
ئه‌ده‌بی كلاسیك/ ئه‌ده‌بی نه‌فره‌تلێكراو … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
1/1
(رێباز، المنهج، میتۆد) كۆمه‌ڵێك پرنسیب و بیروڕای هارمۆنی پێكه‌وه هه‌ڵكردووی بیریارێك، یان فه‌یله‌سوفێك، یان قوتابخانه‌یه‌كه له بواره جیاوازه‌كاندا، بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامی خوازراو.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێبازی ئه‌ده‌بی له ئه‌وانیدیكه جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ناشێ داهێنه‌رانی ئه‌ده‌بی له چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا قه‌تیس بكه‌ین، چونكه ئه‌ده‌ب (وه‌ك داهێنان) هه‌میشه خۆی به سه‌ر رێبازه ئه‌ده‌بییه باوه‌كاندا ده‌سه‌پێنێت و پانتاییه‌كانیان به‌رفره‌وان ده‌كات و ده‌رگاكانیان به‌ره‌و زینده‌گی ده‌كاته‌وه، به‌و مانایه‌ش رێبازی ئه‌ده‌بی ئه‌و كاته ده‌بێته جێگای گفتوگۆ و دانووستاندنی فره ره‌هه‌ند و به سوود، كه بشێ له به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته هونه‌رییه‌كاندا خۆی بنوێنێ، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌مه‌وێ بڵێم هه‌موو رێبازێكی داهێنه‌رانه توانای ئیزافه‌كردن و نوێكردنه‌وه‌ی هه‌یه، هه‌ر ته‌نها له سنوری دووباره‌كردنه‌وه و لاسایكردنه‌وه‌دا گیر ناخوات.
رێبازی كلاسیك classicismeوه‌ك یه‌كه‌مین رێبازی ئه‌ده‌بی، به شێوه‌یه‌كی گشتی پشت به كه‌له‌پوری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری (رۆمانی و گریكی) كۆن ده‌به‌ستێت، ئه‌و رێبازه بۆ سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه و دوای بزوتنه‌وه‌ی زانستی و رێنیسانسی ئه‌ده‌بی ساڵانی (1515ز-1610ز) له ئه‌وروپا بره‌وی سه‌ندووه.* هه‌ندێ له ره‌خنه‌گران بنچینه هونه‌رییه‌كانی ئه‌و ئه‌ده‌به له دراما و تراجیدیادا ده‌بیننه‌وه، بۆیه یاسا و رێسا و خه‌سڵه‌ته‌كانی به (ئه‌رستۆ 384-322) یۆنانی و قه‌سیده‌كه‌ی شاعیری رۆمانی (هۆراس) ده‌به‌ستنه‌وه. بێگومان كلاسیك به زۆر مانا به كار هاتووه، وه‌كو ئه‌ده‌بی كۆن، ئه‌ده‌بی خوێنده‌واری به‌رز، ئه‌ده‌بێك داهێنانی تێدا بێت، ئه‌ده‌بێك بێته هۆی لاسایی كردنه‌وه، ئه‌ده‌بێك بێته قوتابخانه.. به‌و مانایه‌ش زاراوه‌ی كلاسیك زاراوه‌یه‌كی كراوه‌یه، نووسه‌ری لاتینی (ئۆلۆس گیلیۆس)* یه‌كه‌م كه‌س بوو، كه له سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به دژی ئه‌ده‌بی (شه‌عبی/ ئه‌ده‌بی زاره‌كی) به كار هێناوه.*
ره‌نگه بتوانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌ده‌بێكی به (ساڵاچوو) كه‌چی ناشێ له كات و شوێنی دیاریكراو و كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی دیاریكراو به‌ندی بكه‌ین، چونكه به‌شێكی زۆری ئه‌ده‌بی كلاسیك هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مه ئیبداعی و جوانانه ده‌گرێته‌وه، كه وێڕای ئه‌وه‌ی ساڵانێكی درێژیان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیووه، كه‌چی ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت خوێنه‌رانێكی زۆریان له ده‌وری خۆیان كۆ كردۆته‌وه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك دژ به ئه‌ده‌بی شه‌عبی هاتۆته ناوه‌وه، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژ به سیستم و ئاكار و نۆرم و پێوانه باوه‌كان كاری كردووه، بۆیه جوانی ئه‌و ئه‌ده‌به به چینی باڵا و ئه‌رستۆكراته‌وه لكێنراوه!
ئه‌رستۆ عه‌قڵ وه‌ك بنه‌ما و پێوانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی جوانیی ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌وه عه‌قڵ و رۆشنبیرییه، په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌دیب و شاعیر دیاری ده‌كات و خۆشی و سوود یه‌ك ده‌خات، هه‌ر به‌و مانایه‌ش ئه‌رستۆ پێیوایه ئه‌ده‌ب بۆ هه‌مووان نییه، به‌ڵكو بۆ ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراوی رۆشنبیره، ته‌نها ئه‌و ده‌سته‌یه‌یه له هونه‌ر و جوانی شیعر ده‌گه‌ن، له‌و خاڵه‌وه ره‌خنه‌گران ئه‌ده‌بی كلاسیك به دژی ئه‌ده‌بی شه‌عبی ناو ده‌به‌ن. بایه‌خی ئه‌و خاڵه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به گرنگیدانی ئه‌رستۆ به فۆرم و شێواز له لایه‌ك و روونی و جوانی و گوزارشتكردن له‌لایه‌كی دیكه‌وه… جگه له‌وه‌ش هه‌میشه ئه‌رستۆ جه‌ختی له سوودی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر كردۆته‌وه، سوودی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش لای ئه‌رستۆ ئه‌وه‌یه، كه چێژ و خۆشیمان پێببه‌خشێت! به بڕوای ئه‌رستۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ش له رێگای فێربوون و پیشه‌كارییه‌وه دێته دی، فێربوون و پیشه‌كاریش پشت به ئیلهام و به‌هره ده‌به‌ستێت.
به كورتی ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك، له دید و تێڕوانینی ئه‌ده‌بی گریكییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، به دژی ئه‌ده‌بی شه‌عبی و كۆی وێناكردن و دابونه‌ریت و ئاكاره باوه‌كان ده‌وه‌ستێ و به ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه ده‌لكێت.. وه‌ك ده‌زانین ئه‌ده‌بی یۆنانی به هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه هه‌ر له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ئه‌فسانه‌وه تا ده‌گاته شیعر و شانۆوه به (په‌یگانیزم) بتپه‌رستییه‌وه به‌نده، كه‌واته ئه‌ده‌بی كلاسیك سه‌ر به په‌یگانیزمی یونانییه، دواتر رۆمانییه‌كان دێن و هه‌موو ئه‌و به‌ها ئه‌ده‌بییانه له یۆنانییه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرن. ده‌مه‌وێ له كۆی ئه‌و قسانه‌وه بڵێم ئه‌رستۆ وه‌ك چۆن به دامه‌زرێنه‌ری بنه‌ماكانی تیۆری ژانره ئه‌ده‌بیه‌كان ناسراوه، به هه‌مان شێوه به دامه‌زرێنه‌ری ئه‌ده‌بی كلاسیكیش ده‌ژمێردرێت، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ئه‌ده‌بی چین و ده‌سته‌یه‌ك داده‌نرێت، كه دژی كۆ و دابونه‌ریت و نۆرمه باوه‌كان وه‌ستاوه، بۆیه ده‌شێ وه‌ك ئه‌ده‌بێكی نه‌فره‌تلێكراو ته‌ماشای بكه‌ین.
1/2
(پاشایه‌تی) كه به ده‌وڵه‌تی حوكمی ره‌ها ناوبانگی ده‌ركردبوو، جگه له‌وه‌ی بۆ مانه‌وه‌ی گیانی خۆی پارێزگاری له كۆنه‌خوازی ده‌كرد، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له سامانی دنیایی بێ به‌ش نه‌كات! به‌و مانایه ده‌شێ بڵێین هه‌ر له سه‌ده‌ی سێزده‌وه حكومی پاشایه‌تی خۆی له دوو عه‌قڵی جیاوازه‌وه ده‌بینێته‌وه، یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، كه خۆی به ئایینه‌وه هه‌ڵده‌واسی، ئه‌ویدیكه‌یان بورژوازیی، كه به دنیاوه لكاوه. له پشت عه‌قڵی ده‌ره‌به‌گایه‌تی په‌یوه‌ست به ئایینه‌وه، ئه‌ده‌بی شه‌عبی وه‌ستا بوو، به‌ڵام له دووتوێی عه‌قڵی بورژوازی دنیایی، ئه‌ده‌بی كلاسیكی نه‌فره‌تلێكراو.
كه‌واته ئه‌ده‌بی نه‌فره‌تلێكراو له‌لایه‌ن ئایینه‌وه ئه‌ده‌بێكه، كه بانگه‌شه‌ی عه‌قڵ و ئازادی و تاكگه‌رایی ده‌كات و هه‌ژموونی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی نۆرمه ئایینیه‌كان به سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ره‌تده‌كاته‌وه، هه‌ر به‌و مانایه‌ش پشت به‌ستنی ئه‌ده‌بی كلاسیك به نموونه باڵاكانی ئه‌ده‌بی یۆنانی و رۆمانی (داستانی ئه‌لیاده و ئۆدیسه، هۆمیرۆس و شانۆگه‌رییه‌كانی سۆفۆكلیس و یۆربیدیس..) و لاسایی كردنه‌وه و دراسه‌كردنی بنه‌ما هونه‌رییه‌كانیان و دواتر خۆ داده‌مه‌زراند له سه‌ر بنه‌ما تیۆرییه‌كانی گه‌وره فه‌یله‌سوفانی یۆنان و رۆمان (ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆ و هۆراس) و به تایبه‌تی كتێبی (هونه‌ری گوتار) و (هونه‌ری شیعر)ی ئه‌رستۆ، هه‌ر ته‌نها له هه‌نگاونان له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری شه‌عبییه‌وه بۆ كلاسیك، كورت ناكرێته‌وه! به‌ڵكو له پشت ئه‌و گه‌شه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره، له بیركردنه‌وه و تێڕوانینی كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی له ئارادا بوو، ئه‌ویش ته‌جاوزكردنی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و هه‌نگاونان بوو به‌ره‌و بورژوازیی و سه‌رمایه‌داری و سه‌رمایه‌داری بازرگانی…
وه‌ك گوتمان له سه‌ده‌ی دووه‌می زایینییه‌وه (ئۆلۆس گیلیۆس)* زاراوه‌ی كلاسیكی به دژی ئه‌ده‌بی (زاره‌كی) به كار هێنا، به‌ڵام هه‌میشه مه‌سیحییه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا، ئه‌ده‌بی كلاسیك ئه‌و به‌ها بتپه‌رستییه له‌خۆی دابماڵێت و مۆركی (ئینجیل) و بنه‌ماكانی ئایینی كریستیانی له‌خۆ بگرێت، به‌ڵام نه‌یانتوانی له‌و باره‌وه سه‌ركه‌وتنی ته‌واو به ده‌ست بهێنین، چونكه ئه‌ده‌بی كلاسیك خۆی له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌ده‌بی گریكی و رۆمانی كۆندا هه‌ڵده‌گرته‌وه، بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ش وزه‌كانی خۆی له تێڕوانینی بتپه‌رستییه‌وه وه‌رگرتبوو! هه‌ر له‌وێشه‌وه ئه‌دیب و ره‌خنه‌گرانی ئیتاڵیا له سه‌ده‌ی سێزده‌ی زایینییه‌وه دوای په‌یبردن به‌و تێڕوانینه و كاره‌كانی ئه‌رستۆ، بره‌وێكی زۆریان به ئه‌ده‌بی كۆنی یۆنانی دا.
به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش نووسه‌ری ئیتاڵی (جیۆڤانی پۆكاچیۆ 1313-1375ز) كه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی له (دیكامیرۆن)دا خۆی ده‌بینێته‌وه: دیكامیرۆن پێكهاتووه له سه‌د كورته چیڕۆكی كورت و له ماوه‌ی (10) رۆژدا و (10) كه‌س (حه‌فت كچ و سێ كوڕی گه‌نج) كه له ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆلێرا، له باڵه‌خانه‌یه‌كدا خۆیان حه‌شار دابوو، ئه‌و چیڕۆكانه ده‌گێڕنه‌وه، جیاوازی ئه‌و كۆمه‌ڵه چیڕۆكه له‌وێدایه، كه پاڵه‌وانه‌كانیان هه‌ر ته‌نها له چینی باڵا و ئه‌ریستۆكرات نین، به‌ڵكو خزمه‌تكاره‌كانیش رۆڵی پاڵه‌وانی تێدا ده‌گێڕن. وه‌ك چۆن سروشتی چیڕۆكه‌كان شێوه‌ی گاڵته‌جاڕی له‌خۆ ده‌گرن، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش پۆكاچیۆ كاره ناشیرینه‌كانی پیاوانی ئایینی ریسوا ده‌كات. لێره‌دا پۆكاشیۆ وه‌كو (دانتی 1265-1321) بۆ پاڵه‌وانه‌كان په‌نای نه‌بردۆته به‌ر (رابردوو)، به‌ڵكو پاڵه‌وانه‌كانی له نموونه‌ی واقیعی (سه‌رده‌م)ه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵێنجاوه.. (ئه‌و كۆمه‌ڵه چیرۆكه له لایه‌ن “صالح علمانی” ته‌رجه‌مه‌ی زمانی عه‌ره‌بی كراوه، ساڵی 2006 له ده‌زگای “مه‌دا” چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه) دواتر پۆكاشیۆ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی بۆ راڤه‌كردنی كۆمیدیای دانتی ته‌رخان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگایه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م بیگونجێنێت.
ئه‌گه‌رچی نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی، رێبازی كلاسیك به كۆنترین رێبازی ئه‌ده‌بی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بێگومان ئه‌ده‌ب و هونه‌ر هه‌میشه له پێش ئه‌و ناونان و رێبازانه‌وه بوونی خۆی هه‌یه، هه‌میشه ناونان پشت به بنه‌ما و سیما دیاره‌كانی ئه‌و بوونه ده‌به‌ستێت، كه له پیش ناونانه‌وه كۆمه‌ڵێك پانتایی جیاواز بۆ خۆی فه‌راهه‌م ده‌كات.
1/3
وه‌ك چۆن له نێوان رێبازی ئه‌ده‌بی و رێبازی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی جیاوازی هه‌یه، به هه‌مان شێوه‌ش (شه‌پۆل- تیار) و (رێباز- منهج)یش جیاوازییان له نێواندا هه‌یه، ئه‌گه‌ر بۆ قسه‌كردن له رێبازی ئه‌ده‌بی قسه له رێبازی كلاسیكی و رۆمانسی و واقیعی و ره‌مزی و به‌رناسی و وجودی و عه‌به‌سی… بكه‌ین، ئه‌وه رێبازه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی خۆیان له رێبازی مێژوویی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، ئیستێتیكی… هه‌ڵده‌گرنه‌وه. به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌توانین دوو شێوه له رێباز دیاری بكه‌ین، رێبازی (ناوه‌كی) كه خۆی له وه‌سفكردن و شیكردنه‌وه‌ی خودی ده‌قدا ده‌دۆزێته‌وه، رێبازی (ده‌ره‌كی) كه به مێژووی به‌راوردكردنی ده‌قه‌كانه‌وه به‌نده. كه‌چی (شه‌پۆلی ئه‌ده‌بی) خۆی له‌و ئاڕاسته‌یه، یان دیده، یان فیكره تیۆرییه رووته‌دا ده‌بینێته‌وه، كه ره‌نگه له میانی كۆمه‌ڵێك نه‌خشه و هێلكاریدا به‌جێ بهێنرێت، دواجار ده‌شێ هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌ره‌و (رێباز)مان به‌رن.
وه‌ك ده‌زانین سه‌ره‌تاكانی ئه‌ده‌بی كلاسیك له ئیتاڵیا چه‌كه‌ره‌ی كردووه، سه‌ده‌ی دوانزه و سێزده (دانتی) یه‌كێك بووه، له رابه‌رانی رێنیسانس و به ناوبانگترین شاعیری ئیتاڵیا، كه داوای كرد، له بری زمانی (لاتینی) زمانی (نه‌ته‌وه)یی بۆ نووسین به كار بهێنرێت.* وه‌ك چۆن شاعیر و نووسه‌ری ئیتاڵی (پیتراك 1304-1374) به یه‌كه‌م كه‌س ده‌ژمێردرێت، كه هه‌وڵی داوه (زانستی مرۆڤایه‌تی) رووبه‌ڕووی (لاهوت theology) بكاته‌وه و یه‌كێكیش بوو، له‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ دانتی به هۆی هه‌ڵوێستی سیاسی‌یان له شاره‌كه‌ی خۆیان وه‌ده‌رنراون. یه‌كێكی دیكه له‌و شاعیرانه‌ی كه ده‌ورێكی باڵای له بڵاو كردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا بینی (پۆكاشیۆ) بوو..
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئه‌ده‌بی كلاسیك له فڕه‌نسا پێگه‌یشت. شاعیری كۆشكی مه‌لیك (هینری چواره‌م)ی فڕه‌نسا (فرانسوا دو مالێرب 1555-1628ز) به رابه‌ری ئه‌و رێبازه له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، وه‌ك چۆن هه‌ر یه‌ك له (كۆرنی 1601-1648) شاعیر و درامانووس و (راسین 1639-1699) شاعیر و شانۆنامه نووس، دوو (قۆناغی جیاواز)ی ئه‌ده‌بی كلاسیك، له فڕه‌نسا پێكده‌هێنن… لێره‌دا ده‌مه‌وێ له نێوان شوێنی سه‌رهه‌ڵدان و شوێنی گه‌شه‌كردنی ئه‌ده‌بی كلاسیك بڵێم ئه‌گه‌ر ئیتاڵیا وه‌ك شوێنی سه‌رهه‌ڵدان، راسته‌وخۆ له سه‌ر لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گریكی وه‌ستا بێت، ئه‌وه ده‌شێ وێڕای ئه‌و پرنسیبه بڕوامان به جۆرێك له جیاوازی و هه‌ڵبژاردن هه‌بێت، ئه‌ویش تێكه‌ڵكردنی پرنسیبی عه‌قڵه به پرنسیبی لاساییكردنه‌وه. به‌و مانایه‌ش ئه‌گه‌ر چه‌مكی لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆیی بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌كانی رێبازی كلاسیك به‌رهه‌م بهێنێت و به شێوه‌یه‌كی گشتی خه‌سڵه‌ته هونه‌رییه‌كانی په‌یوه‌ندی به (روونی ده‌ربڕین) و (تۆكمه‌یی پێكهاته‌ی رسته) و (ره‌وانبێژی شێواز)ه‌وه هه‌بێت، ئه‌وه له كۆی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه، ده‌توانین بایه‌خی (بابه‌ت) و پشتگوێخستنی (خود) هه‌ڵبگرینه‌وه؟! به‌ڵام فڕه‌نسییه‌كان له رێگای تێكه‌ڵكردنی پرنسیبه‌كانی عه‌قڵ، هه‌وڵیان داوه سنوره‌كانی هه‌ست و سۆز و خه‌یاڵ ده‌ستنیشان بكه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه (راسین) ده‌ڵێت: با به (دڵ بیر بكه‌ینه‌وه) و (به عه‌قڵ هه‌ست بكه‌ین) و (به خه‌یاڵ ده‌رك بكه‌ین).
به كورتی ئه‌گه‌ر ئیتاڵیه‌كان له سه‌ر رێبازی یۆنانییه‌كان جه‌ختیان له رێبازی كلاسیك كردبێته‌وه، ئه‌وه فڕه‌نسییه‌كان به لای ئه‌ده‌بی (لاتینی)دا شكاونه‌ته‌وه، هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌شێ په‌نجه بۆ خه‌سڵه‌ته هونه‌رییه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك لای فڕه‌نسییه‌كان درێژ بكه‌ین، كه خۆی له زاڵبوونی (فۆرم) به‌سه‌ر (ناوه‌ڕۆك)دا ده‌بینێته‌وه، هه‌موو ئه‌وه‌ش جیاوازی نێوان تیۆری لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆ و پرنسیبه‌كانی عه‌قڵمان نیشان ده‌دا!! لێره‌وه‌یه (راسین) هه‌وڵده‌دا شانۆی لاتینی بنووسێته‌وه، نه‌ك (سۆفۆكلیس)ی گریكی.. به‌ڵام ده‌بێ له بیرمان نه‌چێت، ئه‌و كاته رێبازی كلاسیك له ئه‌وروپا گه‌شه‌ی كرد، كه له هه‌وڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی به‌ها مرۆییه‌كاندا بوو، به‌و مانایه‌ش به‌شێكی زۆری ناونانی ئه‌و ئه‌ده‌به راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به به‌ها مرۆییه‌كان و نه‌مرییه‌وه هه‌یه، دواجار هه‌ر له‌وێوه ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك نه شوێن ده‌ناسێ و نه كات و چینێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تی، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش رێبازی كلاسیك سه‌ر به گۆڕانكارییه گه‌وره‌كانی شارستانی و دنیای بیركردنه‌وه و بواره‌كانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه.
1/4
رێبازی كلاسیك هه‌ر له سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی له‌لایه‌ك وه‌ك رێبازی قوتابخانه‌یی، یان بنه‌ڕه‌تی و باڵایی.. و له لایه‌كی دیكه وه‌ك ئه‌ده‌بێكی ئاڕاسته‌كراوی ده‌سته و تاقمێكی ئه‌رستۆكراتی و پایه به‌رز.. خۆی له ره‌وانبێژی زمان و هێزی ته‌عبیركردن و روون و ئاشكرایی ده‌دۆزێته‌وه، به‌ڵام له سه‌رده‌می رێنیسانسی ئه‌وروپی ئه‌ده‌بی كلاسیك به هه‌موو ئه‌و ئه‌ده‌به ده‌گوترا، كه خۆی له به‌ها مرۆییه‌كان (خێر) و (راستی) و (جوانی)دا ده‌بینییه‌وه! هه‌میشه به‌ها به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تیش ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی شوێن و كات و چینێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. به‌ها مرۆییه‌كان له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می رێنیسانس ده‌ژمێردرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ده‌بی كلاسیك له سه‌رده‌می رێنیسانسدا به هه‌مان شێوه‌ی سه‌رده‌می پێشوو، پارێزگاری له شێواز و ره‌وانبێژی و هێزی ته‌عبیركردن و به‌رجه‌سته‌كردنی سۆز و په‌یوه‌ستبوون به پرنسیبه‌كانی ئه‌خلاق و رێزگرتن له نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تییه باوه‌كان و به‌كارهێنانی بۆ ئامانجی فێربوون.. ده‌كرد. ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك له سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی و سه‌رده‌می رێنیسانس، جیا ده‌كاته‌وه، جگه له به‌ها مرۆییه‌كان، خۆی له كه‌شفكردن و شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی مرۆڤ و جه‌ختكردنی شێواز و بابه‌تگه‌راییدا ده‌بینێته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پشت به (رۆشنبیریی) و (پیشه‌یی بوون) ده‌به‌ستێت، ئامانجه‌كه‌شی له چێژی هونه‌رییدا ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ڵبه‌ته له دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌دا، پرسیاری من ئه‌وه نییه (ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی) ده‌كه‌وێته كوێی ئه‌ده‌بی كلاسیكه‌وه؟ به‌ڵكو ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی ریشه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك به هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه به دید و بۆچوون و تێڕوانینی بتپه‌رستی گریكییه‌وه به‌ند بێت و رۆمانییه‌كان كۆی ئه‌و بیروڕا و به‌ها ئه‌ده‌بیانه‌یان له‌وانه‌وه وه‌رگرتبێت، ئایا ده‌توانین دیدی بتپه‌رستی له نێو (ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی) به‌دی بكه‌ین؟
كریستانییه‌كان له سه‌رده‌می خۆیان دژی به‌های بتپه‌رستی بوونه و هه‌وڵیانداوه ئه‌ده‌بی كلاسیك مۆڕكی ئایینی مه‌سیحی وه‌ربگرێت، به‌ڵام هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنیان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به هێزی سه‌رچاوه یۆنانیه‌كه‌وه هه‌بووه!! به‌ڵام له بیرمان نه‌چێ له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست (پێش رینیسانس) ده‌سه‌ڵاتی كلیسا، پیاوانی ئایینی توانیان ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به گشتی بخه‌نه ژێر بیروڕایه‌ك كه له‌گه‌ڵ كلیسه‌دا بگونجێ، ئه‌ده‌ب و هونه‌رییان ئاڕاسته ده‌كرد و ده‌یانویست له خزمه‌تی ئایین و پیاوانی ئایینی‌دا بێت، هه‌ر بۆیه فه‌یله‌سوفانی ئیستێتیكا رایانوایه كه رێنیسانس قه‌ڵه‌مبازێكه به سه‌ر سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و بیروڕای كلیسه. رینیسانس هه‌وڵدانێكی مه‌زن بوو بۆ رزگار بوون له‌و كۆت و پێوه‌ندانه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی به سه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نداندا سه‌پاند بووی..*
شاعیر و ره‌خنه‌گری ئینگلیزی (جۆن میلتۆن 1608-1674) یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه ئایین و كتێبی پیرۆز (ئینجیل)ی به سه‌رچاوه‌ی سروش داده‌نا و وه‌ك ناوه‌ڕۆكی كاره‌كانی سوودی زۆری لێوه‌رده‌گرتن. به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش میلتۆن یه‌كێك بوو له‌و ره‌خنه‌گرانه‌ی، كه پێیوابوو ئه‌ده‌ب به هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه ئامرازێكه بۆ دنه‌دان و دنه‌دانی فیكره‌یه‌كی دیاریكراو، وه‌ك چۆن جه‌ختی له‌سه‌ر وه‌زیفه‌ی سیاسی شیعر ده‌كرده‌وه، گیروگرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی به هه‌ند هه‌ڵده‌گرت، به‌ڵام هه‌میشه مه‌سه‌له‌ی چێژی به نیازێكی ئه‌خلاقی و جوانیی ده‌به‌سته‌وه، نه‌ك به تاقم و چینێكی دیاریكراوه‌وه.. من ده‌پرسم ئایا ئه‌وه هێزی (ئایینی ئیسلام)ه وا ده‌كات ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی له (حوجره و مزگه‌وت)ه‌كانه‌وه سه‌ر هه‌ڵبدات، یان په‌یوه‌ندی به بێهێزی (ئه‌ده‌بی زاره‌كی كوردیی) و به بێ ئاگایی و ده‌رك نه‌كردنی (چه‌مكی لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆیی و عه‌قڵ وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ فه‌لسه‌فه‌ی جوانی ئه‌ده‌ب)ه‌وه هه‌یه، كه به بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك ده‌ژمێردرێن؟
بێگومان سه‌ره‌تای به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌ده‌بی كلاسیك له ئیتاڵیا، له سه‌ده‌ی سێزده‌می زایینی دوای په‌یبردن به ئه‌رستۆ و بنه‌ما گریكییه‌كان، به تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی شاعیرانی سه‌رده‌می رێنیسانس و دواتر له فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌نگی قوتابخانه‌ی ئینگلیزی (شكسپیر 1564-616ز) گه‌یشته ترۆپك. به‌ڵام له سه‌ده‌ی شانزه و حه‌ڤده‌ی زایینی ئه‌وه ره‌خنه‌گران و ره‌خنه‌گرانی فڕه‌نسی بوون، توانیان له رێگای كۆمه‌ڵێك تیۆر و پره‌نسیبه‌وه، هێزێكی نوێ به ئه‌ده‌بی كلاسیك ببه‌خشن! ئه‌گه‌رچی وازیان له چه‌مكی (لاساییكردنه‌وه)ی ئه‌رستۆیی نه‌هێنا، به‌ڵام بایه‌خێكی زۆریان به عه‌قڵگه‌رایی و فیكره‌ی تاكگه‌رایی ده‌دا و توانیان جۆرێك له هاوگونجان له نێوان بابه‌تگه‌رایی بنبه‌ستی كلاسیكی كۆن و خودگه‌رایی په‌ڕگیری رۆمانسیی دروست بكه‌ن. یه‌كێك له‌و ره‌خنه‌گرانه، ره‌خنه‌گری فڕه‌نسی (نیكۆلا بوالۆ 1636-1711)* بوو، كه توانی جه‌خت له یه‌كێتی (بابه‌ت) و (شوێن) و (كات) بكاته‌وه و بنه‌غه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك نوێ بكاته‌وه. هه‌ر له‌وێشه‌وه قوتابخانه‌یه‌كی جیاواز له زۆر رووه‌وه به ناوی نیوكلاسیك (Neo classical) هاته ئاراوه.
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
*- مێژوونووسان مێژووی گه‌لانی ئه‌وروپا به‌سه‌ر سێ چاخ دابه‌ش ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م، چاخی كلاسیكی دێرین (سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی گریك و رۆمان، كه پێش له دایكبوونی مه‌سیح ده‌گرێته‌وه). هه‌ندێ وای ده‌بینین كه ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه (سه‌رده‌می یۆنان و رۆمانی دێرین) كلاسیزمی كۆنه، ئه‌و كلاسیكه‌ی دواتری ئه‌وروپا به كلاسیزمی نوێ داده‌نێن. دووه‌م، چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست، كه به سه‌رده‌مێكی زۆر تاریك ده‌ژمێردرێت له ئه‌وروپادا، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت به ئه‌وروپادا ده‌ست پێده‌كات تا كۆتایی سه‌ده‌ی 16م. به سه‌ر دوو قۆناغ دابه‌ش ده‌كرێت: یه‌كه‌م چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستی به‌رایی، واته پێش رێنیسانس، كه ده‌سه‌ڵات و بۆچوونی كه‌نیسه تێیدا باڵا ده‌ست بوو، له‌گه‌ڵ هه‌رچی بینینێكی میتافیزیكیانه و ئاخیره‌تپه‌رستانه و فه‌رامۆشكردنی دنیا. دووه‌م، چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستی دواتر (سه‌رده‌می رێنیسانس، واته ماوه‌ی سه‌ده‌ی 15 و 16ز) كه بیركردنه‌وه‌ی زانستی و میتۆدباوه‌ڕی و دنیاباوه‌ڕی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. سێیه‌م، چاخی نوێ، به بۆچوونی ئارنۆڵد هاوزه‌ر، خاڵی گۆڕانی راسته‌قینه‌یه، واته “چاخی نوێ” ته‌نیا له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مه‌وه (له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌رده‌می رۆشنگه‌رییه‌وه) ده‌ست پێده‌كات. سه‌رده‌می رێبازی كلاسیزم (چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست تا رێنیسانس، له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ته‌وه تا كۆتایی سه‌ده‌ی 16ز) له بواری سیستمی سیاسییه‌وه به قۆناغی هیراشی (بتپه‌رستی) ده‌ناسرێته‌وه، له بواری فه‌رمانره‌وایه‌تیدا به پاشایه‌تی له باوكه‌وه بۆ كوڕ داده‌نرێت… حكومه‌ت زۆر تونده‌ڕه‌وانه فه‌رمانڕه‌وا بوو. پاشا، كه خودا مافی ده‌سه‌ڵاتی پێدابوو فه‌رمانڕه‌وای موتڵه‌ق بوو. خۆشه‌ویستی وڵات ده‌بووایه تێكه‌ڵ بێت به خۆشه‌ویستی بۆ پاشا، دروشمی هه‌موو كه‌سێك ئه‌وه بوو یه‌ك قانوون، یه‌ك ئایین، یه‌ك پاشا… كلاسیزم ئه‌و ده‌ستورانه‌ی به موتڵه‌ق داده‌نا و نه‌ده‌بووایه لێی لابدرێت.
*- بزوتنه‌وه‌ی رێنیسانس له ماوه‌ی سه‌ده‌ی 15 و 16 رۆڵێكی مه‌زنی بینی له به‌ره‌وپێشبردنی رێبازی كلاسیزم، وه‌ك چۆن بزوتنه‌وه‌ی هیومانیسته‌كان له سه‌ده‌ی 15 رووییه‌كی گه‌شی بزوتنه‌وه‌ی رێنیسانس بوو.
- – له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شانزه كۆمه‌ڵێك ئه‌دیب و نووسه‌ری رۆشنبیر له فڕه‌نسا ده‌ركه‌وتن و داوای لاساییكردنه‌وه و فێربوونی بنه‌ماكانی ئه‌ده‌بی كۆنییان ده‌كرد و پێیان ده‌گوتن (پلێیاد- له‌پله‌ێیاد: ناوی حه‌وت كچی ئه‌تڵه‌س بوو، ئه‌و حه‌وت كچه له نائومێدی خۆیان ده‌كوژن و ده‌بنه ئه‌ستێره).
*- نووسه‌ری رۆمانی له كتێبی (شه‌وانی ئه‌تیكا) ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به كار هێناوه. بروانه رێبازه ئه‌ده‌بییه‌كان، ئاماده‌كردن و وه‌رگێرانی له فڕه‌نسییه‌وه د. فه‌رهاد پیرباڵ، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2004، ل15-16.
*- المژاهب اڵادبیه من الكلاسیكیه إلی العبپیه، د. نبیل راغب – مكتبه مصر – القاهره.
*- گیلیۆس ئه‌و توێژه‌ره رۆمییه نووسه‌رانی به‌سه‌ر دوو گروپ دابه‌ش كردووه، نووسه‌رانی كلاسیك و نووسه‌رانی عه‌وام، به‌و نووسه‌رانه‌ی ده‌گوت كلاسیك كه به‌رهه‌مه‌كانیان شایسته‌ی خوێندنه‌وه‌ی چینه باڵاكانی كۆمه‌ڵ بوایه، به‌ره به‌ره ئه‌و سیفه‌ته مانایه‌كی فره‌وانتری په‌یدا كرد و به به‌رهه‌مێك ده‌گوترا كه شایسته‌ی وتنه‌وه بوایه له پۆله‌كاندا و بۆ په‌روه‌رده‌ی جه‌وانان بشیابایه. قوتابخانه ئه‌ده‌بییه‌كان، نووسینی (ره‌زا سه‌ید حسه‌ینی) وه‌رگێرانی له فارسییه‌وه: حه‌مه كه‌ریم عارف، ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، 2006، ل18.
*- یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌رده‌می رینیسانس دروستبوونی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه بوو، واته دروستبوونی ده‌وڵه‌ت له سه‌ر بنچینه‌ی نه‌ته‌وه. ئه‌وه وای كرد زمانی لاتینی كه زمانی نووسینی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا بوو، ورده ورده بداته پاش و زمانی نه‌ته‌وه‌كان بره‌و بسێنێت و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمان و رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ببوژێنێته‌وه.
*- بروانه رێبازه ئه‌ده‌بییه‌كان، ئاماده‌كردن و وه‌رگێرانی له فه‌ره‌نسییه‌وه د. فه‌رهاد پیرباڵ.. ل21-22.
*- خاوه‌نی كتێبی (هونه‌ری شیعر)ه له‌و كتێبه‌دا قسه له كه‌له‌پوری كلاسیك و به تایبه‌تی بیروڕاكانی ئه‌رستۆ، وه‌ك چۆن مه‌سه‌له‌ی (حسی سه‌لیم Common Sense) ده‌وڕوژێنێ و ئه‌و زاراوه‌یه یه‌كێك بووه له نموونه باڵاكانی داهێنه‌رانی ئه‌و كات، له‌لایه‌كی دیكه بوالۆ پێیوابوو ده‌بێ شاعیر فێری ئه‌وه بێت، كه به پێی رێساكانی عه‌قڵ بنووسێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ده‌رك به حسی سه‌لیم بكات، ئه‌وه‌ش ده‌بێ له رێگای دووركه‌وتنه‌وه له درێژدادری و دووباره‌كردنه‌وه مه‌یسه‌ر بكات، وه‌ك چۆن ده‌یگوت پێویسته له سه‌ر شاعیر عه‌قڵی خۆی له باره‌ی سروشته‌وه به‌كار بهێنێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێك بوو له‌و پرنسیبانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی گشتی كلاسیزمی نوێ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش جه‌خت له سروشتی ناوه‌كی و هه‌سته ناوه‌كییه‌كانی مرۆڤ بكاته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له رێگای حسی سه‌لیمه‌وه به‌جێ ده‌هێنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بوالۆ قسه‌ی لێ كردبوو. بۆ زێتر شاره‌زایی بروانه ئینته‌رنێت: أ.د أحمد صقر – كلیه اڵاداب – جامعه الإسكندریه.