Skip to Content

مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم (ڕواقی) لە ساتەوەختی پەتادا … ئازاد حەمە – بەشی 19

مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم (ڕواقی) لە ساتەوەختی پەتادا … ئازاد حەمە – بەشی 19

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 9, 2020 General, Opinion, Slider

ترس لە مەرگ نەبایە نە فەلسەفە دەبوو نە ئاین
شۆپێنهاوەر Schopenhauer

پێشەكی: لەبەرایی ئەم بەشە هێما بۆ ئەوە دەکەین، بەو شێوە شرۆڤەكردنە قایلیین کە پێیوایە فەلسەفە لە گشت سەردەمەكانا پێویستیبووە. هەر فەلسەفە ڕێگایەكیشبووە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشە سەرەكییە ڕۆژانەییەكانی مرۆڤ و بەرچاوڕوونی بەم مرۆڤەش تا ئەو جێگایە داوە کە ناهەموارییەكان تێدەپەڕن. ڕاستە فەیلەسوفەكان لە بەرەی پێشەوەی پەتای كۆڤید-19 نیین، لێ جۆرە ڕۆڵێكیان هەیە كە دەكارن بیگێڕن. لە هەموو دۆخێكدا فەلسەفە شتێكی بۆ وتن هەیە، لەم ساتەوەختە پەتایاویە فەلسەفەی ستۆیسیزم (ڕواقی) Stoicism گونجاوترین شتە. هەر زووش سێنێكا Senecaی گەورە بیریاری ڕۆمانی و یەكێک لە ڕابەرانی فەلسەفەی ستۆیسیزم ئەوەی بە گوێمانا چرپاندووە كە ناشێت سەبارەت بە شتگەلێك ڕاڕابین سەروی توانا و ویستی ئێمە بێت. داوا لە خواوەندیش دەكات ئارامیی پێببەخشێت، بوێری پێبدات بۆ گۆڕینی ئەوەی لە توانایدا نییە، دانایش تا بكارێت شتەكان لێكدیبكاتەوە. ئەوەش بۆ ئەوەی ئەو شتانە پەسەندبكات توانای گۆڕینیانی نییە.
زۆربەی بیریاران وایدەبینن، فەلسەفەی ستۆیسیزم لەناو زانینگا فەلسەفییەكانا تاكە فێرگەیە مرۆڤەكان ڕادەهێنێت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەستی خراپ و لاواز، لەسەر سنوردانان بۆ ترس لەكاتی تەنگژەكانا. لەم حاڵەتەی ئێستادا، كە پەتای كۆرۆنا داگیریكردوین، ترسەكان ئاقاریان لێبوەتەوە، گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی تێكستی فەلسەفی و بەتایبەت فەلسەفەی ستۆیسیزم (و فەلسەفەی ئێپیكۆریزم Epicureanism ) لە هەڵكشاندایە. سەرباری ئەوە، زانینەكانی فەلسەفەی ستۆیسیزم لە مێژووی فەلسەفە هەمیشە جێی تێڕامان بوونە و بەشێكیش لە بزاڤ و ئاقارە فەلسەفییەكانی ڕۆژئاوا خۆیان لە پەنای ئەم فەلسەفەیەدا مەڵاسداوە و پەیتا پەیتا دید و ڕوانینیان لێوەقەرزکردووە.
لەم بەشە جگەلەوەی مانای فەلسەفەی ستۆیسیزم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێش، ناساغی و مەرگ بەكورتی بەرباسدەخەین، كە ئەوەش وێنەیەكمان لەسەر ئەم فەلسەفەیە پێدەبەخشێت كە هەڵگری جۆرە بنەمایەكی فەلسەفی تایبەتە، ئاوڕێكی خێراش لە “تێڕامانەكان”ی ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius دەدەینەوە، كە تاكە ئیمپراتۆر و فەیلەسوفە لە شارستانی ڕۆمانی و ئەوروپایی. ماركۆس ئۆرێلیۆس ئەو تاكە سیاسییەیە كە فەیلەسوفی شاریشە. ئەو جۆرە كەسەیە پێشتر ئەفلاتون لە دیالۆگی”كۆمار” پێیوتوین: كارگێڕی سیاسییانەی شار پێویستە بەدەست فەیلەسوفەوە بێت. ئەوەی ئێمە لەم بەشەدا گەرەكمانە قسەهێنانەئارایە لەبارەی مانای فەلسەفەی ستۆیسیزم لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنا، كە لەنێو ڕوناكبیر و هزرەڤانانی جیهان گرنگی بۆ گەڕایەوە (لە ڕاستیدا ئەو گەڕانەوەیە بۆ فەلسەفەی ئێپیكۆریزمیش بوو، كە سەرچاوە لە دیدگا فەلسەفییەكانی ئێپیكۆر Epicurus ەوە هەڵدەگرێت). هەر لەم بەشەشدا بەلای باسی ترس لە مەرگ تێدەپەڕین کە دروستکەری خەمۆکییە و یەكێكیشە لە جۆرە دیارەكانی ترس. فەلسەفە کە وتنی خۆی لەبارەی ترس لە مەرگ هەیە لە ئاستێك ئەو وتنە بۆ ڕەواندنەوەی ترسەکە دەخەینەگەڕ کە مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم لەخۆبگرێت.

فەلسەفەی ڕواقی (ستۆیسیزم) هەڵگری چ بنەمایەكی فەلسەفییە؟

فەلسەفەی ستۆیسیزم لە سەدەی سێی پێش زایین هاتۆتەكایەوە و پێنج سەدە بەردەوام بووە. ئەم پێنج سەدەیە بەم جۆرە بووە: سێ سەدە لە كۆتای سەدەكانی پێش زایین لە یۆنانی كۆن و دوو سەدەكەی تر لەناو شارستانی ڕۆمانی ،كە سەدە زایینەكانن، پەرەی بەخۆیداوە. دواتر لە سەدەی پێنجی زایین لە شارستانی رۆمانی، كە شوێنی نەشونمای فەلسەفەی ڕواقی بووە، فێرگە فەلسەفییە ڕواقییەكان لەم شارستانیە بەرەو داڕمانڕۆشتوون، ئەمەش دوای گەشەی تووندی تەوژمی مەسیحایی كە لەو دەمەدا ئەم تەوژمە لەتەك بیری بیریارە ڕواقییەكان یەكینەگرتوەتەوە.
فەلسەفەی ستۆیسیزم، كە لەژێركاریگەریی زانینەكانی زێنۆنی ڕواقی Zeno of Citium، پاش ئەریستۆ ،لە ژینگەیەكی ئەسینای، هاتۆتەكایەوە تا دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی یۆنانیش، واتە پاش زاین، بە چەند سەدەیەك هەر بەردەوام بووە. ئەڵبەتە گەشە و داڕمانی ئەم فەلسەفەیە پەیوەندیەكی زۆری بە هەل و مەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەو دەمەی یۆنانەوە هەبووە: بڵاوبوونەوەی جەنگ، ناساغی، هەژاری و ناهەمواری. شایانی زانینە، شارستانی یان چاخی هێلێنیستی Hellenistic Age لەگەڵ مەرگی ئەلێكسەندەری گەورە دەستپێدەكات، 323 پێش زاین، و لەگەڵ هێرشی ڕۆمانی بۆسەر یۆنان كۆتایدێت و لەوێوە چاخێكی تر بەناوی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی سەرهەڵدەدات. مەبەست چاخی هێلێنیستی لەدەوروخولی 323 ی پێش زایین تا پێش دەركەوتنی زایین بە نیو سەدە بەردەوامدەبێت. بەمە ئەم شارستانیە كاتێك ئاوادەبێت كە یۆنانی كۆن لەناو ئیمپراتۆریەتی رۆمانی دا دەتوێتەوە، كە ئەوەش دەكاتە 146 پێش زایین، واتە دوای داگیركردنی یۆنان لەلایەن رۆمانەكانەوە. شایانی باسە، شارستانی هێلێنیستی كە دەوڵەمەند و ناسراو بووە تایبەتمەندی شارستانی خۆی هەبووە و خۆشی تەنیا لەناو یۆنان گەمارۆنەداوە و هەوڵی چوونەنێویەكدیشی لەتەك كولتوورەكانی تر داوە و ، قۆناغی داگیركاری یۆنانیش لە ئاسیا و ئەفەریقا و ئەوروپا هەر لێرەوە دەستیپێکردووە. لەم ساتەوە كولتووری پووختی یۆنانی ووردە ووردە بەرەو نەمان دەچێت و بە كولتووری بێگانە تێكەڵدەبێت. بەمجۆرە لەم قۆناغەدا كولتووری یۆنانی لە دەرەوەی یۆنان بڵاودەبێتەوە و كاریگەری ئەم كولتوورە سنوری یۆنانی تێدەپەڕێنێت. ئەمەش بەردەوام دەبێت تا دەركەوتنی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی. لەو دەمەدا جگەلەوەی پەرەسەندنی هزری لەبواری زانست (بیركاری، فەلەكناسی، فیزیا) و هونەرە جوانەكان شوێنپێیدیاردەبێت خەرمانەی فەلسەفیش دەگاتە ئاستێكی بەرز. هەر لەم قۆناغەدا، لە چاخی هێلێنیستیدا، هەندێك ڕەوتی فەلسەفی (ستۆیسیزم، ئێپیكۆریزم، سینیزم Cynicism) سەرهەڵدەدەن كە تائێستاش كاریگەریان لەسەر فەلسەفەی جیهان بێسلەمینەوە دیارە.
فەلسەفەی ڕواقی (ستۆیسیزم) ڕەوتێكی فەلسەفیی بووە بۆ بایەخدان بە عەقڵ وەك شتە سەرەكیەكەی ژیانی بوونی مرۆڤ. باوەڕی سەرەكی ئەم فەلسەفەیە خۆی لەوەڕا پووختدەكاتەوە كە خۆشی مرۆڤەكان ئەو دەمە دەستپێدەكات باوەڕ بەوە بهێنن کە رووداوەكان لە دەرەوەی توانای ئەوانە و ئەوەش كە لە سروشت دا هەیە بەهۆی عەقڵەوە پێیدەگەین. مرۆڤ بەپێی ئەم فەلسەفەیە پێویستە لە هارمۆنیدا بێت لەتەك سروشت، چونكە ئەوە عەقڵە دادوەری بەسەر سروشتی مرۆڤەوە دەكات و خواوەندیش لەناو ئەم جیهانەدایە كە ئێمەی تەنیوەتەوە و عەقڵیش كار لەسەر جیهانەكەمان دەكات. خواوەند لەناو جیهانی ئێمەدایە. جیهانی ئێمە لە دەرەوەی ئەم خواوەندە نییە. بەم جۆرە بێت بەختەوەری لای فەیلەسوفەكانی ئەم فێرگە فەلسەفییە (ئێپیكتێتۆس، سێنێكا، ماركۆس ئۆرێلیۆس و ..هتد ) دوا ئامانج نییە، تەقەلایەكە بۆ گەیشتن بە ڕاستی. بەپێی تێگەیشتنە فەلسەفییەكانی ئەم فێرگە فەلسەفییە، بەتایبەت زێنۆنی سیتۆمی Zeno of Citium ، (كە دامەزرێنەری فەلسەفەی ستۆیسیزمە، لە 334 ی پێش زاین هاتۆتەدونیا و هاوڵاتیەكی فینیقی بووە و دواتر بەرەو ئەسینا كۆچیكردووە و لەوێ فەلسەفەیكردووە) مرۆڤی باش ناشێت بكەوێتە ژێركاریگەری هەڵچوونەكانی و شەیدای چركە خۆشەكانی بێت. كۆنترۆڵكردنی سۆز و هەڵچوونەكان دەمانگەیێنێتە زانین. فەلسەفەش لەسەر دەستی ئەم بیریارە، زێنۆنی سیتۆمی، بەرەو مەشقكردن لەسەر ژیان دەچێت. لێرەوە فەلسەفە بەشێوەیەک خۆی نمایشدەکات کە خۆشی نییە، هەڵبژاردنی شێوازێكە بۆ ژیانكردن. هاوکات دوركەوتنەوە لە ترس، لە ئازار و لە بەدەستهێنانی چێژ بەشێكە لە فێربوونە فەلسەفییەكانی ئەم ڕەوتە فەلسەفییە. ئەوەش کە فەیلەسوفە ڕواقییە رۆمانییەكان پاكڕەوشتی دەكەن بە بناغە بۆ بەختەوەری. لە دیدی ئەم فەلسەفەیەوە مرۆڤ بۆئەوەی بگات بە پاكڕەوشتی (فەزیلە Virtue) ، كە باشە بەرهەمدەهێنێت، ئەم مرۆڤە پێویستی بەوەیە خۆی لە ترس، بەغیلی، ئەڤینێكی شێتانە بەدووربگرێت. هەرچی چێژ، تەندروستی و دەوڵەمەندییشە، ئەڵبەتە، بەو مەرجە باشە پێكدەهێنن كە پاكڕەوشتی بكارێت بەكاریبهێنێت. پاكڕەوشتی پێش ئەوەی پەیوەندی بە مرۆڤەوە بێت ویستی یەزدانە (ستۆسیزم). مرۆڤی باش ئەو مرۆڤەیە ڕەفتارەكانی باشە نەك قسەكانی.
بەواتایەكی دی، بۆچوونەكانی بیرمەندانی ستۆیسیزمی رۆمانی ڕەهەندی فەلسەفی خۆیان هەیە: ئەوەتا سێنێكا دەڵێت: جەغت لەوەمەكە نیتە، بەختەوەربە بەوەی هەتە یان گەیشتن بە ڕێگری ئاماژەیە لەسەر سەركەوتن، بوونیش بە مرۆڤی پاكڕەوشت مەرجە ببێتە ئامانج بۆ مرۆڤەکان بەپێی ماركۆس ئێرۆلیۆس. لێرەوە بەو تێگەیشتنە فەلسەفییە ئاشنادەبین کە، زانینەكانمان سەبارەت بە جیهان، پێگەی ئێمە لەو جیهانە، لە ئاگامەندیماندا بەشێوەیەك بەرجەستەدەكەن كە پەی بە بوونی خۆمان بەرین. ئەوەش بەمەرجێک ئەو پەیپێبردنە لە پەشێواوی و پەشۆكاوی بەدەربێت. بۆ؟ چونكە دانا ڕواقیەكان خۆیان و خەڵكیشیان لەسەر خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێش، ناساغی و بەڵاسروشتییەكان ڕادەهێنا. نەك هەر ئەوە بگرە بەپێی بینینی ئەم فێرگەیە بەدەستنەهێنانی چێژ و خۆشیەكان وادەكەن مرۆڤەكان ئازار بچێژن و ئەوەش دووچاری خەمۆكییان دەكات کە لای خوارەوە دێینەوەسەری.

پێگەی فەلسەفەی ستۆیسیزم لە بەرەنگاربوونەوەی ئێش، ناساغی و مەرگ

لە فەلسەفەی ستۆیسیزمەوە فێری ئەوە دەبین، خۆدابڕان لە جیهانی دەرەكی چارەسەرە بۆ زاڵبوون بەسەر ئێش، خەمۆكی و پەشێوی. ئەمە وادەكات بەختەوەری بە جیهانی دەرەكییەوە نەبەسترێتەوە. گرێدانەوەی تەندروستی، خۆشەویستی و پلەوپایە بە بەختەوەرییەوە وادەكات بەختەوەری پابەندی جیهانی دەرەكی مرۆڤ بێت نەك خودی كەسەكان. هەچ گۆڕانێكیش بێتەسەر ئەو جیهانە كاردانەوەی لەسەر بەختەوەری دادەنێت. كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە فاكتەری دەرەكی بەختەوەری دیاریدەكات نەک شتێکی تر. بەپێی بۆچوونی فەلسەفەی ستۆیسیزم ئێمە دەسەڵاتمان بەسەر ئەو فاكتەرانەوە، جیهانی دەرەكییەوە، نییە. هەژاری، ناساغی، ئێش، ئاوارەیی، جیابوونەوە یان خیانەتی خێزانی و زۆر شتی تر دەكرێت ڕووبدەن و سەرلەبەری بەختەوەری مرۆڤ تێكدەن، لێ ناشێت پێمانوابێت دەكارین ئاقاری شتەكانی دەرەوەی خۆمان بگۆڕین. ئێپیكتێتۆس Epictetus ، كە لە سەدەی یەكی زایین ژیاوە و یەكێكە لە بیرمەندە دیارەكانی فەلسەفەی ڕواقی یۆنانی- ڕۆمانی، پێیوابووە ئەوەی پاڵپشتی بەختەوەری مرۆڤدەكات ڕۆحە (ناخە) نەك شتە دەرەكییەكان. هاوكات ڕاشكاوانە فێری ئەوەشمان دەكات تەنیا سەبارەت بەو شتانە ڕاڕابین لە چوارچێوەی قەڕاڵستانی (دەسەڵاتی) خۆمان دێتەروودان. ئەوەش كە روودەدات گرنگە، لێ لەوە گرنگتر چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی رووداوەکانە. ئازار دێت، چونكە هەیە. ئازار گرنگە، بەڵام زاڵبوون بەسەر ئازار گرنگترە. پەتا كە بڵاودەبێتەوە یان جەنگ كە هەڵدەگیرسێت لە دەرەوەی ویست و تواناكانی ئێمەوەیە، بۆیە خۆپارێزی لە پەتاكە یان جەنگەكە گرنگە. لافاوێك، بوركانێك، هەرەسێكی بەفر هەموو ئەمانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە دێنە روودان و كاری ئێمەش خۆدەربازكردنە لێیان. بۆیە سەرەكیترین تەوەرەی فەلسەفەی ناوبراو ئەوەیە كە مرۆڤەكان بەوە قایلبن ڕێبەدیدەكەن. لەبەرئەوەی تەندروستی و بەختەوەریمان پەیوەندی بە خودی خۆمانەوەیە ئەمە وادەکات هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەكی خەم و پەژارەیی سەرئێشەمان بۆ دروستبكات. بەدییەكان بە بۆچونی ئەم فەلسەفەیە شتێكی ناوەكەییە و لە بیركردنەوەماندا ئامادەیە. بیركردنەوەمان وایدەبینێت ئێمە هەژارین و پێویستمان بە سامانێكی زۆرترە. واتە بیركردنەوەمان پێماندەڵێت بەدی هەیە و لە كوێ ژیانیشماندا ئەو بەدییە خۆی مەڵاسداوە. بەدیوەكەی تری، ئەم فەلسەفەیە پێیباشە مرۆڤ ئەوە بكات كە پێدەكرێت. بیركردنەوە لەوەی کە پێیناكرێت چاترە دەستبەرداری بێت ئەگەرنا پەرێشانی و شەكەتی بۆدەهێنێت.
بوون بە ڕواقی (stoic) واتە هەڵبژاردنی شێوازێكی تر لە ژیان. باشە ئەو جۆرە ژیانەی ڕواقیەكان هەڵیانبژارد لەتەك ژیانی مۆدێرن، كە ژیانی ئێستامانە، دەگونجێت؟ بۆ هەمووان ڕوونە كە شتێكی سانا نییە ژیانی ئێستامان مۆركی ژیانی ڕواقیەكان لەتەكخۆیڕا هەڵبگرێت، لێ گومانیشیناوێت خودی ژیانە ڕواقیەكە گەلێك تەندروستە. گۆڕینی ژیان بەرەو ژیانێكی ڕواقیانە چەند پێویستە هێندەش سەختە. بوون بە كەسێكی ڕواقی لەلایەك هەڵبژاردنی شێوازێكی ترە بۆ (ژیان، خۆشەویستی، بیركردنەوە)، لەلایەكی دی نزیكبوونەوەشە لە ژیان، لە ژیانە ڕاستەقینەكە، كە لەتەك وڕێنە لە دابڕاندایە. ئەمەش لەو سەرەوە دەبێت بە هەڵبژاردنی ژیانێكی ئاواڵە و سەرەتایەك بۆ پەیمانبەستن لەتەك خودی خۆدا. ئەم پەیمانبەستنە سانای دەخاتە ناو ژیانەوە و بەختەوەریش لەتەكخۆیڕا دەهێنێت. لێرەوە لە ناگرنگەوە بۆ گرنگ دەچین. خۆدەربازكردن لە ناگرنگ سەرەتای ژیانێكی ڕواقییە. ڕەنگە هەموو بپرسین ژیانی ناگرنگ چ جۆرە ژیانێكە؟ ئەو جۆرە ژیانەیە لە چێژ، سانایی و خۆشی لێوانلێوە. چۆنیەتی باشژیان غەمی گەورەی ئەم بزاڤە فەلسەفییە بووە، لێ باشژیانیان بەو جۆرە ڕاڤەكردووە كە ڕێگاچارەیە و دەشكارێت ئاسایشی دەروونی بۆ مرۆڤەكان دروستبكات. بەمە ئامانجی ئەم فەلسەفەیە هەر لە سەرەتاوە خۆشبەختی و ڕۆحخاوێنی مرۆڤ بووە، ئەڵبەتە توانای ئەم مرۆڤەش لە زاڵبوون بەسەر بێهیوای و خەمۆكییەكانی.
ڕەنگە هەموو بپرسین كە هەڵوێستی ڕواقیەك لە ساتەوەختی ئێستادا دژ بەم پەتایە چۆنە؟ دیارە ئەم پەتایە ترس و شڵەژانی لەتەك خۆیڕاهێناوە، فەلسەفەی ڕواقیەكانیش بەوە ناسراوە كە شێوازی خۆی لە مامەڵەكردن لەتەك ترس و شڵەژان هەبووە. بیرمەندە گەورەكانی ئەم فەلسەفەیە ڕۆڵەی ساتە تەنگژاوییەكان بوونە و خورپە و مەترسیەكانیان بینیوە و بەداناییەكانیان خۆیان و خەڵكیشیان لێبەدوورگرتووە. هاوکات بیرمەندە بەتەمەنەكانی ڕێبازی فەلسەفەی ڕواقی (سێنیكا ، ئێپیكتێتۆس، ماركۆس ئۆرێلیۆس) فێربوونەكانیان ڕاستەوخۆ سەبارەت بە ئازار و ناخۆشیەكانی مرۆڤ بووە و کاریشیان لەسەر ئەوە کردووە ئەم مرۆڤە لە نەداری، درم، جەنگ و ئاشووب حاڵیبێت و ، هەچ کارێکیش کە دەستی دەداتێ وەک دوا کاری خۆی تەماشایبکات.
دیدی ڕواقییانەی ماسیمۆ پیگلیۆچی سەبارەت بە كۆڤید-19

نوسەری ئیتاڵی ماسیمۆ پیگلیۆچی Massimo Pigliucci بەخێرهاتنماندەكات بۆ سەدەی كۆڤید-19 لەکاتێکا ئێمە پێمانوایە ئەم پەتایە ناشێت وەک سەدە ببینرێت، ئەوەش بەگوێمانا دەچرپێنێت كە ئەم پەتایە بەجۆرێك هاتووەتەناو ژیانمان خۆی لێکردووین بە واقعێکی نوێ. ڕاستە هەر لەم ساتەدا گەلێك بۆچوونی پووچ تایبەت بەم ڤایرۆسە وترا، بەشێك لە پیاوانی دەوڵەت پێیانوابوو پێویست بە ترس ناكات، بەڵام لەڕاستیدا هۆكاری ڕواقیStoic سەبارەت بە بوونی پەتای كۆڤید-19 لە ئێستا و وەكی تر بۆ هەموو جۆرە پەتایەكی تر لە ئایندە لەئارادایە. لەم بارەیەوە ئەم ڕوناكبیرە ئیتالییە ڕێڕەوێكی ڕواقی سێ لایەنە (فیزیا، لۆجیك و ڕەوشت) بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پەتایە دەخاتەڕوو. وشەی فیزیا لای ڕواقییەكان دەمانباتەوە ناو لێكدانەوەیەكی فراوان بۆ تێگەیشتن لە جیهان. هەر ئەوەیە كە ئێستا بە زانستە سروشتیەكان و مێتافیزیك هاتۆتەناساندن. هەرچی لۆجیكە فەلسەفەی ستۆیسیزم تێگەیشتنێكی فراوانتری لەسەر هەیە لە چاو فیزیا. لۆجیك هەموو ئەو تێگەیشتنانە دەگرێتەوە كە گونجاون. هەرچی ڕەوشتە لە دیدی ڕواقیەكان شتێك لە فیزیا و لۆجیك فراوانترە. لەبەرئەوەی ڕەوشتی ڕواقی تەنیا ڕاست و هەڵە ناگرێتەوە، ئەوەی بەلای ئەم فەلسەفەیەوە گرنگە ژیانێكی باشژیانانەی مرۆڤەكانە.
لەسەر بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفی دیۆجین Diogenes ئەم بیریارە ئیتالیییە پێماندەڵێت: لە هزری فەلسەفی ڕواقی دا ڕێباز doctrine ی فەلسەفی سێ كوچكەییە: فیزیا، ڕەوشت و لۆجیك. فەلسەفە دەشێت بە ئاژەڵێك بشوبهێنرێت. لۆجیك ئێسك و دەمارەكانیەتی. ڕەوشت گۆشتەكانی لەشیەتی. فیزیاش بریتیە لە ڕۆحی. هەندێكی تر فەلسەفە بە هێلكە دەشوبهێنن. توێكڵكەی ئەم هێلكەیە لۆجیكە. سپێنەكەی ڕەوشتە. زەردێنەكەشی فیزیایە. هەشە فەلسەفە بە كێڵگەیەكی بەپیت دەشوبهێنێت. لۆجیك سیاجی كێڵگەكەیە. ڕەوشت بەروبوومەكەیەتی. فیزیاش خاك یان دارەكانە. بەپێی ئەم هێڵكارییە فەلسەفییەی ڕواقیەكان بێت ڕەوشتی گونجاو لەژێرسایەی لۆجیك و فیزیای باشدا شیاوە. ئەو دەمە ژیانێكی باش، گونجاو، دەژیین كە عەقڵ و گەواهی بەكاردەبەین.
ئەم بیرمەندە ئیتاڵییە، ماسیمۆ پیگلیۆچی، كۆڤید-19 لە ڕوانگەی هێلكارییەكی فەلسەفی ڕواقییانەوە سێکوچکەی (فیزیا، ڕەوشت و لۆجیك) ڕاڤەدەكات. سەرەتا فیزیای كۆڤید-19 باسدەكات. لەو ڕوەشەوە هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەم ڤایرۆسە سەر بە خێزانی Coronaviridae یە ( واتە ڤایرۆسە كۆرۆنادارەکان). ئاشکرایە وشەی كۆرۆنا corona وشەیەكی لاتینیە. ڤایرۆسەكە ئەو فۆڕمە وەردەگرێت كە كۆرۆنا(تاج) هەیەتی. كۆرۆناڤایرۆسەكانی تر، مێرس MERS (Middle East respiratory syndrome ) و سارس، شتی هاوبەشیان هەیە. ئەم نوسەرە پێیوایە ئەنفلۆنزای باو كۆرۆناڤایرۆس نییە، چونكە سەر بە خێزانێكی ترە كە پێیدەوترێت Orthomyxoviridae . ئەم دەستنیشانكردنە بۆ ئەم نوسەرە ئیتالییە مانای خۆی بۆ دیاریكردنی كۆنتێكستی بایۆلۆجی كۆڤید-19 هەیە.
بەشێك لەو ڕاستیانەی ئەم فەیلەسوفە ڕواقییە سەبارەت بە كۆڤید-19 دەیخاتەڕوو بریتیین لە: تائێستا ڤاكسین بەرهەمنەهاتووە. چارەسەرێكی كارا لە هەنووكەدا بوونی نییە. گەلێك شتی پراكتیكی هاتەگۆڕێ كە پێویستكرا بكرێن: دەستشتنی بەردەوام، بەتایبەت كە لە پەیوەندیدا بین بە كەسێكەوە یان لە دەرەوە بووبێتین. مانەوە لە ماڵەوە و پیادەكردنی دووری كۆمەڵایەتی. شلەمەنی زۆر خواردنەوە. پێویست بە ماسك ناكات تەنیا كە نەخۆش بین یان لە پەیوەندی بین بەوی ترەوە. ماسك ڤایرۆس لەناونابات، لێ شیاوی پێوەبوون كەمدەكاتەوە. ئەم نوسەرە گومانناكات كە كۆڤید-19 پتر لە ئەنفلۆنزای وەرزی، سارس، هەڵاوسانی جگەر یاخود HIV تەشەنەكەرترە، بەڵام كەمتر لە سورێژە، دڕكە و مێكوتە یان سیل تەشەنەكەرترە. ڤایرۆسە باوەكان لە ماوەی 3 ڕۆژێك نیشانەكانیان دەردەكەوێت هەرچی كۆڤید-19 یە لە ماوەی 5 بۆ 7 دەردەكەوێت. نیشانەكانی زۆر گشتین و لەتەك ڤایرۆسەكانی تر هاوشێوەییان هەیە: كۆكە، بەرزبونەوەی پلەی گەرما، سكچوون تادەگاتە گرفتكەوتنە هەناسەدانەوە. ئەوەی بۆ ئەم بیریارە ڕواقیناسە گرنگە ئەوەیە كە ڕواقییە كۆنەكان بەم جۆرە ناساغییانە ئاشنا نەبوونە، لێ لە دەمی خۆیاندا مامەڵەیان لەتەك نەخۆشییە تەشەنەكەرەكان کردووە. ئەو ماوەیەی سوكرات لە شاری ئەسینا ژیاوە شارەكە دووچاری تاعون بووە، ئەوەش ساڵی دووەمی شەڕی پێلۆپۆنیسی Peloponnesian (شەڕی نێوان ئەسینا و سپارتا) بووە. ماركۆس ئۆرێلیۆسی ئێمپراتۆری رۆما، كە فەیلەسوفێكی ڕواقی بووە، توانیویەتی ئێمپراتۆریەكەی لە تاعونی ئەنتۆنی بپارێزێت كە ئەوكاتە تاعونی ناوبراو زۆرترین كەسی لەناو ئیمپراتۆریەكە كوشتووە. بەواتایەکیتر، تاعون یەكێك بووە لەو هەڕەشانەی سەدە كۆنەكانی ماندووكردووە.
لەسەر قسەی ئەم ڕوناكبیرە ئیتالییە گرنگە بزانین لۆژیكی ڕواقییانەی كۆڤید-19 لە چی خۆی پووختدەكاتەوە؟ ئایا پێویستە لە كۆڤید-19بترسین؟ترس تێپەڕاندنێكی سۆزئامێزانەی ژیرییە كە لەتەك ڕواقیەكی دونیادیدە و هۆمانییەكی سێكولاردا یەكناگرێتەوە. دۆزەكە شایانی ئەو ترسە گەورەیە نییە کە بەرۆکمانی گرتووە. توشبوون بە ڤایرۆسەكە ئەو ترسە گەورەیە ناهێنێت هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی كە ڕێگای چارەسەر زۆرە و ئەوجار كاتێك تەندروستین بێ كێشە تێیدەپەڕێت. ڕواقییانە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ترسە بە بۆچوونی ئەم نوسەرە ئیتالییە بریتییە لە بەكاربردنی ژییری و زێدەڕۆینەكردن لە مەترسی. ڕاستە ڤایرۆسەكە سەرچاوەی ڕاڕاییە، بەس چاترە مامەڵەیەكی میانەڕەوانە لەتەك ئەو ترسە بكرێت لە ڤایرۆسەكەوە دێت و زێدەڕۆی بە زانیارییەكانەوە نەكرێت. شێوازە ڕواقیەكەی ئەم بیرمەندە ئیتالییە سەبارەت بە ترس لەم ڤایرۆسە بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە زێدەڕۆیی و بەكابردنی ژییری بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ترسەی ڤایرۆسەكە بڵاویدەكاتەوە. هەرچی ڕەوشتی ڕواقییانەی كۆڤید-19ە بەوە پێناسەدەكات كە ڕواقییبون تایبەتمەندی گەردووناویبوون بە مرۆڤ دەبەخشێت. واتە تۆ گرنگی بە گشت مرۆڤایەتی دەدەیت نەک تەنیا بەخۆت. لێرە نووسەر نموونەیەك لەسەر ئەو جۆرە ڕەوشتە دەهێنێتەوە: پێویستناكات ماسكێكی زۆر لە ماڵەوە خەزنبكەین، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی كەمبوونی ماسك و ئەوەش کە ئەوانیتر پێویستیان بەو ماسكە هەیە، بەتایبەت كارمەندانی تەندروستی. لایەنێكی تر كە بۆ ئەم بیریارە ڕواقییە شایانی سەرنجە ئەوەیە كە هەوڵدەین لە خەڵك دووربكەوینەوە، ڤایرۆسیان بۆ نەگوازینەوە و تاپێشمانبكرێت ترس لەسەر ڤایرۆسەكە بڵاونەكەینەوە. گەر بتوانین هاریكاری مادیش بۆ ئەو شوێنانە كۆبكەینەوە پێویستیان پێیەتی، بەتایبەت وڵاتانی هەژار (ئەفەریقا بۆ نموونە). ئەو دەمەش دووچاری ڤایرۆسەكە دەبین پێویستمان بەوەیە ڕێكاریەكان پێڕەوبكەین و خۆمان لە ترس بەدووربگرین. تەنانەت كە ناساغیش دەبین دەبێت زۆر بە لوتفەوە مامەڵە لەتەك كارمەندانی پێشیپێشەوەی تەندروستیدا (پزیشكەكان و سستەرەكان) بكەین. گرنگ لە كاتە سەختەكانا پاكدامێنی ڕەوشتی خۆمان نیشاندەین. ئەم جۆرە هەل و مەرجانە، لەژێرسایەی ڤایرۆس، گومانی ناوێت دووچاری سەختی، شپرزەیی، چەرمەسەری و ئازارێكی زۆرماندەكات. كۆتا ئەوەش دەڵێت كە كۆڤید-19 رووداوێك نییە بۆ كۆتایهێنان بە شارستانی ئێستامان. ژیان لە گۆڕاندایە، ئەمە ئەو وانەیەیە كە فەلسەفەی پێش سوكرات لەسەر دەستی هێراكلیتس بۆیبەجێهێشتووین. بەم جۆرە ئەم بیریارە ئیتالیە دەیەوێت بڵێت: جیهانی پاش پەتاكە گۆڕانی دێتەسەر بەس نەك بەجۆرێك كە نەیناسینەوە. پێویستیشە ئیش لەسەر سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بكەین تا ببینە خاوەنی جیهانێكی باشتر لە ئێستا و لە پێش كۆرۆناش.

تێڕامانەكان”ی ماركۆس ئۆرێلیۆس:
كاتێك فەیلەسوفەكان حوكمدەكەن یان پادشاكان فەلسەفەدەكەن

ماركۆس ئۆرێلیۆس ئەنتۆنیۆس Antoninus Marcus Aurelius ڕێك وتنەكەی ئەفلاتونی بەسەریڕا پێڕەودەكرێت كە پێیوایە ئەو میلەتانەی فەیلەسوفەكانیان حوكمیان ناكەن یان پادشاكانیان فەلسەفەناكەن بەكەڵكی هیچ نایەن. ماركۆس ئۆرێلیۆس پادشا و فەیلەسوفێكی ڕواقیی ڕۆمانییە كە لە ساڵی 121 ی زایین، واتە لە سەدەی دووی زایین، هاتوەتەدونیا. لەماوەی ساڵانی 161 بۆ 180 ی زایین دوا ئیمپراتۆری رۆمانی و فەیلەسوفی ڕواقی ڕۆمانی بووە و یەكێكیش بووە لە شاگردە فەلسەفییەكانی ئێپیكتێتۆس. ماركۆس ئۆرێلیۆس لە نێوان ساڵانی 166-180ی زاییندا ئیمپراتۆریەكەی دووچاری تاعونە گەورەكە بووە، تاعونی ئەنتۆنی، کە بەناوی ئەم ئیمپراتۆرەوە ناونراوە و پتر لە 5 میلیۆنی ئیمپراتۆرەكەی كوشتووە و بەشێكی زۆریش لە مردووەكان لەناو لەشكری ڕۆمانی دا بوونە. جگەلەوەی ماركۆس ئۆرێلیۆس ئیمپراتۆر بووە، سەرقاڵی كاری سیاسی، سوپا و جەنگیش بووە و خاوەنی بیركردنەوەیەكی بەهێزی فەلسەفیش بووە. زۆربەی بۆچوونەكانی لە نووسینێكا بەناوی “تێڕامانەكان Meditations”كۆكردۆتەوە، كە لە 12 بەش پێكهاتووە، بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازار، نەخۆشی و مەرگ تایبەتكراوە و بناغەیەكی فەلسەفیشی بۆ فەلسەفەی ستۆیسیزم داناوە. جێی سەرنجە “تێڕامانەكان” لە ناو شارستانی ڕۆمانی بە زمانی یۆنانی نوسراوە. لە “تێڕامانەكان” دا پایەداری ڕەوشتی و هزری دەبینین كە دواتر دەبن بە ڕێچكەی فەلسەفی فەلسەفەی ستۆیسیزم. شاتێڕامانی ئەم فەیلەسوفە خۆی لە چەند تێگەیشتنێكدا پوختكردۆتەوە: چۆنیەتی مامەڵەكردن، زاڵبوون بەسەر ئێش، دانبەخۆداگرتن و هەڵنەچوون. ئەم فەیلەسوفە پادشایە بۆچوونە فەلسەفییەکانی لە ساتی كێشە و ڕووداوەكان هۆنیوەتەوە و كاری لەسەر ئاسوودەكردنی ڕۆح و دەروونی کردووە. پێشیوابووە کە خۆ بەدوورگرتن لە مەترسیەكان بە دووركەوتنەوە لە خودی ترس دەستپێدەكات. پەتاكە كە ترسی بڵاوكردۆتەوە لەتەك وشەی مەرگ خۆی هاوتاكردووە. لەو ساتەوەختەش كە پەتاكە لەناو سوپا و شارەكانی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی بڵاوبووەتەوە ئەم پادشایە سەرقاڵی نوسینی تێڕامانە فەلسەفییەكانی بووە، کە بۆ خودی خۆی و كەسە نزیكەكانی سودی زۆریان هەبووە.
ئەم بیریارە لە تێكڕای تێڕامانەكانیدا، كە قووڵ و ناڕووكەشن، وەدووی خودێك دا وێڵە كە لە پەشێویی و شپرزەیی بەدوورە. تێڕامانەكان لەوێوە دەستپێدەكەن كە مرۆڤ بۆ ئەوەی بکارێت بڕیاری باش بدات پێویستی بەوەیە دەستبەرداری شڵەژانەكانی بێت، زەمینە بۆ تێڕامان بسازێنێت و لەناو تێڕامانەكانیشیدا جێیەك بۆ گفتوگۆی ناكۆتا و كۆتا بدۆزێتەوە. بەپێی “تێڕامانەكان” بێت ئەوەی لە سروشتدا ئامادەیە لە خۆڕا بوونی نییە. هاوكات پێویستی بۆ بیركردنەوە لە سروشت، پەیوەندی مرۆڤ بە سروشتەوە گرنگی خۆی لە “تێڕامانەكان” دا هەیە.
هێزی هزری “تێڕامانەكان” لە هەندێك دێڕدا بەرجەستەدەكەین كە مۆركی دونیابینی ئەم بیریارە پادشایە بە سەلیقەوە دەردەخەن: خۆر یەك ڕوناكی هەیە. گشت جیهانیش، بەهەموو شتەكانییەوە، بوونەوەرێكی زیندووی تاكە. شتەكانی ناو جیهان بۆ هەمیشە نامێننەوە. ئەوەی لە جیهاندا، لە سروشتدا، هەیە لە شوێنی خۆیدا نامێنێتەوە، شتەكان لە گۆڕانن و شتی نوێ جێگای ئەوی پێشو دەگرێتەوە. ئێمە وەك بەشێكیش لە ژیان پێویستمان بەوەیە كاتی خۆمان بژین، تەمەنی خۆمان تاقیبكەینەوە و لە چاوەڕوانیدا نەژین. ئەم تەمەن و كاتەی ئێستا بەدەستمانەوەیە دەڕوات و چیدی دووبارەنابێتەوە. ئێستاكێ كە هەیە، با داگیربكرێت، چاترە وەدووی دواتر و ئەڵبەتە ڕابردووش نەكەوین. خواوەند شیاوییەكانی خستۆتەبەردەستمان، ئەوەی كە پێویستمانە باش بەكاربردنی ئەو شیاوییانەیە، ئەڵبەتە بێ لەدەستدانی كات. چاترین شتێك لەم حاڵەتە مەرجە بكرێت بەكاربردنی عەقڵە لەگەڵ بوونی ئامانج و دوركەوتنەوەش لە ڕیاكاری و تۆڵە. با ئەوەش بكەین كە پێویستە بكرێت و كە دواتر بەختەوەریمان پێدەبەخشێت. با بەختەوەریمان نەخەینە چنگ ئەوانیترەوە. گەر عەقڵ، عەقڵێكی تەندروست ، نەخەینەگەڕ ناكارین ئەوە بكەین كە دەبێت بكرێت. ژیانمان بەرهەمی بیركردنەوەمانە، عەقڵیشمان ئەو بیركردنەوانە دروستدەكەن. بەدیهێنانی ژیانێكی بەختەوەر بۆ مرۆڤ پەیوەندی بە شێوازی بیركردنەوەی ئەو مرۆڤەوە هەیە، كە ئەوەش لە ناخیدایە.

مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم

فەلسەفەی ستۆیسیزم زۆری لەسەر مەرگ وتوە. مەرگ دێت و وەستانی نییە. پێشوازیكردنیش لە مەرگ بۆ ئەم فەلسەفەیە لە دەرەوەی دوودڵییدایە. سەرگوزشتە فەلسەفییەكانی سێنیكا و ماركۆس ئۆرێلیۆس و ئەوانیتر شاكارە فەلسەفییەكان لەمەڕ مەرگ پێكدێنن. ئەوی ئەوان لەوبارەیەوە نوسیویانە مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم پێكدێنێت. ماركۆس ئۆرێلیۆس “تێڕامانەكان”ی كە 19 ساڵێكی خایاندووە لە شێوەی سەرنج نوسیونی بۆخۆی. بەشێك لە تێڕامانەكانی لە كاتی جەنگ و ناو لەشكركێشی نوسیوە و هەقایەتی ئەزموونی خۆین بۆ خودی خۆی. لەناوجەرگەی شەڕ كە مەرگ ڕاوی ئەم پادشا هزرەڤانەی كردووە ڕۆژانە بەدەم سوپاسالارییەوە تێڕامانە ووردەكانی خۆی تۆماركردووە. تێڕامانەكانی ئەم فەیلەسوفە ڕواقییە لەسەروبەندی مەرگیدا زۆرتر كاریانكردووە و سروشتی مرۆڤیشی بە جۆرێك ڕاڤەكردووە كە جەستەی ئەم مرۆڤە ئاساییە نەخۆشی و ئێش پەلاماریدات و مەرگیش بكاتە دەرئەنجام. ئەو فێربوونانەی لە “تێڕامانەكان” ەوە هەڵیدەهێنجێنین بەوەمان دەگەیێنن کە مەرگ هەر هەیە تەنانەت بەبێ نەخۆشیش.
جگەلەوەی ئایدیای مەرگ لە “تێڕامانەكان” یان لە هزری ماركۆس ئۆرێلیۆس جێی تێڕامانە هاوكات بابەتی مەرگ بەشێكی سەرەكیش لە نوسینی فەلسەفی ‌ڕواقییەکان داگیردەكات. گشت هەوڵی فەلسەفەكەشیان بۆ ڕەوینەوەی ترس بووە لە مەرگ. ‌ڕواقییەکان مەرگ بەو مەرگە دەبینن كە ئێپیكۆرەكان Epicureanism بینیویانە. ئێپیكۆریەكان زرنگانە لەتەك مەرگا دواون. ئەوەتا خودی ئێپیكۆر ئێژێت: مەرگ پێویستە و ناشێت لێیبەدووربین. جا بۆ كوێندەرێ بچین تا لێیبەدوربین؟ هەروەك وتمان ماركۆس ئۆرێلیۆس زۆر شتمان لەسەر مەرگ پێدەڵێت: ئەوەی لە مەرگ بترسێت دەترسێت هەست لەدەستدات. كە هەستیشی لەدەستچوو هەست بە زەرەرمەندی ناكات. گەر جۆرێكی تر لە هەستیشی بەدەستهێنا دەبێتە جۆرێكی تر لە بوونەوەر و لە ژیان ناوەستێت. وەكیتریش، ئایدیای مەرگ لە هزری ماركۆس ئۆرێلیۆس لەوێوە دەستپێدەكات كە مەرگ دوا كردە سروشتییەكەی هەمووانە. هیچ یەكێك لە مەزنەكان (سوكرات، هێراكلیتس، ئەلێكسەندەی گەورە و…) لە مەرگ دەربازیان نەبووە. مەرگ وەك هەموو نەشونماكانی تر، كە دێنەسەر جەستە و گەشەی مرۆڤ، پێویستە سروشتی وەربگیردرێت. بە مەرگمان دەگەڕێینەوە بۆ شتە گشتەكەی لێوەیهاتووین. هەر وەك سەرەتا چۆن بەشێك بووین لە گشت، جیهان، ئاواش بووینەوە بە بەشەكە. پاش مەرگیش ڕۆح ناژێتەوە، گەردوون ئەم ڕۆحە لەخۆیدا بەرجەستەدەكات. لێرە ئەم بیریارە مەرگ وەك گەڕانەوەیەك دەبینێت. ئەو پزیشكانەش دەمرن خەڵكی لە مەرگ ڕزگاردەكەن. فەیلەسوفەكانیش كە بەردەوام قسە لە مەرگ دەكەن هەر دەمرن. كەواتە مەرگ دوا بەختی هەمووانە، ئەو قەدەرەیە پێویستە هەموو بێ دوودڵی پەسەندیبكەین.
سەرئەنجام ئەم پادشا بیریارە لە ڕێگای تێڕامانەكانیەوە دەیەوێت پێمانبڵێت: ترس لە مەرگ دەمانخاتە ناو دۆزێك لە تالوكە و پەرێشانییەوە. مەرگ هاتنی شتێكی بێسلەمینەوەیە. دێت و کاری خۆیدەکات لە هەچ ئانوساتێكدا بێت. گرنگە ئێمە بە مرۆیبوونی خۆمانەوە سەرقاڵبین. مەرگ، لە ڕابردوو و ئێستا و دواڕۆژیش دا، هەقە و هەڵهاتن لێشی دەبەنگییە. هەست یان سۆزە وێرانكارەكانیش سەرچاوەی هەڵە و پەشێویەكانن. ڕۆحمان هێمنترین داڵدەمانە، ڕۆح ڕەنگی هەیە. ڕەنگەكانی پەیوەندی بە بیركردنەوەكانی ڕۆحەوە هەیە. كردەی ڕاستئامێز و وتنی ڕاستئامێزانە پێویستە مەبەستی هەمووان بێت، گفتوگۆی مرۆڤی باش مەكە کە چ جۆرە مرۆڤێکە ببە بەو مرۆڤە باشە. مرۆڤی بێ هەڵە هێشتا بوونی نییە. هێزی باش گەردوون دەباتەڕێوە، مرۆڤەكانیش بۆ یەكتركراون یان بۆ ئەوە هەن كە هاریكاری یەكدی بن. لێرەوە بەوە دەگەین کە: ژیان بۆ داناكان كێشەیە و بۆ دەبەنگەكانیش چارەسەرە.

——————————————


ژێردەر:
Massimo Pigliucci. On COVID-19 and pandemics: a Stoic perspective
https://medium.com/the-philosophers-stone/on-covid-19-and-pandemics-a-stoic-perspective-66a9d800b14
Epiktetos . Anders Håkansson. övers. red. Handbok i livets konst. Lund: Bakhåll.2000.
Marcus Aurelius. Ellen Wester övers.; Vera Silverstolpe. red. Självbetraktelser. Stockholm: Forum.1967.
Meditations / Marcus Aurelius:
http://seinfeld.co/library/meditations.pdf
Massimo Pigliucci. Fieser, James; Dowden, Bradley, red., ”Stoicism”, Internet Encyclopedia of Philosophy.2006.
John Sellars. Stoicism. Ancient philosophies; 1. Chesham, Bucks: Acumen Pub.2006.

Previous
Next
Kurdish