Skip to Content

سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆوە.. نیهاد جامی

سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆوە.. نیهاد جامی

Closed
by حوزه‌یران 12, 2025 General, Literature, Theatre



لەدەرەوەی ژانری شانۆنامە، ئاخۆ کاتێک ژانرێکی تری ئەدەبی باس لە شانۆو گرنگی ئەو هونەرە بکات، دەبێت چ نهنێیەک لەودیوی دنیای شانۆ بخاتە ڕوو؟ هیچ کاتێک ئەو پرسیارەم ئاراستەی خۆم نەکردبوو، تا ئەو کاتەی هەر سێ نۆڤلێتەکەی «دانێل پیناک» م نەخوێندبۆوە.
هەر یەک لەم سێ نۆڤلێتە سەر بەیەک دنیان و گەر خۆمان بەهەڵەدا نەبەین دەتوانین وەک یەک دەستنووس لەسێ پاکنووسدا ناویان بەرین، نۆڤلێتی یەکەم بەناونیشانی««سوپاس» چیرۆکی ئەکتەرێکی شانۆییە، وەک نوسەر ئاماژەی بۆ دەکات زیاتر لەمۆنۆلۆژێکی درێژ دەچێت، چەندین جار وەک شانۆنامە لە فەرەنسا و ئیتالیا نمایش کراوە.
ئەکتەرێک خەڵات وەردەگرێت، لێرەدا پەیوەندی نێوان ئەکتەر و وشەی سوپاس وەک مۆتیڤێک دەردەکەوێت کە بەدرێژایی گێڕانەوەی چیرۆک، ئێمە سوپاس گوزاری ئەکتەرێک دەبینین، کە سوپاسی خۆی دەخاتە ڕوو بەهۆی وەرگرتنی خەڵاتەوە، ئەو سوپاسە دەچێتە ناو نهنیەکانی نمایشی شانۆیی، تا دەگات بە شێوازی خەلات وەرگرتن لەفێستڤاڵەکاندا، کاتێک ئەوەی بیر دێتەوە هەست بە ئازار دەکات، چونکە دەزانێت پێوەری وەرگرتنەکانی خەڵات چین، کۆی ئەوانەش خاڵی نین لەو کەسەی کە رۆژی خەڵاتەکە و ڕێ و ڕەسمەکە دەیخوازێت، کە دەبێت بڕاوەی خەلات پابەندی کۆی ئەو سیستمە بێت، لەوەشدا ئەکتەر وەک مرۆڤێک دەزانێت بووە بە نەریت لەکاتی وەرگرتنی خەڵات دەبێت سوپاسی خانەوادەکەی و لێژنەی دادوەری و هاورێکانی بکات، هەر کەسێک کە بێتە سەر زمانی و بیناسێت سوپاسگوزاری بێت لەوەی وایان کردووە رێز لەشەونخونی و کاری ئەو بگرن، لەوەشدا باس لەو وەزیرەش دەکات کاتێک خەلات دەبەخشێت تەنیا سەیری خۆی دەکات نەک براوەی خەلاتەکە.
گێڕانەوە کۆی چیرۆک لەناو ووشەی سوپاس دەهێلێتەوە، کە ئەم ووشەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هەر نهێنی و ڕاستیەک ئاماژەی بۆ بکرێت، دەبێت زادەی ئەم ووشەیە بێت، تەنانەت سوپاس لە ستایشەوە بۆ دەرنەبڕینی ستایشیش، کاتێک باس لەوانە دەکات کە هەرگیز سوپاسیان ناکات، گێڕانەوەکانی کارەکتەر ئەو ڕاستیەی نووسەر بە ڕوونی دەردەخات کە مەنەلۆژێکی شانۆیی زیاتر لەسەر شێوازی شانۆی تاکئەکتەری خۆی دەنوێنێت، رەنگە ئێمە ئەو تێکستە خەیاڵمان بەرێتەوە لای شانۆنامەی «گۆڕانی مالئاوایی» چێخۆڤ، بەهۆی ئەوەی ئەکتەرێک باس لەشانۆ و نهێنیەکانی دەکات، بەڵام لەبنەرەتدا تەواو لەو بابەتەوە دوورە، ڕەنگە هەموو نزیکیەکە هەر لەوەدا بێت کە ئەکتەرێک باس لەشانۆ دەکات، بەناو ناوبردنی نزیکی نێوان ئەو دوو تێکستە لەڕاستیدا ئاکارێکی نووسینە شانۆییەکانی کوردیە، بەوەی ئاسانترین رەخنەیەک دروست بکرێت تۆمەتبارکردنی تێکستەکانە بەیەکتری، رەنگە بپرسن: ئەی ئێمە بۆچی ئەو نمونەیەمان هێنایەوە؟
ئەو پرسیارە لەشوێنی خۆیدایە و تەنیا مەبەستمان ئەوەیە ئەوانەی لەو بارەیەوە دەنووسن بتوانن خێرا فرمانە سەپێنراوەکانیان بەسەر تێکست یەکلا نەکەنەوە، نووسینی کوردی بەناوی توێژینەوە پڕیەتی لەو فرمانانە، بەتایبەت کاتێک قسە لەشانۆنامەی کولتوری خۆرئاوایی دەکەن.
بەهۆی شێوازی گێڕانەوە، نووسەر ئەوەی بە پەسند زانیووە ناوی بنێت نۆڤلێت نەک شانۆنامە، ئەوەش بەتەنیا وەک یەک تێکست کۆتایی نایەت، بۆیە ووشەی سوپاس دەبێت بە ناونیشانی کتێبێک و لەو روانگەیەوە سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆ دەگرنە خۆیان.
نۆڤلێتی دووەم بەناونیشانی «ئیتالیەکانی من: تۆماری سەرکێشیەکی شانۆییە» خوێنەر تووشی هیچ دابڕانێک نابێت لەگەڵ نۆڤلێتی یەکەمدا، تەنانەت گێڕەرەوە هەوڵ دەدات ئەوەمان وەک دەستنووسێکی تری تێکستی «سوپاس» پێ نیشان بدات، ئەو پاکنوسە وەک جۆرێک ئیشکردنەوەیەکی سەر لەنوێ ناو دەبات، لەوەشدا بۆ کۆمەکی خۆی پەنا دەباتە بەر رۆمانی «مەدام بۆڤاری» فلۆبێر، بەوەی گەر فلۆبێر ئەمجارە ئەو رۆمانە بنووسێتەوە زۆر شت لا دەبات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کاتێک لەم نۆڤلێتەدا دەیەوێت تێکستەکە بخاتە سەر شانۆ نیوەی زیاتری دەبڕێت، لێرەدا ئێمە هەست ناکەین نۆڤلێتێک دەخوێنینەوە، وەک چۆن هەست بەوەش ناکەین لەبەردەم شانۆنامەیەکداین، بەڵکو لەناو خودی ژیان و شانۆداین، وەک ئەوەی لەناو ئەزموونی نووسین و شانۆ و خودی ژیاندا بین.
پەیوەندی راستەوخۆی ژیان لەپاریس و شانۆ وەک هونەر دەبنە مۆتیڤی سەرەکی، تا دەگاتە ئەوەی گوێ لەپرۆگرامی رادیۆ دەگرێت بە زمانی ئیتالی، لێرەدا دەچینە سەر پەیوەندی ناونیشانی ئەم نۆڤلێتە، ئیتالیەکانی ئەو بریتین لە ژنە ئیتالیەکەی و هاوڕێ ئیتاڵیەکەی، سەرباری ئەوەی وەک ئاماژەی بۆ دەکات نیوەی دانیشتوانی پاریس بە ئیتالی قسە دەکەن، بەتایبەت وەک دەرهێنەرەکەی باسی بۆ کردووە کە شانۆنامەکە لەفێستڤالێک نمایس دەکرێت، تایبەتە بە ژنانی ئیتاڵی، ئەوەش پەیوەندی ئەو سەرکێشیە شانۆییەتی لەگەڵ ئیتاڵیەکانیدا، وەک لەناونیشانەکەوە سەرنجمان بۆ لای خۆی ڕادەکەشێت.
ئەم نۆڤلێتەیان وەک پەراوێزێک بۆ نۆڤلێتی «سوپاس» دەردەکەوێت، گێرەرەوە خودی نوسەری نۆڤلێتەکەیە، کە دەیەوێت نواندنی تیا بکات، باس لەو چوار نمایشەی پێشوو دەکات کە شانۆکارانی پێش ئەو لەچوار نمایشی جیاوازدا کاریان تیای کردووە.
ئەگەرچی گێرەرەوە خۆی بە رۆمانوس دەزانێت نەوەک شانۆنووس، ئەوەش حەقیقەتی نوسەری ئەو کتێبەیە، بۆیە باس لەوە دەکات کە نوسەرانێکی زۆری شانۆ هەبوون نواندنیان لەشانۆنامەکانی خۆیاندا کردوە، نمونە دێنێتەوە بە مۆلیێر و شکسپیر و تا دەگات بە داریۆفۆ، لەهەمان کاتدا باس لەو رۆمانوسانە دەکات کە شانۆنامەیان نوسیووە، لەوانە کامۆو وسارتەر کە خۆیان نواندنیان لەشانۆنامەکان نەکردووە، بۆیە گێرەرەوە «نەوەک نوسەری کتێبەکە» خۆی بەیەکەم رۆمانوس دەزانێت کە نواندن لەشانۆنامەی خۆی دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەم نوسینەی ئێمە بە زمانی کوردیە، بۆیە کەمێک لەو باسە دوردەکەمەوەو ئاماژە بە بابەتێک دەکەم.
گەر نوسەری ئەم کتێبە شانۆکارێکی کورد بوایە، مامۆستایانی بواری رەخنەی ئەدەبی وا سەیری ئەو کتێبەیان نەدەکرد کە سێ نۆڤلێت بێت، بەڵکو وەک یادداشتنامە و شانۆ سەیریان دەکرد، هەر وەک ئەو قسە قۆشمانەی زۆرجار رووبەروی خودی خۆمان کراوەتەوە، کە ژیانی رۆژانە دەنوسینەوە، ئەو لادانە لەقسەکردنمان لەم کتێبە بۆ ئەوەیە رەخنەگران و نوسەرانێکی زۆر کەمێک فراوانتر سەیری ئەدەب بکەن، بتوانن ئاشنایەتی پەیدا بکەن بە تێکست و کتێبی نوێوە.
نۆڤلێتەکە بەدوای گەیشتنی شانۆنامەکە بۆ سەر تەختەی شانۆ کۆتایی دێت، کە کۆی نۆڤلێتەکە بریتیە لەکارکردن لەناو شانۆنامە وەک نووسین، دواتر پرۆڤە لەتێکستەکە و تا چوونی بۆ سەر تەختەی شانۆ، سەرباری پەیوەندی بە ژیانی کولتوری پاریسیەوە، کۆتایی ئەو نۆڤلێتە دەرگایەکیترمان بۆ دەکاتەوە، تاوەکو گەشت بەناو ئەو دنیا شانۆییە بکەین، بۆیە نۆڤلێتی سێ یەم دەست پێ دەکات لەژێر ناونیشانی «سوپاس؛ ئیقتیباسێکی شانۆیی» ئەم نۆڤلێتە بەتەواوی لەنوسینی شانۆنامەیەکەوە نزیکە، بە دیمەنی سەر تەختەی شانۆ دەست پێ دەکات، دەتوانین ئەو نۆڤلێتە ناو بەرین، بە دەستپێکێک بۆ کۆتایی نۆڤلێتی دووەم، بۆیە هەر سێ نۆڤلێتەکە لەبارەی شانۆو بەدەوری ووشەی سوپاس دەسورێنەوە، سوپاس وەک ووشەو کردار ڕووبەرێکی گەورەی ئەو سێ تێکستە بەدوا یەکە پێکدێنێت، کە لە کتێبێکدا کۆبوونەتەوە، تابلۆکانی هیتلەر کە لە نۆڤلێتی یەکەم باسی لێوە دەکات، لە نۆڤلێتی سێ یەم بیرمان دێنێتەوە، هیتلەر ئەو مرۆڤەی ملیۆنەها کەسی بێگوناهی کوشت، کەچی پێشتر خەریکی نیگارکێشان بووە، ئەوە زانیاریەک نیە گێرەرەوە پێمانی ببەخشێت، هێندەی کەنالی پەیوەندی نێوان نۆڤلێتەکانە، نەک ئەو سێ تێکستە لەیەکتری دانابرێت، بەڵکو هەمیشە دەیەوێت وەک زنجیرەیەکی بەدوای یەک هاتوو بیانبینین، کە لەکۆتاییدا هەر سێ نۆڤلێتەکە وەک ڕۆمانی سوپاس بخوێنینەوە
لەلاپەڕەکانی کۆتاییدا تێدەگەین بۆچی ناونراوە «سوپاس» ئەو ستایشە پێوەری وەرگرتنی خەلاتەکانە، جا با خەڵاتەکە وەک رێزلەنان بێت بۆ تەواوی کارەکانی ژیانت، بۆیە لەکۆتاییدا ئەو وشەیە لەستایشەوە دەگۆرێت بۆ ئاماژەیەکی هەڕەشە کە سوپاسی بەرێز بلامارد ناکات، ئەوەی شایستەی سوپاس بێت ئەو نیە مرۆڤەکانی دەرەوەی خەڵاتەکانن، مرۆڤگەلێکی پەراوێزی ناو ژیان، ئەوانەی کاری خزمەتگوزاری و ساقیەتی مەیخانەکان دەکەن.

نیهاد جامی- فەڕەنسا

mm

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی نیهاد جامی کلیکی ئەم لینکە بکەن: http://www.dengekan.com/kteb_nihad.htm لە 05-03-1972 لە گەڕەکی حەمام عەلی بەگی شاری کەرکووک لەدایک بووە.. نووسەر و دەرهێنەری شانۆییە.. خاوەنی خەلاتی باشترین دەرهێنەری شانۆییە لە ڤیستڤاڵی شانۆی هەولێر لەلایان وەزارەتی ڕۆشنبیریی لە 1995.. لە ئێستاشدا دانیشتوی وڵاتی فەرەنسایە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress