Skip to Content

تیشک و ڕووناکیی (ڕۆژ)ێکی ئاوا نەبوو!!.. ڕەنگین مەلا سەمەد

تیشک و ڕووناکیی (ڕۆژ)ێکی ئاوا نەبوو!!.. ڕەنگین مەلا سەمەد

Closed
by ئاب 30, 2026 General, Literature
image_print

کاتێک دەنگێکی شیعریی دەبیستین، ڕۆحمان ئاسوودە دەبێ، چ جا ئەو دەنگە شیعرییە خانمێک بێ، ڕۆح ئاسوودەتر دەبێ و پەردەی شەرمی بۆ دەرخستن دەدڕێ،
کاتێک دەنگی شاعیرێکی خانم لە هەڵەبجەوە بڵند دەبێتەوە، ئیدی ئازارەکان خۆیان دەرەخەن، برینەکان ئەکولێنەوە، هاوشانی ئەوانەش سووکناییەک بە دڵ و دەرووندا دێت کە هەڵەبجەییەک بەو مێژووە تاڵەوە داهێنان بۆ جوانیی ئەکات و، ‌زمان بۆ پاکژیی دەربڕینی وشە دەشواتەوەو، بۆنی باران لە بەرۆکی وشەکانی دەدات.
ئەو بە دەربڕین، تاڵییەکانی ڕابردوو و ناسکیی دڵی تێکەڵ بە یەکدی دەکات، نایەوێ و ناشهێڵێت ژن تەنیا وەک ئازار باسکرێ، بەڵکو لە شێوەی هێمایەک لە خۆڕاگریی و هێزو جوانیی وێنای دەکات.
ئاوارەیە لە نێو نیشتیمانێکی دەوڵەمەندو ژنێکی یاخیی نێو نەریتێکی لەقاڵبدراوە.

ئێمە لەو ڕۆژگارە تاڵانەوە ڕۆژێکمان لێ هەڵهاتووە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەدرەوشێتەوەو وەک درەخت لقی لێ ئەبێتەوە، وشەکانی سادەن بەڵام مانایەکی فەلسەفیی قووڵیان هەیە، لێکدانەوەیان تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگت پێ نیشان دەدەن، هەر ڕەنگێک گێڕانەوەی وردەکاریی ڕۆحێکی زیندووە.
ڕۆژ! وەکو کات خەمەکان تێئەپەڕێنێ و تاڵیی بە شیرینی وشە ناهێڵێت، تەنهایی لە نێو دێڕەکانی دەبینرێت، ونبوونی خۆی لەنێو واتای دێڕەکاندا دەبینێتەوە.
ڕۆژ ! ئازارەکانی بە شیعر ئەسپێرێ و، ئێشێکی ئێجگار فەلسەفیی قووڵ لە دیوی وێنە شیعرییەکانییەوە هەست پێ ئەکرێ،
کاتێک سەرلەبەری شیعرێکی شیئەکەیتەوە، وردبوونی ڕۆحیی و، شکانی هەست و، تەنیایی بەدیئەکرێ.
لەنێوان ژیانێکی واقعیی و خەیاڵێکی مەجازییدا، بێدەنگیی و ونبوون و مەرگ و ڕووبەڕووبوونەوە بوونەتە دیالۆگی هەمیشەیی شاعیر، چارەنووسێکی تاڵ و تاریک شەوق و شیرینیی ژیانی ژنێتیی (ڕۆژ)ی کەمکردووەتەوەو بەرەو تۆراندن لەو ژیانە تەقلیدییەی بردووە.

لە شیعرێکی کورتدا شاعیر گەڕاوەتەوە بۆ ڕابردوو و ئەو ئازارو نەهامەتییانەی ژیان باسدەکات کە وەک هەر ژنێک بەسەریدا هاتووە، وێنەی ئەو کۆمەڵگایەی دەرخستووە کە شەرەفی کردووەتە پاساو بۆ ئەنجامدانی ڕەوتاری نابەجێ و پێشێلکردنی مافی ژن و قەتیسکردنی ئازادییەکان و، زەقکردنەوەو درێژەدان بە کلتووریی پیاوسالاریی، شاعیر لە هەر دێڕێکدا وێنەیەکی بەهێزی فیزیکیی نیشانداوەو تێهەڵکێشێکی قووڵی لە هاواری ژنبوون و گلەیی و، ڕەخنەگرتن لەو نەریتە لەقاڵبدراوەی کە تا ئێستاش درێژەی هەیە لە پەیڕەوکردن، کردووە.

نموونەیەکی شیعریی شاعیر (ڕۆژ هەڵەبجەیی)م هەڵبژاردووە کە دونیایەک پڕە لە گلەیی ژنبوون و توڕەبوون لەو کلتوورەی بۆ ژن داتاشراوەو یاخیبوون لەو نەهەماتییانەی بووەتە ڕێچکەی ژن بۆ تێپەڕبوونی، وشەکان ئازاریان لێ ئەتکێ و، دێڕەکان گلەییان لێ ئەبارێ، شیعرەکە وێنەیەکی تراژیدیای تژی لە بێزاریی و وەڕسبوون نیشان دەدا، ناوەڕۆکەکەشی باسی پیاوسالارییەکە کە بووەتە دەسەڵاتێکی کاریگەر بۆ دەستەمۆکردنی ژنان و ڕێگریی لە مافەکانیان.

شاعیر دەڵێ توڕەییم لێ ئەتکێ! ئەو هەستە توڕەییەی ڕۆحی کە ناخ و دەروون و بیرکردنەوەی قەتیسکردووە، لە بوونییەتی خۆیەوە توڕەبوونی بە تێکەڵەیەک لە خوێن و فرمێسک چواندووە، کاتێک لە قووڵایی برین و ئازارەوە لێت ئەتکێ.
موعاناتەکان، ئەوەی لە سایەی ژنبوون بەسەریهاتووە، تەواو هەراسانی کردووەو بەرەو بێزارییەکی قووڵ هەنگاوی بەرەو دەربڕین ناوەو، سەبووری خۆی لە دامرکانەوەی ڕۆحی ماندووی بە دەربڕینەکان دەستئەخا و، متمانە بە وشەو ڕستەکان دەبەخشێ بۆ گێڕانەوەی تاڵییەکانی ڕابردوو.

شاعیر پێیوایە ئارەزووەکانی ژن، لەژێر نەریتی پیاوسالاریی نقووم بوون و، شەرەف بووەتە پاساوێکی بەردەوام بۆ شۆڕبوونەوە بەنێو جوانییەکانی ژن و داگیرکردنیان.

ڕۆژ، لە نەریت و یاسا کۆنەکان قووتار دەبێت و بەرەو دەستپێکێکی نوێ هەنگاو دەهاوێت، ئەو چەمکانەی بوونەتە هۆی کورتکردنەوەی ‌بوون و ئازادی ژن، ناهێڵێت و ڕایدەماڵێت.

تووڕه‌ییم لێ ئه‌تكێ،

ژنبوونم هه‌راسان،

چ شه‌رمێكه‌ ڕابردوو

له‌و كاته‌ی‌ باڵام داكوترا

به‌ نقته‌كانی‌ شه‌ره‌ف،

ئیتر پیاو به‌ منا تێپه‌ڕی‌ و

کێڵگەی دروێنه‌ كرد،

چه‌كی‌ ده‌ستیشی‌ باوك سالاری‌

كچێك ئه‌مه‌ی‌ وت/ دوێنێی‌ كوشت و

به‌ ئاوێنه‌ی‌ وت ببوره‌ ئه‌وه‌ من نیم، دواتر

گسكی‌ له‌ هه‌موو نوقته‌كانی‌ شه‌ره‌فدا !

(ڕۆژ هەڵەبجەیی)

ـــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس

Previous
Next