Skip to Content

هەناسەکانی دوای ئاشقبوون.. دەق: ستیڤان شەمزینی

هەناسەکانی دوای ئاشقبوون.. دەق: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 25, 2021 General, Poems

10
ئارەزوومە جەنگی عەشقت لەگەڵ بکەم
ئارەزوومە تێڕوانینەکانت
لێوانلێو بکەم لە وێنە فەنتازییەکانی خۆم
پرچی ژاکاوت
بە پەنجەی ناسکی شیعرە دڵتەڕەکانم شانە بکەم
تووڕەییەکانت
بە ئاگربەستی ماچە شیلکییەکانم ئارام بکەمەوە
دڵڕەقییەکانت
لەبەر پێی غرووری تێکشکاوم بچەمێنمەوە
هەرەسەکانت
لە جەنگی عەشقما میدالیای ئازایەتی بکەنە مل
رابردووت بدەم بە دەم رووباری ئێستا و
ساتە رۆمانسییەکانمەوە
خەمۆکی و تۆرانەکانت
بۆ بخەمە نێو سەبەتەی گەشبینیمەوە
ژوورە چۆڵەکەت پڕ بکەم
لە جریوە جریوی خۆشەویستی
چڵکی مەنفاکەت
بە ئاوی شیرینی نیشتمانی زامدارم بشۆمەوە
واقیعی بریندار و تاڵت
بخەمە گیرفانە بەتاڵەکانی دڵخۆشیمەوە
یادگارییەکانت
لە ئەلبوومی رەنگاورەنگی ئایندەمدا هەڵبگرم
زەردەخەنەی منداڵیت
لە حەسرەتەکانی ژواندا بۆ بگەڕێنمەوە
لە دەریای عەشقیشتا
بە دوای کەشتی وێڵی دڵما بگەڕێم
11
بێزاریی دەستی ناوەتەوە بینەقاقام
مەعشووقێک نییە دەستی لە گەردنم بکاتەوە
غوربەت بەردی بێڕەحمی ئەگرێتە شووشەی رۆحم
مەعشووقێک نەبوو وردوخاشبوونم کۆبکاتەوە
ئاگری مەرگ ئاوریشمی ژیانم ئەسووتێنێ
مەعشووقێک نەهات حەیرانێ بۆ سووتانم بڵێ
مێژوو لەنێو تەمی خۆیدا ونم ئەکات
مەعشووقێک نەهات
لاپەڕە تۆزلێنیشتووەکانم هەڵداتەوە
ژیان خەنجەرێکە لەسەد لاوە برینداری کردووم
مەعشووقێک نەبوو
خوێنی رژاوم بکاتە خەنەی پەنچەکانی
تاریکیی وەک ئەختەبووت
شاڵاو بۆ چاوەکانم ئەهێنێ
مەعشووقێک نییە دەستم بگرێ
بۆ سەر پلیکانەکانی پەلکەزێڕینە
نیشتمان هەموو دەرگاکانی خۆیم لێ قفڵ ئەدات
مەعشووقێک نەهات
کلیلی نیشتمانی ئامێزیم بداتە دەست
باهۆزی خۆکوشتن
چرای شیعرەکانم ئەکوژێنێتەوە
مەعشووقێک نییە
لە ئەشکەوتی مەراقدا دەرمبهێنێ
ئەهریمەن پلانی سەفەرێکی هەتاهەتاییم بۆ دائەڕێژێ
مەعشوقێک نەبوو
بە فریشتەی ژیانەوەم بناسێنێ
بیابان لە وشکی هەناسەکانی خۆیدا ئەمخنکێنێ
مەعشووقێک نەهات
تاکو ماڵی ئاو چاوساغم بێت
12
خەڵکی وڵاتی عەشق و
شاری فرمێسکە رەنگینەکانم
چامەیەکی گرینۆکم بڕیار بوو
شێرکۆ بێکەس بمنووسێتەوە
چیرۆکێکی ئەفسووناویم
لە پێنووسەکەی مارکیز بوومەتەوە
رۆمانێکی سەرەڕۆم
لە دەستنووسەکانی کافکادا ون بووم
پیرە پاڵەوانێکم
لە شانۆنامەکانی شکسپیردا ئەبینرێم
داستانێکی خەمگینم
لە خەیاڵەکانی گۆتەدا لەدایک بووم
کتێبخانەیەکی سەرهەڵگرتووم
نازم حیکمەت نازم هەڵئەگرێ
عاشقێکی پەڕوباڵکراوم
لە شیعرەکانی قەبانی دا دەکەومەوە باڵەفڕێ
سەرخۆشێکی بێ نەوام
برێخت ئەمخاتە سەر تەختی شانۆ
زامێکی ساڕێژنەبووی دێرینم
حەزرەتی نالی دێڕ دێڕ ئەمهۆنێتەوە
شەقامێکی چۆڵی کەساسم
مایرهۆڵد ئەمکاتە سیناریۆ
دەروێشێکم لەسەر تەریقەتی یار
حەلاج ئەمهێنێتە گۆ
شێتێکم بێ خانە لە ژیان
سلڤادۆر دالی ئەمنەخشێنێ بە تابلۆ
شاخێکی بەفرینم
تەنها پامۆک لە زمانی توانەوەم تێئەگات
مەسیحێکی لەچوارمێخە دراوم
ئۆگەستین خەونم ئەخوێنێتەوە
کوڕی دایکێکی دڵ هەڵقرچاوم
تەنها گۆرکی چاک ئەمناسێتەوە
پادشای تەختی کوێرەوەریم
ساراماگۆ شەونخونیم بەدیارەوە ئەکێشێ
نامۆیەکی وێڵم، ئەوە ئەلبێر کامۆیە
لە رۆحی مۆرسۆدا ئەمدۆزێتەوە
زۆربایەکی سەرگەردانم
پەڕەمووچی کازانتزاکیس خۆشەویستی کردم
کوڕەی پرتەقاڵم
یوستان گاردەر نهێنییەکانی شاردوومەتەوە
ئەڵماسێکی فەرامۆشکراوم
خواوەندی ئەڤینداریی هەڵمئەگرێتەوە
13
غوربەتەکەی ناخم کتێبێکە
وێرانبوونی پیاوێکی ئاوریشمی تیا بخوێنەوە
پەیڤە تەڕەکانم ئاوێنەیەکە
وشکبوونی گەڵا رەنگاورەنگەکانی وجودمی تیا ببینەوە
ئەو چەمە لێڵەی ژیان لیتاوێکە
تەرمی بەرائەتە کوژراوەکانمی لەسەر هەڵگرەوە
هەناسە گەرمەکانی هاوین گڕەیەکە
لە دەربەندی حوزنە ئەبەدییەکانمەوە هەڵدەکا
ئەو هەموو دیوانە شیعرە بورکانێکە
ئیلهام لە تاڵیی پەژارەکانی منەوە وەرئەگرێ
ئەو هەموو تەنهاییە زارۆیەکە
لەسەر پشتی ساتە تۆراوەکانم کەوتۆتە گاگۆڵکێ
ئەو بۆنە خۆشەی هەناسەت عەترێکە
لەو کاتەی سەرت ئەنێی بە دڵمەوە تک تک ئەڕژێ
هاژە هاژی تاڤگەی هەناوم تامەزرۆییەکە
لەنێو هەموو شاخوێنبەرەکانمەوە بەرەو لای تۆ دێ
ئەو هەموو توانەوەیە رێنیشاندەرێکە
رێگەی مەیخانەی چاوەکانتم پێ ئەبڕێ
ئەو هەموو قەسیدە تەڕ و پاراوە تلانەوەیەکە
لە باوەشی خەزان و رۆژانی بێ تۆیدا ئەسرەوێ
ئەو دوو جۆگەیەی چاوەکانم بارانێکە
لەگەڵ وتنی “خۆشم ئەوێی”دا بەلێزمە دائەبارێ


سوێد – ستۆکهۆڵم
2017

Previous
Next
Kurdish