چەند سەرنجێك لەسەر کتێبی “گۆشتەکەی بۆ ئێوە، ئێسقانەکەی بۆ من”ی شێرزاد حەسەن.. مەحمود چاوش
پەروەردە، دووجەمسەرە و بێکۆتاییە
ئەزموونی پەنجا ساڵ لەنێو سیستەمی پەروەردەی ئەو دەڤەرەدا، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، غەمباری و توڕەبوونێکی هەمیشەیی لای نووسەری ئەم کتێبە پێکهێناوە. ئەو زۆر بە وردی و سیستماتیك، لە هەمان کاتدا بوێر و جوامێرانە، باس لە وێرانبوونی پاشەڕۆژی چەند نەوەیەک لە کچان و کوڕانی کوردستان دەکات، کە تا ئەم ڕۆژگارەش چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ تەنگژە دەروونییەکانیان نەکراوە و لە داڕوخانێکی مۆڕاڵی و کۆمەڵایەتیی بەردەوامدان. پەروەردە وەك بەشێکی گرنگ لە سۆسیالیزەکردن، تاكەکانی کۆمەڵگەیەك بەرهەمدێنێت، کە کەسانی پڕ باوەڕبەخۆبوو، هەستیار و بەڕێز بەرامبەر کەسانی دی، سروشتپارێز و چوست و چالاك لە ئەرکەکانیاندا بەرامبەر کۆمەڵگە و دەوروبەریاندا بەرەنگاردەبنەوە. نووسەر باس لە شێواندن و داڕمانی ئەم سوسیالیزەکردنەی تاکی کورد و زۆرینەی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە بە هەرسێ “خەڕەکەی” خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا سەرگەردان کراون و دەکرێن، مایە پوچ و مرۆڤی تەمبەڵ، لە هەمان کاتدا کاڵفام بەرهەم دەهێنێن. هۆکارەکانیش زۆر ئاشکرا و ڕوونن: فەرمان و سزادان، خەساندنی ئارەزو و هیواکانی تاك، مراندنی گیانی ئازادی و بەهرەمەندیە. کاتێك پەروەردە و فێربوون خرانە چوارچێوەی سزادان و فەرماندان، بۆشایی نامێنێتەوە بۆ بەهرەمەندی و تازەخوازی، بۆ ڕێزی تاکەکانی تر و چوست و چالاك بۆ کۆمەڵگە. ئەمەش دەبێتە بەرهەمهێنانی نەوەیەک، کە لە هەموو هەلێکی تازەگەری و توانای هزری بێبەر دەبن و هەندێ جاریش لە ئەنجامی ئەو سیستەمە داڕوخاوەدا ئەم بەهرەمەندییەیان لێسەندراوەتەوە. لای ئەوان ڕێزداری و خۆشەویستی بۆ دەورووبەرەکەیان تەنها وشەی نامۆیە، ئازادی تاکی خۆیان و لە هەمان کاتدا ئازادی تاکەکانی تری کۆمەڵگە وەك سیستەم بەهەند وەرناگرن. بێگومان ئەمەش تەنها کەمتەرخەمی خۆیان نییە، بەڵکو پەروەردەیەکیان بەسەردا سەپێنراوە، کە ئەمان بەرهەمبهێنێت. کاتێك تاکەکانی کۆمەڵگەیەك ئازاد نەبن و مافەکانی مرۆڤ تیاندا پێشێل کرابێتن، ناتوانین باس لە کۆمەڵگەیەکی پڕ تەندروست بکەین، لێ بە ئامادەیی مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵگەیەکی تەندروست بەئەنجام دەگەیەنرێت.
نەبونی تاکی ئازاد لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆتە گرفتێکی کڕۆکیانە و نەوە دوای نەوە بە شێوەیەکی وەراسی بۆیان ماوەتەوە، کۆمپلێکسێکە، کە ئازادی تاکەکانی تر پێشێل دەکات، لێ خودی ئەم تاکانە ئازادییان نەچێشتووە. دەستەجەمعی و مێگەلی هەموو جۆرێك لە ئازادی تاکیان سستکردووە. مرۆڤ کاتێک دەتوانێت باس لە ئازادی بکات، کە خودی خۆی ئازادی چێشتبێت.
ئەوەی زیاتر جێگای سەرجڕاکێشانە لەم نووسینەدا کەمی باس لە مێتۆدەکانی وانەگوتنەوە و سیستەمی پەروەردەییە، کە تاکو ئێستاش چارەسەرێکی ئەوتۆیان تێدا نەدۆزراوەتەوە، بۆ نموونە بە چ شێوازێكی سیستەمی پەروەردەیی دەتوانرێت کارێکی پۆزەتیڤ و گەشەسەندوو لە پەروەردەی ئەو دەڤەرەدا بکرێت. نووسەر چەند پێشنیازێکی بۆ چارەسەری ئەم گرفتەش خستۆتە بەردەم خوێنەران، کە وەك سیستەمی پەروەردەیی دەبێت لەو دەڤەرەدا کاری سیستماتیکی تێدا بکرێت، کە تاکو ئێستاش نەکراوە.
خاڵێکی گرنگی دیش لەم نووسینەدا، کە بە کورتی باسی لێکراوە، پەروەردەی ئێستای ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەوروپایە (1). لە ڕۆژئاواش گرفتی پەروەردەیی گەلەك هەنە، کە ڕۆژانە دایك و باوکان پێوەیان سەرقاڵن. بۆ نمونە زۆری ئازادی تاك گەلەك گرفتی بۆ کۆمەڵگەکانی ئەم دەڤەرەش بەرهەمهێناوە. خودپەرەستی و نارسیزم جۆرێك لە نەوەی خۆڵقاندووە، کە زۆرینەی باوانی ئەم کۆمەڵگانەش دووچاری گرفتی ئاڵۆز کردووە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە رۆژئاواش، کە پەروەردەش بەشێکی گرنگە ئەم پێکهاتەیە، بەرەو ئاڵۆزی و کۆمپلێکس هەنگاو دەنێن. لاوانی ئەوروپاش دووچاری گەلەك گرفتی کەسی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، کە لە ڕۆژهەڵات ئاگاداری نین. زۆرینەی لاوان توشی تەنیاییەکی کۆشندە بوون، کە ئەمەش جارێکی تر بەستراوەتەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانەوە. ڕاستە سیستەمی پەروەردە و فێرکاری لە ئەوروپادا لە پێشەنگی جیهاندایە، وەلی لاوانی ئێرەش لە قەیرانێکی بەردەوامدان، کە ڕوو لە تەنیایی و هەندێ جاریش ڕوو لە خۆبەکەمزانی دەنێت. ئەم دیاردەیەش دەتوانرێت بە “دووجەمسەری پەڕەدۆکس لە پەروەردە” دا بنرخێنین. لەقاڵبدانی خوێندکار لەهەردوو کولتوورەکەدا بەرجەستەیە، هەرچەندە پەستانی لەقاڵبدانەکە لە ڕۆژئاوادا کەمترە. کەواتە لە هەردوو سیستەمە پەروەردەییەکەدا لایەنی نەرێنی و ئەرێنی خۆیان هەیە. غەمساردی باوانیش لە ئەوروپا بەرامبەر مناڵەکانیان جۆرێك لە دوورەپەرێزی لەنێوان هەردوو نەوەکەدا بەرهەمهێناوە، کە زۆرینەی مناڵان لە دوای تەمەنی هەرزەکارییەوە باوانیان بەجێدەهێڵن و پەیوەندییەکان تەنها لە چەند پنتێکدا دەمێننەوە و بەرەو ساردی ڕوودەنێن.
ئەوڕۆ سیستەمی فێربوون و پەروەردە لە تەواوی جیهاندا خۆی لە قەیرانێکی بەردەوامدا دەبینێتەوە، جا لە ڕۆژهەڵات یان لە ڕۆژئاوا. بێگومان دەبێت جیاوازی فەرهەنگی و کولتوورییەکان ڕەچاو بکرێن، کە لێرەدا باس لە دوو کولتوور و کۆمەڵگای زۆر جیاواز دەکەین (ئەمەش خۆی جێگەی باسێکی درێژخایەنترە).
لە زۆر شوێنی نووسینەکەدا باس لە سیاسەت کراوە، کە هەندێجار لە ناوەڕۆکی بابەتەکە، کە پەروەردەیە دووردەکەوێتەوە. ڕاستە سیاسەتی ئەو دەڤەرە کاریگەییەکی نەرێنی لەسەر پەروەردە هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، باسنەکردنی کۆنکرێتی جۆری وانەوتنەوە و سیستەمی ئەڵتەرناتیڤی پەروەردەییە، کە سیاسەتمەدارانی ئەو دەڤەرەش بیری زیاتری لێبکەنەوە. بریا زیاتر باس لەوە بکرایە، کە مامۆستاکان لە فێرگەدا بە چ شێواز و بەرنامەیەك وانە ئامادە بکەن و ماستەرپلانی ئەم سیستەمەش لە پەروەردەدا چ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لەسەر لاوان دەنێت.
لە نووسینەکەدا باس لە ڕێفۆرمی پەروەردە کراوە، بەتایبەتی بزوتنەوەی هزری لە ئەوروپادا، بەڵام جۆرەکانی ڕێفۆرم باس نەکراوان، لێ شێوازەکانی ڕێفۆرمی پەروەردە ڕووبەرێکی زۆر فراوان لەخۆدەگرێت، بۆ نمونە فێرکار و خوێندکار چۆن بتوانن پەستانی دەروونی لە گەیشتن بە دەرەجە و ئاستی بەرز کەمبکەنەوە، توانا و کارامەیی خوێندکاران بە شێوەیەکی کەسی ڕەچاو بکرێت، تواناکان و بەرەوپێشچوونی کەسایەتی تاك بخرێتە چەقی هەوڵە پەروەردەییەکانەوە، یان ئامانجەکانی وانە و فێربوون و پەروەردە دەبێت بە چ مەبەستێك بن، کە جۆرێك لە سەربەخۆیی بۆ خوێندکار و مناڵان گەشە پێبدات و چێژ لە پڕۆسەی خوێندن بکرێت. بە کورتی ڕۆڵی فێرکار و پەروەردەناس دەبێت بە شێوەیەکی نوێ پێناسە بکرێتەوە. هەموو دەستپێکێکی پێداگۆگی ڕێفۆرمکراو مۆرکی تایبەتی خۆی هەیە، کۆنسێپتی پەروەردەی زۆرەملێ دەبێت بگۆڕدرێت بە پەروەردەیەکی لیبڕاڵ و دیموکرات و نەخشەیەکی تایبەتی و ئاڕاستەکراوی ئەوتۆ لە سیستەمەکەدا بچەسپێندرێت، کە پەستانی فێربوون لەسەر فێرخوازان کەمبکرێتەوە. بێگومان دەزگاکانی دەوڵەتی و پەروەردەیی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لەم بارەوە دەبینن.
نووسەر باس لە ڕۆح و سروشتخوازی دەکات، ڕەنگە لە هەندێك جێگەدا وشەی ڕۆح لە شوێنی خۆیدا بەکار نەهێنرابێت و لە جێگەی ئەو وشەی “هزرمەندی / هزرمەندێتی” شایستە بوایە. ٢
نووسەر لە بەکارهێنانی تێگەی یان چەمکی “نامۆبون”ی تاکی کورد بەرامبەر کۆمەڵگەکەی وردبین و تیژبینانە بۆ ئەم دیاردەیە چووە و ناوی گەلەك نووسەر و زانستەوان و دروونناسانی بە نمونە هێناوەتەوە، کە بابەتەکەی دەوڵەمەندتر کردووە. ڕەنگە ئەگەر نووسەر لەم گۆشەنیگایەدا باسی لە جان جاك ڕوسۆ بکردایە، باسەکە چڕتر و بەپێزتر بوایە، چونکە ڕۆسۆ بەڕێگەنیشاندەری تیۆری مۆدێرنی “ناموۆبوون” دادەنرێت، ئەو بە پێچەوانەی دەقەکانی پێشوتر، هۆکارەکانی نامۆبوونی لەسەر بنەمای ئارگومێنتی لاهوتییەکان (دیانەتەکان بەتایبەتی دیانەتی مەسیحی) شیکار نەکردووە، بەڵکو هۆکارەکانی نامۆبوونی بە گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگەوە بەستۆتەوە بە “بەکۆمەڵایەتیبوون”ەوە (Vergesellschaftung)، کە ئەویش کۆمەڵگەیەکە، کە نایەکسانی کۆمەڵایەتی لەنێویدا دەخوڵقێت. ئەزمونی جەنگ و هەژاری و کوشتارەکانی پڕۆسەی مێژوو بونەتە هۆکاری نامۆبوونی تاك. ڕۆشنگەراییش لە سەدەکانی پێشوتردا زیادەتر بۆ مرۆڤی ڕوونکردەوە، کە بەدوای هۆکارەکانی نامۆبووندا بگەڕێت، کە ئەویش لە نێو چەقی کۆمەڵگەدایە، نەك بەهۆی ئەو گوناهکاریانەی بەسەر مرۆڤدا سەپێنراوە، وەك لە دیانەتەکاندا ڕونکراونەتەوە. ڕوسۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە سروشت و ئاوێتەبوونی لەنێو کۆمەڵگە خۆیدا نامۆبوونی ئەوی خۆڵقاندووە. دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە سروشت ئەو هۆکارەیە، کە موفتەلای کردووە بەنامۆبوونی هەمیشەیی لە خۆی، ئەمەش جیاوازە لەو ئارگومێنتانەی، کە کەنیسە و مزگەوت و پیاوانی ئایینی پێناسەیان کردووە. ڕوسۆ لە کتێبی (دەربارەی نایەکسانی / دیسکۆرسی نایەکسانی) (3) بەڕوونی باس لەم دیاردەیە دەکات. و ڕکهاتنەوەی ئەوە دژی نایەکسانی و خاوەندارێتییە.
نووسەر هەندێك چارەسەری کۆنکرێتی بۆ گرفتە پەروەردەییەکان داناوە و هەوڵدەدات، بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ باسیان لێوە بکات، کە ڕەنگە بۆ ئەو دەڤەرە چارەسەرێکی هەمئێستایی بێت و بەرەو پاشەڕۆژێکی ڕوونتر هەنگاو بنێت. (4)
ئەو جارێکیتر باس لە نامۆبوون دەکات: “نامۆبوونی ئێمە ڕەگوڕیشەیەکی قوولی هەیە …” بەداخەوە ئەم ڕەگوڕیشە لایەنە مێژووییەکەی ڕووننەکراوەتەوە، کە ئایا پەیوەندی تەنها بەوەوە هەیە، کە مرۆڤی کورد لە ژێر چەوساندنەوە و کوشتار و جەنگەکاندا ئالودەی ئەم نامۆبوونە بووە، یان هۆکاری تری هەن، ئایا ئەم دیاردەیە، بەتایبەتی لە دەڤەری ئێمەدا لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی تریان هەیە، تاکی کورد تەنها بەڕووی خۆیدا نامۆ بووە یان بەرامبەر کۆمەڵگەکەشی؟ خاڵێکی تر لەم پنتەدا، کە گرنگە، ئایا ئەم نامۆبوونەی تاکی کورد تەنها پەیوەستە بە سیستەمی پەروەردەوە لەو دەڤەرەدا. ڕەنگە گەلەك پرسیاری تر هەبن، کە پەیوەندییان بە هەمان دیاردەوە هەبێت. ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە، کە ئەم هۆکارانە بونەتە تڕاومایەکی هەمیشەیی و تاکو هەنوکەش پێوەی دەناڵێنێت.
ئەگەر لە ڕوانگەی چەمکی نامۆبوونەوە لای ڕوسۆ شیکاری ئەم دیاردەیە بکەین، ئەوا هۆکارەکەی دوورکەوتنەوەی مرۆڤی کورد لە سروشت نییە، ئاخر کورد لە بنەڕەتەوە پەیوەندییەکی نزیکی بە سروشتەوە هەبووە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی نامۆبوونی هەنوکەیی تاکی کورد بەرامبەر بە خۆی و کۆمەڵگەکەی بخەینە ژێر شیکارەوە، کە ڕەنگە ئەمانە هۆکارە سەرەکییەکانی بن:
کۆمەڵگەی کوردەواری بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا هەنگاوی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەناوە و ئەو چینە بۆرجوازییە ئیحتکارییەی، کە ئێستا لە کوردستاندا هەن بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا تێنەپەڕیوە، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی خێرایی سەرمایەوەیە لەو دەڤەرەدا بەئەنجام گەیشتووە (Akkumulation / هەڵئاوسانی سەرمایە). واتە ئەم پڕۆسەیە بە سەرخان و ژێرخانێکی مێژووییدا وەك ئەوروپادا تێنەپەڕی، کە لەتەك گۆڕانە مێژووییەکەی ئەو دەڤەرەدا هاوسەنگی و ڕەوتی مێژووییەکەیدا بگونجێت. پرۆسەکە چینێکی ئەڕۆستۆکراتی لە کوردستان و ناوچەکەدا دروست کردووە، کە بۆتە مۆتەکە و زۆردار. زیادبوونی ژمارەی سەرمایەداران لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەو خێراییە، کە پێشتر خاوەنی تەنها زەویەکیش نەبوون، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.
نەبونی چینێك، کە لە مێژوودا بە پرۆلیتاریا ناوبێژکراوە، لە پڕۆسەی مێژوویی ئەو دەڤەرەدا زۆر بەکەمی سەریهەڵداوە. ئەمەش کۆمەڵگەیەکی دەستەجەمعی/مێگەلی توندتر کردۆتەوە و درێژەی پێداوە، کە تاکی کوردی لەژێر پەستانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری ئەوتۆدا حەسار داوە، کە باری دەروونی شێواندووە و ڕایپێچاوە بۆ نێو نامۆبوونی ئەو بەرامبەر بە خۆیی و کۆمەڵگەکەی. کەمی ئازادی تاکی کوردیش بێگومان هۆکارێکی تری ئەم نامۆبوونەیە، کە پەستانی دەستەجەمعیش بەردەوام کاری نێگەتیڤی لەسەر ئەم تاکە کردووە. گومانی تێدا نییە کە ئەم پڕۆسەیە کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر ساردبوونەوەیەکی زۆر خێرای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نامۆبوونی تاكیش.
بێگومان ئەم باسانە لە زۆرێك دەرگای زانست و پرۆسەی مێژوویی دەدات، کە ڕەنگە نووسین و شیکاری زۆرتر لەخۆ بگرن. ئەوەی لەم کۆنتێکستەدا گرنگە و جێگای باسە، ئەوەیە، کە نووسەری ئەم باسە ئەزمونێکی گەلەك بەنرخی کەسی خۆی دەخاتە بەردەمی خوێنەرانی، کە ڕێنیشاندەرێکە بۆ نەوەکانی داهاتو بە لاوان و فێرخوازان و فێرکارانەوە. دەستخۆشی لە نووسەر دەکەم بۆ ئەم هەوڵدانەی لەم بوارەدا.
ئەڵمانیا
23.12.2024
پەراوێز
١ شرزاد حەسەن: گۆشتەکەی بۆ ئێوە و ئێسقانەکانی بۆ من، سەدەیەك لە شکستی سیستمی پەروەردە، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەسەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکرنەوە، زنجیرەی کتێب ٣٦٢، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٢٢، لاپەڕە ١٠.
٢ هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١١٠ بەدوارە
٣. Diskurs über die Ungleichheit ، گفوگۆ لەسەر نایەکسانی، 1755 لە ڕاستیدا تێزەکەی ڕوسۆ لە ساڵی 1750دا بەجارێك ناوبانگی دەرکرد و لەم ڕستەیەدا ڕووندەکرێتەوە: “پێشکەوتنی کولتووری ئەم جیهانەی مرۆڤدۆستانەتر نەکردووە، بەڵکو جیهانێکی نامرۆڤدۆستانەی بەرهەمهێناوە. سەرنجی ڕۆسۆ لەسەر مرۆڤ ئەرێنییە و بارە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لای ئەو پۆزەتیڤە، جوڵێنەری مرۆڤ بەرەو ئەو بارودۆخەی، کە بەرەو نەرێنی ڕاکێشاوە (نامۆبوون)، لە سێ خاڵدان:
1 خودئەڤینی، مرۆڤ بەردەوام هەوڵدەدات، لەژیاندا بمێنێتەوە.
2 هاودەردی یان بەزەیی، مرۆڤ حەزناکات مرۆڤەکانی تر بە زەلیلی ببینێت، لە بنچینەدا ئەو هاوجنسەکانی خۆی بە مەترسی و هەڕەشە نانرخێنێت.
3 خۆکامڵکردن، مرۆڤ دەتوانێت خۆی بەرەو پێشکەوتن بەرێت و هەوڵی خۆکامڵبوون بدات.
• * لە دیسکۆرسی نایەکسانیدا ڕۆسۆ دەبێژێت: یەکەم کەس، کە پارچەیەك زەوی بۆخۆی پەرژیندارکرد و گۆتی ئەمە مۆڵکی منە و کەسانی ساویلکە و نەفامی دۆزییەوە، کە بڕوا بەو بکەن، ئەو کەسە بنیادنەری ڕاستەقینەی ژیاریە (تسیڤیلیزاتسیۆن/ Zivilisation).
- هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٢٣ بەدواوە.
5 هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٧٥ بەدواوە.