![شاعیری نۆستالجیا …. عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا شاعیری نۆستالجیا …. عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2019/03/EsmailBarznji.jpg)
شاعیری نۆستالجیا …. عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
شیعر به راڤه‌كردنی سێنتیمنت
(ئیسماعیل به‌رزنجی وه‌ك نموونه)
گه‌ڕانه‌وه‌ی (ئیسماعیل به‌رزنجی) بۆ هه‌ستی غه‌ریبی، هه‌ر ته‌نها شیعری نییه، ئه‌و جه‌ختكردنه له گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو، ده‌كرێ وه‌ك بارێكی ده‌روونی ته‌ماشای بكه‌ین… كه‌واته پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا خۆنه‌گونجان و دڵته‌نگی ده‌روونی وا ده‌كات له نێو نشتیمانی خۆتدا هه‌ست به غه‌واره‌یی بكه‌یت، یان غه‌ریبوونی نشتیمان، وا ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ باری ده‌روونی و رابردوو… ئایا ئاواره‌یی و هه‌ته‌ره‌بوون له ماڵ وا ده‌كات، هه‌ست به له ده‌ستدانی ئازیزان بكه‌یت، یان له ده‌ستچوونی ئازیزان وا ده‌كات گۆرانی خه‌مبارانه له ماڵی خۆتدا بڵێیت… ئه‌وه‌ی غه‌ریبه نیشتمانه، یان شاعیر باری ده‌روونی باش نییه و ناگونجێ؟؟
(بابلۆ نیرۆدا) ده‌ڵێت: له‌وه‌ته‌ی هه‌م هه‌رگیز هه‌ستم نه‌كردووه، كه “شیلی” نشتیمانی منه، من هێنده نامۆم به وڵاته‌كه‌ی خۆم و دنیا، ئه‌سڵه‌ن من ناچمه سه‌ر وه‌چه‌ی ئاده‌میزاد، من منداڵی مانگم…
ده‌شێ جیاوازی نێوان ئیسماعیل به‌رزنجی و بابلۆ نیرۆدا ئه‌وه بێت، یه‌كه‌میان نشتیمانێكی غه‌ریبی له نێو خۆیدا هه‌ڵگرتبێ، دووه‌میان هه‌ستێكی دیكه‌ی به‌رانبه‌ر نشتیمان هه‌بێت، یه‌كه‌میان خۆی به كوڕی رابردوو دابنێت، دووه‌میان خۆی به منداڵی سه‌رده‌م بزانێت، یه‌كه‌میان خه‌می خۆرهه‌ڵاتنی هه‌بێت، دووه‌میان خه‌می خۆرئاوابوون…
(1)
ئیسماعیل به‌رزنجی خه‌می مانا پێش ده‌خات و له پشت هه‌موو شیعرێكی بونیادێكی حیكایی و خه‌می له ده‌ستچوون و له ده‌ستچوونی ئازیزان هه‌یه! شاعیری سێنتیمنتاڵ هه‌ستی لیریكی به ویستی گوتن و خه‌می ده‌روونه‌وه گرێ ده‌دات، ویستی گوتن به خۆشه‌ویستی مانا و چێژه‌وه ده‌لكێنێت، پێمانده‌ڵێت جه‌وهه‌ری ئاگامه‌ندی به گوتنی جوان و ماناكانی سێنتیمنتاڵه‌وه به‌نده، تایبه‌تمه‌ندی جوانی مرۆڤ له گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو سه‌رچاوه ده‌گرێ، مرۆڤ ده‌ژی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و گوتن و مانا بنێت… جوانی گوتن و جوانی مانا به هه‌ستی سێنتمینتاڵه‌وه گرێ ده‌دات، بایه‌خ به فه‌زای شیعری و مانای شیعری و ریتمی شیعری ده‌دات، به‌های هونه‌ری شیعر له ئاوێته‌بوونی هه‌ستی گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو و ویستی مانا و ریتمی تێگه‌یشتندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه، دالی حه‌قیقی لای شاعیری سێنتیمنتاڵ له سۆز و جوانی و گه‌ڕانه‌وه و ته‌ماشاكردنی خه‌مه كه‌سییه‌كاندایه، له نێو رابردوودا هه‌ست به خۆشی ده‌كات و شانازی به ژیانی رابردوو ده‌كات، هه‌میشه بیر له پیری و مردن ده‌كاته‌وه.
(2)
گوێ له ئاستی گوتن بگرن، سه‌یری ئاڵای خه‌م بكه‌ن، كه به‌رده‌وام له شیعری سێنتیمنتاڵ له هه‌ڵكشاندایه، ئاستی گوتن و خه‌می هه‌ڵكشاو پێمانده‌ڵێن ئیسماعیل به‌رزنجی به ته‌نیا خه‌ون ده‌بینێت، ده‌سووتێت بێ ئه‌وه‌ی له به‌رانبه‌ر جوانی، جوانی ئافره‌ت ده‌م بكاته‌وه، ده‌سووتێت بێ ئه‌وه‌ی له به‌رانبه‌ر رابردوو، له به‌رانبه‌ر له ده‌ستچوونی ئازیزان (كه له جوانی گوتن و جوانی مانادا نه‌فی كراون)… جگه له بێده‌نگی هیچ بڵێت! ئه‌و كه‌سه‌ی له‌گه‌ڵ كتێب و خۆرهه‌ڵات و رابردوو شه‌ونخوونی ده‌كات، هه‌میشه هه‌وڵده‌دات دووره په‌رێزی و ته‌نیایی به هه‌رای بێده‌نگی پڕ بكاته‌وه! ئه‌وه ته‌نیاییه خه‌ونبین و بێده‌نگی به یه‌كه‌وه ده‌لكێنێت، ئه‌وه سروه‌ی ده‌نگه هه‌ستی ته‌نیایی كه‌م ده‌كاته‌وه، ئه‌وه سۆزی شیعره وا ده‌كات ته‌نیایی خه‌ونبین زێتر وه‌ك بێده‌نگی هه‌ستی پێبكرێت، سۆزی شیعر و خه‌ونبین وه‌ك ته‌نیایی بێده‌نگی ده‌ڕازێنێته‌وه، ته‌وێڵی خوێنه‌رانیش رۆشن ده‌كاته‌وه… به‌مجۆره شاعیری نۆستالجیا پێیوایه سۆزی شیعر بۆ زۆرێك له خه‌ونبینان وێنه‌ی دیاری ته‌نیاییه.
(3)
گوڵه‌كان ده‌به‌مه‌وه شێخی چۆلی
له ژوور سه‌ری گۆڕغه‌ریبه‌كه
په‌رداخه‌كه پڕ ده‌كه‌م له ره‌شه‌ڕێحانه
پێش زه‌رده‌په‌ڕ
ته‌قسێك بۆ گریان
ته‌قسێك بۆ ره‌شه‌ڕێحانه سازده‌ده‌م
فریشته‌یه‌كی باریكه‌له
كه له ره‌نگاڵه‌یه‌كی باڵشكاو ده‌كات
دێته سه‌ر شانی ته‌پوتۆز لێنشتووم
سه‌ربوورده‌ی مردنێكی رانه‌گه‌نراوم
بۆ ده‌گێڕێته‌وه و پێم ده‌ڵێ
هه‌ی غه‌ریب خۆت… له مردن خۆشتر مردنه
ل53-54 په‌ست، ئیسماعیل به‌رزنجی.
(4)
ئێمه مرۆڤین و به یه‌كه‌وه په‌یوه‌ستین، دنیای هه‌ستپێكراوی مرۆیانه، مێژووبوونێكی ده‌ره‌كی نییه، به‌ڵكو خودی و ناوه‌كییه، ده‌بێ بزانین ئه‌و خودی و ناوه‌كییه چ مانایه‌كی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه؟ هه‌موو ئه‌وانه له ئه‌ده‌بدا به‌و مانایه دێت كه ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌كه‌وینه نێو زمان، به‌و مانایه‌ی كه زمان ماڵی بوونه، كه‌واته جیهان له ئێمه دابڕاو نییه، جیهان ئێمه پێكده‌هێنێ و ئێمه‌ش له رێگای ماناوه جیهان پێكده‌هێنین، بوونی ئێمه به‌شێكه له‌و، كه‌واته هاوسۆزی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندییه گه‌رم و گوڕه‌كان به‌شێكن له هه‌ستی مرۆییانه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ره‌گه‌زێكه له ره‌گه‌زه‌كانی شیعر…
ده‌مه‌وێ بڵێم دنیای ئه‌ده‌ب و فیكر نه دنیای شته باوه‌كانه، نه دنیای داهاتوو، نه دنیای هه‌نووكه‌ی له ده‌ستچوو… دنیای ئه‌ده‌ب و فیكر نه سه‌ر به رابردووه و نه ئێستا… دنیای ئه‌ده‌ب و فیكر هیچ كاتێك ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌كانه‌وه، مرۆڤیش هه‌میشه له نێو ئێستا و رابردوو به شێوه جیاواز و پرسی جیاواز و تێگه‌یشتنی جیاواز، هاوژیانی جیاواز… ده‌كات.
قسه‌كردن له شیعری خۆرهه‌ڵاتی، به‌وه‌ی توانیویه‌تی ره‌گه‌زی سێنتیمنتاڵ له هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی دیكه زێتر به‌رجه‌سته بكات، وه‌ك ده‌زانین ئه‌و به‌رجه‌سته‌كردنه له شیعری خۆرئاوایی پێچه‌وانه ده‌كه‌وێته‌وه… به‌ڵام هه‌ردووكیان كیشه‌ی خۆیان هه‌یه!!
مه‌عریفه‌ی شیعری په‌یوه‌ندی به به‌رز را‌گرتن و هاوگونجانی ئاستی جوانی و مانا و چێژدایه! ئیبداع هه‌رگیز ره‌گه‌زێك ناخاته پێش یه‌كێكی دیكه‌وه، به‌ڵكو له به‌رز راگرتنی ئاستی جوانی كۆی ره‌گه‌زه‌كان دێته به‌رهه‌م.. كه‌واته نه سێنتیمنت به ته‌نها شیعر به‌ڕێوه ده‌بات، نه فیكر… هاڕمونیه‌تی ره‌گه‌زه شیعرییه‌كان نه‌بێت، باڵا ده‌ستی هیچ ره‌گه‌زێك قابیلی قبوڵ نییه.
(5)
وه‌ته‌ن
به هه‌موو غوربه‌ت و بێزاریی خۆیه‌وه
وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی تێكشكاو
له‌به‌ر ده‌رگای (گیانی وێران)مان ده‌وه‌ستێ
گه‌رده‌لوولی بێزاری
به چوار ده‌وری (گۆڕی غه‌ریب)ماندا هه‌ڵده‌كات و
چرایه‌كی كز
له (ژووری لاته‌ریك)مان ده‌كوژێته‌وه
ئێمه هه‌میشه
به (گیانی وێران، گۆڕی غه‌ریب، ژووری لاته‌ریك)
ده‌چینه ناو عه‌ده‌مه‌وه.
ل57-58 په‌ست، ئیسماعیل به‌رزنجی.
(6)
له دنیای ئه‌ده‌ب و نوسیندا شتێك به ناوی ره‌سه‌نایه‌تی بوونی نییه، چونكه هه‌میشه ئه‌ده‌ب و بیركردنه‌وه بڕوای به سنورداركردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه و چوارچێوه‌دانان و جوگرافیای دیاریكراو نییه، جوانی ئه‌ده‌ب له تێپه‌ڕاندنی سه‌رچاوه‌كان و سنوره‌كاندایه، له ته‌جاوزكردنی ره‌نگ و ناسنامه و خوده‌كاندا دنیای خۆی به شێوه‌یه‌كی هاڕمۆنی هه‌ڵده‌نێ… بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ق ببێته موڵكی هه‌مووان و ئه‌ویدیكه به‌شداری له داهێناندا بكات، ئیتر لێره‌وه منی (دیكارت)ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه و له‌شوێنی ئه‌و چه‌ندان (من) هاتنه قسه‌كردن… ده‌قی ئیبداعی هه‌رگیز خاوه‌ندارێتی قبوڵ نییه، چونكه خاوه‌ندارێتی له رێگای ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌تی كه‌ڵه‌گایی ده‌سه‌پێنێ، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای خاوه‌نداریه‌تی به‌پێی پێداویستییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بووه و له زه‌روره‌تێكی ئاسمانی سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا زۆرداری بووه و پاشان به پیرۆز كراوه.
له دنیای ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی خودی و ناسنامه بونیاد ده‌نێ، خوێندنه‌وه‌یه… خوێندنه‌وه به‌ره‌و ئاگامه‌ندییه‌كی خودی قوڵترمان ده‌كاته‌وه و یارمه‌تیمان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بگه‌ینه دنیابینییه‌كی قوڵتر له باره‌ی ناسنامه‌ی تایبه‌تیمانه‌وه… دواجار ئه‌وه‌ی خودی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵده‌نێ ئازادی و خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندییه…
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا