ئەمساڵیش مرد و نەمردین.. نەوزاد بەندی
Closed
ڕۆیشت و
لەگەڵ خۆی
نەیبردین ..
سبەینێ ساڵێکی تازە ،
دێتە ناو شار ..
ئێمە هەروەکو پار ،
کوردین ..
نازانین کێ ،
نەوت و
داهات و
ئومێد و
زەردەخەنەی لێوی
بردین ..
نازانین کێ ،
دەشت و
گرد و
دۆڵ و
شاخ و کێوی
بردین ..
ئەیشزانین ،
بەس وای دەردەخەین
کە نازانین ..
ئاخر زانین و نەزانین ،
وەکو یەک وان ،
چونکە پارچە پارچە و
ووردین ..
سبەینێ لە یەکەم ڕۆژیا ،
ساڵی نوێ ساتمەیەک ئەدا و
ئەژنۆی پانتۆڵەکەی ئەدڕێ ..
بۆینباخەکەی
ئەچێتە قوڕاوەوە ..
کراسەکەی چڵکن ئەبێ ..
چونکە ئێمە ،
بۆ هەموو بەستەزمانێ ،
وەکو شێر ،
بە دەست و بردین ..
سبەینێ لە یادمان ئەچێ ،
ساڵی نوێیە و ..
لەسەر پار بەردەوام ئەبین ..
ئامادەی گشت دۆڕانێکین
دژی هەموو گۆڕانێکین ..
نە بەکاری دنیا دێین ،
نە بە کاری دین ..
ـــن . بەندی ـــ