كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه…56 …. كه‌ریم كاكه
56
به‌ر له كاولبوونی دنیا زۆر سه‌رهات هه‌ن و حه‌ز به گێڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌م، نازانم به چه‌ندیان راده‌گه‌م، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت (مه‌م و زین)ه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی بخوێنمه‌وه، بۆ من زۆر گرنگه پێش كاولبوونی دنیا بیخوێنمه‌وه، ئێ، وه‌رز زستانه، تۆ بڵی به‌فرانباره، ئێواره‌یه، دنیا له سه‌ر تاریكبوونه، له‌گه‌ڵ بابم له باخچه‌كه‌ی شێخ ته‌ها سه‌ركه‌وتین و گه‌یشتینه سه‌ر جاده، ئه‌و جاده‌یه‌ی له باژێڕه‌وه به سه‌ر پردی سێیه‌مدا دێ و به پێش به‌نزینخانه و به‌رده‌م ده‌رگای رۆژهه‌ڵاتی باخی گڵكه‌ند و لای شاره‌وانی و ده‌گاته‌وه فلكه‌ی (زه‌عیم)، ئه‌گه‌ر راست بڕۆیت ده‌چیته پردێ و كه‌ركووك، گوتم پردی سێیه‌م تۆ بڵێ پردی ته‌عجیل، هه‌ینێ له هه‌ولێرێ من سێ پردم دیتبوو، پردی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یانه كه له شه‌ستمه‌تریه و هه‌ندێك پیانده‌گوت پردی سێتاقان ئاوی رووباری گڵكه‌ند وه‌رده‌گرێ و ده‌ینێرێ بۆ پردی دووه‌م كه ده‌كه‌وێته سیمه‌تری، پێشتر پردی گامێشه‌وانانیشیان پێده‌گوت، دواتر هه‌ر به پردی سه‌یداوه ناوی رۆیشت، ئه‌و پرده دوو رووباری ده‌كرده یه‌ك و به یه‌كه‌وه ده‌یگه‌یاندنه پردی سێیه‌م، رووباری گڵكه‌ند و رووباری به‌لاشاوه، ئێ، بابم و من گه‌یشتبووینه سه‌ر جاده‌كه پاسكلێك له لای بازاڕه‌وه له لای پرده‌وه تیژ زۆر تیژ ده‌تگوت ماتۆڕه ده‌هات، له پێشه مه شتێكی لێكه‌وت، بابم بانگیشی كرد:
كاكه، شتێكت لێكه‌وت..
وا بزانم له‌و ساته ترومبێلێ هات و نه‌یهێشت ده‌نگی بابم بگاته گوێی پاسكلسوار، تا ده‌نگی ترومبێله‌كه‌ش نه‌ما، كابرا زۆر دووركه‌وتبووه‌وه، كیسه كاخه‌ز بوو، بابم هه‌ڵیگرته‌وه، گوتی:
ده‌ڵێی كتێبه، ها بزانه چیه؟
وه‌رمگرت، كتێب بوو، به‌ڵام بۆم نه‌خوێندرایه‌وه، ره‌نگه به هۆی تاریكیه‌وه بووبێت، هاتین هاتین له نزیك هۆلی گه‌ل ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م شانۆگه‌ریم له‌وێ دیوه، له پێش رووناكایی ده‌رگای ماڵێك سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه:
مه‌م و زین..
بابم گوتی:
مه‌م و زین هه‌قایه‌تێكی خۆشه، مام ره‌زا زۆر شه‌وان ده‌یگێڕێته‌وه، گوێت لێینه‌بووه؟
وا بوو، من له هه‌قایه‌تبێژه‌وه مه‌م و زینم بیستبوو، ده‌زانن چه‌ند رقم له‌و (به‌كرۆكه) ده‌بۆوه، هه‌ركاتێ هه‌قایه‌تبێژ ناوی ده‌هێنا، حه‌زمده‌كرد پێیبڵێ به‌كرۆكه‌ی تۆڕی و خوێڕی، هه‌قایه‌تبێژ له گێڕانه‌وه‌ی مه‌م و زین تا بڵێی زمان شیرین بوو، ئه‌و هه‌قایه‌تبێژه بێه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی قورس وشه‌یه‌كی ناشیرین وه‌ك توێڕی و كه‌رباب و ئه‌و شتانه‌ی به زاریدا بێت، به‌كرۆكه‌ی ره‌زا قورس نیشانده‌دا، ئه‌و پیاوه له گێڕانه‌وه هونه‌ركاریه‌كی ده‌كرد مه‌گه‌ر ته‌نها كازانتزاكی و دیستۆڤسكی و یه‌شار كه‌مال و ماركیز و خانییه‌كه‌ی كورد بتوانن وا بگێڕنه‌وه، سه‌رسامم به ئه‌حمه‌دی خانی، یه‌كه‌م كتێبی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لفبێی كوردی و ماتماتیك و ئه‌و شتانه یه‌كه‌م كتێب كه خوێندبێتمه‌وه كتێبه‌كه‌ی خانی بووه، ئه‌و خانییه‌ی پێناچێ له سه‌رده‌می خۆی كه‌س ناسیبێتی! دیاره ئه‌و ساڵه‌ی من مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانیم بۆ دایكم و بابم و پیری سوارچاكان و و گوڵی كۆساران و كابانه ژیكه‌ڵه خوێنده‌وه، شتێكی وا له‌و شاكاره تێنه‌ده‌گه‌یشتم، ئاخر من پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی بووم، زستانی ساڵی( 1974) بوو، زۆری نه‌مابوو دنیا كاول بێت، لۆوه‌ی باشتر تێكبگه‌ین و له مه‌م و زینیش بگه‌ین، مه‌م و زینه‌كه ئه‌وه بوو كه هه‌ژار كردبوویه موكریانی یان سۆرانی، واته به زاری بۆتانی نه‌بوو، دره‌نگ زۆر دره‌نگ ئه‌حمه‌دی خانیم به به زاری خۆی خوێنده‌وه..
ئه‌و ئێواره‌یه به توور و مه‌م و زینه‌وه هاتینه‌وه، هه‌موو ئێواران ده‌سكه تووری ناسكی ده‌هێنایه‌وه، راسته قرپی توور ناخۆشه، به‌ڵام خواردنی خۆشه، ئه‌و ئێوارانه‌ی ساوه‌رمان ده‌بوو، توور به تامتری ده‌كرد، ئه‌و ئێواره‌یه مه‌م و زینیشی هاته سه‌ر، هه‌ندێكیم به ده‌نگ لێ خوێنده‌وه:
سه‌رنامه به ناوی تۆ خوایه
چی بێ ئه‌مه پیت و پێزی نایه
سه‌ردێری په‌ری ئه‌وین په‌رستان
جێ ناز و نیازی خۆشه‌ویستان…
هه‌مووان گوێیان هه‌ڵخستبوو، ده‌بێت بڵێم له چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی پێشه‌وه نه مه‌م نه زینمان نه‌دیته‌وه، پێده‌چوو به هه‌ڵه مه‌م و زینی به سه‌ره‌وه بووبێت، بۆیه بابم گوتی:
كوا! ئه‌و كتێبه باس له مه‌م و زین ناكات..
دوای چه‌ند لاپه‌ڕه‌یێ ده‌ركه‌وت هه‌ڵه نیه و بابه‌ته‌كه مه‌م و زینه، به‌ڵام جودا له‌و كاكه مه‌م و خاتوو زینه‌ی هه‌قایه‌تبێژ بۆی گێڕابووینه‌وه، پیری سوارچاكانیش حه‌زی چووه مه‌م و زینێ، زۆر ئێواران دوای نان خواردێ مه‌م و زین له ژووره‌كه‌ی پیری سوارچاكان خڕیده‌كردینه‌وه، ده‌یگوت:
ده‌ی كوڕم به ده‌نگی بڵند شتێكمان له كاكه مه‌م و خاتوو زین بۆ بخوێنه‌وه..
دیسان كه نواندی جه‌ژنی نه‌ورۆز
له گوێره‌ی رێ و شوێنی پیرۆز
گشت ورد و درشتی ناو جزیرێ
بیگره له شوانێ تا وه‌زیرێ
……
پۆل پۆل ده‌گه‌ڕان له كێ‌و و ده‌شتێ
خه‌میان ده‌په‌ڕاند له سه‌یر و گه‌شتێ…..
ده‌مخوێنده‌وه، مه‌م و زینم ده‌خوێنده‌وه، ده‌بێت بڵێم زۆر وشه هه‌بوون، تێیاننه‌ده‌گه‌یشتم، بابم و پیری سوارچاكان و دایكم و گوڵی كۆسارانیش تێینه‌ده‌گه‌یشتن، لێ كه‌س نه‌یده‌پرسی: ئه‌رێ…
ئه‌ز دووم ته‌واوكردووه و سێم تێنه‌په‌ڕاندووه، شێخی خانی ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌و خانییه‌ی دواتر زۆر دواتر ناسیم و زانیم چ كانیاوێكی سازگاره، هه‌ر كه‌سێ لێی بخواته‌وه، چه‌ند ناسك بێت، ناسكتر ده‌بێته‌وه، به درۆ كه‌س ناتوانێ لێی بخواته‌وه!
}رێك له‌و ساته‌ی كه ئه‌و چه‌ند دێره ده‌نووسم ، پێكێك ویسكیم تێكرد و كه‌مێك ده‌نگم دایه ته‌له‌فزیۆن، چ ببیستم! سه‌رۆكی تور‌كان ئه‌و پیاوه‌ی به هه‌ردوو شمشێری عوسمانلی و و ئه‌تاتوركی ده‌یه‌وێ كورد ببڕێته‌وه، قسه‌یه‌كی وای كردووه، گوایه حیزبه‌كه‌ی ئه‌ویش له ئه‌حمه‌دی خانی خواردۆته‌وه، ده‌بێ بڵێم شه‌كرت شكاند! تۆ ئه‌گه‌ر له میزی ئه‌ویشت خواردبایه‌ته‌وه، هێنده له شێخی خانی ده‌گه‌یشتی كه سووكایه‌تی پێنه‌كه‌یت، تۆ سووكایه‌تی به میلله‌تێك ده‌كه‌یت كه خاوه‌نی باباتایه‌ری هه‌مه‌دانی و مه‌لای جه‌زیری وئه‌حمه‌دی خانی و مه‌وله‌وی و نالی و هێمن و په‌شێوه، گه‌مژه‌یی وایه{
ئێ، من مه‌م و زینم ده‌خوێنده‌وه، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم، گوڵی كۆساران هورده فرمێسكانی هه‌ڵده‌وه‌راند، به‌ڵام نه‌مزانی بۆ مه‌مه، یان بۆ زین، ئه‌ها، زین روو له مۆمی داگیرساو:
فرمێسك له‌گه‌ڵ مندا ده‌ڕێژی
چۆن وا ده‌بێ هیچ شتێ نه‌بێژی
مه‌م له دیجله ده‌پرسێ:
كێت هێنده له ناو خه‌یاڵ و بیره
گرتووته هه‌مبێزی خۆت جزیره…
پیری سوارچاكان دوو دێری مه‌م و زینی له‌به‌ركردبوو، دوو دێری پێشه‌كی زوو زوو له به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوته‌وه:
كوردیش كه ببایه یه‌ك دڵ و ده‌ست
ده‌ستیانده‌كه‌وت ژیانی سه‌ربه‌ست
رۆم و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م سه‌روبه‌ر
بۆ ئێمه به‌نی ده‌بوون و نۆكه‌ر
جارێك گوتی:
ئه‌گه‌ر خوێنده‌واریم هه‌با ئه‌و قسانه‌م له سه‌ر ئه‌و به‌رده، به‌ردی پیرۆز ده‌نه‌خشاند..
هاته سه‌رم له جیاتی پیری سوارچاكان ئه‌و ئیشه بكه‌م، ئه‌و خوێنده‌واریی نیه، خۆ من هه‌مه، به‌ڵام نه‌مده‌زانی چۆن و به چی ئه‌و هه‌موو وشه‌یه له سه‌ر ئه‌و به‌رده جێ بكه‌مه‌وه، بیستبووم، به‌ڵام له‌بیرمنیه هه‌ینێ دیتبووم یان نا كه هه‌ڵكۆڵین له سه‌ر به‌رد هه‌یه، خودایه چۆن ئه‌و دوو دێره‌ی خانی له‌به‌ر خاتری پیری سوارچاكان له سه‌ر به‌ردی پیرۆز بنه‌خشێنم، حه‌یف چه‌ندی مێشكی خۆم گوشی و بیرمكرده‌وه شتێكم نه‌دیته‌وه شیعر له سه‌ر به‌رد هه‌ڵكۆڵێ، به قه‌ڵه‌م ده‌منووسی دیار نه‌ده‌بوو، زوو ده‌سڕایه‌وه، به‌ڵام بڕیاڕم دا له سه‌ر دیوار له نزیك ده‌رگای حه‌وشه به دیوی ژۆرێدا هه‌ڵیانكۆڵم، گه‌یشتبووینه‌وه ده‌مه‌و پایز، دیوار‌یان سواخده‌دا، پێش وشكبوونه‌وه‌ی قوڕ، خانیم له سه‌ر دیوار هه‌ڵكۆڵی و گۆتمه پیری سوارچاكان:
باپیره، قسه‌كانم لێره نووسیوه‌ته‌وه.
پیری سوارچاكان چاوی پێدا گێڕا، سه‌ری گۆپاڵه‌كه‌ی به كه‌لێنه‌كان، به پیته‌كاندا ده‌گێڕا، ده‌تگوت به گۆپاڵ شیعره‌كه ده‌خوێنێته‌وه، گوتی:
ئافه‌رین كوڕم، خۆزگه ده‌مزانی بیانخوێنمه‌وه..
ئێ، به‌ر له كاولبوونی دنیا، با كه‌مێكیتر له كن مه‌م و زین بمێنینه‌وه، دێته‌وه‌بیرم، چوونی به‌كرۆكه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕی دڕكی مه‌م و زینان بۆ به‌هه‌شتێ، هه‌رای نایه‌وه، خانی به‌كرۆكه ده‌نێرێته به‌هه‌شتێ! له‌وێ له‌و كۆشكه هه‌شت قاتیه‌ی كه خودا داویه‌تیه مه‌م و زین، قاتێك به‌ر به‌كرۆكه كه‌وتووه، ئه‌وه نیه ده‌ڵێ:
هۆی من بوو به‌وان درا به‌هه‌شتێك
دایانمێ ئه‌ویش له هه‌شتێ مشتێك
گوڵی كۆساران تووڕه ده‌بوو، له سه‌ری خۆی ده‌دا و ده‌یگوت:
های له‌و قسه‌یه! كاكه مه‌م و خاتوو زین به هۆی به‌كرۆكه‌وه چوونه‌ته به‌هه‌شت؟! من باوه‌ڕ به‌وه ناكه‌م، خودا شتی وا ناكات..
دایكم و تووڕه‌تر:
ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه راست بێت، خودا باش و خراپی تێكه‌ڵ كردووه
بابم هه‌ڵده‌داتێ:
وای له به‌سێ، به گژ خوداشدا ده‌چێ، كچێ، ده‌ست له كاری خودا وه‌رمه‌ده، تۆ چ له نهێنی ئه‌و ده‌زانی؟!
دایكم ده‌ڵی:
كوو به گژی‌دا نه‌چم!
دایكم پێیوابوو ئه‌گه‌ر به‌كرۆكه، به‌كرۆكه‌ی دڕكی مه‌م و زینان گه‌یشتبێته به‌هه‌شت، هه‌رچی سه‌گ و سوار و گه‌جه‌ر و گوجه‌ر و جڕوجامشت هه‌یه هه‌موو ده‌چنه به‌هه‌شتێ و ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ به‌هه‌شت نایه‌ته‌وه، هه‌رچی بابم بوو، وای بیرنه‌ده‌كرده‌وه، پێیوابوو ئاساییه نه‌ك به‌كرۆكه، به‌ڵكو كه‌سی له‌و به‌دره‌فتارتریش ره‌نگه به هۆی چاكه‌یه‌كه‌وه، خودا لێی خۆش بێت و هه‌ڵیداته ناو به‌هه‌شتێ، بابم ده‌ڵێته دایكم:
تۆ باش له‌وه نه‌گه‌یه‌شتی كه خودا بۆچی به‌كری مه‌رگه‌وه‌ڕی برده به‌هه‌شتێ..
روو له من ده‌كات:
ده‌ی كوڕم ئه‌و جێیه بۆ دایكت بخوێنه‌وه كه زین باسی چاكه‌ی به‌كرۆكه ده‌كات:
كتێبه‌كه ده‌هێنم و ته‌واوێك ده‌گه‌ڕێم تا لاپه‌ڕه‌ی پاڕانه‌وه‌ی زین بۆ به‌كرۆكه ده‌بینمه‌وه:
گه‌ر پیسی وه‌كو به‌كر نه‌بووبا
هیچ دوور نه‌بوو ئابڕووی مه چووبا
….
گه‌ر ئه‌و نه‌ده‌بوو به له‌مپه‌ری مه
گومرایی ده‌بوو به رێبه‌ری مه
وا ده‌رنه‌ده‌چووین له شه‌رمه‌زاری
پیرۆز نه‌ده‌بووین له كورده‌واری
مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانی له زۆر جێیان له‌گه‌ڵ كاكه مه‌م و خاتوو زینی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی هه‌ولێرێ، هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه نه‌ده‌هاته‌وه، پێچه‌وانه ده‌كه‌وته‌وه، به تایبه‌تی له دڕكی مه‌م و زینان، له‌وه‌ی هه‌قایه‌تبێژ، كاتێ براده‌ره‌كه‌ی مه‌م به‌كرۆكه له خوێن ده‌گه‌وزێنێ، دلۆپێ له‌و خوێنه پیسه ده‌په‌ڕێته نێوان گۆڕی زین و مه‌م، یه‌كسه‌ر ده‌بێته دره‌ختێكی ناحه‌ز، دره‌ختێك چ دره‌ختێ به دره‌ختی نازانێ، ئه‌و خوێنه دره‌خته ره‌گ له نێوان هه‌ر دوو گۆڕ داده‌كوتێ و ناهێلێ زین و مه‌م له ناو گۆڕێش بگه‌نه یه‌ك، كه‌چی له‌وه‌ی شێخی خانی له سه‌ر راسپارده‌ی زینێ، گۆڕی به‌كر ده‌كه‌وێته دامه‌نی گۆڕی مه‌م و زینێ و هه‌ر ئه‌ویش بۆی ده‌پاڕێته‌وه‌و…
له كاكه مه‌م و خاتوو زینی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی هه‌ولێرێ چ هه‌واڵێكی وا له به‌هه‌شت و دۆزه‌خه‌وه نایه، به‌ڵام هه‌موو ده‌زانن جێی به‌كری مه‌رگه‌وه‌ڕ بنه‌بانی دۆزه‌خه، كه‌چی له مه‌م و زینی شێخی خانی له رێی پیاوچاكێكی چیا نشینه‌وه هه‌واڵ دێ كه به‌كر له به‌هه‌شتێ له ناو كۆشكی مه‌م و زینێ له خزمه‌تی وانه..
جیاوازی گه‌له‌كن له نێوان خانی و هه‌قایه‌تبێژ، بۆیه به‌كرۆكه هه‌ر له جزیره و بۆتان نا، له هه‌ولێرێش له ماڵی مه‌ش كێشه‌ی ده‌نایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای ئێمه كێشه‌ی سووك، كێشه‌ی مه‌یله‌و پێكه‌نیناوی، گوڵی كۆساران به پێكه‌نینه‌وه ده‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر راست بێت، به‌كر له به‌هه‌شت بێت، خه‌ڵك له كه‌تن و دوو دڵ لێ‌كردن سلناكه‌نه‌وه.
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
كچێ هه‌مین، به‌هه‌شت به به‌كر پیس نابێ، تۆ له‌وه بترسێ ترك پێی بكه‌وێته به‌هه‌شتێ!
ئیدی كتێب له ماڵی ئێمه به‌زمی خۆشی نایه‌وه، مه‌م و زین نه‌نه خان و كچه‌كه‌ی مام جه‌له‌بوان و ژنێكی حه‌ساره‌كه و ژنه شه‌له جوانه‌كه و مه‌ریه‌م و كه‌ویاریشی له ده‌وری من خڕده‌كرده‌وه، له‌و ساتانه‌ی مه‌م و زینم به ده‌سته‌وه بوو، ده‌مخوێنده‌وه، وا هه‌ستمده‌كرد جێی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه‌م گرتۆته‌وه، هه‌مووان چاویان له زاری من بڕیوه، شام به خۆم ده‌هات، كابانه ژیكه‌ڵه به پێكه‌نینه‌وه ده‌یگوت:
ده‌ڵێی بوویه ئه‌و پیاوه گه‌وره‌ی كه قه‌ره‌جه‌كه گۆتی!
}لێره، له‌و دوا رسته‌یه، چه‌ند رۆژێك له گێڕانه‌وه وه‌ستام، هه‌ستمده‌كرد شت ماوه و له‌بیرمچووه‌ته‌وه، چوومه‌وه كۆڵانی منداڵی و كن دایكم و بابم، باسی كتێبه‌كه‌م بۆیان كرد، دایكم دیار بوو له‌بیری مابوو، به‌ڵام شتێكی وای بۆم نه‌گێڕایه‌وه شتێك بخه‌مه سه‌ر گێڕانه‌وه‌كه‌م، جگه له فریشته و پیازه‌كه، بابیشم دیتنه‌وه‌ی كتێبه‌كه و خوێندنه‌وه‌ی من و شتێك له به‌كرۆكه‌ی له‌بیر مابوو، جگه له ده‌لاقه‌ی كتێب كه بۆ من ده‌لاقه‌یه‌كی له گێڕانه‌وه كرده‌وه{
وابوو له ماڵی ئێمه له ژوورێ، دیاره تا دره‌نگ ئێمه یه‌ك هۆده‌مان هه‌بوو، هۆده‌ی دانیشتن، هۆده‌ی نان خواردن، هۆده‌ی نووستن، هه‌ر یه‌ك هۆده بوو، دوای وه‌ی من و براكه‌م چووینه قوتابخانه، بابم چه‌ند ده‌لاقه‌یه‌كیتری له دیوار كرده‌وه، ده‌لاقه‌كه‌ی من هه‌ر له پشت سه‌رم بوو به بڵندایی تا پشتێنی خۆم، كتێبه‌كانم له‌وێ داده‌نا، دایكیشم په‌رده‌یه‌كی جوانی له ره‌نگی كه‌واكه‌ی خۆی پێدا شۆڕكردبۆوه، به‌ڵام نه به ده‌لاقه‌ی من نه به‌هی براكه‌میان نه‌ده‌گۆت ده‌لاقه‌ی كتێب، ده‌لاقه‌كان له ژماره‌ی خێزان پتر بوون، هه‌ر كه‌سه و شتی خۆی لێدانابوو، هه‌ریه‌كه و به ناوی خۆی ده‌ناسرایه‌وه، ئه‌وه ده‌لاقه‌ی بابم، ئه‌وه ده‌لاقه‌ی دایكم، ئه‌وه ده‌لاقه‌ی كابانه ژیكه‌ڵه، ئه‌وه ده‌لاقه‌ی كه‌ریم، ئه‌وه ده‌لاقه‌ی رادیۆ…دوای دیتنه‌وه‌ی مه‌م و زین و خوێندنه‌وه و سه‌رسامبوون به‌و كتێبه، بابم له بڵندایی به‌ژنی خۆی له ته‌نیشت ده‌رگا، ده‌لاقه‌یه‌كی گچكه‌ی كرده‌وه، ده‌لاقه‌یه‌ك بڵندایی هه‌ر بستێك ده‌بوو، به‌رینیشی له بست و قولانجێك تێنه‌ده‌په‌ڕی، ئه‌و تایبه‌ت بوو به مه‌م و زینی شێخی خانی، دایكم به‌رگێكی جوانی بۆ مه‌م و زین دووریبوو، له شێوه‌ی به‌رگه بالیف، تۆ بڵێی له شێوه‌ی تووره‌گه، كتێبه‌كه‌مان ده‌خسته ناویه‌وه، هاته‌وه‌بیرم بابم گوتی:
بۆوه‌ی خه‌ڵك به قورئانی تێنه‌گات با ره‌نگی مه‌م و زین كه‌سك نه‌بێت..
ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه ره‌نگی به‌رگی مه‌م و زین له چاومه، شینێكی ئاسمانی بوو، رێك له سوخمه‌ی چه‌ند ساڵێك دواتری كه‌ویار، ره‌نگه هه‌ردووكیان له یه‌ك تۆپه كوتاڵ بڕابن! دێته بیرم جارێك ژنێك گۆتیه دایكم:
ئه‌رێ، به‌سێ، قورئانی ماڵان به‌رگی كه‌سكه، هینگۆ لۆ شینه؟
دایكم گۆتی:
كچێ بابانت، ئه‌وه قورئان نیه، هه‌قایه‌تی كاكه مه‌م و خاتوو زینه
ژنه‌كه گۆتی :
كچێ، فڕێیده له جێی وی قورئان دانێ، ده‌نا فریشته سه‌ر به‌و ماڵه داناگرێ!
دایكم تووڕه‌بوو:
وه‌ی پیاز، ئه‌گه‌ر به هۆی كاكه مه‌م و خاتوو زینه‌وه فریشته نه‌یه‌ته ماڵی ئێمه، با هه‌ر نه‌یه‌ت.
ناوی ده‌لاقه‌ی كتێب له زاری مه‌لایه‌كه‌وه گۆڕا بۆ ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین، دیته‌وه بیرم مه‌لایه‌ك هه‌بوو، سه‌ردانی ده‌كردین، كاتێ زانی كتێبی ناو ده‌لاقه كه به‌رگێكی جوانی تێگیراوه، مه‌م و زینه، به ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین ناوی هێنا، له زاری ویه‌وه بڵاوبۆوه، ئه‌و مه‌لایه سه‌رچیخ نه‌چووبم كۆمۆنیست بوو، بیستبووم له دوای نوێژی هه‌ینیان پاره‌ی بۆ كۆمۆنیستان خڕده‌كرده‌وه، من له بابمم بیستووه: ئه‌گه‌ر هه‌موو شوعیه‌كان وه‌ك مه‌لا سه‌دیق و حاجی كه‌ریمی حاجی وسوو بان، منیش ده‌بوومێ..
دێرێكی مه‌م و زینم بۆ مه‌لاكه خوێنده‌وه، كتێبه‌كه‌ی له ده‌ستم وه‌رگرت، سه‌ری به سه‌ردا گرت و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی لێ هه‌ڵدایه‌وه، چه‌ند دێرێكی به ده‌نگ خوێنده‌وه، هه‌ستمكرد له خوێندنه‌وه لاسایی ئه‌و پیاوه ده‌كاته‌وه، كه له رادیۆوه ده‌نگیم بیستبوو، دواتر زانیم ناوی شوكروللای بابانه، له‌وه‌وه منیش ده‌مویست ده‌مه‌لاسكه‌ی شوكروللای بابان بكه‌مه‌وه، مه‌لاكه قسه‌یه‌كی كرد هه‌رچه‌نده چ بڕی تێنه‌گه‌یشتم به‌ڵام به‌لامه‌وه بایه‌خدار بوو، بۆیه هه‌وكه‌ش پێوه به ئاوازه‌ی خۆیه‌وه له گوێم ماوه:
ده‌بوو وه‌كو گوڵستان و بوستان له حوجران خوێندرابا..
خوێندنه‌وه‌ی مه‌م و زین منی به قسه هێنا، ماڵێ مه هه‌موو كه‌مدوو بوون، به‌ڵام ئه‌وان له چاو من ده‌كه‌ونه چێوه‌ی زۆربڵێكانه‌وه، من قه‌تقه‌تۆكێ سه‌ری قسه‌م نه‌كردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر كوو ده‌نا له قسانم هه‌ڵنه‌ده‌دایێ، باگۆی پرسیارانیشم به‌كورتی ده‌دایه‌وه كه‌م وا بووه له (ئا، نا، نازانم، وایه) هێوه‌تر ده‌چوو، كه‌چی ئه‌وه‌تا مه‌م و زینی خانی منی كردۆته جێنشینی هه‌قایه‌تبێژی سه‌یداوه، هه‌موو قڕوقه‌پ و ته‌نێ خۆم قسه ده‌كه‌م و شیشه شین و سۆره‌كه‌ی مه‌لاشم بۆ نایه!
قسه‌ده‌كه‌م و هه‌موو ته‌ماشای زاری من ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێشتا كابانه ژیكه‌ڵه له من به ده‌م و دووتره، ئاخر ئه‌و بێ كاخه‌ز ده‌توانێ تا زاری شل ده‌بێ قسه بكات، به‌ڵام من كاخه‌زم له پێش نه‌بێ هه‌ر دوو سێ رسته‌م له باردایه، كۆتایی دێت و قسه‌م بۆ نایه، كابانه ژیكه‌ڵه له هه‌مووان باشتر ئه‌وه ده‌زانێ، له‌بیرمه گوتی:
تۆ هه‌قایه‌تبێژی سه‌ر كاخه‌زی..
كابانه ژیكه‌ڵه هه‌ینێ نه‌یده‌زانی بنووسێ و بخوێنێته‌وه، ویستی فێری بكه‌م، هه‌وڵمدا، به‌ڵام دیاربوو نه‌مزانی، له‌بیرمه جارێك خه‌تخه‌تۆكه‌یه‌كی كرد، پرسی:
ئه‌وه‌ی نووسیومه چیه؟
پێیپێكه‌نیم و گوتم:
هیچ..
به سه‌ر خۆیدا شكایه‌وه، ئیدی باسی خوێندنه‌وه و نووسینی نه‌كرده‌وه، پاشترێ له نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری ساڵێكی نه‌برد هێند جوانی ده‌نووسی، ئیره‌ییم به خه‌تی وی ده‌برد، مه‌م و زینم دایێ و گوتم:
ها، ئێستا خۆت بیخوێنه‌وه
گوتی:
نا، تۆ بۆت خوێندمه‌وه، جوانت خوێنده‌وه..
دنیا له سه‌ر كاولبوونه، مه‌م و زین با هه‌ر له ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین و له ناو به‌رگه شینه‌كه‌ی خۆی بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر له كاولبوونی دینا تێدانه‌چوون، تێدا نه‌چووین، دێمه‌وه دیداری..
دنیا به به‌ریه‌وه نه‌ما، سه‌ربرده ما، به‌ڵام ناپرژێمه سه‌ریان، سه‌رێ له هۆلی گه‌ل ده‌ده‌م، تاوێ به دیار شانۆگه‌ریه‌كه‌وه داده‌نیشم، دێمه‌وه و ئیدی ته‌واو، خزمێكی ماڵی فازیل رێحانه، هه‌ردووكمانی به دوای خۆی دا، من له سه‌ر قسه‌ی رێحانه چووم، ئه‌و دیتبووی، له ریزه‌كانی ناوه‌ندێ دانیشتین، یه‌كه‌م جارمه بێمه ئێره، له سینه‌ما ناچێ، له باتی شاشه‌ی دیوارێ، له زه‌وی جێیه‌ك هه‌بوو وه‌ك سه‌كۆ، له‌پڕ ده‌نگێك له گوێی من له ده‌نگی دێ‌و! ده‌چوو، هۆڵه‌كه‌ی خسته له‌رزه، چاوده‌ده‌مێ پیاوێكی گچكه‌ڵه له سه‌ر سه‌كۆیه‌كه، چما ئه‌و ده‌نگه دێویه له‌و پیاوۆكه‌وه هاته ده‌رێ! یه‌كه‌م شانۆگه‌ریی دیتم ئه‌وه بوو، نایه‌ته‌وه‌بیرم چی بوو..
دنیام به ده‌ستێ راگرتبێ ناهێلم بكه‌وێ تا تۆڵه‌ی كه‌ویار له زه‌نگه‌زۆران نه‌كه‌مه‌وه، ئه‌و جۆره راوه‌ش له بابمه‌وه فێربوومه، له كه‌ندی به‌ر ماڵان كۆلكه‌دارێ هه‌یه وه‌ك بڵێی له سه‌ر ته‌نیشت راكشاوه، كه‌می له ده‌رێ و پێده‌چێ زۆری له بن زه‌وی بێ، چ پێناچێ سه‌ر به ئاوماڵك بێ، ئاو كۆلكه‌ی وا گه‌وره‌ی پێنایه، ره‌نگه به ره‌گه‌وه ئێره زێدی خۆی بێ، هه‌رچی بێ، له‌گه‌ڵ خاك مه‌یله‌و ته‌خته و بۆته شاری زه‌نگه زۆره، نیوه‌ی زه‌نگه‌زۆره‌ی شار له‌و شاره‌وه سه‌رده‌كه‌ن و به گه‌ڕه‌ك و شار وه‌رده‌بن، زه‌نگه‌زۆره‌ی گه‌وره، دڕ، چۆته ناو جۆڕكێ و به‌ئێستری داوه كلكی پێ ره‌پ كردووه، به سه‌ر سه‌بكه‌وه هه‌ڵنیشتووه و به سه‌گی داوه سه‌بكه‌ی له پێش چاو خستووه، زه‌نگه‌زۆره‌ی ناو كۆلكه‌دارێ له قاشوانێش ناگه‌ڕێنه‌وه، قاشوانێ دوو به‌رده، كه‌مێك له ناری ئێستر پانترن، له سه‌بكه‌ی سه‌گیش ته‌نكتر نه‌بن ئه‌ستوورتر نین، به‌ڵام تا راوی زه‌نگه‌زۆره‌یان پێنه‌كه‌یت هه‌ر به‌ردن و نابنه قاشوانێ، من ئه‌وه نه‌بووم بچمه شه‌ڕی قاشوانێ، به‌ڵام كاتێ چاوی كه‌ویار فرمێسكی ده‌باراند و جێگه‌سته‌ی زه‌نگه‌زۆره‌م به سه‌ر روومه‌تیه‌وه دیت، بڕیارمدا بچمه شه‌ڕی زه‌نگه‌زۆره‌وه و تۆڵی كه‌ویار بكه‌مه‌وه:
كۆلكه دار كونێكی تێدایه گچكه، مشكی پێوه ناچێ، زه‌نگه‌زۆره قل قل لێیه‌وه دێنه‌ده‌رێ و به كۆڵانێ وه‌رده‌بن و تووشی هه‌ر چی بن پێوه‌ی ده‌ده‌ن، ئێ، چاودێ، راوه زه‌نگه‌زۆره، قاشوانێ ببینه:
له سه‌ر زگ راكشاوم ده‌ستم به به‌رده‌وه له سه‌ر كونی زه‌نگه‌زۆره‌یه، ئێستا كون كه‌وتۆته نیوان دوو به‌رد، دووبه‌ردی روو له یه‌كتر، دوو به‌ردی سوار، سوار بۆ به‌ر یه‌ك كه‌وتن، له‌و ساته‌ی زه‌نگه زۆره سه‌ر ده‌رده‌هێنێ، قاشوانێ ده‌ستپێده‌كات، شه‌ق! به‌رده‌كان به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون و زه‌نگه زۆره ده‌فلیقێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆڕه‌و شاری بده‌یت، زۆرم كوشت، به قه‌د دڵۆپه فرمێسكه‌كانی كه‌ویار پتر، ئه‌و ناوه ده‌بێته كوشتارگه، مێرووله رێچكه ده‌به‌ستن و لاشه‌كان ده‌گوازنه‌وه، قاشوانێ ده‌ستوبردی ده‌وێ، خاوخلیچك بی ده‌بیه خۆراكی زه‌نگه‌زۆره، قاشوانێ له شه‌ڕه بڕنۆ ده‌چێ، له فیشه‌ك تێكردنه‌وه و پڕكردنه‌وه ده‌ستت سووك بێ، كه‌س په‌نجه‌كانت نه‌بینێ!
سه‌نگه‌ر چۆلكردنیش هونه‌رێكه له ده‌ستی هه‌موو كه‌س نایه، نه‌ڵێی به‌رده‌كه بكه سه‌رقاپی شاره‌كه و ته‌واو، نا، پاڵه‌په‌ستۆی زه‌نگه‌زۆره زۆره‌و به‌رد هه‌ڵده‌داته‌وه، تۆ ده‌بێت هێند گورج قیتبیه‌وه و یه‌كپێ هه‌ڵێی گولله‌ی بڕنۆ نه‌تگاتێ..