Skip to Content

ئیکۆسیستەم و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند … ئاسۆ حامدی

ئیکۆسیستەم و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند … ئاسۆ حامدی

Closed
by ئایار 13, 2018 General, Opinion, Slider

ئیکۆسیستەم؛

هەروا دێ ڕۆژهەڵاتی ناوەند چڕی بەرهەمهێنانی سامانە سروشتیەکان (نەوت و گاز) لە لایەک و پیس بوونی ژینگە و گۆڕانی ئیکۆسیستەم لەلایەکی تر لەگەشەدان ونەمانی کۆمەڵگای بەرهەمهێن و گەشەی کۆمەڵگای بەرخۆری لە برەو دان لەگەڵ کێشەکان وشەڕوکوشتار و ئاوارەیی بەردەوامن. زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و چڕی دانیشتوان لە شارە گەورەکان و ئاوارەیی ودەربەدەری لە ووڵاتی خۆیدا تێکسوڕانی کۆمەڵانی خەڵک لە نێو شار و دێهاتەکان و سووڕخواردنەوە بۆ شوێنی ئارام و ژیانی وئینسانی بۆتە هەرە ئاواتە بەرزەکەی خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی زۆر لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند بێکاری و نەبوونی لەلایەک و چەند کارەش لە لایەکی تر سروشتی چینایەتی ئینسانەکانی تێکداوە. ئەمە لە سوریا و عیراق و یەمەن و میسر و فەلەستین و لیبیا و تەنانەت لە ئێران و تورکیاش بەڕادەیەک هەستی پیدەکرێت.

ژینگە بەگشتی هەر لە هەرەمی زیندەوەرەکان کە لە ژێرەوەی هەموو ئەو گیاندارە بچوکانە دەگرێتەوە کە بەزمانی هۆلەندی پێ دەڵێن سێکتە (مێروولە و مێش و مەگەز) تا دەگاتە سەری هەرەم مرۆڤە هەروا لە کێشە و گرفت دان و ئەم زیندەوەرانە یان کۆچ دەکەن یان لە ناودەچن خۆ ژینگەی دەورووبەر بە سەوزایی و ئاو و هەوا ئەوا هەمووی پیس و ژەهراوی بوون لە ئەنجامی نەبوونی یاسایەکی دروست و پاراستنی و ئەنجامی ئەم هەموو شەڕ و کوشتار و زۆربوونی بەکارهێنانی پلاستیک و نەبوونی ڕیساکلن و زۆربوونی ئۆتۆمۆبیل و شەقامی ئەسفەلت و زیادبوونی ڕێڕەوەکانی فرۆکە و هەموو هات وچۆیە و بۆمباران و موشەکیش لەولاوە بوەستێ.. هتد. سوتان و کاول بوونی زۆربەی سەوزایەکان و کۆریدۆرە سەوزاییەکانی سروشت لە عیراق و سوریا و تورکیا و پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوی کە ئاوی پانتایی ناسراوە بەهۆی ئەو هەموو پاشەڕۆیەی کە دەخزێتە ناویەوە هەروەها بە هۆی شەڕی نابەرابەر لەم ناوچانە سیمای هەموو ناوچەکانی گۆڕیەوە و هەرچی سروشتیە لە ژێر هەڕەشەدایە.
نەمانی هاوسەنگی لە ئیکۆسیستەم لەم ناوچانە بۆتە هۆکارێ بۆ خراپ بوونی ژیان و گوزەران و دابەزینی مام ناوەندی تەمەنی ئینسانەکان ودابەزینی کوالیتی ماددەکانی خۆراک و کێشە جۆربەجۆرەکانی تەندروستی ئینسانەکان لەم ناوچەیەدا.

هەروا دەنگۆی ئەمە هەیە کە هەندێ لە ووڵاتانی داگیرکەر و سەرمایەدارەکانی ئەم ووڵاتانە بە هۆشیاری هۆرمۆن و ماددەی جیاجیا دەخەنە کەرەستەکانی خۆراکیە سەرەکیەکان و دە‌هێننە بازاڕەکانی ووڵاتە هەژارەکان بۆ گۆڕانی سلوکی مرۆڤەکان و کێشەکان ناوخۆیی کۆمەڵگاکان وەک مەسەلەی سێکسیزم و ماددە هۆشبەرەکان ونەخۆشی بێ چارە وبەردەوام (شەکرە و تەوژمی خوێن) تا نەوەکان پێ سەقەت بکەن.

نە بوونی سیستەمیكی دروست و یاسایەکی دروست بۆ کوالیتی ژیان و شان داخزاندنی دەوڵەت بۆ تەندروستی مرۆڤەکان و گیانداران لە ووڵاتە جیاجیاکاندا وای کردووە کە ئیکۆسیستەم و مرۆڤەکان بەتایبەتی چینی هەژار و زەحمەتکێشان لە زۆرترین ڕەزالەتدا ژیان بەسەر بەرن و هەردەم چاویان لە دەستی دەسەڵاتداران بێ و کڕنووشیان بۆ ببەن و دەستەمۆ ببن و مەسەلەکان بە خودایی ببنن وخۆیان تەسلیم بە دەستی قەدەر بکەن و ڕازی بن بەو بەشەی کە هەیانە. ئەمەش ئاستی بەرەنگاری و بەرگری لە خۆ کەم دەکاتەوەو خەڵکی بێ ئیرادەدەکات. سیستەمی پەروەردەو فێرکردنیش لەم ووڵاتانە هێندەی تر بەزەقی هەستی پێدەکرێت کە چ جیاوازیەکی چینایەتی هەیە لە سیستەمی قوتابخانەی حکومی و بە پارە و ئینتەرناسیوناڵی چەندە جیاوازیان هەیە و سروشت و ژینگەی مرۆڤەکان چەند جیاوازی هەیە و نەوەی هەژاران و کرێکاران جگە لە سەربازی و پۆلیس وخزمەتکار و پاراستنی نەوەی دەوڵەمەندەکان ئیش وکارێکی تریان بۆ نامێنێتەوە. لەلایەکی تریش شەڕ بوەتە هۆی داخزانی چینایەتی بەنموونە هەژارەکانی ئەوانەی لە دژی سیستەمەکان ڕادەپەڕن دوای ئازادی هەرخۆیان دەبنەوە بە دەوڵەمەند و سەرکوتی خەڵک دەکەن کە ئەمەش لە ئەنجامی گەندەڵی سیستەمەکانە هیچ پێویست بە نموونە ناکات تەنها چاوێکی خێرا بە کوردستانی خۆمان دەبخشێنین دەبێنین کە ئەم پرۆسیسە چۆن بووە.

بەرەی جەنگ بۆ هەژاران و بەرەی پارە و سامان و خۆشگوەزەرانی بۆ باڵادەست و دەوڵەمەندەکان، لە سەرکەوتنەکان هەزاران ڕابەر و پاڵەوانی هەیە و لە شکستەکانیش کەس خاوەنی نیە و خەڵکە هەژارەکە دیفاعی نەکردووە و کشاوەتەو ترسنۆک وخائینە. بگرە هەندێ جار سزای مەرگ وەردەگرن.

کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند؛

جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەند ناوچەیەکی فرە کەلتووریە و چەندین نەتەوەو ئایین و مەزهەبی جیاجیای تیادا دەژی، ناوچەیەکی بەپیتی سامانە سروشتیەکانە و لە جیوپۆلتیک دا چەقی دونیا دەگەیەنێ. هەموو کات زلهێزەکانی دونیا چاویان لەم ناوچەیە بڕیووەوهەم لەلایەک کەرەستەی خاوی هەرزانیانە هەم مەیدانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانیانیشە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی زلهێزەکانی دونیا.

مەسەلەی کێشمە کێشی ناوخۆیی ناوچەکە بریتین لە کێشەی مێژووی کە خۆی لە مەسەلە ناسیونال و ناسیونال مەزهەبی دەدۆزێتەوە هەروا لە برەو دان، مەسەلەی شیعە و سوونە مەسەلەی هەژموونی ئێرانی و تورکی وسعودی، مەسەلەی عەرەب و ئیسرائیل، مەسەلە ئابووریەکان کە کەرەستەخاوەکانی ئینەرژیە و جیوپۆلتیک کە خۆی لە کیشەی ڕۆژئاواو ئەمریکا لە لایەک لەلایەکی تر ڕووسیە و ووڵاتانی سەر بەبلۆکی ڕووسی وەک و چین و هەندێ ووڵاتی ئەمریکای لاتینی، ئەوە کێشەی چینایەتی پەردەپۆش کردووە وکێشەی کارو سەرمایەی لە بیر خەڵک بردۆتەوەو دوای خستوون بۆ دەورانی مێژوویەکی نادیار کە ناوەرۆکی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگاکانە. وا خەریکە پێشبڕکێ ی ئەتۆمی لە ئێران و تورکیا و ئیسرائیل و سعودیە پەیدا ببێ، لەم دوییانە کشانەوەی ئەمریکا لە پەیمانی ئەتۆمی ئێرانی لەگەڵ ئەوروپا کە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی شەش لایەنە دەناسرێتەوەو، پەیوەندی ڕوسیە و تورکیا و ئێران لە سوریا و ڕۆڵی ڕووسیە لە ناوچەکەو فرۆشتنی سیستەمی بەرگری ئیس 400 بە تورکیا و دانانی بنکەیەکی ئەتۆمی لە مێرسین بۆ تورکیا و دەنگۆی دانانی سیستەمی بەرگری ئیس 300 لە سوریا و هەردەم هەموو ئەمانە کێشەکانیان زیاترکردووە و خەڵکی ناوچەکەی دەستەوەستان کردووە و بێ کاریگەرکردووە، تەنها بوون بە کۆیلە و گوێڕایەلی هیزەن وسوتان لە نێو مەنجەنیقی ڕۆکێتەکان و هیچی تر.

ئەمریکا و ڕۆژئاوا تەنها تەماشای قازانجی بەرزی نەتەوەیی و ستراتیژی خۆیان دەکەن، ڕووسیە و لایەنگرانی بە هەمان شێوە، ئیرانیەکان شەڕی خۆیان خستۆتە دەرەوەی سنوور و فەیلەقی قودس و قاسم سلێمانیان کردۆتە ڕابەری هەموو ئەم هەموو هێزانە کە لە شەڕدان و ئەوانیش بە ئاشکرا وا دەڵێن، تورکیا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و لە دەست نەدانی ناوچەکانی کوردنیشین و باکووری کوردستان ئەوا هەمووشتێ دەکەن بۆ سەرکوتی گەلی کورد و ستراتیژیەتی دژایەتی کورد پەیرەودەکەن و بە ئاشکرا دەڵێن ئەگەر لە ئەفریقاش دەوڵەتی کورد دروست بێ ئەوا هەر دژی دەوەستنەوە.

زۆرجار باسمان لە ستراتیژیەتی نەتەوەیەکی وەک کورد کردووە لەم ناوچەیە و ئێستا هیچ ستراتیژیەکی هەماهەنگ و نەتەوەیی و رابەر و هێزێکی نەتەوەیی لە ئارادانیە ئەوەی هەیە تەنها چەند حزب ولایەنێکن و دابەش بوون بەسەر ستراتیژ وئەجندا دەرەکیەکان.
لەم کێشمەکێشانەی دوایی دا لە سوریا و موشەک بارانی ئیسرائیلەیەکان تا دەگاتە بێ دەنگی ڕۆژئاوا و ڕوسیە لە ئۆپراسیۆنی عەفرین و دانانی گلۆپی سوور بۆ تورکیا لە ناوچەی شەهبا و تەل رەفعەتدا هەمووی هێزە دەرەکیەکان دەیبزوێنن و تەنانەت ئۆپراسیۆنی جەزیرە لە دژی داعش لە دێرەزوور و لەم لاش لە دیالە و ناوچەی گوڵالە هەمان هێز بزوێنەریەتی و کورد لا حولە ولا قویە و هیچی تر.

دیموکراسی بە تامی ناوچەکە؛

دیموکراسی و هەڵبژاردن هەر چەند ساڵێ لە عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران دەکرێت و بەناو پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی هەڵبژاردنن، هەر لە سەدام حوسێن تا سیسی لە میسر هەمووی سەدا 99 ی دەنگەکان دەهێنن و ئەردۆگان هەرهیچ و پانئیسلامی ئێرانی هەرجار ناجارێ ئیمامی دیاری دەکەن و هەموویان یەک قەوان دەڵێنەوە لە خاتەمی تا دەگاتە ڕوحانی، تاکە جیاوازی ووڵاتی ئیسرائیلە لە ناوچەکە کە دەوڵەتێکی یاسایی و دامەزراوەی و ڕێکخراوە ئەمەش بە حوکمی سروشتی نەتەوەیی و مێژووی خۆیانەوەیە و لە ناوچەکە تاکە دەوڵەتە توانای پەلکێشکردنی گەندەلانی هەیە بۆ دادگا و تەنانەت لە هەندێ حالەتدا سەرباز و سەرۆک وەزیرانیش دەگرێتەوە. بەنموونە لە ناوچەیەکی وەک کوردستان دا دوو هۆکاری دیموکراسی هەیە پارە و کوتەک وەک لە دیموکراسی مۆدێلی پوتین دا پەنجەی ڕۆژنامەنووس دەبڕێت و ئۆپۆزیسیۆن و ڕابەرەکانیان لە زیندانەکای سیبریا دەپەسترێن ئەمە بۆتە کۆپی بۆ مۆدێلی دیموکراسی ئەردۆگان چۆن ڕۆژنامەنووسان و سیاسیەکان و هەلبژێردراوی خودی خەڵک و سەرۆک شارەوانیەکان و ڕابەری هەدەپە بە زۆری زۆردار لە زیندان دەپەسترێن. درۆی گەورەی ئازادی و پەرلەمانتاریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند باشترین نموونەی ئازادی و یەکسانی سیستەمی سەرمایەداریە و کۆت وبەندی و چەوسانەوەی چینایەتیە و چەوسانەوەی ئینسانە بە دەست ئینسانە بە ناڕێکی وبە شێوەی جیاجیا، لە مۆدێلی ئەمریکای و ئەوروپایی چەوسانەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە بە یاسایی کراوە و سەرمایە دەست واڵایە و کارگە و کارخانە و دەوڵەت و میدیای مۆنۆپۆل کردووە. لە گشت کۆمەڵگاکاندا لەم نێوەدا هێزە ئاینیەکان درۆزنترین هێزن بە ناوی خواوە وپەرتوکە ئاسمانیەکان سات و سەودا بە تێکستە ئاینیەکان دەکەن لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاریان دێنن. تەنانەت لە کاتی سوێند خواردنەکاندا لە پەرلەمانی ئەم ووڵاتانە هەموویان بە ئاشکرا درۆ دەکەن و خیانەت دەکەن لە خودی باوەڕەکانیان.

درۆ دەلەسەی پاڵێوراوەکان بووەتە مەسەلەیەکی ڕوون و هەموو خەڵک دەزانن کە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان حزبەکانیانە و هیچی تر. خەڵک لە برسان و بێ مووچەی و نەبوونی و سووتان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی دەتلێتەوەو ئەوانیش ئەم سەرمایە نیشتمانیە بۆ برەودان بە دزی سەرکوتی سەرف دەکەن.
مۆدەی دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەند کە کۆپیەکی خراپی دیموکراسی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی بەتامی ئەم کەڵتوورە جیاجیایانەی سەرکردەکان و حزبە سیاسیەکان خەڵکی زیاتر سەرگەردان کردووە. بەنموونە دیموکراسی لە هەولێر وسلێمانی مانای پارە و شەق تێهەلدان و کوشتنە لە هەندێ حاڵەتدا، لە ئەستەمبۆل و قاهیرە مانای باشتری نیە و لە تاران و عەمانیش تا دەگاتە بەغدا دەنگەکان دەکڕین ودەفرۆشرێن بە کورتی دیموکراسی پارە شەق و فرۆشتن هەیە و هیچی تر.

سامانی نەتەوەیی و سامانی کۆمەڵایەتی لە دەستی کۆمەڵەکەسێ دایە و ئیکۆسیستەم هەروا هەراسان دەبێ هەمووی فرۆشراوە و کڕیاوە و بەنداوەکان و ئاوی ناوچەکە بە باران و بەفریەوە دەگیرێنەوە و بەردرێن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کوالیتی هەوا هەر مەسەلەیەک نیە و خەڵک تووشی چ سەرگەردانیەک دەکات هەر مەسەلە نین.
ئەگەر کات بڕوا ڕەزالەتیەکان زیاتر دەبن و شەڕێکی قورستر لە ئارادا دەبێت ئەگەر ئێران و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا و ڕووسیە وتورکیا بە ڕاستەوخۆ بەریەک بکەون و ئەوکات هەموو کۆمەڵگا دەچیتەوە دواوە خەڵکی زیاتر سەرگەردان دەبن، ئەم ئەگەرە هێشتا دوورە لە ناوچەکە ڕووبدەن بەڵام هیچ شتێ لەم نێوەدا ناماقووڵ نیە. لەم نێوەدا میللەتی کورد قوربانیە و هەر بە قوربانیش دەمێنێتەوە تا سەرکردەسیاسیەکان وا کار بکەن. جارێ کێشەی دورگەی کۆریا لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا یەکلا نەبۆتەوە و گەرمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند لەگەڵ باران خەڵک تووشی سەرگەردانی دەکات خۆ شەڕ و قوربانیەکانی بەردەوامن بە هەموو جۆرەکانیانەوە، ئەم ئاڵوگۆڕە لە ئاو و هەواش لە ئەنجامی ئەم هەموو کارگە و کارخانە و جۆرەکانی ئینەرژیە کە سیستەمی کاپیتاڵ خاوەنیەتی و برەوی پێدەدات لە هەموو دونیادا هیچ گرنگی بە ژینگە و سروشت نادات خۆ مۆرکردن و نەکردنی کۆنگرەی ژینگەی پاریس باشترین نموونەی هەژموونی ئەم سیستەمەیە لە سەر ئیکۆسیستەم و ڕەزالەتیەکان. کات بڕوا زیاتر هەست بە کاریگەر و بەرەنجامەکان لە گشتدا دەکەین، وێنەی ماسیەکە کە پلاستیک گیانی دوولەت کردبوو باشترین نموونەی ئیکۆسیستەمە و لە سوسیال میدیادا بە هەموو دونیا بڵاوبووەوە یان ناوچەی کەناری دوورگەی بالی کە خۆشترین ناوچەی گەشتیاریە ئێستا بووە بە زبلدانی دەبەی پلاستیکی یان ووشک بوونی کۆرال لە قوڵایی دەریا لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا و خۆ نەیجەردەڵتا باشترین نموونەیە بۆ کاریگەری کۆمپانیا شێل لەسەر سروشت و ئیکۆسیستەم دا.

بەداخەوە لە کۆمەڵگای کوردستان هێشتا پاراستن و گەشەدان بە ژینگە نەبۆوەتە مەیدانێ بۆ خەباتی چینایەتی. گەرچی لە دونیادا و سوسیالیستەکان و مرۆڤەکانی دیفاع لە ژینگە هەردەم لەم نێوەدا لە خەباتدان. بەڵام هێشتا لە ڕۆهەڵاتی ناوەند نەبۆتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی قووڵ لەداهاتوودا خەڵکی دەبێ لەم نێوەدا بەرگریەکی سەخت بکات کە کەمتر نیە لە ڕەزالەتیەکانی کێشەی سوونە و شیعە. بەنمونە میللەتی کورد دەتوانێ لەم نێوەدا لە جیهاندا لایەنگریەکی زۆر بۆ ئازادی پەیدا بکات. بەڵام سەکردە سیاسیەکانی کورد باڵی ڕاستی یان هەڵبژاردووە و ڕێگەی تری هەڵبژاردووە و بووەتە داردەستی کاپتالیزم، پەیەدە لەم نێوەدا لە هەردوو لادایە و بۆیەش کێشەی زۆری دەبێ و جارناجارە گورزێ دەخۆن.
ئەوانی تر بەنموونە پارتی و یەکێتی ئەوا بەشێکن لە ئەجندای دەرەکی و هیچ کاریگەی یان لە سیاسەتە ئەقلیمیەکان نیە وتەنها لە پەراوێزدا هەناسە دەدەن. ڕیفراندۆم و ناوچە جێ ناکۆکەکان و تەسلیم کردنەوەیان باشترین نموونەن.

ئاسۆ حامدی

Previous
Next
Kurdish