Skip to Content

زەنگیانەی ئاویی –بەشی نۆیەم … فەتاح حەسەن

زەنگیانەی ئاویی –بەشی نۆیەم … فەتاح حەسەن

Closed
by تشرینی دووه‌م 21, 2018 General, Poems

( خەم )
من ناتوانم، بێ خەم
سەربخەمە سەر سەرین
ئەی هاورێیان ..
کێ
خەمی سەرباری هەیە
بینێرێ بۆم
تاوەکو بیکەم بەسەرین.
( ئەوپەڕی پەستیی )
ئەمشەو پەستم
هێندەی پەستی مەینۆشێك
کە بەدەستی ئەنقەست
پێکەکەکەیان رژاندبێ،
هێندەی موریدێك شێخەکەیان
کردبێتە گاڵتەجاڕ
نازانم
پێکی پەستییەکەم
بەسەر کێدا بڕژم ، کێ ..؟
( خۆپەرست )
دوا بزمارت دا
لەتابووتی هاوڕییەتیمان،
بەنرخی کا، گەر بتکڕم
هێشتا زەرەرمە، خۆپەرست.
( بێ گوڵ خۆم )
لەپیادەڕۆی کۆبنهاون
شٶخێك، بەباوەشێك گوڵەوە
خۆی لە گوڵەکان جوانتر
هاوار دەکا:
گوڵەباخ.. گوڵەباخ
وتم:
بۆکێی بکڕم..؟
مەگەر هەر بیدەمەوە بەخۆت
وتی:
گەر هەموشیم لێبکڕی
چڵێکت لێوەرناگرم، ئەمن.
( خەزان )
لەناو فەرشی زیوینی گەڵای وەریودا
دان بدە بە کۆتر
بەبێ گمە، بە ئەسپایی دەیانچنێ ..
تەنانەت کۆتریش حەز بە خەزان ناکا
ئەمن؟! بۆ دەبێت ئیتر
( ماسی )
راوچی
تۆڕەکەت هەڵدە نێو دەریا
کێ دەڵێت
ئەو ماسییەی راوی دەکەیت
بەنرختر نییە لە بەهای خۆت؟؟
( دەریاوان )
تانەم لیدەدەن، کە بۆ هێندە
خەمی دەریا دەخۆم !!
دەبێ بێژیی بم
خەمی دایکم،
لەخۆم زیاتر نەخۆم.
ڕاستییەك) )
من دەڵێم :-
تۆم خۆشناوێ
تۆ دەڵێی :-
منیش،
وەلێ لەڕاستیدا..
چاوانمان، گەواهیی دەدەن
کە، هەردوکمان درۆدەکەین.


فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی
2018

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish