نامە … سەلام عومەر
خلەی دەللاك لەسەرتاشیندا كارامە بوو ئەوەی یەك جار سەری لە كن تاشیبا قەت نەدەچۆوە لای كەسی دی، منیش هەروا بووم بەڵام جیاوازی من و ئەوانی دی ئەوە بوو هەركاتێ دەچوومە دووكانەكەی تاسەرەی من دەهات نووقەم نەدەكردوو هەر خەریكی خوێندنەوەی ئەو گۆڤارو كتێبانە بووم كە لەسەر تەپڵەكەكانی نێوان كورسیەكان دانرابوون، بۆیە لەكاتی سەرچاكردنی مندا جگە لەوەی بەگەرمی لەگەڵ یەكتری دەدواین، هەندێ نهێنی ژیانی خۆی بۆ دركاندم منیش دەمپاراستن.
ئەو پیاوە هەمیشە كە مشتەری نەبوو كتێب یان گۆڤارێكی بەدەستەوە بوو، تا چواری ئێوارەش كاری دەكردوو دواتر ئیدی بەتاقی تەنێ دەچۆ نادی، هەندێ ئارەقی دەكڕی و بەرەو باخچەكانی رۆخ شار شۆڕدەبۆوە، تارۆژی دواترو سبەینەیەكی زوو كەدەهات و دووكانەكەی پاكدەكردەوە كەس نەیدەدیتەوە، ئەو باخچانە زۆرینەیان سپیدار بوون، كەوتبوونە رۆخ روبارێكی بەخوڕ كە لەكوێستانەكانەوە دەهات و شاری دەكردە دوو پارچە، هەمیشە ئەوانەی دەیانخواردەوە ئێواران روویان لەو شوێنانە دەكردوو سفرەیان دەڕازاندەوە، دواترو بەر لەوەی تاریك دابێ سەردەكەوتنەوە ناو شارو هەركەسەو بەرەو ماڵی خۆی دەگەڕایەوە.
مشتەریەكانی خلەی دەللاكیش كاتی كاركردنی ئەویان دەزانی بۆیە نە پرسیاریان لێدەكردوو نە دوای ئەم كاتەش سەردانیان دەكرد، بەڵام لەناكاو سبەینەیەك تا چێشت تەنگاو دووكانەكەی نەكرایەوەو دەنگۆی گیرانی لەبازاڕ بڵاوبۆوە، ئیدی هەركەسەو بەكەیفی خۆی چیرۆكی دەستگیركردنی دادەتاشی، تا ئەو شەوەی لە ڕێگەی پۆلیسێكەوە كە ئەویش مشتەری خۆی بوو، زۆر جاران لەكاتی سەرتاشین لەوێم دەدیت و ببووە برادەری منیش، نامەیەكم بۆ خلە نووسی و ئەویش شەوی دواتربەم شێوەیە وەڵامی دامەوە:
(تەمەنم هێشتا شەش حەوت بەهار دەبوو كەچۆلەكەیەكم كوشت، دەزانم حەزێكی منداڵانە بوو بەڵام گەشەكردنێكی بەردەوامی گیانی توڕەیم بوو بەرەو دڕندەبوون، سەرەتایەكی ترسناك بوو بەخۆخافڵاندن و خۆخاراندن بەدیار پەلەقاژەی باڵندەیەكی بچووكەوە.
لە كوشتنی چۆلەكەیەكەوە فێرە خوێن رشتن بووم ، كە چوومە سەر لاشەكەی هەستم بە سەركەوتن كرد، ئەو رۆژە بۆ من سەرەتای وەرگرتنی لەزەت بوو، چاوەكانم سوور داگەڕان و جیهانم بە سووری دی، پێموابوو ئیدی راوچییەكی كارامەم و دەتوانم زەوی لە خوێندا نقووم كەم، گیان لە گیاندارەكان بستێنم.
بەكوشتنی چۆلەكەیەك كەڵبەكانم درێژ بوون، موچوڕكەیەكی خۆشی ماسولكەكانی جیڕ كردمەوە، ئاراستەی كردم بۆ راوكردنی باڵندەی گەورەترو دواتر گیانەوەرو كوشتنی ئەوانەی دەبنە رێگر لەسەر خاكو ناوچەی راوكردنم.
چۆلەكەیەكم كوشت، لەوێوە كەرەستەكانی كوشتنم لە رمێكی بەردینەوە كردە تەقینەوەی ئاسنەكان و هەموو دڕندەكانی سەر زەویم جڵەو كرد، لاوازەكانم لەتوپەت كردن و ئەوانەش پەڕۆی یاخیبوونیان هەڵكرد وێرانم كردن.
كوشتنی چۆلەكەیەك دەروازەی بە دڕندە بوونی بۆ كردمەوە، لە راوكرنی گیانەوەرەوە فێرە كوشتنی مرۆڤی كردم، ئێستا من مرۆڤێكی راوچی كەڵبەدارم و خەریكی ونجڕ ونجڕ كردنی ئەوانەم جوانییەكانم لێدەستێنن و لەنێو حەزەكانی منیشدا جێیان نابێتەوە، لەناویان دەبەم تا ورگم جێگەی زۆرترینی تێدا ببێتەوە.
ئەوڕۆژە بۆ من سوور بوونی زەوی بوو ، نا چاوەكانم سوور داگەڕابوون و هەموو دنیام لە خوێندا دەدی، هێندە لەكوشتن راهاتم بیرم لە سەربڕنی مریشك كردەوە هەر ئەوەندەنا گۆشتەكەشیم خواردو ئێستا سەربڕینی مەڕو گوێرەكەیەك و مرۆڤ بۆ من وەكویەكن، دەتوانم نەك شەقام، زەوی سورداگەڕێنم و رۆژو بەخوێن بشكێنم، دەستنوێژ بەخوێن بشۆم و گرەو لەسەر كاسەی خوێنی هەموتان بكەم، ئاخر من لەكوشتنی چۆلەكەیەكەوە بوومە خوێن رێژ، لە حەزێكی منداڵانەوە بوومە سەربڕ، هەر لەخۆمەوە دەخوازم نیشتمان سووركەم، سوور سوور چونكە بەكوشتنی چۆلەكەیەك بوومە ئاژەڵێكی كەڵبەدار ئێستا كەسێ نییە بە قەد من خوێنی خۆش بوێ چونكە یەكەم چیرۆك و یەكەم حیكایەت كە وەك شەوچەرە بەرگوێم كەوت زوحاك بوو منیش بوومە كاوە، ئێستا لە زیندان لەنێو خەیاڵە رقاویەكاندا دەژیم، یەكەم كوشتن و یەكەم سەربڕین، ئەو یادەوەریانەن كە كەرەستەی كاری داهاتوومن و ئایندەی لەسەر بنیاد دەنێم، بۆیە دەڵێم: ببورن ئەی چۆلەكەكان ئێستا پێویستیم بە ئێوە نییە، راوچیەكی كارامەم و عاشق بەرەنگی خوێن و روحی ئەوانەم جوانیەكانم لێدەبەن )
دەیان جار ئەو نامەیەم خوێندەوە، دەچوومە نێوان دێڕەكانەوەو پیاسەم بەناو خاڵبەندوو وشە توندوتیژەكاندا دەكرد، لەژێر سێبەری رستەكاندا پشووم دەداو لەنهێنی دەسگیركردنەكەی دەگەڕام، پێم سەیر بوو ئەو لەنووسیندا ئەوەندە توانایەی هەیەو لە ژیاندا بەرەو بەندیخانە رۆیشتووە !
كۆدە نهێنیەكانی ئەم نامەیەم بە ئاسانی بۆ نەدەكرایەوە، بیرم لە نهێنیەكانی ژیانی كردەوە، ئەو عاشق بوو عەشقی كچێكی جیرانی ماڵەوەیان بوو، رۆژێك پرسیاری زۆر خواردنەوەم لێكرد كەچی هات و زۆر بەوردی باسی عەشقی خۆی و كچەكەی بۆكردم، ئەو جارێك پێی گوتم:
( بەداخەوە هەر پیاو بێوەفا نین هەندێ جار كچیش نایانەوێ لەپێناوی ئەوانیدیدا ماندوو بن، ئاخر دوای چەندین ساڵ خۆشەویستیم لەگەڵ كچێك كەچی بابی دایە خزمێكی خۆی، ئەو كەسەی كەتەواوی خەڵكی شار تفونەعلەتی دەكەن، ئەویش كوڕی شەوكەتە كوێریە، ئەوەی كەسەرسامیشی كردووم ئەو كچەیە نووقەی نەكرد، تەنانەت پرسە گورگانەشی پێنەكردم، كە لە رێگەو بانێك دەمبینێ هەر وەكو قەت نەشیناسیبم ئاوڕی لێنەدەدامەوە، ئاخر ئاگای لە ناخی من نەبوو نەیدەزانی چ كورەیەك چ جەهەندەمێك لە هەناومدا كڵپە دەكا، جا ئیدی نازانم لە ترسان بوو یان لە بێوەفایی، ئەورۆژەی ئەوی تێدا گوازرایەوە بیرم بۆ خۆكوشتن چوو، چوومە نێو شیوەكانی خوار ئاوایی تا بە لەناوبردنی خۆم تۆڵە لەویش بكەمەوە، پێشتر نامەیەكم نووسی، تا دوای مردنم هەموو دنیا بیخوێنێتەوە، تیایدا تەواوی خۆشەویستی چەند ساڵەی خۆم و ئەوم تێدا رونكردبۆوە، هەر بەراستی بڕیاری كۆتایم بوو، بەڵام كە چوومە ناو باخچەكان دیتم هاوڕێ نزیكەكانم خەریكی خواردنەوەن، بەزۆر دایاننیشاندم و بۆ یەكەم جار پێكێك ئارەقم خواردەوە لە دڵی خۆمدا گوتم با بەر لە مردنم تامی ئەوەش بكەم، كەچی جەستەم داوای ئیدی دەكرد، بۆیە پێكی دووەم خۆم بۆ خۆمم تێكرد، ئیدی هەر ئەوەندەم خۆش بوو دەستم كردە گریان وەك منداڵ هەنسكم دەداو فرمێسكم دەوەراند، بە هەموویان ژیر نەدەبوومەوە، ئەوان ئاگایان لە برژانی من نەبوو بۆیە یەكێكیان گوتی: ئەگەر نەگریەی دیدەت بۆ دەكڕم.
یەكی دی كەوچكێك مەزەی راگرت و گوتی: ننجەی دەخۆی؟
ئەوی دیش دەیگوت: بف ئەوە كخەی دەخۆی؟
منیش باشم دەناسین و دەمزانی نازانن ناخی من چیتێدایە بۆیە پێكی سێیەمم هەڵداو هەستمكرد هیچ بەربەست و نهێنییەك لە لەمێشكمدا نەما، منداڵ بوومەوە ترس بۆ هەمیشە جێی هێشتووم، بۆیە بۆ وەڵامدانەوەی گاڵتەكانیان ئەوەی لە دڵمدا بوو بەرامبەر خۆشەویستەكەم هەڵمڕشت، تەنها ئەوەندە ئاگام لە خۆ بوو هەرگیز ناوی كچەكەم نەگوت، بەڵام یەك لە برادەرەكانم كە هەم جیران و هەم بەیەكەوە دەمانخوێند ئەو دەیزانی كوێم دێشێ، بۆیە هەوڵیدەدا لەبیرم باتەوە، بەڵام ئەوانی دی بە پەرۆشەوە بوون تا زیاتر لەبارەی عەشقی منەوە بزانن، دواجار كە نازانم چەندەم پێكم هەڵدا نهێنی هاتنم و خۆكوشتنیشم هەڵدایە سەر خوانەكەو ئیدی هەموان بێدەنگ بوون و بەتایبەت جیرانەكەمان تەواو خۆی لەمن نزیك كردەوە، سفرەكەیان هەڵگرتەوەو بێدەنگ و یەك پرسیاری دیكەیان لێنەكردم، شەرمەزاری گاڵتەكانی رابردوویان بەروخسارەوە دیار بوو، بەڵام هەمیشە جیرانەكەمان لە تەنیشتمەوە بوو، هەستاین تا بڕۆینەوە، ئەمن گێژ بووم و كەوتم، كەبەهۆش خۆم هاتمەوە دیتم لە ناو روباریان هەڵكێشاوم هەموو لەشم تەڕە، ئاوم بەسەریدادەكەن و لەچاویشیاندا دیار بوو خەمم لێدەخۆن، بۆیە هەرگیز جێیان نەهێشتم و جیرانەكەمان هاتە بنهەنگڵم و هەستمكرد باشتر بووم، بەڵام هەر بەولاو لایاندا دەهاتم، پێمسەیر بوو ئاوام بەسەر هاتووە، ئەوەی پێشتر لە مێشكمدا بوو بەتاڵ ببۆوە پێموابوو ئیدی ژیان لێرەوە دەست پێدەكات.
خلەی دەللاك درێژەی دایەو گوتی: سەرت نەهێشێنم هەموان بەیەكەوە بەرەو ئاوایی دەگەڕاینەوە لەڕێیە زۆریان ئامۆژگاری كردم، دڵنەواییان دەكردم و دەیانگوت: بێوەفایەك ئەوە ناهێنێ خۆتی لەسەر بكوژی.
یەكیدی دەیگوت: ئەگەر ئەو كچە بەراستی ئەتۆی خۆش ویستبا دەبوو بەر لە گواستنەوە خۆی كوشتبا.
دەشیان گوت: بەراستی خۆشی نەویستووی دەنا ئەگەر فشاری ماڵەوەشی لەسەربا هەق بوو پرسی پێكردبای.
یەكی دیكەیان كە بەتەمەن لەوان گەورەتر بوو دیاربوو دەموپلی لە سیاسەتیش وەردەدا گوتی: ناكرێ هەمومان كچەی تاوانبار كەین، كێدەڵێ لەژێر فشارێكی زۆردا نەبووە، ئەوجار ئەوەی شووی پێكردووە خۆ بەشەر نییە، نەك خەڵكی ئاوایی، كەسوكاریشی لێی بێزارن، ئەمن دڵنیام بۆ ئەوەی ئەو كوڕەی پێدامەزرێنن كچێكیان كردۆتە قوربانی، قوربانیەك زۆر سەختر لە خلەی برامان، بۆیە خلەگیان خۆكوشتن چارەسەری هیچ ناكات بەڵام دەتوانی لێرەوە بیر لە داهاتوێكی نوێ بكەیەوە، ژیان دوورو درێژەو روداوی سەمەرەتری تێدایە.
جرانەكەمان گوتی: ئەمن خلەی لە هەموان باشتر دەناسم، ئەو كوڕێكی پاكە بەراستی خۆشەویستی كردووە بۆیەش گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بیر لە خۆ كوشتن بكاتەوە، بەڵام چۆن خلەی دەناسم ئاواش خۆشەویستەكەی دەناسم ، بەراستی ئەو شایەنی ئەو كوڕە نەبوو كەداویانەتێ، هەروەك چۆن تۆش شایەنی خۆكوشتن نی، ئاخر ئەوەی تۆ بناسێ دەزانێ كەسێكی پاكی و ئەوەی لەسەر شانت بووە كردووتە، بۆیە لەگەڵ فڕێدانی شووشە بەتاڵەكان تۆش دەبێت بیركردنەوەكەت فڕێدەی، رووی لەمن كردوو گوتی: خلە قەت وام بە بێهێزی نەدیوی دەبێت خۆت چاكەیەوە دەنا من چاكت دەكەمەوە.
ئەوكاتەی خلەی دەللاك ئەو چیرۆكەی بۆ دەگێڕامەوە یەك مشتەری نەبوو بە ئارەزووی خۆی قسەی دەكرد، منیش زۆر حەزم لە گێڕانەوەی بوو پێیم نەدەبڕی تا هەرچی زووە تەواوی كات و مشتەری بەسەردا نەیات، حەزیشم لێبوو دوای تەواو بوونی قسەی خۆم هەبێت.
خلە دەیگوت: هەستم بە گێژبوون دەكرد حەزم لێبوو بنووم قەت خۆم وانەدیبوو چووبوومە جیهانێكی تایبەتەوە كە پێشتر نەمدیبوو، پێستی سەرو ناومێشكم سڕسڕ ببوون، ئەوی خەمبێت نەممابوو، لاقم تێك دەئاڵان و ئەگەر ئەوان ئەوەی لەسەر سفرەی باسم كردووە بیریان نەهێنابامایەوە ئەمن هیچم لەبیر نەما بوو، وریا مەبەستم كوڕە جیرانەكەمانە ئەمنی بردەوە ماڵی خۆیان ئەوانی دیش گوتیان زۆر ئاگات لێبێت، چووین و لەوێ زۆر نسحەتی كردم نەیهێشت داكو بابیشی بە نهێنیەكەی من بزانن، هەر چەند مەترێك نێوانی ماڵی ئێمەو ئەوان بوو خەبەری ناردە ماڵی مەو پێی گوتبوون ئەمشەو لای من دەبێت، ئەو شەوە خواردنێكی باشی دامێ ئەمنیش كە تازە خەریك بوو دەهاتمەوە سەرخۆ پێمگوت : باشە ئەوماستاوە خەمڕەوێنە دەخۆنەوە بۆ تا ئێستا پێم نەزانیوە؟ ئەویش گوتی: ئەگەر بەڵێنی ئەوەم بدەیەی ئەو كچە لەبیر دەكەی و شێتاتیەكەت فڕێ دەدەی، ئەوە هەموو ئێواران دەتبەین، ئەمنیش دەستم لە باخەڵێ راكرد هەتا ئەو نامەیەی نووسیومە بیدڕێنم كەچی نامەكە لە نێو ئاوێدا كە لە چۆمیان هاویشتبووم توا بۆوە، تێمگەیاند كە نامەیەكی ئاوام نووسیبوو بەڵام ئامۆژگاریەكانی ئێوە بەتایبەت كە دەبوو ئەو پێش من خۆی كوشتبا، یان كێدەڵێ لە ژێر فشارێكی زۆردانییە، یاخود هەرهیچ هیچ نەبێت بەرگرییەكی كردبا، كاری تێكردووم، ئەوجار ئەمن هاتوومەوە سەرخۆم، نامەكەشم نەدەخوێنرایەوە تا پیشانی وریای بدەم، دواتر فڕێماندا بەڵێنم پێیدا كە بیر لە خۆكوشتن نەكەمەوە.
خلە كە ئە ئەو چیرۆكەی بۆمن دەگێڕایەوە جار جار مقەستەكەی توند بە شانەكەی دەستیدا دەداو لە ئاوێنەكەشدا دەمدیت لە چاوییڕا فرمێسك دەهاتنە خوار، تێگەیشتم ئەو بەراستی خۆشەویستی كردووە بۆیە هەمیشە لە بیریدایە.
خلە گوتی: ئەوشەوە لەماڵی وریای جیرانمان بووم، ئاخر هێشتا نەبووبوومە وەستای سەرتاشین، هەر هیچم لێنەدەزانی بۆ سبەینی هەردووكمان بڕیارماندا بچینە شارێك تا خۆمان فێری دەلاكی بكەین، ئەوەبوو ماوەی دوو مانگ منی بردە سلێمانی لە دووكانێكی دەللاكی بێبەرابەر كارمان كردوو بووینە وەستا، هەر هاتیشینەوە ئەو دووكانەمان بەیەكەوە داناو وەك دەبینی وەستام، بەڵام ئەوەشم لەبیر نەچێت بەر لەوەی بچینە سلێمانی ئەو برادەرانە هەموو ئێوارەیەك دەیان بردم و مەستیان دەكردم، هەروابێتەوە وریای جیرانیشمان بۆ خوێندن رۆشتە موسڵ و دووكانەكە بۆ من مایەوە.
سەرم هێشاندی بەڵام ئەوە وەڵامی پرسیارەكەت بوو، ئێستاش ناتوانم نەخۆمەوە، لەراستیشدا برادەرەكان باری سەر شانیان سووك كردم و دواتریش كەچووینە سلێمانی تەواو تەواو نا بەڵام تا ئاستێكی باش ئەوكچەم لەبیر كرد، بەڵام هەرچەندجار كە لێرەو لەوێ بە منداڵەوە دەیبینم برینم دەكولێنەوەو لێشت ناشارمەوە، هیچ شەوێك نییە بەخەیاڵی ئەو نەنووم هێشتا هەر خۆشم دەوێت بەڵام تا ئاستی سووتان نا.)
پێدەچوو چیرۆكەكەی تەواو بووبێ بەڵام بۆ من نا، پشتە ملی تەڕكردم و بەتیغێك گەندە موەكانی تاشی و خەنافیزی رێك كردم، ئەوجار فڵچەیەكی نەرمی بە سەرو گوێلاكی داهێنام و ئەو مووە بڕوانەی مابوون لایبردن پەڕۆیەكەی تێی وەرپێچابووم لێی كردەوەو گوتی: بڕۆ سەرت بشۆ تا بۆت وشك كەمەوە، ئەمن حەزم لێنەبوو سەرتاشینەكەم تەواو بێت بەڵام چارەم نەبوو بە قسەم كرد.
سەرم شووشت و هاتمەوە سەر كورسی سەرتاشین، بەر لەوەی وشككەرەوەكە پێكات، چوونكە دەنگی زۆر ناخۆش بوو پێم گوت: برادەری زۆر باشت هەبوون، بەڵام بۆچی بیر لە پێكهێنانی خێزان ناكەیەوە؟ تا بۆ هەمیشە ئەو كچە لەبیر كەی؟
وەڵامی نەدامەوە تاوەكو بە تەواوی سەری وشك كردمەوە ئەوجار پیرۆزبایی لێكردم و لەسەر كورسیەكان دانیشتین، خلەی دەللاك گوتی:
وەڵامی پرسیارەكەت زۆر قورسە بەڵام دەزانم ئەتۆش وەك من خەریكی خوێندنەوەی بۆیە پێتدەڵێم، ئەمما تا رۆژی خۆی مەیدركێنە.
خلەی دەللاك گوتی: چەند مانگێك لەمەو پێش مێردەكەی ئەو ژنە بەفێڵی سەرتاشین هاتە لام و دەیویست قسەم لێدەربێنێ، دیار بوو بۆنی پەیوەندی من و ژنەكەی كردبوو ، پێی دەگوتم: دەزانم پەیوەندیتان هەبوەو بەڵام ئێستا نەتان ماوە، تەنیا ئەوەندەی دەمەوێ بیزانم دەستت بە دەستی كەوتووە؟ منیش خۆم لە گێلی دەداو هیچم نەدركاند، دەمگوت تەنیا وەكو جیرانێك سەیرم كردوەو هیچی دی، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی بزانێ پەیوەندیەكەمان چۆن بووە، منیش هەرگیز دانم پێدا نەناو ئەویش دواجار بە تووڕەبوونەوە قسەیەكی لەدەم دەرچوو گوتی: خۆی بۆی باسكردووم باش دەزانم ئێستاش دڵتان بەیەكەوەیە، هەڕەشەی لێكرم و رۆیشت، منیش لە دڵی خۆمدا زۆر هێنام و بردم ئاخر ئەو مەلعونە هەموو ژیانی منی تاڵكردوەو دواتریش هەڕەشەم لێدەكات، من جگە لە خۆشەویستیەكی پاك هیچی دیم نەكردووە، ئاخر ئەو خۆشەویستەكەی منی بردووە، ئەو ژیانی منی كردە دۆزەخ، كەچی دەیەوێ یادەوەریەكانیشم لێبستێنێ، ناو دڵم بپشكنێ و وێنە جوانەكانی تێدا هەلا بەهەلا بكا
.
سەرت نەیەشێنم هەر لەناو قسەكانی ئەو مەلعونەدا بۆم دەركەوت كە ژیانی ژنەكەی كردۆتە جەهەندەم، هەر بۆیە خۆشەویستەكەی جارانم نە سەرهەڵدەبڕێ و نەدەتوانێ سڵاوم بۆ بنێرێ، هەروابێتەوە هەمیشەو هەتا چاوم بەچاوی مێردەكەی بكەوێ مۆڕەم لێدەكات، منیش بۆ ئەوەی هیچ روونەدات قسەناكەم و گوێی نادەمێ، ئەگەرنا ئەو مافی ئەوەی نییە هەڕەشەم لێبكات و مۆڕەم لێبكات، ئاخر تێكچوونی ژیانی ژنەكەی واتە لەباربردنی ژیانی منیش، چوونكە دڵنیام لە ژێر فشاری بابیدا شووی كردووە، بەڵام دەبوو خۆڕاگر بێت و هەموو ژیانی نەخاتە نێو ئەو جەهەندەمەوە كە بۆی دانراوە.
ئەوە وەڵامی پرسیارەكەتە شكم لە خۆم و دوواڕۆژی ئەویش هەیە دەترسم ژن بهێنم و ئەویش بخەمە نێو كێشەیەكەوە كە هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە، راستیەكەی ناتوانم بە ژنهێنان تۆڵەی لێبكەمەوە نەبا خەم بخوا.
خلەی دەللاك درێژەی دایەو گوتی: ئێستا وردە وردە خەریكە ئەو خۆشەویستیەم بیر دەچێتەوە بە تایبەتیش رۆژانە خەریكی دووكانەكەمم و ئەگەر مشتەریم نەبێت دەخوێنمەوەو شەوانەش لەگەڵ ئەو برادەرانە بە مەستی دەچمەوە ماڵێ و دەخەوم، ئاخر ئەگەر كەسێكی دی بهێنمە ناو ژیانی خۆمەوە دەبێت بەراستی خۆشم بوێ، بۆیە نامەوێ كەسیدی بە خۆمەوە سەرگەردانكەم، چونكە پێشتر دڵم داوەتە كەسێكو هێشتا وەرم نەگرتۆتەوە،جارێ ژیانم ئاساییە بەڵام شكم لەو هەتیوەی مێردیەتی زۆر عەبووس دیارە دەترسم رۆژێكی دەستم لەیەخەی گیر بێت.
منیش كە تائەوكاتە لەنێو چیرۆكەكەیدا توابوومەوە پێمگوت: تۆ كوڕێكی كاسبی و خەڵكی خۆشیان دەوێی، جگە لەوەش نە قۆڵی كەست بڕیوەو نە خیانەتیشت لەكەس كردووە، بیر لەو پیاوە عەبووسە مەكەوەو ئەوەش دەزانی كە بەزۆر كچ بەشوودان ئەوە ئەنجامەكەیەتی، هەوڵدە باشتر ئەو بابەتە لەبیر كەی و سەری خۆتی پێوە نەیەشێنی دەشتوانی ژیانێكی نوێ لەگەڵ كەسێكی نوێ بدۆزیەوەو ئەوكات بۆ هەمیشە روداوە خۆش و ناخۆشەكانی رابردووت دەبنە بیرەوەری، ئەمن لەو قسانە دابووم مشتەری هات و دوای ئەوەی هەقدەستەكەیم دایە، سەرتاشخانەكەم جێهێشت.
ئێستا ئەو نامەیەی ئەو لەبەر دەستم دایە هەرچەند دەیخوێنمەوە زیاتر قسەو گفت و گۆیەكانی ئەو دێنە ناو بیرەوەریمەوە، پێم شك نایە هیچی كردبێ، چوونكە نە كچەكەی جیرانیان تەڵاق دراوەو نە شەڕو شۆڕێكیش لە نێوانیان روویداوە، بۆیە بەندكردنی ئەو دەللاكە بێ هۆ نیەو مەبەستم بوو هەرچی زووە بزانم بۆ لەنێو بەندیخانەیەو بەتایبەتیش لەنێو نامەكەدا باس لەزۆر شت دەكات كەمن كۆدەكەیم بۆ نەدەكرایەوە، بەناچاری هەر لە رێگەی هەمان پۆلیسەوە نامەیەكی دیم بۆناردوو تیایدا باسم لەوە كردبوو ئەگەر كەیسەكەت بزانم دەتوانم هاوكاریت بكەم بۆ ئازاد بوونت، روونیشم كردبۆوە كە لەناوەرۆكی وەڵامەكەی پێشترت نەگەیشتووم و باشتر بۆم روون بكەوە.
دوای چەند رۆژێك ئەم نامەیەم بەدەست گەیشت( جگە لە پیشەكەی خۆم و خوێندنەوەو مەست بوون هیچی دی نازانم، تۆمەتی بەندكردنم سیاسیە كەمن لەژیانم كتێبێكی سیاسیشم نەخوێندۆتەوە بەڵام…..ئەوانەی جوانیەكانیان لێبردم، ئەوانەی مەستی ئێوارانیان لێزەوت كردم و وایان لێكردم بیر لە خۆكوشتن بكەمەوە، ئەوانەی دڵیان پارچە پارچە كرم و خەوی شەوانیان لێزڕاندم، ئەوانەی دەستەوەستانیان كردم و هیواكانیان لێ زەوتكردم، ئێستا هەر ئەوان هەڵیاندامە ناو پیاوكوژو دڕندەكانەوە، دەبێت بزانن كەسێكی دڕندە بەرهەم دەهێنن و دواجار لە كوشتنی چۆلەكەیەكەوە فێرە سەربڕینم دەكەن، گیانی تۆڵەكردنەوە لە ناخمدا دەچێنن، ئاخر هەڵیانداومەتە شوێنێك هەستدەكەم جێی من نییە، خەتایەكیان داوەتە پاڵم كەئیدی دەبێت بیری لێبكەمەوە، دەزانی دەیانەوێ خەیاڵە خۆشەكانی رابردووشم لێبستێنن، هاتوونە ناو هزرمەوەو دەخوازن داگیرمبكەن و بەدەستی ئەوانی دی لەناوم ببەن، ئەمن كە لێرە لە گۆشەگیریدام ئازادیان لا شیرین كردووم، بۆیە كاتێك لەم تاریكستانە دێمە دەرێ لە كەسەكانی بەندیخانەوە فێری چەقۆ هەڵگرتن و كردنەوەی بووم، چیرۆكی فیچقەی خوێنی لاملی بێتاوانەكانیان بۆ باسكردووم، هەڵكوتانە سەرو تۆڵەكردنەوەیان لە هەناومدا چاندووە، بۆیە ئیدی كەسێكی دیم، وانەی ترسناكیان فێر كردووم و ناچارم هەر ئەو وانانە بڵێمەوە، پێموانییە هەرگیز لەو ئازارەی رابردووم و ئەو خەتایە خۆشبم كە ئێستا دەرهەق بەمن كراوە، بۆیە ئێستا دووپاتی دەكەمەوە (ببوورن ئەی چۆلەكەكان ئێستا پێویستیم بە ئێوە نییە راوچیەكی كارامەم و عاشق بە رەنگی خوێن و روحی ئەوانەم جوانیەكانم لێدەبەن )
خوێندنەوەی نامەی دووەمی خلەی دەللاك سڕی كردم، تێگەیشتم چ خەتایەكیان بەرامبەر كردووە، هەربۆیە لەوەش گەیشتم كە ئەو تاوانەی ئەوی پێئاخنراوەتە زیندان زۆر قورسەو كەس ناوێرێ خۆی لێ بەساحێبكات، نیگەرانی هەر لای مننا، لای تەوای هاوڕێكانی هەستی پێدەكرا، هەمیشە لەڕێگەی پۆلیسەكەی هاوڕێی ئاگاداری بووم، تا ئەوكاتەی كە زیاتر لە سێ مانگی خایاندوو گواستبوویانەوە ناو زیندانێكی دوور كە لەتەنیش بەغدایەو ئەبوو غرێبیان پێدەگوت، ئەوێش واتە حكومدان و مانەوەی بۆ كاتێكی نادیار.
چەند ساڵێك خلەی دەللاك بێهەواڵ مایەوە، لەو ماوەشداخۆشەویستەكەی رابردووی بەخۆی و دوومنداڵەوە تەڵاق درا، مێردەكەشی كە گومانی سیخوڕی لەسەر بوو، واتە ببوە پیاوی رژێمە سەركووتكەرەكەی ئەو كات، دەمانچەیەكی بەلاقونیدا شۆڕ دەكردەوە، منداڵەكانیشی بردبوەوە لای خۆی و شای بە سەپانی خۆی نەدەزانی.
تا ئەورۆژەی دەسەڵاتی بەغدا بە كونفەیەكونێك گۆڕاو لێبووردنی گشتی دەركرد، ئەمن كە هەر لەبیری خلەی دەللاكدا بووم، رۆژێك لەچیاوە نامەیەكی پێچراوەم بەدەست گەیشت تیایدا نووسرابوو:
( دواجار باڵندەكانی قەفەز ئازاد بوون، ئێستا لەسەر لوتكەی چیاكان دەخوێنم و دەتوانم بە ئارەزووی خۆم بچمەوە ناو ئەو خەیاڵانەی لێیان ستاندبووم، بەزۆر كردیانمە سیاسی و رقێكی ئەستووریان لە ناخمدا چاند، رقێك رەقترە لەو تاشەیەی ئێستا لە ژێریدا دانیشتووم، دەمەوێت تۆڵەی خۆم لەو پیاوانەی رژێم بكەمەوە كە دەهاتن سەریان پێچادەكردم و پارەیان نەدەدا، بەزمانی خۆیان جنێویان دەداو خۆم لە گێلی دەدا، لەوانەی لە كەسێكی بێگوناهەوە تاوانباریان كردم و دواتر تەمەنی لاویەتی منیان بۆ خۆیان برد، ئەوانەی جوانیەكانیان لێستاندم و مۆڕەیان لێدەكردم، دەرفەتی ئەوەیان نەدام بیر بكەمەوە، زەهریان دەرخواردی خەیاڵەكانمداو ژیانیان كردمە چیرۆكێكی تراژیدی.
ئێستا باڵندەیەكی ئازادم، لەنێو زینداندا دوو وانەی زۆر گرنگ فێربووم، دوو سروود هەمیشە دەیانڵێمەوە ئەویش خۆشەویستی نیشتمان و رقە، من كە ئێستا هەڵگری ئەو دوو وانەیەم لە خۆشەویستیم بۆ نیشتمانەوە خۆشەویستی ئێوەشم بیر كەوتەوە، بۆیە تۆو هاوڕێیانی زەمەنی مەستیم خۆشدەوێن، بەڵام رقیش دەدەمە ئەوانەی لە ئێوەیان دوور خستمەوە، ئەوانەی ژیانیان لێزەوت و ناشیرین كردم، هەڵیاندامە شوێنێك كە جێگەی من نەبوو، ئێستا بە كۆڵەپشتێكەوە كە جگە لە مقەستی سەرتاشین كتێبی پارتیزانیشی تێدا، دەمەوێ دوای ئەوەی فێری سەرتاشین و وەرگرتنی هەقدەست بووم، ئەو هەقانەش وەرگرمەوە كە لێیان بردم، چاوەكانم سوور بوون و دەڵێم: ببورن ئەی چۆلەكەكان ئێستا پێویستیم بە ئێوە نییە راوچیەكی كارامەم و عاشق بە رەنگی خوێن و روحی ئەوانەم جوانیەكانم لێدەبەن).
جگە لە چەند وشەیەكی نامۆ هیچ كۆدێكی نهێنیم لەم نامەیەدا بەدی نەكرد، ئەو كە ئێستا بەر لێبووردنە گشتییەكە كەوتووە، پێدەچێت گیانی لێبووردەیی لە زینداندا جێهێشتبێ، چونكە ئەو خەتای نەبوو خەتاباركرا لە زیندان پشوویەكی زۆری داوەو بەدوای دۆزینەوەی ئەوحەزانەیە كە لێیان ستاندووە، دەخوازێ تامی ئازادی بكات و خۆی بەتاڵكاتەوە لەو رقەی رەگوریشەی لە دەمارەكانیدا چێنراوە، هەر بۆیە ئەو نامەیەشم لە تەنیشت نامەكانیدیدا داناو پاراستمن، بەڵام هەرگیز خلەی دەللاك لەبەرچاوم بزر نەدەبوو، دەمزانی رۆژێك بەدیار دەكەوێتەوە و بە سیمایەكی گۆڕاوەوە یەكتری دەبینین.
*
هەرچەند هاوین پیر دەبوو شەو درێژترو رۆژیش كورتر دەبۆوە، زۆر نەبوو گەلاوێژ بزووتبوو، پایز هەڕەشەی خۆی دەكردوو پەڵە هەورە تاریكەكانی پیشان دەداین، لە گەڵ بای هەورەكاندا پێچوپەنای شەقامەكان پڕدەبوون لە گەڵای زەرد، نووستنی شەوانەی سەربان خۆش ببوو، بەیانیان خۆمان لە بەتانیەكان وەردەپێچاو ژنەكانی شاریش خەریكی دایساندنی سەماوەر بوون و شووشە شیرو ماستیان لەو گوندیانە وەردەگرت كە هەموو بەیانییەك بۆ مشتەرییە هەمیشەییەكانیان دەیانهێنا، ئەو بەیانییە پوور حەلیمی دۆستمان كە هەمیشە لە گوندی ژاراوەوە ماستی بۆشار دەهێنا لەماڵی ئێمە مابۆوە، تەواوی ئەو شیرو پەنیرو ماستەی هێنابووی لە هەیوانەكە داینابوو و خەریكی خواردنی نانی بەیانی بوو، كە لە پێریژە دارەكەوە چوومە خوارێ ئەو دیمەنە بەلای منەوە نا ئاسایی بوو، بۆیە بەر لەوەی پرسیار بكەم داكم گوتی: پوورحەلیم ئەوڕۆ لەماڵمان عاسێ بووە، دەڵێ سیخوڕێكیان لە ناوەندی بازاڕی كوشتوەو هێشتا تەرمەكەی لەوێیە، كەس ناوێرێ بەلایدا بچێ، دووكان نەكراوەتەوەو نانەواخانەكانیش دەڕابەكانیان داداوەتەوە، بازاڕ بۆنی خوێنی لێدێت و كەس لەماڵ ناچێتە دەر، تۆش بیر لە دووكان و مووكان مەكەوە.
منیش روم لە پوور حەلیم كردوو گوتم: نازانی كێیە كوژراوە؟ بەر لەوەی وەڵامم بداتەوە یالیرەی جیرانمان بە ژوورێی داكردوو گوتی براژن نەهێڵی كوڕەكانت بچنە دەرێ، ئەو سەگەی بەلەكی گەنجەكانی شاری دەگرت و خەڵكی بێزار كردبوو، ئەمڕۆ بەیانی بەیەك فیشەكی دەمانچە و هەر لەناوەراستی بازاڕی تۆپاندوویانە، حوكمەت ناوێرێ بێتە ناوشارو كەسوكارەكەشی شەرمدەكەن خۆی لێبەساحێب بكەن، كەسیش بێزی نایە دەستی خۆی گڵاو بكات و هەڵیگرێتەوە.
منیش رووم لە یالیرەی جیرانمان كردوو گوتم ئەو سیخوڕە كێیە؟
گوتی: سەگەكەی شەوكەتە كوێری، ئەوەی بەسواڵ و سەدەقەی خەڵكی بەخێوی كردوو دواتر بووە تووڵەو لە بەلەكی خەڵكی ئاڵا.
یالیرە مەنجەڵێك ماست و دوو شووشە شیری هەڵگرت و رۆی، ئیدی من لە تەواوی رووداوەكە گەیشتم و زانیم خلەی دەللاك ئەو كارەی كردووە، بۆیە جگە لە ئاسوودەییەك كە بەمێشكمدا تێپەڕی، تەواوی ناوەرۆكی نامەكانم هاتنەوە بیرو كۆدەكانیشم بۆكرانەوە.
رووداوی ئەم بەیانییە كە هەر چەند كاتژمێرێكی خایاندوو دواتر شارەوانی كەلاكەكەیان هەڵگرتبوو و بردبوویان و شاردبوویانەوە، شار ئاسایی بۆوەو جوڵە كەوتەوە ناو بازاڕ، نە كەسیان گرت و نە وێراشن سەوتوڵەكانیان بە گەڕەكەكاندا بڵاو بكەنەوە، ئاخر حكومەت بە كوشتنی ئەم سیخوڕەی نیگەران نەبوو، دەیزانی كوردەو خەڵكی ناوشاریەو تەمەنی درێژ نابێ، بەڵام بزەی خستە سەرلێوی هاوشاریان و ترسیشی خستە دڵی ئەوانەی لە حكومەتەوە نزیك بوون.
هێشتا پایز بوو خەڵكی لەگوندەكانەوە بیشەداریان بە پشتی گوێدرێژ بۆ دەهاتە ماڵەوەو لەسەریەكیان دادەنا، تا لەزستاندا سەرمایان نەبێ و بێ ئاوری سۆبەی داران نەبن، فەردە گەنمی خەتسوور دەئاخنرایە ژوورە گڵینەكان و عەمباریان دەكردن، بەڵام هێشتا پێستە پەنیری كونە پێستەكان نەگەیشتبوونە بازاڕ، چوونكە هەتا چیاكان سپی نەبن و بای كوێستان لەوێوە خۆ بەناوشاریدا نەكات ئەو پەنیرە مەیرانە لە كونە پێستەكان ناهێننە دەر، ژن لەنێو شاری خەریكی ماڵ راخستنەوە بوون، ئەو رستە تەماتەو بامیەو باینجانانەیان كۆدەكردەوە كە هەڵیان خستبوو تا لە زستاندا بەبێ شلەی بامیە قبوڵی سەر بەنێرگز لێنەنێن، پایز هەورەكانی نەویتر دەكردن و شەوەكانیشی درێژتر، بۆیە ئێوارەی ئەورۆژانە زوو دەهاتن و لەگەڵ تاریك بوونیشدا پیاوانی چیا خۆیان بەشاریدا دەكرد، لە شەوێكی ئەنگوستەچاودا كە خەڵكی شار لەنێو هەواڵەكانی جەنگی ئێراق و ئێراندا گوێ قوڵاغ بوون، دەنگی رێژنەی گوللەكان كە لەناوەندی شارەوە دەبیسترا رادیۆو تەلەفزیۆنەكانی بێدەنگ كردوو هەندێ لە گڵۆپی ماڵەكان كوژێنرانەوەو هەندێكی دی بە پێچەوانەوە رووناكیان زیاتر پێدەكرد، بەتایبەت ئەوانەی كوڕیان لە چیابوو دەرگای ماڵەكانیشیان دەكردەوەو هەر لەپشتی دەرگاوە گوێیان بۆ تەپەی پێی رێبواران و دەنگی سەر شەقام هەڵدەخست، جگە لە دەنگە دەنگی هەندێ ژن و منداڵ كە زۆر لەدوورەوە دەبیسترا هیچی دی رووی نەداو سبەی خەڵكی بەبێ ترس چوونەوە سەر كاری خۆیان، ئەو بەیانییە یا حالیمی ماست فرۆش هات و ماست و شیرەكەی بۆ بەجێهێشتین و رۆی، دیار بوو هیچی نەبیستبوو بەتایبەتیش ئەو لە گوندەوە دەهات و دوور بوو لەو رووداوانەی لە شار روویان دابوو، منیش دوای نان و چا خواردن بەرەو كارەكەم چوومە دەرێ كە دەڕابی دووكانەكەم هەڵدایەوە نامەیەكی پێچراوە كەوتبوو، هەڵمگرتەوەو بۆنی رووداوێكم كرد، كە پێشتر بیرم لێكردبۆوە، دوای ئەوەی دووكانەكەم رێكخست لە پشت مێزەكەوە نامەكەم كردەوەو تیایدا نووسرابوو:
( پایز بەرەگی زەردەوە جوانە، بە وەرینی گەڵا ناسراوەو هەر لە پایزیشدا دەكرێ لقە زڕو رزیوەكان ببڕدرێن تا خەڵكی لە سەرمای زستان بپارێزن، من لەسەرەتای پایز ئەو لقە زڕەم بڕیەوە كە خەریك بوو منیش وشككا، هەستم بە ئاسوودەیی كردوو شاریشم لەو سەرمایە قوتار كرد كە بەرۆكی گرتبوون، رەنجی پەنجەكانم كە بەسەرتاشین لای هەندێ لقی وشكوبرینگ بوو هەر بە پەنجەكانم وەرمگرتەوە، ئەمشەویش با تەزیوەكانی كوێستان ئەمنی لەگەڵخۆی هێناو جارێكی دی كورەی خۆشەویستی لە ناوەندی شاردا گەرمی كردمەوە، لەوكاتەی تۆ دووا نامەی من دەخوێنیەوە من بەناو بزنەڕێیەكانی چیادا دەستم لەناو دەستی ئەو خاتوونەیە كە لێیان دزیم، بردیان و ویستیان بۆ هەمیشە لیم بزركەن، من كەئەزموونی رۆژگار بەتایبەت ئەو بەندیخانەیەی لاویەتی لێستاندم فێری كردم دەبێت بە دەستی خۆت مافەكانت وەرگریەوە، بۆیە ئێستا باتەزیوەكانی چیا سڕم ناكەن، لاویەتی خۆم وەرگرتۆتەوەو هیچ ئایدیۆلۆجی و كۆپەڕی سیاسی و خۆشەویستی نەیانتوانی رێگر بن لە تۆڵە كردنەوەم و گەڕاندنەوەی ئەو كەسەی كە یەكەم نیگای خۆشەویستی دامێ، ئێستا خۆم بەتاڵكردۆتەوە لە رق، مافی خۆم بە دەستی خۆم وەرگرتەوە، ئەو رستەیەم لە خۆمدا تواندەوە كە دەیگوت( ماف دەسەندرێ نادرێ)، بۆیە ئەگەر بۆمبكرێ لەگەڵ ئەوانی دی مافی هەموان وەردەگرینەوە، چوونكە حەزم لێیە هەموان وەكو من ئاسوودەبن، ئیدی لە دوانامەو دێڕمدا بۆ تۆی هاوڕێ دەڵێم: (ببورن ئەی چۆلەكەكان ئێستا پێویستیم بە ئێوە نییە، راوچیەكی كارامەم و عاشق بە رەنگی خوێن و روحی ئەوانەم جوانیەكانم لێدەبەن ).