Skip to Content

ژیانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی.. نادر عەبدولحەمید

ژیانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی.. نادر عەبدولحەمید

Closed
by ته‌مموز 19, 2021 General, Opinion


1– سەرەتایەک

ئیسلامی سیاسی چ وەک بزووتنەوەیەک و چ وەک چەمک و زاراوەیەکی فکری-سیاسییش لە هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیست بەدواوە برەوێکی زۆری پەیداکرد و بوو بە جێگەی باسوخواس و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. چوار دەیەی ڕابردوو (١٩٨٠-٢٠٢٠)، دەیەکانی خرۆشان و خۆداسەپاندن و بەجۆرێک باڵادەستی ئیسلامی سیاسی و گفتومان (خیتاب)ەکەی بووە لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی نەک هەر لە ڕووبەرێکی ناوچەیی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا.
دواین بەختێک کە یاوەری ئەم بزوتنەوەیە بوو، سواربوونی شەپۆلی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا لە (تونس) و (میسر)ی (٢٠١١)دا بوو. لەوە بەدوا، ئاسۆ و ئاواتی بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ڕاپەین و شۆڕشەکان، جێگەی بۆ هەژمون و دەستبەسەراگرتنی ئەم بزوتنەوەیە بەسەریاندا تەنگەبەر کردۆتەوە، نمونەی ئەوەش لە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری (جەزائیر) و (سودان) و (لوبنان)ی (٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠)دا بەدی دەکرێت کە ئەو سەردەمەیان تێپەڕاند بزوتنەوە ئیسلامیەکان و حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان بێ ڕکەبەر وەیا بە ئاسانی بەسەر ئەو بزوتنەوە جەماوەریانەدا زاڵ بن.
هەرچی ئیسلامی سیاسییە لە عێڕاقدا، نەک لە ڕێگەی بزوتنەوەیەکی جەماوەریەوە، بەڵکو هاوڕای دەبابەکانی ئەمریکی و داگیرکردنی عێراق و وەک بەشێک لە پڕۆژەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەستیان لە دەسەڵات گیربوو. هێشتا تەواو دەسەڵاتیان سەقامگیر نەبوو بوو کە ڕووبەڕووی شەپۆلی خۆپێشاندانی بەرفراوانی جەماوەری بوونەوە، هەر لە (٢٠١١ و ٢٠١٥ و ٢٠١٨) وە تا بەرزبوونەوەی بۆ ڕاپەڕینی (٢٠١٩) و شەقوشڕکردنی تەختوتاراجی دەسەڵاتیان.
لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیشدا، گروپ و ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی، دوای پێکهەڵپڕژانێکی چەکدارانەیان لەگەڵ هێزەکانی ناسیونالیزمی کوردیدا لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیست تا هەڵمەتی سەربازی ئەمریکی بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە (٢٠٠٣)دا، بەجۆرێک سازان لەگەڵ ناسیونالیزمی دەسەڵاتداری کوردستان و بوون بە بەشێک لەو دەسەڵاتە و لە ئۆپۆزیسیۆنەکەی، بەجۆرێک کە هەمیشە قاچێکیان لەناو دەسەڵات و قاچێکیان لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ناسیونال لیبڕاڵی کوردستاندایە.
گەرچی هاوڕای (بزوتنەوەی گۆڕان)، وەک بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی لە ساڵەکانی (٢٠١١ تا ٢٠١٤) لەناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیدا نفوزێکیان پەیدا کرد، بەڵام دوای ئەوە، بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و شەپۆلە بەرفراوانەکانی خۆپێشاندان، ئیسلامیەکان و خودی (گۆڕان) و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیوناڵ لیبڕاڵیشی بەجێهێشتووە. ئەوەی کە بۆچی چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان نەیتوانیوە لەم بۆشاییە سیاسییەدا نفوز پەیدا بکات لە ناو ناڕەزایەتیەکاندا و جڵەوبگرێت و ڕابەر بێت، باسێکی ترە و بۆ کاتێکی تری بەجێدێڵین.

2- بۆچوون و لێکدانەوەکان لەسەر بوژانەوە و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی

*- بەشێک لە بۆچون و لێکدانەوەکان پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە کە وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاری وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر پەردەی دژایەتی کۆمۆنیزم، بۆ بەرگرتن بە نفوز و هەژموونی ڕوو لە زیاد بووی (یەکیەتی سۆڤیەت)ی ئەوکاتە و دژایەتی ئەو ڕژێمانەی کە هاوپەیمانەتی دەکەن لەگەڵیا، هەڵساون نەک هەر بە پاڵپشتی ئەو گروپ و ڕێکخراو و کۆمەڵە ئیسلامیانە، بەڵکو بەجۆرێک دەستیشیان هەبووە لە شڵگیری و وەڕێخستن و بەکارهێنانیان وەک چەکێک لە کێشمەکێش و جەنگیان بەدژی (بلۆکی ڕۆژهەڵات)، نمونەکانیشیان لە هاوکاری ڕژێمی سعودیە بۆ (برایانی موسڵمان – إخوان المسلمین) لە وڵاتانی عەرەبی و چەکدارکردن و گیرفانپڕکردن (تەمویل)ی گروپە ئیسلامیەکان لەزوربەی وڵاتانی ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە ئەفغانستان.

**- بەشێکی تر پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە، شکستهاتنی پڕۆژەی ناسیونالیزمی میلیتانتی عەرەبی لە هێنانەدی یەکپارچەگی (وەحدەی) جیهانی عەرەبی و تێکشکانی لە جەنگەکانی (١٩٤٨)، (١٩٦٧) و (١٩٧٣)ی نێوان وڵاتە عەرەبیەکان و ئیسڕائیلدا، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر ناسیونالیزمدا وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوازی هێناوەتەمەیدان.

***- بەشێکی تر لەو ڕوانگەوە بۆی چوون کە گەشەی سەرمایەداری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەیرانە ئابووریەکانی و سەرهەڵدانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان، هاوڕای ئیستیبدادی ڕژێمە پۆلیسی و فاشیستەکان بەتایبەت بەدژی ڕەوت و ڕێکخراوە و حزبە چەپ و سۆشیالیستەکانی ئەو سەردەمە و ڕاوەدونان و گرتن و شکەنجەی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ڕێگەنەدان بە ڕێخکراوەی سەربەخۆ و سەندیکای ئازاد لە دەوڵەت و دەسەڵات، مەیدانی ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ ڕەوتە ئیسلامیەکان، بەتایبەت خودی ئەم ئەرکەی دەوڵەتی بورژوازی لە سەرکوتی بزوتنەوەی کرێکاری و چەپ و “سۆشیالیستی” ئەو کاتە، پێویستی بە ڕەواجدان بە فکر و نەریتی کۆنەپەرستانەی ئایینی هەبووە و مەیدانی لانی کەم لەسەرەتادا بۆ پەرەسەندن و باڵادەستی فکری ئیسلامی ڕەخساندوە.
بەم پێیە سەرکوتی سیاسی بزوتنەوەی چەپ و بزوتنەوەی کرێکاری و ئەو جۆرە لە کۆمۆنیزمی لەئارادابووی ئەوکاتە، لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر ناسیونالیزمدا وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوا کۆنەپەرستی دژە سێکیولار و دژە ژن و دژە ئازادیخواز بەرجەستەکردۆتەوە، تا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕین و شۆڕشەکان ببن و ڕۆڵی دژە شۆڕشی بگێرن بۆ لەباربردن و سەرکوتکردنیان، لە ڕێگەی وەلانانی دەسەڵاتە ناسیونالیستەکانەوە. نمونەی ئەمەش ڕۆڵی بەرچاوی ئەو ڕەوتە ئیسلامییانەیە لە میسر و سودان و جەزائیری دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیست، لەگەڵ ڕۆڵی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی وەک دژە شۆڕشێک لە شۆڕشی ئێرانی (١٩٧٩)دا، ئەمە جگە لە ڕۆڵی دژە شۆڕشانەیان لە شۆڕشەکانی تونس و میسری (٢٠١١)دا.

3- واوەتر لەم ڕاستیانە

بۆچوون و لێکدانەوەکان زۆرن و ئێمە لێرەدا لەوە زیاتر بەدوای خستنەڕووی ئەو ڕوانگانەوە نین، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە کە هەر یەکێک لەو ڕوانگە و بۆچوونانە ڕاستی و واقعیەتێکی تێدایە، بەڵام واقعیەتی ئەم ڕەوتە کۆمەڵایەتیە سیاسیە فراوانترە لە هەر یەکێک لەو ڕاستیانە و لە کۆی گشتیشیان.
ئیسلامی سیاسی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و فکری مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە. پەیوەستە بە داڕمان و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی دەرەبەگایەتی و سیستمە ئابوریە کۆمەڵایەتیەکانی بەر لە سەرمایەداری و سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری، کە ئەمەش واتا پوکانەوە و نەمانی چینە کۆنەکانی ئەو کۆمەڵگا پێش سەرمایەداریانە و دەرکەوتن و شکڵگیری چین و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری تازە، پێ بە پێی سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری.
بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی دیاردەیەکە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە هاوڕای ئەو پڕۆسەی سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداریە و ئاڵوگۆڕەکانیەتی لە پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
(جەمالەدینی ئەفغانی) و (محمد عەبدە) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، بەشێک بوون لە بانگەوازخوازانی پێشکەوتن و وەرگرتنی زانست و مەعریفەی سەردەم و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دژ بە داگیرکاری ئیستیعماری ئینگلیزی و ئەوروپی، وە بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدان بۆ شکڵپێدان و داڕشتنی فکر و ئایدیۆلۆژیایەک کە هاوڕای ئەو جوڵە مێژووییە بێت کە کۆمەڵگەی داگرتووە. ئەوان لە دۆستانی نزیکی (خدێوی ئیسماعیل پاشا) فەرمانڕەوای میسر بوون کە هەڵساوە بە چاکسازی ئیداری، یاسایی و دادگا، ئابوری و پیشەسازی و تەندروستی … (ئیسماعیل پاشا) دادەنرێت بە دووەم دامەزرێنەری میسری هاوچەرخ دوای باپیرەگەورەی خۆی (محەمەد عەلی پاشا) وەک دامەزرێنەری یەکەم.
بەم پێیە بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لەسەرەتاکانیدا نەک پڕۆژەیەک بووبێت بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە، بەڵکو بۆ هاوڕایی و هەروەها ئاڕاستەپێدانی ئەو جیهانە تازە و پێشکەوتووە بووە کە خەریکە سەردەردێنێ، لەسەر داڕمان و هەڵوەشانەوەی جیهانی کۆن. وە ئەمەش بە ئاشکرا لە هەوڵ و کۆششە فکری و سیاسیەکانی (جەمالەدینی ئەفغانی) و (محمد عەبدە)ی میسڕیدا دەردەکەوێت.
هەروەک چۆن بورژوازی تازە پێگەیشتووی ئەوروپی لە کۆتایی چاخەکانی ناوەڕاست و سەردەمی شۆڕشە بورژوازیەکاندا پەنای بردەبەر زیندووکردنەوەی بیرۆکەی کۆماری (جمهوریەتی) یۆنانی کۆن و سوننەتە سیاسیەکانی ئەو کاتە، ئاواش بورژوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ داڕشتن و شکڵپدانی ئایدیۆلۆژیەکی خۆی دەگەڕێتەوە سەر بیرۆکە کۆنەکان و داڕشتنەوەیان و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمی تازە و بەرژەوەندی چین و توێژە تازە شکڵگرتووەکاندا.
بەدیوێکی تردا ئیسلام وەک چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ناو ئیمپڕاتۆریە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتیدا ئایدیۆلۆژیای ڕێکخەری ژیانی کۆمەڵایەتی بووە لە بەرژەوەندی دەرەبەگەکان و چین و توێژە دارا و دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمانە، ئێستا بە بەسەرچوونی ئەو بارودۆخە کۆنە، خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ سەردەمی تازە و بەرژەوەندی چین و توێژە دارا و دەسەڵاتدارەکانی سەرمایەداریدا تا ببێتە ئایدیۆلۆژیای ڕێکخەری کۆمەڵگەی سەرمایەداری.
بەدڵنیاییەوە ڕەوت و مەیلی تری بورژوزایش هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادابوون کە پەنایان نەبردۆتەبەر گەرانەوە بۆ ئەو ئەمبار (مەخزون) و پاشخانە فکری و کڵتوریە، بەڵکو لە پەیوەند بە فکری سەردەمی ئەو کات و ئێستاوە هەوڵیانداوە و هەوڵدەدەن بۆ داڕشتن و شکڵپدانی ئایدیۆلۆژی بۆ چین و توێژەکانی بورژوازی چ لەسەردەمی سەرهەڵدان و پڕۆسەی بەسەرمایەداری بوونی کۆمەڵگە و بەدەسەڵات گەیشتنی بورژوازیدا، وەچ لەسەردەمی گەشە و قەیرانەکانیشیدا. ئیسلامی سیاسی یەکێک لەو ڕوەوتانەیە و باسەکەی ئێمە لێرە تایبەتە بەو.
ئەوەی کە بورژوازی ئەوروپی لە دەرەوەی ئایینی مەسیحی ئەلگۆ فکری و سیاسیەکانی خۆی پەیدا کردوە بە گەڕانەوەی بۆ فەرهەنگ و کڵتور و سوننەتی چینە باڵادەستەکانی یۆنان و ڕۆمای کۆن، بورژوازی تازە سەرهەڵداویش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەڕاوەتەوەسەر ئەمبار و پاشەکەوتی فکری و سوننەتی چینە دارا و باڵادەستەکان کە لە مێژووی ناوچەکەدا لەبەردەستدا بووە.

4- دوو ئیسلامی سیاسی جیاواز
ئەگەر سەرەتاکانی بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ڕوخساری سەرمایەداریەکی تازە سەرهەڵداوی ڕوو لەگەشە و پێشکەوتن و زانستخوازی مۆدێرنی لەخۆیدا ڕەنگپێدابێتەوە، ئەوا سەدەیەک دواتر لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا، ڕوخسار و ڕۆڵی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی پێچەوانەی سەرەتاکانیەتی. ئەم چارەنوسەش لە پڕۆسەیەکدا لە میانەی سەدەی بیستەمدا پێ بە پێی گەشە و کامڵبوونی سەرمایەداری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی قەیرانە ئابووری و سیاسیەکان، وە هاوڕای کامڵبوونی شکڵگیری و هاتنەمەیدانی ئەو چینە چەوساوەی کە هەڕەشەیە بۆسەر ئەو سیتمە، ڕۆڵ و نەخشی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و ڕوخسارەکەی ئەو ئەرکە مێژووییە دیاریدەکات کە سەرمایەداری بۆ مانەوەی خۆی خوازیاریەتی لێی و دەبێتە بەشێک لە جوڵانەوەیەکی دژە ئازادیەکانی ناو کۆمەڵگە، دژە مۆدێرنیزم، دژە ژن، و دژە کۆمۆنیزم و دژە بزوتنەوەی کرێکار و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی. بەمانایەک دژی هەموو ئەو شتانە کە مەیدان ئاوەڵادەکات بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار. ئەمەش زۆر ڕون و ئاشکرا ڕۆڵ و نەخشی دژە شۆڕشیە کە لە پێناو پاراستن و هێشتنەوەی هەم سیستمەکە و هەم دەسەڵاتی بورژوازی لەو هەڕەشەیەی کە بوونیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم بزوتنەوەیە لە چەند وڵاتێک گەیشتۆتە دەسەڵات (ئێران، تورکیا، تونس، سودانی پێش ٢٠٢٠، ئەفغانستان، میسریش بۆ ماوەیەکی کەم)، کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و ئازادیخوازان، هەڵسوڕاوانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەنوسان، هەڵگرانی ئایین و مەزهەبی جیا لە ئایین و مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەت، نەتەوە ژێردەستەکانی ناو ئەوڵاتانە، … ئەزمونێکی تاڵ و پڕ لە چەوسانەوە و بەرگرییان بەڕێکردوە لەسەر دەستی ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە. ئەمە وێڕای وەحشیگەریەکانی (تاڵەبان) و (ئەلقاعدە) و (داعش) و (بۆکۆ حەرامی) و … گروپە ترۆریستەکانی تریان. ئەوەی کە پێشووتر بەناوی (ئیسلام چارەسەرە) دەخرایەڕوو، لە ژیانی واقعی ملیۆنان ئینساندا بە بەهای سەرکوت و کوشتار و وەحشیگەری تەواوبوو.
ئیسلامی سیاسی لەمڕۆدا نەک هەر نامۆ بووە بە بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، بەڵکو بەکارهێنانیشی وەک ئامڕازێک لەلایەن بورژوازیەوە لە ئیعتیبار کەوتووە.
لە هەردوو سەردەمەکەدا چ لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و چ لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا، یەکێک لە خسڵەتەکانی ئیسلامی سیاسی گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام و سوننەت و کڵتورەکەی، بەڵام بۆ دوو مەبەستی جیاوازی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ڕێک هاتوونەتەوە چ لەگەڵ پێداویستیەکانی گەشە و سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا وە چ لەگەڵ پێداویستیەکانی قۆناغی گەندیدەگی سەرمایەداری و قەیرانە ئابوری و سیاسی و فکریەکانی لە ئێستادا.

5- ئاکامگیری
ئسلامی سیاسی دیاردەیەکی ڕێکەوت نیە، دەستکردی ئیمپریالیزم نیە، تەنها پەیوەست نیە بەسەردەمی کۆتایی سەدەی بیست و ئێستاوە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسیە، ڕەگەکان و مێژووەکەی تێکەڵ بەسەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداریە، پڕۆسەیەکی لە ژیانی خۆی بڕیوە، چۆتە قۆناغی گەندیدەگی و داڕزانەوە، جۆرەها لق و پۆپ و ئاڕاستەی دژ بەیەکی لێ دەرهاتووە، بەم پێیەش دژایەتی ئەم بزوتنەوەیە پەیوەستە بە دژایەتی خودی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازیەوە، بەواتایەکی تر ڕەخنەکردن و دژایەتی ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستە پێویستە بکرێتە دەروازەی ڕەخنە لە سەرمایەداری و بورژوازی و دەسەڵاتەکەی، وە لێرەوەیە کە ڕۆڵی کۆنەپەرستانە و دژە شۆڕشیانەی دەتوانرێت لە مەنگەنەی شۆڕشگێڕانە بدرێت.


سەرەتای تەمموزی ٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish