Skip to Content

ژنان لە ڕەققە دواڕۆژی خۆیان بنیات دەنێنەوە.. نووسینی، مارگرێتا ئۆرینس.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە، کەژاڵ حەمەڕەشید

ژنان لە ڕەققە دواڕۆژی خۆیان بنیات دەنێنەوە.. نووسینی، مارگرێتا ئۆرینس.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە، کەژاڵ حەمەڕەشید

Closed

٤ ساڵ بەسەر ئازادکردنی ڕەققەدا لە دەستی داعش تێپەڕیوە، ژنان ڕۆڵی پێشنگ دەبینن لە دامەزراندنەوەی شارەکانی سوریا. چالاکیەکانیان نیشانی ئەدات کە فیمنزمی سۆشیالیستی تەنها یەکسانی جێندەری نیە لە پێگە فەرمیەکاندا، بەڵکو بریتیە لە خاوەنداریکردنی ژنان لە ژیانی خۆیان.
کەس لەوباوەڕەدا نەبوو لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕەققە جارێکیتر بتوانیت خۆی دامەزرینێتەوەو خەڵکەکەی بگەڕێتەوە بۆی بەو خێراییە. پێشتر لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی چوونە ناو ڕەققەوەو ئازادبوونی شارەکەیان ڕاگەیاند لە جیهادیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئازادکردنی ڕەققە قوربانی زۆری وویستبوو. ٨٠٪ی باڵەخانەو خانوبەرەکان ویران ببون، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بێبەزەییانە بۆمبابارانیان کردبوو بۆ ماوەی ٤ مانگ، لەکاتێکدا داعشەکان هەزاران تەڵەو بۆمبی چێنراویان لە بیناکاندا بەجێهێشتبوو بۆ هەرکەسێک جورئەت بکات بچێتە ناوەوە.
سیمای جەنگ بەهەموو جێگایەکی شارەکەوە دیارەو زۆرێک لە دانیشتوان نەیان دەوێرا باسی ئەوە بکەن کە پیا تێپەڕیوون لەژێردەستی داعشدا، بەڵام لە جەرگەی ویرانکاری و ئازارەکانی داعشدا، هیوایەکی نوێ دەگەشایەوە لە ڕەققەدا.
دووهەم گەورەترین شار لە سوچێکی ووڵاتەکەدا ئێستا خۆی بەڕێوەدەبات وەک بەشێک لە بەرێوەبەری خۆسەری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی وەک بەشێک لە بووژانەوەی بنەماکانی ئازادی دیموکراتی، ئەو ڕۆڵەیە کە ئێستا ژنان دەیگێڕن لە سیاسەتدا.
فلیمی دۆکیومێنتاری “گەشانەوە لە بیاباندا” جیرۆکی ژنانی عەرەب زمانە لە گێڕانی ڕۆڵێکی نوێ لە کۆمەڵگەدا. وەلانانی ترادسیۆنەکان و ڕێگریە نەریتیەکان و هەروەها دامەزراندنی ئایندەیەکی نوێ بۆ شارەکەیان.
” هەرگیز لەوباوەرەدا نەبووم کە بەشداری لە بەڕیوەبەرایەتیەکی ژناندا بکەم، یان لە بەڕێوەبەرایەتیەک یان لە پێگەیەکی سیاسیدا کاربکەم، یان لەهەر بوارێکی تردا بێجگە لەوەی کە ژنی ماڵ بم. زۆر ڕاستگۆبم ئەمە وەک خەونیک وایە کە ناتوانم باوەڕبکەم” مریەم ئیبراهیمی ٦٥ ساڵ دەیووت. یەکێک لە سێ ژنە دەرهینەرەکان، بینیتا ئارجێنتیری سەرپەرشتی دەرهێنانی فلیمەکەی دەکرد تا جێنیوەری ٢٠٢٠.

ژن بوون لە ڕەققە

مریەم لەسەرخۆ قسە دەکات، چاوی بڕیوەتە کامیراکە، هەستێکی بەسۆز هەیە لەتەواوی چاوپیکەوتنەکەیا، هەرچەندە گفتوگۆیەکی نهێنی بوو، بەڵام بە هاتنەژورەوەی کەسێک لە دەرگاکەوە ڕاگیرا، لەپڕێکدا گۆڕانی دەنگی سەرنجی ڕاکێشاین بۆ ڕووداوەکان، بەبێ ئەوەی پێویست بە بینینی دیمەنەکان بکات، ئەو بە ووشە بەهێزەکانی نیشانی ئەداین.
مریەم لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا ژیانی کرد، یان بابڵێن تەحەمولی کرد لە ڕەققە، تاریکترین کاتەکانی بوو لەهەموو ژیانیدا کە بەبیری بێت. “ژنان لە ڕەققە خۆیان ئاسایی دەچەوسانەوە لەژێر کۆیلەیەتی خێزانی و، داب ونەریتی دواکەوتوو و کەلتوری پیاوسالاریدا، بەڵام کە داعش شارەکەی داگیرکرد، ئیتر ژنان تەنانەت سەرەتاییترین مافی مرۆڤایەتیان لێ زەوت کرابوو”…مریەم دەیگێڕایەوە. لەڕاستیدا پێش داعشیش ڕژێمی بەعس ژنانی بێبەش کردبوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و گشتی. لە دەسەڵاتی خەلافەتدا بارودۆخی چەوسانەوە زۆر خراپتر ببو بەشێوەیەک ژنان تەنها کاتێک دەیانتوای بچنە دەرەوە کە بە بوراق ڕووخسارو دەستیشیان داپۆشرابێت.
ئەو کارەساتەی کە ئەوی ئەوەندەی تر ترساند بوو داگیرکردنی شەنگال لە باکوری عێراق و جینۆسایدی یەزیدیەکان بوو لە ٢٠١٤دا. مریەم بڕیاریدا کە ئەو یاسایانە بشکێنێت و مناڵەکانی ببات بۆ قەراخ ڕووباری فورات بۆ سەیرانێک، بۆ ئەمە خۆی خستەبەر مەترسی جەڵد لێدان. کاتێک کە بینی ئۆتۆمۆبیلێکی داعش وەستاوە لای خاڵی پشکنینی پردەکەی سەر ڕوبارەکە، ژنێک لەناکاو ڕایکرد لە دەستیان و بازیدا بەسەر هێڵە ئاسنینەکەدا و خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە، مریەم شۆک بوو خێرا هەوڵی دامرکاندنەوەی هاواروقیژەی مناڵەکانیدا تا پێیان نەزانن و نەگیرێن، لەوکاتەدا داعشەکان ژنێکی تریان ڕاپێچ کردە ناو سەیارەکەیان پێش ئەوەی ئەویش خۆی بکوژێت. مریەم دواتر بۆی دەرکەوت کە ئەو دوو ژنە لەو هەزاران ژنە یەزیدیانە بوون کە داعش لە ڕەققە لە بازاری کۆیلەی سێکسدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کردون.
لەژیر دەسەڵاتی دڕندەی دەوڵەتی ئیسلامیدا مریەم هیچ چانسێکی تری نەبوو بێجگە لەوەی کە ڕەققە بەجێ بهێڵێت لە هاوینی٢٠١٧دا. ئەو ڕۆیشت بۆ شاری عەین عیسای ئەو نزیکانە، لەو شوێنە کە پەیوەست بوو بە بزووتنەوەی ئۆتۆنۆمی خۆسەری بەکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم سیستمە دیموکراتیە لەخوارەوە بۆ سەرەوەیەی کە ئێستا ١/٣ی سوریا بەڕێوە دەبات دوای ئەوەی یەکەم جار لە ٢٠١٢دا لە ڕۆژئاڤا دامەزرا کە دەرئەنجامی تێکۆشانی ئازادی کوردان بوو. ئەوە سیستمی کۆنفیدراڵی دیمۆکراتیە کە پایەکەی دەولەت-نەتەوە نیە، بەڵکو پایەکەی سەربەخۆیی و پێکەوەژیانی هەموو کۆمەڵگەکانە، پایەکەی پارێزگاریکردنە لە هەمەجۆری، ژینگەپارێزی و ئازادی ژنانە.
مریەم خۆی چالاکی بەڕێدەخست لەو بزووتنەوەیەدا، وە کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکراتی ڕەققەیان ئازاد کرد ئەو گەڕایەوە تا لەوێ بەردەوام بیت لە تێکۆشان. دەستی کرد بە ڕێکخستنی لۆکاڵی ژنان لە سەرەتادا، دواتر لەگەڵ سەرهەڵدان و دامەزراندنی بزووتنەوەی ژنان لە ڕەقە بزووتنەوەکەی فراونکردەوە بۆ ناوچەکانی تری دەوروبەری.
ئەوکاتەی ئێمە ئەومان ناسی، مریەم سی ساڵ بوو لە بەڕێوەبەرایەتی ژنانی ڕەققە کاری دەکرد، بەڵام خەباتی ئەو بۆ ئازادی ژنان لە سنووری ڕێکخراوەیی و دامەزراوەیی دەرچوبوو. لە دۆکیومێنتەریەکدا گوزەرمان کردوە بەسەر ژیانیدا لە نزیکەوە لە ئۆفیسەکەیەوە تا ماڵەکەی لەوێ دەبینین کە باهاکانی یەکسانی و دادپەروەری لەگەڵ مناڵەکانی بەش دەکات، کاتێک نانی ئێوارەی ئامادەدەکرد پێی دەووتین “ئەوان لەوانەیە مناڵ بن، بەڵام چاودیری ڕەوشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیش دەکەن”، ئەمانبینی یارمەتی ئەدان لە ئەرکەکانی قوتابخانەیان، ئەیووت ئەوانیش یارمەتی من ئەدەن لە کارەکانی ناوماڵدا.
لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی ژناندا لە ڕەقە چەندین دامەزراوەی نوێی تریش هەن لە نیو شارەوانیدا بۆ چاودیری کردن و دڵنیابوون لە یەکسانی نیوان ژن و پیاو لە بەرێوەبەرایەتیەکاندا، لە هامان کاتیشدا برەویان ئەدا بە ئاڵوگۆڕی فراوانتری کۆمەڵایەتی. شارەوانێتی شارەکان چەندین پرۆژەی کۆمەڵایەتیان بەڕێخستبوو، بۆ نموونە پرۆژەی پشتیوانی کۆمەڵگەکان بۆ پشتیوانی خیزانە هەژارەکان. عەواتف عیسا کە بەرپرسیارە لە کاری ژنان لە شارەوانێتی ڕەققە دەڵێت ئامانج “کەمکردنەوەی نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکانە کە بەهۆی هەژاریەوە دەردەکەون” عەواتفیش هەر وەکو مریەم ناچاربوە لە شارەکەی خۆی هەڵبێت و هەرچی هەیە بەجێی بهێڵێت کاتێک داعش ڕەققەی داگیرکردبوو. ئەوەتا ئەو ئێستا گەڕاوەتەوە نەک هەر ڕۆڵی سەرەکی لە شارەوانیتی شارەکەدا وەرگرتوە، بەڵکو سەرۆکی خێزانەکەیشێتی.
بینینی ڕۆڵی ژنان خۆی کاریگەریەکی شۆڕشگێڕانەی لەسەر مێنتاڵێتی کۆمەڵگا هەبوو لەگەڵ دەنگدانەوەی فیمینیزم لە شارەکانەوە هەتا دەگات بە شارۆچکەکانی دەرەوە. هەرچەندە ئازادی ژنان تەنها بریتی نیە لە وەرگرتنی پێگە بەرزەکان، بەڵکو بریتیە لە بەکارهێنانی ئەو هێزە بۆ ڕێکخستنی خەڵکی تر. “لە کاتی ئازاد بوونەوە یەکەم شت خۆمان ڕێکخست، بەڵام ئێستا ژنانی تری شارەکە و دەرەوەی ڕەققەش ڕێکدەخەین”. ئەوان نیشانیان ئەداین کە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی مافاکانی ژنان ئازادی ژنان تەنانەت لە ژیر چەوسێنەرترین دەسەڵاتدا مەحاڵ نیە، ئەوە تەنها بە هاوکاری ژنانی تر بەدەست دیت.

لەودیوی “گەشانەوە لە بیاباندا”
لە میانەی دۆکیومێتاریەکەدا چاودیری کاری ڕۆژانەی ژنەکان دەکەین، ئەیانبینین پەیوەندی دەکەن بە کەسایەتی دامەزراوەکانەوە، دەرگا بەدەرگا دەڕۆن ئاگایی و زانیاری لەسەر کارەکانیان بڵاودەکەنەوە، لەهەمان کاتدا یارمەتیان پێسکەش دەکەن و پەیوەندی دەکەن بە خەڵکی جۆراوجۆرەوە لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا.
نزیکایەتیەکی باش لەگەڵ پاڵەوانە ژنەکانی فلیمەکە بەدەست هات، هەروەها لەگەڵ گروپیێک کە هەمووی ژنان بوون، هەرچەندە فرسەتی ژنان لە بەرهەمی سینەماییدا بە هێواشی گەشە دەکات. زۆربەی کارە تەکنیکی و ڕۆڵی ڕێکخستن و دەرهێنان پیاوان دەستیان بەسەردا گرتوە بەتایبەتی لە بەرەکانی جەنگدا. ئەو گروپی ژنانە ڕێگەیان پێدرابوو بۆ هەندێ شوێن بچن کە پایاوانی لێ نەبوو، لەوێدا بوار هەبوو بۆ بینەران کە نمایشی پەیوەندی سۆزداری ژنەکان ببینرێت لە فلمەکاندا. یەکێک لە ئەندامانی فلیمەکە ووتی “ئەمە فرسەتی زۆریدا بە پاڵەوانەکانمان، وە ئێمەش پەیوەندیەکی باشمان دروست کرد لەگەڵیان کە ئەگەر وانەبوایە ئەو کارە مەحاڵ بوو”. “گەشانەوە لە بیاباندا” فلیمێکی دۆکیومینتەریە لەلایەن ژنەوەو لەگەڵ ژناندا بەرهەم هاتوە.

بەرهەم هێنانی ئەو فلیمە لە ڕەققە سەرکێشیەکی گەورەبوو بۆ تیمی فلیمەکە، بەزۆری بەهۆی باری ئەمنیەوە. داعش هێشتا چالاک بوو لە ناوچەکەدا، بە چەندین شانەی نووستو و هێرشبەرە خۆکوژەکانیانەوە، بیانیەکانیش هەمیشە بەئامانج دەگیران. ئەمە وای کردبوو کاتێک کە لەدەرەوە ڕیکۆردمان دەکرد تیمەکە هەرگیز نەیدەتوانی لە ٣٠ خولەک زیاتر لەهەمان جێگا بێت. ئەمنیەتمان لەلایەن بزووتنەوەی ژنانەوە دابین کرابوو کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش یارمەتی لۆجستی بۆ دابین کردبوون.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری هەمیشە بەڕاستی نموونەیەکی دانسقە بوو لە خۆبەڕیوەبەری کۆمەڵگەو شۆڕشی ژناندا، هەرچەندە ئەوە گرنگە کە عاتفیانە سەیریان نەکەین وەک ئەوەی کە میدیاکانی ڕۆئاوا دەیکەن. ئەوانەی کە خۆیان تەرخانکردبوو لەوێ لەهەموو کەس باشتر دەیانزنی کە ئەو کارانە چەند سەختە، تەنانەت دوای ڕزگار بوون لە داعشیش بۆ زاڵبوون بەسەر دەسەڵاتی هەرەمیدا لە چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا.
“گەشانەوە لە بیاباندا” لایەنێکی تری شۆڕشی ڕۆژئاڤا نیشان ئەدات، خەباتێکی بێدەنگی ژنانی ڕەققە پیشان دەدات، کە هەرگیز بیریان لەوە نەکردبۆوە کە بچنەناو مەیدانی گشتیەوە، بەڵام ئێستا جێگایەکیان بۆخۆیان گرتوەو شارەکەیان دادەمەزرێننەوە. ئەو دامەزراوانەی کە بەشداریان لە فلیمەکەدا دەکرد هەمیشە ئامادە بوون کە کێشە ناوخۆیی و کۆمەڵایەتیەکانیان لە ناو شارەکەو هەرێمەکەدا بەکراوەیی باس بکەن. ئەوان دەزانن کە ئەوە کاتی ئەوێت، ماندووبوون و کاری زۆرو هەوڵ و ئەزموونی دەویت تا مێنتاڵێتی کۆمەڵگا بگۆڕن، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز نەیاندەویست دەستبەردار ببن.
دەستکەوتە سیاسیەکان لە ڕەققە بەبێ خەبات و هەوڵی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ڕەققە مەحال بوو کە ریشەکەی لە ڕۆژئاڤاوە بوو. بە گەشە پێدانی ژنۆلۆجی-زانستی ژن زۆرباش بەڕێوە دەچوو لەودیو لیبراڵیزمی فیمینزمەوە، ئەوان ئازادی ڕاستەقینەی ژنان بەدەست دەهێنن کە سەرچاوەی گرتوە لە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتی کە پێشنیار کراوە لەلایەن ڕێبەری زیندانیکراوی کوردە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە.
لە پشت سیستمی هاوسەرۆکایەتیەوە کە نوینەرایەتیەکی یەکسانی جێندەری دەستەبەر دەکات لە بوارە سیاسییەکەکان، بەرگری سەربازی، سیستمی هاوکاری دارایی. ئەم سیستمە نیشانی داوە کە شێوەیەکی نوێ لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی خەڵک و کۆمەڵگەیی بوون حەتمیە. دەنگدانەوەی ئەم شێوە ڕێکخستنەی کۆمەڵگە دەگەیشت بە شوێنەکانی دەوروبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینەی دەهێنا.
بەم مانایە “گەشانەوە لە بیاباندا” لەسەر بنەمای پەیامیکە کە “بنیدیتا ئارجێنتینا” لە فلیمە دۆکیومینتاریەکی پێشووتری “من شۆڕشم” کە لە ٢٠١٨دا نمایشی کردوە. ئەوەمان بیردێنێتەوە کە شۆڕشی ژنانی ڕەققە کاتێک سەرکەوتوو دەبیت کە هەموو ژنانی عەرەب زمان لەخۆ بگرێت، پێکهاتبێت لە بازنەیەکی پایەدار لە دەوری هەرێمەکە.

نووسینی، مارگرێتا ئۆرینس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە، کەژاڵ حەمەڕەشید

٣٠/٥/٢٠٢١ لە گۆڤاری “جاکۆبن” بڵاوکراوەی سۆشیالیستەکانی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە

سەرچاوە:
https://jacobinmag.com/2021/05/raqqa-women-blooming-in-the-desert-film/?fbclid=IwAR2zs6DLnByTdh8jt3ibSB6oFSOBn5_Jcgv97lRLYHIH42VYhaW2NRso_JI

Previous
Next