Skip to Content

ژانی ڕۆژانی هۆنراوە.. جه‌لالی میرزا كه‌ریم

ژانی ڕۆژانی هۆنراوە.. جه‌لالی میرزا كه‌ریم

Closed
by نیسان 12, 2021 General, Poems

هاتووم. چەپكێ وشەی ئاگر
لەسەر گۆڕی شیعر دانێم
هاتووم. بڵێم:
باوەگوڕگوڕ
كوانێ ئاڵا؟
كوانێ شیعر؟

  • * *
    هاتووم، لەناو شیعرەكانی شێخ ڕەزادا
    یاخیبوونی وشە فێربم
    لەناو جۆگەی هەنسكی گاورباغیدا
    لەخوێن تێربم
    هاتووم. لەبەر خۆری چلەی
    شۆڕیجەدا،
    لەبەر وشەی
    سووتاندنی تاڵ تاڵ شارای ئەگریجەدا
    كوێربم. كوێربم
    نەخێر. هاتووم شیعر فێربم.
  • * *
    هاتووم. لەناو زەردەخەنەی
    تەرمی شەهیدەكانمانا
    بۆ پێغەمبەرێ بگەڕێم
    لەناو پرسەی
    دەنگی تفەنگەكانمانا
    بۆ هەڵچوونی خوێنی سەنگەرێ بگەڕێم
    لەناو خورپەی
    دڵی ئاهەنگەكانمانا
    بۆ هاواری گوللەی ڕابەرێ بگەڕێم
    هاتووم. هاتووم
    بۆ یەك چرۆی چڵی ئاگر
    بۆ دێڕە شیعرێ بگەڕێم.
  • * *
    ئەی شاری ژان!
    شاری شیعری گڕی گریان
    هاتووم. بەدوای كەللەسەری
    شەهیدێكتا وێڵم. ونە
    بەدوای كاڵانی خەنجەری
    بڕوایەكتا وێڵم. ونە
    بەدوای هەناسەی سواڵكەری
    بەرماڵێكتا وێڵم. ونە
    بەدوای گۆڕی بێ چەپەری
    دڵدارێكتا وێڵم. ونە
    بەدوای ناوی بێ پەیكەری
    شاعیرێكتا وێڵم. ونە.
  • * *
    هاتووم. هەستم
    بدەمە دەست مناڵەكانی ئەم شارە
    هاتووم. تفەنگی هەڵبەستم
    بدەمە دەست پێشمەرگەكانی ئەم شارە
    هاتووم. شیعرم
    لە باخی گڕ تێ بەربوودا
    لە گۆڕستانی زیندوودا
    دوا لاپەڕەو دێڕی بدڕم.
  • * *
    هاتووم. بڵێم
    شیعر. هەڵسانی شەقامە
    هاتووم. بڵێم
    شیعر. تەقینەوەی زامە
    شیعر. مەرگی پێغەمبەرە
    شیعر. گۆرانی سەنگەرە
    شیعر. هەنگاوی بەجەرگی
    بەرەو سێدارەی ڕابەرە
    شیعر. ڕێگا و ئەنجامێكی
    بەخوێن تەڕە.
  • * *
    هاتووم. لەناو باخی سنگی خۆزگەتانا
    بست بست تۆوی بۆمبای شۆڕش دابچێنم
    یەك یەك لە مێشك و دڵتانا
    لە گیانتانا
    لە پرسەی بێ گریانتانا
    شەهیدەكانتان هەڵسێنم
    هاتووم. دەروازەی گەورەی شار
    ڕاوەشێنم.
    بنەڕێنم. هەموو ڕۆژێ
    زامی گەلێ ساڕێژ ئەبێ
    بنەڕێنم. ئەی بۆچی كورد
    بەڵێ. ئەی شاری ژان، بەڵێ. ئەی بۆچی كورد
    ئاڵای هەتاوی كەژاوەی
    بووكی ڕزگاری هەڵنەكرد؟
  • * *
    ئەزانن بۆ؟ چونكە هێشتا؟
    بۆمبای شۆڕش
    وا لەمشتا
    چونكە. ڕێگا
    بۆ ئەستێرە
    لەلای ئێمە هێشتا كوێرە
    چونكە هێشتا ئەبێ شاعیر هەڵبواسرێ
    ناوی ماركس. خۆبە كوشتدانی گیڤارا
    لەیادداشتی
    پێشمەرگەیەكا نەنووسرێ
  • * *
    شۆڕش لەلای نەوەی ئەم سەردەمە. خوایە
    سەرەتایە
    لەدایكبوونی بڕوایە
    هەڵگیرساندنی چرایە
    بەخوێن سەندنی هیوایە
    بەرزكردنەوەی ئاڵایە.
  • * *
    بەڵام، كوا. خوا؟
    كوا. سەرەتا؟
    كوانێ. بڕوا؟
    كوانێ. چرا؟
    كوانێ. هیوا؟
    كوانێ. ئاڵا؟
  • * *
    ئەی چاوی نۆ ساڵەی خۆری ئاواتی كورد
    مژدەی نیگای سەرفرازیمان لێت ئەوێ.
    ئەی دڵی چوار لەتكراوی خەباتی كورد
    چەپكە ئاڵای سەربەخۆییمان لێت ئەوێ.
    ئەی بارانی گڕ و خوێنی سەنگەری كورد
    سێبەری باخی قورییانیمان لێت ئەوێ.
    ئەی تفەنگی بیر و دەنگی ڕابەری كورد
    كوردستان و مرۆڤی كوردمان لێت ئەوێ.
    رقی ڕەهێڵە و شۆڕشی تۆمان ئەوێ.
    لەخۆمانا
    دێڕ دێڕ لە شیعرەكانمانا
    تۆمان ئەوێ.
    وەك چۆن. شۆڕش پەڵەی خوێنی
    لافاوێكی سووری ئەوێ
    ئێمەش ئاوا. تۆمان ئەوێ.
  • * *
    ئەمانەوێ.
    سێدارەكانی ئەم شارە
    ببنە تفەنگ
    شەهیدەكانی ئەم شارە
    ببنە شیعر. ببن بەدەنگ
    ئەمانەوێ
    وشەی مەنگی تابلۆی بێ ڕەنگ
    ببێتە زەنگ
    ئەمانەوێ باوەگوڕگوڕ
    بمانداتێ ئاڵا و شیعر.

*بڵاوكراوه‌ی ڕوانگه‌، ژماره‌ (3) 1971.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish