Skip to Content

سۆسیالیزاسیونى منداڵ تا پێش قۆناغى هەرزەکارى.. کاوە جەلال

سۆسیالیزاسیونى منداڵ تا پێش قۆناغى هەرزەکارى.. کاوە جەلال

Closed
by June 17, 2021 General, Opinion, Slider

پێشگۆتن

ئەم توێژینەوەیەی سۆسیالیزاسیۆن تەرخانکراوە بۆ قۆناغێکى پێگەیشتنى مرۆڤ کە قۆناغى منداڵییە لە زایینەوە تا پێش هەرزەکارى. توێژینەوەکە خەریکبوونە لەتەک پرۆسەى سۆسیالیزەکردنى مرۆڤدا وەک بوونەوەرێکى گەردوونى، کە دەبێت لەنێو کۆمەڵدا بژى، کە پێدەگەیەنرێت و ئەویش دەبێت کەسێتیى خۆى پێبگەیەنێت.
بێگومان ئاشکرایە توێژینەوەى سۆسیالیزاسیۆن بەرهەمێکى خۆرئاوایە، لێرەشدا دەشێت کار بە دەستکەوتە هەمەلایەنییەکانى توێژینەوەى سۆسیالیزاسیۆن بکرێت، یان فاکتەرە گرنگەکانى سۆسیالیزاسیۆن لێبتوێژرێنەوە کە زۆر جار هەر یەکەیان بۆ خۆی بنەماى مێتۆدێکى پسیکۆلۆژییە، لێ ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە یەکێک لەو مێتۆدانە کراوە بە ڕێگەبڕینى هزریانەى توێژینەوەکە. بۆ نموونە ئێمە پابەند بە سۆسیالیزەکردنى منداڵەوە ناچارین جەخت لە پرسیارى فێربوون بکەین بەبێ ئەوەى بەند بین بە تیۆریى فێربوونەوە (پاڤلۆڤ)، یان پێویستە شکۆفە و وەرگۆڕینى کۆمەڵایەتییانەی ڕەفتار ئاشکرا بکەین، لێ مەرج نییە لێرەدا ڕەفتارگەرى (واتا بێهاڤیۆریزم کە دەمێکە شکستى هێناوە) وەربگرین، هاوکات پێویستە ڕووبکەینە پرسیارى ئاوەڵابوونى هزرین و زمان لاى منداڵ، لێ ئەمە وەرگرتنى مێتۆدى مەئریفە (cognition) نییە. نەخێر مێتۆدى ئەم توێژینەوەیە شرۆڤەیى ڕەخنەییە و مرۆڤ دیالێکتیکییانە لە پەیوەندیدا وەردەگرێت، واتا وەک پابەند بە ژینجیهانێکى تایبەتییەوە کە مۆرک بە کەسێتى و ڕەفتارى ئەو دەدات، لێ ئەویش لە لایەنی خۆیەوە بە کردار و ڕەفتار و شێوازى هزرینى کاریگەرى لەسەر ئەو ژینگەیە دەنوێنێتەوە کە ئەو تێیدا دەبزوێت.

١- تێگەى سۆسیالیزاسیۆن

ئایا لە چ روانگەیەکەوە دەتوانین پرسى سۆسیالیزاسیۆن بەگونجاوى ڕوونبکەینەوە؟ ئایا پێکهاتەى سروشتیى مرۆڤ پاڵهێزە بۆ ئەوە کە تاکەکەس خۆى بە ژینگەکەى بگونجێنێت، وەک چۆن ئالپۆرت بەگوێرەى ‘تیۆریى پێکهاتەى ناخەکى (Dispositionstheorie)جەختى لێدەکات (1)، یان سۆسیالیزاسیۆن بەڕێى کۆمەڵگەوە وەک پرۆسەیەکى نۆرماتیڤ (پێوارەیی) شیاوى ڕوونکردنەوەیە، وەک دورکهایم دەیبینێت؟ بە دیدى دورکهایم گەرەکە لە سۆسیالیزاسیۆندا “کرۆکێکى دى بە بوونەوەرى منگەرا و ناسۆسیالى ساوا بدرێت، کرۆکێک کە بتوانێت ژیانێکى سۆسیال و ئاکاریى بەڕێوەبەرێت”(2).
گەرچى مرۆڤ بوونەوەرێکە لە سروشتییەوە دەتوانێت خۆى بە ژینگەکەى بگونجێنێت، لێ یەکلایەنى دەبێت گەر تەنیا لە پێکهاتەى سروشتیى مرۆڤەوە لە پرسى سۆسیالیزاسیۆن بڕوانین، هاوکات یەکلایەنى دەبێت گەر واى بۆ بچین کە سۆسیالیزاسیۆن لە لایەنێکەوە کە کۆمەڵگەیە، ئاڕاستەى مرۆڤ دەکرێت و لێرەشدا وەک بابەتێکى ناچالاک (پاسیڤ) یان وەک دەستوێژ بۆ گونجاندن دایدەنێت. بە پێچەوانەوە سۆسیالیزاسیۆن ڕوو دەکاتە مرۆڤ وەک کەسێکى چالاک کە خۆى لە نێوچالاکیدا (Interaktion) دەبینێتەوە. ئەمە لە ڕوویەکى سنووردارەوە بەکۆمەڵایەتیکردنە، لێ سۆسیالیزاسیۆن زۆرتر لەمە و بەتایبەتى بریتییە لە ‘بەکەسکردن’ (Personalization)، لێرەشدا ‘کەس’ واژەیەکە بۆ “ڕەهەندى هۆشەکیى مرۆڤ و توانستى ئەو بۆ لێرەبوون (الوجود)”(3). سۆسیالیزاسیۆن وەک بەکەسکردن بریتییە لە “پرۆسەى گۆڕانى تاکەکەس بە ئاڕاستەى ئۆتۆنۆمى و سەربەخۆیى (…). تاکەکەس دەتوانێت بەڕێى خەریکبوونى چالاکەوە لەتەک نۆرم و بەها و هەڵوێستى کۆمەڵگەیەک و کولتوورەکەیدا پتر گەشە بکات و ئەرکەکانى هاوڵاتییەکى بەتوانا وەربگرێت”(4). ئێمە لێرەدا بەندین بە پرۆسەیەکى سەرجەمییەوە کە لە ڕەوتیدا تاکەکەسێک، بەڕێى مامەڵەى چالاک یان ناچالاکەوە لەتەک کەسانى دیکەدا، دەگات بە شێوازەکانى ڕەفتارى سۆسیال و فۆرمە کولتوورییەکان، ئەم شێوازانەش پاشان تایبەتمەندییەکى کەسیی وەردەگرن. بەمەدا دەردەکەوێت کە بۆچى لەنێوان کەسانى کۆمەڵگەیەکى تایبەتیدا، سەربارى کاریگەریى پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن، جیاوازیى درشت هەیە.
لێ هەڵە دەبێت گەر باوەڕ بکەین، کە سۆسیالیزاسیۆن تەنیا بەکەسکردنى منداڵە. لە بنەڕەتدا نەک تەنیا منداڵ، بەڵکو کەسى کامڵیش بەدرێژایى ژیانى لەنێو پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندایە، ئەمەش وەک خەریکبوون و ناکۆکى یان خۆگونجان بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و دراوە کولتوورییەکان. نەک تەنیا منداڵ، بەڵکو کەسانى کامڵیش لە ڕەفتاریاندا هەندێک جار “چاو لە کەسانى دیکە دەکەن”، هەندێک جار ڕەفتارى ڕەچاوکراو ڕاستەوخۆ دەکەن بە نموونەى کردارى خۆیى، یان هەندێک جارى دى درەنگتر لاسایى دەکەنەوە، چونکە “من”-ى مرۆڤ چەقى پەیوەندییەکانى خۆى لە “ئەوانیدی”دا دیارى دەکات: “هەڵوێستى، هزرینى، پلاندانان و کردارى، هەمیشە ڕووەو ئەوانیدى ئاڕاستە دەدرێن، جا گەر تەنانەت ئەوانیدى لە کەتوارى دەرەکیى ئەودا ” ئامادە نەبن (5).
ئێمە پێویستە هاوکات جیاوازى بکەین لە نێوان تێگەى سۆسیالیزاسیۆن و پەروەردەدا. سۆسیالیزاسیۆن پرۆسەیەکە کە لە ڕەوتیدا ئۆرگانیزمێکى مرۆڤیی بە پێکهاتەیەکى بیۆلۆژییەوە گەشە دەکات بۆ کەسێتییەکى بەتوانا بۆ کردار، لێ پەروەردە تێگەیەکە “لەژێر سەرتێگەى سۆسیالیزاسیۆندا”، یان “واژەیەکە بۆ هەموو ئەو کردار و ئیجرایانەى مرۆڤان کە دەنوێنرێن بۆ ئەوەى کار بکەنە سەر گەشەى کەسێتیى مرۆڤ و پشتگیریی ئەو گەشەیە بکەن بەگوێرەى پێوەرى تایبەتی بەهایى”(6).

٢- شکۆفەى کەسێتى لە نێوچالاکیدا (Interaction)

سۆسیالیزەکردنى منداڵ لە کاتى زایینەوە لەنێو خێزاندا سەرچاوە دەگرێت و لە فێرگە درێژەى پێدەدرێت. لەم ڕەوتەدا منداڵ بەڕێى نێوچالاکییەوە فێردەبێت خۆى بە داواکارى و چاوەڕوانیى ئەو گرووپانە بگونجێنێت کە ئەو لەنێویاندایە.

٢-١- سۆسیالیزاسیۆنى خێزانى پێش فێرگە

٢-١-١- منداڵ لە باوەشى خێزاندا

منداڵ لە یەکەم ساتى هاتنیەوە بۆ نێو جیهان بەندە بە ئەوانیدییەوە و بەبێ لالێکرنەوە و ئاگاداریى ئەوان ناتوانێت خۆى بژێنێت، بۆیە چەقى گۆڕانى کەسێتیى منداڵ هەمیشە لەو جۆرەى پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندایە کە سەرەتا لەنێو خێزانی ناوکیدا (core family) دێتە گۆڕێ. لێرەدا جیهانبینیى دایک و باوک، واتا شێوازى بیرکردنەوە و تێڕوانینیان بۆ جیهان، رۆڵى گرنگ لەوەدا دەگێڕێت کە چۆن منداڵەکەیان ئامادە دەکرێت بۆ بوون بە ئەندامێکى چالاکى کۆمەڵ، ئەمەش شەقڵ بە شێوازە تایبەتیەکانى ڕەفتارى منداڵ دەدات پێش ئەوەى فێرى رۆڵ و نۆرمى کۆمەڵایەتى بووبێت. لە بنەڕەتدا شێوازەکانى سۆسیالیزاسیۆن بەزۆریى سەرەنجامى ئەم جیهانبینیەن: خێزان، جا دەوڵەمەند بێت یان هەژار، شاریى بێت یان گوندى یان ڕەفتارلادێیى، بە شێوازى بیرکردنەوەى کاریگەرییەک لەسەر جۆرى چێبوونى ئەو تاکە دەنوێنێت کە لە ئایندەدا وەک کردارنوێنێکى کۆمەڵایەتى دەردەکەوێت. بۆ نموونە لە خێزانێکى ئۆتۆریتێرى باوکسالاریدا پتر ڕەچاوى ‘بەخێوکردن‘ یان ‘خۆشەکردن‘ دەکرێت و هەوڵ دەدرێت منداڵ لەنێو ئەو نەریت و ڕەوشتانەدا ببەسترێتەوە کە باوک و دایک، بێگومان بەزۆرى باوک، وەک هەقیقەتى ئەزەلى و نەشیاوى خۆلێلادان سەیرى دەکەن. پێگەیشتنی کەسێتیی منداڵ لە خێزانێکی بەم شێوەیەدا تەواو جیاوازە لە شێوەی پێگەیاندنی منداڵ لە خێزانێکی کراوەی ڕا-جیاوازدا کە تێیدا دەرفەت ڕەخساوە بۆ ئەوەی پێکڕا گفتوگۆ یان تەنانەت دانوستاندن لەسەر ڕا جیاوازەکانی یەکدی بکەن.
بێتوانایی مرۆڤى منداڵ کێماسێکى مرۆڤییە کە بەهۆیەوە فێربوون واتایەکى کرۆکی وەردەگرێت، ئەمەش لە یەکەم ڕۆژى هاتنیەوە بۆ نێو جیهان، لە یەکەم گرتنى گۆى مەمکى دایکییەوە بە لێوەکانى، کەواتە لەو کاتانەوە کە منداڵ هێشتا فێرنەبووە تێڕوانین لەسەر شتەکانى ژینگە چێبکات. لێرەشدا “فێربوون بەگشتى لەسەر ڕەوتێکى ئۆرگانى ڕوودەدات، ئەویش کاتێک منداڵ گرنگیدانەکانى خۆى بە شێوەیەکى سپۆنتان (عفوى) ئاڕاستەى ئەو جێیانە دەکات کە ئەو لێیان جۆش و شیمانەکانى جووڵە بۆ خاترى ئەو گۆڕانە هۆشەکى و جەستەییانە بەدیدەکات کە لە پێگەیشتندان”(7). کەواتە لە یەکەم رۆژى هاتنى منداڵەوە بۆ نێو جیهان شێوەیەکى لێکخشان لە نێوان ئەوى کۆرپە و ژینگەدا (سەرەتا خێزان وەک ڕاسپێرراوى رێکخراوى کۆمەڵایەتى و پاشان دامەزراوى دیکەى وەک باخچەى منداڵان و فێرگە و هتد) دێتە ئاراوە و نیشانەیە بۆ ئەوە کە منداڵ تەنیا لەنێو کۆمەڵ و کولتوورێکى تایبەتیدا شیمانەى ئاوەڵابوونی هەیە. “کاریگەریى ئەوانیدى لەسەر ڕەفتارى تاک بەوەدا دەردەکەوێت کە زۆرینەى ڕەمەک و پێداویستییە مرۆڤییەکان تەنیا لەنێو چێوەیەکى سۆسیالدا شیاوى بەدیهێنانن. بەتایبەتى لە منداڵیدا کە بەها بناغەییە کولتووریەکان سۆسیالیزە دەکرێن، تاک بەندە بە لالێکردنەوەى کەسانى دیکەوە و ناتوانێت بەبێ ئەوان پێداویستیەکانى خۆى ساتار بکات، ئەمەش تەنیا وەرگرتنى خۆراک و پاراستن لە سەرما ناگرێتەوە، بەڵکو هەروەها هێمنکردنەوەى منداڵ بەهۆى پەیوەندییەوە. لەبەرئەوەى ئەم پێداویستیانە بەڕێى پەیوەندیى نێویەکییەوە ساتار دەکرێن، ئەوا لە ڕەوتی هەوڵەکانى سۆسیالیزاسیۆندا دەبن بە بناغەى یەکەم ئەزموونەکانى منداڵ. لەم هەوڵە دامەزراوەییە بنەماییەوە، هەروەها لە هەوڵەکانى خێزانى ناوکییەوە کە بەڕێیانەوە مەرجى جیاواز بۆ دابینکردنى پێداویستییە کەسییەکان ئامادە دەکرێن، تایبەتمەندیەکانى ڕەفتارى کۆمەڵگەیەک سەرهەڵدەدەن و زەمینەى ڕەفتارەکانى تاکەکەسان و پەیوەندیە نێوکەسییەکان پێکدەهێنن”(8).
لەنێو چێوەى سۆسیالیزاسیۆندا پێداویستیە خۆییە بناغەییەکان، بە تایبەتى ڕەمەکەکان (برسێتى، سێکسوالێتى، نووستن)، هەروەها پاڵهێزە (دافع) ناخەکییەکان (واتا هەوڵدان بۆ ناساندن لەلایەن ئەوانیدییەوە، لالێکردنەوە)، لە ڕەوتی وەرگرتنى توخمە سۆسیۆکولتووریەکاندا (زمان، نۆرم) بە شێوەیەکى ئەوتۆ کاریان تێدەکرێت کە ئیدی لە سەرەنجامدا کەسێتییەکى سۆسیۆکولتوورى وەک سەرەنجامى کاریگەرییە نێویەکییەکانى تاک و ژینگەى کۆمەڵایەتى دێتە ئاراوە.
لێ دەبێت پەیوەست بە کێشەى کاریگەرییەوە دوو ئاڕاستە دیارى بکەین: لە لایەک گەشە یان بەدگەشەى منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵى دایک و باوک، هەروەها بۆ پەروەردەکاران (بۆ نموونە فێرکاران)، لێ لە لایەکى دى، وەک ئاڕاستەى دووەم، “منداڵانیش کاریگەرى لەسەر دایک و باوک و پەروەردەکاران” و لێرەشەوە “لەسەر سەرجەم گۆڕانى کولتوورى” دەنوێنن (9). توێژینەوەکان لە بوارى (child effect)دا ئاشکراى دەکەن کە کاریگەریى منداڵ لەسەر دایک و باوک و کێشەى خۆگونجاندن لەکاتى “دووگیانییەوە” سەرەتا دەگرێت و منداڵان “تا تەمەنى پێگەیشتوویى ڕیزێک ئەرکى گەشەیى دەخەنە بەردەم دایک و باوکیان: زایین، مشوورى خۆراک و سەرپەرشتیى مەلۆتکە، ناونووسکردنى منداڵ لە فێرگە، هەڵبژاردنى پیشە” و هتد. ئەم جۆرە ئەرکانە بریتین لە “پەڕینەوەى کێشەیى بۆ دایک و باوک، کە لەتەک خۆیاندا دۆخگۆڕیى ئاشکرا لە ڕەوتی ژیانى رۆژانە و پیشە و هاوسەرێتیدا دەهێنن”؛ ئەو شتانە کە واتاى کرۆکییان بۆ ئەوان هەیە، هەروەها بەرپرسیارییەکان، ئەوجا دۆخى ناخەکییان و ئەو شتانەى ئەوان لە ژیانیاندا گرنگییان پێدەدەن، لە ڕەوتی کێشەکانى گەشەى منداڵەوە کرۆکیانە کاریان تێدەکرێت(10). منداڵان لە هەموو قۆناغێکى تەمەندا دایک و باوکیان بەرەنگارى روانگە و نرخاندنى “لەڕێچکەلادەر” دەکەنەوە(11). لێ منداڵان هەروەها زۆر جار لە ڕەوتی فێربوونى فێرگەییدا، هەروەها لە ڕەوتی ئەزموونیاندا کە بەهۆى پەیوەندییەوە لەتەک منداڵانى دیکەدا دەیکەن، زانینى نوێ بە دایک و باوکیان دەگەیەنن، لێرەشەوە زۆر جار تێڕوانین و هەڵوێستى ژیانیان دەگۆڕن.

٢-١-٢- سۆسیالیزاسیۆنى تایبەت بە ڕەگەزەکان

سۆسیالیزاسیۆن ڕووداوگەلى ئاڵۆزتر لەخۆدەگرێت کە دەتوانین ناویان بنێین فێربوونى رۆڵ: “رۆڵ بریتییە لە (…) نموونەیەک بۆ سەرجەمێتیى ڕەفتار (…): رۆڵى رەگەزى، رۆڵى خزمایەتى، رۆڵى پیشەیى و هتد. لێ بە فێربوونى رۆڵەوە فێربوونى نۆرم و بەها لکاوە”، ئەم نۆرم و بەهایانەش “کە چاوەڕوانین و کۆمەڵایەتییانە پێناسەکراون، دەدرێن بە هەڵگرانى رۆڵەکە و بۆ ئەوانیش واتاى فرمان دەگەیەنن تاکو بەو چاوەڕوانییانە بگونجێن”(12).
فێربوونى رۆڵ پەیوەست بە رۆڵى نێرینە و مێیینەوە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە منداڵ “فێر ببێت هێدى هێدى ڕەفتار بنوێنێت و هەست بکات و جیهان راڤە بکات وەک ئەو کەسانەى کە خۆیان لەنێو هەمان جۆرى کەسییدا دەبیننەوە”(13). تەنانەت لە تەمەنى منداڵیدا کوڕان و کچان فێرى ڕەفتارى رۆڵئاسا دەبن، ئەوان لە لایەن دایک و باوک، هەروەها هەڵگرانى دیکەى سۆسیالیزاسیۆنەوە، بەجۆردەکرێن و بەم ڕێیەشەوە شوێن ى کرداریان دیارى دەکرێت. “یەکەم داواکارییە سادەکان بۆ ئەوە کە چۆن گەرەکە مرۆڤ وەک کوڕ یان کچ ڕەفتار بنوێنێت، لە ڕەوتی ئایندەى پێگەیشتنیاندا و هەروەها تەنانەت لە خودى تەمەنى کامڵیدا تایبەتێتییان پێدەدرێت. بەم شێوەیە تێڕوانینى کڵێشەیی سەرهەڵدەدەن، بۆ نموونە: پیاوان گەرەکە بەهێز و بێسۆز و سەرکەوتوو بن، لێ کچان بە پێچەوانەوە لاواز و هەستدار بن و کەسانى دەوریان سەغڵەت نەکەن. ئەم شێوازانەى تێڕوانین تەنانەت لاى منداڵانى پێنج ساڵان بەدیدەکرێن (…).”(14)
منداڵان لە ڕووى بیۆلۆژییەوە وەک کوڕ یان کچ دەزایێنرێن، لێ ئەو پرسیارە کە چۆن ئەوان گۆڕان بە تایبەتمەندییە ڕەگەزییەکانى ڕەفتار دەدەن یان “ئەوان چە چاوەڕوانییەک بە ‘نێربوون‘ یان ‘مێبوون‘ـەوە دەلکێنن، ئەوە بە سروشتى نەدراوە. کەواتە پێشبینی سەبارەت بە مێبوون یان نێربوون مەرجى سۆسیالی هەیە، ئەم پێشبینییەش بەڕێى وەرگرتنى پێشدراوە سۆسیالەکان و هەروەها لە خەریکبووندا بە ژینگەوە دێتە ئاراوە”(15). ئاخر منداڵ لە یەکەم رۆژى هاتنیەوە بۆ نێو جیهان بەرەنگارى چاوەڕوانى و شێوازى ڕەفتارى ڕەگەزییانە دەکرێتەوە: “دایک و باوک بە زایینى کوڕێکەوە روانگە و ڕەوتی ژیان و هیوا و مشورى جیاوازتر دەلکێنن وەک بە زایینى کچێکەوە. ئەوان (زۆر جار بەبێ ئاگا) بەرانبەر شیرەمژەیەکى نێرینە فۆرمى دیکەى نێوچالاکى، یان بزووتنى جیاوازى جەستەیى و گوزارشتى ڕوخسار پیشان دەدەن وەک بەرانبەر شیرەمژەیەکى مێیینە، ئەوان کوڕان جیاواز لە کچان دەپۆشن و هتد. بەم شێوەیە ئەوان لاى مەلۆتکەى نێر و مێ شێوازى جیاى ڕەفتار دەهێننە ئاراوە.”(16)
لە ڕەوتی ساڵانى سەرەتاى ژیاندا چاوەڕوانى و وەڵامدانەوەکان، راڤەى تایبەتیى ڕەفتار، دەستوێژەکان بۆ نواندنى فشار کە تایبەتمەندیى ڕەگەزییان هەیە، هەمیشە پتر پەرەدەسێنن، کە ئیدی منداڵ زۆرتر چالاک دەبێت و لە پراکتیکە سۆسیالەکاندا بەشدارى دەکات. هاوکات منداڵ لە ڕووى ڕەگەزییەوە وردتر دەرکى ژینگە دەکات و ڕاڤەى دەکات. بەم شێوەیە منداڵ لە خێزاندا و بەڕێى لایەنە دەرەکییەکانى سۆسیالیزاسیۆنەوە، بۆ نموونە هەڤاڵان، پەڕتوکى وێنەیى، تەلەڤیزیۆن، نێوەندى گشتى (شەقام، دوکان، هۆکانى گەیاندن) و رێکلام و هتد، ئەزموونى ئەوە دەکات کە مێبوون یان نێربوون چە واتایەک دەگەیەنێت (17).
منداڵ دواى زایین پەیوەندییەکى بەهێزى بە دایکەوە هەیە، چونکە دایک لە پلەى یەکەمدا مشوورى منداڵ دەخوات، لێ بۆ ئەوەى منداڵ بتوانێت گۆڕان بە ئاگایى کەسێتیى خۆى بدات، ئەوا دەبێت خۆى هێدى هێدى لە دایک جیابکاتەوە. “ئەم پرۆسەیەى جیابوونەوە لاى کوڕان و کچان جیاوازە. کچان زۆرتر لە کوڕان لە دایکیان نزیک دەمێننەوە. کچ لێرەدا دەتوانێت بەڕێى نزیکییەوە لە دایک هەستێکى بۆ شوناسى کەسیى هەبێت و ئەم هەستە زۆرتر رێ بە بەردەوامى (ئیدامە) و نزیکى دەدات وەک لاى کوڕان. لێرەوە لاى کچان ئەوە وەک سەرەنجام دەکەوێتەوە کە لای ئەوان ئەدگارەکانى وەک هەستناسکى و هاوهەستیى سۆزمەند”(18) سەرهەڵدەدەن. گەیشتن بە شوناسى ڕەگەزى بریتییە لە پرۆسەى گەشەى منداڵ بۆ بوون بە کوڕ یان بە کچ.
باخچەى منداڵان لەپاڵ خێزاندا گرنگترین نێوەندەکانى سۆسیالیزاسیۆنی منداڵانە لە نێوان تەمەنى سێ تا شەشساڵیدا (19). لێرە نەک تەنیا ژینگەکى تایبەتى و پسپۆرانە (وەک ئامرازى گەمە، ڕووى دەرەوە و ناوەوەى بینا و هتد) بە مەبەستى پەروەردەییەوە چێدەکرێت، بەڵکو لێرە منداڵان ڕۆژانە فێر دەبن لە پەیوەندییەکى سۆسیالى گەورەتردا کرداربنوێنن. لێرە زۆر جار پرۆسە ڕەگەزییەکانى سۆسیالیزاسیۆن بە چەشنێک ڕوودەدەن کە خودى پەروەردەکاران ئاگایان لێیان نییە. ئەوان زۆر جار دەرک بەوەش ناکەن کە چە وێنەیەکى تایبەتیى ڕەگەزییان هەیە کە ڕەفتارى خۆییان دیارى دەکات و کاریگەرى لەسەر منداڵان دەنوێنێت. لە بنەڕەتدا کوڕان و کچان لە سەرەتاى تەمەنى باخچەى منداڵاندا فێربوون کە چاوەڕوانییە ڕەگەزییە تایبەتیەکان چە واتایەکیان بۆ ئەوان هەیە، ئەوان هەروەها گۆڕانیان داوە بە شوناسێکى سەرەتایى سەبارەت بە ڕەگەزى خۆیان. ئەوان دەزانن کور یان کچ بە چى گەمە دەکات، چە ئەدگارێکى ڕەفتار بەگشتى بە کوڕان یان بە کچان دەدرێت و هتد.

٢-٢- سۆسیالیزاسیۆنى فێرگەیى

منداڵ لایەنى کەم لە تەمەنى شەش ساڵییەوە هەموو ڕۆژێک، جگە لە ڕۆژانى پشوو، چەند سەئاتێک لە فێرگە بەسەردەبات و ئەمەش دەشێت شەش تا نۆ ساڵ بخایەنێت. منداڵ لەم ماوە درێژخایەنەدا نەک تەنیا لە خۆیەوە مامەڵەى جیاواز لەنێو فێرگەدا دەکات، بەڵکو هاوکات لە ڕەوتی پەیوەندییە نێویەکییەکاندا، هەروەها بەڕێى داواکاریى فێرگەییەوە، فێرى شێوازى دیکەى مامەڵەکردن و ڕەفتارنواندن دەبێت، کە پێکڕا گۆڕان بەسەر شێوازە خۆییەکانى کردارى ئەودا دەهێنن.
بۆ نزیککەوتنەوە لە سۆسیالیزاسیۆنى فێرگەیى پێویستە سەرەتا بپرسین کە داخۆ سیستەمى فێرکارى بە چە شێوەیەک پەیوەندە بە کایەکانى دیکەى کۆمەڵگەوە. ئاشکرایە کاراییەکى سۆسیالیزاسیۆنى فێرگەیى بریتییە لە گەیاندنى توانست، چونکە فێرگە بۆ ئەوە دامەزرێنراوە کە بە منداڵان توانستەکانى وەک نووسین و ژماردن، زانستى سروشتى و ئێستێتیکی و هتد بگەیەنێت، کە منداڵان لە ئایندەدا پێویستیان پێیانە بۆ ئەوەى بتوانن داواکارییەکانى نێو پرۆسەى کار وەک فەرمانبەری فەرمی یان پیشەمەندی سەربەخۆ بەجێبگەیەنن. ئەرکێکى دیکەى فێرگە ئەوەیە کە دەرفەت بڕخسێنێت بۆ ئەوەى منداڵ لە ڕەوتی سۆسیالیزەکردندا شکۆفەى ناخەکى بکات و لێرەشەوە بۆى بلوێت گۆڕان بە تواناى خۆیى بدات، ئەوجا لە کارى تیمدا (کۆییدا) جێگەى خۆى بکاتەوە و خۆى بگونجێنێت. دامەزراوەکان کە نوێنەرایەتیى بوارە کولتوورییەکان دەکەن، لەوانە زانکۆ، سەنتەرەکانى توێژینەوە، دامەزراوە فەرهەنگییەکان بەگشتی و تەنانەت یانەکانى وەرزش، “چاوەروانیى ئەوە لە فێرگە دەکەن کە لایەنى کەم (…) گۆچانێکى تێگەیشتن و گرینگیدان و مەئریفە و توانست بۆ نەوەى نوێ ئامادە بکات، بەمەش شیمانەى هاتنى منداڵ بۆ نێو رەهەندەکانى ژیانى فەرهەنگی ئاوەڵا بکات.”(20)
ئەرکێکى دیکەى فێرگە لە سۆسیالیزەکردنى منداڵدا ئەوەیە کە هەوڵ بدات هەڵوێستى بەهایى و شێوازەکانى راڤەکردنى پێبگەیەنێت. کەواتە ئەرکى فێرگە لەم کاراییەیدا گەیاندنى کولتوورە، ئەم ئەرکە هاوکات بریتییە لە بنیاتنان و گۆڕاندان بە شوناسێکى کولتوورى. لێ پێویستە لەم پەیوەندییەدا جەخت لە هەقیقەتێک بکەین، واتا “ئەوە کە لە کۆمەڵگەدا وەک پۆزەتیڤ، ئەوەش کە سیستەمى سیاسى ڕەوایەتیى پێدەدات، بۆ نموونە سەرکەوتن (نەجاح) بەڕێى توانستى بەدیهێنانەوە، یان هۆشرایەڵى و هتد، وەک بابەتى سەرەکیى وانە ناگەیەنرێن، بەڵکو لە لاوە وەک ‘پەیڕەوى شاراوە’ (hidden curriculum 21) دەگەیەنرێن. زۆر جار خودى بەشداریکەران نازانن کە ئەم فاکتەرە لاوەکییانە چە واتا و شێوازێکى کاریگەرییان هەیە.”(22)
‘پەیڕەوى شاراوە‘ بە هەمان شێوەى پلانى فەرمیى فێرکارى کارایە لە سۆسیالیزەکردنى منداڵدا، چونکە ‘پەیڕەوى شاراوە‘ هەموو ئەو ئەزموونە سۆسیالانەى فێربوون لەخۆدەگرێت کە منداڵان لە ژیانى ڕۆژانەى فێرگەدا دەیانکەن، بۆ نموونە ژیان لە فێرگە لەوبەر پلانەکانى فێرکارییەوە، یان ڕێنوما و ڕێساکانى فێرگە کە پلانى فێرگەیى نین، بەڵکو دەسەپێنرێن و کارگەری لەسەر ڕەفتارى فێرخوازان دەنوێنن، ئەوجا چەوساندنەوەى دەربڕینى کتوپڕى پێداویستییە خۆییەکان، یان ڕیزبەندى لەنێو گرووپدا و دانانى منداڵان لەژێر ڕکێفى مەبەستەکانى دامەزراوەى فێرکاریدا.
لە ‘پەیڕەوى شاراوە‘دا چەند ڕەوشێک هەن کە واتای کرۆکییان بۆ سۆسیالیزەکردنى منداڵ هەیە. کێشەیەکى کرۆکى بریتییە لە فەزا و کات. “ژینگەى فەزایى هێزێکى فۆرمێنەرە” بە کاریگەریى بەهێزەوە لەسەر مرۆڤ. شێوەى بیناى فێرگە و پۆلى وانە کاریگەری لەسەر هەستى حەساوەیی و میزاجى فێرخوازان بۆ فێربوون دەنوێنن. نەخشەى فێرگە بەڕوونى پێشانى فێرخوازانى دەدات کە پلاندانەرانى بیناکە چە پێشبینییەکیان بۆ فێرگە و وانە هەیە و چۆن ژیانى فێرخوازان دەنرخێنن. هەروەها فۆرماندنى ژوورەکانى وانە، بۆ نموونە ڕیزبەندیى مێزەکان، ئەو هەستە بە فێرخوازان دەدات کە مامۆستایان چاوەڕوانیى چى لە ئەوان دەکەن. بابەتەکانى نێو دامەزراوەى فێرگە تەنیا ڕێ بە نێوچالاکى و بزووتنى تایبەتى دەدەن: فێرخوازان بۆیان هەیە بڕۆن، دابنیشن یان بووەستن، لێ بۆیان نییە ڕابکەن یان پاڵبکەون. لێ لەپاڵ کێشەى فەزادا کێشەى کات هەیە. منداڵان بەڕوونى دەبینن کە کاتى فێربوون لەسەر بنەماى ساڵ و رۆژ و سەئات دیاریکراوە، لێ ئەوان هاوکات دەبینن کە فێرکاران بە پێچەوانەوە کاتیان هەیە، دەبینن ئەوە فێرکارانن کە پلانەکانى فێرکارى دادەنێن و دەسەڵاتیان هەیە بۆ ئەوەى سەرەتاى وانە و کارى تاک یان گرووپ دیاریبکەن(23).
رۆڵێکى “‘پەیڕەوى شاراوە‘ بریتییە لە نرخاندنى ‘ئەنجامەکان’، بەم رێیەشەوە کار دەکاتە سەر گەشەى کەسێتى بە سەرەنجامێکەوە کە لە نێوان فێرخوازانى باش و ناباشدا جیاوازى لە هەستى خۆیى و متمانەبەخۆکردندا سەرهەڵدەدات. ئەو منداڵانە کە ئەنجامى فێرگەیى باشیان هەیە، پێشبینییەکى سەقامگیرتری کەسێتیى خۆیانیان هەیە لەو فێرخوازانە کە کەمتر سەرکەوتوون. کەواتە فێرگە بەهێزتر لە خێزان دەرفەت بۆ ئەوە دەڕەخسێنێت کە فێرخوازان خۆیان بە کەسانى دى بەراورد بکەن، یان دەرک بکەن کە چۆن ئەوان لە لایەن کەسانى دیکەوە دەنرخێنرێن. بەم شێوەیە نرخاندنى بەدیهێنانە فێرگەییەکان دەبێت بە بەشێکى شوناسى کەسیی.”(24)
ئێمە هاوکات لە فێرگە سۆسیالیزاسیۆنى تایبەت بە ڕەگەزەکان دەبینین، لێ لەم پەیوەندییەدا پێویستە لە پێگەیاندنى کوڕان و کچاندا ڕەچاوى فێرگەى تێکەڵ یان جیاکراوە بکەین. لە سۆسیالیزاسیۆنى فێرگەیى جیاى ڕەگەزەکاندا هەر لە سەرەتاوە دیوارێک لە نێوان منداڵانى نێر و مێدا هەڵدەچنرێت، کە ئیدی لەم تەمەنەوە شێوازەکانى دەربڕینى ئارەزوویان بۆ یەکدى، شەرم لە یەکدى، ناز بەسەر یەکدیدا، سەرهەڵدەدەن، کەواتە لەم تەمەنەوە گەراى کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر کوڕان و کچانى گەنج دادەنرێت، بەم رێیەشەوە فۆرمى باوى ڕێکخراوى کۆمەڵایەتى بەرهەمدەهێنرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە گومانى تێدا نییە کە سۆسیالیزاسیۆنى ڕەگەزى لە فێرگەى تێکەڵدا نزیکى لە نێوان ڕەگەزەکاندا چێدەکات و بەمەش ترس و شەرمى تایبەتی ڕەگەزییانە کەمدەکاتەوە، لێ لێرەش هێشتا هەر بەبێ ئاگا یان بەبێ مەبەست سۆسیالیزاسیۆنى تایبەتى ڕەگەزى روودەدات: “کوڕان زۆرتر لە کچان لە وانەدا پرسیاریان لێدەکرێت، ستایش یان سەرزەنشت دەکرێن و بەهۆى کێماسی دیسپلینەوە گەڤ دەکرێن. کوڕان زۆرتر لە کچان پەیوەندیى چاویان لەتەک فێرکاراندا هەیە، فەزاییانە لێیان نزیکترن و زۆرتر لە کچان پرسیاریان لێدەکرێتەوە. بە شێوەیەکى دى ببێژین: کوڕان زۆرتر لە کچان ئاگامەندییان لە لایەن فێرکارانەوە پێدەبڕێت، ئەمەش زۆر جار بە پێچەوانەى مەبەستى دیاریکراوى خودى کامڵەکانەوە(…). بەشداریى کوڕان لە وانەدا پڕبەهاتر دادەنرێت و ئەوان زۆرتر وەک شایانى پشتیوانیکردن دادەنرێن، بۆیە ڕوودەدات کە زۆرتر لە کچان هاندەدرێن.”(25)

٣- کاریگەریى کولتوور لەسەر پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن

لە سەرەوە کێشەى سۆسیالیزاسیۆنمان لە ڕووى پەیوەندیى نێوان بکەرانى سۆسیالیزاسیۆن (واتا دایک و باوک و فێرگە) و منداڵەوە دیارى کرد. لێ هەروەها کولتووریش فاکتەرێکى گرنگى سۆسیالیزاسیۆنە، چونکە کولتوور وەک کڵافەیەک لە بیروباوەڕ و دەستکەوت و ترادیسیۆن، کە هەموویان “پاشین”ـەى کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنن، هەمیشە رۆڵى سەروەرى خۆى دەنوێنێت و کاریگەرە لەسەر گۆڕانى کەسێتى.

٣-١- تێگەى کولتوور

کولتوور کە دراوێکى پڕواتایە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، “بریتییە لە کۆى سەرجەم بونیادەکانى ڕەفتار، هەروەها بریتییە لەو هەڵوێست و بەهایانە کە ئەندامانى کۆمەڵگەیەکى تایبەتى بەهاوبەشى هەیانن و وەک میرات دەیانگەیەنن بە نەوەکانى دى.”(26) کولتوور “بەشێکى کرۆکیى ڕوودانە کۆمەڵایەتییەکانە”، گرنگترین کارایى کولتوور لەوەدایە کە “جەخت لە بۆماوەى کۆمەڵایەتی دەکات”، هەروەها لەبەر ئەوەى فۆرم بە ڕەفتارى راستینە دەدات، ئەوا کاریگەرییەکى پێوارەیی (معیاری)ى هەیە، جگە لەوە کولتوور “دەستوێژێکە بۆ چارەسەرى کێشە.”(27)
ئێمە دەتوانین کولتوور بەسەر دوو کایەى سەرەکیدا بەش بکەین: کولتوورى مادی (ماتەریەل) و نامادی (هۆشەکی). یەکەمیان بریتییە لە شکۆفەى مادی و تەکنیکیى کۆمەڵگە، واتا سەرجەم ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە ئاستى گۆڕانى زانستى کۆمەڵگەیەک جیانابنەوە. لێ کولتوورى نامادی یان هۆشەکى بە پێچەوانەوە بریتییە لە نۆرمەکان (پێوارەکان)، جۆرەکانى پێشبینیى ئاوەزمەندانە و نائاوەزمەندانە، وەک پێشبینیى زانستى، بڕواى ئایینى، ئەفسانە و داستانەکان و هتد (28).

٣-٢- رۆڵى کولتوور لە پێگەیاندنی کەسێتیدا

مرۆڤ بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە. تەنانەت مەلۆتکە لەکاتى هاتنیدا بۆ نێو جیهان بەندە بە هاومرۆڤانییەوە. لەبەر ئەوەى مەلۆتکەى شیرەمژە لە لایەن کۆمەڵگەیەکى تایبەتی و نوێنەرەکانییەوە بەکرۆکى کارى تێدەکرێت، ئەوا پرسیارەکە سەبارەت بە گۆڕانى منداڵ پتر ڕوو لەو کۆمەڵگە و کولتوورە دەکات کە ئەو لە نێویدا پێدەگات. “بۆ ئەوەى لە واتاى کۆمەڵگەى مرۆڤیى وەک فاکتەرى سۆسیالیزاسیۆن بۆ ڕەفتار تێبگەین، دەبێت خۆمان بە کولتوورەوە خەریک بکەین، چونکە کولتوور گرنگترین دراوە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. کولتوور پێکدێت لە بونیادى فێربوو و ڕێکخراوى ڕەفتار کە مۆرکى تایبەتیى کۆمەڵگەیەکن.”(29)
بێگومان کولتوور نەک بە شێوەیەکى موجەڕەد (ئەبستراکت)، بەڵکو بە شێوەیەکى بەرجەستە بەڕێى نوێنەرەکانییەوە (دایک و باوک، فێرکار، مەلا و هتد) کارا دەبێت. “سیستەمەکانى بڕوا (العقیدە) کە مەرجى کولتوورییان هەیە، هەروەها تێڕوانینە سەروەرەکان سەبارەت بە سروشتى مرۆڤ، پاشان مەبەستى ژیانى مرۆڤ و پەیوەندیی ئەو بە ژینگە و هاومرۆڤانییەوە، کاریگەرییەکى بەواتایان لەسەر پرۆسەى سۆسیالیزەکردن هەیە. کامڵەکانى هەندێک کولتوور پەروەردەى منداڵ تەنیا وەک کێشەى تێرکردن دەبینن، منداڵان لە کولتوورى دیکەدا وەک بابەتى گوێرایەڵى یان بەخێوکردن دەبینرێن، کولتووریش هەیە کە بایەخ بە تەحقیقکردنى کەسێتیى خۆ و خودبەدیهێنان دەدات”(30).
کولتوورێک کە لە سۆسیالیزەکردنى منداڵدا ئەزموونى کۆیى، واتا بەستنەوەى تاک لەنێو ڕێنوما دانراوە ترادیسیۆنیەکاندا بەهەند وەربگرێت، ئەو کولتوورە پێگەیشتنى “من”ى کەس ڕەتدەکاتەوە، چونکە کەس پێویستە وەک کەرتى کۆمەڵ ڕەفتار بنوێنێت و پەیوەندییەکانى خۆی دابمەزرێنێت. لە پاشخانى داواکارییە کولتوورییەکانەوە کچان و کوڕان وەک ژنى ماڵ و دایکى ئایندە، یان وەک پیاوى گوێرایەڵ و دڵسۆز بۆ داب و نەرێتى سەروەر، سۆسیالیزە دەکرێن. بەم شێوەیە کچان و کوڕان چاو لە نموونەکانیان دەکەن، نموونەکانیش لاى کچان بریتین لە هەڤاڵان، دایک و نەنک، پوور و ژنانى دراوسێ و هتد، لێ لاى کوڕان بریتین لە هەڤاڵان، باوک و باپیر، مام و خاڵ و پیاوانى دراوسێ و هتد. سەرەنجامى ئەم چاولێکەرییە یان لاساییە ئەوەیە کە “‘من‘ بە دەگمەن شکۆفە دەکات و بەزۆریى لەنێو چێوەى نێوچالاکیى کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت، لێرەشدا لە پشتى کردارەکەوە دەمێنێتەوە.”(31)

٤- گۆڕانى زمان لاى منداڵ

منداڵ لە پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندا خۆشە دەکرێت داب و نەریتەکانى کۆمەڵ وەربگرێت، تا ببێت بە ئەندامێکى گونجاوى کۆمەڵگە، لەم ڕەوتەشدا ناچار دەکرێت فێرى فۆرمە ناسێنراوەکانى ئاخافتن ببێت. گەر منداڵ خۆى بۆ شتێک وشەیەک بدۆزێتەوە، ئەوا کۆمەڵگە ئەو وشەیەى لێوەرناگرێت. کۆمەڵگە بۆ دیاریکردنى شتێکى تایبەت وشەیەکى دیکەى هەیە، بۆ نموونە چەو، تەرزە. بێگومان وشەدروستکردنەکانى منداڵ بۆ ماوەیەک لە یادمانى لێبوردووى خێزانى ناوکیدا (core family) دەمێننەوە، لێ ناچەسپێن، بەڵکو هێدى هێدى لەبیردەچنەوە.

٤-١- زمان وەک دەرکەوتەى تایبەت بە مرۆڤ

ئێمە دەتواین لە سێ شێوەدا دەرکەوتنى زمان لەنێو مرۆڤدا دیارى بکەین: زمان دەربڕینى ئەو ڕەوشانەیە کە وەک بوونى ئاژەڵى لەنێو دەروونى مرۆڤدا دەژین؛ زمان دەربڕینى ئەو توانستەیە کە دەتوانێت ناو لە هەموو شتەکانى جیهان بنێت؛ لە کۆتاییدا زمان دەربڕینى ئەو توانستەیە کە هەوڵ دەدات لە پەیڤیندا بە خودى خۆى بگات و بەم رێیەشەوە زمان دەبێت بە خەریکبوون لەتەک خودى خۆدا.(32)
زمان لە پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندا واتاى تایبەتى وەردەگرێت. “توانست بۆ ئەوە کە منداڵ سۆسیالیزە بکرێت، بەندە بە توانستى منداڵەوە بۆ سیمبۆل، ئەمیش بەندە بە توانستى زمانەوە”. سیمبۆلەکان لە پەیوەندییە نێومرۆڤییەکاندا “چالاک دەبن و لە دۆخە سۆسیالەکاندا واتاى خۆیان وەردەگرن.”(33) گومانى تێدا نییە کە کاراییەکانى مێشک فاکتەرێکى سەنترالین بۆ فێربوونى زمان، سەرەڕاى ئەمە پێدەچێت زمان بەتەنیا بەند نەبێت بە فێربوونەوە، چونکە “دەبێت چەند پرۆسەیەکى کۆگنیتیڤی (مەئریفی) گەشە بەپێش فێربوونى زماندا ڕاببورن، کە ئیدی دواى گەیشتن بە ‘ئامادەبوون بۆ زمان‘، زمان بتوانێت بەڕێى وروژێنەرەکانى ژینگەوە ئاوەڵا ببێت.”(34) لەم ڕوانگەیەوە زمان لەنێو پرۆسەیەکى نوێکردنەوەدا ئاوەڵادەبێت، لەم ڕەوتەدا بونیادە شارراوەکانى زمان دەرفەتى دەرکەوتنیان بۆ دەڕەخسێت کە ئیدی لە کۆتاییدا ناوەرۆکەکانى زمان شیاوى فێربوون و پاراستن دەبن.(35)
واتاى زمان لە رووى پسیکۆلۆژییەوە لەو پرسیارەدایە کە ڕوودەکاتە مامەڵەى مرۆڤان لەتەک زماندا، یان ئەو پرسیارەیە کە داخۆ ئەوان لەسەر بناغەى چە پێشمەرجێک و بە چە شێوازێک فێرى زمان ببن. زمان لەم ڕوانگەیەوە ئامرازە “بۆ ئەوەى کەسێک تێڕوانینێک لەبارەى شتەکان بە کەسێکى دى ڕابگەیەنێت”. کەواتە زمان کارەکتەرى کردارى هەیە و لەم کردارەدا سێ تەوەرە هەن: تەوەرەى خۆیى (کەسێک)، تەوەرەى نێویەکى (ئەویدى)، تەوەرەى بابەتى (لەبارەى شتەکان).(36)
لێ هەروەها لە زماندا شێوازى بیرکردنەوەى کۆمەڵگەیەک دەردەکەوێت. زمانێک چەند هەژار بێت، بیرکردنەوەى ئەو کۆمەڵگەیەش ئەوەندە سادەیە. لەبەر ئەوەى بیرکردنەوە و زمان بە شێوەیەکى مێژوویى گۆڕراون و هەردووکیان پێکەوە لەتەک کارەکتەرى تایبەتیى کۆمەڵگەیەکدا میراتە سۆسیالەکەیان پێکدەهێنن، ئەوا شێوازى بیرکردنەوە و زمانى کۆمەڵگەیەک پێکهاتەى کرۆکین لە پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندا، چونکە “ئەو زمانە کە منداڵ فێرى دەبێت، کەمتر زمانى خۆیەتى، بەڵکو بەزۆریى زمانى کۆمەڵگەیە. گەرچى تاکەکەسانى جیاواز دەتوانن سیماى تایبەتى بە شێوازە چەسپیوەکانى دەربڕین و پەیڤین و واتا بدەن، لێ هێشتا هەر ئەم وەرگۆڕینە خۆییانە ناوکێکى هاوبەشیان وەک بناغە هەیە”(37). ئێمە دەتوانین، لە ڕووى سایکۆلۆژییەوە، زمان وەک ئاوێنەى پەیوەندییە سۆسیالەکان ببینین. بە هەر حاڵ “زمان گرنگترین بابەتى سۆسیالیزاسیۆنە.”(38)

٤-٢- فێربوونى زمانى دایک
٤-٢-١- قۆناغى پێش-زمان

دەربڕینە دەنگییەکانى منداڵى شیرەمژە بریتین لە “کەرەسەیەکى خاو کە لێوەى هێدى هێدى دەنگە ڕاستینەکانى پەیڤین دێنە ئاراوە”(39). لێ “پێش ئەوەى قەوارە دەنگى جەختلێکراو وەک وشە دەربکەون، گڕ و گاڵى پیت لە خۆ گر و جەختلێنەکراو کاراییەکى پەیوەندیى زمانیانە وەردەگرن”. منداڵى شیرەمژە لە زارى کامڵەکانەوە دەرک بە قەوارە دەنگى تایبەتى دەکات و تێگەیشتنى جەخت لەم قەوارە دەنگانە پێش پەیڤینى خۆیى دەکەون. “لە فێربوونى زمانى دایکدا، بەڕێى پراوەکردنى وشە و پەیوەندیی نێوان وشەکانەوە، منداڵ (…) یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان دەنێت”(40). لێ منداڵى شیرەمژە “لەنێو تاکە ئەزموون و تاکە پەیوەندیدا” ناژى، “بەڵکو لەنێو سەرجەمێتى و بڕى ناکۆتاى ژینگەیەکدا دەژى کە هێدى هێدى خۆى بۆ ئەو دەردەخات. ئەوانەش نێوەندى ڕووداون کە خۆیان بۆ ئەو ئاوەڵا دەکەن.”(41)
منداڵ فێرى پەیڤین دەبێت پێش ئەوەى بیرکردنەوەى بێداربووبێتەوە. گەرچى فێربوونى بەواتاى زمان دەکەوێتە ماوەى نێوان ساڵەکانى سێیەم و پێنجەمى ژیانى منداڵەوە، لێ منداڵ لە تەمەنى دووساڵییەوە دەستدەکات بە ناونان لە شتەکانى شوێنەوار بۆ ئەوەى پێداویستییەکانى خۆى بە وشە و ڕستەى پریمیتیڤ (سەرەتایى) دەرببڕێت. ئەم ئەدگارەى ڕەفتارى مرۆڤیى بریتییە لە “دەرکەوتنى شێوازێکى بوونى جیاواز لە شێوازى بوونى ئاژەڵ. ئەم شێوازى بوونە لەتەک زماندا لەنێو منداڵدا بێداردەبێتەوە، چونکە منداڵ بوونەوەرێکى مرۆڤییە، کەواتە توانست و پێداویستیى بۆ زمان هەیە.”(42)
منداڵ ناتوانێت بە زمانى دایک و باوکى بئاخڤێت، بە پێچەوانەوە، چۆن ئەو ناچارە زۆر داب و نەریت لە دایک و باوکییەوە فێرببێت، بە هەمان شێوە دەبێت فێرببێت کە چە وشەیەک بە چە بابەتێک دەگونجێت. ئەو دەبێت ڕێکخستنى وشەکان، شێوازى نووسین و پنتبەندییان فێرببێت. کەواتە “گەشەى زمان وەک ڕووداوێکى سۆسیالیزاسیۆن، لە بناغەوە سروشتێکى دیالۆگیى هەیە. زمان کە لە پەیوەندیى جوتەنیى دایک-منداڵدا گەیەنراوە، بەرهەمى بەشداریکردنى نێوکۆییە لە پراکسیسى کۆمەڵایەتیدا، لێرەشدا دایک بریتییە لە نموونەى کەسى ڕووتێکراوى سەرەکى.”(43) لێ دایک نەک تەنیا هەستى خۆشەویستى بە وشە دەردەبڕێت، ئەو هاوکات ناچارە هەندێک داواکاریى منداڵ جارێکى دى بخاتە فۆرمى وشەوە و ئاڕاستەى منداڵەکەیان بکاتەوە. کەواتە “دایک و منداڵ هەر لە سەرەتاوە پەیوەندییەکى زمانییان هەیە، دایک سەرەتا بەڕێى ئەو دیالۆگەوە کە دەبێت بیهێنێتە گۆڕێ، جیهانێکى هاوبەشى ئەزموون چێدەکات: کاتێک ئەو ڕەفتارى شیرەمژە راڤە دەکات و واتا بەم ڕەفتارە دەدات، ئیدی هێدى هێدى وا لە شیرەمژە دەکات کە خۆى فێرى ئەو جۆرە تێڕوانین و رێسایانە ببێت کە زەمینەى وەرگرتنى زمان پێکدەهێنن.”(44) لەم روانگەیەوە “منداڵ بەدابڕاوى فێرى رێساکانى زمان نابێت، بەڵکو سەرچاوەى ئەو رێسایانە لە بونیادگەلى کردارى سۆسیالدایە.”(45)
ئەو وشانە کە منداڵ سەرەتا بەکاریان دەهێنێت، بریتین لە “یەکانەى بەدەر لە گەردانکردنن، لە ڕووى رێزمانەوە بێفۆرمن (…)، واتا وشەکان لە هەموو ڕەوشەکانى بەکارهێناندا بەبێ گۆڕین لەو شێوەیەدا دەگەڕێنەوە کە منداڵەکە دروستى کردوون یان وەریگرتوون.”(46) زمانى سەرەتاى منداڵ لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە ناودەنرێت “ڕستەى یەک وشەیى”، ئەم جۆرەى ڕستە “بە قووڵترین شێوە بەستراوە بە ژیانى سۆسیالى ڕابوردوو و هەنووکەى منداڵەوە. بەبێ دەستتێوەردانێکى وروژێنەر لە لایەن ئەندامانى نزیکترین ژینگەوە، منداڵ ناتوانێت قۆناغى گر و گاڵ تێبپەڕێنێت”. منداڵ لە نیوەى دووەمى تەمەنى دووساڵییەوە هەنگاو دەنێت بە ئاڕاستەى “ڕستەى دوو وشەیى”، کە بەزۆرى “هەستى دۆخەکى (situativ)“ دەردەبڕێت.(47)
دایک لە گەشەى زمانى منداڵدا ئاگامەندانە رۆڵى فێرکارى زمان وەردەگرێت. ئەم رۆڵە بەتایبەتى لە فۆرمولەکردنەوەدا دەردەکەوێت. بۆ نموونە گەر منداڵەکە ببێژێت ‘پکیتەکە بەلۆوە‘، ئەوا دایک لێرەدا وەڵام دەداتەوە: ‘بەڵێ، پسکیتەکە بەربۆوە‘. دایک لە فۆرمولەکردنەوەدا نموونەیەکى دراوى ڕستە دەخاتە فۆرمى نموونەیەکى دیکەى ڕستەوە.(48)
هاوکات فێربوونى زمانى دایک بەچڕى بەندە بە گۆڕانى بیرکردنەوەى منداڵەوە، لێرەدا رۆڵى ژینگە واتایەکى گەورەى بۆ ئاوەڵابوونى بیرکردنەوە هەیە. گەر ژینگە دەرفەت بۆ ئاوەڵابوونى منداڵ نەڕەخسێنێت، وەک ئامرازى گەمە، باخچەى منداڵان، دەفتەرى منداڵان و هتد، ئەوسا منداڵیى راستینەى ئەو بە شێوەیەکى نەرێنى کارى تێدەکرێت و ئەمەش دەبێت بە ئاستەنگێک لە بەردەم ئەوەدا کە منداڵەکە بتوانێت لەتەک جیهانى منداڵانەى خۆیدا بژى و خۆى پێوە خەریک بکات.

٤-٢-٢- ئاوەڵابوونى زمان لە فێرگە

ئاوەڵابوونى پترى زمان لە قۆناغى فێرگەدا دەستپێدەکات. لێرە فێرکار رۆڵى دایک و باوک، بەتایبەتى دایک، وەردەگرێت. گەرچى فێرکار بە زمانێکى نووسراو ئەو رۆڵە وەردەگرێت، سەرەڕاى ئەوە تێگەیشتنى ئەو بۆ ئەرکى فێرکارى، ئەوجا شێوازى خۆیى ئەو لە فێرکاریدا و زمانى ئاخافتنى، کاریگەرییان لەسەر گەشەى زمانى منداڵ هەیە. ئێمە بەم پێیە دوو تەوەرەى کارا لە گەشەى زمانى منداڵدا لە فێرگە دەبینین: یەکەم، زمانى نووسراوە لە کتێبدا کە بە منداڵ دەدرێت، دووەم، تێگەیشتنى فێرکار بۆ پیشەکەى و زمانى خۆیى ئەو.
زمانى نووسراوەى سادە و گونجاو بە جیهانى هۆشەکیى منداڵ وا دەکات کە ئەندێشەى لە خۆدا فراوانى منداڵ فراوانتر ببێت، ئەمەش گەنجى وشەى منداڵ دەوڵەمەندتر دەکات. لە لایەکى دى زمانى باوى کۆمەڵ بەڕێى وەرگرتن و توانستى سروشتیى منداڵەوە بۆ لاسایى لەنێو گەنجى وشەى ئەودا دەچەسپێت. لێرەدا ژینگە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ئاوەڵابوونى زمانى خۆیى منداڵ دەنوێنێت، چونکە “منداڵان لەنێو زمانێکى کولتووریدا پێدەگەن، ئەوان فێرى زمانێک دەبن کە بەڕێیەوە ڕوونکردنەوە و بەهاکانى ئەزموونیان پێدەدرێت و ئەمانیش دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنن خۆیان لە جیهاندا دەرببڕن. منداڵان بەڕێى پەیوەندیى زمانییەوە رۆڵى خۆیان لەنێو کۆمەڵگەدا دەبیننەوە – کۆمەڵگە کە بە رێککەوتنێکى هاوبەشى بەها دامەزراوە و ئەوان دەبێت فێرى ببن. منداڵ هەوڵ دەدات بەو گرووپە بگونجێت کە ئەو تێیدا دەبزوێت. ئەو تێگانە (مفهوم) کە دەچنە نێو زمانەوە، زۆر جار دەربڕینن لەبارەى ڕووداوى ترادیسیۆنى و دەبن بە تێگەى ئەوتۆ کە بەکۆیى (کۆللێکتیڤ) ئەزموونکراون. بەم شێوەیە زمان بە تێگەکان کاریگەرییەکى پەروەردەیى وەردەگرێت”(49)، ئەوەش بێگومان بە ئاڕاستەى پێگەیاندن یان تێکدانى کەسێتى، چونکە تێگە موجەرەدەکانى (ئەبستراکتەکانى) زمان، وەک ناموس، شەرەف، ئەخلاق و هتد، بەرجەستەى جیهانبینییەکانن، کەواتە پێناسەى جیاوازیان هەیە. کەواتە خودى ئەم تێگانە دەشێت لە جۆرێکى پێناسەکردندا وشە بن بۆ دیاریکردنى لایەنێکى ئاژەڵییانەى مرۆڤ کە سێکسوالێتییە، کەواتە ڕوودەکەنە جڵەوگرتنى جیهانبینیانەى ڕەمەکى سروشتى، لێ لە جۆرێکى دیکەى پێناسەدا دەشێت وشە بن بۆ هەڵوێستى هۆشەکییانەى مرۆڤ کە لە کردارى ئەودا پەیوەند بە مامەڵەکردنیەوە لەتەک هاومرۆڤانیدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە سۆلیدارێتى، ڕاستگۆیى، خۆشەویستى و هتد.
گەر زمانێک زۆر کەم واژەى گونجاوى بۆ بابەتەکانى پێشبینى و هزرین هەبێت، ڕێزمانێکی ستاندارتى نەبێت، ئەوجا ئەو زمانە پابەند بە پەیوەندییە نێومرۆڤییەکانەوە، بەتایبەتى پابەند بە پەیوەندییەکانى پیاو و ژنەوە، بریتى بێت لە بەرجەستەبوونى جیهانبینییەکى ئایینى-پیاوسالارى و هتد، ئەوسا بیرکردنەوە و زمانى منداڵ رواڵەتى و پڕهەڵە دەبن، چونکە خودى زمانەکە لۆگیکى و مرۆڤدۆست نییە کە یاریدەى بدات لە ڕەوتی فێربوونیدا ئەندێشە و پێشبینییە مرۆڤی-منداڵییەکانى خۆى گەشەپێبدات.
جگە لەوە بابەت ى نووسراوى وانە تەوەرێکى چالاکە لە پرۆسەى سۆسیالیزەکردندا، چونکە نووسراو بە هەردوو ڕووى ڕاگەیاندنى زمانیانەیدا، واتا گەر ڕەچاوى کەسێتیى مرۆڤیانەى تاک بکات یان نەیکات، کاریگەریى هەیە پابەند بە هەریەکەى ئەو ڕووانەوە، بە واتایەکى ڕوونتر، دەشێت بابەتى وانە ڕەچاوى جیهانبینیى منداڵانەى منداڵ و زمانێکى پەروەردەیى بکات، هاوکات دەشێت ڕەچاوى هیچ کام لەم توخمە زەرووریانەى سۆسیالیزاسیۆنێکى مرۆڤدۆست نەکات. گومانى تێدا نییە کە ئەم ڕەوشە بایەخى ئۆبژێکتیڤیى (مەوزوعیی) هەیە، لێ ئەمە تەنیا ڕوویەکى کێشەکەیە، چونکە بابەتى وانە سەربەخۆ نییە لە تێگەیشتنى فێرکار بۆ ئەرکەکەى، ئەمەش بەوەدا ڕووندەبێتەوە کە شێوازى تێگەیشتنى ئەو بۆ پیشەکەى، یان تێگەیشتنى ئەو بۆ پەیوەندیى فێرکار-فێرخواز، ئەوجا زمانى خۆیى ئەو وەک فێرکار، ڕاستەوخۆ کاران لە چۆنێتیى وەرگرتنى ئەو بابەتانەدا کە لەنێو کتێبدا تۆمارکراون. گەر فێرکار تەنیا جەخت لە نووسراو بکات و وەرگرتنى نووسراویش لە شێوەى دەرخکردندا وەک پێشمەرجى دەرچوون دابنێت، ئەوسا پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن کاراییەکى پڕمەترسى وەردەگرێت، چونکە هەر لە سەرەتاوە سنوورێک لە بەردەم ئەندێشەى لە خۆدا فراوانى منداڵدا دەکێشێت و بە جوینەوەى نووسراوەکان ڕایدەهێنێت، کەواتە ڕێى لێدەگرێت هۆشى خۆى لە پەیوەندیى ڕەخنەیى نێوان خۆى و نووسراودا / تێکستدا پێبگەیەنێت و ئیدی بتوانێت خۆی دروست لەمەڕ پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و پێدراوە زانستییەکان دەرببڕێت. کەواتە منداڵ بە تەمەن دەچێتە قۆناغی کامڵییەوە، لێ لە ڕووی هۆشەکییەوە بەدەگمەن گەشەی کردووە.(50)
زمانى خۆیى فێرکار ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر منداڵ دەنوێنێت، چونکە منداڵ لە سروشتەوە توانستى لاساییکردنەوەى هەیە: جۆرى زمانى خۆیى فێرکار، جا زمانێک بێت کە پاکژە و پابەندى ڕێزمانە، یان ناوچەیى بێت بە هەڵەی ڕێزمانییەوە، ئەوجا خۆدەربڕینى ئارام یان جرپنى ئەو و هتد، کاریگەرى لەسەر زمانى منداڵ دەنوێنن، چونکە فێرکار لە سۆسیالیزەکردنى منداڵدا جێى دایک و باوک دەگرێتەوە و کاراییەکەى لە زۆر ڕووەوە بۆ منداڵ گرنگترە لە کارایى سۆسیالیزەکەرى دایک و باوک. بێگومان نکۆڵى لەوە ناکرێت کە دایک و باوک بە شێوازى خۆدەربڕین و هەوڵى پەروەردەییان، جا خۆدەربڕینى پوخت و ڕەچاوکەرى ڕێزمان بێت یان خۆدەربڕینى ناتەواو و ناوچەیى و رواڵەتى بێت، رۆڵێک بۆ ئاوەڵابوونى هۆشى منداڵ دەگێڕن، ئەمەش لە خۆیدا کاراییەکى فێرکارییە کە ڕوودەکاتە چۆنێتیى دروستکردنى ڕستە لە لایەن منداڵەوە، لێ لە بنەڕەتدا ئەرکە سەرەکییەکە لە ئەستۆى فێرگەدایە، چونکە فێرگە دادەمەزرێنرێت بۆ ئەوەى توانست و هەڵوێست بە منداڵان بگەیەنێت کە لە ڕووى خۆییەوە بۆ ئەوان سوودمەندن و لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە شیاوى بەکارهێنانن. ئەوان بەو ڕێیەوە دەتوانن وەک کەسانى پێگەیشتوو ژیانێکى سەربەخۆ بەڕێوەبەرن و هاوکات پێداویستیى کۆمەڵایەتى بۆ داواکارییەکانى بازاڕى کار مسۆگەربکەن.

بەراوێز
(1) بڕوانە:
Allport, G. W.: Persönlichkeit, Meisenheim: Hein, 1960. In: Fröhlich, Werner D.: Wörterbuch zur Psychologie. München 1987, S. 257.
(2) بڕوانە:
Nestvogel, Renate: Sozialisationstheorien: Traditionslinien, Debatten und Perspektiven. In: Becker, Ruth/ Kortendiek, Beate (Hg.): Handbuch Frauen- und Geschlechterforschung. Wiesbaden 2004, S. 155.
(3) Stumm, Gerhard / Pritz, Alfred (Hg.): Wörterbuch der Psychotherapie, Wien 2000, S. 503.
(4) http://www.socioweb.org/lexikon/index.ht.
(5) Brocher, T.: Das Ich und die Anderen in Familie und Gesellschaft, Oeffingen 1976, S. 7.
(6) Hurrelmann, Klaus: Einführung in die Sozialisationstheorie, Weinheim Basel 2002, S. 14
(7) Bühler, K.: Abriß der geistigen Entwicklung des Kleinkindes, Heidelberg 1967, S. 68
(8) Mann, Leon: Sozialpsychologie. Weinheim und Basel 1997, S. 18
(9) بڕوانە:
Montada, Leo: Themen, Traditionen, Trends, S. 78f. In: Oerter / Montada: Entwicklungspsychologie, München 1987.
پەیوەست بە کاریگەریی جووتسەرییەوە لەنێوان دایک و باوک و پەروەردکاران لە لایەک، منداڵان لە لایەکی دی، کۆنسێپتی جیاواز هەن: سۆسیالیزەکردنی پێچەوانە-چالاک (retroactive)، سۆسیالیزەکردنی جووتلایەنی/ بیلاتێرال (bilateral)، سۆسیالیزەکردنی گونجێنەر (integrational). بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 79.
(10) Ebenda, S. 79.
(11) Ebenda, S. 80.
(12) Schmidbauer, M.: Einf. in die Sozialpsychologie, München 1985, S. 43
(13) Secord u. Backman: Sozialpsychologie, Frankfurt/M 1980. Zit. Nach Schmidbauer, a.a.O., S. 43.
(14) ebenda, S. 43.
(15) Hunger, Ina: Geschlechtsspezifische Sozialisation bis zum Schuleintritt – Hintergründe und Reflexionsanlässe, S. 241. In W. Beudels, N. Kleinz & S. Schönrade (Hrsg.). Bildungsbuch Kindergarten: Erziehen, Bilden und Fördern im Elementarbereich, Dortmund 2010.
(16) Ebenda, S. 241.
(17) Ebenda, S. 242.
(18) Chodorow, Nancy: Das Erbe der Mütter, München 1985, S. 108 f.
(19) باخچەى منداڵان وةك نێوەندێكى گرنگى سۆسياليزەكردن لە هەندێك ناوچەى كولتووريدا دەگمەنە يان تەواو پشتگوێخراوە. بۆ نموونە نەك تەنيا لە قەزا و ناحيە و گوندەكان، بەڵكو هەروەها لە شارەكانى هەرێمى كوردستاندا، زۆرينەى منداڵان بێبەرين لە باخچەى منداڵان و لە كۆڵانەكاندا سۆسياليزە دەكرێن.
(20) Klafki, Walter: Gesellschaftliche Funktion und pädagogischer Auftrag der Schule in einer demokratischen Gesellschaft. In: Braun, Karl-Heinz / Müller, Klaus / Odey, Reinhard (Hrsg): Subjekt-Vernunft-Demokratie. Weinheim, Basel 1989, S. 25.
(21) “پەيڕەوى شاراوە” (hidden curriculum) تێگەیەکە کە ئەنترۆپۆلۆژی كولتووری فيليپ و. جاكسن لە نووسينى („Life in Classrooms“, 1968) گۆڕانی پێدا. مەبەستی واژەی “شاراوە” ئەوەیە کە ئامانجگەلی نهێنی بەبێ ویستی خۆ دادەنرێن و بە ڕاشكاوى دەرنابڕرێن، بەڵکو بەبێ ئاگا لە لايەن فێركارەوە بەڕێی هەڵبژاردنی یەکلایەنەی ناوەرۆکەکانەوە، هەروەها بەبێ گرنگیدان بە ژيانى ڕۆژانەی فێرخواز لەنێو فێرگەدا، ئەنجام دەدرێن. ژیانى فێرخوازان خۆى لە پشت پلانە فەرمييەكانى فێركارييەوە دەبينێتەوە.

(22) Zimmermann, Peter: Grundwissen Sozialisation, Opladen 2003, S. 129.
(23) Ebenda, S. 132.
(24) Ebenda, S. 132.
(25) Ebenda, S. 149f.
(26) Mann, Leon, a.a.O., S. 16.
(27) König, René (Hrsg.): Soziologie. Das Fischer Lexikon, Frankfurt/M 1967, S. 163.
(28) Ebenda, S. 164.
(29) Mann, Leon, a.a.O., S. 15f.
(30) Ebenda, S. 23.
(31) جەلال، کاوە: کێشەی پەروەردەی فێرکاری لە هەرێمی کوردستان. ڕەخنە و ئەلتەرناتیڤ. گۆڤاری کوردۆلۆجی، ژ 1. سلێمانی 2008. لا 252.
(32) König, Karl: Die ersten drei Jahre des Kindes, Stuttgart 1994, S. 31.
(33) Griese, Hartmut M.: Soziologische Anthropologie und Sozialtheorie, Weinheim Basel 1976, S. 29.
(34) Ebenda, S. 30.
(35) Ebenda, S. 30.
(36) Grimm, Hannelore: Sprachentwicklung: Voraussetzungen, Phasen und theoretische Interpretationen, S. 583f. In: Oerter / Montada: Entwicklungspsychologie, München 1987.
(37) Lindesmith, A. R. u.a.: Symbolische Bedingungen der Sozialisation, Frankfurt/M, 1983. S. 49.
(38) Berger, Peter L./ Luckmann, Thomas: Die gesellschaftliche Konstruktion der Wirklichkeit. Eine Theorie der Wissenssoziologie, Frankfurt/M. 1972, S. 63.
(39) Bühler, Karl, a.a.O., S. 78.
(40) Ebenda, S. 79.
(41) König, K., a.a.O., S. 27.
(42) Berlson und Steiner: Menschliches Verhalten, Bd. 1, S. 84, zit. n. Griese, Hartmut M., a.a.O., S. 28.
(43) Grimm, Hannelore, a.a.O., S. 599.
(44) Ebenda, S. 600.
(45) Ebenda, S. 600.
(46) Bühler, Karl, a.a.O., S. 86.
(47) Griese, Hartmut M., a.a.O., S. 31.
(48) Grimm, Hannelore, a.a.O., S. 608.
(49) Ebenda, S. 63.
(50) بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم ڕەوشە دەتوانین نموونەى کۆنکرێت لە هەرێمى کوردستان بهێنینەوە. منداڵان کە دواى قۆناغى هەرزەکارى دەچنە قۆناغى گەنجێتییەوە و خوێندنی ئامادەیى تەواو دەکەن، بەدەگەمەن لە ڕەوتى پرۆسەى فێرکاریدا، یان باشتر ببێژین: پرۆسەی خوێندندا، گۆچانێکى مەئریفییان پێدراوە بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆدا خۆیان بەگونجاوى پێبگەیەنن، تەنانەت زانکۆ بەدەگمەن دەتوانێت ئەو گۆچانەیان پێبدات، چونکە نەک تەنیا نووسراوى فێرگەکان کۆپیى سیستەمى فێرکاریى دەوڵەتانى ئەوتۆن کە گۆڕانى زانستى و تەکنۆلۆژی تێیاندا لە ئاستێکى بەرزدایە و منداڵانیش بەنێو پرۆسەیەکى دیکەى سۆسیالیزەکردندا تێدەپەڕن، بەڵکو هەروەها زۆرینەى فێرکارانیش تەنیا ئەرکێکى پیشەیى مووچەمسۆگەر ئەنجام دەدەن و خۆیشیان بە شێوەیەکى نیوەناچڵ پێگەیەنراون، جگە لەوە فەزاى کارکردن، واتا شێوازى دروستکردنى بینا و پڕیى پۆلەکان بارن بەسەر سۆسیالیزەکردنەوە، ئەوجا لەکارخستنى ئۆتۆرێتیى (دەستڕۆیشتوویی) فێرکار / مامۆستا، ئەوانى ئەوەندەى دى لە کارەکەیان بێزارکردووە، وەک سەرەنجامی ئەم ڕەوشە “بەگشتى” گەنجانى بەدخوو و تەمەڵ سەریانهەڵداوە کە لە زانکۆ بەدەست قورسیى بابەتەکانەوە تەنیا دەکڕووزێنەوە، خۆپێشاندان دەکەن بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى بابەتى وانە، یان گەر بەهۆى تەمەڵی یان گرنگینەدانیانەوە بە فێربوون دەرنەچن، ئەوا خۆپێشاندان دەکەن و داواى دەرچواندنیان دەکەن، هەروەها ڕوودەدات کە زۆر جار خۆیان “ڕێسای پەڕینەوە” (عبوور) دەسەپێنن، پاشان کە زانکۆ تەواو دەکەن، بڕوانامەکەیان لە ماڵەوە بە دیواردا هەڵدەواسن، هاوکات لە هەموو جێیەک بە دەنگى بڵند دەیدرکێنن کە “لە زانکۆ هیچ فێرنەبوون”. ئەمە نموونەیەکە بۆ پرۆسەیەکى سۆسیالیزاسیۆنى شکستهێناو، کە تێیدا دامەزراوەکانى سۆسیالیزەکردن، وەک خێزان، فێرگە، وەزارەتەکانى فێرکارى، بەچالاکى بەشدارن، لێ هەروەها میدیاکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پتر گەندەڵکردنى پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن دەنوێنن، چونکە ئەوان زۆر جار خۆکوشتنێک یان خۆپێشاندانى فێرخوازانى تەمەڵ وەک ڕەوا پەخش دەکەن، بەمەش “دەهۆڵ بۆ پەرەدان بە بێسەروبەرى و تەمەڵى دەکوتن”، نەک بە پێچەوانەوە لە شێوەى ئاماژەدان یان ڕوونکردنەوە یان هەڤپەیڤین هەوڵ بدەن بۆ ئەوەى بەدجۆرێتیى سۆسیالیزەکردنى خێزانى و فێرگەیى پێشان بدەن و بەمەش بەشداریى نێگەتیڤى خێزان و فێرگە لە بەدجۆرێتییەدا بهێننە ئاگایى گشتییەوە.


سەرچاوەکان

  • Allport، G. W.: Persönlichkeit، Meisenheim: Hein، 1960. In: Fröhlich، Werner D.: Wörterbuch zur Psychologie. München 1987
  • Brocher، T.: Das Ich und die Anderen in Familie und Gesellschaft، Oeffingen 1976.
  • Berger، Peter L./ Luckmann، Thomas: Die gesellschaftliche Konstruktion der Wirklichkeit. Eine Theorie
    der Wissenssoziologie. Frankfrt/M. 1972.
  • Bühler، K.: Abriß der geistigen Entwicklung des Kleinkindes، Heidelberg 1967
  • Chodorow، Nancy: Das Erbe der Mütter. München 1985.
  • Griese، Hartmut M.، Soziologische Anthropologie und Sozialtheorie. Weinheim Basel 1976.
  • Grimm، Hannelore: Sprachentwicklung: Voraussetzungen، Phasen und theoretische Interpretationen. In:
    Oerter / Montada: Entwicklungspsychologie، Münchem 1987.
  • Hunger، Ina: Geschlechtsspezifische Sozialisation bis zum Schuleintritt – Hintergründe und
    Reflexionsanlässe. In W. Beudels، N. Kleinz & S. Schönrade (Hrsg.). Bildungsbuch Kindergarten:
    Erziehen، Bilden und Fördern im Elementarbereich. Dortmund 2010
  • Hurrelmann، Klaus: Einführung in die Sozialisationstheorie. Weinheim Basel 2002
  • Klafki، Walter: Gesellschaftliche Funktion und pädagogischer Auftrag der Schule in einer
    demokratischen Gesellschaft. In: Braun، Karl-Heinz / Müller، Klaus / Odey، Reinhard (Hrsg): Subjekt-
    Vernunft-Demokratie. Weinheim، Basel 1989.
  • König، Karl: Die ersten drei Jahre des Kindes. Stuttgart 1994.
  • König، René (Hrsg.): Soziologie. Das Fischer Lexikon. Frankfurt/M 1967.
  • Lindesmith، A. R. u.a.، Symbolische Bedinungen der Sozialisation. Frakfurt/M. 1983.
  • Mann، Leon: Sozialpsychologie. Weinheim und Basel 1997
  • Montada، Leo: Themen، Traditionen، Trends، S. 78f. In: Oerter / Montada: Entwicklungspsychologie،
    Münchem 1987
  • Nestvogel، Renate: Sozialisationstheorien: Traditionslinien، Debatten und Perspektiven. In: Becker، Ruth/ Kortendiek، Beate (Hg.): Handbuch Frauen- und Geschlechterforschung. Wiesbaden 2004.
  • Schmidbauer، M.: Einf. in die Sozialpsychologie، München 1985
  • Secord u. Backman: Sozialpsychologie، Frankfurt/M 1980
  • Stumm، Gerhard / Pritz، Alfred (Hg.): Wörterbuch der Psychotherapie، Wien 2000.
  • Zimmermann، Peter: Grundwissen Sozialisation. Opladen 2003.

سەرچاوەى ئینتەرنێت:
http://www.socioweb.org/lexikon/index.ht.

Previous
Next