“بارهەڵگریی زێڕ” لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” نمایش دەکرێت.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی
ـ فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” Gold Runner لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی”، لە نووسینی “توورەج ئەسڵانی” و “هادی نادی”، کە لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا نمایشکراوە و خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە، لە نوێترین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی “ئاڕت هوود” Arthood لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” و هەشتەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ڕێزلێنانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney بە نمایشی نزیک بە 100 بەرهەم لە سێ بەشی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگەفیلمەکان، کورتە فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشنی لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلم”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “هەڵبژاردەیەک لە باشترین بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای”، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد کازم ئۆز” Kazım Öz، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد وەیسی ئاڵتای” Veysi Altay، بەشی “کورتە فیلمە ئەنیمەیشنییەکان”، بەشی “ڕۆژێک ڕۆژگارێک لە کوردستان”، بەشی “منداڵان لە فیلمدا”، بەشی “ژنان لە فیلمدا”، بەشی “جەژنی کەلتووری”، بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی”، بەشی “خەبات درێژەی هەیە”، بەشی “ئەوپەڕیی سنوورەکان”، بەشی “شەڕ لەسەر پەردەی سینەما”، بەشی “چیرۆکەکان لە تاراوگە” و هەروەها بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد ئیبڕاهیم سەعیدی” و بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد حوسێن کارابای لە ڕۆژانی 16 تا 27ی ئەپرێلی 2021 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
لە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”دا کە کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و تەلەڤیزیۆنی ئێران، لەوانە؛ خاتوو “ژاڵە سامتی”، ئەکتەری ناوداری کورد “سەعید ئاقاخانی”، “پەیام ئەحمەدی نیا”، “لوتفوڵڵا سەیفی”، “حەسەن زاهیدی”، “داوود محەمەدئابادی”، “عەلیڕەزا مێهران”، “ئومید ڕووحانی”، “محەمەد فەراهانی”، “مەحموود شەفیع خانی”، “ڕەزا شەفیع خانی” و “ئەمین فەرزانە” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، یەکەمین جار لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێران بوو.
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن کە ساڵی 2001 دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە، گەورەترین فیستیڤاڵەکانی فیلمی کوردیی لە سەرتاسەری دنیا سەبارەت بە خەڵکی کورد یا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە دێتەئەژمار، کە هەموو ساڵێک بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی؛ لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی، کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەمایی، کۆڕی ’ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان و … لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
“توورەج ئەسڵانی” بە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “ڕەوتە نوێیەکان New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور، بهشداریی کرد و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای کیشوهری ئاسیا بوو و بۆ دهرهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی “بەهرەمەندی نوێی” New Talent بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستان و ههروهها خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “چاتراپاتی شیواجی” Chhatrapati Shivaji لە وڵاتی هیندستانی بەدەستهێناوە.
هەندێک لە ستافی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” بریتین له:
دەرهێنەر: توورج ئەسڵانی، نووسەرانی سیناریۆ: توورج ئەسڵانی و هادی نادی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: حەسەن ئەسڵانی، دیزاینی دەنگ: عەلی عەلەوەیان، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر و حەمید عەلیقولیان، دەنگهەڵگر: محەمەد ساڵحی، موزیک: مەسعوود سەخاوەت دووست، بەرپرسی بەرهەم: سەعید هاشمی، دیزاینی دیکۆر و جلووبەرگ: مەجید عەلی ئیسلام، میکیاج: ڕەزا عەڕەبی، دانانی سەرمایە: فریشتە جوغەتایی و توورج ئەسڵانی، بەرنامەداڕێژ: عەقیل تەقی زادە، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندن: مەنسوور جیهانی و مەنووجێهر جیهانی و بەرهەمهێنەر: توورج ئەسڵانی.
بۆ زانیاریی زیاتر:
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”.