بەچەشنیک لەهەمو کاتێکدا سەربازان جلو بەرگو دەمامکی خۆپاراستنیان پێیە، وە دەمامکەکان گۆرانکاری زۆریان بەسەردا هاتوە لەروی توانای پالاوتن و سوکی کێشیان.
دکتۆر ناجح گوڵپی 29/4/2017
بە بۆنەی ساڵیادی قوربانیانی چەکی کیمیایی و تێپەڕبونی سەدو دوو ساڵ بەسەر یەکم جار بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا

————————–
سەرجاوەکان:
1. http://www.aljazeera.net/programs/infocus/2005/1/10/%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B3%D9%84%D8%AD%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%8A%D9%85%D9%8A%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%AC%D8%B1%D8%AB%D9%88%D9%85%D9%8A%D8%A9
2. کتێبی پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەکوردستان 2017 نوسینی د.ناجح گوڵپی
3. http://kurdocide.org/Detail.aspx?id=14779&LinkID=1
4. http://kurdocide.org/detail.aspx?id=14775&linkID=1
5. http://orient-news.net/ar/news_show/4950/0/%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B3%D9%84%D8%AD%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%8A%D9%85%D8%A7%D9%88%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%B7%D8%B1%D9%82-%D8%A7%D9%84%D9%88%D9%82%D8%A7%D9%8A%D8%A9-%D9%85%D9%86%D9%87%D8%A7
6. http://midan.aljazeera.net/reality/politics/2017/4/23/%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%84%D8%A7%D8%AD-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%8A%D9%85%D9%8A%D8%A7%D8%A6%D9%8A-%D8%AA%D8%B9%D8%B1%D9%81-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%AE-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A8%D9%8A-%D9%84%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D9%86
7. http://www.news24.com/World/News/chemical-weapons-allegedly-used-45-times-in-syria-opcw-chief-20170428
8. https://www.un.org/disarmament/wmd/chemical/
9. http://nationalinterest.org/feature/the-five-most-deadly-chemical-weapons-war-10897
10. https://en.wikipedia.org/wiki/Ypres مێژووی شاری “ئیبرس”
11. https://www.opcw.org/about-chemical-weapons/history-of-cw-use/
12.

Previous
Next
Kurdish