Skip to Content

ژنکوژی وخۆکوشتن و توندوتیژی – تا کەی!.. شیرین عەبدوڵا

ژنکوژی وخۆکوشتن و توندوتیژی – تا کەی!.. شیرین عەبدوڵا

Closed
by حوزه‌یران 7, 2021 General, Opinion, Women


ماوەیەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکانەوە هەواڵی زیاد بونی ڕێژەی دیاردەی ژن کوژی و خۆکوژی و توندوتیژی دەبینین و دەبیستین لە عیراق و کوردستان. ئەم تراژیدیایەی کە دەگوزەرێت جیا نیە لەو ڕەوەندە جیهانیەی کە لە ساڵی ڕابوردودا و بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕێنماییەکانیەوە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. بەڵام لەم وڵاتەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، و ستەم و ژن کوژی و پلە دوویی ژن زۆر لەم دیاردەیەی کۆڕۆنا واوەترە، لە ستراکتۆری کۆمەڵگەکەدایە و لەیاسادا چەسپێنراوە. لە سیستەمی پیاوسالاری قەومی و میلیشیایی و دینی ئەم وڵاتەدا ژنکوژی لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەفدا پاساوی یاسایی و کەلتوری بۆ دەکرێت.
لەپاش کوشتنی زەهرا محەممەدی ٢١ ساڵە لە هەولێر ڕۆژی ١٦-٤-٢٠٢١، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە تویتێکدا ڕایگەیاند “هیچ شەرەفێک لەژن کوشتندا نیە، ئەمە دەبێت کۆتایی پێ بێت، وەزیری ناوخۆم ڕاسپاردوە بۆ دڵنیابون لەوەی تۆمەتبار بە سزای خۆی بگات”!.. بەڵام ئەوەتا دوای یەک مانگ و بەپێی هەواڵەکان هێشتا تۆمەتباران دەستگیر نەکراون. ئەمە زۆر ئاساییە لەم وڵاتەدا چونکە زۆربەی ئەم کەیسانە یان بەداخراوی دەمێنێتەوە و یان بکوژان، ئەگەر دەستگیریش بکرێن، دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێن.
توندوتیژی دژی ژن لە جیهاندا شێوازی یەکجار زۆری هەیە وەک لێدان، شێواندنی جەستە، کوشتن، سوتاندن، بەردەباران، تێزاب پیاڕشتن، دەست درێژی سێکسی، ئوتوی مەمک، فڕاندنی بووک، خەتەنە، زەواجی منداڵ، زەواجی بەزۆر، فرۆشتن، ئازاردانی دەرونی و شکاندن، سوکایەتی پێکردن، بێبەش کردن لە خواردن، دەرمان، و پارە، هەڕەشە و هەراسان کردنی سۆشیال میدیا…هتد. ئەگەر هەندێک لەم جۆرە دەستدرێژیانە لە عیراق و کوردستان پێشتریش نەبیسترابن، ئەوا لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر و زیاتر دەبینرێن و دەبیسترێن.
بەرامبەر هەر ژنێک کە دەکوژرێت هەزاران هەیە لە مەترسی کوشتن و توندوتیژیدا دەژین کە لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری کوشتنیان دێت، و ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کچ و ژن لە سەراسەری دنیادا لە نائاسودەییدا دەژین، هەمیشە لە کەرەنتینەدان، دەبێت بەردەوام بە دڵە لەرزەوە دەرچن لەماڵ (ئەگەر ڕێیان پێ بدرێت!). ئەمانە سروشتی نین، بەڵکو سیستەمی پلە دویی ژن و باڵادەستی پیاوسالاری کە تیایدا دەژین فەرزی کردوە.
بە دوای کوشتنی سارا ئێڤراردی ٣٣ ساڵە لەبەریتانیا ڕۆژی ٣ی مارسی ئەمساڵ، ڕاگەیەندرا کە لەماوەی ساڵی ڕابوردودا 115 ژن لەو وڵاتەدا کوژراون لەلایەن هاوسەر و کەسوکاریانەوە، واتە هەر 3 ڕۆژە و ژنێک دەکوژرێت. ئاشکرایە کە ژمارەیەکی بەرچاو پیاویش دەکوژرێت، بەڵام یەک ڕاستی هەیە ئەویش هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژن بە بۆنەی ژن بونیەوەیەتی.
تۆمەتبارکردنی قوربانی و باوەڕ پێ نەکردنی:
کاتیک کە کچێک یان ژنێک توشی توندوتیژی جەستەیی، دەرونی، یان دەست درێژی سێکسی دەبێت و دەیەوێت ڕاپۆرتی بکات، پێش هەموو شتێک پشکنین لە کردەوە و هەڵسوکەوت و جلو بەرگی خۆی دەکرێت و بەچاوی گومانەوە سەیری دەکرێت. پرسیار دەکرێت: ئەبێت چی وتبێت یان کردبێت وا پیاوەکەی توڕە کرد؟، بۆ لەو کاتەدا لەدەرەوە بوو، چی دەکرد لەو شوێنە، جلەکانی چۆن بون، چۆن دەڕۆیشت، قسەی لەگەڵ کێ کردبوو… لەباتی ئەوەی لە هەڵسوکەوتی تاوانبار بکۆڵرێتەوە. هەر کۆمەڵگایەک لە جیهاندا بە پلەی زیاد و کەم قاڵبێکی تایبەتی بۆ هەڵسوکەوتی ژن داناوە کە هەر بە ئاستەم لێی لادات تاوانە.
بەهەزاران کچ لەسەر کێشەکانی پەردەی کچێنی (غشاء البکارە) کوژراوە و دەکوژرێت، بەبۆنەی نەفامی کۆمەڵگا لە فاکتە زانستیەکانی ئەم بەشەی لەشی ژن.
ئامارەکانی پۆلیسی بەریتانیا ئەوە دەگەیەنێت کە ژن پێش ئەوەی پەیوەندی بکات بە پۆلیسەوە بە تێکرا ٢٨ جار توشی توندوتیژی دەبێت، و تەنها ١٥٪ی دەستدرێژی سێکسی تۆمار دەکرێت، واتە ٨٥٪ ڕاناگەیەندرێت.

ڕۆڵی یاسا:
یاسا دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکجار گرنگی هەبیت لە دابین کردنی ڕاددەیەک لە خۆشگوزەرانی و سەلامەتی ژن و منداڵی کچ. خوێندن باشترین نمونەیە، بە قەدەغە کردنی نەخوێنەواری منداڵانی کوڕ و کچ، نەوەی هوشیار پیدەگات کە ئاگایی بە مافەکانی خۆی هەبیت، و بەتایبەت فرسەت دەدات بە کچان لەمنداڵیەوە دەرچن لەماڵ و بڕوا بە خۆبونیان هەبێت و سەربەخۆیی ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆیان بچەسپێنن.
یاسای عیراق و زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر ئەساسی ئاینی ئیسلام و شەریعە دامەزراون بەڵگە لە منداڵ وەرناگرێت، بەڵام هەمان ئەم یاسایە زۆر بە ئاسایی لەتەمەنی ٩ ساڵییدا دەیدات بە شوو و دەینێرتە ناو دۆزەخی ژیانێکی بێ ئاسودەوە و هەموو خەون و هیواکانی بۆ داهاتو دەخاتە ژێر پێوە.

لە عیراقدا یاسای تاوان پەرەگرافی ٤١ مافی “سزادانی” ژن دەدات بە میرد، کە “هیچ تاوانێک نیە ئەگەر لەکاتی بەکار هێنانی مافی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەک دیسپلینی مامۆستا و دایک و باوک بۆ منداڵەکانی ژێر دەستیان”!
یاساکانی هاوسەرگیری لە یەمەن داوا لە ژن دەکات ماڵ بەجێ نەهێڵێت بە بێ ڕوخسەتی مێردەکەی!
لە هەندێ وڵاتی وەک ئەفغانستان و هیندستان گرنگیەکی زۆر دەدریت بە ئەزمونی پێشوی سێکسی ژنەکە لە حاڵەتی دەستدرێژیکردندا. ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەیە بەر ڕەخنەی توند کەوتوە بە بەکارهێنانی “تاقیکردنەوەی پەنجە”- ئەمەش بریتیە لە پشکنینی جەستەیی بۆ ئەو ژنانەی کە راپۆرت لەسەر دەست درێژی سێکسی دەکەن، پزیشکەکە دوو پەنجەی لە ناو زێی ژنەکە دادەنێت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا ژنەکە “ڕاهاتوە بە سێکس”، واتە ئەگەر پێشتر سێکسی کردبێت، دەست درێژیەکە بە تاوان دانانرێت!. ئەمەش ڕێگە لە زۆر ژن دەگرێت کە دەست درێژی سێکسی تۆمار بکەن. ئەم جۆرە پشکنینانە تەنها سوکایەتی پێکردنی ژنە و هیچ بەڵگەیەکی پەیوەندیدار دابین ناکات.

کەم هەستیاری کۆمەڵگا:
ژنێک کەتوشی دەست درێژی یان توندوتیژی دەبێت ژیانی دەبێتە دۆزەخێک، نەک هەر لەبەر ئەو هەلومەرجەی تیای دەژی، بەڵکو خۆی بە تەنها و بێ پاڵپشت دەبینێتەوە و چەندین جار سڵ دەکاتەوە لە درکاندن و تۆمار کردنی ئەم کارانە لەبەرئەوەی کۆمەڵگای پیاوسالار هەزار و یەک ڕێگری لەبەردەمدا دادەنێت.
کۆمەڵگا کەم هەستیارە بەرامبەر ستەم دژی ژن و بایەخێکی زیاتر دەدات بە پیاو، بەتایبەتی ئەگەر تۆمەتبارەکە کەسێکی ناسراو و خاوەن جێگاوڕێگایەکی کۆمەڵایەتی بێت. ئەوانەشی کە باوەڕی پێدەکەن ناتوانن دەنگ هەڵبڕن بەهەمان شێوە بێدەنگ دەکرێن.
نەک هەر کۆمەڵگا باوەڕی پێناکات و سکاڵاکەی بێ بایەخ دەکات، بەڵکو سیستمی دادگا و پۆلیسیش بە هەمان شێوە لە خزمەتی ئەو کولتوری پیاوسالاریەدایە. ژنەکە (تەنانەت ئەگەر منداڵیش بێت) دەبێت ئەرکی کۆکردنەوەی بەڵگە هەڵگرێت، ئینجاش بەڵگەکانی وەرناگیرێت.
زۆربەمان تراژیدیای بەناز محمودی ٢٠ ساڵە دەزانین، کە لە ٢٠٠٦دا بەدەستی باوک و مام و ئامۆزایەکی لە بەریتانیا کوژرا، بەناز زیاتر لە پێنج سکاڵای لای پۆلیسی بەریتانیا تۆمار کردبوو کە ژیانی لەمەترسیدایە. لە عیراق و کوردستان دژە ژنی و بەستنەوەی شەرەفی پیاو بە ژنەوە و فەزڵی نێر بەسەر مێدا لە یاسای ڕەسمی وڵاتدا جێگیر کراوە، ژنکوشتن وەک کوشتنی تر سەیر ناکرێت و چەندین بکوژانی ژن بە ئازادی دەسوڕێنەوە لە کۆمەڵگادا، تەنانەت هەندێکیان کە دانیشتوی وڵاتانی ئەوروپین دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان تا تاوانەکانیان ئەنجام بدەن چونکە لەوێ دەتوانن لێی دەرباز بن.

کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداری سیستەمێکی نایەکسانە کە لەسەر بنەمای دابەشکاریەکانی کۆمەڵگا ڕاوەستاوە و هەردەم بەرهەمیان دەهێنێتەوە. توندوتیژی پیاو بەرامبەر ژن بەشێکە لە کولتوری دەستەباڵایی بەشێکی کۆمەڵگا بەسەر بەشێکی تریدا، و بزوتنەوە قەومی و دینی و میلیشیاییەکانی کە زاڵن لە عیراق و کوردستان نوێنەر و چەسپێنەری ئەم دڕندەییەی سیستەمی چینایەتین. کۆتاییهێنان بەم تراژیدیایە کارێکی هەمەلایەنە و بێوچانی پێویستە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەم دەسەڵات و سیستەمەی لەسەر کارە لەم وڵاتەدا، هەرگیز ئەنجام دانی ئەم کارەی لێ چاوەڕوان ناکرێت و نەک هەرئەمە بەڵکو بە خۆیان و کولتور و ئایدیۆلۆژی و ڕژێمی سیاسیانەوە ڕێگری هەرەسەرەکی بەردەم کۆتایی هێنانن بە ستەم لەسەر ژنان.


١٦-٥-٢٠٢١

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish