رەنجی فەرهادەکان یاریشاڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان؟.. سەلاح جەلال
رەنجی فەرهادەکان، کتێبێکی قەبارە گەورەی چڕو پڕە لەلاپەڕەو رستەو وشەی بیرەوەری ئەو رۆژگارە تاریکانەی بەمۆسیقای رەوی مەرگەسات دەهاتن و خوێنی روناکیان لەرۆحدا هەڵگرتبوو، بەدەم بڕینی گۆڕستانی شەوەزەنگەوە لەئاوازی رۆح و دڵ و هەناوەوە سروودی کوردستان مان یانەمانیان دەوتەوە.
نوسینی دکتۆر (هەژار عوسمان مەعروف)ە ئەو چرایەی لەمنداڵییەوە لە هەناویدا داگیرساوە، بەسەرکێشییەکانی ژیاندا نوقم دەبێت و لەگەڵ چرای هیوای هەزارەها گیانبازی نیشتماندا وەک تیشکی پەلکەزێڕینە، لەدەیەها چیرۆکی مەرگەسات و تێکۆشانی کرێکارانی مەرگدا تیشکیان پێدەگرێتەوە.
ئەم تیشکانە خۆڕسک نین، بەرهەمهێنەری رۆحن، وشە وەک تێزابی تواوە وێنەیەکی ئەدەبی گەورە دروست دەکەن، لەکۆکردنەوەی شوشە شکاوەکانی منداڵییەوە دەست پێدەکات، مێژووی شۆڕشێک دەکاتە پەیکەرێکی دەروون ناسی، بانگەشەیە بۆ ئێمەو ئەوان، وەرن ئاماژەکانی بخوێننەوە.
دوای راپەڕین ئازادییەک کرایەوە زۆربەی کەس بیرەوەرییان نوسییەوە، بەبێ ئەوەی بپرسن، هەتا چەندە توانیویانە هەڵگری مەدلولی روداوەکان و ناونیشان و هونەری سەرگوزشتەبن؟ هەتا چەندە خۆیان و ئەوو ئەوانی دواتریان دواندووەو چۆن کۆمەڵگایەکیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە؟ چۆن لەئێستادا رابردوو دەخوێننەوەو بۆ ئایندە نامەیەک ئامادە دەکەن؟ ئەمەو چەندین پرسیاری تری مەعریفی زمانمان پێ دەکاتەوە.
بەکورتی بیرەوەری یاخود بیوغرافیا چیە؟
بیرەوەری لەفەرهەنگی زمانی عەرەبیدا(سیرە)لە ڕووی زمانەوە وتای رێگایە. وەک زاراوەیش مانای هونەری وەرگێڕانی ژیانی کەسێکە، (ژاتیە)ناوێکی مێیەو دەگەڕێتەوە بۆ خود و رەوتێکە بڕیار لەسەر خود دەدات، لەڕووی ئەدەبیشەوە هاوشانی رەگەزە ئەدەبییە پەخشانییەکانی ترە، وەک رۆمان و چیرۆک و پەخشان و وتارو رۆمانی بیرەوەری و دان پیادانان و گەشتکردن. بە تایبەتمەندێتی هونەری ئەو رەگەزانەوەو لەنێوانیانسشدا جیاوازی هەیە.
بیرەوەری نوسینەوەی ژیاننامەی خود و ناساندنییەتی بەرەو قۆناغێکی وجودی لەنێوان ژیان و مەرگدا.
رۆلان بارت ئەم جیاوازیانە دەردەخات:
(رۆمانێکە ناچێتە سەر ئەوەی بانگەشەی دەروونی خودی خۆی بکات.)
کورتەیەکی مێژووی بیرەوەری لەجیهاندا
بیرەوەری رەگەزێکی ئەدەبی قوڵی هەیە لە مێژووی شارستانیەتەکاندا، زیاتر لەسەر نوسەران و زاناو داهێنەران و پسپۆڕو سیاسی و کەسایەتییە ناودارەکان بووە.
ئەوانەی گەشەیان پێداوە، زانای لاهوتی فەڕەنسی(بیترا بیلا) لەکتێبی(تاریخ بۆسى) ئیمپراتۆری شانزەهەمینی رۆمانی( مارکۆس ئۆریلیۆس)بیرەوەریی خۆی بەناونیشانی(الى نفسی او بینی وبین نفسی).
لەچەرخی راپەڕینیشدا چەمکێکی فەلسەفی وەرگرت، بەدەربڕینی ناخی ناوەوەی مرۆڤ بەلایەنی چاک و خراپییەوە، مرۆڤایەتی خستە ناو دڵی جیهانەوە، شاعیری ئیتاڵی(فرانشیسکۆ بیتراک 1374 بەیەکێک لەباشترین نوسەرانی راپەڕینی ئەوروپی دادەنرێت، لەدوو کتێبدا، بەناونیشانی( سری الخاێ) و (مشاهیر الرجل) گەشەی پێدا.
هونەرمەندی ئیتاڵیش (بنفینوتشیلی)هەموو ئەو ساڵانەی نوسییەوە لای پاپا بوە/لەساڵانی 1728وە .
دان پیادانەکانی(جان جاک رۆسۆ)و فەیلەیوفی فەڕەنسیش(میشیل دیموکیین) 1592 بەپێشەنگی یەکەم دادەندرێت لەسەدەی نۆزدەیەمدا، هەروەها (جۆرج یورولیو) و تۆلستۆی و ئەلیۆت ومارغریت دۆراس و جیمس جویس وچالز دیکنزو جۆرج مانای و جۆرج ئوریل و سۆمرست موام و هەردوو بەرگی بیرەوەری(وینستۆن تشرشڵ)و دەیەهای تر.
رەنجی فەرهادەکان ریشاڵێکی نوێی دامەزراند لەبواری رۆشنبیری کوردیدا، بەپەیڕەو کردنی ئەو هونەرەو سوود وەرگرتن لەقوتابخانەکانی دەروون زانی تایبەت(سیمۆن فرۆئید)و (جاک لاکان). وەک فەلسەفەیش دەچێتە ناو میتنافیزیک و لەپەیوەندییەکانی بوون بەهەبوونەوەو جیهان و مرۆڤایەتی دەخوێنێتەوە. ئەم خودە لەوە دەرچووە، تەنها بیرەوەریی خۆی بخوێنێتەوە، لە ڕێی تۆڕی پەیوەندی بەوو ئەوانی دواترەوە، بواری رەچەڵەکناسی و کۆمەڵناسی و دەرون زانیشی گرتۆتەوەو منێک دەبێتە سپارتاکۆس و ئەفسانەی سێزیف دووبارە دەکاتەوە، دەبێتە هۆمیرۆسێکی راستی و چرای شۆڕش بە رۆح دادەگیرسێنێت. ئەم منە بۆتە کەسێکی تواوە، سەرەتا بەشۆڕش گۆشکراوەو دوایی بەدوای رەگ و ریشاڵی کۆمەڵەی رەنجدەراندا دەگەڕێت و سروود و دروشمەکانی دەڵێتەوە.
لەیەکەم ریشەی دامەزراندنی (ینک) چراکەی ناخی دادەگیرسێنێت:
رۆژێک هاوینی 1975لە ماڵی خوێندکاران لە (باب المعەزەم) هاوڕێ(بەکر هەولێری) لەکۆلیژی ئەندازیاری بوو، جار جار دەردە دڵی خۆمان لای یەکتری دەکرد، هات بۆ لام و وتی: بابچینە ناو چیمەنەکە پیاسەیەک بکەین، لەناو کتێبەکەی دەستیدا نوسراوێکی چاپکراوی دەرهێناو دایە دەستم و پێی گوتم: زۆر نهێنی و مەترسیدارە.
خوێندمەوە بڵاوکراوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو. یەکەم جارم بوو ئەو ناوە ببیستم. نوسراوەکە شنەی شەماڵێکی فێنک بوو لەو گەرما پڕوکێنەرەی بەغداد هەواڵی هەستانەوەی شۆڕش و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێی تێدا بوو.
لەسەر ریشاڵی کۆمەڵەیش مۆمەکانی گڕدەدات و بەدوای مێژووی یەکێتیتدا دەگەڕێت:
دوای رێکەوتنی ئازاری 1970 باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی(جەلال تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد) شکستی هێنا، چەپ و مارکسی و ماوی و رەخنەگرانی سیاسەتی (مەلا مستەفا) رێکخراوێکیان پێکهێنا بەناوی(کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان) (ک.م.ل.ک) لە11/7/1978 گۆڕدرا بە(کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان)
(شەهابی شێخ نوری) و سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی (پ.د.ک) وەک (عەلی عەسکەری) و (ێالح یوسفی) و (مولازم تایەری عەلی والی بەگ) و (رەسول مامەندە) بزوتنەوەیان پێکهێنا و دوای سێ مانگ لە کۆتایی شۆڕشی ئەیلول لەلایەن (مام جەلال )و(نەوشیروان مستەفا)و هاوڕێکانیانەوە دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاوکرایەوە.
شوشە شکاوەکانی منداڵی
گڕی نوسەر بۆ شۆڕش بەپێی پەروەردەی بنەماڵەکەی و زوڵم و زۆری رژێم و زەریای سۆزو گیانفیدایی خۆی لەمنداڵییەوە کڵپەی سەندووە. باوکی کفن پۆش و زانایەکی ئاینی بەناوبانگ و رەمزی فریشتەیی شاری سلێمانی بووە، رێکەوت براکانیشی شیوعی بوون.
لەگەشتێکی گەنجانەی بۆ گوندی بەشی پێرک کوڕێکی هەرزەکاری بارزنی تەمەن سیانزە ساڵان دەبینێت، لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەدا نیشانە لە بەردێک دەگرنەوە، گەنجە بارزانییەکە چۆن بەدانیشتنەوە سیرەی تفەنگەکەی دەگرێتەوەو فیشەک بەنیشانەکەوە دەنێت.
لەگەشتێکی تریدا چیرۆکی دوو کولەکە ملە نیشان دەدات، بەپەتێکی ئەستوور لە ملیانەوە پێکەوە بەستراونەتەوە، هەرکولەکەیەکیان دەخرێتە بن باڵێکەوە. بەو جۆرە ئەم سەراو سەری دەریاچەی دەربەندیخان بەمەلە دەڕوات و گوێ ناداتە بانگ و هاواری خاڵە هادی تا کۆتایی دەڕوات.
ئەم کاریگەریانە کارێکیان کردووە حەزی کردووە ببێتە ئەندازیار، هەتا خزمەتی خەڵک و هەژاران بکات. دواتر پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی سلێمانی هێناوەو لەکۆلێژی پزیشکی بەغداد وەرگیراوە.
ئەوەی یەکەم شت لەپایتەخت سەرنجی راکێشاوە، ئەو بۆیاخ چی و کۆڵبەرانەی شەقامەکانی بەغداد بوون، زیاتر کوردی فەیلی بوون.
خۆشەویستی بۆ پارتی و بارزانی
هەردوو رۆژنامەی (التاخی و برایەتی) زمان حاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد دەرچوون، وەک هەموو خوێنکارانی تر سەرچاوەی گرنگی بوون بۆ بیری شۆڕشگێڕی، لەکاتی ماوەی گفتوگۆی یانزەی ئازاری ساڵی1970دا هەواڵی کوشتنی مەلا مستەفا بڵاودەکەنەوە، زۆر کاریگەری دەخاتە سەری و بەردەوام لەبەر ئەو شیعرەی شێرکۆ بێکەس دەخوێنێتەوە، بۆ بارزانی نوسیوە، (بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی.)
دوو مانگ بەر لەدەست پێکردنەوەی جەنگ، بڵاوکراوەیەکی دیواری لە کۆلیژ هەڵدەواسن، وێنەیەکی مستەفا بارزانی لەسەرەوەی نوسینەکان دادەنێن و بە کلیل و مستەکۆڵە پارێزگاری لێدەکەن و ناهێڵن خوێندکارە بەعسییەکان بیدڕێنن، هەتا(چیا عەباس) نوێنەری لقی پێنجی پارتی بەپەلە دێت و پێیان لادەبات.
بەم خۆشەویستیەیەیەوە دەیەوێت واز لەخوێندن بهێنێت و ببێتە پێشمەرگە، هاوڕێکانی ناتوانن پەشیمانی بکەنەوەو دێتەوە بۆ سلێمانی خێزانەکەیشی ناتوانن کاریگەری بخەنە سەر، دەچێت بۆ بەری قەرەداخ و گەشتێک دەکات هەتا بەچاوی خۆی کرداری پێشمەرگە ببینێت.
لەگوندی ئەحمەد بڕنەو ناوچەکە دەگەڕێت، لەناو خزمەکانیدا دەیەها چیرۆکی زوڵم و زۆری کاربەدەستان و تایبەت (عەبدولوەهاب ئەتروشی) بۆ دەگێڕنەوە.
لەچیرۆکی(ئەحمەدی حەمەئەمین) لەبەر بێدەنگ نەبوونی لەو کردەوانەیان و رەخنەگرتن لێیان، کۆمەڵێک پێشمەرگە دەنێرنە سەری و هەتا دوا فیشەک شەڕیان لەگەڵدا دەکات و دوایی دەکوژرێت.
ئەوانەو دەیەها چیرۆکی تر بڕیاری پێدەگۆڕن و دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد.
لەگەڵ ئەوانەیشدا هەر دڵ و رۆحی لای شۆڕش و پێشمەرگەیە.
لە رۆژی17/2/1974 چووە بۆ کۆڕی سەیدا ێاڵح یوسفی، بەزمانێکی پاراوی عەرەبی وتارێک بەهەڵچون و پڕ لەسۆزی نیشتمانی پێشکەش دەکات، باسی بەیاننامەی یانزەی ئازارو پاشگەزبوونەوەی بەعس دەکات لە بەندەکانی رێکەوتن نامەکەو رستەیەکی کاریگەری گوتووە: ( لاسامح الله اژا اندلعت القتال من جدید).
رۆژێک لە چێشتخانەی باب المعڤەم وتارێک دەخوێنێتەوە لە رۆژنامەی هاوکاریدا بڵاوی کراوەتەوە.
بە خوێندنەوەی ئەو هەواڵەوە بەفرمێسک رۆژنامەکە تەڕ دەکات و دەیدات بەهاوڕێکەی بیخوێنێتەوە، ئەوانیش هەموویان شۆڕشگێڕ بوون، لەکۆی حەفتاو پێنج خوێندکاری کورد لەبەغداد سیانیان بەعسی بوون.
لەگەڵ ئەو بارودۆخە سەختەدا خەباتیان کرددووە، لەو رۆژە رەشانەدا بیرەوەرییەک دەگێڕێتەوەو ژیانی زیندانی عێراق بەپارکی(هاید) لەلەندەن بەراورد دەکات. لەو پارکە گۆشەیەک هەیە مرۆڤ دەتوانێت دەردە دڵی خۆی و رەخنەکانی لە دەسەڵات بگرێت. بەڵام ئەو چووە بۆ لای دوو هاوڕێی خوێندکاریان تازە لەزیندان ئازاد کراون، نەیانوێراوە دەربارەی گرتن و لێپرسینەوەیان قسە بکەن، وتویانە: هاوڕێ گیان دارو دیواریش گوێی هەیە.
لەساڵی 1978 کۆلیژ تەواو دەکات و لە نەخۆشخانەی فێرکاری دادەمەزرێت، بیرەوەرییەکانی دەریایەکن لەخزمەتکردنی خەڵک.
(ج.م) گەورە کارمەندێکی بەعسی لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بەئۆتۆمۆبێلەکەی پیاوێک دەکات بەژێرەوەو دەیانەوێت بەزۆر بینێرنەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی (ج.م) نەخرێتە بەندیخانەوە.
دکتۆر(غازی پاسەوان) نەشتەرگەری ریخۆڵە کوێرە بۆ گەنجێکی شارەزوری بەناوی(کاوە) دەکات و خوێنبەری ریخۆڵە کوێرەی نادورێتەوە دەمرێت.
دکتۆر(ئومێد مەدحەت موبارەک) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەو دوایی بۆتە وەزیر بەعسی بووە.
لەو پزیشک و کارمەندانەی بەعسی نەبوون (دکتۆر عومەر محەمەد ژاژڵیی) و(حەمە ئاوات سدیق عەبابەیلێی)و(دکتۆر جەمال حەمادی)و چەندانی تر.
یادەوەرییەکانی گەنجی زۆرن، ئەو شوشە شکاوانەن پارچەکانیان یەک دەگرێتەوە، بەو روانینەوە رۆژانە چەند شوشە بیرەیەک دەخواتەوە هەتا دایکی رازی بکات بڕوات و ببێت بە پێشمەرگە. لە دەریاچەی دەربەندیخانەوە بەبەلەمیکى شڕ دەڕۆن هەتا دەگەنە شاری پاوە، دواتر دەچێتە شاری مهابادو سواری پاسێک دەبێت بۆ زەردەشت هەتا بگاتە بارەگای سەرکردایەتى (ی.ن.ک). کەسێک بەناوی(ش.ز) خۆی پێ دەناسێنێت و رێگەی لێدەگۆڕێت و ئەویش ئاگاداری وردە کارییە ئەهریمەنەکانی دۆخی ناوەوەی خەباتی چەکداری نەبووە، ئەویش دەیکات بە بارەگای حسکدا، وتویەتی: دکتۆرەو لەشارەوە رایکردووە بۆ ناو پێشمەرگە. دەیبەنە لای دکتۆر( مەحمود سۆرانی).
کاتێک دەگاتە لای دکتۆر کەسیەتیەکی سادەی بێفیزی کراوەو روخۆش و قسەخۆش و زۆر دوو بوو، لە رۆژی دووەمەوە کاری پزیشکی چارەسەرکردنی نەخۆش و برینداری (پ.م) و خەَڵکی ناوچەکەی خستبووە ئەستۆی من.
بۆ یەکەم جار مولازم ئەنوەری مەجید سوڵتانم ناسی، هەرگیز رووی نیگەران و بێزاری شەهید ئەنوەرم بیر ناچێتەوە، کاتێک چاوە رەشە تیژەکانی تێبڕیم زۆر دۆستانەو دڵسۆزانە بەئارامی و زەردە خەنەیەکەوە لێی پرسیم، دکتۆر گیان تۆیش بۆ کوردایەتی هاتویتە دەرەوە.
دوای چەند رۆژێک لەم دیدارە لە رۆژی 2/9/1979 لەشەڕی یەکەمی هێرشی ئێراندا یۆ سەر کوردستان لەنزیک شاری بانە شەهید بوو.
بەو شێوەیە تێکەڵاوی کەسانی سیاسی دەبێت:
لەو بڵاوکراوانەی دەمخوێندەوە ئاوا تێگەیشتم (ی.ن.ک) نیمچە بەرەیەک بوو، پێکهاتبوو لە(ک.م.ل.ک)و بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان.
(بزوتنەوە)و(هێڵی گشتی) د مەحمود عوسمان دوای ئاشبەتاڵ دەچێت بۆ سوریا، لەوێ لەگەڵ قادر جەباری و عەدنان موفتی لیژنەی ئامادەکاری (پ.د.ک)یان دروست کرد، دواتر دکتۆر مەحمود لەهاوینی 1977 لەگەڵ جەلال تاڵبانی لە سوریاوە بەناو تورکیاو ئێران گەڕابوەوە کوردستان و بنکەکەی لەنزیک بنکەکانی سەرکردایەتی(ی.ن.ک) دانابوو. لەنەورۆزی 1979دا لە(ی.ن.ک) جیادەبنەوە.
لەوکاتانەدا بیرم لەوە دەکردەوە هەرچۆن بووە خۆم بگەیەنمە (ی.ن.ک)
لەسەر داوای خۆم دکتۆر مەحمود رێگەی پێدام بچم بۆ لای مەلا ئەحمەدی بانی خێڵانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حشع بوو. کاتێک بینیم سامانی کوڕی لەگەڵدا ناردم بۆ بنکەی جەڵال تاڵەبانی.
لەتشرینی دووەمی 1979 جەلال تاڵبانی لە توژەڵە لەمیوانخانەیەکدا دەوارێکی ئەستون بەرز لەژێر دار گوێزێکی گەورەدا دانیشتبوو، بەرێزەوە بەخێرهاتنێکی گەرم و گوڕی لێکردین. لەسەر زۆر شت هاوڕابووین، وەک دامەزراندنەوەی یەکێتی دوای سێ مانگ لە ئاشبەتاڵ و وازهێنانی سەرکردایەتی پارتی لە شۆڕش .
من دەمویست جەلال تاڵەبانی رەشماڵێک یان چەترێک هەڵبکات هەموو هێزە کوردییەکان کۆبکاتەوەو ئاڕاستەیان بکات بەرەو سەرکەوتن.
ئەویش لەگەڵ هەموو ئەوانەدابوو، بەبەڵگەوە ناوی دەیەها ئاغاو سیخوڕی دەهێنایەوە لەگەڵ حسک و پدک دان و پیاوی رژێمن.
دەمویست ئەو ببێت کۆتری ئاشتی ناو ماڵی کورد، ئەو دەیوت هەموو رێگایەکی وتووێژیان تاقی کردۆتەوە بەڵام سەرکردایەتی حسک و پدک نایانەوێ لەگەڵ ئێمە یەک بکەون.
نە ئەو لەمنی پرسی تۆ بۆچی هاتویت و نەمنیش بەهۆی ێشەکانەوە هیچم وت و نائومێد گەڕامەوە.
خەیاڵی بزێوم بنمیچ و دیوارە ئەستورەکانی ئەو زیندانیانەی رژێمی سەدامی بڕی سەرکاروانی شەهیدانی کۆمەڵە(شەهاب و جەعفەرو ئەنوەر) و کادرانی تر وەک شەهید ئاشتی(ئەبوبەکر شێخ نوری)و(شەهید وەستا ئەنوەری هەڵەبجەیی)و …تیایاندا چاوەڕێی حوکمی مەرگیان کردبوو، نرکەو نەڕەو وێنەی دەم و چاوی ئەو سەرکردەو کادیرانەی کۆمەڵەم دەهاتەوە بەرچاو لەئەشکەنجەکانی رژێمی سەدام پێش لەسێدارەدانیان ئەم دروشمانەیان بەڕووی جەلادەکاندا وتبوەوە:
کەم ژیام و کەڵ ژیام
بێباک لەبەردەم سێدارەی دوژمن
پەتی خنکاندن دەنێمە گەردن
کرێکارێکی هەژاری کوردم
هیچ پەشیمان نیم لەوەی کەکردم.
هەتا رۆژێک بەبیانوی کڕینی دەرمانەوە لەگەڵ دکتور مەحمود چوین بۆ مەهاباد لەوێ پرسم پێکردو چوم بۆ بارەگای (ی.ن.ک).
ژیانی پێشمەرگایەتی وەک دکتۆر دەست پێدەکات و هەموو بیرەوەرییەکانی خۆی لەناو شۆڕشدا دەنوسێتەوە، هەتا چونی بۆ ئەوروپا و گەڕانەوەی دوا بیرەوەری گرنگی هاوکێشەیەکی نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفایە.
نەوشیروان مستەفا کەسێکی کەمدوی بیرکەرەوەی، بیر ڕونی، پراکماتیکی، بەنەخشەو پلان بوو، بەڕاستی رێکخەرو پلان داڕێژبوو. بوێرو قسە لەڕوو بوو.
بڕێک ساردو وشک و دوورە پەرێزبوو، روخۆش نەبوو، عاتیفی و سۆزدار نەبوو، بۆیە درەنگ هەڵدەچوو، لایەنی لۆجیکی و عەقلانی لەدەرونیدا بەهێزتر بوو. لەلایەنی سۆزو هەڵچوونە عاتیفیەکان، لەکاتی هەبوونی جیاوازی یا دژایەتی لەبیرو باوەڕو هەڵوێستی سیاسی لەگەڵ هاوخەباتەکانی، نەوشیروان بڕێک لە دڵی دەگرت، لەبیری نەدەچوەوە و بەرامبەر بە هەندێک کەس کەکیمیاکەی لەگەڵیاندا نەدەسازا رقی لەدڵدا دروست دەبوو.
کەسێتی جەلال تاڵەبانی
کەسێکی نەترس و بەورەو کەف و کوڵاوی و پرۆزەو توانا بوو، زۆر گۆبوو، خاوەنی ئیرادەی پۆڵایین و بڕوا بەخۆبون و گەشبینی بوو، لەڕووی هەست و سۆزەوە زوو هەڵدەچوو، بەهاری لەخۆی دەهێنایە چۆکان، ئەم گەشبینی و پڕ لەهیوایەی لەکاتی نۆچدان و لاوازی و شکستەکان سودێکی گەورەی هەبوو،
بەڵام ئەم گەشبینییە لەو دۆخانەی پشت بەستو نەبوو بەشیکردنەوەی لۆجیکیانەو سەلمێنراو نەبوو بەزانیاری وردو ژمارەو داتاکان زیانی گەورەی لێ دەکەوتەوە.
مام لەپەیوەندی کۆمەڵایەتیدا بوو، واتە روو لەدەرەوەی خۆی بوو، کراوەو گەرم و گوڕ بوو، بەخشندەو گەورەو فراوان خوازبوو، شادی و روخۆشی و قسە خۆشییەکەی بەئەندازەیەک بوو، کە وەک پەتا بڵاودەبوەوە بەناو خەڵکدا.
بەراستی کەسێتی عاتیفی (سۆزیاری) مام لەگەڵ سۆزو عاتیفەی گەلەکەیدا دەگونجا. هەروەها وزەو تواناو ئازایەتی و کۆڵنەدەرییەکەیشی لەگەڵ ئەو هەموە سەختی قورسی ومەترسییەی خەباتی رەوای گەلەکەیدا دەگونجا، هەر ئەم مۆرک و پێکهاتانەی کەسێتییەکەیشی بوو، کەدوای چەندین نوچدان و کەوتن و هەستانەوە کردی بەو سەرکردە مێژووییەی گەلەکەی.
ئەم کتێبە پڕ پڕە لە بیرەوەری گرنگ و دەیەها قارەمانی ورە بەرزی خەبات و فریشتەکانی گیان بازی نیشتمان، هیچ شتێکی بەسەردا تێنەپەڕیوە، لەنیشاندانی دڵسۆزی و گەندەڵی زۆر کەسایەتیش، تەنانەت رەخنە لەخۆی و بنەماڵەکەی دەگرێت، ئاوێنەیەکە هەموو راستییەکانی تێدایە، دەکرێت بەیەکێک لە ریشاڵە تیۆرییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دابندرێت و ئەزمونێکی پڕ بەهایە بۆ هەموو شۆڕشگێڕو شۆڕشێک سوودی لێوەربگرن.
سەلاح جەلال
سەرچاوە:
1- رەنجی فەرهادەکان/ بیرەوەری/ نوسینی دوکتۆر هەژار/چاپی یەکەم2020 چاپخانەی کارۆ لەسلێمانی
2- الژات معقدە بالکتابە عن السیرە الژاتیە نوعا ادبیا/ حاتم الێکر/ مجلە افاق العربیە/ بغداد/العدد 12/1991/115 .
لەرۆژنامەی کوردستانی نوێ بەدوو ژمارە بڵاوبۆتەوە(8864)لە21/2/2023 و ژمار(8865) لە22/2/20234