عه‌زاب … سمكۆ محه‌مه‌د
هێشتا ده‌سته‌كانم میوه‌یان نه‌گرتبوو
دیواره‌كه‌ی ماڵمان كوكوختیه‌كی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیبوو
رووباره‌كه‌ی نزیكمان سووره ماسیه‌كی تیانه‌بوو
من …..
مناڵێكی سه‌ركێش بووم
ده‌گه‌ڕام به‌ناو پێچاو پێچی ئه‌فسانه‌كانا
چنگێ خوریم ده‌ست نه‌كه‌وت له‌پرچی داپیرم سپی تر
ده‌گه‌ڕام به‌ناو چیرۆكی ماسی گره گێله‌كانا
یاقوتێكم نه‌دۆزیه‌وه جوانتر له‌یاقووته‌كانی قه‌بانی
له‌ناو تابلۆكانی بیكاسۆدا راكشام
جه‌نه‌راله‌كان تفیان لێده‌كردم
له‌قه‌سیده‌یه‌كی (مه‌عه‌ری) دا پیاسه‌م كرد
باوكم بینی مینا تاوانبارێك
به‌قسه‌ی سوپێهری چه‌ندین فرسه‌خم بڕی بۆ قله‌ترێیه‌ك
كه‌چی خه‌یام زوتر له‌وده‌فره‌ی خواردبۆوه
دواجار ویستم ژن بناسم
فه‌روغ وتی (كه‌سێك وه‌ك هیچ كه‌س نا)
ره‌نگه كه‌سیك ره‌چه‌ڵه‌كم بدۆزێته‌وه و
سه‌جه‌له‌م بباته‌وه سه‌ر بابلیه‌كان و من نه‌یزانم
ئه‌و ده‌بێ خۆی گێل نه‌كات
ئه‌و ده‌بێ خۆی ون نه‌كات
ئه‌و ده‌بێ …..
ده‌بێ چ كه‌سیك خه‌یاڵی له‌گۆزه شكاوه‌كه‌ی من كردبێ و
بۆخۆڵه‌كه‌ی بگری
نازانم چ كه‌سیك له‌وحه‌ساره‌دا چاوه‌ڕێم ده‌كا
بۆسوێند سه‌وزایی تیانیه
ده‌بێ چ كه‌سێكی كاڵفام بێ نه‌زانێ
من سه‌رژمێری شوشه‌ییترین نیگا‌و
وردترین ده‌نكه هه‌نار و ناسكترین لاسكه رێواس و خاوترین هه‌وری ئه‌كه‌م
گه‌ر تریفه‌ی مانگ ون نه‌بێ
مناڵێكی سه‌ركێشم و ده‌رۆم
له‌پێشمه‌وه كڵاو قوتێكی نابوت و
له پشتمه‌وه كه‌چه‌ڵێكی توكنی پیس
به‌قینه‌وه لێم ئه‌ڕوانن
من ئه‌گه‌ڕێم وگالێسكه‌ی حه‌ز پاڵ ئه‌نێم
به‌نێو شه‌قامی غه‌ریزه مردووه‌كانا
حه‌سره‌تێكه ئه‌بێ ئه‌و كڵافه به‌نه ره‌نگاو ره‌نگه بكه‌مه‌وه
دایكم ئه‌یووت بۆتی ئه‌كه‌م به‌پۆپه‌شمین
ده‌قی سه‌رماشی پێ ناشكا
ئه‌بێ دڕ به‌دوكه‌ڵی ئه‌و جگاره‌یه بده‌م
باوكم خێرا مژی لێ ئه‌داو
بڕی خه‌فه‌تی پێ ناشكا
سه‌ره‌داوێكم له‌هه‌ساره‌یه‌كی تره‌وه به‌دی كردووه
بۆنی دێ …
ره‌نگه بازنه‌ی ئه‌و زه‌ویه‌ی پێ گرێ بده‌م
هه‌میشه خولی تیا ئه‌خۆم
(سنگیك) ی تیا نیه ده‌ستم لێی گیربێ
ئه‌مه نۆشینی ئه‌سه‌ف نییه
ئه‌مه هه‌ڵكێشانی داخ نییه
ئه‌مه جاوینی خۆزگه نییه
ئه‌مه سه‌لیقه‌ی عه‌شقێكه به‌ره‌به‌یان
به‌ئاوی وه‌نه‌وشه خۆی ده‌شواو
ئێواران وه‌ك با هه‌ڵده‌كاو
وه‌ك پۆسته‌چی نامه‌كان ئه‌خوێنێ
كه‌سێك به‌له‌ته خڕنوكێك گوێی خۆی دڕی
كه‌سێك ددانی دۆسته‌كه‌ی خۆی له‌ئاوانێكا هاڕی
كه‌سێك لوێچێ باراناوی زستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه و
بۆ قرچه‌قرچی هاوین هه‌ڵی گرتووه
كه‌سێك مێخه‌ك به‌ندی دایكی ده‌دزێ بۆ گه‌ردنی دڵداره‌كه‌ی
وه‌لێ هێشتا نه‌یبینووه
كه‌سێك ملوانكه‌ی خیانه‌ت و درۆ‌و ساخته ئه‌هۆنێ
كه‌سێك سه‌به‌ته‌ی خورافه‌و سیحر‌و گوناح ئه‌چنێ
نازانێ چ ره‌گه‌زێكه
كه‌سێك به‌سه‌ركه بزوتێك سه‌رزاری خۆی ئه‌سوتێنێ
كه‌سێك رۆحێك له‌ریشه‌وه هه‌ڵكه‌نێ
كه‌سێك به‌رومه‌تی گێلاسێكدا هه‌ڵئه‌ڵێ
كه‌سێك به‌ده‌م سه‌مفۆنیاوه چه‌قۆ تیژ ئه‌كا
كه‌سێك گۆرانی بۆ ده‌نكه هه‌نارێك ئه‌چڕێ
كه‌سێك له‌ماڵی ئه‌گه‌ڕێن
كه‌سێك له‌ماڵێك ده‌گه‌ڕێ
من ئێستاكه تێگه‌یشتم
ئه‌م داڵانه به‌بارمته گیراوه چاوه‌ڕوانی چییه
ئه‌م كێڵگه پڕ له‌ئَێسقانه بۆ گوڵ ناگرێ
ئه‌م شه‌ڕگه‌یه بۆ حیكمه‌تی لێ ناوه‌رێ
من ئێستاكه تێگه‌یشتم
ئایین و جه‌هه‌نم و خواكان بۆ لێره‌ن
له‌شكرو شه‌ڕو جه‌نه‌راڵه‌كان بۆ لێره‌ن
شیعر‌و خه‌ڵوه‌ت و سۆفیه‌كان بۆ لێره‌ن
من ئێستاكه تێگه‌یشتم
تاڤگه‌ی خوێناوی ئه‌م میراتییه ترسی له‌قه‌له‌ره‌شی چ دورگه‌یه‌كه
شه‌هوه‌تی خوێناوی ئه‌م میراتییه له‌حیزه پیاوی چ تیاترۆیه‌كه
تاڵاوی خوێناوی ئه‌م میراتییه له‌سیخوڕی چ جه‌للادێكه
ده‌بێ چ كوڕێكی بالق نه‌بوو جاڕی ئه‌م نه‌گبه‌تیه‌ی دابێ
كه‌من زه‌ین له‌یاری مناڵان و هه‌ڵمه‌قونێی كه‌روێشك
له‌خه‌نده‌ی قڵیشه هه‌نارو پوشكانی گوڵێك
له‌توڕه‌یی با و له‌نجه‌ی ئاو ئه‌ده‌م
كه‌من تونێڵی هه‌موو گومانه‌كانم ته‌ی كرد
تامی میوه‌جاتی هه‌موو یه‌قینه‌كانم كرد
فاڵم بۆ به‌رزی دره‌خته بێ به‌ره‌كان گرت
زیكرم بۆهه‌ناسه‌ی به‌رده كلۆره‌كان كرد
به‌جلێكی نه‌دیمانه‌وه سه‌مام له‌گه‌ڵ با كرد
به‌ره‌و كوێ….
مه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێ له‌كتێبه‌كانم بخوازم
هه‌رحه‌رفێك ره‌زا گران و نه‌زۆكه توڕی هه‌ڵده‌م
هه‌ر دێرێك بۆنی كبریتی تیابێ بیسوتێنم
په‌ڕه‌یه‌ك ئاوی جه‌نگی تیابێ بیدڕێنم
شتێك وه‌ك مه‌وهیبه‌كانی بودا نه‌بوو نه‌ینووسم
ره‌شبه‌ڵه‌كی ره‌زه ترێكان بۆ خوڕه‌ی ئاوازی ئاو
له‌شكری مێرووله شێخانییه‌كان
بۆ سپێتی شیری گه‌نم
شێتێتی له‌قله‌كانی ئئاشتی له‌مزگه‌وت و مه‌یخانه‌كان
تینونێتی شه‌ربه شكاوه‌كه‌ی داپیرم
بۆ قومه ئاوێكی زه‌مزه‌می
مشتێ گڵی چه‌وری گه‌رمیان له‌جیاتی وسمه بۆ دایكم
به‌یتێك له‌مه‌زمووره‌كانی داوود
بۆ كچه یه‌هودییه‌كی شه‌رمن
مشتێ زه‌رنیخی تفت و تاڵ
بۆ باده لێوان لێوه‌كه‌ی من
من…. بودایی نییم و چاویشم كزنییه
به‌ئه‌شئه‌ی چیرۆكه‌كانی شه‌هره‌زاد
شاده‌ماره‌كانم سڕبوون
له‌شارێكم ته‌نها قامیشی تیا ئه‌ڕوێ
به‌ته‌نها له‌كۆڵانه‌كانی ئاره‌زوو ده‌گه‌ڕێم
ئه‌ویندارێكم نه‌بینی بوخچه‌یه‌ك عاتیفه‌ی پێ بێت
لاولاوێكم نه‌بینی گۆنای په‌نجه‌ره‌یه‌ك ماچ بكات
خه‌ڵفه مێوێوكم نه‌بینی له‌باڵای شاتوویه‌ك ئاڵابێ
كۆترێكی باڵ شینم نه‌بینی له‌سه‌ر شۆسته‌یه‌ك چینه بكات
ته‌نها ژنێك به‌ڕه‌و رووم هات
ئه‌ویش كوێر بوو