Skip to Content

سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا: بۆ تۆڵەیە یان تۆبە…؟ …. موزەفەر عەبدوڵا

سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا: بۆ تۆڵەیە یان تۆبە…؟ …. موزەفەر عەبدوڵا

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2018 General

لە رۆژی ٢٢ مانگەوە کە مەسعود بارزانی و شاندە یاوەرەکەی لە کوڕگەلی بنەماڵەو قەومو قیلە سەردانی بەغدایان کردەوە هەتا ئیستاش ئەم سەردانە بۆتە ڕوداو و هەواڵی گەرمی دەزگاکانی ڕاگەیاندنو جیگای پرس ڕا گۆرینەوە لە ئاستی کوردستان.بە تایبەتی لە لایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن و نوسەرو ڕۆژنامەنوس و چاودیران و رۆشنبیران ، هەتا دەگاتە گەورە ئەکادیمی یەکانیان.وە لە گۆشە نیگای جیاجیاوە ئەم سەردانە شرۆڤەدەکەنو ڕای لەبارەوە دەدەن.

سەردانەکە وا وێنە دەکەن کە یەکیکە لەسەردانە دیبلۆماسی و سیاسی یە سەرکەوتوە دانیسقەکان نەک هەر لە ئاستی کوردستان و ناوچەکە بە ڵکو لە ئاستی جیهانیش.وە پێیان وایە نەک هەر لەم سەردەمە بەڵکو لە میژوشدا دەگمەن بوە سەرکردەیەکی حزبی وەک بارزانی بەم شیوازە نەک هەر بەرپرسانی حزبی بەڵکو بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمان ڕاخستنی فەرشی سورو ڕیورەسمی فەرمی و پرۆتۆکۆلی و بەوپەڕی ئامادەباشی یەوە پیشوازی لێ بکریت.
بەم شێوە موبالەغە ئامیزو گرینگیدانە بە ڕواڵەتە دەیانەوێت وا نیشان بدەن وەک ئەوەی بارزانی لەم سەردانەی چوە بۆ سەرزەنشت کردن و ناڕەزایەتی دەربرین، وتەنانەت تۆلە سەندنەوە لەسەرانی دەسەڵاتی قەومی وتایەفی و خێڵەکی بەغدا، کە ساڵێک لەمەوبەر دژی ریفراندۆم بون. تەنانەت ڕیفراندۆمیان کردە بەهانەیەک بۆ هێرشکردنە سەر کوردستانو داگیرکردنەوەی نیوەی زیاتری ئەو ناوچانەی لەژیر دەستی پارتی و هاودەسەڵاتەکانی بو لە دوای ڕوخانی بەعسەوە.

جا پرسیارەکە لەم پرسەدا ئەوەیە ئاخۆ بە ڕاستی ئەم سەردانەی بارزانی بۆ بەغدا بۆ ناڕەزایەتی و تۆڵە سەندنەوەیە یا تۆبە کردن لەسەر دەستی سەرانی قەومی و تایەفی وەک عامری و حەلبوسی و عەبادی و مالکی؟!
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەو ڕۆشنکردنەوەی مەغزای سیاسی ئەم سەردانە وا پیویستە بە کورتی ئاماژە ىە چەند خالێک بکەین:
خاڵی یەکەم: خودی دەستەواژەو کەڵکەڵەی- مفهوم و نزعة – تۆڵەو تۆبەیە کە یەکێکە لە تایبەتمەندی یەکانی ناوەرۆکی دابو نەریتی سیاسی وکۆمەڵایەتی هەردو بەرەی ئەمدەسەڵاتەو دەستەو تاقمە بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومیەکان لە بەغداو کوردستان لەم کیشەو ململانی کۆنەپەرستە دژی ئینسانی یەی نیوانیان.
ئەم دەستەو تاقمانە چونکە هیچیان بروایان بە سەرەتاترین ئازادی و یەکسانی سیاسی بە گشتی نی یە بۆیە سەرهەڵدانی کیشەو ململانێ و شەرو کوشتار پاشان تۆڵەو تۆبەش بە یەکتر دەبێتە نەزعەو نەریتێکی جیکەوتەیان.دیارە نەک هەر لەنێوان ئەم دوو دەسەڵاتەی بەغداو کوردستان بەڵکو لەنێوان خودی هەمو دەستەوتاقمەکانی خۆشیان.

بۆ نمونە تۆلەو تۆبە لەکاتی کێشەو ململانێ و شەڕەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وهەردو بنەماڵە لە ساڵانی نەوەتەکانیتایبەتمەندی یەکی میژوویی و بەرچاو یان بوە.
ئەم نەزعەو نەریتە بە درێژایی مێژوو لەسەر زاری سەرانی ئەم دەستەو تاقمانە ،جا قەومی و خێڵەکی بن یان ئیسلامی و تایەفی سوننی و شیعی ،بەدیکراوە کە دەڵێن تۆڵە بەزەبرە ئەمما بە سەبرە .یاخود ڕیکەوتن بە شەرتی تۆبە.بە فەرمی ئەم نەزعەو نەریتە بۆتە جێگرەوەی نەزعەو نەریتی بروابونو پابەند بون بە ئازادی سیاسی نێوان لایەنە سیاسی یەکانو یەکسانی نێوان مرۆڤەکان. بیگومان ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندنی یەکانی دەسەڵە فیودالیەکانی سەدەکانی ناوەراست کە هەتا ئەمرۆش ئەم دەسەڵات و تاقمانە نوینەرایەتی دەکەن.

خاڵی دوەم ئەوەیە بەهۆی ئەوەی بارزانی و پارتی لە بنەرەتدا مەبەستیان لە ریفراندۆم زیاتر بۆ تۆڵە سەندنەوە بوو لە دوژمنەکانیان لە بەغداو لە کوردستان.وە لە ئاکامی کیشەوململانی و قەیرانەکان و بن بەست بون بو نەک بروا بونو پەیڕەوکردن لە مافیکی سەرەتایی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیەش بارزانی و سەرانی تەواوی پارتی و یەکیتی و هەمودەستەو تاقمە قەومی وئیسلامی یەکان نە لە پرسی ریفراندۆم یەکدەست بونو نە ویستو ئامادەی یان بوو بەرگری لە ئاکامەکەی بکەن تا بەدیهینانی کە سەربەخۆیی یە .هەر بۆیەهەمو لایەکیان لەسەر بنەمای نەزعەو نەریتی تۆڵەو تۆبە مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر دەکەن.

جا لەم قۆناغەدا کە بارزانی سەرەڕای هەندێک سەرکەوتنی ناوخۆیی بەڵام گۆڕانی هاوکیشە سیاسی یەکان لە ئاستی عێراق و ناوچەکەو جیهان بە زیانی شکایەوە.
بۆیە بۆ بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگی پێشو ئامادەیە لەسەر دەستی سەرانی قەومی و خێلەکی و ئیسلامی و تایەفی بەغدا تۆبە بکات.
بەڵگەش بۆ ئەم تۆبەیە قسةو لێدوانەکانێتی لەبارەی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە کراوە. بێگومانیشە بەلای سەرانی بەغداوە گەورەترین هەڵە هەتا دەگاتە تاوان ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو کە یەکپارچەیی خاکی عێراقی خستە ژێر پرسیارەوە.

دیارە کاتێک بارزانی باس لەهەڵە و ڕاستکردنەوەی دەکات لە هیچ کاتو شوینو دیدارو گفتوگۆیەک لەگەڵ تەواوی سەرانی دەسەلاتی بەغدا سەرنجو رەخنەو نارەزایەتی دەرنەبریوە بەرامبەر هەڵویستی دژایەتی ئەوانە لە پرسی ریفراندۆمو هیڕشی سەربازی بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنەوەی زیاتر لە نیوە خاکی قەڵەمڕەوی دەسەلاتیان وکوشتن وبرینداربونی سەدان کەسو ئاوارە بونی هەزارانی تر.
بە پێچەوانەی ڕاو بوچونو شرۆڤەکان و ڕاویژکاران و نوسەران و پسپۆرانی سیاسی و ئەکادیمی یەکانی پارتی یەوە کە وای وینا دەکەن وەک ئەوەی بارزانی چوبیت بۆ تۆڵە سەندنەوە بە ئاشکرا تۆبەی خۆی ڕاگەیاندوە.

خاڵی سێهەم کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەین لەبارەی ئەم سەردانەی بارزانی یەوە ئەوەیە بە پیچەوانەی راوبۆچونەکانی ڕاویژکارانو نوسەرانو ئەکادیمی یەکانی پارتی یەوە کەگوایە بۆ چارەسەری کیشە هەڵواسراوەکانی نیوان هەولیرو بەغداو تەنانەت ناوچەکەو جیهانیش چوە ئەوانە هیچی فڕی بەسەر ڕاستی یەوە نی یە.
راستی یەکەی هۆکاری سەردانی بارزانی لە پاڵ ئەوەی کە چوە تۆبە بکات لەسەر دەستی سەرانی دەسەڵاتی بەغدا هاوکات بارودۆخی ناوچەیی و نیو دەوڵەتی و دەخاڵەتی زلهیزەکان لە ئەمریکاو روسیاو هاوپەیمانە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکانیان گەییشتۆتە ئاستێک ئەگەری زۆری هەیە لە عێراقو کوردستانیش بتەقێتەوە.
وە لەم دۆخەدا ناسیونالیزمی کورد بە سەرکردایەتی پارتی کە لەوپەڕی پەرشو بڵاوی وبێ ئاسۆیی دان ئەگەری زۆری هەیە بە زیانیان بشکیتەوە.
هەر بۆیە پارتی وبارزانی ئامادەیە بۆ مانەوەی هیزو دەسەڵاتی خۆی لانی کەم لە ئاستی کوردستاندا بە تایبەتی بەرامبەر نەیارە هاوقەومی یەکانی خۆی نەک بچیتە بەغدا بەڵکو هەر جیگایەکی تر نەک تۆبەیەک بەڵکو سەد تۆبەو زیاتریش بکات.

مەگەر کامیان بۆ بارزانی سەختر ترە دەستلەمل کردنەکەی ٣١ ئابی ٩٦ لەگەڵ سەدام یاخود دەستلەملانیی عامری و حەلبوسی و عەبادی و مالکی…!
جا لەم ڕوەوە ئەگەر ئەو راویژکارو شرۆڤەکارو نوسەرو ئەکادیمیانەی پارتی بۆ سەلماندنی سەرکەوتنی سەردانەکەی بارزانی بەڵگەی راخستنی فەرشی سورو ئامادەباشی ڕیورەسمی گەورە و پاسەوان لە پێشوازی دەهیننەوە ئەمەش بۆ بەهیزی پیگەی پارتی و بارزانی لە ئاستی دەسەلاتداری هەریم و هەلبژاردن و تا دەگات وینا کردنی وەک تاکە ریبەری بە فەرمی ناسراوی جولانەوەی قەومی کوردو ..هتد ئەمانە هیچیان نابنە پاساویک بۆ ئەوەی تۆبەکەی بارزانی بشارنەوە کە دەلێت سەردانیان بۆ بەغداو دیدارەکان بۆ راست کردنەوەی هەڵەکانە لەم دەرفەتەی هاتۆتە پیشەوە.

دوو شتی تر هەیە لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەویش پیشوازی کردنی عامری بو بۆ بارزانی و ئامادەنەبونی سەرۆککۆماری عیراق بەرهەم ساڵح بو ،کە برای قەومی و نەیاری بارزانی یە ، مەغزا سیاسیەکەی هەر تۆبەکەی بارزانی دەسەلمێنێت..
جا ئەم سەردانەی بارزانی تۆڵکارانە یا تۆبەکارانە بێت هیچی لە پێناوی بەرژەوەندی یەکانی زۆرایەتی جەماوەری ستەملێکراو ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردستان نی یە بەڵکو تەنها لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتی سەرکوتگەرو گەندەڵ و کۆنەپەرستانەی بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومی خۆیانە.
دیارە بەهەمان شێوەو ناوەڕۆکەوە ئەم ڕایە بۆ
دەسەلاتدارانی تایەفی و قەومی بەغداش هەر وایە.

موزەفەر عەبدوڵا

تیبینی : ئەم نوسینە لە بڵاوکراوەی بۆ پێشەوە ژمارە ٤۱ بڵاوبۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish