Skip to Content

ئیرەیی و گومانڕەشیی داهێنەران.. سەباح ئیسماعیل

ئیرەیی و گومانڕەشیی داهێنەران.. سەباح ئیسماعیل

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2025 General, Literature, Slider

پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، موزیكژەنی ناوداری نەمسایی مۆزارتی مەزن دەرمانخوارد كراوە و ئەوی ژارخواردی كردووە موزیكژەنی ئیتاڵی سالێریی هاوەڵی بووە، ئەوە بۆ پووشكینی باوكی ئەدەبی ڕووسی (1799-1837ز) بووە هەوێنی نووسینی شانۆنامەیەك بە ناوی “مۆزارت و سالێری”.
دواتر، لەسەر بنەمای ئەو شانۆنامەیە میلۆش فۆرمان فیلمی ناوداری “ئەمادیۆس”ی بەرهەم هێنا. لە بەشی یەكەمی شانۆنامەكەی پووشكیندا سالێری بە ناڕەزایییەكی توندەوە دژ بە دادپەروەریی خودایی قسان دەكات، “چما بۆچی ئەمێك تا ڕادەی مردن ئاشقی موزیك بێت و لە منداڵییەوە ژیانی لە پێناو موزیكدا تەرخان كردبێت، كەچی ئەم بەهرەیە بۆ كەسێكی سادەی شێت دەڕوات”.
ئەودەمی مۆزارت گەیشتە ڤیەننا، جوزێفی دووەمی ئیمپراتۆر سالێریی وەكو موزیكژەنی كۆشك هەڵبژارد. سالێری وای لێهات زۆری ڕێز لێ دەگیرا، بە تایبەت لای ئەندامانی چینی ناوەند.
مۆزارتی بەهرەدار چەشنی فریشتە دابەزییە سەر زەوی، دەتگوت ئاوازەكانی لە بەهەشتەوە هێناون. هێندەی نەبرد سالێری لە ترسی توانای گەورە و لە ئاوەزبەدەری مۆزارت تاڵاوی دەردەئیرەیی و بەدگومانی ناخی دەكرۆژی و هەلاهەلای دەكات. دەكەوێتە دژایەتی كردنی مۆزارت، تاڕادەی ژارخواردكردنی.
ژینگەیەک نییە خاڵی بێت لە ئیرەیی و گومڕەشی. خەڵک زوو هەستی بە مەترسیی ئیرەیی کردووە، بۆیە بۆ خۆپاراستن لە هێزی ئیرەییبەران لە پێش دەرگەکانی ماڵەوە کووژەکەی شین و چاوەزار و ناڵیان کوتیوە. زۆرن ئەوانەی وا هەستدەکەن گەر ددان بە داهێنەریی کەسێکی دیدا بنێن، ئەوا خۆیان دەسڕنەوە، یاخود لە بەهای خۆیان کەمدەکەنەوە. هەڵبەت مێژووی نووسەر و ڕووناكبیران گەلێك شێوازی ململانێی نێوان گەورەكانی بۆ تۆمار كردووین گومانڕەشی (غیرە) جووڵاندوونی. بە شێوەیەك هیچ بارانێك نەیتوانیوە شوێنپێكانی لە ناو دڵ و ئاوەزی مرۆڤەكاندا بسڕێتەوە. “هەر هێندەی ئەم گومڕەشییە ئەدەبییە ڕەوایە بگۆڕێت بۆ دۆخێک لە ڕقی کەسێنی، ئەوا دەبێتە سەرچاوەی نەخۆشیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئاڵۆز، داهێنان و ژیانی کۆمەڵایەتییش دەشێوێنێت”.

ئیرەیی لای نووسەرانی بیانی
فڕانسیس بەیکۆن (١٥٦١-١٦٢٦)ی فەیلەسووف و بیرمەند و سیاسەتمەداری گەورەی بریتانی کەسایەتییەکی بە ناوبانگ و دەوڵەمەند بوو، پۆستی گەورەی چنییەوە، دادوەری گشتیی شاژن، نوێنەری گشتی، لە دواییشدا لەسەر کورسیی سەرۆکی دادوەران دانیشت. گەلێک جار دوودڵ بوو لەوەی کامیان کاریگەرە، سیاسەت بە هەموو سوودەکانیەوە، یاخود فەلسەفە بە گشت سەرئێشەکانیەوە: “وامدەزانی من بۆ ئەوە لەدایکبووم تاکو خزمەتی مرۆڤایەتی بکەم.. بۆیە لە خۆم دەپرسی: چۆن بتوانم سوود بە مرۆڤایەتی بگەیەنم، بینیم بە سروشتی خۆم ئامادەبوونی تایبەتم هەیە بۆ ڕامان لە ڕاستی”.. بەڵام لە سۆنگەی ئەو ڕەوشەی دوای مردنی باوکی ساڵی ١٥٧٩ پێیدا تێپەڕی، بڕیار دەدات کار لە سیاسەت بکات، بۆیە بە ناچاری کۆلێژەکەی جێدەهێڵێت بۆ قبووڵکردنی پۆستی دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئینگلیز لە پاریس. هەڵبەت سیاسەت جگە لە نەیار و سەرئێشە هیچی پێ نەبەخشی، یەکێک لەو سەرئێشانە بووە هۆی لەسێدارەدانی نزیکترین هاوڕێی “ئەلئیرڵ ئیسکس”، کە تۆمەتی ناپاکیی گەورەیان دایەپاڵ، شاژن ئەلیزابێس بەیکۆنی بۆ پۆستی دادیاری گشتی هەڵبژارد، ئەویش بەڵگەکانی ناپاکیی هاوڕێکەی پێشکەش کرد، ئەمە وای لە بەیکۆن کرد هەست بە ئازاری ویژدان و شەرمەزاری بکات، دەنووسێت: “حەز و ئومێدم لەو هەتاوە دەچوو لە میانەیەوە پیسی و گڵاوی تێدەپەڕن، کەچی ئینجاش وەکو پێشوو هەر بە بێگەردی دەمێنێتەوە”.
لێ کارەکان بە دڵی ئەو نەڕۆیشتن، نەیاران و ئیرەییبەران چاوەڕێی دەرفەتێکیان بوو بیکەوێنن “لە ئاهەنگێکدا بە بۆنەی گەیشتنە تەمەنی شەست ساڵییەوە گێڕای لەودەمی پێکی “شەرەفی هاووڵاتیی پاشا و گەشبەختترینیانی هەڵدەدا” دەستەیەک سەرباز گەیشتنە کۆشکەکەی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەویان پێبوو بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن.. ئەوەبوو خرایە زیندانی تاوەری لەندەنەوە و هەموو ئەو نامەی سکاڵایانەی بۆ شا جەیمسی نارد بۆ لێخۆشبوونی بێسوود بوون، ئەوەبوو دادوەران بڕیارێکیان دەرکرد بە سزای پارە بە بڕی چل هەزار جونەی، بۆ ئەوەی ماوەی زیندانییەکەی تەواو ببێت، ئەویش بڕیار دەدات گۆشەگیر بێت و لە گوندێکی دیکەدا ساڵانی ژیانی دەباتەسەر بە خۆتەرخانکردن بۆ خۆشەویستەکەی (فەلسەفە)، ئەوی سیاسەت و گەمەکانی لێیان دزی..
ڤۆڵتێر دەڵێت، بەیکۆن دەیتوانی لەسەر کێلی گۆڕەکەی بنووسێت “با بیروبۆچوونەکانم لە بنیاتنانی جیهانێکی نوێی پڕ لە ڕووناکیدا ببنە بەردی بناغە”.
هاشم ساڵ لە وتارێکیدا بە ناوی “وردە ململانێی نێوان کەڵە نووسەرانی ئەدەب و هزر” باسی ڕقی شۆپنهاوەر دەڕۆست یەکێک لە مەزنترین فەیلەسووفانی مێژوو دەکات، هیگڵی ئەرستۆی سەدەی نوێ، هەردووکیان بلیمەتن، بەڵام شۆپنهاوەر پێچەوانەی هیگڵ درەنگ دەرکەوت:
“بڕوانن شۆپنهاوەر چی بە هیگڵ دەڵێت، شتێک سەر سپی دەکات، جوێنی بێ وێنەی ناشرین، هۆکارەکەی ئەوەیە هیگڵ زۆر ناودار بوو، سەدان خوێندکاری بۆ وانەکانی ڕادەکێشا، لەکاتێکدا شۆپنهاوەر گومناو بوو، تەنیا چوار پێنج خوێندکاری هەبوو، بێگومان هەردووکیان لە یەک زانکۆ و لە یەک سەعاتدا وانەیان دەگوتەوە! بەرلین. ئیدی شێتگیر دەبێت و لە ئاست هیگڵدا ئیرەیی دەمارەکانی دەکوڵێنێت، تابڵێی دژمانی ناشرینی پێدەدات، وەک: “ئەم کەسە هیچوپووچەی ناوی هیگڵە! ئەم دەجاڵە بێ ڕۆحە، قێزەونە، بێزراوە، نەزانە، ئایا شایانی ئەم هەموو بایەخەیە؟ فەلسەفەکەی بریتییە لە هەڵخەڵەتاندنێکی گەورە، یاخود درۆیەکی زل، بریتییە لە دەمپانکردنەوەیەکی گۆکردنی بەتاڵ، بریتییە لە قسەی قۆڕ، یاخود سەفسەتە، ئەو فەلسەفەیەی گەمژەترینە لە مێژوودا. جگە لە شێتخانە و نەخۆشخانە دەروونییەکان، قسەی بەتاڵی وەک قسەی ئەم پیاوە جادووگەرە نابیننەوە… هتد”.
تۆرگنێڤ (١٨١٨ـ١٨٨٣ز) کاتێک ڕق لە دۆستۆیڤسکی (١٨٢١ـ١٨٨١ز) هەڵدەگرێت، دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ناشرین و وێرانی بکات بە شێوەیەک باسی گرفتە دەروونییەکانی دەکات، هەڵبەت کەسانێک هەبوون بەردەوام گەرمیان دەکرد. دیارە قسە بە ناوبانگەکەی فرۆیدی بیرچووبووەوە، یاخود بایی ئەوەندە نەژیا بیبیسێت: ڕەنگە لە دۆستۆیڤسکیدا هەموو گرێ و گرفتەکانی زەوی ببینینەوە. بەڵام لە بەرامبەر دۆستۆیڤسکیی نووسەری بلیمەتدا، ناتوانیت هیچ بکەیت، تەنیا ئەوە نەبێت: بێیتە سەر چۆک و سەردانەوێنیت.
لەسۆنگەی هەمیشە لاسەنگبوونی تەرازووەکە و “لە سایەی کێشمەکێش لەسەر ناوەندی ڕووناکی و هەڵپەکردن بۆ دەستکەوت، ئەم ململانێ ئاشکرا و شاراوەیە هەڵدەچێت، هەندێک ڕۆشنبیری ئیرەییبەری لە پشتەوەیە، لەوانەی گەلێک بانگەشەی برایەتی و ئایدیاڵییان دەکرد و هێندەی نەبرد پەردە لەسەر ڕوویان هەڵدرایەوە و خۆشەویستان گۆڕان بۆ نەیار و دوژمنان”.
هەندێک جار کارەکە ئەرێنی دەبێت و بە نووسین وەڵامی یەکدی دەدەنەوە و وەکو دەڵێن شەڕی ئەدەبیی دەکەن، بەڵام گەر تەشەنە بە لایەنە نەرێنییەکەی بدرێت ئەوا کارەساتێک دەخوڵقێنن، بۆ ناشرینکردن و تۆمەتبارکردنی یەکتر تۆمەتی دزیی ئەدەبی دەدەنە پاڵ یەکدی و قەبارە و بەهای کارە ئەدەبییەکانیان کەم دەکەنەوە و تۆمەتی ناشرین بۆ یەکدی هەڵدەبەستن. ئەمە ئەودەم دروستدەبێت، ئەویدی ڕووناکیی زیاتری دەخرێتە سەر و بەرهەمەکانی وەردەگێڕرێن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا پتر ئامادەیی دەبێت و خەڵات دەکرێت و ڕێزی لێ دەنرێت…
فرۆید ئەمە ناودەنێت “گرێی ئۆدیب”، ئەمین زاویی ڕۆماننووسی جەزائیری واوەتر دەڕوات و ناوی دەنێت “گرێی قابیل”، دەڵێت: “ئەوانە نەخۆشی دەسەڵاتی وەهمین، یاخود وەهمی دەسەڵاتن، ئەمەش وایان لێدەکات بیر لە (کوشتنی برا)ی ڕەمزی ئەدەبی بکەنەوە بۆ ئەوەی تەنیا خۆیان وەهمی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت، ئەوانە لە خوێنمژانی ئەدەب دەچن”.
هۆراس دالبول جوانی بۆچووە دەڵێت: ئیرەییبردن جۆرێکە لە ددانپێدانان بە سەرکەوتنی ئەوانی دی. ئەرستۆش دەڵێت: کەسی ئیرەییبەر خۆی دەخواتەوە وەک چۆن ژەنگ ئاسن دەخوات.
چارڵز دیکنز (١٨١٢ـ١٨٧٠)ی ڕۆماننووس بە مەزنترین ڕۆماننووسی ئینگلیز لە سەردەمی ڤیکتۆریدا دادەنرێت. تاکو ئەمڕۆش ڕۆمانەکانی خوێنەری زۆریان هەیە، ناودارترین کارەکانی، ڕۆمانی “ئۆلیڤەر تویست”، “چیرۆکی دوو شار”، “دەیڤد کۆپەرفێڵد”، “کاتە سەختەکان” و “ئاواتە گەورەکان”ن. ڕۆمانەکانی ڕەنگدانەوەی دۆخی خراپی منداڵیی خۆی بوون. لە زۆربەی کارەکانیدا بانگەشەی پێویستبوونی چاکسازیی کۆمەڵایەتی و پشتگیریی ئەو دەزگە خێرخوازی و تەندروستییانەی دەکرد چاویان لە هەژارانە. بۆیە قەڵەمە ڕەوانەکەی بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لەو خراپەکاری و ڕەوشە نادادپەروەرانەیەی دەوریان داوە تەرخانکرد.
لە هەمان ڕۆژگاردا ولیەم تاکری (١٨١١ـ١٨٦٣)ی ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووسی ناودار دەژیا. شارلۆت برۆنتی ڕۆمانی “جەین ئایەر”ی پێشکەش بەو کردووە، چونکە ئەو بە یەکەمین نوێگەری کۆمەڵایەتی دادەنێت.
ماوەیەکی زۆر نەیاری چارڵز دیکنز بوو. لە نێوانیاندا بڵێسەی ئیرەیی بەرچاو گڕێ گرت. دیکنز خۆی بە ناودارتر و کاریگەرتر دادەنا، کەچی تاکری بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە کارەکانی دەڕوانی و ئەوانی خۆی بە قووڵتر دادەنا. ئیرەیی لە نێوانیاندا گەیشتە ڕادەیەک لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە ڕووبەڕووی یەکدی دەبوونەوە و هەر یەکێکیان ڕەخنەی توندی لە کارەکانی ئەوی دی دەگرت.
هەڵبەت ئەوی لە نێوان ئۆسکار وایەڵد (١٨٥٤ـ١٩٠٠)ی نووسەری ڕۆمانی ناوداری “وێنەی دۆریان گرەی” و لویس کارۆڵ (١٨٣٢ـ١٨٩٨)ی خودان ڕۆمانی “ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەراندا” و زانا لە بواری ماتماتیک و جەبر ڕووی دا لەوانی پێشوو کەمتر نەبوو. وایەڵدی ناسراو بە گاڵتەجاڕی و زیرەکییەکەی گاڵتەی بە شێوازی کارۆڵ دەکرد و تەنها بە نووسەری منداڵانی دادەنا. بێگومان کارۆڵ بە ئاشکرا وەڵامی ڕەخنەکانی وایەڵدی نەدەدایەوەن بەڵام دەڕۆست ئۆسکار وایەڵد و ناوبانگی بەرفرەوانی هەستی بە شڵەژان دەکرد.
ماری شیلی (١٧٩٧ـ١٨٥١)ی هاوسەری پێرسی بیش شیلیی شاعیر، ئەو ئافرەتە داهێنەرەی ساڵی ١٨١٨ کەسایەتیی فرانکشتاینی داهێنا. خانەوادەی شیلی لۆرد بایرۆنیان لە سەر ڕۆخی دەریاچەی لیمان لە سویسرا ناسی، ئیدی لە نێوانیاندا دۆستایەتی و لێکتێگەیشتن و گەنگەشەی ئەدەبی و فەلسەفی دروست بوون.
لۆرد بایرۆن (١٧٨٨ـ١٨٢٤)ی پێشەنگی شیعری ڕۆمانسی، شیعرەکانی هەندێک جار توند و بڕێک جاریش وەک پەڕەی گوڵ ناسک. وێڕای ئەو دۆستایەتییە بەرچاوە، بەڵام ئیرەیی لێنەدەگەڕا پێوەندییەکەیان شڵەژانی تێدا نەبێت و ئارام ببێتەوە. ماری شیلی هەستی بە هەندێک گومانڕەشی و ئیرەیی دەکرد لە ئاست ناودارییەکەی بایرۆن و جەماوەری بوونەکەی، بە تایبەت ئەمیش دەکۆشا ناوی لە کایەی ئەدەبدا دەربکەوێت.

ڤێرجینیا ووڵف (١٨٨٢ـ١٩٤١)ی نووسەری ڕۆمانی “خاتوو داڵاوای” و “ئۆرلاندۆ” و “شەپۆلەکان”، تا مرد ئیرەیی بە نووسەرێکی مەزنی وەک جەیمس جۆیس دەبرد و بە نووسەرێكی خراپی دادەنا. مایەی سەیربوو ڤێرجینیا ووڵف ڕایەکی جیاوازی لەسەر جەیمس جۆیس هەبوو، ڕۆمانی (یۆلیسیس)ی وا وەسف کرد کە “کتێبی نەخوێندەوارە، نزمە، پیاوێکی خەمبار نووسیویەتی، خۆپەرست، چیڕەدرێژ، وشک و مایەی دڵتێکچوونە”.

نووسەری پیرۆیی ماریۆ بارگاس یۆسا كاتێك گوتی، بەدگومانی ئاوەز دەشێوێنێت و ڕێگەی بیركردنەوەی ژیرانە نادات، باش دەیزانی ئیرەیی نووسەران كاریگەرتر و بە ئازارترە لە ئیرەیی كەسانی سادە. ئیرەیی توانای ئەوەی هەیە هەموو شتەكان تێكوپێك بدات، گڕیان تێ بەردات و بوونیان بسڕێتەوە. دوورنییە بگاتە ڕادەی خۆكوشتن. وەكو ئەوەی لە نێوان دوو ڕۆماننووسی هەرە مەزنی ژاپۆن، یۆكیۆ میشیما و كاواباتادا ڕووی دا. ئەو دوو نووسەرە بۆ پتر لە نیوسەدە نامەیان گۆڕییەوە، نامەكان پڕ بوون لە ڕێز و خۆشەویستی، تاكو كاواباتا خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، ئیدی كێچ كەوتە كەوڵی میشیماوە، بەرگەی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی هاوڕێكەی نەگرت. دەمودەست پێوەندییەكەیان ڕووی لە خراپی كرد. میشیما بەهۆی ئیرەیییەوە نەیتوانی پیرۆزبایی لە مامۆستاكەی بكات. ئەوەبوو خۆی كوشت. هەر دوای دوو ساڵ لە خۆكوشتنی میشیما، كاواباتاش خۆی كوشت. چون كاردانەوەی هاوەڵەكەی بێت.
نموونەیەكی بەرچاوی تەواو پێچەوانەی ئەم هەڵوێستە، كاتێك ئەلبێر كامۆ (١٩١٣ـ١٩٦٠) ساڵی 1960 خەڵاتی نۆبڵی پێ دەبەخشرێت، کامۆ دەچێت بۆ یۆنان بۆ لای هاوسەری ڕۆماننووسی گەورە نیكۆس كازانتزاكی (1883ـ1957)، پێیدەڵێت: ئەم خەڵاتە شایانی كازانتزاكی بوو نەك من.

ئیرەیی لای نووسەر و هونەرمەندانی عەرەب
من یوسفم بابە

(شیعری: مەحموود دەروێش/ و: ئازاد بەرزنجی)
من یوسفم بابە
براکانم منیان خۆش ناوێ بابە
نایانەوێ لەگەڵیان بم بابە
دەسدرێژیم ئەکەنە سەر و
بەردباران و جنێوبارانم ئەکەن و
ئەیانەوێ بمرم تا مەدح و سەنام کەن
دەرگای ماڵەکەی تۆیان لەسەر داخستم
لە مەزراکە دەریان کردم
ڕەزەکەیان ژاراوی کردم.. بابە
یارییەکانیان وردوخاش کردم.. بابە
کە نەسیمێ هەڵیکرد و یاریی بە قژم کرد
ئیرەییان پێ بردم و لە منیش و لە تۆش تووڕە بوون
بابە من چیم کردووە لەوان؟
پەپوولەکان خۆیان لەسەر شانم نیشتنەوە
گوڵەگەنمەکان خۆیان بۆم چەمانەوە
باڵندەکان خۆیان لەسەر لەپی دەستم هەڵنیشتن
ئیتر من چیم کردووە بابە؟
بۆچی من؟
تۆ ناوت نام یوسف
براکانم فڕێیاندامە بنی بیرەکەوە و
گورگیشیان بەو کارە تاوانبار کرد
گورگ لە براکانم بەڕەحمترە.. بابە
ئاخۆ من غەدرم لە کەس کرد کاتێ وتم:
“یانزە هەسارەم بینی
لەگەڵ خۆر و مانگدا
بینیمن سوجدەیان بۆ ئەبردم؟”
ئەم شیعرەی مەحموود دەروێش بەسەرهاتێکمان دەهێنێتەوە یاد، کۆن هێندەی کۆنیی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی؛ بەسەرهاتی یوسفی کوڕی یەعقووب پێغەمبەر، کە چۆن لەبەرئەوەی خوا جوانی و شۆخیی پێ بەخشیبوو و خۆشەویست بوو، ئیرەیی براکانی دەگاتە ڕادەیەک، پیلان دژی بگێڕن و بیر لەوە بکەنەوە چۆن لە ناوی ببەن.
ئینگلیز دەڵێت: هیچ بەدگومانییەك لە بەدگومانیی ئافرەت توندتر نییە، مەگەر بەدگومانیی نووسەران لە یەكدی. مێژوو ناوی زۆری لەم بارەیەوە بۆ تۆمار كردووین، وەك ئیرەیی و ناكۆكیی نێوان مەعەڕی و شەریف ڕەزی، موتەنەبی و ئەبو فیراس ئەلحەمدانی، جەریر و فەرەزدەق، لە مێژووی نوێشدا نێوان ئەحمەد شەوقی و حافز ئیبراهیم، زەهاوی و ڕەسافی، جەواهیری و بەیاتی.
یاقووتی حەمەوی (١١٧٨ـ١٢٢٩ز) لە کتێبی (معجم البلدان)دا چیرۆکی تۆڵەسەندنەوەی ئەلزەمەخشەری (١٠٧٥ـ١١٤٣ز) لە ئەلمەیدانی (….ـ ١١٢٤ز)ی نەیساپووری دەگێڕێتەوە، دوای ئەوەی کتێبەکەی (مجمع الامثال) بینی، ئیرەیی بە باشیی کتێبەکەدا هات. کاتێک ئەلزەمەخشەری کتێبەکە دەبینێت، خامە دەگرێتە دەستەوە و بە مەبەستی بێبەهاکردن و شێواندن پیتەکانی ناوی ئەلمەیدانی زیاد دەکات، پیتی (ن) دەخاتە سەر ناوی ئەلمەیدانی و دەیکاتە (ئەلنەمیدانی)، بە فارسی واتا “ئەوی هیچ نازانێت”. ئەمیش بە ناچاری دەستدەداتە خامە و هەمان پیت دەخاتە سەر ناوەکەی ئەلزەمەخشەری و دەیکاتە (ئەلزەنەخشەری) هەر بە فارسی واتا: “ژنەکەیی کڕیوە”.
سەیفولدەولە ئەلحەمدانی (٩١٦ـ٩٦٧ز) دوای سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی لە دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتی عەباسی لە بەغدا لە سەرەتاکانی ساڵی ٩٤٠ی زایندا ئەمارەتێکی لە حەڵەب دامەزراند. گەلێک شاعیر و مێژوونووس و نووسەری لە دەوروبەری خۆی کۆکردنەوە، لە گرینگترین ئەو شاعیرانە ئەلموتەنەبی (٩١٥ـ٩٦٥ز) و ئەبو فیراس ئەلحەمدانی (٩٣٢ـ٩٦٨ز) و ئیبن نەباتە و فەیلەسووفی گەورە ئەلفارابی (٨٧٠ـ٩٥٠) بوون. ئەلموتەنەبی نۆ ساڵ لە ژێر سایەی سەیفەولدەولەدا مایەوە، بوونی ئەلموتەنەبی وایکرد ناوی دەیان شاعیر و نووسەر بشارێتەوە و ناویان نەبێت.
سەیفولدەولە بەخششی زۆری بە شاعیران دەدا، چونکە شاعیرانی دەربار ئەرکیان پیاهەڵدان بوو لە شیعرەکانیاندا، لە ڕێگەی ئەمانەوە دەسەڵاتی سەیفولدەولە لە سەرتاپای جیهانی ئیسلامیدا تەشەنەی کرد. هەڵبەت تەنیا شاعیران لە کۆشک نەبوون، بەڵکو زانایانی لێکۆڵینەوەی ئاینی، مێژوو، فەلسەفە و فەلەکناسیش هەبوون. ئەمە وایکرد ئەلموتەنەبی لە کۆشکدا لە هەمووان پتر جێگەی ئیرەیی بێت، لەبەر فرەزانایی و ئەو پێگە تایبەتەی لای سەیفولدەولە هەیبوو. لەوەدەکات ئەلموتەنەبی ئەم دێڕەی بۆ سەیفولدەولە نووسیبێت، دەڵێت:
ازل حسد الحاسدين عني بكبتهم
فانت الذي صيرتهم لي حسدا
زۆربەی زۆری نەیارانی ئەلموتەنەبی لە عەجەمەکان بوون، لە پێشی پێشیانەوە ئیبن خالەوەی هەمەدانی (…ـ٩٨٠) بوو، ئەوی لەسەر چامەیەک گفتوگۆی لەگەڵ ئەلموتەنەبیدا کرد، ئەلموتەنەبی پێیگوت: بەڵات لێ دا، تۆ عەجەمیت، چیت لە عەرەبی داوە!
ئیبن خالەوەی لە فەقیانەکەیدا کلیلێکی ئاسنی دەرهێنا و کێشای بە دەموچاوی ئەلموتەنەبیدا و دەموچاوی بریندار کرد. هەروەها یەکێک لە نەیارەکانی تری ئەلموتەنەبی ئەبو فیراس ئەلحەمدانیی ئامۆزای سەیفولدەولە بوو، بەدڵی نەبوو ئەو هەموو بەخششەی تەنیا بە ئەلموتەنەبیی شاعیر دەدا.
لە کۆتاییدا ئیرەییبەران توانییان پێگەی شاعیر لەق بکەن و لای سەیفولدەولە زمانی لێ بدەن و بۆی تێبگووشن، ئەوەبوو پێوەندیی نێوانیان تێکچوو و بۆ میسر سەری هەڵگرت. دواتر ئەلموتەنەبی لە میسر دەرچوو و ڕووی لە مەغریب کرد، فاتمییەکان دەسەڵاتداری ئەوێ بوون، لەوێش زۆر نەمایەوە، دوای ئەوەی شاعیر ئیبن هانیئ (٩٣٨ـ٩٧٣ز) پیلانێکی بۆ دانا، ئەوەبوو وڵاتی فارس دوامین وڵات بوو پێی نایە سەر، پێش کوژرانی بەدەست فاتیک ئەلئەسەدی بەر لەوەی بگاتە بەغدا. ئەمەش لەسۆنگەی ئەوەی چامەیەکی داشۆرینی لەسەر کوڕخوشکی فاتیک نووسیبوو.
لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا ئەلموتەنەبی ویستی ڕابکات، کوڕەکەی پێیگوت: “ئەوە هەڵدێیت! تۆیەک وتووتە: (والخيل والليل والبيداء تعرفني … والسيف والرمح والقرطاس والقلم). ئیدی ئەلموتەنەبی بڕیاری دا ڕانەکات، بە کوڕەکەی گوت: (تۆ بەمە منت کوشت). ئەوەبوو وێڕای ئەلموتەنەبی کوڕەکەی و غولامەکەشی کوژران.
بێگومان لە سەردەمی نوێشدا نموونە زۆرن، بۆ نموونە ئەو ئیرەیی و ناكۆكییەی نێوان هەردوو شاعیری ناوداری عێراق جەمیل سدقی زەهاوی (١٨٦٣ـ١٩٣٦) و مەعرووف ڕەسافی (١٨٧٥ـ١٩٤٥) گەیشتبووە ڕادەیەك هەر یەكەیان داوای ئەمارەتی شیعریی بۆ خۆی دەكرد و داوایان لە شاعیران دەكرد لە ڕۆژنامەكاندا پەیمانیان بدەنێ، متمانەیان پێ ببەخشن و بە میری شاعیرانی خۆیانیان بزانن، كار بەوە گەیشت تەنانەت شا فەیسەڵ داوەتی كردن، تاكو ئاشتیان بكاتەوە، كەچی لەوێ خراپتر تێكیان دا.
مەی زیادە (١٨٨٦ـ١٩٤١)ی ژنەنووسەری لبنانی، كە بە هۆی زیرەكییەكەیەوە نۆ زمانی دەزانی، بووبووە بزوێنەری ئیرەیی لای گەلێك نووسەری ناوداری سەردەمەكەی، وەك: خەلیل مەتران، تەها حوسێن، حافز ئیبراهیم، عەباس مەحمود ئەلعەقاد، ئەحمەد شەوقی، مازنی، ڕەیحانی و هی تریش.
ئەلتاهیر وەتار (١٩٣٦ـ٢٠١٠)ی سەركردەی بێ ڕكابەری ڕۆمانی جەزائیریی نووسراو بە زمانی عەرەبی، ئیرەیی و بەدگومانیی بەرابەر ڕەشید بوچەدرە (١٩٤١)ی ڕۆماننووس كەم نەبوو. ڕەشید بوچەدرەش هەمبەر كەمال داودی ڕۆماننووس هەمان هەست ختووكەی دەدا.
“لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەلتاهیر وەتار تووڕە بوو و هاوسەنگیی سایکۆلۆجیی خۆی لەدەست دا، ئەو گەورەترین نووسەری جەزائیرییە لەو قۆناغەدا بە زمانی عەرەبی دەینووسی، کاتێک بیستی ڕەشید بوچەدرەی ڕۆماننووس یەکەمین ڕۆمانی خۆی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە، ڕۆمانی (هەڵوەشانەوە) ١٩٨٢، لەکاتێکدا لە جیهاندا بەوە ناسراوە بە فڕەنسی دەنووسێت، ئەمەی بەسەردا هات، لەترسی ئەوەی نەکو ناوی ئەلتاهیر وەتار لە بەردەم ئامادەبوونی ناوێکی ئەدەبیی درەوشاوە و گەشاوەی وەک ڕەشید بوچەدرەدا بکەوێتە سێبەرەوە.
ئەلتاهیر وەتار لە بۆڵەبۆڵ نەدەوەستا لە هاتنەناوەوەی بوچەدرە لە نووسین بە عەرەبی، لە بەردەم ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆشنبیراندا ئەمەی نەدەشاردەوە، دەستەواژە بە ناوبانگەکەی دووپات دەکردەوە: با لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە (مەبەستی بوچەدرە بوو) لە ڕۆمان بە زمانی فڕەنسی، با لە ڕۆماننووسین بە عەرەبی لەکۆڵمان ببێتەوە و وازمان لێبهێنێت، لە ئەنجامی ئەمەدا جەنگ لە نێوان ئەو دوو ڕۆماننووسەدا هەڵگیرسا و پێوەندیی نێوانیان بڕا، تاکو مردنی ئەلتاهیر وەتار ساڵی ٢٠١٠”.
ئەمە ئەو گرێی قابیلەیە زاوی باسی دەکات. هەڵبەت لەم نێوەدا سوودوەرگری یەکەم ڕێژیمە سیاسییەکە بوو. چونکە سوود لەو جەنگانە دەبینێت و هانیان دەدات بۆ پەرەپێدانی ئەو گرێیە، گرێی یەکدی کوشتنی براکان، ئاگرەکە خۆشتر دەکات. چونکە بەمە هۆزی خوێنەران بەشبەش دەکات و هەوڵدەدات بەو هەڵسوکەوتە پەراوێزخراوانەوە مژووڵیان بکات و بۆ ماوەیەکیش بێت داخوازییە ڕەواکانیان هەمبەر سەرکوت و کەمتەرخەمیی ڕێژیمەکە بیر بچێتەوە.
سەلامە مووسا (١٨٨٧ـ١٩٥٨)ی گەورە نووسەری میسری “بە درێژایی ژیانی ئاواتی ئەوەی دەخواست سەد ساڵ بژی، چەشنی کۆتایی جاحز بمرێت و دەوروبەری هەموو کتێب بێت، هیچ نووسەرێکی عەرەب وەک ئەو هێزی کاریگەری و هەمەڕەنگیی لە نووسیندا تێدا کۆنەبووەتەوە، کتێبەکانی بوونە ڕوواڵەتێک لە ڕوواڵەتەکانی کتێبخانەی عەرەبی، بیروباوەڕی بە تەواوی تەشەنەی کرد، نووسەرانی ئەو سەردەمە وای بۆچوون ئەگەر بە خۆیاندا نەگەن، ئەم پیاوە باڵا مامناوەندییە بەڕە لە ژێر پێیان دەردەهێنێت، ئەمەش وای لە زۆرێکیان کرد بەشێک لە کاتی خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی “گومڕایییەکانی – هرطقات” سەلامە مووسا تەرخان بکەن”.
ئەدۆنیس دەڵێت: خەلیل حاوی چونکە ئیرەیی پێ دەبردم، هەمیشە لە نێو هاوڕێکانیدا خراپ باسی دەکردم. کە لێیدەپرسن، ئەدی ڕای تۆ لەبارەی ئەوەوە چییە؟ دەڵێت: “ڕێز لە ئەزموونی دەگرم، بەڵام چێژ لە شیعری وەرناگرم”. لەبارەی ئەوەیشەوە کە مەحموود دەرویش (١٩٤١ـ٢٠٠٨) گوتوویەتی: “شەرم لە فرمێسکی دایکم دەکەم، تامەزرۆییم بۆ نانی دەستی دایکم هەیە” ئەدۆنیس دەڵێت: “پێکەنینم بەو گریانە شیعرییە دێت”.
بەدر شاکر ئەلسەییاب (١٩٢٦ـ١٩٦٤)، کە بە ئەدەبی ئینگلیزی ئاشنا بوو، توانی سەرەتایەکی نوێ بۆ گۆڕینی شیعری عەرەبی پێشنیاز بکات، کە دواتر بە کۆششی چەندان شاعیری تریش، شیعری عەرەبی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بە خۆیەوە بینی. کەچی هەندێک نووسەر، ڕەنگە لە دژی ئەلسەییاب، دەیانگوت نازک ئەلمەلائیکە پێشەنگی شیعری نوێی عەرەبییە، چونکە ئەو یەکەم جار تەفعیلەی کێشی عەرەبیی دەستکاری و بەش بەش کردووە، وەک ئەوەی مۆدێرنیزمی شیعری و گۆڕینی شیعر، تەنیا مەسەلەیەکی تەکنیکی و پێوەندیی بە ژمارەی تەفعیلەی دێڕەکانەوە هەبێت!
یوسف ئیدریس (١٩٢٧ـ١٩٩١ز)ی چیرۆکنووس و شانۆنامەنووس و ڕۆماننووسی میسری زۆر نەجیب مەحفوز (١٩١١ـ٢٠٠٦)ی ڕۆماننووسی خۆشدەویست، سەرهات و نامە و ڕابواردنی شەوانە و سەردانی یەکدی لە نێوانیاندا هەبوو، ئیدریس هەمیشە مەحفوزی لە پێشەوەی ڕۆماننوسانی عەرەب دادەنا، کەچی هەر هێندەی بیستی نەجیب مەحفوز خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا، هەڵگەڕایەوە و لە دۆستەوە گۆڕا بۆ دوژمن، وتارگەلێکی توندی لەسەر مەحفوز نووسی، تێیاندا داشۆرینی دەکات، تا ئەو ڕادەیەی بە ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا تۆمەتباری دەکات.
ئەم ئیرەییبردنە مەرج نییە هەر ئیرەییبردن بە مادە و دارایی بێت، دەشێت بە پێگە و پایەی مەعنەوی، بە توانا و لێهاتوویی، بە جوانی و شۆخی، بە توانای داهێنان لای كەسێك بێت كەسی ئیرەییبەر شكی نابات. ئیرەیی تژییە لە خەم و داخ بۆ باشی و جیاوازی و بەختەوەری و سەركەوتنی مرۆڤێكی دی، لە هەمان كاتیشدا خۆشحاڵییە بە بەدبەختی و نەهامەتیی كەسیتر. بێگومان ئەمەش چێژێكی سادیستانەیە هیچ بەدەست ناهێنێت.
محەمەد عەبدولوەهاب (١٨٩٨ـ١٩٩١)ی سترانبێژی ناسراو بە “مۆسیقاژەنی نەوەکان” ئیرەییبەران هەراسانی دەکەن و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی میسردا زۆر بە خراپی و بێویژدانانە لەبارەیەوە دەنووسن، ڕۆژێکیان گۆڤار و ڕۆژنامەکان کۆدەکاتەوە و دەچێت بۆ لای شاعیری ناودار ئەحمەد شەوقی (١٨٦٨ـ١٩٣٢)ی میری شاعیران. سکاڵا و دەردەدڵی خۆی لا دەکات، چۆن ئیرەییبەران ژیانیان لێ تاڵ کردووە و چەند بە خراپ لەسەریان نووسیوە، شەوقی پێیدەڵێت، هەموو ئەو نووسراوانە لەسەر زەوییەکە دابنی و بچۆرە سەریان، ئەویش بە سەرسووڕمانەوە بە گوێی دەکات. شەوقی پێیدەڵێت: بزانە چەندپێیان بەرز بوویتەوە.
بە هەمان شێوە، ئەوجا محەمەد عەبدولوەهابی سترانبێژ ڕقی لە ڕیاز سونباتیی مۆسیقاژەن و ئاوازدانەر بوو، قەسەبچییش لە بەلیغ حەمدی.
هەڵبەت بە دەگمەن ئیرەیی و بەدگومانی و ناكۆكیی لە نێوان زانایەك و نووسەرێك، نووسەرێك و موزیكژەنێك، خۆشنووس و نیگاركێشێك، دارتاش و ئاسنگەرێك، بازرگانێكی ئاوریشم و بازرگانێكی كاغەزدا دەبینیت، چونكە بواری كاركردنیان جیاوازە و بەرژەوەندییان دژ بە یەكتر ناوەستێتەوە. گۆتە جوانی بۆ چووە دەڵێت: داهێنان هەتاكو لێتەوە دوور نەبێت، ناتوانیت ددانی پێدا بنێیت. هەموو ئەو داهێنەرانەی ئیرەیییان بە یەكدی بردووە، یاخود گومانڕەشییان بەرامبەر یەكتر لا دروست بووە نزیك بوون لە یەكدییەوە. بێگومان ئەمەش ئەوپەڕی هەژاریی ڕۆحی و هزریی كەسی ئیرەییبەرە، لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی بەدبەختییەكی زۆر بۆی و هەرچییەك دەكات ئەو هەستە دژوارە ناهێڵێت بەختەوەر بێت. ئەمە جگە لەوەی زۆر كات ئیرەییبەران كەسانی بێبەهرە و تەمبەڵ و بوودەڵەن، بەو ئیرەیییە كوشندەیەیان، كە چەشنی مۆرانە ڕۆحیان دەكرۆژێت و ڕۆحی ملشکاندن و ئیرەیی و ئارەزووی لاوازکردنی ئەویتر، یان تێکشکاندنی بەسەریاندا زاڵ دەبێت، دەیانەوێت دژایەتیی هەموو ئەوانە بكەن لە خۆیان بەهرەمەندتر و بەتواناتر و داهێنەرترن.
بێرتراند ڕەسڵی بیرمەندی ئینگلیز جوانی بۆچووە سەبارەت ئیرەیی وتوویەتی: “ئیرەیی یەکێک لە بەهێزترین هۆکارەکانی کەساسییە”. مرۆڤ هەمیشە ئیرەیی بە شتێك دەبات نییەتی. هەڵبەت لە كۆی ئەم ناكۆكییانەدا ئەوەی بمێنێتەوە و نەمری بەدەستبهێنێت بەرهەمی باڵا و ڕەسەن و پڕ لە داهێنانە.
هەڵبەت نکوڵی لەوە ناکرێت چۆن لە نێو نووسەر و داهێنەرانی بیانی و عەرەب و سەرلەبەری میللەتانی دنیادا گومانڕەشی و ئیرەیی هەر هەبووە و دەبێت، کوردیش وەک هەر میللەتێکی تر بێبەش نییە لەو خوو و سیفەتە. “گەر چاوێک بە مێژووی کۆن و نوێی کۆمەڵگای کوردیشدا بخشێنن، ئەوا دەبینن ژمارەی ئەو کەسانە کەم نین ئیرەییان بە کەسانی لێهاتوو و داهێنەر و کارامە بردووە و ئەو ئیرەییەیان ئاگری ڕق و کینەی لە ناخیاندا هەڵایساندووە و هەندێجار بە ئاشکرا و هەندێک جاری تریش بە نهێنی، ئەو جامی ڕقەی خۆیان بەسەر ئەو کەسە بەهرەمەندانەدا ڕشتووە. بێگومان دواجار گرەوی داهێنان و ژیان هەر بۆ بەهرەمەندەکان بووە، نەک ئیرەییبەرە سایکۆپاتییەکان. ئەوەتانێ ئەوانەی ماونەتەوە نالی و گۆران و شێرکۆ و هتد.. نەک ئەوانەی تۆپەڵێک ڕق و بوغز و ئیرەیی و هەست بە کەموکوڕی بوون بەرامبەریان”.
لێرەدا لەبەر ئەوەی سەرچاوەی جێبڕوام لەبەردەستدا نییە تەنیا ئەم دوو نموونەیە دەهێنمەوە.
مەلای جەباری (١٨٠٦ـ١٨٧٦) دەگێڕێتەوە: ڕووم كردە شاری كەركووك و لە مزگەوتی “نائیب” بە فەقێیەتی گیرسامەوە‌، مزگەوتی ناوبراو جیا لەوەی قوتابخانەیەكی ئاینی بووە، هاوكات حوجرەی لێژنەی فەتواشی لێ‌ بوو، جا لەبەر ئەوەی چەند جارێك هەڵەی مەلاكانی لێژنەی فەتوام ڕاست دەكردەوە و لە ئەدەبیات و زانستی فارسیدا زۆر كۆڵەواربوون، پێیان قبوڵ نەدەكرا، بۆیە كەوتنە دژایەتیم و ئیتر زۆر ئیرەیییان پێم دەبرد و زۆر ئازاری دەروونیان دەدام، بەردەوام لە بەردەم فەقێكاندا ڕووشكێنیان دەكردم، تا كار گەیشتە ئەوەی ڕۆژێكیان مەلاكان مانیان گرت و لە نێوان خۆیاندا بە زمانی توركمانی، تاكو من تێنەگەم گوتیان: “یان بوو كوێلی بوردە قاڵماس، یام بز بوردە قاڵمرغ” واتا: یان ئەم هەتیوە دەشتەكییە لێرە نامێنێت، یان ئێمە لێرە نامێنین.
دواتر مەلایەكیان هاتە لام چپاندی بە گوێمدا: ڕۆڵە تۆ هیچ دەرسێكت لای ئێمە نەماوە و ئەوەی پێمان بووە قسوورمان نەكردووە، بۆیە پێمان باشە بچیت بۆ شارەكانی دیكە بۆ وەدەستهێنانی زانیاریی نوێ‌، ئەوەبوو چووم بۆ سلێمانی و ماوەیەك لەوێ مامەوە.
ڕەفیق سابیری شاعیر لە یادەوەرییەکانیدا دەنووسێت: “نووسەرێک لە چاوپێکەوتنێکدا ستایشی منی کردووە و بە (شاعیری گەورە) ناوی بردووم، کەچی دواتر، کە ساردییەک کەوتە نێوانمان، لە چەندان وتاردا، دەیان لاپەڕەی بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە ڕەش کردەوە بۆ ئەوەی شیعرەکانم وەکو نموونەی خراپی شیعری کوردی وێنا بکات و منیش بە شاعیرێکی بێتوانا دابنێت، تەنانەت باسی ژیانی تایبەتم بکات!”. بە هەمان شێوە چیرۆكنووس ئەحلام مەنسووری پەپوولەی بەر زریان “تێكەڵی كەشوهەوای پڕ لە ئیرەیی نووسەران بوو”.
ناکرێت باس لەو ئیرەیی و گومانڕەشییە بێبەزەیییانەیە نەکرێت بە ئاشکرا دژی نووسەرێکی داهێنەری وەک بەختیار عەلی دەکرێت، کە مێژووی هاوچەرخی ئەدەبی کوردی نووسەرێکی شاکارنووسی وای بە خۆوە نەبینیوە، ئەو ئێستا لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەرهەمەکانیەوە بۆ چەندین زمان، بە هەق بووەتە باڵیۆزی ئەدەبی کوردی لە جیهاندا.
بەختیار عەلی ڕەنگە لە گشت نووسەرانی کورد پتر تیری کوشندەی ئیرەیی و گومانڕەشی و تۆمەتی بەرکەوتبێت، هەندێک دڵڕەقییەکەیان دەگاتە ئەوەی شاکارەکانی بەختیار بە دزی لە قەڵەم بدەن و بە بەرهەمی کوردیی دانەنێن. بەختیار لە وەڵامی ئەمانەدا دەڵێت: “لە ئەدەبی کوردییشدا دەڵێن “مەحوی” لە “نالی” دزیوە، دەڵێن “نالی” چامەکەی لە “مەولانا خالید” دزیوە، دەڵێن گۆران لە ئۆسکار وایڵدی دزیوە و هەتا دوایی. بە بڕوای من تا نووسەری فاشیل هەبێت، کە بیەوێت لەسەر حیسابی ناو و گەورەیی ئەوانی دی سەرنج بۆ خۆی ڕابکێشێت… ئەم کاسبییەش دەبێت، ئەمە دیاردەیەکە پێوەندیی بە ئەخلاقی خەڵکی بێبەهرەوە هەیە، پێوەندیی بەو دیوە ناشرینەوە هەیە، کە لە سروشتی مرۆڤدایە و وای لێدەکات نەتوانێت لە جوانی تێبگات و دانی پیا بنێت. ئەوەی گرینگە ئەوەیە ئەم جۆرە ئەقڵە نە توانیویەتی کتێبێکی جوان بکاتە دەرەوەی مێژوو و نە دەشتوانێت” .

ڕەنگدانەوەی گومانڕەشی و ئیرەیی لە دوو ڕۆمانی عەرەبیدا

یەکەم: ڕۆمانی “قەلەندەر و قەڵا”
سوهرەوەردی (ئەبولفتوح یەحیای کوڕی حەبەشی کوڕی ئەمیرەک) نازناوی شەهابەدین بووە، لە نێوان ساڵانی ١١٥٠- ١١٥٥ی زاینی لە گوندی سوهرەوەرد (سوورەبەرد)ی نزیک زنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتی خۆی بەدەستی مەغۆلەکان وێران بووە، هاتووەتە دنیاوە. ساڵانی سەرەتای تەمەنی لە سوهرەوەرد بەسەر بردووە و هەر زوو فێری خوێندنەوە و نووسین بووە و قورئانی ئەزبەر کردووە. دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێت بۆ مەراغەی ئازربایجان لەسەر دەستی مەجدەدین جیلیی مامۆستای شارەزا لە زانستی کەلامدا دەخوێنێت.
ئەوجا هەر بە مەبەستی خوێندن دەچێتە ئەسفەهان و ماردین و دواتریش حەڵەب. ئەم چوونەی بۆ حەڵەب و ماوەی مانەوەی لەوێ، هاوکات دەبێت لەگەڵ جەنگی خاچپارێزاندا و ئەودەم سەڵاحەدینی ئەیوبی فەرمانڕەوا دەبێت، زاهیرشای کوڕیشی میری حەڵەب دەبێت.
لە حەڵەب پاش ماوەیەک بۆی دەردەکەوێت سوودێکی وا لە خوێندنەکەی نابینێت، دەکەوێتە گفتوگۆ و وتووێژی سەخت لەگەڵ مامۆستا و زانا و فەقیهەکانی ئەوێدا. ئەو بیروبۆچوونانەی بە لای فەقیهانی حەڵەبەوە دەرچوون بوون لە سوننەتی ئیسلام، بۆیە سەرسەختانە کەوتنە دژایەتیکردنی و تۆمەتهەڵبەستن بۆی. بە تایبەت کە زاهیر شا ڕێزێکی تایبەتی لێ دەنا، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر ئەو فەقیهانە جامی ڕق و ئیرەیی خۆیان بەسەر سوهرەوەردیدا بڕێژن، کاتێک زانییان زاهیر شا لە ئاست سوهرەوەردیدا زۆر گوێ بە سکاڵا و گلەیییەکانی ئەوان نادات، خۆیان گەیاندە لای سەڵاحەدینی باوکی و ئەویان دژ بە سوهرەوەردی هان دا، وایان تێگەیاند کابرایەکی باتنی و فاتمییە، ئەودەمیش فاتمییەکان مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر دەوڵەتی ئەیوبی دروست کردبوو. بۆیە سەڵاحەدین گوشار بۆ زاهیر شای کوڕی دەهێنێت و پێیدەڵێت، بە هەر شێوەیەک بووە، خۆی لە سوهرەوەردی ڕزگار بکات و لە ناوی ببات. زاهیر شا دەیزانی ئەمە هەمووی لە ئیرەیی و لاوازیی فەقیهەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، دوای هەوڵێکی زۆر ویستی باوکی قایل بکات ئەوە وانییە و سوهرەوەردی فەیلەسووف و زانایەکی گەورە و پایەبڵندە، ئەوانی دی لە ئیرەیی و ڕقەوە ئەو تۆمەتەیان بۆ هەڵبەستووە. بەڵام سەڵاحەدین لە وەڵامدا دەڵێت، تەنانەت گەر واش بێت، بۆ ئەوەی ناوەندی دینی و فەقیهەکانی حەڵەب و شام لە دەوڵەتی ئەیوبی هەڵنەگەڕێنەوە، چار نییە و دەبێت قوربانی بە سوهرەوەردی بدرێت.
فەقیهەکانی حەڵەب چەندین سکاڵایان بۆ سەڵاحەدین ناردبوو و وایان تێگەیاندبوو گەر فریای زاهیر شای کوڕی نەکەوێت، وەکو سەدان لاوی تر، بە سوهرەوەردی فریو دەخوات و ئەودەم ئابڕووی بنەماڵەکەیان دەچێت و موسڵمانانیش بە ئاگری فیتنە دەسووتێن. سەڵاحەدین نامەیەک بۆ کوڕەکەی دەنووسێت:
“کوڕەکەم! من فەقیهێک نیم، تا بە بەرچاومەوە کەسێک دادگایی بکەن و منیش هەڵی بسەنگێنم و داوەریی خۆمی لەسەر بکەم، ئەوەی لەسەر تۆیە، ئەوەیە کە دەسبەجێ حوکمی فەقیهەکان لەسەر ئەو جێبەجێ بکەیت. ئەگەر ئەمە نەکەیت، من ناچار دەبم لەسەر حوکمی حەڵەب لاتببەم. ئەو کارە دوامەخە، چونکە ئەم فەقیهانە ڕادەست نابن و بەزەییان نییە و بە ئاسانی دەتوانن ناوی ئێمە بزڕێنن و خەڵکمان لێ هان بدەن. من نامەوێت ئەوە بزانم، کە ئاخۆ زانایانی دیمەشق و حەڵەب ڕاستدەکەن یان نا. ئەوەی بە لای منەوە گرینگە، ئەوەیە کە ئەمانە دڵیان لێمان نەڕەنجێت. ئەوان خۆیان لە فەتواکەیان بەرپرسیارن و پەیوەندیی بە منەوە نییە. سەبارەت بەوەش کە سوهرەوەردی بێگوناهانە خوێنی دەڕژێنرێت، خەتاباری سەرەکی لەمەدا، سوهرەوەردی خۆیەتی. ئەوێک خەڵکی ئەم دەڤەرە نییە، گەر سەرچڵیی نەکردایە و نەهاتایەتە ئەم مەملەکەتەی ئێمەوە و دژایەتیی زاناکانی نەکردایە، هەڵبەتە چارەنووسی بەمە نەدەگەیشت. دواجار، مەرجیش نییە هەموو زاناکانی حەڵەب بە هەڵەدا چووبن. بێگومان دیارە ئەو پیاوەش کۆمەڵێک شتی گوتووە، کە دژ بە ئاینی ئیسلامە.”.
بەم ئاوایە ئەم زانا مەزنەی لە مێژووی فەلسەفە و عیرفاندا، بە دامەزرێنەری ڕێبازی ئیشراق لەقەڵەم دەدرێت و بە یەکێک لە پیاوە یاخی و سەرچڵەکانی سەردەمی خۆی دەژمێررێت، لە تەمەنێکی کورتدا توانی نزیکەی ٥٠ کتێب بنووسێت، بەشێکیان بە فارسی و بەشێکیان بە عەرەبین، تەکفیری دەکەن، ئیدی زاهیر شا ناچار دەکرێت فەرمانە ناڕەواکەی باوکی جێبەجێ بکات، سوهرەوەردی سەرپشکی هەڵبژاردنی جۆری مردنەکەی خۆی دەکات. سوهرەوەردی داوا دەکات فڕێی بدەنە زیندانێکەوە نان و ئاوی نەدەنێ، تاکو گیان دەسپێرێت.
دوای هەفتەیەک سوهرەوەردیی زانای بێتاوان، سوهرەوەردیی ئاشقی ڕاستی و زانست، بڕستی لەبەر دەبڕێ و لە زینداندا لەبرساندا دەمرێت. فەقیهەکان گومانیان هەبوو مردبێت، داوایان کرد بیبینن، تا ڕاستییەکەیان بۆ دەربکەوێت. دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت مردووە، بردیان و داوایان کرد لە سێدارە بدرێت. ئیدی “لەسەر داوای ئەو زانا و ئیماندارانەی شەوی ڕابردوو لە پێنج مزگەوتی شاردا کۆبووبوونەوە و پێشنیاری ئەوەیان کردبوو، کە ڕۆژی هەینی، بەر لە نوێژ، لەداری بدەن. جەستە بێگیانەکەی سوهرەوەردییان لە قەڵا بردە دەرێ و ئەو ئەرکەیان بە قەزا گێڕایەوە و لە سێدارەیان دا.”.
ئەمە چارەنووسی زانایەک بوو لەو تەمەنە کورتەیدا هەموو هەوڵ و تەقەلایەکی لە پێناو ڕووناکیدا بوو بۆ ژیان و بۆ مرۆڤەکانی دەوروبەری، بەڵام لەبەر ئیرەیی و ئاستی تێنەگەیشتنی نەیارانی ئەو چارەنووسەیان پێ ڕەوا بینی پێشتر بە مەنسووری حەلاجی هاوەڵە ڕۆحییەکەی ئەویان ڕەوا بینیبوو.

دووەم: ڕۆمانی “زریاب”
هەموو ئەو ئیرەیی و بەدگومانی و ناكۆكییە كوشندانەی باسمان كردن، وەك ئەوەی ڕووداوەكانی مێژوو کوتومت دووبارە ببنەوە، تەواو لە ڕۆمانی (زریاب)ی مەقبوول ئەلعەلەویدا خەست بوونەتەوە و بەدی دەكرێن. ئیسحاق موسڵیی موزیكژەنی پیر لە بەراییدا زریابی خۆشدەوێت و سۆزی خۆشەویستیی پێ دەبەخشێت “ئیسحاق موسڵیی ئاغامم دەبینی دەهات و دەچوو. لە ماڵە گەورەکەی خۆیدا پاشا بوو. گوێم لە ورشەی جلەکانی و ترقەی کەوشەکانی بوو لەسەر زەوییەکە، دەمبینی دەستەکانی لە دواوە تێکئاڵقابوون، کاتێک بە تەکمدا تێدەپەڕی گرێکەیان دەکرایەوە و بەوپەڕی خۆشەویستییەوە دەستی بە سەرمدا دەهێنا، جەستەی وندەبوو، تارمایی و بۆن و ئامادەیی لە شوێنەکە و لە ئاوەزمدا ماوەیەک دەمان…”.
خەلیفە هاڕوونە ڕەشید داوا لە ئیسحاق موسڵی دەکات ئەو کوڕە بهێنێت ڕۆژێکیان هەر خۆی لای خەلیفە زۆری بە توانا و زیرەکییەکەیدا هەڵگوتبوو “ئەو ڕۆژەم بیرناچێتەوە ئێوارانێکی زوو ئیسحاق ئاغام له دەرگەی دا و بە دڵی خۆشەوە پێیگوتم:

  • ئەو ساتە هات چاوەڕێمان دەکرد. سبەی لەگەڵمدا دێیت بۆ جڤاتی خەلیفە هاڕوونە ڕەشید. باسی تۆ و بەهرەی تۆم بۆ کردووە، خۆت ئامادەبکە”.
    کەچی دواتر هەر هێندەی هەستدەکات لەسۆنگەی بەهرەی گەورەی قوتابییەکەیەوە پایە و بەرژەوەندیی دەکەونە مەترسییەوە، دژی زریابی تازەلاوی بەهرەمەند، زریابی كۆیلە و قوتابیی خۆی دەوەستێتەوە. لەوە دەترسێت زریاب بە هۆی ئەو بەهرە گەورەیەی تێیدا هەڵدەقوڵی وەك موزیكژەنێك شوێن و پایەی ئەم لە كۆشكدا لەق بكات و ببێتە پاشکۆی قوتابییەکەی.
    هەر هێندەی ئاگردانی ئیرەیی دەكەوێتە گەڕ، ئیدی شاردنەوەی زەحمەت دەبێت و وردە وردە دەبێتە مایەی داڕمانی ئاكاریی لای كەسی ئیرەییبەر و هەناوی دەکرۆژێت، ئەمە ئەگەر جاری وا هەیە نەبێتە هۆی ئەنجامدانی تاوانیش. “لە دوێنێوە من گەورەی تۆ نیم. ڕاست و ڕوون دەبم لەگەڵتدا. ئەی نازانیت ئیرەیی دەردێكە لە كۆنترین دەردەكان و لە هەموویان پتر كار لە ناخ دەكات و قووڵترین زام لەسەر دڵ جێدەهێڵێت؟”.
    “ئەم ڕق و كینە و نەیاری و شەڕەی دژ بە زریابی تازەكار دەبنە هۆی ئەوەی لە داهێنان و نوێبوونەوە بوەستن… بۆیە ئیسحاق موسڵی لای خەلیفە هاڕوونە ڕەشید قسەی خراپ لەسەر زریابی زێدە بەهرەداری بێتاوان و بێگوناه دەكات، لە ئەنجامدا هەر بە خۆی دەیڕەنجێنێت و وڵاتبەدەری دەكات”.
    لێ زریابی فرەزان لە هونەری ئەتەكێت و خواردن، زریابی بلیمەت و ئەفسانەی موزیكی عەرەبی، زریابی بۆ موزیك خوڵقاو، زریابی دەنگخۆش و زوڵاڵ، وەكو هونەرمەندێكی ڕەسەن، بە پێچەوانەی مامۆستاکەی، هەموو خەمی ئەو عوودەكەی و ئاوازەكانی بوو، كۆڵی نەدا و هەر هێندەی سەقامگیر بوو، ژێی پێنجەمی بۆ عوودەكەی دانا و زمانێكی نوێی بە ئامێری عوود بەخشی، مۆسیقای ئەو لە لایەکەوە بواری دەدایتێ لە ژیان هەڵبێیت، لە لایەکی دیشەوە وای لێدەکردیت بە شێوەیەکی قووڵتر لە ژیان بگەیت. ئەو بە دامەزرێنەری یەكەمین قوتابخانەی موزیك دادەنرێت، ئەودەمی لە بەغدای (یەكەمین جار دوورخراوگە و دواتر نیشتمانی) دوورخرایەوە، لە قورتوبەی ئیسپانیا دایمەزراند. جگە لەوەی ژیاری ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی گواستەوە ئەندەلوس و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و جیهان. بەهرەی زریاب تەنیا لە مۆسیقا و گۆرانیدا چڕ نەدەبووەوە، بگرە چیرۆک و ئەفسانە و حەکایەتی پاشا و خەلیفەکانی دەگێڕایەوە، ئەمەش وای لە خەڵکەکە کرد لە دەوری کۆبببنەوە شەیدای بن و خۆشیانبوێت. هەروەها مۆدەی جلی هێنایە ئەندەلووسەوە، بۆ هەر وەرزێک جۆرە پۆشاکێک بەکاربێت و بۆ هەر بۆنەیەکیش جلێک.
    زریاب (ئەبولحەسەن عەلی بن نافعی موسڵی)ی بە ڕەچەڵەك كوردی بە بنەچە بۆتانیی هاتوو بۆ موسڵ و پاشان بۆ بەغدای پایتەختی خەلیفەی عەباسی، مێژووی ئیسلام گەلێک ستەمی لێ كردووە، زریابیش وەکو زۆرێک لەو نووسەر و هونەرمەند و بیرمەندانەی خزمەتی مرۆڤایەتییان کرددووە و بە زمانی عەرەبی، یان تورکی و فارسی نووسیویانە، ئیدی نکوڵی لە کوردبوونیان کراوە. زریاب لە ڕێی مێژووی ڕۆژئاواوە پتر ئاوڕی لێ درایەوە وەك لە ڕۆژهەڵات، لەوێ ناسرا و زیاتر سوودیان لە ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی وەرگرت.
    مخابن، داهێنەران لە هەر ژینگە و شوێنێکدا بووبن، لە هەر ڕۆژگارێكدا ژیابن، ئاسوودەیییان بە خۆوە نەبینیوە و ئیرەیی هاوپیشەكانیان هەمبەر داهێنانەكانیان ئازاری داون و لێنەگەڕاون ئاسوودەبن. تاكو ئەو ڕادەیەی هەندێك جار ئیرەیی سەری داهێنەری خواردووە و توانا و كاراكتەری سەركەوتووی تیرۆر كراوە و زریاب ئاسا بەم ڕۆژگارەوە بەدەم ئازاری پێكانی تیری ئیرەیییەوە تلاوەتەوە. بێگومان ئەوی نامێنێت و دەمرێت کەسی ئیرەییبەرە، بەڵام ئیرەیی وەکو نەخۆشی و پەتا هەر دەمێنێت.

سەباح ئیسماعیل ـ کەرکووک

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress