Skip to Content

لەیادی 24/4 قەڵادزێدا دوای 47 ساڵ قەڵادزێ وێرانەیە “…شوانە حەسەن ئەبوبەکر

لەیادی 24/4 قەڵادزێدا دوای 47 ساڵ قەڵادزێ وێرانەیە “…شوانە حەسەن ئەبوبەکر

Closed
by نیسان 25, 2021 General

لەو ڕۆ‌ژ‌‌‌گارەوەی کە دەستی داگیرکاری لە گەردنی دانیشتوانی شاری ‌قەڵادزێی قەڵای شٶڕش و بەرخودانی دوورخرایەوە شار بە گشتی سیما و ڕوخسارێکی کوردایەتی وەرگرتبوو، زەردەی خۆرەتاویش هێدی هێدی لە ئاسمانی دا دەردەکەوت و شەوە زەنگ و تاریکیش کە لە سایەی سیستمێکی داگیرکاریدا دەخوڵقێت لە پاشە کشەی بەردەوامدا بوو، وە لەو سەردەمەشدا کە شاری قەڵادزێ ببوە خوێندنگەیەک و نێڵەی دەدا بە ‌‌‌ حەماسەتی گەنجان و وانەی خۆڕاگری و نیشتیمان پەروەری و بە گژداهاتنەوەی ستەم و ‌ئازاری نەتەوەیی تیایدا ئەگوترایەوە.

ئا لە و ڕۆژگارەدا بوو کە ڕژێمی بەعس لە هەوڵی داڕشتنی پیلانێک دا بوو بۆ لە ناوبردنی ئەو ڕەوشە ئەرێنییەی کە لە سایەی ئازادی دا بۆ شاری قەڵادزێ ڕەخسا بوو، ‌‌چونکە ئەم ڕژێمە ساتێک ئازادی بۆ هیچ تاکێکی کورد بە ڕەوا نە دەبینی هەر بۆیە بینا لە سەر ئەم حەقیقەتە بۆ سەرخستنی پیلانەکەی لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا (٤/٢٤) بەر لە چل و حەوت بەهار لە مەو بەر ڕژێم ڕەقی توڕەیی و داخ لە دڵی چەندین ساڵەی خۆی بە سەر دانیشتوانی سیڤێلی ئەم شاردا ڕشت، شاری کردە تاقیگەیەک و سامناکترین و قەدە‌غەکراوترین چەکی نێودەوڵەتی کە بە بۆمبای ناپاڵم ناسراوە لەم شارەی تاقی کردەوە و بەوەش لە ڕۆژگارێکی چەند چرکەی قیاسی کەمدا لە ڕێگەی پۆلێک فڕۆکەی مۆدێرن بە تەکنەلۆژیای سەربازی سۆڤیەتی ئەو کات چەند بۆمبایەکی ناپاڵمی بە سەر شارو گوڵە تازە شکۆفەکەکراوەکەیدا (زانکۆ) باراندوو بەمەش شار و ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵگایەک کە زانکۆیە ئەنجام (٤/٢٤) ئەقڵیەتی زانستخوازنەی مرۆڤی کوردی ئاوێزانی بۆنی بارووت و خەڵتانی خوێن کرد، وە ئاسمانە شین و ساماڵەکەی ئاوێتەی چڕە دووکەڵ کرد.

کە بەرئەنجامی ئەم پڕۆسێسەش وەک دیارە سەرباری شەهید بوون و برینداربوونی پۆلێک لە خەڵکی شارو خوێندکارانی زانکۆ بوو، هەر بۆیە لەم کوڵاو ڕۆژنەوە ئەم جەنگە هەر تەنیا جەنگێک نەبوو دژ بە کوردایەتی بەڵکو جەنگێک بوو دژ بە زانست و مە‌‌عریفە و ئەکادیمیەت ، هەر بۆیە ئەمڕۆکە یادی تێپەڕینی (چل و حەوت ساڵ) بە سەر ئەم ترادیژیا ئامێزە دەکەینەوە دە کرێت کە یادی ئەم ساڵمان بە وێنەی ساڵانی پێشوو هەر یادێکی ڕۆتینی نەبێت، بەڵکو پێویستە ئەم ساڵ لە چوارچێوەی ئەم میکانیزمە سواوەی ڕابردوو دەربچێت و یادکردنەوەکە چوارچێوەیەکی کرداری پێ بدەین بەوەی کە:

‌حزب و حکومەت هەنگاوی کردارەکی بهاوێژێ بۆ زیاتر زیندو ڕاگرتنی کارەساتەکەو شادکردنی گیانی پاکی شەهیدانی شارو زانست، کە ئەم هەنگاوەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بەوە هەیە کە بوجەیەکی زیاتر لەوەی ئەمڕۆ بۆ شاری قەڵادزێ تەرخان بکرێ بۆ ئەوەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان کاراتر لە ئەمڕۆ بینا بکرێن و چیتر شار بە دەست ئاسەواری کاولکاری ڕاگواستن نەمێنێتەوەو شار سیمایەکی شارستانی بەر لە ڕاگواستن وەربگرێتەوە ، وە لەسەر ئاستی زانستیشدا کۆلێژی زمان کە ئەمڕۆ دەستە خوشکی زانکۆی شەهیدی دوێنێیە پێویستە حکومەتی هەرێم و خوێندنی باڵا ئاوڕێکی جددی تر لەم سەنتەرە ئەکادیمیە بداتەوە ئەویش لە ڕێگەی فراوانکردنی زیاتری بەشەکانی.

Previous
Next
Kurdish