Skip to Content

جۆرج ئۆروێل و سۆزێك بۆ كەتەلۆنیا.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

جۆرج ئۆروێل و سۆزێك بۆ كەتەلۆنیا.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

Closed
by تەممووز 19, 2026 General, Literature
image_print

جۆرج ئۆروێل، یەكێكە لە نووسەر و ڕۆماننووسە زۆر ناودارەكانی سەدەی بیستەم كە ژیانی هەمووی هەڵبەز و دابەز و گەشت و گەڕان بووە بە دوای گەیشتن بە ڕاستی و دادپەروەری. ئۆروێل لە ١٩٠٣ لە شاری مۆتیهاریی ویلایەتی بیهار لە هیندستان لەدایك بووە، ئەو كاتە وڵاتەكە لەژێر داگیركاریی بەریتانیا بووە و باوكی وی لەوێ فەرمانبەری حوكوومەتی بەریتانیا بووە. ئۆروێل لە بنەماڵە و خێزانێكی خۆشگوزەران بووە، بەڵام ئەو لەنێو سیستمی نالەباری وڵاتەكەی، بەردەوام خۆی بە نامۆ بینیوە، بۆیە هەردەم ڕەخنەی بەرانبەر ئەو جیاكارییە كۆمەڵایەتییە هەبوو كە لە ئارادا بوو. سەرەتای ژیانی ئۆروێل، بەر لەوەی ڕوو لە نووسین بكات، لە بۆرما بووەتە ئەفسەری پۆلیس و لەوێ خەریكی خزمەت بوو، دوای پێنج ساڵ مانەوەی لەو كارەی كە تیایدا ڕقی گەورەی لە ئیمپریالیزم و چەوساندنەوەی خەڵك هەڵسا، وازی لە كارەكەی هێنا و گەڕایەوە ئەورووپا، لەوێ دەستی بە نووسین كرد. ئەو ماوەیە لە لەندەن و پاریس ژیانێكی كولەمەرگی بەسەر برد و بووە كرێكاری ڕێستورانتەكان, وای لێ هات لەگەڵ خەڵكی ناگزوور دەژیا. ئۆروێل ئەو ژیان و سەربردەیەی لە یەكەم كتێبی خۆی (نەبوونی لە پاریس و لەندەن) نووسی.

ئۆروێل زیاتر بە دوو شاكارە ناودارەكانی (كێڵگەی ئاژەڵان) و ١٩٨٤ ناوبانگی دەركرد. یەكەمیانی لە ساڵی ١٩٤٥ نووسیوە و ئەوی دیكەیشیانی لە ١٩٤٩ نووسیوە. بەداخەوە دوای شەش مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی ١٩٨٤، لە ساڵی ١٩٥٠ لە تەمەنی ٤٦ ساڵی، بە نەخۆشیی سیل گیانی سپارد.

هەردوو ڕۆمانی كێڵگەی ئاژەڵان و ١٩٨٤، لە زۆر وڵاتان لە ماوەی جیا جیا قەدەغە كراون و خەڵكیان لەسەر زیندانی كراوە، زۆربەی جار لە قوتابخانەكانیش ڕێ لە بڵاوكردنەوە و خوێندن و تەنانەت ناوهێنانیشیان گیراوە. ڕۆمانی كێڵگەی ئاژەڵان ڕەخنەیەكی ڕاستەوخۆیە لە ڕژێمی كۆمۆنیستیی و ستالینیزم، بۆیە ساڵانێكی زۆر لە یەكێتیی سۆڤیەت قەدەغەی بڵاوكردنەوەی كراوە، هەروەها لە وڵاتانی خۆرهەڵات وەك: پۆڵۆنیا، چیكۆسلۆفاكیا، ئەڵمانیای خۆرهەڵات لە سەردەمی دەستەڵاتی كۆمۆنیستەكان بەردەوام قەدەغە بووە. جگە لەوەیش لە وڵاتانی چین، كووبا و كۆریای باكووریش هەر قەدەغە بووە. ڕۆمانی ١٩٨٤یش لە یەكێتیی سۆڤیەت، كووبا، كۆریای باكوور و تەنانەت ئێران و هەندێك وڵاتی عەرەبییش قەدەغە بووە، هەروەها لە قوتابخانەكانی ئەمەریكایش ڕێ لە بڵاوكردنەوە و خوێندنەوە و لێدوان لەبارەیەوە گیراوە. هەموو ئەو قەدەغەكارییانە لەو وڵاتانە تەنێ بۆ شێواز و ناوەڕۆكی سیاسی و زمانی گێڕانەوە و بیرۆكەكانی ناو ڕۆمانەكانی بووە، كە ڕەخنە بووە لە سیستمی وڵاتان و سەركوتكاریی خەڵك و ڕێگری لە ئازادیی تاك.. ئۆروێل ڕۆیشت، وەلێ شاكارەكانی كە كراون بە فیلم و ئیمۆجییش، سەرنجڕاكێش و پڕ بینەرن، تا دنیا دنیایە ڕیسوایی و دڕندەیی ڕژێمە داپلۆسێنەر و تۆتالیتارەكان دەخاتە ڕوو و نەوە دوای نەوەش دەیگێڕنەوە.

ئۆروێل جگە لەو ڕۆمانانەی ناومان هێناون، ڕۆمانی تریشی هەن، لەوانە: ڕۆژانی بورمێ، كچی قەشە، با نیلوفەڕ بفڕێ، هەڵكشان بەرەو هەوا.. هەروەها بیرەوەریی دیكەیشی هەن، وەك: ئاوارەیی لە پاریس و لەندەن، ڕێیەك بۆ شۆستەی ویگان، سۆزێك بۆ كەتەلۆنیا ( ئەم كتێبەی لە ساڵی ١٩٣٧ نووسی و لە ١٩٣٨ بڵاوكرایەوە)، جگە لە سەدان وتار و نووسین و بابەتی ڕەخنەیی و ڕۆژنامەنووسی.

دوای مردنیشی، هەردوو كتێبی (نامەكانی ئۆروێل) و (ڕۆژانەی ئۆروێل) هاتنە وەشاندن.

(سۆزێك بۆ كەتەلۆنیا) یەكێكە لە كتێبە بەناوبانگەكانی ئۆروێل. برای بەڕێزم د. نیاز عەدنان لە ئینگلیزییەوە كردوویە بە كوردی، لەم ڕۆژانەی دوایی بڵاوكرایەوە. ئەرك و ماندووبوونی كردنە كوردیی ئەم كتێبە، كارێكی دڵسۆزانەیە و زۆر سوپاسیشی دەكەم كە دانەیەكی بە دیاری بۆ ناردم.

(سۆزێك بۆ كەتەلۆنیا) بریتییە لە ئەزموونی ڕاستینەی ئۆروێل لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، هەروەها دەتوانین بڵێین بیرەوەریی سیاسی و سەربردەی ئەو جەنگەیە كە لە ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٣٩ ئۆروێل خۆبەخشانە بۆ دژایەتیی فاشیزم بەشداریی تێدا كرد. ئۆروێل باس لەوە دەكات چۆن و بۆچی گەیشتووەتە ئیسپانیا و چووەتە ڕیزی جەنگاوەران و لە جەرگەی جەنگەكەدا ژیاوە و چۆن لەنێو ململانێیە ناوخۆكانی شۆڕشگێڕان بەسەریبردووە. ئۆروێل باوەڕی بەوە بووە كە بەشداریی كرداریی لەم شەڕە، بریتییە لە تێكۆشان دژی فاشیزم، لێ دواجار بۆی دەركەوتووە كە شەڕەكە تەنێ لەنێوان فاشییەكان و كۆمارییەكان نییە، بەڵكە لەنێو خودی سەربازگەی كۆمارییەكان خۆیشیان دایە، چونكە بە چاوی خۆی ململانێی توندی نێوان كۆمۆنیستەكانی سەر بە یەكێتیی سۆڤێت و سۆشیالیستەكان و ئەنارشییەكان (ئاژاوەگێڕەكان) و حیزبەكەی ئۆروێل خۆیشی بینیوە، كە هەموو ئەمانە وایان كردووە شۆڕشەكە پڕ بێت لە خۆخۆری و لەبارچوون و توانەوە. كاتێ ئۆروێل دەگاتە بەرشلۆنە، شارەكە لەنێو خەون و خەیاڵی شۆڕشگێڕیدا بووە، كرێكاران بەسەر كارگەكاندا زاڵ بووین و خەڵك هەمووی بە یەكسانی تەماشا كراون و هیچ دیاردەیەكی چینایەتیی بەر چاو نەكەوتووە، بۆیە هەستی كردووە شۆڕشەكە بە مانای وشە شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی بووە، ئەگەرچی ڕای لە مەشقكاریی چەكدارەكانیش نەبووە، بۆی دەركەوتووە چەك و تەقەمەنیی كەمیان هەیە، بەڵام چەكدارانی بە ورە و ڕۆحێكی بەرزەوە خەریكی تێكۆشانن، بۆیەش چووەتە ڕیزی (حیزبی پۆوم)، كە حیزبێكی ئیسپانیی چەپڕەوی شۆڕشگێڕ بووە. پۆوم كورتكراوەی (حیزبی كرێكاریی یەكگرتووی ماركسی بووە.) لە ساڵی ١٩٣٥ هەر لە ئیسپانیا بۆ بەرهەڵستی و دژایەتیی ڕژێمی فاشیستی فرانكۆ و كۆمۆنیزمی ستالینی دامەزراوە. ئەم حیزبە لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە بەرەكانی جەنگ، دژی ستالین و فرانكۆ لە تێكۆشاندا بووە، دواتر كێشە و ململانێ دەكەوێتە ناو ئەندامانی حیزبەكەوە. لە ساڵی ١٩٣٧، كۆمۆنیستە ستالینییەكان بە حیزبێكی خاین و ناپاكی سەر بە تروتسكیی دادەنێن، بۆیە ڕاوەدووی ئەندامانیان دەنێن و دەیانگرن، پاشان (ئەندرۆ نین)ی سەرۆكی حیزبەكەیش دەستگیر دەكەن و لەژێر ئەشكەنجە دەیكوژن، لەوێوە ئەم حیزبە یاساغ دەكرێت.

ئۆروێل بەشداریی ئەم شەڕە ناوخۆیییەی ئیسپانیا دەكات و لە بەرەكانی شەڕ دەچێتە دەڤەرە هەرە ساردەكان، لەوێ هەست بە هەژاری و برسێتیی جەنگاوەران دەكات كە چۆن لە برسان قۆڕەی سكیان دێت و ئەسپێ و سەرماوسۆڵەی تووش تەنگی پێ هەڵچنیون، لەوێ ناوە ناوە بەبێ هۆ لێیان دەمرن یان دەكوژرێن. گرنگترین گێڕانەوەی ئۆروێل لەوێ، بریتییە لە بریندار بوونی بە گوللـەیەك كە بەر ملی دەكەوێت و هەر ئەوەتا بووە نەكوژراوە، لێرەدا باس لەوە دەكات كە هەموو ئاواتی ئەوە بووە وەك جەنگاوەرێك لە مردن ڕزگاری بێت، بۆیە بە برینداری بۆ چارەسەریی دەهێنرێتەوە بەرشلۆنە، لەوێ هەست دەكات كە شۆڕشگێڕە پاڵەوانەكان چۆن بوونەتە تاوانبار، ئیتر لەوێوە هەڵمەتی سەركوتكردنی حزبەكەی و ئەنارشییەكان دەست پێ دەكات، ئەمەیش بە (ڕووداوەكانی ئایاری ١٩٣٩)ی بەرشلۆنە ناسراوەكە و تیایدا كۆمارییەكان لە شەقامەكان بەناو یەكتر دەكەون و یەكتر قڕ دەكەن. هەرچەندە حیزبەكەی ئۆروێل دژی فاشییەكان لە تێكۆشان و شەڕدا بووە، بەڵام دواجار بە سیخوڕی و دژە شۆڕش وبەكرێگیراوی فاشییەكان تۆمەتبار دەكرێت. لێرەدا ئۆروێل وەسپی پرۆپاگەندەی سیاسی دەكات كە چۆن ڕۆڵێكی ترسناك لەنێو جەرگەی ڕاستییەكاندا دەبینێت، ئەمەیش وای كردووە كە ئۆروێل ڕاوەدوو بنرێت بۆ ئەوەی بگیرێت و لەسێدارە بدرێت، بۆیە خۆی و هاوسەرەكەی ناچار دەبن بە هەزار دەردەسەری لە ئیسپانیا ڕا بكەن و گیانی خۆیان بڕزگارێنن، ئەوكاتەی ڕزگار دەبن هەست دەكات چۆن ڕاستی و دادپەروەری لە سەردەمی جەنگدا بەر لە مرۆڤ لەبار دەبرێت و ستەم و ناهەقی سەردەكەوێت!. ئۆروێل ڕۆڵی قێزەونی میدیاكان و ڕاگەیاندنكاران دەخاتە ڕوو كە چۆن چەواشەكاری دێننە سەر ڕووی واقیع و بە چاوی خۆی بینیویە چۆن ڕۆژنامەكان درۆ و دەلەسە دەپەخشێنن. بۆیە دەگاتە ئەو بڕوایەی كە فاشییەكان مەترسیی ڕاستینەن، وەلێ ئەوەشی بۆ دەركەوت كە شۆڕشگێڕان خۆیان بە هۆی ململانێیان بۆ گەیشتن بە دەستەڵات و تۆقینیان لە ڕكابەرەكانیان و حەزی خۆدەرخستن و نەرگزییەت و گەندەڵی و درۆ و دەلەسە هەموویان هۆكارن بۆ ڕووخانی كێشە ڕەواكانیان. هەموو ئەم ڕووداوانە وایان كردبوو ئۆروێل دژایەتیی كۆمۆنیزمی ستالینی بكات، چونكە گەیشتبووە ئەو بڕوایەی سیاسەتی ستالین بە مەبەستی سەركوتكاری بووەتە دروشم و دروشمكاری.

هەموو ئەم سەرهاتانەی ئۆروێل لە سۆزێك بۆ كەتەلۆنیا باسیان لێوە دەكات، بوونەتە هەوێنی ئەوەی دواتر ڕۆمانە بەناوبانگەكەی ١٩٨٤ بنووسێت.

ئەم كتێبەی (سۆزێك بۆ كەتەلۆنیا) ئەگەرچی لەوەیە وەك كتێبێكی ڕامیاری تەماشا بكرێت، لێ لەگەڵ ئەوەیش بارتەقای ئەوەی كتێبێكە هەستی مرۆڤانەی بەرزی تێدایە و بە شێوەیەكی سادە و ڕاستەوخۆ و ڕاستگۆیانە، پڕ لە ڕامانی فەلسەفی و سیاسییش نووسراوە. هەروەها خوێنەر بە خوێندنەوەی دەگاتە ئەو بڕوایەی كە شۆڕشەكان بەردەوام بێگەرد و ڕاستگۆیانە نین و نەبوون، بەڵكە پڕ بوونە لە كاری ناپاكی و چەواشە و خۆفرۆشی و خیانەت و گەندەڵی و كوشتار و قڕكردنی بە ناهەق.

دەمەوێ ئاماژە بەوەیش بكەم كە (سۆزێك بۆ كەتەلۆنیا) لە دنیادا زۆر بە فراوانی بڵاوبووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانیایی، بۆ دووەم جار ئەم كتێبەی خستە لیستی مەزنترین ٥٠ كتێبی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٥٠وە.

دواجار دەمەوێت بڵێم: كردنە كوردیی ئەم كتێبە، بە كارێكی گەورە و گرنگ دەزانم و جێی دەست خۆشییە، هەروەها ماندوونەبوونی لە برای وەرگێڕ دەكەم، ئەگەرچی من سەرنجی زۆریشم لەبارەی ڕێنووسە كوردییەكەی هەیە، چونكە بەداخەوە هەڵەی زۆر و جۆراوجۆری تێدایە! كە دەبووایە بەر لەوەی بدرێتە چاپ، ڕێنووسزانێك پێیدا بچووبایەتەوە، بۆ ئەوەی لەم هەموو هەڵە ڕێنووسی و ڕستەسازییانەی تیایدان، بژار بكرایە. خوێنەر لە دەستپێكەوە تا كۆتاییی، هەست بە ژمارەیەكی زۆری وشەی دوو ڕێنووسی دەكات كە بەداخەوە هەمووی یەك نەخراون. دەیان ساڵە ئەوە ڕوون بووەتەوە كە واوی سەرەتای وشە هەر یەك واوە نەك دوو، كەچی لەم كتێبەدا گوێ بەم شتانە نەدراوە! باسی هەڵەی زۆری چاپ و ڕستەسازییش ناكەم كە خوێنەری سادە لەكاتی خوێندنەوەدا قۆرت و گرێ تووشی چورتمی دەكەن. ئەگەر لە داهاتوویش چاپ كرایەوە، هەقە ئەو ڕەخنە و گلەییەمان لەبەر چاو بگیرێت و پێشتر بدرێتە كەسێكی شارەزای زمانی كوردی، بۆ ئەوەی تەواو هەڵەبڕی لە ڕێنووس و ڕستەسازی بكرێت، تا لە وشە زیادەكان و كۆسپی ناو پێكهاتەی ڕستەكان و هەڵە لە ڕیزكاریی وشەی دێڕەكان، بەر هەست نەكەون.

بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوود لە بەرهەم و شاکارەکانی جۆرج ئۆروێل وەرگیراوە.

هەولێر- مایسی ٢٠٢٦

Previous
Next