
ساڵی نوێ.. دڵكەش قادر
Closed
لە ساڵی نوێ دەرگاكانی ھاتن قفڵ مەكە
لە گۆشەیەكی دیكەوە
لە پەنجەرەیەكی دیكەوە
ناتوانم سەیری ڕووناكی كەم
ناتوانم لە ڕوو لە تیشكێكی دیكە كەم
كاتێ سەراسیمای تۆمە.
لە ساڵی نوێدا ناتوانم خەون بە تۆوە نەبینم
من لە ھەمووجێما تۆ
تۆ لە ھەموو جێتا من قفڵكراوم.
ساڵێكی دیكەش بڕوا
من ھەر لە خەیاڵی تۆدا یارییەكی منداڵانە دەكەم.
دەلاقەكانی ھاتن دامەخە
من سەر بە تەریقەتی عیشقم
لە بەرقاپی خانەقای مەولا سەرەتاتكێی بینینی دوا تابلۆی نیگای تۆم
شوێن تا ئەوجی بیركردنەوە كڵۆڵ
تاكشانی ئێوارە سێبەری سنەوبەرێكی تەڕ.
لە ساڵی نوێدا
من تاسووخێكی نایابم بە دیار وێنەكەتەوە دانیشتووم
تا ڕژانی خەیاڵ
كات بە كەڵكی بێدەنگی نایەت
من بڵێسەم دێ لە قسە و
ھاژەم دێ لە ڕژانی جوانی
ئەگریجەم لە تابلۆیەكت بئاخنە و
بۆ تێپەڕینی ترپەیەك لە ساڵی نوێدا
سڵاوێك بنێرە.
سلێمانیی
دڵكەش قادر