Skip to Content

نووسەری گەورە و نووسینی بچووک!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

نووسەری گەورە و نووسینی بچووک!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by ئازار 31, 2023 General, Literature

لە دنیای ڕۆشنبیری ئێمەدا، هەمیشە شوناسی نووسەر لە پێشەوەی شوناسی دەق دێت و دەکرێتە پێوەرێک بۆ خوێنەوەی بەرهەمی نووسەران. لەو ڕوانگەیەشەوە خوێنەرانێکی زۆر، ئەو بڕوایەیان لادروست بووە، کە هەر دەقێک هی نووسەرێکی بەناوبانگ بوو، ئیدی برێفێکتەو دەبێ بخوێنرێتەوە و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، بە بێ ئەوەی تواناو ئاستی داهێنەرانەی ئەو نووسەرەمان لە بەر چاو بێت و بەراوردی بکەین بە هەڵکشانی تەمەن و قۆناغەکانی ژیان و ئەزموونەکانی نووسینیەوە. بەڵکو بیرمان بۆ هیچ سەرنج و ڕەخنە و تێبینیەکیش ناچێت. بە داخەوە ئەم جۆرە لە بینینی دەق و بە تەوتەمکردنی نووسەر و بەرهەمەکانی، وەک ئەوەی لای بەشێکی زۆری خوێنەرە گەنجەکانی ئێمە، بۆ نووسینەکانی (بەختیار عەلی) بە نموونە هەیە، هیچ نییە جگە لە بە پیرۆزکردنی هەندێک نووسەر و پەراوێزخستنی هەندێکی تریان، کە دەشێ زۆر داهێنەر و جیاوازیش بن لەو نووسەرانە. ئەو جۆرە لە خوێنەر، لە بەراییدا خۆی لە سەر یەک جەمسەر یەکلاییکردۆتەوە کە ئەویش بەرەی پەسن و ستاییشنامە و پیرۆزکردنی نووسەرە. دەبێ بزانین مەرج نییە ئەوەی نووسەرێکی بە ناو دەنگ بوو بینووسێت، ئیدی هەر هەمووی شایەنی خوێنەوە بێت و کارێکی داهێنەرانە بێت. لە ئەزموونی نووسینی ژیانی نووسەراندا، گەلێک جار نموونەی دیارمان لەم ڕووەوە کەوتۆتە بەرچاو. بۆ نموونە: شیعرەکانی گۆران، لە سەرەتاکانی ئەزموونی شیعریدا، زۆر هونەریترو بە هێزترن لەو شیعرانەی لە سەرو بەندی نەخۆشکەوتنی، یاخود بۆ چەپ و کۆریای نووسیوە.کەواتا، دەشێ نووسەریش لە پەراوێزی کەوتنە نێو تەمەنەوە، یان داکشانی توانای داهێنان و نووسینی دەق، زۆرجار دووچاری جۆرێک لە خۆ جوینەوەو نووسینی بابەتی بێ ماناو سادە بێت. پەیوەندی خوێنەر لەگەڵ دەقدا، دەبێ پەیوەندییەکی هزریی و خوێنەوەیی پراگماتیکی بێت و تەنها تێکستەکە بۆ ئەو جێگەی خوێنەوە و پرسیار و ڕامان بێت. نەک شوناسی نووسەر و ناو و ناوبانگی نووسەر. چونکە دەشێ نووسەریش وەک مرۆڤێک لە پەراوێزی چوونە نێو تەمەنەوە، یان کاوێژکرنەوەی نووسین و بۆچوونەکەنانی پێشووتریەوە، جۆرێک لەخولانەوە دووبارە کرنەوەی لا دروست بێت، بۆیە دەبێت پەیوەندی خوێنەر بۆ خوێنەوەی دەق، پەیوەندی خوێنەر و دەق بێت، نەک پەیوەندی خوێنەر و ناوبانگی نووسەر. کتێبی (دەنگدانەوەکانی ژیانم) کە نەجیب مەحفوز نووسیویەتی و (حەمە کەریم عارف) وەریگێڕاوە، بە بڕوای من یەکێکە لەو کتێبانەی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە، کە دەشێ نووسەری گەورە شتێ سادە و بچووک بنووسێت. مەحفوز، چونکە براوەی خەڵاتی نۆبلەو ئیی ئەمە لە پێشا، ئەوهەستەمان لاروست دەکات کە چونکە نۆبلی لە ئەدەبیات وەرگرتووە، ئەوا دەبێ هەرچییەکی نووسی وەک نووسینی گەورە و داهێنان سەیر بکرێت.مەحفوز نووسەرێکی بە ناوبانگی عەرەب و دنیایە، بەڵام کاتێ ناوەڕۆکی ئەو کتێبەی دەبینین، سەیرمان پێ دێت، نووسەرانێکی بە ناو و دەنگ هەبن، بابەتی هێندە سادەو ڕۆژانەیی بنووسن، کە هەمووان دەتوانن بینووسن. ئەم کتێبە، ئەگەرچی ناسنامەی (ڕۆمان) ی بە سەرەوەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕۆمان نییە و بیرەوەریش نییە، بەڵکو جۆرێکە لە یاداشتی ڕۆژانەی ئاسایی، کە مەخفوز لە پەراوێزی پەیوەندی خۆی بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و ژیانییەوە ئەزموونی کردوون و یاداشتی کردوون. بۆیە دەکرێ بڵێم کتێبەکە لە کۆمەڵە(گوتنێک _ قەولێک) پێکهاتوووە، کە نووسەر لە پەراوێزی بینینی هەر دیاردە و ڕووداوێکەوە، کۆمێنتێکی خۆی لە بارەیانەوە نووسیوە. ئەم کتێبە، ئەگەر ناوەڕۆکەکەی بە نموونە بەراورد بکەین، بە پەندەکانی پیرەمێرد و دەربڕینە پڕ ماناکانی پیرەمێرد، هیچ گومانم نییە ئەو کتێبەی مەحفوز، ناگاتە دامێنی کتێبێکی پیرەمێرد. چونکە ئەو حیکمەت و گوتارە واتایەی لە پەندەکانی پیرەمێرد دا هەیە لەو کتێبە نین. مەبەستی ئێمە لێرەدا، ئەوە نییە ئەو بەراوردە بکەین کە ڕەنگە دەرفەت نەبێت، بەڵکو پرسیار ئەوەیە ئایا هەر کتێب و نووسینێک، ئەگەر نووسەرێکی گەورە و بە ناو دەنگی جیهانی نووسی، دەشێ وەک نووسینێکی پڕ بەهاو مەعریفی سەیری بکەین و وەرگێڕێکیش لە سۆنگەی دەسکەوتی ماددی یان خۆناسین بێت وەریبگێڕێت؟ ئایا بەرلە وەرگێڕانی هەر کتێبێک، ئەوە گرنگ نییە بزانین ناوەڕۆکەکەی چەند لەگەڵ کولتوور و فەرهەنگی ئێمە دەگونجێت و کۆمەکی خوێنەران دەکات، بۆ دەوڵەمەندکردنی پاشخانی ڕۆشنبیریان؟ یان بڕوامان وابێت مادام نووسەرەکە براوەی نۆبلە و لە سەر ئاستی دنیا ناسراوە، ئیدی هەرچییەکی نووسی شایەنی خوێنەوە و بەرز نرخاندن و وەرگێڕانە. لێرەا نموونەیەک لەدەربڕینەکانی ئەم کتێبە ەهێنینەوە تا بزانین دەنگانەوەکانی ژیانی مەحفوز چیان تێدایە. بۆنموونە:_

  • لا 23:_(چەژن و سەیران لە وەرزی بەهاردا زۆر خۆشە).
  • لا 29:_(خواهیچ قەومێک ناگۆڕێت، تا بە خۆیان خۆیان نەگۆڕن) ئەم گوتنە، چ حیکمەتێکی تێدایە؟ مەگەر کەس هەیە ئەمە نەزانێت؟
  • لا 35:_ ( باران ڕەحمەتی خوایە).
  • لا 43:_ ( دەستبەراری دنیا بوویت، وەک چۆن دنیا دەستبەراری تۆ بوو).
  • لا 61:_(ئەشقیش جگە لە خەم و پەژارە، هیچی تری لێ ناکەوێتەوە).
  • لا 107 ( ئەگەر یەک ساڵ کاربکەم بێزار نابم، بەڵام ئەگەر یەک مانگ بێ کار بم، هەست بە بێزاری دەکەم) ئەم دەربڕینە، هیچ داهێنان و حیکمەتێکی تێدایە؟ کەس هەیە ئەمە نەزانێت؟
  • لا 115 :_( قەدەری ژیانی ئینسان وایە، کە لە نێوان خۆشی و ناخۆشیا لە هاتوچۆ دابێت).
  • لا 119 :_( جەوهەری ژیان لە حەڕەکەت و جوڵە دایە).
  • لا 120:( گۆرانی گفتوگۆی دڵی ئاشقانە). بێگومان ئەمانە، بەشێک بوون لەو گوتنانەی کە لەو کتێبەی مەحفوز هاتوون و زۆری تریشمان باس نەکردوون. ئەمانە، هیچ حیکەمتێکییان تیدایە؟ ئەگەر گریمان ئەم قەولانە هی نووسەرێکی کورد بووایە، کەس گرنگی پێ دەدا؟ بۆ دەبێ ئێمە وەک پەیامبەر بڕوانینە نووسەرانی دنیا و داهێنەر و نووسەرانی خۆشمان لاتەریک و پەراوێز بخەین و گرنگی بە بەرهەمەکانیان نەدەین؟ ئەم کتێبە لە ڕووی وەرگێڕانیشەوە، هاوکات ستایلی نووسینی کتێبەکەشەوە، سەرنج ڕاکێش و بە چێژ نییە. بۆ نموونە دەیان وشەی عەرەبی وەک:( مەجلیس ، عەمرات ، حەرەکەت، ئیغرا، تەشبریق) گەلێک وشەی نامۆزیکی دیکە لەکتێبەکەدا هەن، کەچی سەیر لەوەدایە وەرگێڕ لە کۆتایی کتێبەکەدا فەرهەنگێکی بۆ زاراوە کوردییەکان داناوە! دواجار دەڵێم: هیوادارم وەرگێڕەکانی ئێمە هێندە سەرسام نەبن، بە نووسەرانی دنیا و هەرچییەکییان نووسی، بۆیان وەرنەگێڕنە سەر زمانی کوردی، بەڵکو دەبێ هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و وەرگێڕانی پێچەوانە بکەن و ئەدەب و فەرهەنگی خۆیان بە جیهان بناسێنن.
  • ناوی کتێب: دەنگدانەوەکانی ژیانم، نووسینی: نەجیب مەحفوز، وەرگێڕانی : حەمەکەریم عارف، بڵاوکراوەی: نێوەندی ڕەهەند_ 2021.

*ئەم بابەتە لە دوایین ژمارەی گۆڤاری دیوان، ژمارە 21 ئازاری 2023 بڵاوکراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish