گەندەڵیی ڤایرۆسی دەسەڵاتە.. ستار ئەحمەد
کاتێک دەسەڵات لە ئەرکە ڕەسەنەکەی لادەدات و لە جیاتی نیشتمان، دەبێتە چەترێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خێڵ و بنەماڵە، ئیتر پرۆسەیەک دەست پێدەکات کە دەکرێت ناوی بنێین سڕینەوەی شوناس.
گەندەڵی تەنیا دیاردەیەکی ئابووری نییە کە پەیوەندی بە دزینی چەند ملیۆنێکەوە هەبێت، بەڵکو ڤایرۆسێکی ڕامیاریی کوشندەیە کە سەرەتا لە مۆخی دەسەڵاتەوە دەست پێدەکات و پاشان جەستەی ئاکاریی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکان دادەرزێنێت. مێژوو فێری کردووین کە ئەم ڤایرۆسە هەمیشە لە ناو تاریکیی کۆشکەکان و لە پەراوێزی بێدەنگیی گشتیدا گەشە دەکات، بەڵام بۆ ئەوەی وەک پەتایەکی درێژخایەن بمێنێتەوە، پێویستی بە دوو بەرگریکەری ساختە هەیە: پینەکردنی مێژوو و دروستکردنی تۆقێنەری هزری.
ئەگەر لاپەڕە کۆنەکانی مێژوو هەڵدەینەوە، دەبینین زۆر سەرکردە بوونە وانەیەکی تاڵ؛ کاتێک خەزێنەی گشتی وەک موڵکی تایبەت مامەڵەی پێوە کرا، ئیتر ڤایرۆسەکە گەیشتە نەمانی متمانەی نێوان میرو شوێنکەوتوانی و لەناوی برد. هەر ئەو کاتەی بەرژەوەندیی تایبەت کەوتە پێش بەرژەوەندیی گشتی، کۆڵەکەی ئەو دەسەڵاتە ڕووخا. لێرەدا گەندەڵی تەنیا دزینی نانی خەڵک نییە، بەڵکو تێکدانی بنەما ڕەوشتیەکانە کە مرۆڤایەتی و شکۆی لەسەر وەستاوە.
بۆ ئەوەی جەستەیەکی تووشبوو بە ڤایرۆسی گەندەڵی بتوانێت لەسەر پێ بوەستێت، ناچارە جۆرێک لە ترساندن بەرهەم بهێنێت. ئەم تۆقاندنە تەنیا بە کوشتن و زیندان نییە، بەڵکو جۆرێکە لە داگیرکردنی هۆش. کاتێک مرۆڤ فێر دەکرێت کە تەنانەت ئارەزووە سروشتییەکانی و پاکوخاوێنییە جەستەییەکانی پێوەری باوەڕ بن، ئیتر نەسرەوتنێکی دەروونی بۆ دروست دەبێت کە ڕێگەی لێدەگرێت بیر لە مافە سیاسی و ئازادییەکانی بکاتەوە. تۆقاندن و گەندەڵی دوو ڕووی یەک دراون؛ یەکەمیان وەک بەرگرییەکی دەستکرد
بۆ پاراستنی دووەمیان بەکاردێت.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەم ڤایرۆسە تێیدا ڕەگ دادەکوتێت، مرۆڤ دەکرێتە دوو بەشەوە: نێرینەیەک کە دەبێت یان خوێنڕێژ بێت یان نۆکەرێکی تۆقیو، و مێینەیەک کە تەنیا وەک ئامرازێکی خزمەت و چێژ وێنا دەکرێت. ئەم دابەشکارییە جێندەرییە و سڕینەوەی ڕۆڵی ژن، ڕێک لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتە نێرینە ڕەهادایە کە دەیەوێت هەموو جومگەکانی ژیان کۆنترۆڵ بکات. تەنانەت دروشمە تەلارسازی و مێژووینەکانیش دەبنە پۆشاکێکی ساختە بۆ داپۆشینی جەستە داڕزیوەکەی دەسەڵات، بەڵام ئەمە تەنیا پینەکردنێکی کاتییە و نابێتە جلی پیرۆزی.
سڕینەوەی ڕاستەقینە ئەو کاتە ڕوودەدات کە دەسەڵاتدار چیتر ناتوانێت بەدرۆو هەڕەشە ڕاستییەکان بشارێتەوە. کاتێک خەزێنەکان بەتاڵ دەبن و تەنیا وێرانە و قەرز بۆ نەوەکان جێدەهێڵن، ئیتر هیچ شوێنەوارێک ناتوانێت ڕەوایی بۆ لاشەیەکی گەنیو بگەڕێنێتەوە. گەندەڵی مۆرانەیەکە مێژووی هەر دەسەڵاتێک بگرێتەوە، داری بەرخودان دەژاکێنێ . ئازادیی ڕاستەقینە لەو ساتەوە لەدایک دەبێت کە مرۆڤەکان تێدەگەن متمانە و باوەر لە ناخدایە و بە چاوپۆشین لە ئاستی ستەم و تاڵانی لەبار دەچێت.
ئاشکرایە، دەسەڵاتێکی گەندەڵ وەک هەر جەستەیەک کە ڤایرۆسێکی کوشندە لێی دابێت، ئەنجامی لەناوچوونە.
فەوتانی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە یاسایەکی نەگۆڕە؛ چونکە مێژوو تەنیا ناوی ئەوانە بە نەمری دەهێڵێتەوە کە خزمەتی مرۆڤایەتییان کردووە، نەک ئەوانەی نەوەکانیان لە ناو گەرداوی گەندەڵیدا زیندەبەچاڵ کردووە. ئازادی ڕاستەقینە وەک خۆر دەدرەوشێتەوە، چونکە ویستی گەلان بۆ دادپەروەری هێزێکی نەبڕاوەیە و هیچ مشەخۆرێکی دەسەڵاتدار ناتوانێت ڕێگەی لێبگرێت.
