 
	چیرۆک بۆ منداڵان – ڕقی ناو دڵ … گۆڕینی: محەمەد بەرزی
   منداڵە خۆشەویستەکان :  مامۆستایەکی باخچەی ساوایان ،  بڕیاریدا یارییەکی بە نرخ و پڕ بایەخ لە گەڵ منداڵەکانی پۆلەکەیدا بکات .  مامۆستاکە داوای لە  یەک بە یەکی منداڵەکانکرد ، کە هەر یەکێکیان چەند پەتاتەیەک ئامادە بکات و لەسەر هەر پەتاتەیەک ناوی کەسێک بنووسن ، کە ڕقیان لێێ یەتی و بیخەنە ناو جانتاکانیانەوە .  منداڵەکانیش زۆر بە جوانی بە قسەی مامۆستاکەیانکرد .
ڕۆژی دوایی  هەر یەکێک لە منداڵەکان ، ڕقیان لە چەند کەس بوو ، ناوی ئەو کەسانەیان  لەسەر پەتاتەکان  نووسیبوو ، پاشان خستبوویانە ناو جانتاکانیانەوە . جا هەندێکیان جانتاکەی تەنها  دوو پەتاتەی لە ناودا بوو  ، هەندێکیان سێ و منداڵی واشیان هەبوو پێنج پەتاتە لە ناو جانتاکەیدا بوو .  ئنجا مامۆستاکە داوای لە منداڵەکانکرد ، بۆ ماوەی هەفتەیەکی تەواو  بۆ هەرشوێنێک چوون ، جانتاکانیش لەگەڵ خۆیاندا بەرن .
 ڕۆژ لە دوای ڕۆژ منداڵەکان لە بۆنی ناخۆشی پەتاتەکانی ناو جانتاکانیان ،  زیاتر نیگەران و بێزار دەبوون .  بەتایبەتی ئەو منداڵانەی ، کە پێنج پەتاتە لە ناو جانتاکانیاندا بوو ،  جگە لە بۆنی ناخۆش ، ئەوا قورسی جانتاکانیشان  بە تەواوی بێتاقەت و شەکەت و ماندووی کردبوون .
پاش هەفتەکە یارییەکە کۆتایی هات و منداڵەکان ڕزگاریانبوو . ئنجا مامۆستاکە بە ڕوویەکی خۆشەوە  ئەم پرسیارەی  ئاڕاستەی منداڵەکانکرد :  تکایە هەفتەی ڕابوردوو  بەو پەتاتانەوە هەستتان چۆن بوو ؟ .  هەموو منداڵەکان دەربارەی بۆنی ناخۆشی پەتاتەکان و قورسی جانتاکانییان  لە هەموو شوێنێک ، کە بۆی چووبوون  بێزاری خۆیان دەردەبڕی .
پاشان مامۆستاکە زۆر لەسەرخۆ وتی :  خۆشەویستەکانم :  ئەم یارییە ئەو وانەیەمان فێردەکات ، کاتێک ڕقمان  لە کەسێک دەبێت و  لە ناو دڵماندا  هەڵیدەگرین  ،  ئەوا بۆنی ناخۆشی ئەو ڕقە دڵمان پیس و قورسدەکات  ،  بۆ هەرچ شوێنێکیش بچین ، لە کۆڵمان نابێتەوە و بە تەواویش ماندووماندەکات  . جا ئەگەر ئێوە نە توانن بۆ ماوەی هەفتەیەک بەرگەی بۆنی ناخۆشی پەتاتەی  ڕزیو بگرن ، دەی باشە چۆن دەتوانن هەموو ژیانتان  بەرگەی بۆنی ناخۆشی ڕقوکینەی ناو دڵتان  بگرن ؟ . هەر بۆیە پێویستە هەموومان  سنگفراوان و لێبوردوو بین ، تا دڵمان ، دڵێکی پاکوبێگەردی بێ ڕقوکینە بێت و هەمیشە  بە خۆشی و شادی و کامەرانی بژین .
جا منداڵە ژیرەکان : ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت ، نابێت ڕێگا بەدەین ڕقوکینە لە ناو دڵماندا جێگا بۆ خۆی بکاتەوە ، چونکە بە درێژایی ژیانمان  بۆمان دەبێت بە خەم و پەژارە و بێزارییەکی زۆر .  کەواتە باشترین شت ئەوەیە سنگفراوان و لێبوردوو بین بەرامبەر بە خەڵکی .  خۆ ئەگەر کەسێکیش هەڵەیەکیکرد بەرامبەرمان  ، ئەوا باشتر وایە بەر لەوەی تەماشای هەڵەکانی بکەین  ، تەماشای لایەنە باشەکانی بکەین .
*****
تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .


 
			 
			 
			