(سه‌گوه‌ڕ )له‌به‌ر رۆشنایی زاراوه‌ی پێشبینی دا … د.فوئاد ره‌شید
كورته رۆمانی (سه‌گوه‌ڕ) – كه‌یه‌كه‌مین به‌رهه‌می (محه‌مه‌د موكری)یه له‌بواری رۆماننووسیندا – بۆ یه‌كه‌مین جار له ساڵی 1982 له دووتوێی (102) لاپه‌ڕه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه و یه‌كێك بووه له‌بڵاوكراوه‌كانی چاپخانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان (1) . ئه‌م تێكسته تاساڵی 2015 حه‌وت جار چاپكراوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر چی ئه‌م كورته رۆمانه ده‌كرێت له زۆر لایه‌نه‌وه لێیبكۆڵدرێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌تێكی گرنگ و زۆر هه‌ستیاری ورووژاندبوو كه بریتییه له خستنه رووی چه‌ند ئێش و ئاریشه‌یه‌كی نادیاری دۆخی نێوخۆی- ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی- بزوونته‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، بۆیه هه‌ر له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مجاریدا،ناوه‌رۆكی هزریی و جیهانبینی ده‌قه‌كه،رووبه‌رووی ره‌خنه‌ی توند بووه‌وه‌و مشتومڕیكی زۆری لێكه‌وته‌وه و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته هه‌ره‌شه‌ی كوشتن له نووسه‌ره‌كه‌یشی.
له‌م كورته وتاره‌دا له‌به‌ر رۆشنایی زاراوه‌ی ((پێشبینی)) سه‌رنجێك له دیدو تێروانینی تێكسته‌كه ده‌ده‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر دوێنێ ئه‌م تێروانینه ببووه مایه‌ی سه‌رنجراكێشانی هاوڕێكانی(موكری) به‌گشتی و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی ده‌وروبه‌ری به‌تایبه‌تی ، نووسه‌ره‌كه‌یشی خستبووه به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی مردنه‌وه ، ئه‌وا ئه‌مرۆ ئه‌م تێكسته له رێگه‌ی هه‌مان تیروانینه‌كانی خۆیه‌وه كه له‌ئاست واقیعی ئه‌مڕۆ رایده‌گریت ، جارێكی دی زیندوویی گوتاری خۆی بۆ نه‌وه‌ی نوێی كورد دووپات ده‌كاته‌وه‌و له گۆشه‌نیگایه‌كی جیا له‌وه‌ی دوێنێی، ده‌قه‌كه خوێنه‌ر به دیار خۆیه‌وه راده‌گرێت و ده‌رگای گه‌نگه‌شه‌یه‌كی نوێ ده‌كاته‌وه .
• زاراوه‌ی پێشـــــــــــبینی :
له‌گوتاری ره‌خنه‌ی رۆمان‌دا پتر له زاراوه‌یه‌ك نزیكه له مانا‌و مه‌به‌ستی چه‌مكی (پێشبینی) یه‌وه .له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌نێو زاراوه‌كانی گێڕانه‌وه‌ناسیدا(علم السرد=narratology ) دوو زاراوه زیاتر نزیكن له‌م چه‌مكه‌وه : (prolepsis) و (foreshadow) كه له‌ره‌خنه‌ی رۆمانی عه‌ره‌بیدا زیاتر زاراوه‌ی (الاستباق) به‌كار هێنراوه.(2)
مه‌به‌ست له زاراوه‌ی ( prolepsis = الاستباق = ده‌ستپێشخه‌ری یان پێشبینی) * ته‌كنیكیكی گێڕانه‌وه‌یه راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ-پێش وه‌خته- باس له رووداویكی داهاتوو ده‌كات كه‌هێشتا كاتی خۆی نه‌هاتووه ، به‌و مانایه‌ی نزیكه له هه‌واڵدانی پێش وه‌خت و پێشبینیكردنی رووداوی ئاینده‌ی دۆخێكه‌وه یان كاره‌كته‌رێكه‌وه.(3)
له‌به‌رانبه‌ر زاراوه‌ی (foreshadow ) (د.عدنان خالدعبدالله) چه‌مكی (التنبۆ القصصی ) داناوه‌و به‌م شێوه‌یه‌ش پێناسه‌ی كردووه((پێشبینی له چیرۆكدا بریتییه له رێكخستن و پیشاندانی رووداوه‌كان له چیرۆك و شانۆدا به جۆرێ خوێنه‌ر ئاماده بكات بۆ خوێندنه‌وه‌ی یا دیتنی رووداوی دواتر)) (4) .
لێره‌دا پێویسته بڵێین مه‌به‌ست له چه‌مكی پێشبینی له‌م كورته نووسینه‌دا په‌یوه‌ند نییه به پێشخستنی باسی رووداوێك له نێو پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا. به‌ڵكو زیاتر مه‌به‌ستمان له‌م چه‌مكه پێشبینیكردنی دۆخێكی یان رووداوێكی واقیعییه كه رۆماننووس له رۆمانه‌كه‌یدا – راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ – پێشبینی به‌دیهاتنی كردووه . به ده‌ربرینێكی دی پێشبینیكردنی ( نووسه‌ر – ده‌ق) بۆ (ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق- واقیع).
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رچاوه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئاماژه بۆ دوو جۆر پێشبینی ده‌كه‌ن:
1- پێشبینی له بواری زانستیدا(خه‌یاڵی زانستی).
ئه‌م جۆره له‌و چیرۆك و رۆمانانه به‌دی ده‌كرێت كه نووسه‌ر تیایدا پێشبینی داهێنانێكی زانستی ده‌كات جا ئه‌م داهێنانه به‌رهه‌مێكی ماددی بێت یان گۆڕینی تێڕوانین و هه‌ڵوێستی مرۆڤ بێت له به‌رانبه‌ر ژیان و سروشت و گه‌ردوون، به گشتیش به‌م به‌رهه‌مانه ده‌گووترێ (خه‌یاڵی زانستی =الخیال العلمی= Science fiction ) یاخود (ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی زانستی). له پێناسه‌یه‌كی كورتی ئه‌م جۆره به‌رهه‌مانه(ئیزاك ئاسیمۆف 1920-1992) ده‌ڵێت((ئه‌ده‌بێكی چیرۆكئامێزه كه ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی زانست و زانایانه)) (5). وه‌ك نمووه‌یه‌كی دیاری ئه‌م به‌رهه‌مانه ئاماژه به‌چه‌ند چیرۆك و رۆمانێكی نووسه‌ری فه‌ره‌نسی جۆن گابرییل ڤێرن(1828-1905) ده‌كرێت ، دیارترینیانیش بریتییه له رۆمانی (له زه‌وییه‌وه‌وه بۆ سه‌ر مانگ-1865).
2- پێشـــبینی لـه بــواری هزرو كۆمــه‌ڵگه‌دا (خه‌یاڵی سۆسیولۆجی Sociological imagination =)**
مه‌به‌ست له چه‌مكی (خه‌یاڵی سۆسیۆلۆجی) ئه‌و جۆره پێشبینیكردنه‌یه كه نووسه‌ر له رێگه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بییه‌وه له‌باره‌ی داهاتووی دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یا ره‌وتێكی سیاسی ده‌یخاته روو، دواتر ئه‌م پێشبینییه به شێوه‌یه‌كی واقیعی به‌دی دێت. به‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌گووترێ((ئاینده‌بینیی ئه‌ده‌بی= الاستشراف الادبی = prospective literary) به بۆچوونی نووســه‌ری كتێبی (الاسـتشراف فی النص) تێروانینێكی قووڵه ، توێكڵ و رووپۆشی سه‌ر دیارده‌و رووداوه‌كان ده‌بڕێت و هه‌وڵده‌دات تیشك بخاته سه‌ر دیوی نادیاری ئاینده‌ی دۆخێك.(6)
كه‌واته مه‌به‌ست له زاراوه‌ی (پێشبینی) له (ئا ینده‌بینیی ئه‌ده‌بی) دا ئه‌و ته‌كنیكه گێرانه‌وه‌ییه نییه كه كار له‌سه‌ر پێشباسكردنی رووداوێكی نێو رۆمانێك بكات، به‌ڵكو په‌یوه‌نده به بوونی روانینێكی هزریی یا سیاسی نێو ده‌قێك كه دواتر له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع دێته ئاراوه . ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه‌ئه‌م جۆره پێشبینیكردنه ته‌كنیكی خۆی نیییه و رۆماننووس هه‌مووكات راسته‌وخۆ بۆچوونه‌كانی خۆی ده‌رده‌بڕێت ، نه‌خێر پێشبینكردنی ئاینده ته‌كنیكی خۆی هه‌یه زمان و شێوازی خۆی هه‌یه ، بۆ نموونه ده‌كرێت له رێگه‌ی مه‌زراندنی خه‌ونبینینه‌وه بێت.
وه‌ك نموونه‌ی رۆمانێك كه پێشبینی داهاتووی كردبێت ، ره‌خنه‌گران -له ئاستی جیهانییدا – ئاماژه به چه‌ندین رۆمان ده‌كه‌ن، وه‌ك رۆمانی(جیهانێكی نوێی ئازا-ئالدۆس هێكسلی ) ،( 1984جۆرج ئۆریل ) ، ( توانه‌وه‌ی یه‌فر-ئیلیا ئیهرینبۆرگ ) له‌م ده‌قانه‌دا پێشبینی چه‌ندین گۆرانكاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كراوه كه دواتر هاتوونه‌ته دی. بۆ نموونه له رۆمانی ناوبراروی(هێكسلی)پێشبینی جیهانگه‌رایی و هه‌یمه‌نه‌ی شاشه‌كان كراوه.
له‌رۆمــانی عه‌ره‌بییشدا ئاماژه به چــه‌ند رۆمانێك ده‌كرێت بۆ نموونه له رۆمانی ( یوم قتل الزعیم-1985) دا (نه‌جـیب مه‌حفوز 1911 – 2006) پێشبیتی دۆخی سیاسی میسری كردووه له باڵاده‌ستبوونی ره‌وتی سه‌له‌فییه‌كان. ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن (نه‌جـیب گه‌یلانی 1931-1995) له رۆمانی (شه‌وانی توركستان) دا پێشبینی هه‌ره‌سهێنانی كۆمۆنیزمی كردووه وه‌ك سیستمی سیاسی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو.
• چه‌مكی (پێشبینی) له (سه‌گوه‌ڕ)دا:
كاتێ كورته رۆمانی (سه‌گوه‌ڕ) ده‌خوێنینه‌وه و ته‌ماشایه‌كی دۆخی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی باشووری كوردستان ده‌كه‌ین، ئینجا له قۆناغی دوای راپه‌رینی 1991 ه‌وه پێدا وه‌ره تاده‌گاته ئێستا، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه( موكری) پێشبینی ئه‌م واقیعه‌ی كردووه‌و وه‌ك بڵێیت ئه‌مرۆی له‌به‌ر چاو بووه,
ده‌كرێ كرده‌ی پێشبینییه‌كه له دوو دیمه‌ندا به‌دی ده‌كرێت:
دیمه‌نی به‌كه‌م:- په‌نجه خستنه‌سه‌ر چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی تێو شۆرشی كوردی:
موكری زۆر وردبینانه له سیما‌و بنه‌مای بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی روانیوێتی و دروشمی سه‌ر كاغه‌زو په‌ڕۆ و وتاری حه‌ماسیی هه‌ست بزوێن ، نه‌یتوانیوه راستییه‌كانی لێ بشارێته‌وه ، بۆیه له گۆشه‌نیگای هۆشمه‌ندیی خۆیه‌وه – بوێرانه – په‌نجه‌ی خستووه‌ته سه برینه‌كانی رۆح و جه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌كه .
ئه‌م هۆشمه‌ندییه به‌شێكی به‌رهه‌می بیركردنه‌وه و رۆشنبیریی خودیی نووسه‌ر خۆیه‌تی ، به‌شێكی دیكه‌یشی ئه‌نجامی بینینی ئه‌زموونێكی تاڵ‌و دژواره له نێو شۆرشی كوردیدا.كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (سه‌گوه‌ر) پێشمه‌رگه‌یه‌كی دڵسۆز و خه‌باتكارو خاوه‌ن روانینی خۆی بووه ، كه‌چی له‌به‌ر خیانه‌تی هاورێكانی خه‌باتی شاخ ، خۆی له زیندانی دوژمن و له ژووری له سێداره‌داندا ده‌بینێته‌وه.((زانیت ،بۆت ده‌ركه‌وت ،ئێستا، ئه‌مرۆ،میلله‌ته‌كه‌ت له‌یه‌ك كاتدا برینداره‌و له‌خۆ چووه……… خۆتت هه‌ڵبژاردبه‌شداری كه‌یت له‌وه‌ی ئه‌م له‌خۆچووه وه‌ئاگا بێنیته‌وه……..ئه‌م ره‌فتاره‌ت به‌دڵی ژ كه‌سێكی مه‌سئول نه‌بوو، ده‌یانداویان بۆ ته‌نیت …ئه‌نجام ..ئه‌وه‌یه واخۆت ده‌بینی كه ئێستا له كوێدایت ل64-سه‌گوه‌ر)) .
موكری وه‌كو قه‌ناعه‌ت باوه‌ری به نوخبه‌ی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌بووه و هه‌ر زوو كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كانی به كه‌سانی هیچ له‌بارا نه‌بوو له‌قه‌ڵه‌م داوه (( ئای كه پێكه‌نینت به خۆت و به قوڕبه‌سه‌ری میلله‌ته‌كه‌ت ده‌هاته‌وه ، كه ده‌تبینی زۆربه‌ی زۆری (سكرابه‌كه سیاسیه‌كان) هه‌ر یه‌كه‌وحیزبێكی دامه‌زراند….هه‌موویش هه‌ر ده‌یووت حوكمی زاتی حه‌قیقی!له‌سه‌ر رێبازی ماركسی- سه‌گوه‌ر ل55)).
لێره‌وه (موكری) له‌سه‌ر زاری كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه‌یه‌وه ترس و خه‌می خۆی له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی نێو شۆرشی كوردی ده‌خاته‌روو ، هه‌ر لێره‌یشه‌وه پێشبینییه‌كانی
ده‌رده‌بڕێت(( …خه‌میی ئه‌وه‌ت هه‌بوو دیسانه‌وه پاش ئاشبه‌تاڵ و ئه‌م تێهه‌ڵچوونه هه‌رعه‌شیره‌تبازی و چاو پۆشین و ئاغایه‌تی له‌گۆڕدابێ…دیسانه‌وه رێ له رۆشنبیران گرتن ده‌كه‌نه ئامانج! – سه گوه‌ڕل63)).
ئیستا سه‌رنجی هه‌ر كێشه‌و گرفتێك بده‌یت له‌مانه‌ی كه خه‌م و ترسی موكری بووه، له‌گه‌ڵ واقیعه‌ی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌راوردی بكه‌یت ، ده‌بینیت نه‌ك هه‌ر هاتووه‌ته دی به‌ڵكو گرفته‌كه قووڵتر بووه‌و لق و پۆپی جیاشی لێكه‌وتۆته‌وه. ته‌نها بۆنموونه بابه‌تی رۆڵ و پێگه‌ی (عه‌شیره‌تگه‌رایی) له ژیانی سیاسی‌دا.
• روویه‌كی دیكه‌ی عه‌شیره‌تبازی:-( (هه‌ڵبژاردن و په‌نا بردن بۆ خێڵ و عه‌شیره‌ت)) ماڵپه‌ری ده‌نگه‌كان 29/7/2009رووناك شوانی.
دیمه‌نی دووه‌م:- پێشبینی (موكری) بۆ شۆرشی نوێی كورد له‌وه‌دا ده‌بینرێت ، كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (سه‌گوه‌ڕ) كۆی دروشم و گوتاری ئه‌زموونی ئه‌م شۆرشه به جۆرێك له وه‌ڕینی سه‌گ ده‌شوبهێنێت ، بۆیه وشه‌ی (سه‌گوه‌ڕ) له‌سه‌ر هه‌ر چوار لا دیواری ژووره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كۆڵێت(ل9،14 –سه‌گوه‌ڕ) وشه‌ی سه‌گوه‌ریش زۆر شتی لێده‌خوێندرێته‌وه وه‌ك(ژاوه ژاوی قه‌ره‌باڵغییه‌كی بێ پلانی تێكچڕژاو كه هیچ ئاراسته‌و ئامانجێكی روونی نه‌بێت ، كه ئه‌مه‌ش جۆرێك له بێ مانایی و بێهوده‌یی ده‌گه‌یه‌نێت) .لێره‌وه رۆماننووس دوا وشه‌یه‌ك له ژووری زینداندا له دوای خۆی به جێیده‌هێڵێت وشه‌ی (سه‌گوه‌ره) ئه‌مه‌ش – هه‌روه‌كو( د.ئازاد حه‌مه شه‌ریف) یش ئاماژه‌ی بۆ كردووه په‌یامێكه ئاراسته‌ی نه‌وه‌ی دوای خۆی كردووه ، كه چیتر نه‌وه‌ی دوا رۆژ به دروشمی سیاسییه‌كان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن.(7)
ئه‌مرۆ به‌گشتی كه‌سه‌رنجی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بده‌ین ، ئه‌مه له‌لایه‌ك ئه‌نجامی ئه‌و ((پاشا گه‌ردانی و چاوپۆشینه‌وه یه)) كه زۆر زوو (موكری ) پێشبینی كردووه. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له‌وه تێده‌گه‌ین كه موكری بۆچی وشه‌ی سه‌گوه‌ر ی بۆشۆرشی كورد به‌كارهێناوه. له‌م لایه‌نه‌وه د.ئازاد حه‌مه‌شه‌ریف له ساڵی (2008) وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌دیهاتنی پێشبینییه‌كانی موكری ده‌ڵێت(( ئَێستا موكری وه‌ڵامی خۆی بۆ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی ناو رۆمانۆكه‌كه‌ی پێیه)) (8)
ده‌توانین پوخته‌ی مه‌به‌ست له‌م دوو خاڵه‌دا :-
1- برین و نه‌خۆشییه‌كانی نوخبه‌ی سیاسی كوردی له سه‌گوه‌ڕدا ده‌خوێنینه‌وه واقیعی ئێستای كوردستان‌مان دێته به‌ر چاو ، كه سه‌رنجی ئه‌م واقیعه‌ش ده‌ده‌ین وته‌كانی موكریمان بیر ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی زیره‌كیی و هۆشمه‌ندیی رۆماننووس ده‌گه‌یه‌نێت.
رۆمانننووسی رووسی به‌ناوبانگ ایلیا أهرنبورغ ( 1891 – 1967) ده‌ڵێت (كاتێ نووسه‌ر راستییه‌ك پێش په‌نجا ساڵ یاخود به‌ر له‌رۆژێك له خه‌ڵكی بدركێنێت، ره‌خنه‌باران ده‌كرێت …به‌ڵام هه‌ستێكی خۆشه به‌ر له كه‌سانی دی په‌ی به راستییه‌كان به‌ریت گه‌ر له‌سه‌ری سه‌رزه‌نیشتیش بكرێیت) دیاره موكری به‌ر له زۆر كه‌س چه‌ند راستییه‌كی تاڵی دركاندووه و له‌سه‌ریشی نه‌ك هه‌ر لۆمه هه‌ڕه‌شه‌شی لێكراوه ،
2- كاتی خۆی (چۆمسكی) سه‌رنجی دروشم و سه‌ره‌نجامی پرۆسه‌ی (گه‌رده‌لوولی بیابان) ی (ئه‌مریكا) ی داوه‌و به ره‌خنه‌گرتنه‌وه گوتوویه‌تی ( (ئه‌رێ ئه‌مه چ گه‌رده‌لوولێك بوو كه هه‌موو شتێكی راماڵی ته‌نها دكتاتۆره‌كه نه‌بێت؟؟!!!!)) ئێمه‌ش له‌چه‌مكی (سكرابه سیاسییه‌كان) ی (سه‌گوه‌ڕ) و دۆخی ئێستای ده‌سه‌ڵاتی كوردی وردبینه‌وه ، ده‌بێ بپرسین ئه‌رێ ئه‌مه چ شۆڕشێك بوو كه دواتر (كۆچی گه‌نجان و تاڵانكردنی سامانی خاك و خه‌ڵك و قه‌یرانی نان و ئاو‌و ده‌رمان و سووكایه‌تیكردن به‌مرۆڤ و ره‌شكردنی ۆینه‌ی نیشتمانی لێكه‌وته‌وه؟؟!!!!! پرسیارێكه ده‌بوو زۆر زووتر بكرایه…پرسیارێكی چاره‌نووسسازه، وه‌ڵامی ورد‌و بابه‌تییانه‌ی ده‌وێت.
————————-
په‌راوێزه‌كــــــــــــان:
ـــــــــــــــــــــــــ
(1) ئازاد خانه‌قینی، مادێنا،چ1 ،چاپخانه‌ی خاك،سلێمانی،2000،ل69.
(2) بۆنموونه‌بڕوانه: – لگیف زیتونی، معجم مصگلحات نقدالروایه،ص15.
– محمد الفاچی (اشراف)نعجم السردیات،ص21.
(*) د . ئیبراهیم قادر له نامه‌ی دكتۆراكه‌یدا(لیكۆلینه‌وه‌ی كورته‌چیرۆكی كوردی) بۆ وشه‌ی(استباق)وشه‌ی (ده‌ستپێشخه‌ری) به‌كارهێناوه، به‌ڵام (د.نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی) له نامه‌ی دوكتۆراكه‌یدا(بینای كات له سێ نموونه‌ی رۆمانی كوردیدا) وشه‌ی(پێشخراو) و دواتریش وشه‌ی (پێشبینی) به‌كارهێناوه .
(3) معجم مصگلحات نقدالروایه،ص15.
(4) د.نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی)، بینای كات له سێ نموونه‌ی رۆمانی كوردیدا، ل 230.
(5) ادب الخیال العلمی ، (كتاب الپقافه الاجنبیه)، دار الشۆون الپقافیه، بغداد، ص14.
(**) ئه‌م چه‌مكه له بۆچوونه‌كان و ناویشانی كتێبه‌كه‌ی (رایت میلز) ه‌وه (الخیال السوسیولوجی – ترجمه صالح جواد كاڤم ) وه‌رگیراوه..
(6) عبدالرحمن العكیمی، الاستشراف فی النص ،ص17.
(7) گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق ژ(63)2008، ل19.
(8) گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق ژ(63)2008، ل19.
سه‌رنج:- له‌م وتاره‌دا پشت به ده‌قی (سه‌گوه‌ڕ) چاپی چواره‌م 1998،چاپخانه‌ی داناز به‌ستراوه .