Skip to Content

واتای دڵخۆشی! … چرا ڕۆژبەیانی

واتای دڵخۆشی! … چرا ڕۆژبەیانی

Closed
by ئه‌یلول 9, 2018 General, Opinion

چەندە جوان و مرۆ دۆستانەیە، بتوانین هەوڵ بۆ دڵخۆش کردنی خۆمان و ئەوانی تر بدەین، کار بۆ ئایندەیەکی ڕووناکتر بکەین بۆ خۆمان و ئەوانی تر!
هەوڵ و تەققەللاکانما بەم ئاراستەیە چڕکەینەوە! دڵخۆشکردنی یەکتر و ئەوانی تر، ببێ بە ئامانجێک!

ئەگەر توانیمان شتە لاوەکیەکان بەلاوەنێین، ڕق و کینە، بە کەمتر و سووک تەماشاکردنی ئەوانی تر لە ناخی خۆمان دەربێنین! تێکۆشین بۆ ئەوەی ستەمکار نەبین و لە ڕووی ستەم بە دەنگ بێین، زۆر گرنگە!
بەڵام گرنگتر لەمانە ئەوەیە لەم پرۆسە دژوارەدا هەرگیز بێ هیوا نەبین! بەوەی خۆبەخش و لێبووردەیی تاقە هەڵبژاردنمان بێت!
هەر کاتێ چێژ لە سەرکەوتنی ئەوانی تر، ئاسوودەیی ئەوانی تر بەختەوەری ئەوانی تر ببینین و بەشدار بین لە خۆشی و ناخۆشی و خەم ئازاری مرۆڤەکانی تر! ئەوکاتە دەتوانین مرۆڤێکی ڕاستەقینە بین لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی!
ئەو دەمە، لەم چاوترووکانە ئاسوودەیی و ئارامی ڕۆحی دەبێت بە هی ئێمە.

زاراوەی دڵخۆشی لە دوو پەیڤی لێکدراو و چەند پیتێک پێکدێ، بەلام واتایەکی زۆر گەورەتری هەیە.
بێنە بەر چاو ئێمە زۆربەی هەرە زۆرمان گریاوین، دڵتەنگ بووین لە پڕێک هەست و نەستێکی ناخۆش ماندووی کردووین، شەکەتی و وەڕەسی و بێزارییەکی زۆر بۆتە قورسایی باری دەروونیمان، بەڵام هێشتا هەوڵمان داوە ئەم بار و بوارە دەروونیە تێپەڕکەین.
ئەگەر خۆویست و بەرژەوەندخواز نەبین، دەتوانین بە جیاوازیە زۆرەکانیشمانەوە پێکەوە هەڵکەین، هەست بە جوانیەکانی ژیان و بوون بکەین!
شەڕ خوازی، ستەمکاری و ئازار و جەزربەدانی یەکتر، ئاسۆیەکی تاریک و ئایندەیەکی لێڵ و ناشررینی هەس.

ئەی مرۆڤ واز لەوە بێنە چەندە هیلاکی بە دەست بیر تەسکی و کۆنەپەرستی، بە دەست نا تەبایی و نایەکسانی و نەبوونی داد و ماف لەم دونیا نابەرامبەرە. ئەی مرۆ هەڵوەستە و ڕامانێک بکە تەماشاکە ئێمە چەندە ماندووین چەندە بێتاقەتین لە ژیانی ڕۆژانەمان.
ئەمانە هەمووی بەلاوەنێ ئەرێ دڵخۆش کردنی یەکتر ئەوەندەی تێدەچێ و هەندە قورس و گرانە؟
تۆ تەنیا پێبکەنە زەردەخەنەیەک بێنە سەر لێو، بزانە و ببینە مرۆڤەکانی دەور و بەر چۆن هەستی تاساوی خەولێکەوتوویان بە ئاگا دێ و ئەوانیش پێدەکەنن! لێگەرێ با پیری و مەرگ و خەم داگیری ڕۆحمان نەکا.

با سەرەتا لەخۆمانەوە دەست پێکەین لەگەڵ خۆمان باش بین ئازاری خۆمان نەدەین، ئینجا ئەتوانین ئازاری یەکتر و ئەوانی تریش دیماهی بێنین.
چاپلن کیژێک دەبینێ پێدەکەنێ و دڵی خۆشە!
لە بەرامبەریا دەست دەکا بە گریان و جووڵەی سەیر و سەمەرە!
کچەکە دڵخۆشتر ئەبێت!
لە شارلی دەپرسێ بۆ دەگری؟
ئەمیش ئێژێ تا تۆ دڵخۆش بیت و پێبکەنی زیاتر.

هێمن موکریانیش دەڵێ

خۆم دەسووتێنم تا بەزمی ئەوانی تر خۆش بکەم
کێ وەکو شاعیر دەسووتێ شەم نەبێ؟

ئێستا تۆ ئامادەی چەند چاوترووکانێ دانیشی و بیر بکەیتەوە، هەوڵ بەی واز لە فێل و درۆ و دووڕوویی و گاڵتەکردن بە هەست و نەستی مرۆڤەکانی دەوروبەر بێنی؟ هەوڵدەی راستگۆ بی لەگەڵ خۆت و ئەوانی تر!
شتە جوانەکانی ئەوان فێربی و شتی جوان فێری ئەوان بکەی؟ بەم ئاراستەیەوە خزمەتی کومەڵگا و زێد و نیشتیمانی خۆت و مرۆڤایەتی بکەی هەرچەند دڵۆپێکیش بێت لە دەریایەک!؟؟

چرا ڕۆژبەیانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish