Skip to Content

مەمەد ئەکتاش: یەڵماز گۆنای کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە

مەمەد ئەکتاش: یەڵماز گۆنای کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2019 Cinema, General

مەنسوور جیهانی ـ “مەمەد ئەکتاش” سینەماکاری کورد و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” گوتی: “یەڵماز گۆنای” کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە.

“مەمەد ئەکتاش” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” سەبارەت بە فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” The Legend of the Ugly King سەبارەت بە ژیانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yilmaz Güney لە دەرهێنانی “حوسێن تەباک” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا کە لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی “سینەما حەقیقەت” Cinema Verite نمایشکرا گوتی: ئەم فیلمە لەسەر ژیانی “یەڵماز گۆنای” باوکی سینەمای کوردییە کە ماوەی حەوت ساڵ کاتی خایاند تاکوو ئامادەبێت و زۆر خۆشحاڵم کە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەما حەقیقەت” پێشکەش کرا، سینەمای ئێران لە ئاستی دنیادا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و دەرفەتێکی باشە کە سینەماکارانی ئێرانی “یەڵماز گۆنای” بە باشی بناسن.

گوتیشی: سینەمای ئێران بۆتە سینەمایەکی نێودەوڵەتی و ئێستاکە دۆستێکی باشی سینەمای کوردییە و پێشوازیی یەگجا زۆری سینەماکارانی ئێران بۆ بینینی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” ئەمنی زۆر خۆشحاڵ کرد. سێ ساڵ پێش ئێستاش فیلمی سینەمایی “ڕەشەبا” لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر نمایشکرا و هەمووی ئەم هەنگاو و پەیوەندییانە زۆر دڵخۆشکەر و کاریگەن.

ئەم بەرهەمهێنەر کوردە سەبارەت بە کاریگەریی “یەڵماز گۆنای” لەسەر سینەماکارانی ئێران و جیهان گوتی: لەگەڵ خوالێخۆشبوو “عەباس کیارۆستەمی” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا بە تێرووتەسەلی قسەمان کرد و ئەو بە منی گوت کە فیلمی سینەمایی “ئومید” Umut لە دەرهێنانی “یەڵماز گۆنای” زۆر کاریگەریی لەسەر کردووە و هەروەها سینەماکارانی بەناوبانگی ئێرانی وەکوو “ئەمیر نادری” و “موحسین مەخمەلباف” کاریگەریی ئەم سینەماکارە کوردەیان بەسەرەوە دیارە و کەڵکیان لێوەرگرتووە.

گوتیشی: “یەڵماز گۆنای” یەکەمین دەرهێنەر بوو کە سینەمای کوردی بە دنیا ناساند، کاتێک کە ئێمە فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە”مان ساز دەکرد، “ئێلخاندرۆ گۆنسالێس ئیناریتۆ” Alejandro González Iñárritu دەرهێنەری مەکزیکی فیلمی سینەمایی “بابێل” پێی گوتین کە یەکەمین جار کە فیلمی “یۆڵ”ی لە سینەماکانی مەکزیک بینیوە، بڕیاریداوە کە ببێتە دەرهێنەر. “ماڕتین ئیسکۆرسیزی” Martin Scorsese گوتی ئەگەر من پێش ئەوەی کە فیلمی “شۆفیری تاکسی”م Taxi Driver ساز کرد، “یەڵماز گۆنای”م بناسیبایە، بە ڕوانینێکی دیکەوە ئەم فیلمەم ساز دەکرد. دەتوانم بڵێم “یەڵماز گۆنای” کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە و تا ئێستاش لە قوتابخانە سینەماییەکاندا بەرهەمە هەرمانەکانی ئەو وەکوو وانەی خوێندن دەگوترێتەوە.

ئەم بەرهەمهێنەرە بەئەزموونە سەبارەت بە قۆناعی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” گوتی: من پلانی سەرەتایی سیناریۆی فیلمەکەم نووسی و پاشان بە “حوسێن تەباک”دا کە ئەوکات قوتابی “میشێل هانیکە” Michael Haneke بوو و لە ئاکادیمیای ئەم سینەماکارە مەزنە سینەمای دەخوێند. من ئەو کاتەی کە دەستم بە کاری سینەما کرد زۆرم حەز لێبوو کە کارێک بۆ “یەڵماز گۆنای” بکەم. چونکە “یەڵماز گۆنای” لە سینەمای تورکیادا شۆڕشێکی ساز کرد و هەروەها دەستپێکی سینەمای کوردی بوو. و وەکوو دەرهێنەرێک لە دنیای ئیسلامدا بۆ یەکەمین جار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی گەورەی زێڕینی “چڵە خورمای” بەدەستهێنا.

گوتیشی: تایبەتمەندیی هەرە گەورەی “یەڵماز گۆنای” ئەوە بوو کە ئەوکاتەی کە زینداندا بوو، لە بەندیخانەوە دیکۆپاژەکانی بۆ یاریدەدەرەکانی دەنارد و ئەوانیش فیلمی سینەمایی “یۆڵ”یان وێنەگرت و بەم شێوەیە دەرهێنانی بۆ ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەنجامدا.

ئەکتاش لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “یەڵماز گۆنای” فیلمەکانی بە شێوەیەک سازکردووە کە هەر نەتەوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیریی بکات خۆی و شوناسی خۆی تیایدا دەبینێتەوە. ئەم سینەماکارە کوردە بە هۆی ئەندێشەی مرۆڤایەتییەوە ژیانی خۆی لەدەستدا.

بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم”ی ئه‌ڵمانی سەبارەت بە وتەکانی “میشائیل هانیکە” Michael Haneke و “کۆستا گاوراس” Costa-Gavras سەبارەت بە کەسایەتی و پێگەی “یەڵماز گۆنای” گوتی: “یەڵماز گۆنای” ئەو کاتەی کە لە فەڕەنسا دەژیا لەگەڵ کۆمەڵێک دەرهێنەر لە سینەمای جیهان پەیوەندییەکی دۆستانەی باشی هەبوو، کە یەکێک لەوانە “کۆستا گاوراس” بوو، “یەڵماز گۆنای” بەتەمابوو کە لە وڵاتی یۆنان فیلمێکی گەورە بەرهەمبێنێت و ئەم دەرهێنەرە ناودارە یۆنانییەش بڕیاروابوو کە هاوکاریی بکات. “کۆستا گاوراس” کاتێک کە باسی گۆنایی دەکرد تەنیا دەگریا، یەگجار زۆر هەڤاڵی یەکتریی بوون.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish