كێشه‌ی میتۆد له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا … د. فوئاد ڕه‌شید
(ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه):
كتێبی (ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكدا…) وه‌ك نموونه.
د. فوئاد ڕه‌شید
كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی ـ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
بابه‌تی میتۆد و میتۆدگه‌رایی، بابه‌تێكی گرنگی نێو بزاڤی ڕه‌خنه‌یی هه‌ر میلله‌تێكه، چونكه چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی ئاماده‌بوونی میتۆدی ڕه‌خنه‌یی (المنهج النقدی Critical Method) له گوتاری ڕه‌خنه‌ییدا، ئاماژه و ده‌لاله‌تی خۆی هه‌یه له‌سه‌ر ڕوانین و ئاستی هۆشمه‌ندیی ئه‌م بزاڤه له به‌رانبه‌ر پرۆسه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بی و كاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییشدا.
هه‌ڵبه‌ته بابه‌تی میتۆدی ڕه‌خنه‌یی، بابه‌تێكی فره لایه‌نه و ده‌ركه‌وته‌ی جیاوازی هه‌یه، هه‌ر له ئاماژه‌دان به جۆری میتۆدێكهوه تا ده‌گاته ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه پێیوایه (نامیتۆدبهندیی)ش بۆ خۆی له خۆیدا جۆرێكه له (میتۆدبه‌ندیی).
ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌دا زیاتر مه‌به‌ستمانه كرده‌ی ئاماژه‌دانه به میتۆدێكی ڕه‌خنه‌یی دیاریكراو له‌نێو توێژینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییدا، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كتێبی [ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكدا به نموونه‌ی كۆچیرۆكی (كێ وه‌ستا كه‌ریمی كوشت؟) ]* ده‌كه‌ینه نموونه‌ی نووسینه‌كه‌مان، به‌ڵام ته‌نها له ئاستی میتۆدۆلۆژییه‌وه و په‌یوه‌ندیمان به چیرۆكه‌كانه‌وه نییه.
نووسه‌ری ئه‌م كتێبه، له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌ی نووسیوێتی:
(شیكردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه له ڕوانگه‌ی بنیاتگه‌ری سۆسیۆلۆجیه‌وه). هه‌ر له‌م لایه‌نه‌وه، نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه (7)دا ده‌رباره‌ی میتۆدی توێژینه‌وه‌كه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌خاته به‌رده‌ستی خوێنه‌ر و نووسیوێتی ((بۆ نووسینی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه په‌یڕه‌وی میتۆدی بنیاتگه‌ری سۆسیۆلۆجیمانكردووه كه لووسیان گوڵدمان به‌سوود وه‌رگرتن له بۆچوونه‌كانی بلیخانۆف و جۆرج لۆكاش بناغه‌ی بۆ داناوه و په‌ره‌ی پێداوه، چونكه له‌م میتۆده‌دا جگه له بایه‌خدان به‌لایه‌نی هونه‌ری چیرۆك له هه‌مان كاتدا بایه‌خ به‌لایه‌نی هزری و په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی دراوه..)).
ئه‌گه‌رچی ئاماژه‌دان به جۆری میتۆدی ڕه‌خنه‌یی له توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییدا، به هه‌نگاو و ئه‌دگارێكی زانستییانه‌ی هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ژمێردرێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا (ڕه‌خنه‌گر) ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌وه. به‌رپرسیارێتی ڕاده‌ی پابه‌ندبوون و په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و میتۆده‌ی كه ئاماژه‌ی پێداوه، چونكه لادان له‌م پهیڕهوكردنه یان هه‌ڵه‌كردن تێیدا، توانا و ئاستی هۆشمه‌ندیی ڕه‌خنه‌گر ده‌خاته ژێر پرسیاری (خوێنه‌ر ـ ڕه‌خنه‌گر)ه‌وه و هه‌ر لێره‌شه‌وه په‌نجه خستنه هه‌ڵه میتۆدۆلۆژییهكانی نێو كاره ڕه‌خنه‌ییه‌كه، ده‌بێته ئه‌ركی (ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه).
ئێستا با وردبینه‌وه و بزانین له كوێی كتێبی (ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكدا…) باسی چه‌مك و بنه‌ماكانی (بنیاتگه‌ری سۆسیۆلۆجی) كراوه و له كوێدا ڕوانین و زاراوه‌كانی میتۆده‌كه‌ی (لوسیان گۆڵدمان) پراكتیك كراوه؟؟
له‌سه‌ره‌تادا ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی پێرستی بابه‌ت و بڕگه‌كانی كتێبه‌كه بكه‌ین، كه به‌م شێوه‌یه نووسه‌ر له لاپه‌ڕه (4)دا تۆماری كردووه:
به‌شی یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له‌ڕووی تیۆرییه‌وه
أ ـ پێناسه‌ی حه‌كایه‌تخوان.
ب ـ جۆره‌كانی حه‌كایه‌تخوان:
1ـ حه‌كایه‌تخوانی هه‌مووشتزان.
2ـ حه‌كایه‌تخوانی كهمشتزان.
3ـ حه‌كایه‌تخوانی هه‌مانشتزان.
به‌شی دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكه‌كاندا:
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكی (كێ وه‌ستا كه‌ریمی كوشت؟).
ته‌وه‌ری دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكی (مه‌رگه‌ساتی جه‌نگ)دا.
ته‌وه‌ری سێیه‌م: ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكی (ئه‌نفال و پووره زه‌ینه‌ب)دا.
ته‌وه‌ری چواره‌م: ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكی (كوژراوێكی بێ تاوان)دا.
ئه‌نجام
لیستی سه‌رچاوه‌كان.
دیاره له‌م پێرسته‌دا تاقه وشه‌یه‌ك به‌دی ناكرێت كه سه‌ر به میتۆدی (گۆڵدمان) بێت.
نووسه‌ر به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ی ته‌رخانكردووه بۆ لایه‌نی تیۆریی (ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان)، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا كارێكی باشه كه خوێنه‌ر ئاشنا ده‌كات به بۆچوونه تیۆرییه جیاوازه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و چه‌مكه ڕه‌خنه‌ییه‌ی كه ڕه‌خنه‌گر كاری له‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر ڕه‌خنه‌گرێك كاتێ ئاماژه به‌وه ده‌دات كه فڵانه میتۆد له كاره‌كه‌یدا په‌یڕه‌و ده‌كات، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئاماژه به بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی ئه‌م میتۆده ده‌كات و ئه‌وه‌ش ڕوون ده‌كاته‌وه كه كار له‌سه‌ر چی چه‌مك و بڕگه‌یه‌كی ئه‌م میتۆده ده‌كات. جێگای سه‌رنجه له‌م به‌شه تیۆرییه‌دا جگه له شرۆڤه‌كردنی چه‌مكی (ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان) به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی میتۆدی (لوسیان گوڵدمان) نه‌كراوه!! نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌نده، به‌ڵكو هه‌ندێ بیروبۆچوونی ئهدهبناسانی وه‌ك (تۆدۆرۆف) و (ژیراژینیت) و (ژان بۆیۆن) خراونه‌ته‌ڕوو، كه بۆچوونه‌كانیان تێڕوانین و ژێده‌رێكی زۆر جیاوازیان هه‌یه له‌گه‌ڵا میتۆده‌كه‌ی (گۆڵدمان).
ڕاسته نووسه‌ر له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه میتۆده‌كه‌ی گۆڵدمان، جگه له بایه‌خدان به‌لایه‌نی هونه‌ری چیرۆك له هه‌مان كاتدا بایه‌خ به‌لایه‌نی هزری و په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی داوه، ئه‌مه وته‌یه‌كی هه‌ڵه و خراپ نییه، به‌ڵام له ئاست (میتۆدی گۆڵدمان) وته‌یه‌كی تا بڵێی ساده و ساكاره.
هه‌ر میتۆدێكی ڕه‌خنه‌یی خاوه‌نی تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیه‌تی له‌به‌رانبه‌ر چه‌مكی ئه‌ده‌ب (سروشت و ڕۆڵا و ئه‌رك) هه‌روه‌ها له‌به‌رانبه‌ر گوتاری ڕه‌خنه‌ییشدا. جۆر‌و چۆنێتی ئه‌م تێڕوانینه، میكانیزم و ئامانجی هه‌نگاوه ڕه‌خنه‌ییه‌كانی میتۆده‌كه دیاری ده‌كات.
میتۆده ڕه‌خنه‌ییه‌كه‌ی لوسیان گۆڵدمان (1913 ـ 1970) كه به میتۆدی بونیادگه‌ری پێكهاتوویی (البنیویه التكوینیه = Genetic Structuralism) ناسراوه، ناوبراو ئه‌م میتۆده‌ی له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه داڕشتووه كه ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه، له‌چه‌ند ئاستێكی جیاوازدا، گوزارشت له جیهانبینی ده‌كه‌ن و ئه‌م جیهانبینییه‌ش پتر كۆمه‌ڵایه‌تییه، نه‌ك تاكه كه‌سی(1)، هه‌ر بۆیه‌شه (گۆڵدمان) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ڕه‌خنه‌ی سۆسیۆلۆژی یان بونیادگه‌ری پێكهاتوویی له‌و بنچینه‌یه‌وه كار ده‌كات كه په‌یوه‌ندیی جه‌وهه‌ریی له‌نێوان ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و داهێنانی ئه‌ده‌بییدا، په‌یوه‌ست نییه به نێوه‌ڕۆكی ئه‌م دوو لایهنهوهیهوه، به‌ڵكو له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌سته به بنیاتی عه‌قڵیی و زه‌ینییه‌وه و ده‌كرێت ئه‌مه به‌چه‌ند كهتیگۆرییهك (Category) ناوبنرێت، كه له‌هه‌مان كاتدا هۆشیاریی كرده‌یی ده‌سته‌و توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو ڕێك ده‌خات، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و جیهانه خه‌یاڵییه‌ی كه نووسه‌ر دایده‌هێنێت(2).
به كورتی و به گشتی میتۆدی بونیادگه‌ری پێكهاتوویی له‌سه‌ر چوار چه‌مكی سه‌ره‌كی دامه‌زراوه:
1ـ جیهانبینی. 2ـ بنیاتی نیشانكار.
3ـ هۆشیاریی شیاو هۆشیاریی كرده‌یی. 4ـ تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه.
هه‌ریه‌ك له‌م چه‌مك و زاراوانه، به‌لای گۆڵدمانهوه مانا‌و مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی و دیاریكراوی خۆی هه‌یه. گۆڵدمان له نووسینه‌كانی خۆیدا مانا‌و ڕامانی خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌م چه‌مكانه ڕوونكردووه‌ته‌وه. بۆ نموونه له كتێبی (خودای نادیار) و (ده‌روازه‌یه‌ك بۆ سۆسیۆلۆژیای ڕۆمان) و (میتۆدبه‌ندیی له سۆسیۆلۆژیای ئه‌ده‌ب) و (زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان و فه‌لسه‌فه).
شرۆڤه‌كردنی چه‌مك و زاراوه‌كانی بونیادگه‌ری پێكهاتوویی (گۆڵدمان) نووسینی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێت و ئێره جێگای نییه.
دوای ئه‌وه‌ی ئاماژه‌مان به ڕوانین و گرنگترین چه‌مك و زاراوه‌كانی میتۆده‌كه‌ی (گۆڵدمان) كرد، ئێستا ته‌ماشای لاپه‌ڕه (7) كتێبی (ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان….) ده‌كه‌ین كه نووسه‌ر تیایدا ده‌ڵێت: ((بۆ نووسینی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه په‌یڕه‌وی میتۆدی بنیاتگه‌ری سۆسیۆلۆجیمان كردووه كه لووسیان گۆڵدمان… بناغه‌ی بۆ داناوه…)).
لێره‌دا (خوێنه‌ر) جێی خۆیه‌تی به وردیی له كتێبه‌كه‌ی (د. نه‌جم) ڕابمێنێت و بپرسێت له كوێی ئه‌م كتێبه‌دا په‌یڕه‌وی له چه‌مك و زاراوه ڕه‌خنه‌ییه‌كانی (گۆڵدمان) كراوه؟؟! یان نووسه‌ر كاری له‌سه‌ر كامه چه‌مكی میتۆده‌كه‌ی (گۆڵدمان) كردووه؟؟
له سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی نێوه‌ڕۆكی كتێبی ناوبراودا چه‌مك و روانینێكی ره‌خنه‌یی میتۆدی گۆڵدمان به‌دی ناكرێت !!
(ئه‌نجام) هه‌نگاوێكی ستراتیژی هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی بابه‌تییه، ده‌كرێت له رێگای ئه‌نجامی هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كه‌وه ، ده‌رك به سیماوسروشتی توێژینه‌وه‌كه بكرێت.(ئه‌نجام) ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و میتۆده‌یه كه توێژه‌ر له توێژینه‌وه‌كه‌یدا په‌یڕه‌وی كردووه .
نووسه‌ری كتێبی (ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكدا….) كارێكی باشی كردووه‌كه بۆ هه‌ر به‌ش و ته‌وه‌رێكی توێژینه‌وه‌كه‌ی چه‌ند ئه‌نجامێكی دیاریكردووه، به‌ڵام هیچ خاڵێكیان زاده‌و به‌رهه‌می میتۆده‌كه‌ی گۆڵدمان نییه .
له ڕاستیدا په‌یڕه‌وكردنی میتۆده‌كه‌ی (گۆڵدمان)، میكانیزم و ئامانجی دیاریكراوی خۆی هه‌یه و زۆر له‌وه وردتر‌و زیاتریشه كه یه‌ك دوو قسه‌ی گشتی بكه‌یت یاخود ته‌نها بڵێی ئه‌م كاره‌كته‌ره باسی جه‌نگ ده‌كات یان له فڵانه دیالۆگدا باسی كێشه‌ی ژیان كراوه…
به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاماده نه‌بوونی میتۆدی گۆڵدمان له كتێبی (ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكدا…) ئه‌و سه‌رچاوانه‌یه كه نووسه‌ر له نووسینی توێژینه‌وه‌كه‌یدا سوودی لێبینیوه. هه‌ڵبه‌ته هه‌ر نووسه‌رێك ئازاده سوود له‌چی سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌بینێت، به‌ڵام جێگای پرسیاره كه كه‌سێك له توێژینه‌وه‌كه‌یدا گوایه (په‌یڕه‌وی میتۆدی گۆڵدمان) ی كردووه، كه‌چی یه‌ك سه‌رچاوه‌ی (گۆڵدمان) خۆی به‌كارنه‌هێنێت؟!!
هێنده‌ی من ئاگاداربم چه‌ندین كتێب و توێژینه‌وه‌ی (گۆڵدمان) وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، وه‌ك:
ـ لوسیان غولدمان، مقدمات فی سوسیولوجیه الروایه، ترجمه (بدرالدین عرودكی).
ـ لوسیان غولدمان، المنهجیه فی علم الاجتماع الادبی، ترجمه مصگفی الشناوی.
ـ لوسیان غولدمان، العلوم الانسانیه والفلسفه، ت. د. یوسف الانگاكی.
ـ النبیویه التكوینیه والنقد الادبی ، ( كتێبێكه سێ نووسینی گۆڵدمانی تێدایه).
خۆ ئه‌گه‌ر نووسه‌ر سه‌رچاوه‌كانی خودی (گۆڵدمان)ی له‌به‌رده‌ست نه‌بووبێت، ده‌كرا سوود له چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی دیكه ببینێت كه نووسه‌رانی تر ته‌رخانیان كردووه بۆ شرۆڤه‌كردنی میتۆده‌كه‌ی گۆڵدمان هه‌ر بۆ نموونه.
ـ د. جمال شحید، فی البنیویه التكوینیه.
ـ محمد ندیم خشفه، تاصیل النص (المنهج البنیوی لدی لوسیان غولدمان).
ـ عوسمان یاسین، بونیادگه‌ری پێكهاتوویی(میتۆدی لوسیان گۆلدمان)، هه‌ولێر، 1999.
جا كاتێ نووسه‌ر سه‌رچاوه‌كانی خودی (گوڵدمان) خۆی و ئه‌وانه‌یشی میتۆده‌كه‌یان شرۆڤه‌كردووه، به‌كارناهێنێت، ئه‌ی ئیتر چۆن ده‌توانێت میتۆده‌كه‌ی په‌یڕه‌و بكات؟؟!!
ئه‌م كتێبه‌ی (د. نه‌جم) وه‌كو توێژینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی، له‌ڕووی میتۆدبهندییهوه، ده‌كرێت تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌نێو بازنه‌ی (ڕه‌خنه‌ی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه) پۆلین بكرێت، له‌م جۆره ڕه‌خنانه‌دا زیاتر گرنگی به ئه‌دگاره زمانییه‌كانی گوتاری گێڕانه‌وه ده‌درێت و تیایدا بابه‌ته‌كانی شێوازی گێڕانه‌وه و په‌یوه‌ندی نێوان گێره‌ڕه‌وه (الراوی) و بۆ گێڕاوه (المروی له) و ئه‌رك و جۆره‌كانی گێرهڕهوهش تاوتوێ ده‌كرێت.
توێژینه‌وه‌كانی ڕه‌خنه‌گر و تیۆریزه‌كارانی گێڕانه‌وه‌ناسی (Narratology) وه‌ك (ژیراژینیت) و (ڕۆلان بارت) و (تۆدۆرۆف) نموونه‌ی ئه‌م جۆره ڕه‌خنانه‌ن(3).
له‌م لایه‌نه‌وه تێبینی ده‌كرێت (د. نه‌جم) گرنگییه‌كی زۆری به ده‌ركه‌وته و جۆره‌كانی گێره‌ڕه‌وه داوه و تاڕاده‌یه‌ك ده‌ستی بۆ بابه‌ت و سه‌رچاوه‌ی باشیش بردووه و سوودیشی له بۆچوونه‌كانی (بارت و ژینیت و تۆدۆرۆف) بینیوه(**).
له كۆتایی ئه‌م نووسینه‌دا به پێویستی ده‌زانم ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م، ئه‌م نووسینه نایه‌وێت بڵێت (د. نه‌جم) له‌م كتێبه‌یدا خۆی ماندوو نه‌كردووه و هیچی نه‌كردووه، نه‌خێر ئه‌م نووسینه ده‌ڵێت، كتێبی (ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكدا….) به هه‌بوونی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی كه نووسراوه. (شیكردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه له ڕوانگه‌ی بنیاتگه‌ری سۆسیۆلۆجییه‌وه) وه ئه‌و وته‌یه‌ی نووسه‌ره‌كه‌ی كه له‌لاپه‌ڕه حه‌وتدا تۆماریكردووه و گوایه (په‌یڕه‌وی له میتۆدی لوسیان گۆڵدمان كردووه) ئه‌م كتێبه به‌م ڕستانه خۆی خستووه‌ته نێو قه‌یرانێكی میتۆدۆلۆژییه‌وه، چونكه كتێبه‌كه له‌ڕووی زانستی و بابه‌تییه‌وه ، نه (شیكردنه‌وه‌یه‌كی بنیاتگه‌ری سۆسیۆلۆجییه) و نه (په‌یڕه‌ویشی له میتۆدی گۆڵدمان) كردووه. ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه‌ش به‌وه ده‌بێت ، نووسه‌ری كتێبه‌كه ئه‌و ڕستانه‌ی سه‌ر به‌رگ و نێو كتێبه‌كه لابه‌رێت كه گوایه توێژینه‌وه‌كه سه‌ر به بنیاتگه‌ری گۆڵدمانه، یاخود له چاپی دووه‌می كتێبه‌كه‌یدا، دووباره پێیدا بچێته‌وه و سه‌ر له‌نوێ له‌به‌ر ڕۆشنایی بۆچوونه‌كانی یان چه‌مكێك له چه‌مكه‌كانی لوسیان گۆڵدمان دایڕێژێته‌وه.
————————
په‌راوێزه‌كان:
(*) پ. ی. د. نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی، ده‌سه‌ڵاتی حه‌كایه‌تخوان له چیرۆكدا به نموونه‌ی كۆچیرۆكی (كێ وه‌ستا كه‌ریمی كوشت؟) له نووسینی (موحسین چینی)، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، هه‌ولێر، 2015.
(1) جان إیف تادیه، ت: د. قاسم المقداد، النقد الادبی فی القرن العشرین، ص 239.
(2) لوسیان غولدمان، المنهجیه فی علم الاجتماع الادبی، ت مصگفی الشناوی، ص 10.
هه‌روه‌ها : د. الشریف حبیله، البنیویه التكوینیه والنقد الروانی ـ رۆیه لوسیان غولدمان: Elkitab.blogspot.com
(3) د. عبدالله ابراهیم، السردیه: المفهوم والاتجاهات، گۆڤاری (أفاق عربیه) ژ (4) 1992، لاپه‌ڕه (114).
(**) ئه‌م سه‌رنجه‌مان په‌یوه‌سته به مه‌سه‌له‌ی میتۆدبهندییهوه، ئینجا (د. نه‌جم) له‌ورده‌كاریی توێژینه‌وه‌كه‌یدا و له ئاست چیرۆكه‌كاندا چه‌نده پێكاویه‌تی، ئه‌مه‌یان بابه‌تێكی دیكه‌یه‌و نووسینی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێت.