Skip to Content

زمان و خه‌ڵاتی نۆبێڵ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

زمان و خه‌ڵاتی نۆبێڵ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

Closed
by شوبات 22, 2020 General, Literature

ڕووداوێکی لاسەنگ و نەگونجاو لەم ڕۆژەمدا ئاسمانی پێش کاتی ئاسایی خۆی تاریک داهێنا. عەبدوڵڵا سەڕاج گەڕابووەوە کوردستان و پەیوەندی پێوەکردم، گوتی: ئەگەر بکرێ دەمەو ئێوارەی ئەمڕۆ: 14/4/2005 لە قاوەخانەی مەچکۆ به دیداری یەکتری ڕووناک ببینەوە. بۆنەیەکم هەیە حەزدەکەم لەگەڵمدا بەشداربیت. بەدوای پەیوەندییەکەدا چووم و لە بازاڕ نزیک هەڵپژەوداپژەکان مۆسیقاژەنێک لەبەردەمی کۆترە ماڵییەکاندا مۆسیقای دەژەنی و زنجیری جانتای کەمانەکەی کردبووەوە، ڕاگوزەران تاوێک گوێیان دەگرت، دەستخۆشییان بۆ دەخستە جانتای کەمانەکەیەوە. منیش دەستخۆشیی خۆمم، زیاتر لەوەی لەناو جانتاکە کۆببووەوە بەخشی. وەک دیاردەیەکی ژیاریی ناو کۆمەڵگای کوردی، پێموایه‌ جۆره‌ گوزارشتكردنێكه‌ له‌ جووڵه‌ی واقیع و ژیانێكی پڕ.

ئەو دیمەنەی پێش چەند ساڵێک، ئاستێكی وا به‌هێز و كاریگه‌ری هه‌بوو، مووچڕکی پێداهێنابووم، بەبیرم هاتەوە و تیشکۆی چاوم کەوتەوە سەری، خوێنی ئه‌و دیمه‌نه‌ دووباره‌ له‌ جه‌سته‌مدا كوڵا و چۆڕایه‌وه‌. لە شاشه‌ی تەلەفزیۆن له‌ به‌رنامه‌یه‌كی دۆكیۆمێنتاری شار، پێشاندانی ڕوخساری شار، قالەمەڕەم دیت لە شاری خۆی، بۆکان. لە بازاڕ مقەبایەکی ڕاخستبوو، به‌دیاریه‌وه‌ شمشاڵی لێده‌دا.
ڕاگوزەران دەستخۆشییان بۆ لەسەر دادەنا، دوای بینینی ئەو دیمەنە (سه‌د) دۆلارم بە نووسەرێکی ڕۆژهەڵات بۆ نارد، ئەویش سیدییەک و وێنەیەکی خۆی بە دیاری بۆ ناردم. وێنەکەیم لە ماڵی خۆمدا هەڵواسیوە. نەوای شمشاڵ جۆرە ئەفسوونێکە تا لێی نزیک نەبیتەوە هەست بە قووڵیی و چرکەساتی دەستنیشانکردنی ناکەیت، ده‌بێته‌ ده‌نگی بێده‌نگه‌كان.
عەبدوڵڵا سەڕاج (شه‌ست) ئەڵقە نووسینی بە ناونیشانی: (گۆشەنیگا) لە ڕۆژنامەی (ڕێگای کوردستان) بە خۆبەخشیی نووسیبوو، ڕۆژنامەکە وەک ڕێزلێنان و ئەو هەڵوێستە خۆبەخشییەی، ئێوارە مێواندارییەکی سادەیان بۆ ڕێکخست. من و خاڵە حەمرین دەستنیشانکراوی نووسەر بووین لە مێواندارییەکە بەشداربین، نووسینی خۆبه‌خش له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا مێژوویه‌كی به‌هێزی هه‌یه‌.
نوێنەری ڕۆژنامە و خاوەنی مێواندارییەکە جەلال دەباغ بوو، دیاری ڕۆژنامەکە کراسێک و ئاڕمێکی نەخشاوی ڕۆژنامەکە بوو، لە دانیشتنەکەدا لەگەڵ سوپاس و پێزانینێکی جوامێرانە پێشکێشی کرا، هاندان ده‌بێته‌ وزه‌یه‌كی شاراوه‌ و ده‌چێته‌ ئاگایی و نائاگایی نووسه‌ره‌وه‌.
لە یانەی مامۆستایانی هەولێر لەناو باخچەکەدا دانیشتین. بابەتی دانیشتنەکە زیاتر سیاسەت و بارودۆخی حزبەکانی ناوخۆ و کار و چالاکییان بوو، کە من قەت حەزی لێناکەم و بەشداری تێدا ناکەم، بەشدارییم تێیدا نەکرد. سیاسه‌ت كارا‌كته‌ری خۆی هه‌یه‌ و من خوێن و گۆشتی ئه‌م جه‌سته‌یه‌ نیم. بێدەنگییەکی ناچاریم هەڵبژارد، هەرچەندی دەمکرد، نەمدەتوانی دۆخی گفتوگۆکە بەرەو ئەدەبیات بگۆڕم. کەمێکیش سەرگەرم و خومار بوون.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بووین، مەوجوود سامان هاتە ناو باخچەکە و چەند مەترێک نزیک لە ئێمە لەسەر مێزێکی چۆڵبوو دانیشت. لەگەڵ خاڵە حەمرین دووراودوور کەوتنە قسە و جۆرێک گاڵتەجاڕی.

خاوەنی مێواندارییەکە بە خاڵە حەمرینی گوت: ئەمەش پێشتر لە ڕاگەیاندنی ئێمە، واتە: حزبی شیوعی خزمەتی کردووە، ئەگەر حەزدەکەی فەرمووی لێبکە با بێتە سەر مێزەکەوە. هاتە سەر مێزەکە، لە ژوورەوە خواردن و خواردنەوەی خۆی تەواوکردبوو، بەپەلە و هه‌ستی باوه‌ڕبه‌خۆبوونه‌وه‌ بانگی مەیگێڕەکەی کرد. چارەگێک جن و دوو بیرەی داواکرد. لە ماوەیەکی ئێجگار پێوانەییدا کردی بە کۆکتێل و هەڵیقوڕاندن. داوای پاکەتێک و دوو نەفەر کەبابی سەفەرییشی کرد.
خاوەنی مێواندارییەکە زانی ئیستغلال، واتە: هەلوەرگرتنە. بانگی مەیگێڕەکەی کرد حیسابەکە بدات، ئەوەی خۆمانی جیاکردەوە، ئەوەی ئەمی بەلاوە نا. مەوجوود سامان دەمی داکشا و چاوەکانی بەرزکردەوە و یەکدوو بڵمە بڵمی ناڕازیبوونی کرد.
بانگی مەیگێڕەکەی کرد و به‌هانه‌ی هێنایه‌وه‌، گوتی: پاکەتم ماوە و نەمزانیبوو لە گیرفانەکەی ترمدا بوو، لە ماڵەوەش تەلەفۆنیان کرد. تۆ دواکەوتی و ئێمەش نانی خۆمان خواردووە. پاکەت و دوو نەفەر کەبابە سەفەرییەکەی ڕەتکردەوە. نووشتەی هەلوەرگرتنەکەی بەتاڵبوو، هەروەها لەگەڵ هاتنە سەر مێزەکەش. بەبێ هیچ بابەتێک و بەبێ ئەوەی بە وشەیەکیش باسی شیعر کرابێت. لەپڕ ڕووی دەمی هەڕەشەی لە من کرد، بە هەڵچوونێکی زۆر ناڕەواوە پەلاماری دەستەوخەنجەری شاعیرانی باشی کوردی دا، وەک: شێرکۆ بێکەس و ئەحمەدی مەلا و به‌ختیار عه‌لی و من. وەک ئەوەی پەلامارەکەی نەخشەیەکی لەمێژینەی بووبێت.

منیش گوتم: ئەمانە و چەند کەسانێکی دی بنەماکانی نوێبەخشیی شیعری کوردییان داڕشتووە و نەخشەکەشیان فراوانکردووە، هەروەها نەخشەی خۆبوونی خۆشیان دامەزراندووە، هێزی زانینی زمانی كوردی و شیعرییه‌تی زمانی كوردی له ‌بیركردنه‌وه‌یاندا خه‌مڵیوه‌، شیعر لایان بووه‌ته‌ ناوه‌ند و ڕه‌هه‌ندێكی شێوه‌ ڕۆحی و له‌ناویدا ماونه‌ته‌وه‌ و پڕۆژه‌ی ته‌واوكاری بوونیانه‌. بەراورد بەوان، تۆ شاعیرێکی پلە شەش و حەوتی. به‌باییبوونێكی به‌تاڵه‌وه‌، گوتی: ئەگەر من بەو زمانە پەڕپووتەی کوردیم نەنووسیبووایە.

بە زمانی هۆڵەندیم بنووسیبووایە، ئێستا وه‌ك وه‌رگرێكی خەڵاتی نۆبێڵ باسم ده‌كرا و به‌ پارێزه‌وه‌ له‌گه‌ڵم داده‌نیشتن، منیش بۆ دڵدانەوە و دروستکردنی دۆخێکی تەندروست، گوتم: بێچاوێنی بێ، پێش ناوی تۆ، وابزانم ناوی شاعیرانی وەک: دکتۆر شۆ و حەبیب عەلی میرانی و حەمە عەلی وریام لە لیستی پاڵێوراوانی نۆبێڵەوە خوێندووەتەوە و لە پێشبڕکێدان، ناویان لە لیستەکەدا بەرەو ناوە یەکەم و دووەمەکان بەرزبووەتەوە و لە وەرگرتنی خەڵات نزیک بوونەتەوە.
ئەرێ شیعری بێگەرد بە کام دۆخی تەندروست و شکۆی نووسینەوە بتنووسین و ڕێزیخۆگرتن و خۆهەڵخستنی نووسین، شەرحی حاڵت دەبێ چی بێت. به‌ هه‌موو هێزی بیركردنه‌وه‌ت به‌ره‌و شكۆی شیعر و شیعرییه‌ت بڕۆ، دواتر نۆبێڵیش به‌دوایدا دێت.

شوباتی ٢٠٢٠ هەولێر

تێبینی:
مەوجوود سامان وەک ڕەهەندی دەربڕین، بە شاعیرێکی قووڵ و گرینگ دەزانم و تەواوی شاعیریەتی خۆی لەسەر ئەم خاڵەدا بنیادناوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە نوێبەخشییەوە نییە، لەناو شێواز و هونەر و زمانی باودا دێت و دەچێت. لە شێواز و هونەر و زماندا خۆبوونی خۆی نییە و ڕاگوزه‌رێكی ئاسایییه‌، به‌ته‌نگ ورده‌كاری و خواستی شێواز و هونه‌ر و زمانه‌وه‌ نییه‌.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress